دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی دووەم

دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی دووەم

هەژێن:

سڵاو ھاوڕێیان، مشتومڕەكەتان خۆشە و سەرنجی ڕاكێشام و ئەم سەرنجانەی لەلای من بەجێھێشتن … .

ھاوڕێ (زاھیر)یش لە وەڵامی ھاوڕێ (فوئاد)دا، بەھەمان تێڕوانین، چەمكی پڕۆلیتاریا بەكاردەبات، كە دەكاتە كرێكاری پیشەسازی و لەم بارەدا ڕاسدەكات، پرۆلیتاریا كەمینەیە، بەڵام پڕۆلیتاریا لە یۆنانی كۆنەوە بە واتای چینی ئەو تاكانەی كە خاوەنی سامان و دسەڵات نین یا كۆیلەی كەسانی دیكەن، كە لەم بارەدا ھەموومان بە كرێكار و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكار و خانەشین و بێكار و جوتیار و ھەرجی ژێردەست ھەیە، دەگرێتەوە؛ واتە ھەموو ئەوانەی كە مافی بڕیاردانیان لەسەر ژیانی خۆیان و كاروباری كۆمەڵگە نییە. من پڕۆلیتاریا بەم واتایەی دووەم بەكاردەبەم ..

ھاوڕێ فوئاد، لەوەتەی دەوڵەت سەریھەڵداوە، ھەندێك كاری ئەنجامداوە؛ لەوانە وردوخاشكردنی ویست (ئیرادەی تاك) و متمانە بەخۆی، لەنێوبردنی پەیوەندی و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە دامودەزگە ڕامیارییەكان، ڕۆبۆتكردنی تاك و كوشتنی ھەموو گیانێكی ھەرەوەزیی و ھاڕێكاریی و متمانەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێكخستنی ئابووری كۆمەڵگە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت و لە باشترین باردا خاوەندارێتی دەوڵەتی، لەنێوبردنی مۆڕاڵ و ڕێسای كۆمەڵایەتی و یاسای سروشتی، جێگرتنەوەیان بە مۆڕالی ڕامیاریی و یاسای دەستكرد، ھەروەھا كەڵەگایی بەسەر كۆمەڵگەوە و بڕیاردانی جەنگ و سازش و كوشتوبڕین و جینۆساید و داگیركردن و تاڵانكردن و زیندانیكردن و لەسێدارەدان بەنێوی كۆمەڵگە و نەتەوە و چینەوە .. . ئایا دەتوانرێت و دەكرێت و بۆی ھەیە وەھا ئامرازێك ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و پارێزەری دادپەروەریی؟ ھەروەھا ئەگەر لە سەردەمی دەربڕینەكانی (گۆدوین شتاینەر و و پرۆدۆن و باكونین)دا ھاوڕێ ماركسیستەكان، لەبەر نەبوونی ئەزموونی دەوڵەت لەلایەن پارتە كۆمونیستەكانەوە و بەنێوی پرۆلیتاریاوە، توانیبێتیان ئەوان [ئەناركیستەكان] بە خەیاڵپڵاو تۆمەتباربكەن، ئایا پاش ئەو ھەموو كۆیلەكردنەی پرۆلیتێرەكان لەلایەن دەوڵەتی پارتە كۆمونیستەكانەوە لە (ڕوسیا)وە بۆ چاینا و كوبا و ڤێتنام و كۆریا و یوگوسلاڤیا و ئەلبانیا و ئەڵمانیا و ھەنگاریا و بولگاریا و … تد، ئەوە نالۆجیكی نییە و پاش ئەو ھەموو ئەزموون و سەلماندنە مێژووییانەی دروستی بۆچوونی ئەناركیستەكانی پێش و پاش ئینتەرناسیونالی كرێكاری (یەكەم)، ڕاستی بۆچوونی ئەناركییەكان ناسەلمێنێت ؟

بابەتێكی دیكە خەدری مێژووییە لەو سۆشیالیستە كەتوارییانەی كە بەداخەوە ئەناركیستەكانیش وەك ماركسیستەكان بە یوتۆپی (خەیاڵپڵاو)یان ناودەبەن، كە بە بڕوای من لە ھەموو سۆشیالستەكانی پێش و پاشی خۆیان كەتواربینتر بوون و بەكردەوەش سەلماندیان پرسی سۆشیالیزەكردنی كۆمەڵگە، پرسێكی ڕامیاریی نییە و تەنیا بە ھەنگاوی كردەیی دەكرێت، سۆشیالیزم ببێتە سیستەمی بەرێوەبردنی كۆمەڵگە .. .

ھاوڕ فوئاد، بەداخەوە لە دوا وەڵامتدا بۆ ھاوڕێ زاھیر، بەجۆرێك دەرگەت لەسەر لێدوانەكە داخستووە. لە كاتێكدا كە ھیچ یەك لە ئێمە ناتوانین بڵێین، من ئەوەم بۆ داھاتوو یا لە داھاتووشدا ئاوا دەبم، دەكرێت بڵیین من لەم ساتەدا ئاوا بیردەكەمەوە، چونكە بڕیاردان لەسەر ئەوەی كە خولەكێكی دیكە ئاوا بیردەكەمەوە، ڕەتكردنەوەی بنەماكانی بەردەوامی گۆڕانی مرۆڤە وەك ماددە  .. .

