هەڤپەیڤینی گروپی(Graswurzelrevolution) لەتەك سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان / 3

بەشی سێیەم

ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مڕۆ؟ ئایا ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی كوردی ئەناركیست له‌ خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا هەن، یا خود زۆربه‌یان له‌ خه‌ڵكه‌‌ هه‌ڵكه‌ندرا و ئاواره‌كانن؟

لەمەر ئەوەی كە كەسانێك بە ئەناركیستە كوردزمانەكان ناوبەرین، لەوانەیە پێشتر وەك تاك هەبووبن، بەڵام نە خۆیان و نە ئایدیاكانیان لە ئاستی كۆمەڵگەدا ناسراو نەبوون. ئەوانەش كە لە دەرەوە بوون، تا پێش ساڵی 2000 دەنگێكی وا نەبووە، كە لە ئاستی كۆمەڵگەدا ناسراوبێت.. دیسانەوە ئەگەر كەسانێك هەبووبن، ئەوا ناسراو نەبوون و بە ئاشكرا وتار و ڕەخنە و كارییان نەبووە.

دەتوانین بڵیین یەكەمین تێكستگەلێك كە بۆنی ئەناركیزم یا سۆشیالیزمی ئازادیخوازییان لێ هابێت، هی ئێمە بوون، كە لە سەرەتای ساڵی 2000 گۆڤارێكمان بەنێوی “ دالیان” بڵاو دەکردەوە و تا بەهاری 2003 بەردەوام بوو و لەو ماوەدا 12 ژمارەی وەرزانەی لێ دەرچوو. ڕاستە بەنێوی ئەناركیزم نەناسرابوو، بەڵام زۆربەی نووسەرەکانی ئەناركیست و ئەوانی دیكەش ئازادیخواز و سەربەخۆ بوون. بەڵام بە دڵنایییەوە دەڵیین کە “سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان-KAF) یەكەمین مینبەری ئەناركیستییە بە زمانی كوردی و نووسەرانیشی یەكەمین كەسانێكن، كە خۆیان بە ئەناركیست ناساندووە. یەكەمین كەسانێكن كە تێكستی ئەناركستیییان وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و كاریان بۆ ڕاستكردنەوەی واتای شێوێندراوی واژە یا چەمکی” ئەناركیزم” كردووە. هەروا لە هەر چوار پارچەكەشدا یەكەمین سایت و مینبەر بووە. تا ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین پار ساڵ، لە كوردستانی بەشی توركیە گۆڤارێك بە نێوی “ Qijka Reşقیژکا ڕه‌شCorvus ” دەرچوو و ئێستاش بەردەوامە و خاوەنی پێگەی ئینتەرنێتین.

شایانی باسە لەم ساڵانەی دواییدا پاش شکستخواردنی بزاڤی چەکداری و پەرەسەندنی بزاڤە کۆمەلایەتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، هاودەمی پەرەسەندنی بزاڤی ئەنارکیستی لە تورکییە، زەمینەی سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤێكی سروشوەرگرتوو لە ئەنارکیزم وەك بەرەنجامی بوژانەوەی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخساوە، کە ئەمەش بەڵگەی ناکۆکبوونی بزاڤی کۆمەڵایەتییە بە بزاڤی چەکداری و لەوێدا کە بزاڤی چەکداری بەهێز بێت، بزاڤی کۆمەڵایەتی دەچێتە سێبەرەوە و لەوێدا کە بزاڤی چەکداری شکست دەخوات، بزاڤی کۆمەلایەتی دێتەوە مەیدان. هۆکاری ئەمەش ڕۆشنە، کە ئەوەیە هۆشمەندی و مێنتاڵیتی میلیشیایی، ویست و توانا لە تاك دەسێنێتەوە و بە بەبەهشتە بەڵیندراوەکان خۆشباوەڕی دەکات، لە بەرامبەریشدا کاتێك کە سێبەری شومی میلیشیاکان لەسەر هۆشمەندی تاك دەڕەوێتەوە و تاك لە دەرەوەی خۆی هێز و پەنایەکی ڕزگاگەر نابینێت، لەوێدا وەك توخمێکی دەربەست و بڕوابەخۆ دێتەوە مەیدان. ڕێك ئەمە لە شارە کوردنشینەکانی تورکیە ڕووی دا و لە ڕوودانی بەردەوامیشدایە. لە چەند ساڵی ڕابوردوودا ڕەوتی ئەنارکیستی لەناو بزاڤە کۆمەلایەتییەکاندا زۆر بەرچاو گەشە کردووە و کارایی لەسەر هەوڵ و بزاڤەکان داناوە و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بەڵگەی ئەو کاراییە و ئەو ئاماەییەن، کە 180 پلە ڕەتگەرەوەی بزاڤی چەکداری و ئاسۆ و ئامانجە ناسیونالیستی و دەوڵەتگەراییەکەین.

