سۆشیالیزم، ئەناركیزم و فێمینیزم

Carol Ehrlich

و. لە فارسییەوە: هەژێن

بەشی دووەم:

فێمینیزمی ڕادیکاڵ و فێمینیزمی ئەنارکیست

گشت فێمینیسته‌ ڕادیكاڵەکان و فێمینیسته‌ سۆشیالئاناركیسته‌كان [ئەنارکۆ فێمینیستەکانو.ک] سه‌رقاڵی كۆمه‌ڵێك كاروباری هاوبه‌شن: لەدەستخۆدابوونی جەستەی خود [سه‌ربه‌ستی هه‌ر تاكێك به‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیدا]؛ جێگره‌وه‌ [ئەڵتەرباتیڤ] بۆ نێوکەخێزان و پەیوەندی سێکسی ناهاوجۆر [heterosexuality] ؛ شێوازگه‌لی نوێی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ، كه‌ به‌خێوگه‌ران و خودی زاڕۆكانیش ڕزگار ده‌كات؛ ئابووری خۆدیاریگەر [self-determination]؛ كۆتاییهێنان بە چوارچێوە ڕەگەزییەکان لە پەروەدەدا، لە ڕاگەیاندنەکان و لە شوێنی كاردا؛ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا سەرکوتگەرەکان،كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتداری پیاو، خاوه‌ندارێتی و چاودێری به‌سه‌ر ژناندا؛ خستنه‌ به‌رده‌ستی ئامرازگه‌لێك بۆ ژنان به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به‌ شاره‌زایی و بەها پۆزه‌تیڤه‌كانیان؛ كۆتاییهێنان به‌ په‌یوه‌ندی سۆزیی سەرکوتگەرانە؛ ئه‌وه‌ش كه‌ سیتواتسیۆنییستەکان (Situationist) نێویان ناوه‌: “تازەکاری لە ژیانی ڕۆژانەدا“.

به‌م پێیه‌، شتگه‌لێكی فره‌ هه‌ن، كه‌ فێمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كان و فێمینیسته‌ ئه‌ناركیسته‌كان له‌سه‌ریان كۆكن. به‌ڵام فێمینیسته‌ ئه‌ناركیسته‌كان سه‌رقاڵی شتێكی زیاتر له‌وه‌ن. له‌بەرئەوەی كه‌ ئه‌ناركیستن، ئامانجیان كۆتاییهێنانه‌ به‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ ده‌سه‌لاتییەکان، به‌ هه‌موو پرسێك كه‌ تێیدا كه‌سه‌كان ده‌توانن ستەم لە یه‌كتر بكه‌ن. بەپێچەوانەوەی هه‌ندێك له‌ فێمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كانەوە كه‌ ئه‌ناركیست نین، ئەنارکیستەکان باوه‌ڕیان به‌وه‌ نییە، كه‌ ئەگەر ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی ژناندا بێت، بتوانرێت كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ناسه‌ركوتگەرانە به‌ره‌وپێش ببڕێت. هه‌روه‌ها بە پێچەوانەی زۆرێك له‌ فێمینیسته‌ سۆشیالیسته‌كانەوە، باوه‌ڕیان به‌وه‌ نییە، كه‌ له‌ بزاڤگەلە جه‌ماوه‌رییەکانی ژێر ڕابه‌ری ده‌سته‌بژێردا، شتەکان بەرەو باشە بڕۆن. به‌كورتی، نه‌ دەوڵەتی كرێكاریو نه‌ دایكسالاریدا، کۆتایی به‌ ستەمکاری بەسەر هەموواندا نایێت. کەواتە، ئامانج به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات نییه‌، بەو جۆرەی سۆشیالیستەکان پێی لەسەر دادەگرن، به‌ڵكو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕی باوەوە، گشت ئه‌ناركیسته‌ کۆمەڵگەراكان، سۆشیالیستن. بەو واتایەی، کە ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سامان له‌ ده‌ستی كه‌مایه‌تیدا ده‌ربهێرێت و له‌نێو گشت تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا دابه‌ش بكرێتەوە. هه‌روه‌ها پێیانوایە، كه‌ کەسەکان لە بری ژیان وەك تاكی لەیەك دابڕاو، پێویستیان بە هاریكاری یەكدی هەیە وەك کۆمەڵ. سەرەڕای ئەوە بۆ ئه‌ناركیسته‌كان، هەردەم پرسە سەرەکییەکان بریتین لە ده‌سه‌ڵات و پله‌بەندی كۆمه‌ڵایه‌تی (social hierarchy). ئه‌گه‌ر دەوڵەت ته‌نانه‌ت دەوڵەتی نوێنه‌رانی كرێكارانیشبەردەوام شێوه‌كانی زاڵبوون به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌ و هەندێك لە سایەیدا ئازاد نابن. ئەوە ئازادی کەسەکان ناگەیێنێت، تەنیا لەبەرئەوەی کە لە ژیاندا بن یا لە ڕووی ئابوورییەوە ئاسوودە بن. ئه‌وان ته‌نیا كاتێك ئازاد ده‌بن، كه‌ دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی خۆیاندا هەبێت. ژنان، ته‌نانه‌ت زۆرتر له‌ زۆرینەی پیاوان، کەمترین دەسەلاتیان به‌سه‌ر ژیانیانی خۆیاندا هەیە. به‌ده‌ستهێنانی وه‌ها سه‌ربه‌خۆییەکی لەو جۆرە و دڵنیایی له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو كه‌سێك لێی به‌هره‌مه‌نده‌، ئامانجی بنەڕەتی فێمینیسته‌ ئه‌ناركیسته‌كان [ئەنارکۆفێمینیستەکان]ە.

