ئیسپانیا: گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی بۆ مه‌یدانه‌كان، كه پارساڵ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوون، له پاڵ ئه‌م باودۆخه تازه‌ی ئه‌وروپادا، ڕه‌نگه گوڕێكی به بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌وره بدات
پاش ساڵێك به‌سه‌ر خۆپیشادانه گه‌وره‌كه‌ی ئیساپانیا و به‌رده‌وامی شه‌پۆلی دهستبهسهراگرتنهكان له گه‌لێك شاری ئیسپانیادا، ڕۆژی شه‌مه 2012.05.12 ، له یادی ساڵێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی پاردا زیاتر له 10 هه‌زار كه‌س له هه‌موو توێژاڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئیساپانی له مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه و گه‌لێك شاری دیکە ڕژانه‌وه سه‌ر شه‌قامه‌كان و گه‌وره‌ترین مه‌یدان له مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه دەستیان بەسەردا گیرایەوە. له‌ولاشه‌وه لەلایەن دەسەڵاتەوە8 هه‌زار پۆلیس نێرراون بۆ ته‌وقكردنی مه‌یدانه‌كان و به ناڕهزاییكهرانیان ڕاگه‌یاند، كه هه‌تا سات 10ی شه‌و ماوەیان هه‌یه بۆ چۆلكردنی مه‌یدانه‌كان و بڵاوه‌كردنیان. دواتر پۆلیس هێڕشی كرده سه‌ریان و زیاتر له 20 كه‌سیان له خۆپیشانده‌ران بریندار كرد و له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر ده‌ستگیر كران و پتر له 30 كه‌سیش ناو و ناونیشانیان لێوه‌رگیرا تاكو سزایان بدرێت.
ئه‌وه‌ی كه بووەتە، هۆی ڕوودانی خرۆشانەوەی خەڵکی، وەستانەوە و بەرەنگاریی بارودۆخێکە کە ئافەرێنەرانی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانن و خەریکن باجەکەی بەسەر خەڵکیدا بسەپێنن، لەوانە:
یه‌كه‌م: خه‌ڵكی ناتوانێت ئاوا ده‌سته‌ووه‌ستان دا‌نیشێت، له كاتێكدا كه ڕێژه‌ی بێكاران له هه‌ڵكشاندا بێت، به‌تایبه‌ت له نێوان گه‌نجاندا، كه ئەم ڕێژەیە چووه‌ته سه‌رووی له سه‌دا 50 و بارودۆخی ژیان به‌ره‌وخراپتر بڕوات و هیوایه‌كیش نه‌بێت له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌م بارودۆخه گرانه ڕزگاری بێت.
دووه‌م : ئه‌وه نزیكه‌ی 6 مانگه میرایەتی تازه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات، ئه‌و میرایەتییەی كه یه‌كێتی ئه‌وروپا و ده‌سگه دراوییه‌كانیان و سندووقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ئاوایان پێشبینی ده‌كرد ، كه له سایەی ده‌سڵاتدارانی تازه‌دا ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه ئیسپانیا تێی كه‌وتووه، به‌ره‌و ڕه‌واندنه‌وه بڕوات یا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت. به‌ڵام له ڕاستیدا وه‌كو چۆن پێشتر چالاکانی بزووتنەوەکە پێشبینیان كرد، بارودۆخه‌كه بەرەو خراپتربوون ده‌ڕوات، نه‌ك باشتربوون، هه‌روا ده‌رچوو.