زاهیر باهیر:

 کاک فوئاد تکایە بمبەخشە گەر کۆمێنتەکەم ، لای تۆ وای گەیاندبێت کە تۆ لەسەر ئەنارکیسزم هیچت نەخوێندۆتەوە یا هیچ نازانیت. من دڵنیام کە تۆ دە ئەوەندەی منت لەسەریان خوێندۆتەوە. لێتی ناشارمەوە تاکو ئەم دەقەیە من کتێبێکی یەکێک لە ئەنارکستە بیردۆزە کۆنەکانم نەخوێندۆتەوە، من تەنها لێرەو لەوێ چەند وتارێکم خوێندۆتەوە. من کە ئیدیعای ئازادیخوازی و ئەنارکستێت دەکەم لە خوێندنەوەی شتەکانی ئەنارکستەکانەوە نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەوەیەکی سەردەمێکی زۆرەوە کە پێموایە چەند ساڵێکی خایاند ، هەروەهاش تەماشای ئەزموونەکانی هەموو پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و نموونەی دەوڵەتەکانی بەلشەفی، تێکەڵاوبوونم بە بزوتنەوەی کرێکاران لێرەو نقابەکەیان، وایلێکردم کە من بە سەرجەمی بیروڕای خٶم و هاوڕێیانی دووروو نزیك و تەواوی ئەزموونەکانماندا بچمەوە بگەمە ئەم قەناعەتەی ئێستام ، ئەمە جگە لەوەی کە من فکری ئەنارکست بە ڕۆح و گیانی سروشتی خودی مرۆڤ دەزانم کە گیانی یاخیبوونی تێدایە، حەزی بەوە نییە کە نەسیحەت و ئیرشادات بکرێت، حەزی بە ئازادییەو دژی کۆنترۆڵکردنە، حەزی بەوەیە کەکەس بڕیاری بۆ نەدات خۆی خاوەنی بڕیارەکانی بێت. هەر هەموومان کە گەنج بووین ئەمانەمان تیادا بووەو خاڵی هاوبەشیمان بوون لەگەڵ یەکتریدا. گەر من بچمە جەدەلی دەوڵەت و پارت و سیاسەتەوە باوەڕناکەم پەنا بۆ تەنها بڕگەیەکی یەکێک لەو ئەنارکستە ناودارانە، بەرم ، مەگەر تەنها لە ٢ بوواردا کە یه‌که‌میان ئاماژە بە ئاماره‌کانه‌و ئەوی تریان هێنانەوەی ئەزموونه‌کانی سەردەمی ئەوانن. من باوەڕم وایە نابێت هەوڵبدەین  تیورەکان بسەپێنین بەسەر کۆمەڵگەو چینەکاندا ، بە یەک وشە واقیعدا، بەڵکو دەبێت تیورەکان و بیرۆکەکان لە واقیعەوە هەڵهێنجین . هەروەکو خۆتیش دەزانیت باشترین بەڵگەنامە گەڕانەوە بۆ واقیعە ، لەبری گەڕانەوە بۆ بڕگەی ناو کتێبەکان ئیدی ڕابوردوو یا ئێستا، گرنگ نییە.

لە کۆتاییدا وەکو ئەو هاوڕێیەش پێشتر وتی ، تۆ دەرگات لەسەر مشتومڕەکان داخست، کە ئەمە بێئومێدی لای من دروستکرد چونکە من هەمیشە ڕام وایە کە تۆ یەکێکی لە هەرە ڕۆشنبیرەکان و بە ئەقڵ و سەلیقەی زۆرو قوڵەوە دەچیتە ناو کێشەکان ، پرسەکانەوەو لێکدانەوه‌کانت شایانی خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنن. با ئەوەش بڵێم ، من خۆم هێشتا بەدوای حەقیقەتدا دەگيڕیم بۆیە تامەزرۆی مشتومڕو ڕاگۆڕینەوەم لەگەڵ هەمووتاندا. هەڵبەتە تۆش ئازادیت لە بڕیارەکانتا. خۆشی و تەندروستی باشت بۆ دەخوازم.