ده‌سه‌ڵات بۆ هیچ كه‌س و بۆ هه‌مووان: بۆ هه‌ر كه‌سێك دەسەڵات به‌سه‌ر ژیانی خۆیدا [چ ژن/ چ پیاو]، نه‌ك بەسەر كه‌سانی دیکەدا.7

له‌ پیادەکردندا

ئه‌مه‌ تیئۆرییە. ئەی لە پیادەکردندا چۆنه‌؟ دیسانەوە، لەمەشدا فێمینیزمی ڕادیكاڵ و فێمینیزمی ئەنارکیست خاڵی هاوبه‌شی فره‌تریان له‌ته‌ك یه‌كدا هه‌یه‌، تاوه‌كو ئەوەی له‌ته‌ك فێمینیزمی سۆشیالیستدا 8 هەیانە. هه‌ر دووكیان بۆ چێكردنی ڕێكخراوگه‌لی جێگره‌وه‌ [ئەڵتەرناتیڤ] كار ده‌كه‌ن و هه‌ر دووك ڕامیارییه‌ تاكەکەسییه‌كان فره‌تر په‌یگیرانه‌ ده‌گرنەبەر. فێمینیسته‌ سۆشیالیسته‌كان به‌ زۆری پێیان خۆش نییه‌، ئه‌م كارانه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ پێداویستییه‌كانی شۆڕش لەبەرچاو بگرن.

په‌ره‌پێدانی شێوه‌ جێگره‌وەكانی ڕێكخراوه‌كان به‌ واتای پێكهێنانی نەخۆشخانە (کلینکە) خۆکۆمەکییەکان له‌ بری مشتومڕ له‌ سه‌ر هه‌بوونی ته‌نیا یەك نه‌خۆشخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ململانێ لەسەر لێژنە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکەی. واته‌ گروپه‌ هه‌واڵیی و ڤیدیۆیی و ڕۆژنامه‌ییه‌كانی ژنان له‌ بری کەناڵی تێله‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌ بازرگانییه‌كان؛ ژیانی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ بری خێزانی دابڕاوی نێوه‌کی، نێوه‌ندەکانی پێڕاگه‌یشتن و وەستانەوە دژ به‌ لاقەکردن، هەرەوەزییەکانی كه‌رەسته‌ خۆراكییه‌كان، نێوه‌نده‌كانی چاودێری ڕۆژانه‌ی به‌رچاوی دایكان و باوکان، فێرگه‌ ئازاده‌كان، چاپه‌مه‌نییە هەرەوەزییەکان، گروپه‌ ڕادیۆییه‌ جێگره‌وه‌كان و هیدیکەش..

به‌ڵێ. پێكهێنانی ڕێكخراوه‌ جێگره‌وه‌كان به‌ پێكهاته‌گه‌لێك كه‌ لاسایی له‌ سه‌رمایه‌داری و نموونە قوچکەییەکان دەکەنەوە و بۆ ئێمه‌ ناسراون، ئه‌وه‌نده‌ به‌ كه‌ڵك نین. زۆرێك له‌ فێمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كان پێشتر ئه‌م بابه‌ته‌یان ده‌ستنیشان كردووه‌: هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ ئه‌وان بۆ به‌دیهێنانی گۆڕان له‌ ڕوانگه‌ی ژناندا بەرامبەر جیهان و خۆیان ( له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی هوشیارگه‌ره‌وه‌) كار ده‌كه‌ن و هەروەها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ ئەوان بۆ پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ له‌ شێوه‌ی په‌یوه‌ندییەکانی كار و په‌یوه‌ندی به‌رامبه‌رانه‌ و هاریكاری نێوان کەسەکان ( له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌ گچکه‌ بێ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌، كه‌ تیایاندا هاوشان ئه‌ركه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن و شاره‌زایی و زانین هاوبه‌شیی دەکرێتەوە) چالاكی ده‌كه‌ن. ئه‌وان هه‌وڵیان ده‌دا، كه‌ وه‌ها كارێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ قوچکەیی (هەرەمیی)یەکاندا، كه‌ بێجگه‌ له‌ نایه‌كسانی بواری هیچ شێوازێكی دیکە نادەن، پیاده‌ بكه‌ن. به‌ دڵنیاییەوە، زانینی تیئۆری ئه‌ناركیستی و شێوازەکانی ڕێكخراوبوونی یارمه‌تیده‌ر ده‌بن. چه‌كداربوون به‌م زانینانه‌، فێمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كان له‌ هه‌ندێك هه‌ڵه‌، كه‌ ئه‌نجامیان داون، دوور دەخاتەوە و لەوانەیە باشتر بتوانن له‌ دەست دژوارییگه‌لێك كه‌ له‌ هه‌وڵەکانیاندا بۆ گۆرانی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌، ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه‌، ڕزگارییان ببێت.

بۆ نموونه‌، مشتومری هه‌نووكه‌یی له‌ سه‌ر ژنانی به‌هێزstrong women” و بابەتگەلی زۆر نزیك و په‌یوه‌ست به‌ ڕابه‌ری له‌به‌رچاو بگرن. دەتوانرێت هەڵوێستی فێمینیستانی ڕادیكاڵ به‌م جۆره‌ كورت بکرێته‌وه‌:

1- ژنان ژێرچەپۆك ماونەتەوە، لەبەرئەوەی لەیەکدی دابڕاون و له‌ په‌یوه‌ندییەکی ده‌سه‌لاتخوازیی و ملکەچانەدا لەتەك پیاواندا یەکانگیر بوون.