بەداخەوە زۆرێك لە چاودێران و تەنانەت ئەنارکیستەکانی ئەوروپا ئەم ئاڵ و گۆڕ و وەرچەرخانە لەو ناوچەدا و لە پێکهاتەی هۆشمەندی خەڵکدا، بۆ کارایی عەبدوڵڵا ئۆچەلان و وەرچەرخانە نیوەوناچڵەکانی بیرکردنەوەی ئەو، دەگێڕنەوە. بە بڕوای ئێمە بە پێچەوانەوە ئەوە خودی ئۆچەلان و لایەنگرانی ئەون، کە کەوتوونەتە ژێر کارایی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و بە دیاریکراویش ڕوونانی سۆشیالیستەکانی ئەو دەڤەرە لە هزر و ئایدیاکانی ئەنارکیزم. چالاکانێكی ئەوروپی، کە لە سالانی ڕابوردوودا سەردانی فۆرومە کۆمەڵایەتییەکانی (دیاربەکر 2009 و ئەستەمبول 2010) یان کردووە، ئەو راستییە نکۆڵی هەڵنەگرە دەزانن.

لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنە بەرچاوە لە هوشیاری کۆمەڵایەتی ناوچە کوردییەکاندا، دەتوانین قسە لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە تاك و چالاکانی ئەنارکیست یا سۆزدار بۆ ئەنارکیزم بکەین و لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و تەنانەت ئاهەنگە نەتەوەییەکانی وەك نەورۆزدا بە ئاشکرا ئەنارکیستەکان بە ئاڵانی ڕەش یا ئاڵای نیوەڕەش و سوورەوە ببینین. دەرچوونی گۆڤاری “قیژکا ڕەش- Qijka Reş” بەڵگەیەکی دیکەی ئەو ئامادەییەیە.