فواد قەرەداخی:

سوپاس هاوڕێیان بۆ وەڵامەکانتان ، وەڵامەکان دیسان لەسەر دەوڵەت تەرکیزیان کردووە ، کە هاوڕاتانم لەسەر ماهییەتی دەوڵەت بەڵام + ناسنامە چینایەتییەکەی . ئێوە باس لەدەوڵەت بە گشتی دەکەن ، من پێموایە دەوڵەت ناسنامەی چینایەتی هەیە و سەرکوت بەشێکی کارێتی ، بەڵام کێ سەرکوت دەکات ؟ ئەوە مەسەلەکەیە ، لەلایەکی ترەوە من دەبینم کۆمۆنیستەکان تەجروبەیەکیان هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتی چینایەتیدا ، دیارە ئەو تەجروبەیە فەشەلیکرد بەڵام دەستکەوتیشی لە سەرەتادا هەبووە و دەکرێت بۆ دواڕۆژ سوود لەو تەجروبەیە وەربگیرێت بۆ دەورەیەکیتری تێکۆشان دژی سیستمی سەرمایەداری ، ئەو سیستمەی بە تێکۆشانی منظم ، بە خۆڕێکستن ، بە حزبی تکۆشەرو جەماوەیی پۆڵایین دەڕووخێت ، من تا ئێستا نازانم بەبێ دەسەڵاتی سیاسی چینی پێشڕەوی کۆمەڵگا چۆن دەتوانین مەرجەکانی کۆمەڵگای ( بێ چین و بێ حزب و بێ دەوڵەت ) بەدیبهێنن ئانارکیستەکان بەرنامەیەکی رۆشنیان بۆ ئەوە نییە ، ئەوان دەسەڵاتخواز نین ، واتە دەسەڵاتیان ناوێت ، بۆیە بە عەمەلی ئەبێت دەسەڵاتی سیستمی سەرمایە دەستکارینەکەن ،ئەم جیهانە بەرینە چۆن دەگاتە کۆمۆنیزم کە تۆ بەرنامەی رووخاندنی سەرمایەو چۆنیەتی رێکخستنەوەی کۆمەڵگای گواستنەوەت پێ نەبێت . من دەرگاشم لەسەر ئەم مەسەلەیە دانەخستووە ، بە پێچەوانەوە دەرگایەکم کردەوە کە ئێوە بتوانن لێی بچنە ژوورەوەو بەرنامەی تەفصیلی و عەمەلی ئانارکیستی بخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و میکانیزمی نەهێشتنی دەوڵەتیان پێ بڵێن لە سەرانسەری جیهاندا ، من بەرنامەی ئانارکیستەکان بە بەرنامەیەکی خەیاڵیی دەزانم کە ئەگەری بەدیهێنانی نییە ، بۆیە وەک هەر کەسێکیتر چاوەڕوانی نووسینەکانتان دەکەم و هەر کاتێک قەناعەتمکرد دڵنیابن بێ سێو دوکردن پێیەوە پەیوەست دەبم .

ھەژێن :

سڵاو ھاوڕێ فوئاد، پرسەكە لەسەر قەناعەتكردن بەیەكتر نییە، نەخێر من بۆخۆم و لە ھاوڕێ (زاھیر)یش دڵنیام كە نیازی شتێكی ئاوای نییە، بەڵكو ھەوڵدانە بۆ مشتومڕكردن و بۆچوونگۆڕینەوە و دەرگەئاوەڵاكردن بەڕووی كۆمەڵێك پرسدا، كە بەداخەوە بەستەڵەكیان بەستووە. ھەروەھا وەك ھاوڕێ زاھیر دەڵێت “پرسەكە لەسەر دروستی و نادروستی ئەم و ئەو نییە” بەڵكو لەسەر دەربڕینی بۆچوونی كەسیی خۆمان و بەشكردنیەتی لەتەك ھاوەڵەكانی فەیسبووكدا .. . با ئاوای دابنێین، كە لە مێژوودا ئەناركیستەكان بوونیان نییە، ئەی دەبوو من و تۆ و ئەوانی دیكە لەبەردەم شكستخواردنی بەكردەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەردەستی سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەكان چیمان بكردایە؟ ئایا ئەركی من و تۆ و ئەوانی دیكە نییە، كە لەو شكستانە وردبینەوە و لە دەرەوەی بۆچوونە باوەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەرێین؟

بە بۆچوونی من ئەو لێدانەی كە بۆلشەڤیزم لە ١٩٠٥ە تا ١٩٨٩ لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كرێكاری داوە، ھەموو دەوڵەتەكانی بۆرجوازی لەوەتەی سەرمایەداری ھەیە، تا ئەمڕۆش نەیداوە … . چونكە بۆلشەڤیكەكان بە ڕابەرایەتی لێنین [نەك تەنیا ستالین و دواتران] دەسكە دارینەكەی تەورەكە بوون لە بڕینەوەی دارستانەكانی شۆرشدا تا ئێستاش ھەر دەسكەتەورن … .