2- پیاوان، ژنان ئازاد ناكه‌ن. ژنان به‌خۆیان ده‌بێت خۆیان ئازاد بكه‌ن. ئەم کارە مه‌یسه‌ر نابێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر ژنێك بیه‌وێت به‌ ته‌نیا بۆ ئازادبوونی تێبکۆشێت. له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستە ژنان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر شێوازی یارمه‌رتی هەرەوەزییانە كار بكه‌ن.

3- “خوشكایه‌تی هێز بەخشە”، به‌ڵام ژنان ناتوانن خوشك بن، ئەگەر شێوازە پیاوانییەكانی زاڵبوون و ملکەچی کۆپی و دووبارە بکەنەوە.

4- شێوه‌كانی ڕێكخراوبوونی نوێ پێویسە پێشکەوتوو بن. سه‌ره‌تاییترین شێوه‌یان، ده‌سته‌ی گچكه‌ی بێسه‌ركرده‌ن؛ بنەما سەرەکییەکانیان یەکسانی (egalitarianism)، هاریكاری و پشتیوانی هەرەوزییانە و هاوبه‌شكردنی شاره‌زایی و زانینن.

ئه‌گه‌رچی زۆرێك له‌ ژنان ئه‌م بابه‌تانه‌یان په‌سه‌ند كردوون، به‌ڵام هاوکات ژنانێكی زۆرتر هه‌بوون، كه‌ په‌سه‌ندیان نه‌كردوون. هه‌ندێك له‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تاوه‌ دژ بوون؛ ئەوانی دیکە دەستبەجێ پێیانوابوو پیاده‌كردنیان دژوارە و بەداخەوە بەو سەرەنجامە گەیشتن، كه‌ ئاوا ئامانجگەلێکی جوان، هیچ كات کردەیی ناکرێنەوە.

پشتیوانەی ئایدیۆلۆجی بۆ ئه‌وانەی، بنه‌ماگەلێکی سه‌ره‌تایی کە “ئه‌ناركیسته‌ ناهوشیاره‌كان ”پێشنیاریان کردبوون، ڕه‌ت كرده‌وه‌، لە دووتوێی دوو به‌ڵگه‌نامەدا پێشکەش کرا، کە به‌ خێرایی له‌ ڕێی ڕۆژنامه‌كانی ئازادیی ژنان (women’s liberation) و ڕێكخراوه‌کاندا گشتیی (تعمم) کرایەوە. یەکەم بەڵگەنامە قسه‌كانی ئانسێلما دێڵ ئۆلیۆ (Anselma dell`Olio) بوون بۆ دووه‌م کۆنگرێسی ژنانی یه‌كگرتوو (United Women)، كه‌ له‌ مانگی مای 1970دا له‌ نیویۆرك سیتی به‌رپا كرا. قسەکانی به‌ نێونیشانی “ جیابوونەوە و خۆوێرانی له‌ بزاڤی ژناندا: وازنامه‌، خستنەڕووی به‌ڵگه‌كانی دێڵ ئۆلیۆی بۆ خۆكێشانه‌وه‌ی له‌ بزاڤی ژنان. دووه‌مین بەڵگەنامە “سەرکوتگەریی بێپەیکەرە”ی جۆرین (Joreen) بوو، كه‌ سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 1972دا له‌ شه‌پۆڵی دووه‌م (The Second Wave)دا بڵاوكرایه‌وه‌. هه‌ر دووکیان کاراییان لەسەر بابه‌تگەلی پراکتیکە ڕێكخراوه‌یی و كه‌سییه‌كان، کە هێشتاکەش بۆ بزاڤی ژنان زۆر گرنگن، دانا.

من هاتووم، كه‌ دوا قسه‌كانی خۆم له‌ته‌ك بزاڤی ژنان بكه‌م [هاتووم گۆرانی قازی قوڵنگ بۆ بزاڤی ژنان بچڕم]… من وێران بووملە سێ ساڵ و نیوی ڕابوردوودا بۆم دەرکەوت، كه‌ ژنان هه‌رده‌م له‌ دژی یەکدی دابەشێنراون، خۆوێرانگه‌رن و لێوانلێون لە توڕەیی ناکارا. من هیچ كات بیرم لەوە نەکردووەتەوە ، ڕۆژگارێکی ئاوا ببینم، ئه‌م توڕەییە، ئەوەی کە خۆی له‌ شێوه‌ یه‌كسانگه‌رایی ڕادیکالیزمی درۆینە له‌ ژێر ئاڵای لایەنگری ژناندا، وەرگێڕێتە سەر دەنگی ترسناکی فاشیستیی دژەڕۆشنگەریی چەپ و لەنێو بزاڤەکەدا بۆ بۆ تێكشكاندنی خوشكانێك كه‌ كشاونه‌ته‌ دواوه‌، سوود لە هەموو وردەکاریی و دادوەرییەکانی دادگەی کانگرۆو [دادگەی نهینی و.ک]ی کو کلاکس کلان (Ku Klux Klan) وه‌ربگرێت. بە دڵنیاییەوە پەنجە بۆ سه‌ر هێڕشگه‌لێكی كه‌سیی چ ئاشکرا و چ نه‌فره‌تێنه‌ر ڕادەکێشم، کە دەکرێنە سەر ژنانێك له‌ نێو بزاڤەکەدا، ئەوانەی ‌به‌ ڕه‌نج و ماندووبوون هەر پلەیەکی بەئامانجگەیشتنیان به‌ده‌ستیان هێناوه‌ئه‌گه‌ر تۆ … کەسێکی سه‌ركه‌وتوو بیت، دەستبەجێ ناتۆره‌ی هه‌ڵپه‌رستی فریودەرت دوا ده‌خه‌ن، كرێگرته‌یه‌كی بێویژدان، كه‌ بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ و سامان، به‌سه‌ر جه‌سته‌ی بێگیانی خوشكانی له‌ خۆبوردوودا، كه‌ توانایییه‌كانی خۆیان خستووه‌ته‌ لاوه‌ و ئاره‌زووه‌كانی خۆیان كردوووه‌ته‌ قوربانی وەدیهاتنی سه‌رفرازی فێمینیزم باز دەدەیت. ئه‌گه‌ر بەخت یارت نەبێ ، نەترسانە و بێپه‌رده‌ خۆت دەرببڕیت، به‌ شەیدای ده‌سه‌ڵاتداری، دەستەبژێریی، نه‌ژادپه‌رستی و سەرەنجام دزێوترین جنێو بەرامبەر گشت تۆمەتبارکراوان: پیاوانی بوونت دەدەنە پاڵ.” 9