بەڵام بەداخەوە لە بەشەکانی دیکەی (سوریە و عیراق و ئێران)دا ئەو ئامادەییە مەیدانییە نابینین. ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە و لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ڕۆشنی بکەینەوە. بارودۆخی وڵاتی سوریە *** بە گشتی دیارە و هیچ بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی ناتوانێت ئامادەبوونی خۆی نیشان بدات و خۆی دەر بخات. هەروەها لە بەشی عەرەبنشینی ئەو ولاتەدا بە پێچەوانەی تورکیەوە کە لە شارەکانی خۆراوایدا بزاڤی ئەنارکیستی ئامادەیی هەیە و بوونی خۆی سەلماندووە، هەروەك بەشە کوردنشینەکەی ناتوانین قسە لە بوون یا نەبوونی بکەین، هەرچەندە بە لۆجیکی نەبوونی سێبەری میلیشیاگەری لە سوریەدا، دەکرێت لە ژێرزەمیندا کۆڕ و کۆمەڵی ڕۆشنگەری ئاوا هەبن. لە کوردستانی بەشی عیراقدا، کە زۆرێك لە ئێمەوە لەوێوە هاتووین، لەبەر ئەوەی کە بەگشتی ئەنارکیزم تەنیا بەو واتا نیگەتیڤە ناسراوە، کە دژەکانی چواندوویانە و بەشی خوارووی عیراق بەداخەوە تائیستا ئەوەندەی ئێمە بزانین، بزاڤی ئەنارکیستی لە مەیداندا نەبووە، بەشی کوردنشین لەوە خراپتر بە درێژایی سێ دەهە بە خەستی لە ژێر کارایی بزاڤی چەکداریدا بووە. لەبەر ئەوە لە هۆشمەندی کۆمەڵایەتی تاك و کۆمەڵدا تەنیا چەك یەکلاییگەرەوە بووە و هانای بۆ براوە. بە ڕاپەڕینی 1991، هیچکات کۆتایی بەو بەرسێبەربوونەی تاك و بزاڤی کۆمەلایەتی نەهات، چونکە هەر زوو جەنگ بووەوە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و جەنگی نێوان میلیشیاکان و ڕژێم، گۆڕا بە جەنگی نێوان خودی میلیشیا بەدەسەڵات گەیشتووەکان و تا ساڵی 1998 ئەو بارە سەربازییە بەردەوامی هەبوو و ئامادەیی سەربازییانەی ڕژێمی بەعس و تورکیە و ئێران وەك هەرەشەیەکی هەمیشە ئامادە لەسەر سنوورەکان، هیچ بوارێكیان بۆ ئاساییبوونەوەی کەشی چەکدارانەی سێ دەهەی پێشتر نەدەهێشتەوە. لەو ماوەدا تەنیا بینەری سەرهەڵدانی چەند ڕێکخراوێکی جەماوەری وەك “یەکێتی بێکاران لە کوردستان، کۆمەڵەی ئاوارەکان، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و ڕێکخراوەی دیکەی خوێندکاران و کرێکاران … تد” بووین، کە بەهۆی سەرهەلدانی جەنگی ناوخۆیی و کۆتایی کەشی نامیلیشیایی، لەناوبران یا پوکانەوە. بەداخەوە ئەو ڕێکخراوانە بە زۆری یا پاشکۆی پارتە چەپەکان بوون یا بە هۆی پێکهاتەی هیراشیانەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ناوخۆیان، وابەستەی ڕامیاری و تاکتیکی ئەو پارتانە بوون. بەم جۆرە دەبینین کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەهەیەکیش پاش راپەڕینی ئازاری 1991 و دەرپەڕاندنی هێزە داگیرگەرەکانی ڕژێمی بەعس، هێشتا هەر بەردەوام لە کەشی میلیشیاییدا ماوەتەوە، ئەمەش وای کردووە، کە جەماوەر و خەباتی جەماوەری ئەوەندە لە پێناو کۆتاییهاتن بە جەنگە ناوخۆییەکاندا بووە، ئەوەندە نەیپەرژاوەتە سەر بوارەکانی دیکەی مافی تاك و ئازادییەکان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. هەربۆیە کاتێك لە ساڵی 2006 بەملاوە وەك بەرەنجامی کۆتایی جەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و ڕوخانی ڕژێمی بەعس [کە بیانوویەکی جادووئامێز بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم هەم شانی خۆیان لە وەلامی داخوازییەکانی خەڵك خاڵی بکەنەوە و هەم بزاڤەکانی پێ تاوانبار بکەن]، بزاڤە کۆمەلایەتییەکان دێنە مەیدان، لەبەرئەوەی کە نە خاوەنی ڕێکخراوی سەربەخۆی لەدایکبووی ناڕەزایەتی و خەباتی ڕۆژانەن و نە ئاشنایەتییان بە شێوازە ئازادیخوازیی و جەماوەرییەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەگەر سەرنجی خرۆشانە جەماوەرییەکەی دوومانگی ڕابوردوو*** ئەوەی لە 17ی فێبریوەرییەوە دەستی پێکرد و پاش دوو مانگ بە لەشکرکێشی و هێزی دژە-تیرۆر و پۆلیس سەرکوت کرا، دەبین، هەم لەبەر نەبوونی سوونەت و هۆشیاری خەباتی کۆمەلایەتی و نەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەری و تۆڕ و فۆرومی کۆمەلایەتی، زۆر بەئاسانی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخوازەوە (لیستی گۆران و ئیسلامییەکان) لە ناوەڕۆك و خواستەکانی خاڵی دەکرێ و ڕۆژانە کار لەسەر دەستەمۆکردنی دەکەن و هەم بە ئاسانی لە ڕێی ‌‌هێزی سەربازی و پۆلیسی مەشقدراوی ولاتانی خۆراواوە سەرکوت دەکرێت.