ئەوەی كە تۆ بەبێ دەوڵەت، ناتوانیت وێنای كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەیت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەم وەك زۆربەی ھاوڕێ ماركسیستەكان شۆڕش بە ڕووداوێكی كتوپڕ و دیاڕێكراوی ماوەیی دەزانیت، بۆیە لەوەھا بارێكدا تاكی پەردەوەری سیستەم و كولتووری بۆرجوازی [مشەخۆری] لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی سۆشیالیسیدا وەك جانەوەری چاوچنۆك دێتەبەرچاو و ناچار بۆ ڕاگرتن و سۆشیالیزەكردنی پێویستت بە دەوڵەت و دامودەزگە سەركوتگەرەكانی دەبێت. بەڵام ئەگەر شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی لە بەرەبەیانی مرۆڤایەتییەوە تا دواساتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بزانیت، ئەوا ئەو شتانەی بە شۆرش ناویاندەركردووە، دەبنە ڕاپەڕین و بەرھەڵستاری لە ڕوەتی شۆڕشدا و زۆر ئاسایی ھەر لە ھەناوی ئەم سیستەمەدا، ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكانی پڕلیتاریا، لە خوارەوەرا وەك فێرگەیەكی سۆشیالیستی، تاكەكان بە كولتووری سۆشیالیستی پەروەردەدەكەن و لەنێو خۆیاندا [لە ماڵە ھاوبەش و ھەروەزییەكانیاندا، لە كارگە و فرۆشگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكاندا] بەپێی توانا سۆشیالیزم ئەزمووندەكەن و وەك ھاوڕێ زاھیر دەلێت ” لەوێوە تیئۆرییە شۆڕشگێرییەكانیان سەرھەڵدەدەن…”.

تكایە ئەم دوا ڕستەمە وەك خۆی لێ وەربگرە؛ سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان خەڕێكن لەم سیستەمەدا ڕۆژانە خشت بە خشتی ئەم سیستەمە دەدەنە بەر ڕەخنە و بە كردەوە لە ھەرەوەزیی ژیاندا ھەڵیدەگێرنەوە، ڕێك بە پێچەوانەی ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی پارتە كۆمونیستە زۆر و زەبەندەكانەوە، كە لە ئەوروپا خاوەنی پیتزەری و ڕیستورانت و قاوەخانە و فرۆشگەن و ئەندامانی پارتەكانی خۆیان و كرێكارانی كۆچەر بە كرێیەكی زۆر كەم بەكرێدەگرن و دەیانخەنە خزمەت سیستەمی كاری كرێگرتەوە و لەسەر ڕەنجی ئەوان، سەرمایەی دراوی پێكەوەدەنێن و لەولاشەوە لەسەر چالاكی و خەباتی لێبڕاوانەی ئەندامانی پارتەكانیان، ناووناوبانگ دەردەكەن و وێنەی خۆیان لەبەردەم وێنەكانی ماركس و ئینگلس و لێنین و ترۆتسكی و ستالین و مائۆتسی تۆنگ و جیڤارا و پەخشان و تەخشان دەكەن .. .

ھاوڕێم، ئەناركیستەكان كەتوار لە قاڵبی تیئۆری نادەن، بەڵكو تیئۆرییەكان لە ئەزموونكردنی خەباتدا لە كەتواری ئەم ساتەدا بەدەستدەھێنن، ھەروەھا ئەناركیستەكان بەرنامەی ڕامیاری داناڕێژن، چونكە، یەكەم، ڕامیاریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامراز و چەكی ڕاگرتنی كۆمەڵگەی چینایەتین و دووەم، ئەناركیزم بە واتای سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە بەخۆی بەرنامەی ژیانە و كاتێكیش كە ژیان لە قاڵب بدرێت، ئیدی تەنیا تابووتێك لە چەشنی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی و ماوی و كاسترۆییمان بۆ دەمێنێتەوە.

ئەگەر ئێمە ئەو شكستانەی كە لەسەر دەستی سۆشیالیستە دەوڵەتخوازەكان بەسەرماندا ھاتوون، بەھەند وەرنەگرین و دووبارە لە ھەوڵی چێكردنەوەی دەوڵەتێكدا بین لە جێی دەوڵەتێكی دیكە، ئەوا وەك ھەر دەستەیەكی دیكەی مەزھەبی لە جیھانی خەیاڵدا خەڕێكی چێكردنی بەھەشتێك دەبین، كە لە جیھانی كەتوارتیدا بێجگە لە پیرۆزكردنی دۆگمەكان، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە!

دەكرێت لە زنجیرە وتارێكی دوورودرێژدا بچینە پای شێوازی خەباتی ئەناركی و شێوە و بنەمای كۆمەڵگەی ئەناركی و چۆنیەتی پێكھاتنی كۆمەلگە ئەناركییەكان، بەڵام بەداخەوە ڕوونكردنەوەی كۆمەڵگەی ئەناركی كە ڕەتكردنەوەی سەراپای كۆمەڵگەی چینایەتی چەند ھەزار ساڵەیە، لە وەلامی كۆمێنتێكی فەیسبووكدا ئاسان نییە، ھەر بۆیە لەمەڕ ھەڵەی داڕشتن و ڕێنووسی نێو سەرنجەكانیم، داوای لێبوردن دەكەم، چونكە بواری نووسین لە فەیسبووكدا ھەر ئەوەندەیە .

درێژەی ھەیە ….