كاتێك كه‌ ئانسێڵما دێڵ ئۆلیۆ ئەم ماڵئاواییە توڕەییەی له‌ بزاڤه‌كه‌ كرد، دوو شت ڕوویان دا: بۆ هه‌ندێك له‌ ژنان ئه‌م پرسیارەی وروژاند، ژنان چۆن ده‌توانن، كۆتایی به‌ په‌یوه‌ندی نایەکسانانەی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان خۆیاندا بهێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی یەکدی تێكبشكێنن. ئه‌وانی دیکە ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ ڕەفتاریان کرد: بیانوویەکی ئاسان بۆ ئه‌و ده‌سته‌ له‌ ژنان، كه‌ ژنانی دیکەیان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ناخوشكانه‌ خستبووه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. هه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ بزاڤی ئازادیخوازانه‌ی ژناندا به‌شداری هەبوو، ده‌یزانی، كه‌ ده‌ربڕینه‌كانی دێڵ ئۆلیۆ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ژنانه‌وه‌ به‌م مۆدەوە وه‌رگێڕدران: خۆت به‌ پەیگیر، یا به‌هێز ، یا بەهرەدار ناوبهێنە و ئه‌و كات ده‌توانی ناپەسەندی، بێهەستی و ڕه‌فتاری سته‌مكارانه‌ به‌ باش ناو بهێنی. ژنانێك کە خۆیان وەك پاڵه‌وانانی تراجیدییەکان ناساند، گوایە به‌ ده‌ستی خوشكانی چاوتێبڕ (حسود) و ناحەزکار ( هه‌ڵبه‌ته‌ کەم بەهرەتر)ی خۆیان تێکشکێنراون، ده‌یانتوانی چاویان لە ده‌ربڕینی هاوده‌ردی هه‌ندێك له‌ ژنانی دیکە بێت.

به‌ هەمان شێوە، ژنانێك كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ بزاڤه‌كه‌دا به‌شداربوون، ده‌زانن كه‌ زۆرێك له‌و جۆرە شتانەی كه‌ دێڵ ئۆڵیۆ وەك ڕوودراو لەبارەیانەوە قسەی کرد، نه‌ده‌بوو ڕوو بده‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ ته‌نیا هه‌بوونی دانشی تیئۆرییە ئه‌ناركیستییەکان، بۆ به‌رگرتن له‌ هێڕشه‌ کوێرانەکان بۆ سه‌ر ژنان، به‌س نیین. به‌ڵام له‌ تێکۆشانی فێربوونی رێگه‌ نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندی و له‌ته‌ك یه‌كدی ڕەفتارکردن، وه‌ها دانشێك لەوانەیە (ته‌نیا لەوانەیە) بتوانێت به‌ر به‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ڵه‌ وێرانگه‌ره‌كان بگرێت.

لە بەدبەختیدا [بەتوانجەوە]، هاندەری ئه‌و هه‌ڵانه‌، بێزاری فێمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كان بوو له‌ شێوه‌ باوەکانی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندی نامرۆڤانەی،كه‌سیی، كه‌ دەبنە هۆی زاڵبوونی ده‌سته‌یه‌ك کەس به‌ سه‌ر ده‌سته‌یه‌كی دیکە. كاتێك كه‌ فێمینیسته‌ ڕادیكاڵه‌كان و ئه‌ناركیسته‌كان قسه‌ له‌ له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیان له‌ لەناوبردنی هه‌موو ڕێكخراوه‌كان، هه‌موو فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، هه‌موو ئه‌و شێوازانەی کە بە هۆیانەوە كه‌سه‌كان ناچار دەکرێن، دژی یەکتر بن و ناچار دەکرین مل بەو ناچارییە بدەن.

گرفتێکی گەورە له‌مەڕ پێناسه‌کردنی سروشتی کینە له‌ بزاڤی ژناندا سه‌ری هه‌ڵدا. دوژمنایەتی بەرامبەر ژنی به‌هێزپەرەی سەند، چونكه‌ ئەو کەسێك بوو، لایەنی كه‌م دەیتوانی ژنانی دیكه‌، کە به‌ به‌راورد به‌ خۆی کەمتر توانای دەربڕیناین هەبوو، کەمتر هوشیاربوون، كه‌متر پشتبه‌خۆبەستوو بوون، ناچار بکات. ناچارکردن زۆر له‌ هێزی جەستەیی یا ئابلۆقەی ئابووریی، ورد و زیرەکانترە. کەسێك ده‌توانێت کەسێکی دیکە، به‌بێ ئه‌وه‌ی کارەکەی لێبسێنێت، یا ئازاری بدات، یا بیخاتە زیندانەوە، ناچار بکات.