بارودۆخی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئیسپانیا به‌و ڕاده‌یه خراپ بووه، كه له‌م ڕۆژانه‌دا میرایەتی ئیسپانیا به‌ناچاری چواره‌م بانکی ئیسپانیای كه ناوی Bankia یە کردە دەوڵەتی، واته كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه، ئه‌مه بێ له‌وه‌ش، هه‌ر له مانگی ڕابوردوودا بوو، كه له‌لایه‌ن میرایەتی ئه‌رجه‌نتین|ه‌وه، كۆمپانیای نه‌وت و گازی YPF، [كه له ساڵی 1999دا به 15 ملیارد دۆلار بە كۆمپانیای Repsol ی نه‌وتی ئیسپانی فرۆشرا و بوو بە بەشێك لە کەرتی تایبەتی و ته‌نها له سه‌دا 51 ی بۆ خودی ئه‌رجه‌نتین مابووەوه] ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و كردیه‌وه به موڵكی ده‌وڵه‌تی ئه‌رجه‌نتین. له‌مه‌ش خراپتر ئێستا سه‌رۆکشالیارانی ئیسپانیا ده‌یه‌وێت له‌و په‌یمانه‌ی كه به یەکێتی ئه‌وروپا و ده‌سگه دراوییه‌كان، لەبەرامبەر داشكاندانی بڕی قه‌رزه‌كان و عه‌جزی میزانییەیان دابووی، كه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆی دانرابوو، پاشگه‌ز بێته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی په‌یتا په‌یتاش بیانوو بۆ خۆدزینه‌وه له كۆبونه‌وه‌كانی سه‌رانی ئه‌وروپادا ده‌دۆزێته‌وه، تاكو زیاتر فشاری نه‌خرێته سه‌ر و شه‌رمه‌زارتر نه‌بێت.
گه‌ر پێشتر هیوایه‌كی كز له باشبوونی ئابووری ئه‌وروپا و به‌خۆداهاتنه‌وه‌ی یورۆ و وڵاتانی به‌كارهێنه‌ری یورۆ هه‌بووبێت، ئه‌وا لە ئێستا دوای بەدەسەڵاتگەییشتنی سوشیالیستهكان له فه‌ره‌نسا و پارتی چه‌پ له یۆنان له ههڵبژاردنكهی ئه‌م دواییه‌ی 05ی ئایاری 2012 كه بووه هۆی په‌راوێزخستنی ئه‌و پارتانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ڕامیاریی دهستلێگرتنهوه (ته‌قه‌شوف) بوون، ئه‌و هیوایه‌ش یا هه‌ر نه‌ما یا زیاتر كزبووه.
فرانسوا هۆڵه‌ند، تازه سه‌رۆككۆماری فهرهنسەش كه ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، تاکو ئێستا هه‌ر له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانی كه له مانیفێستی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌خه‌ڵكی فهرهنسەی دابوون، به‌رده‌وامه؛ له‌وانە پرسی دابینکردن و ئافەراندنی كاری زۆر به هێنانهخوارهوی ڕێژه‌ی بێكاری كه له سه‌دا 10 زیاتره، زیادكردنی باج له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ماندان، قسه و وتووێژکردن له‌تەك ئەنجێلا مێركڵ سەرۆکشالیارانی ئه‌ڵمانیا و ده‌سگه دراوییه‌كانی ئه‌وروپا له‌بارەی ڕیفۆرمكردنی یورۆ و هه‌لومه‌رجه‌كانی كه پێوه‌ی په‌یوه‌ستن و ڕزگاركردنی فه‌ره‌نسە له‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی كه پیایدا تێده‌په‌ڕێت و هتد..
هه‌رچیش یۆنانه نه میرایەتی سوشیالیست و نه لیبراڵ و نه خه‌ڵكانی ته‌كنۆكرات و نه كۆمه‌ك و یارمه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ده‌سگه دراوییه‌كانیان و سندوقی دراوی نێودوڵه‌تی به‌فریای نه‌گه‌یشتن. بگره قه‌یرانه‌كه وا خه‌ستبووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌و پارتانه‌ی كه پێشتر له‌تەك ڕامیاریی دەستلێگرتنەوەدا بوون و له‌سه‌ر ڕه‌چه‌ته‌ی ناوەندە دراوییه‌كان، ڕێیان ده‌كرد، تاكو گیانیان تێدابێته‌وه، به‌هه‌ر هه‌موویان كه‌متر لە له‌سه‌دا50 ی ده‌نگیان هێناوه، كه هیچیان ماف و ڕەوایەتی دروستكردنی میرایەتییان نییه. ئه‌وه‌تا بۆ ماوه‌ی 9 ڕۆژی ڕه‌به‌قه، به‌و هه‌موو هه‌وڵ و ڕاوێژ و ته‌گبیره‌وه، كه دەیکەن و ده‌یده‌ن و بۆیان ده‌كرێت، نه كۆنه سهرۆکشالیاران و نه سه‌رۆكی یۆنان نه‌یانتوانیوه میرایەتییەك دروستكه‌ن.