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، تكایە كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

http://wp.me/pu7aS-18f

شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆرشێكی كۆمەڵایەتییە نەك كودەتای سەربازیی و ڕامیاریی

سڵاو ھاوڕێیان، ئەمەی دەیخوێننەوە، سەرنج و وەڵامی ئێمە (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF)ە بە سەرنج و ڕەخنەی ( لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان)ە لە بارەی مشتومرێكەوە،  كە لە ڕووپەڕی ئەو گروپەدا لە فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە ….

ھیوادارین خوێنەرانی ھێژا، سەرنج و ڕەخنەی خۆیان لەمەڕ وەڵامەكەی ئێمە لە بەشی كۆمێنتی خوارەوەی ئەم بابەتەدا بنووسن و بەرچاوی ئێمە ڕۆشنبكەنەوە .. بەشداریتان، مایەی دڵخۆشی و نیشانەی بەدەربەستبوونتانە لەمەڕ پرسەكانی كۆمەڵگەی داھاتوو [ئەناركی / سۆشیالیستی]

سڵاو ھاوڕێیان، …..

بەشداریكردنی دەنگە جیاوازەكان، ھیوابەخشە و بەھیوای بەردەوامبوونی …

بەڕێزان (لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان)، بەشداریتان مایەی دڵخۆشییە، خۆزگە ھاورێ (شوان سدیق)، كە وەك ھاوبۆچوونییەك ئەم وتەیەی (لێنین)ی لە ڕووپەڕەكەی ئێوەوە، لەتەك ھاوەڵەكانی بەشكردبوو، بەخۆشی بەشداری مشتومڕەكەی بكردایە.

بەڕێزان، سەرنجەكەی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF) لەسەر ئەو وتەیەی لێنین بوو، ھەڵبەتە ھەر كەس و گروپێكیش كە ھاوبۆچوونی ئەو بۆچوونەی لێنین بێت، بەدڵنیاییەوە سەرنجەكەی (KAF) ئەویش دەگرێتەوە. ھەروەھا نووسەری سەنجەكەش سەرپەرشتیگەری ڕووپەڕی (ئەناركیستان)ە و ئەو سەرنج و بانگەواز و وەلامانەی كە بەناوی (KAF) بڵاودەبنەوە، تەنیا دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو سەرخەتانەدا بن، كە ھەموو ھاورییانی سەكۆ لەسەریان كۆكن، دەسەلاتی سەروو خەڵكی ئیدی حكومەتی بۆرجوازی بێت یا كرێكاری یا مرۆڤایەتی، یەكێكە لەو ئیدانەی كە (KAF) ڕەتیدەكاتەوە و یەكێكە لەو سەرخەتانەی كە ھەموو ھاوڕێیان لەسەری كۆكن.

بەڵام كاتێك من یا ھەر ھاوڕێیەكی دی بەناوی سەكۆوە بكەێتە وەلامدانەوەی مشتومڕە فرەلایەن و ناكۆتاكان، ئەوا كارێكی ئاوا بۆ ھەموومان دروستدەكات، كە ناچاربین لەسەر ھەموو پەرەگرافێك ڕەزامەندی ھەمووان بەدەستبھێنین و بەو جۆرە نە فریای وەڵامدانەوەكان دەكەوین و نە فریای ژیانی ڕۆژانە و دەبێت ھەموو چركەیەك لە كۆبوونەوەدا بین، ئەمەش ھەم ئەستەمە و ھەم لەبەرئەوەی كە ئێمە بەناو زۆرێك لە ولاتەكاندا پرش و بڵاوین..

ھەر لەبەرئەوە، لێرەدا بە كورتی وەلامی سەرنجەكەتان كە ڕوویان لە سەكۆیە، دەدەمەوە، بەلام وەك تاك لەوانەیە زۆرێكمان بەشداری بكەین و لە ئێوە زیاتر ئارەزوومەندی مشتومڕی دۆستانە بە ئامانجی بەھێزكردنی بزووتنەوەی سۆشیالیستی/ ئەناركی لەو گۆشەیەی دونیا [خۆرھەڵاتی ناوین] ھەین.

لەوانەیە بۆ ئێوە ئاسایی و مەیسەربێت، كە كەسێك بەناوی گشتەوە قسە بكات، چونكە ئێوە باوەڕتان بە نێوەندگەرایی بڕیاردان ھەیە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی بنەماكانی ئێمەیە، كە باوەڕمان بە بڕیاردانی بەكۆمەڵ و ھاوئاست ھەیە. بۆیە لە درێژەی مشتومڕەكەدا وەك تاك بەشداردەبین نەك وەك (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF).

پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی وەڵام و پرسیارەكانی ئێوە، بەپێویستی دەزانم، كە دەستخۆشی لە گشت بەشداربووان بكەم و پێیانبڵێم، كە بەردەوامیدان بەم مشتومڕانە خزمەتێكی زۆر بە بزووتنەوەی ئازادیخواز و یەكسانیخواز و دادپەروەرییخوازی كوردستان و ناوچەكەش دەكات، ئێوە وەك كەسانی بەدەربەست و دڵسۆزی ئەو بزووتنەوەیە، مایەی دڵخۆشی ئێمەن ..