 پرسی ژنانی به‌هێز لەتەك بەرتەرییەکی سەرنجڕاکێش دەستی پێکرد. به‌ زۆری فرەتریان ده‌زانی، بێگومان دەمێك بوو، كه‌ توانیبوویان به‌سه‌ر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی تێکشێنەر [گەوجکەر]دا زاڵ ببن؛ ئەوەی كه‌ دەستەمۆیی و ناده‌ربه‌ستبوون، كه‌م ڕوویی و گوێڕایه‌ڵی دەکردە ڕەوشتی نموونەییڕەوشتێك كه‌ ژنانی فێر دەکرد، ئەگەر شتێك سه‌رقاڵی نه‌كردوون، پێبكه‌نن، كاتێك كه‌ هاوار له‌ گه‌رویاندایه‌، چپەچپ بكه‌ن و كاتێك كه‌ كه‌سێك بێشەرمانە مۆڕه‌یان لێ ده‌كات، چاوانی خۆیان خوار بكه‌ن. ژنانی به‌هێز ترسیان له‌ قسه‌كردن له‌ نێو خەڵکدا نەبوو، هیچ ترسیان له‌ ئه‌نجامدانی كاری پیاوانه‌، یا تاقیکردنەوەی شتی تازه‌ نه‌بوو. یا به‌و جۆره‌ دەردەکەوتن.

له‌ ده‌سته‌یه‌كی [گروپێکی] بچووکدا ژنێكی به‌هێزله‌ته‌ك ژنێكی بێهێزلاوازدابنێ، ئەو لەتەك گرفتدا ڕووبەڕوو دەبێت: چۆن دەبێت خۆی نەسەپێنێت؟ چۆن شارەزاییەکانی كه‌ به‌ دژواری بەدەستیهێناون و پشتبەخۆبەستنەکەی له‌ته‌ك خوشكه‌كه‌ی به‌ش بكات؟ له‌ لایه‌كی دیکه‌وه‌ ژنێكی لاوازچۆن فێر ده‌بێت، كه‌ بەنوێنەری خۆیەوە ڕەفتار بکات؟ کەسێك چۆن ده‌توانێت ته‌نانه‌ت وێنای کۆمەکی ئالوێرانەله‌ ڕێوشوێنێكی یه‌ك لایه‌نه‌وه‌ بکات؟ كاتێك كه‌ لەو خوشكایەتییەدا، ئه‌ندامی لاوازهه‌ست بە یه‌كسانبوون له‌ته‌ك ئه‌ندامی به‌هێزدا ناكات؟

ئەمانە پرسگه‌لێكی ئالۆزن، وێرای نەبوونی وه‌ڵامی ئاسان بۆیان. له‌وانه‌یه‌ نزیكترین وه‌ڵامێك كه‌ ده‌كرێت به‌ده‌ست بێت ئەو دروشمە ئه‌ناركیستییە بێت کەسانی به‌هێز، پێویستیان به‌ ڕابه‌ر نییه‌”. هەندێك له‌ ئێمه‌، ئەوانەی كه‌ فێربوون، مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ زاڵبوون به‌سه‌ر كه‌سانی دیکەدا ده‌بیننه‌وه‌، هه‌ر وه‌ك هەندێکی دیکەمان، ئەوانەی كه‌ مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ ملدان به‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بیننه‌وه‌، پێویستمان بە سەرلەنوێ کۆمەڵایەتییبوونەوەی خۆمان هەیە، به‌وەی خۆمان بەهێز بکەین، بەبێ ئەوەی یاری زاڵبوون و ملکەچبوون بكه‌ین، بەوەی ئەوەی بەسەرمان دێت بگرینه‌ ده‌ست، به‌بێ کۆنترۆڵکردنی کەسانی دیکە. ناتوانرێت کارێکی وا بە هەڵبژاردنی كه‌سانی شیاو بۆ کارگێڕیی یا به‌ په‌یڕه‌ویکردن له‌ هێڵ و ڕێڕه‌وی پارتێك ئەنجام بدرێت: هەروەها بە دانیشتن و بیرکردنەوە لە تاوانەکانمان ئەنجام بدرێت. ئێمە بەخۆمان، خۆمان و دونیاکەمان سەرلەنوێ لە ڕێی چالاکییەکانمانەوە، لە ڕێی سه‌ركه‌وتنە بچووکەکانمان و هەڵه‌ و سەرکەوتنە هەرە گچکەکانمانەوە، چێ دەکەینەوە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن، کە ئێمە به‌هێزتر و بەخۆمان پشتئەستووتر بین.