بەپێچەوانەوە لە ئێران و بەشە کوردنشینەکەیدا لەبەرئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە سی ساڵی رابوردوودا ئامادەیی مەیدانی وەك ئەوەی لە کوردستانی بەشی عیراقدا هەبوو، لەناو خەڵکدا نەبووە، خەباتی جەماوەرییانەی کۆمەڵایەتی چ لە شار و چ لە گوندەکاندا بە جۆرێك ئامادە بووە و خەڵکی ئاشنایەتی بە شێوازەکانی ئەم شێوە خەباتە هەیە، کە مانگرتنە گشتییەکانی چەند ساڵی ڕابوردوو نیشانە و بەڵگەی ئامادەیی ئەو هۆشمەندییەن. هاوکات بوونی هوشیاری ئەنارکیستی هەم وەك بەرەنجامی ئامادەیی خەباتی کۆمەڵایەتی و کەمکارایی بزاڤی چەکداری و هەم وەك ئامادەیی هزر و ئایدیا ئەنارکیستییەکان لە راپەڕینی ڕێبەندانی 1979دا، بەشی کوردنشینیش لەو کاراییە بەدەر نەبووە و لە ئێستاشدا چەندین کۆڕ و کۆمەڵی ئەنارکیستی چالاك لە بزاڤە کۆمەلایەتییەکاندا هەن، بەڵام بەداخەوە لەبەر کەشی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی ئیسلامی بەتابەت لە کوردستاندا کە بارودۆخێکی سەربازییانەی زۆر زەقی بەخۆوە گرتووە، چالاکانی ئەنارکیست وەك کوردستانی بەشی تورکیە نەیانتوانیوە، خاوەنی گۆڤار و بڵاوکراوەی خۆیان بن و بە ئاشکرا چالاکی بکەن و خۆیان بە ئەنارکیست ناوزەد بکەن. تا ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین، هەم لەناو بزاڤی کرێکاری و هەم لەناو بزاڤی خوێندکاران و لەناو بزاڤە کۆمەڵایەتییە ڕۆژانەییەکاندا ئەنارکیستەکان وەك تاك ئامادەییان هەیە.

بە دیاریکراوی، ئەوانەی کە بۆ فۆرومی ئەنارکیستانی کوردستان دەنووسن و هاریکاری دەکەن، فرەتر لە دەرەوەن، لە ئەوروپان. بەڵام وەك خۆتان دەزانن شێوە ڕێکخستنی ئەنارکییەکان کۆڕ و کۆمەڵی گچکەی ناسێنترالیست و گروپی کاریی و لۆکاڵین. لەبەرئەوە ناکرێت بە بوون یا نەبوون قسە بکەین. چونکە لە بارودۆخی ڕامیاریی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناویندا بە تایبەت ئێران، سوریە و عیراق، زەمینەی کاری ئاشکرا و فۆرومی ئاشکرا و چالاکی ڕامیاریی ئاشکرا یا لەبار نییە، یا تووشی دەردیسەری سەخت دەبێت. لەولاشەوە لەبەر ئەوەی کە ئەنارکیستەکان دژی گروپگەری ڕامیاریی و دەستەگەرین، لە بەرامبەردا گروپی کاریی لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا بەرتەری پێدەدەن، باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی ئەو وڵاتانەش لەوە زیاتر بوار نادات. تا ئەوەندە ئێمە ئاگادار بین، سەندیکا و ڕێکخراوی جەماوەری و پیشەیی لەژێر کارایی ئایدیا و شێوازی ڕێکخستن و بەرێوەبەرایەتی هەرەوەزییانەی ئەنارکیدا نییە، ئەگەر هەشبێت، لەوانەیە زۆر لاواز و لە باری کۆرپەلەییدا بێت.