ئه‌وه‌ی كه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌م دوواییه‌ی یوێناندا گرنگ بوو، کەمڕەنگبوونەوە و ڕهتكرانەوەی ڕۆلی پارته‌كان بوو، وه‌كو ڕیفراندهمێك وابوو له‌سه‌ر ئه‌وان، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌وه‌شی سه‌لمان، كهپارتە لیبراڵ و كۆنه‌پارێزه‌كان و سۆشیالیسته‌كان له‌ناو خه‌ڵكانی ئاسایی‌دا چه‌ند بێبنەکە و بێكه‌سن. ئه‌وه‌ی كه له هه‌موو پارته‌كان زیاتر ڕه‌واجی هه‌بووه، پارتی چه‌په، پارتی Syriza كه سه‌رۆكه‌كه‌ی كوڕێكی گه‌نجه به‌ناوی Alexis Tsipras و ماوه‌یه‌كی زۆر نییه درستبووه، به‌ڵام له‌تەك ئه‌وه‌شدا کە دووەمین زۆرینەی دەنگی هێبنا، کەچی هێشتا تەنیا نزیكه‌ی له‌سه‌دا17ی ده‌نگه‌كانی بەدەست هێناون و هۆی سه‌ره‌كی بەرەوپێشچوونیشی بۆ ئه‌وه دەگەڕێتەوە، كه ئه‌وان دژی مه‌رج و به‌نده‌كانی یەکێتی ئه‌وروپا و ده‌سگه دراوییهكانن، كه به‌سه‌ر یۆنان‌دا سه‌پاندویانن، ئه‌وان ده‌ڵێن نابێت یۆنان به‌و مه‌رجانه‌وه یورۆ قبوڵ بكات.
له‌كاتێكدا كه ناتوانرێت میرایەتی دروستبكرێت، ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنێكی نوێ له مانگی ئاینده‌دا هه‌یه، به‌ڵام ڕاپرسییەکانیش ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌م جاره ئه‌م پارته چه‌په، كه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا پلەی دووه‌می هێناوه، جێگەی یه‌كه‌م بەدەستبهێنێت. به‌ڕای ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنی مانگی داهاتوودا له سه‌دا 35ی ده‌نگه‌كان ده‌هێنێت، كه ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا زه‌نگێكی مه‌ترسیداره، چونكه له هه‌ردوو بارەكهدا بۆ ئه‌وان باش نییه: ئیتر ئەگه‌ر به مه‌رجه‌كانی ئه‌وان ڕازی نه‌بێت و له قەڵەمڕەوی یورۆدا بمێنێته‌وه، یا یۆنان له‌و قەڵەمڕەوەدا بێنێته ده‌ره‌وه. به‌پێی بۆچوونی ئابووریناسه‌كان و سه‌رۆكی كۆمپانییه گه‌وره‌كان، ئه‌گه‌ری له‌سه‌دا 76 ی ده‌رچوونی یۆنان له قەڵەمڕەوی یورۆ و به‌كارهێنانی دراوی خۆی هەیە.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دوو ڕووداوه‌ی ئه‌م دوایه‌ی ئه‌وروپا؛ فه‌ره‌نسە و یۆنان ، گه‌ر له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان بمێننه‌وه و به‌و ئاقاره‌دا بڕۆن، كه ئێستا نییەتیانه، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا و دراوی یورۆ و پاوه‌ندی بریتانی و هه‌تا دۆلاری ئه‌مه‌ریكی و دراوه‌كانی دیکەی جیهانیش داده‌نێن. له هه‌مووشی گرنگتر بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌ره‌و پێشتر ده‌بات و چیتر ڕۆڵی پارته‌كان له‌و گه‌مه ڕامیارییه‌دا كه ده‌یانكرد و ده‌یكه‌ن به‌ته‌واوی ناهێڵێت و له‌مه‌ولا ڕۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ریان نابێت.
Advertisements