لەبەرئەوەی كە بەگشتی لەتەك بۆچوونی ھاوڕێیان (باكۆ جەلال و سیروان فاتیح و كەیفی ئەمین و زاھیر باھیر)دا ھاوبۆچوونین و سەرنجەكانیان بە دروست و لۆجیكپەسەند دەزانین، لێرەدا تەنیا لە وەڵامەكەی ئێوە دەدەینەوە، كە لەتەك تێڕوانینی ئێمەدا جیاوازە و بۆ ئێوەش ھەر ئاوایە…

“لەسەر بەرنامەیەک دەڕۆن کە پێشتر پەیڕەو کراوە و سەری نەگرتووە، و ئێمە سیستەمێکی زۆردار دادەمەزرێنین،”

بەڕێزان، وابزانم لە سەرنجەكەی ئێمەدا ناوی ھیج كەس و گروپێك نەھاتووە، بەڵام ئەگەر ئێوە پشتیوانی لەو بۆچوونەی لێنین دەكەن، ئەوا ناچار دەبن ھەمان ڕێچكە بگرنەوەبەر، كە لە ڕوسیا گیرایەبەر …

بەڕێزان، شۆرش خۆی لە خۆیدا ڕێكخستنی سروشتی و كۆمەڵایەتییانەی دەنگە نارازییەكانە، بەڵام نە شۆڕش بەو واتایە دێت، كە ئێوە مەبەستتانە و نە پارت ئامرازی ڕێكخستنی شۆرشی كۆمەڵایەتییە و نە حكومەت دەرەنجامییەتی، باشترین نموونەش ڕوسیایە، كە لە تێكشكاندنی كۆمیتەی كارخانەكان و سۆڤیەتەكانی كڕیكاران و جوتیاران و سەربازان و دەریاوانان لەلایەن بۆلشەڤیكەكانەوە، حكومەتی بۆلشەڤیكی دروست بوو و خۆی سەپاند.

ئێمە باوەڕیی بێچەندوچوونمان بە رێكخستن و پێداویستی ڕێكخستن ھەیە، بەڵام نە ڕێكخستنی ڕامیاریی و نە رێكخستنی قوچكەیی [ھرمی / ھیرارشی]، بەڵكو ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و ئابووریی. ھەروا شۆرش دروستناكرێت، شۆرش سروشتی گۆرانی كۆمەڵە و ھۆشیاربوونەوەی جەماوەری ژێردەست بە پێداویستی شۆڕش و ڕۆنانی كۆمەڵگەی سۆشیالیستی، بەرەو (سۆشیالیزم / ئەنارشی) ئاراستەی دەكات، نەك پارت و رابەڕ و فیلۆسۆفان ….

باشە مەگەر وەرگرتنەوەی چەك لە خەڵك، بە بڕیارێك نابێت، ئەدی ئەو بڕیارە چییە، یا یاسای پارتە یا یاسای حكومەت. ئەگەر لەمە بگوزەرێین نازانم بۆ خەیاڵتان بۆ چەكردنی خەڵك چووە، مەگەر ئێوە بەتەمانین “خۆتان واتەنی شۆڕش بكەن” و دوای بیدەنەوە دەستیی “خاوەنە بنچینەییەكانی” ؟ باشە جیاوازی لێسەندنەوە/ وەرگرتنەوە/ لێوەرگرنەوە/ پێدانان لەتەك ئەوەی بەیاسایەك فەرمانیان بەسەردا بدەیت چییە؟

باشە بەڕێزان، ئێوە لە خاڵی یەكەمدا باس لە ” دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستی ” دەكەن و كەچی یەكسەر پاش ئەوە، قسە لە “باج دانان لەسەر سەرمایەداران ” دەكەن! باشە كۆمەڵگەیەكی سۆشیالیستی كە سەرمایەداری تێدامابێت و بەكاربێت و باجی لێبسێندرێت، چ جیاوازییەكی لەتەك سۆشیالیزمەكەی سۆشیالدێمۆكراتەكان ھەیە ؟ ئایا لە بارێكی ئاوادا كە سەرمایەداران ھەبن و زەكاتیان لێبسێندرێت، سیستەمی سویندی یا ئاڵمانی باشتر نییە، كە پێویست بە خۆماندووكردن و خەڵك بەكوشتدان و ئەندامبوون لە پارتەكەی ئێوەشدا ناكات؟

ئەم تێڕوانینەی ئێوە دوو شتی بەبیرھێناینەوە؛ یەكەم كە ئۆباما لە كاتی ھەڵبژاردندا پاگەندەی بیمەی دەرمانی بۆ خەڵك كرد، لە ئەمەریكا بە كۆمونیست تاوانباركرا! دووەمیان لە ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا پێشمەرگەیەكی كۆمەڵە ھاتبوو بۆ سوید، نامەی بۆ ھاوڕێكانی نووسیبووەوە، “ھاوڕێیان ئەو سۆشیالیزمەی ئێمە باسی دەكەین، لێرە بەخۆی ھەیە ! ” …