ئه‌گه‌ر ئانسێلما دێڵ ئۆلیۆ، ڕه‌خنه‌ی لە ئه‌زموونی کەسیی فێمینیسته‌ ڕادیكاله‌كان گرت، جورین چەند پرسیارێکی سەختی له‌مه‌ڕ پەیكەرەی ڕێكخراوەیی ورووژاند. سەرکوتی بێ پەیکەرە10 [Structurelessness] نیشانی ده‌دات، كه‌ هیچ گروپێكی بێ پەیکەرە ناتوانێت بوونی هه‌بێت و كه‌سانێك كه‌ ئه‌و پاگه‌نده‌یه‌ ده‌كه‌ن، خۆیان فریو ده‌ده‌ن. هه‌موو گروپه‌كان پەیکەرەیان هه‌یه‌؛ جیاوازی له‌ ئاشكرابوون و ئاشکرانەبوونیدایە. ئه‌گه‌ر شاراوه‌ بێت، دەستەبژی شاراوە بوونیان هه‌یه‌ و گروپه‌كه‌ كۆنترۆڵ ده‌كه‌ن هەروەها هه‌ریەك لە ڕابه‌ران و ڕابەرییکراوان، نكۆڵی له‌ بوونی ئه‌و كۆنترۆڵه‌ دەكه‌ن یا به‌ درۆی دەخه‌نه‌وه‌. بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو گرفتەدا، پێویستە گروپه‌كان کراوە پێکبهێندرێن، پەیکەرەیان بۆ دەستپێڕاگەییشتنی ئه‌ندامه‌تی ئاشکرا بێت.

به‌ بۆچوونی من، هه‌ر فێمینیستێكی ئه‌ناركیست شیكردنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌كەی ئەوی، تا ئەم خاڵە، لەوە بەولاوەتر نا، لا پەسەند دەبێت. چونكه‌ به‌و جۆره‌ی جورین وتی گروپه‌ بێپەیکەرە بێڕابه‌ره‌كان» له‌ كرداردا ناتوانن واوه‌تر له‌ قۆناخی قسه‌كردن، بەرەو کردەوە بڕۆن. نه‌ك ته‌نیا كراوەنەبوونی پەیکەرەی گروپەکان، به‌ڵكو بچووكنه‌بوونیان و پێدانه‌گرتنیان له‌ سه‌ر بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری، ناکارای ده‌کردن.

جورین نه‌یگوت كه‌ گروپه‌كانی ژنان ده‌بێت پەیکەربەندییان به‌ شێوه‌ی قوچکەیی بێت. له‌ ڕاستیدا، ئەو بانگه‌وازی بۆ رابه‌ری دەکرد، ئەوەی كه‌ نانێوه‌ندییانه‌، کێشهاتەنی، كراوه‌ و كاتیبێت؛ بۆ ڕێكخراوگه‌لێك بوو، كه‌ وەك وەڵامدانەوەی ڕێکخستن، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان زۆرێنه‌ی کەسەكان، نۆرەییوونی ئەرکەكان، هاوبه‌شیكردنی شاره‌زاییه‌كان و بڵاكردنه‌وه‌ی زانیاری و سه‌رچاوه‌كان، بنیات بنرێن. گشت بنچینە ڕێکخراوەییە باشه‌كانی ئه‌ناركیسته‌ کۆمەڵگەرا (سۆشیالیستە)كان! به‌ڵام نكۆڵیكردنی ئەو له‌مه‌ڕ ڕۆشنگه‌ری و حه‌زی ئەو بۆ ڕێكخراوه‌ هەرێمی و سه‌رتاسه‌رییە گه‌وره‌کان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ زۆر جەڕدراوانە بەشێك بوون لە شێوازە کۆنەکانی ئەنجامدانی شتەکان و به‌ شێوه‌یه‌كی نائاشکرا به‌ردوامی پەیکەرەی قوچکەیی لە لا پەسەند بوو.

گروپه‌ گه‌وره‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك ڕێكده‌خرێن، كه‌ ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان به‌ كه‌مایه‌تییه‌ك ده‌سپێردرێن – هه‌ڵبه‌ته‌، مەگەر ئەوەی کەسێك قسه‌ له‌ تۆڕێكی ئاسۆیی هاوئاهەنگ له‌ هەرەوەزییە بچووكه‌كان بکات، ئەوەی کە ئەو ناوی نەهێناوە. گروپێكی وه‌ك (NOW) بەشەست هه‌زار ئه‌ندامه‌وه‌ له‌ ساڵی 1975دا، چۆن ده‌توانێت به‌و جۆره‌ ئه‌ركەکان بە نۆرەیی هه‌ڵسوڕێنێت، شاره‌زاییه‌كان هاوبه‌شیی بكات و مسۆگەر بكات، كه‌ هه‌موو زانیارییه‌كان و سه‌رچاوه‌كان له‌به‌رده‌ستی هه‌موواندا بن؟ بەدڵنیاییەوە كه‌ ناتوانێت. وه‌ها گروپگه‌لێك پێویستیان به‌ سەرۆك و لێژنه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی و نووسینگه‌یه‌كی سەرتاسەری و ئه‌ندامه‌تییان هەیە، هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامه‌كان لە گروپە خۆجێیەکاندان و هه‌ندێكی دیکەیان ئەندامی دابراو. هەژمارێکی کەم لە گروپگه‌لی ئاوا، دێمۆکراتی ڕاستەخۆی زۆریان تێدایە و زۆر کەمیان ئه‌ندامه‌كانیان فێری شێوازی نوێی كار و پەیوەندیگیری لەتەك یەکدی، دەکەن.