ئێوه‌ بۆچوونتان بەرامبەر پەکەکە چییه‌؟ ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ PJAK پژاك چی دەڵێن؟

پەکەکە و پژاك هەر یەکن یا وردتر بڵیین، پژاك یەکێکە لە باڵەکانی بەشبوونی پەکەکەی جاران بەسەر چوار وڵاتەکەدا (تورکیە، ئێران، عیراق و سوریە)، دەکرێت بڵیین پژاك ڕێکخراوی خۆرهەڵاتی پەکەیەیە. پژاك و پێكاكا، پێش هەموو شتێك دوو ڕێكخراوی هیرارشی ڕامیاری و میلیشیایین، كە هیچ نزیكایەتییكیان لەتەك سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە (ئەنارکیزم) نییە. ئەوان خەریكی پاگەندەی ناسیونالیستین و لە ئەلفەوە تا یا، لەتەك ئێمە جیاوازن. دەتوانن نزیكیایەتییان لەتەك سۆشیالیستە دەسەلاتخواز و هیرارشییەكان هەبێت. تا ئەوەندە دەگەریتەوە سەر ئەو گۆرانانەی كە لە بۆچوونی ئۆچەلاندا بەدی دەكرێن. یەكەم زۆر جێگەی دڵخۆشی نین، دووەم، لەناو ڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوانەدا بە ئاستی گۆرانەكانی بۆچوونی خودی ئۆچەلان هەست بە گۆران ناكرێت. راستە ئەوان لە ڕێكخستنی خەباتی جەماوەریدا ئاوڕیان لە بنەمای فیدراتیڤی داوەتەوە و قورساییان خستوەتە سەر خەباتی كۆمەڵایەتی. بەڵام ئەمە نایانكاتە خزمی ئەناركیزم. چونكە ئۆجلان دەستبەرداری ئۆتۆریتەگەری و دەستەمۆكردنی بزاڤەكە نەبووە و دووەم، ئەوان هێشتا هەڵگری شوناسی نەتەوەیین و دەستبەرداری نەبوون. تا ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر پژاك، كەمتر لە ڕیزەكەكانی پێكاكا لە توركیە، كەوتوونەتە بەرگۆران و كارایی گۆرانەكانیان لەسەر كەمترە.

بە بڕای ئێمە کەی پارچەکانی پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری بوون و خەباتی کۆمەڵایەتی ناوەندەکانی کار و ژیانیان کردە مەیدان، کەی ڕێکخراوە سێنترالیستەکانیان لۆکاڵی و ناسێنتراڵ کردوەوە، کەی بانگەوازی مەرگی کارێزما و ئۆتۆریتەگەرییان کرد، کەی دەستبەرداری پەیوەندییە هەرێمی و جیهانییەکان لەتەك دەوڵەتەکانی خۆراوا و خۆرهەڵات بوون، کەی دروشمی دژەدەسەڵات و سەروەرییان بەبێ پەردە و شەرمنۆکی بەرزکردەوە، ئەوسا دەکرێت، ئێمەش بەرامبەر کار و بیرکردنەوەیان هەست بە نزیکایەتی و خۆشبینی بکەین. بەڵام بەداخەوە ئێمە لە ئێستادا لە دەمی قسەگەرانی باڵەکانی پەکەکەوە بەتایبەت لە ئێران و عیراق، هەست بە گۆڕان ناکەین و ناکرێت بە ڕوودانی گۆڕانی گەورە و ڕیشەیی لە بەستەڵەکی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی و دەسەلاتخوازیی لێپرسراوان و ئەندامانی سەرکردایەتییاندا هیوادار بین.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s