“١-قەدەغەکردنی چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە :”

پاشان مەبەستتان لە “بەگشتی کردنەوەی موڵکە تایبەتیەکان” چییە؟ ھەر دەولەتیكردن نییە، كە لە كۆماری ئیسلامی ئێران و (ڤاتیكان)ەوە بیگرە تا سوید و یوھانسبێرگی ئەفەریكا و جاكاتا و سیدنی و ئەمەریكا  و كەنەدا ، نموونەی زۆری ھەیە؟

ئایا ئێوە دەزانینن دەوڵەتیكردن ناكاتە سۆشیالیزە (كۆمەڵایەتیی)كردن ؟

ئەی مەبەستتان لە ” ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.” چییە، تكایە كەمێك وردتری بكەنەوە، تاوەكو ئێمەش لێی تێبەگەین !

” ٢-قەدەغەکردنی چەوساندنەوەی نەتەوە لەلایەن نەتەوەوە:”

چەوسانەوەی نەتەوە لەلایەن نەتەوەوە تەنیا لە ھۆشی ناسیونالیستەكاندا بوونی ھەیە، لە ھیچ سەردەمێكدا سۆشیالیستێك (چ بلانكیستەكان، چ ماركسیستەكان، چ ئەناركیستەكان، چ سۆشیالدێمۆكراتی ئەوروپی و چ بۆلشەڤیكی، چ نادرۆنیكیستەكان و چ سۆشیالیستە شۆرشگێڕەكان چ مەنشەڤیكەكان، چ ترۆتسكیستەكان و چ مائیۆئیستەكان و چ كاسترۆئیسەكان و چ چێ گواراییەكان و چ خۆجەییەكان و گروپە سۆشیالیستەكانی پێش و پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ی كوردستانیش) كەس ئەم بۆچوونەوەی نەبووە، نازانم ئێوە لە كوێ ھێناوتانە و بەتەمان بەناوی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە بە خەڵكی پێشكەش بكەن ؟

نەتەوە تەنیا لەلایەن سەروەرانی نەتەوەكەی دیكەوە دەچەوسێتەوە، ھەروا كە ژێردەستانی نەتەوەكەی خۆیان و ژێردەستانی نەتەوەی ژێردەست، وەك یەك لەڕووی چینایەتییەوە دەچەوسێنێتەوە، ھۆی چەوسانەوەی نەتەوەكان، بنەمای ئابووری و ڕامیاریی ھەیە !

ئەگەر لەمەش بگوزەێین، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی چ جیاوازییەكی لە چەوسانەوەی نەتەوەیی ھەیە؟ بەپێچەوانەوە ئێمە ئەناركیستەكان و زۆرێك لە ھاوڕێیانی كۆمونیستی ماركسیست، نەھێشتنی چەوسانەوەی نەتەوەكان [نەك قەدەخەكردن]ی چەوسانەوە، تەنیا لە ڕزگاری نەتەوەكاندا دەبینینەوە، بە تێكشكاندی داگیركەر و ڕاپەڕین و خەبات لەلایەن ژێردەستانی نەتەوەی ژێردەستەوە دەبینین… سۆشیالیزمیش سڕینەوەی كولتوور و شوناسی نەتەوەكان نییە، بەڵكو لەنێوبردنی زەمینەكانی ناسیونالیزمە وەك ئایدیۆلۆجیای دەوڵەتی بۆرجوازی.

بەڕێزان نەھێشتن و ھەڵوەشاندنەوە، زۆر لە قەدەخەكردن جیاوازە، چونكە ئەوە تاكی عەرەب نەبوو، كە ئێمەی وەك تاكێكی كورد دەچەوساندەوە، بەڵكو ئەوە دەوڵەتی بۆرجوازی عەرەب لە عیراقدا بوو، بۆیە ئاوەز پەسەندی ناكات، دەسەڵات شت لە خۆی قەدەخە بكات، دەولەت تەنیا چەكوشی بۆرجوازییە بەسەر خەڵكەوە، ئیدی ڕێكخستنی ئابووریی ئەو دەولەتە كەرتی گشتی (دەوڵەتی) و بازاری قۆرخكراوبێت یا كەرتی تایبەتی و بازاری بەڕەڵای نیئۆلیبرالیزم بێت !

ڕاستییەكەی دەبێت لەم خاڵەدا ددان بەوەدا بنێین، كە ئێوە لە بۆلشەڤیكەكان جیاوازن، چونكە ئەوان چەوسانەوەی نەتەوەیان لەلایەن نەتەوەوە نەدەبینی، بەڵكو لەلایەن سەروەرانی نەتەوەكەی دیكەوە دەبینی!