كارایی داخاوییانە (ئەفسوسانە)ی سەرکوتی بێپەیکەرە ئەوە بوو، کە ڕێكخراوە گەورەکان و پەیکەرەی فەرمی و کاری ڕاستەوخۆ (direct action) سەرکەوتووانەی پێکەوەگرێ دا، به‌جۆرێك کە ئه‌و په‌یوه‌ندانه‌ی له‌ هۆشی زۆرێكدا جێگیر كرد. زۆرێك له‌ ژنان پێیانوابوو، كه‌ بۆ خەبات دژی ستەمی كۆمه‌ڵایه‌تی، بوونی ڕێكخراوێکی گه‌وره‌ پێویسته‌ و هه‌رچی گه‌وره‌تر بێت، باشتره‌. وێناکردنەکە ئەوەیە هێز له‌ به‌رامبه‌ر هێزدا بەرەنگاری دەکات: به‌ چەکی دژە ئاسمانی فیل ناكوژی و میرییه‌كی باوكسالاریش به‌ گروپێكی بچووك ناڕوخێت. بۆ ژنانێك كه‌ بەڵگەهێنانەوەی هه‌رچی گه‌وره‌تر به‌كارترپه‌سه‌ند دەکه‌ن، هه‌ڵبژێری ڕێكخراوه‌ییان به‌ گەورەیی گروپگه‌لی لیبراڵی وه‌ك NOW یا ڕێكخراوه‌ سۆشیالیستییه‌كان كه‌ ڕێکخراوەی جەماوەردارن، سنووردار کراوە.

وەك لە زۆر شتدا، ئاوا بەرچاو دەکەوێت، کە لۆجیك هەڵەیە. ”ستەمی كۆمه‌ڵایه‌تیئامرازێکە، توندڕەوییەکی ترسناك و گەوجکەرە، دەزگەیەکی ڕۆنراوە، به‌ شێوەیەكی فراوان لە واتادا، هەمان ستەمە کە بەسەر زۆرێكماندا ڕوودەدات . به‌ڵام ئەوە گرنگ نییه‌، ستەمەکان تا چ ڕاده‌یه‌ك گشتگیر بن، یا تا چ ڕاده‌یه‌ك شیاوی پێشبینی بن، به‌ زۆری هه‌میشە له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌، بەرامبەرمان دەکرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سە وەك نوێنەری دەوڵەت، یا وەك ئەندامی نەژادی سەروەر، ڕەگەز یا چینێك دەستبەکار بێت. هێرشە گەورەکانی پۆلیس بۆ سەر کۆبوونەوەی هێزە کەمەکانی ئێمە، تەنانەت ئەفسەری پۆلیس یا سەرۆك (boss) یا هاوسه‌ر كه‌ بە ڕەگەزە پێشتر زاڵکراوەکەیەوە یا ڕۆلە ده‌سه‌ڵاتگه‌رایانەکەیەوە لە ساتە دیاریکراوەکانی ژیانی ڕۆژانه‌دا له‌ته‌ك ئێمه‌ سه‌روكاری هه‌یه‌. سەرکوتی ڕێكخراو (دەزگەییکراو) له‌ پێوانەیەکی فراوانتردا بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ده‌گمه‌ن پێویستی بە هێڕشكردته‌سه‌ر له‌لایه‌ن گروپێكی گه‌وره‌وه‌ هەیە (له‌ راستیدا به‌ ده‌گمه‌ن ده‌توانرێت هێرشتی بكریێه‌ سه‌ر). تاكتیكه‌كانی جه‌نگی گەریلایی لەلایەن گروپە بچووكه‌كانەوە هه‌ندێك جار ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن تاکە كه‌سێكه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ زۆر بە جوانی تۆڵە دەکەنەوە.