بەڕێزان، بەپێچەوانەی بینینی خۆتانەوە، لەم دەستەواژە ناڕۊشنەدا ” دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن لەو ناوچەیەی کە لە داهاتوو دا ئەو ” لەنێوبردنی بنەما ئابووریی و ڕامیاریی و كولتوورییەكانیییەوە”ەی تێدا جێبەجێ بکرێت،” شتێكی جیاواز لەوەی ڕەخنەگرانی دیكتاتۆری دەیڵێن، نەوتووە، ئێمەش ھەر لەوێوە دژایەتی دەكەین، كە دەوڵەتە و دەوڵەتیش ئامرازی دەستی چینێكی سەروەر، ئیدی سەروەران چینێكی كۆمەڵایەتی وەك بۆرجوازی بن یا كۆمونیستە دەسەڵاتخوازەكان! ئەوا ھیچ لە پرسی دیكتاتۆریی ناگۆرێت و بە كردەوەش دیتمان، كە ھیچ جیاوازییەك لەنێوان دیكتاتۆری بۆلشەڤیكەكان و نازییەكان و فاشییەكان و بەعسییەكاندا نەبوو و نەبووە ونییە و ناشبێت !

باشە كاتێك كە شۆرشی پڕۆلیتاریا بێت لە لەنێوبردنی چەوسێنەرەكەی، كە دەكاتە لەنێوبردنی خۆی، ئیدی چۆن دەمێنێت و دەبێتە سەروەر و دیكتاتۆر؟ ھەڵبەتە لە مۆدێلە سۆشیالیستییە ئاخرزەمانییەكەی ئێوەدا، كە تێدا ھێشتا سەرمایەداران خاوەنی كارخانەكانن و  باج دەدەن، دەكرێت پرۆلیتاریاش لە كارخانەكاندا خەریكی خەباتكردن بێت بۆ باشتركردنی ژیانی وەك لە تەواوی دەوڵەتەكانی دیكەدا، خەریكن و ناچارە، لەسەر ئەم بنەمایە دیكتاتۆریی پارتەكەی ئێوە بەناوی پرۆلیتاریاوە، مرۆڤ دەتوایت وێنای بكات !

” پارت دەتوانێن ببێتە لێژنەی ڕێبەری کردنی ئەو حکومەتەی کە لەلایەن گەلەوە بڕیارەکانی دەردەچن و پارت دەتوانێت پارێزگاری لەو ئامانجانە بکات کە بریتین لە “ئازای و یەکسانی”

باشە گەل یا چینێك كە توانانی شۆرسكردنی ھەبێت و توانای لەنێوبردنی سیستەمێكی ھەزاران ساڵەی چینایەتی ھەبێت و مافی ىڕیاردانیشی ھەبێت، ئیدیدی بەخۆی چۆن ناتوانێت ئەو لێژنانە پێكبھێنێت، كە بۆ جێبەجێكردن پێویستن؟ ئیدی بەخۆی چۆن ناتوانێت پاریزگاریی لە ئامانجەكانی بكات؟ ئایا مرۆڤ ھەیە ئامانجی ھەبێت و نەتوانێت پاریزگاری لە ئامانجەكەی بكات ؟ كەسی ئامانجدار، كەسی ھوشیارە و كەسی ھوشیاریش پێویستی بە شوانەیی كەس نییە!

ببوورن، لەمە زیاتر من ناتوانم بچمە وردەكارییەوە، چونكە نازانم بۆچوون و تیروانینی ھاوڕێیانم لە درێژەیدا چی دەبێت، بۆیە لێرەدا كۆتایی بە وەلام بەناوی (سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- KAF)ەوە دەھێنم و ئەگەر پێویستی كرد، ئەوا لە درێژەی مشتومڕەكەدا ھەر كەسەمان بەناوی خۆمانەوە بەوپەڕی دڵخۆشییەوە بەشداری دەكەین.

دووبارە سڵاو و خۆشەویستیمان بۆ ھەموو كەسێك كە ھیوای دواڕۆژی بە كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر [سۆشیالیستی / ئەناركی]ەوە گرێداوە، ھیوادارین وەڵامەكانمان ھەستی كەسیی ھیچ كەسێكیان بریندار نەكردىیت و ھەروا ھەر كەس لەلای خۆیەوە ھاوڕێ و ھاوەڵانی خۆی بۆ بەشداری لەم مشتومڕەدا بانگەواز بكات.

تێبینی  و تكایەكی دۆستانە : پێشتر ھاوڕێیانمان لە كۆمەلێك مشتومڕی ھاوڕێیانی ئێوەدا بەشدارییانكردووە، بەڵام بەداخەوە لەبری بەردەوامیدان بە مشتومرەكان، ھاوڕێیانی ئێوە بابەتەكانیان سڕیونەتەوە، تاوەكو كۆتایی بە مشتومڕەكە بھێنن. لێرەدا مەبەستم لە ئەكاونتێك بەناوی ( لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان) نییە!

بەرەو كۆمەڵگەی بێچین و چەوسانەوە

(سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان- www.anarchistan.tk  )

خوێنەرانی ھێژا بۆ خوێنندەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەم بەستەرە بكەن :

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=615433518470011&set=a.335256909821008.96368.335231036490262