كاراییه‌كی نه‌خواستراوی دیکەی ئاوەزی سەرکوتی بێپەیکەرە، دانەدان (تغذیة) بوو بە ئه‌ناركیسته‌ كڵێشه‌ییه‌كان stereotypes (خه‌ڵكی تا برسی نه‌بێت، هیچ قوت نادات). ( بێگومان، لە باری ئاساییدا خه‌ڵكی تا برسی نه‌بێت، هیچ قوت نادات.)، له‌ ڕاستیدا سۆشیال ئه‌ناركیسته‌كان دژی پەیکەرە ( structure) نین: ته‌نانه‌ت دژی ڕابه‌ریش نین، به‌مه‌رجێك هیچ بەرتەری و پاداشتێك له‌ ئارادا نه‌بێت،كاتیی بێت، سنووردار بێت، بۆ ئه‌ركێکی دیاریكراو بێت. سەرەڕای ئەوەش، ئه‌ناركیستەکان كه‌سانێکن، کە ده‌یانه‌وێت پێکهاتەی قوچکەیی هەڵوەشیننەوە، به‌ زۆری هەمیشە كلێشه‌یی بوون، كه‌ هیچ پەیکەرەیەكیان ناوێت. به‌داخه‌وه‌ ژنانی ئه‌ناركیست بە بێسەرەوەبەرەیی دەستەیەك، کە بەبێ ئاراسته‌ی دیاریکراو ده‌ڕۆن، وێنا کراون. بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 1976دا، کوێست «Quest» چەند پەرەگرافێکی لە هه‌ڤپه‌یڤینێك، کە له‌ته‌ك شارلۆت ببەنج «Charlott Bunch» و بێڤێرلی فیشه‌ر «Beverly Fisher» تۆڕی ڕادیۆیی فێمینیست له‌ ساڵی 1972 دا ئه‌نجامی دابوو، دووباره‌ بڵاوی كرده‌وه‌. بە شێوەیەك، کە سه‌رنجراكیشترین به‌شی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ دەرهێنەرانی کوێست هه‌ستیان كرد، كه‌ هێشتاكه‌ له‌ ساڵی 1976دا پرسەكان بابه‌تی ڕۆژن. 11 (“ئێمه‌ هه‌مان تێکشکانی ڕابه‌ری و پیاهەڵدانی بێپەیکەرەیی پێنج ساڵ له‌وه‌وبه‌ر دەبینین” ل. 13). به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ بەنج Bunch لەو بارەوە له‌و سه‌رده‌مه‌دا وتی، زۆر سه‌رنجڕاكێشیش بوو: بەپێی قسەکانی ئەو، پێداگرتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری گرفتی پەیکەرە و ڕابه‌ری “ئارەزوویەكی به‌هێزی ئه‌ناركیستی، ئارەزوویەکی باش بوو، به‌ڵام ناكه‌تواری (ناواقیعی) بوو” (ل. 4). ئه‌ناركیستانێك كه‌ خەریکە بە ناكه‌تواربینناو ببرێن، تێده‌گه‌ن كه‌ ناكه‌توارییبوونەکە سەراپا له‌و گرفتانەدایە، كه‌ بزاڤی ژنان له‌ خۆڕێكخستنی خۆیدا له‌ته‌كیان ڕووبه‌ڕوو بووە: گرفتەکانی ڕابه‌رایەتی شاراوە، گرفته‌كانی هه‌بوونی ڕابه‌رەکانکە لەلایەن ڕاگه‌یانده‌كانەوە دەسەپێندرێن، دژواری پەیوەندیگرتن لەتەك ژنانێکی هۆگر، به‌ڵام ناوابەستە (غیر ملتزم)، لە زۆری نوێنەرایەتی ژنان چینی نێوه‌نجیدا، كه‌ کاتی زۆریان بەدەستەوە هەبوو، گرفتی بێ فۆرمی بزاڤه‌كه‌، گرفتی كه‌مبوونی گروپه‌كانی كار، كه‌ ژنان ده‌یانتوانی پێوه‌یان په‌یوه‌ست بن، گرفتی دژایه‌تی له‌ته‌ك ژنانێك كه‌ حەزیان دەکرد خۆیان وه‌ك ڕابه‌ر یا پێشڕه‌و نیشان بده‌ن. تۆمه‌تنامه‌یه‌كی قورس! تاکو هەنووکە ئه‌م گرفتە زۆر کەتوارییانە، نه‌ ئه‌ناركیزم بووته‌ هۆی سەرهەڵدانیان، نه‌ له‌لایه‌ن پێشڕەوایەتییەوەAvantgardismیا ریفۆرمیزمه‌وه‌ چارەسەر نەکراون. بە لێدانی له‌زگه‌ی ئه‌ناركیزمله‌ گرفتە ڕێكخراوه‌ییەکان، فێمینیستەکان چاوپۆشییان لە سوونەتە (tradition) دەوڵەمەندەکانی ئه‌ناركیزم كردووه‌ ، ئەمە له‌ کاتێکدا، کە هاوکات چارەسەرگەلێك پێشنیار دەکەن كه‌ ئه‌ناركیستینهه‌رچه‌نده‌ له‌ رواڵه‌تدا وا دەردەکەوێت کە نازانن -. بەنج و فیشه‌ر شێوەیەك (مۆدێلێك) له‌ ڕابه‌رایەتیان هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ تێیدا هه‌موو كه‌سێك له‌ بڕیارداندا به‌شداره‌ و ڕابه‌رایەتی بۆ بارێکی دیاریکراو دەستنیشانکراوە و لە ڕووی كاتەوە سنوودارە. فیشه‌ر له‌سەر ڕابه‌رایەتی قوچکەیی كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ندامگیری فراواندا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ نییه‌»ڕه‌خنه‌ لە «NOW» ده‌گرێت (p. 9)، هەروا بەنچ ڕوونی دەکاتەوە: ”ڕبه‌رایەتی واته‌ که‌سەکان دەستپێشخەری دەکەن، كاروبارەكان دەگرنە ئەستۆ، بۆ دەستپێکردنی شتێك بۆچوون و وێناکردنیان هه‌یه‌، هەروەها لە بواری جۆراوجۆردا شاره‌زایییان نیشاندەدەن» (ل.8) چۆن پێشنیار دەکەن، ئێمە بەر بگرین لە بێده‌نگی ژنان له‌ چوارچێوەی تێگەیشتنە هه‌ڵه‌کاندا لە یه‌كسانیخوازی؟ ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ك كه‌ ژنان ده‌توانن هێنانه‌خواره‌وه‌ی ژنانێك كه‌ به‌هێزن، ڕابگرن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆیان به‌هێز بكه‌ن» (ل.12). یا به‌و جۆره‌ی كه‌ پێشتر وتمان کەسانی به‌هێز، پێویستیان به‌ ڕابه‌ر نییه‌.” بۆ پێشه‌وه‌!

پەراوێز:

  1. Lilith’s Manifesto, from the Women’s Majority Union of Seattle, 1969. Reprinted in Robin Morgan (ed.), Sisterhood is Powerful. N.Y.: Random House, 1970, p.529.
  2. The best and most detailed description of the parallels between radical feminism and anarchist feminism is found in Kornegger, op cit.
  3. The speech is currently available from KNOW, Inc.
  4. The Second Wave, 2:1, 1972.
  5. “What Future for Leadership?”, Quest, 2:4, Spring 1976, pp.2-13.

بۆ خوێندنەوەی سەرچاوە ئینگلیزییەكەی :

http://www.anarcha.org/sallydarity/CarolEhrlich.htm

ئەم بابەتە لە سایتی (خوشە) وەرگیراوە و بەداخەوە چەند ساڵە لە ئارادا نەماوە. لە وەرگێرانیدا بۆ سەر زمانی کوردی، لەتەك دەقە ئینگلیزییەکەی بەراورد کراوە.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s