دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان /٣

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی سێیەم

تاهیر ساڵح شەریف:

سڵاو هاوڕێیان… من بەهۆی کەمی کاتەوە بە خێرایی سەرنجمدایە سەر تێکستەکان و مناقشەکانتان. بە هەموو جیاوازی تێگەیشتنمانەوە دەربارەی سەرمایەداری و سۆشیالێزم، بەڵام ئەم مناقشانە زەرورین.

 هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە ڕژێمی سەرمایەداری، ڕژێمێکی ناعادلانەیەو سەرئەنجام بڕوامان بەوە هەیە کە دەبێت ئەم ڕژێمە لەناوببرێت و سیستەمێکی دیکە بۆ ژیان بێتە کایەوە کە مرۆڤەکان تێیدا بە یەکسانی بژین و کەس ئاغا و ڕەعیەت، یان کۆیلە و کۆیلەدار نەبێت تێیدا. ئەو سیستەمەش، شتێک نییە جگە لە سیستەمی کۆمۆنیستی.

من پێم وایە تیۆریسانی کۆمۆنیزم، لە سان سیمۆن، فۆریە، پرۆدۆن، باکۆنین و مارکسەوە بگرە هەتا دەگات بە نەوەکانی دوای خۆیان، هەموویان لە سیستەمی سەرمایەداری ناڕازین و تەئکید لەسەر سیستەمێکی نوێ و عادیلانە دەکەن. لەم ڕووەوە من بڕوام وایە کە هەموو لایەک لە خاڵی ئەنتی کاپیتاڵیزمدا یەکدەگرنەوە، بەڵام لە خاڵی گەیشتن بە کۆمەڵگەی پۆست کاپیتاڵیزم [ کۆمۆنیزم ] دا لێکجودا دەبنەوە و ناکۆکییەکان لە نێوانیاندا سەرهەڵدەدات. هیچ یەکێک لە تیۆریسێنانی سۆشیاڵیزم ژیانی داهاتووی لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی پاش سەرمایەداریدا لە قاڵبی بەرنامەیەکی موقەدەس، موتڵەق و شێوە دینی نەداوە [ وەک ئەوەی لە تێکستێکی هاوڕێ هەژێندا بەرچاوم کەوت ]، بەڵکو ئەوان تەنها تیۆرییەکیان لە بارەی کۆمەڵگەی پۆست سەرمایەدارییەوە خستۆتە ڕوو، تیۆرییەک کە بەهیچ شێوەیەک نەچوونەتە ناو تەفاصیلاتەکەیەوە. …..

 لەو نووسینەی پێشەوەی باکۆنیندا، کە هاوڕێ زاهیر بەشێکی لێکردۆتە کوردی، شتێک دەربارەی کۆمەڵگەی دوای سەرمایەداری ناڵێت. باکۆنین لەو نووسینەدا تەنها لە سیاسییەکان و دەوڵەت توڕەیە، بەڵام میکانیزمێک دەربارەی نەمانی دەوڵەت، یان ئەڵتەرناتیڤی ” دەوڵەت ” پێشنیار ناکات. گریمان هاوڕا بووین لەگەڵ باکۆنیندا دەربارەی ناوەرۆکی نووسینەکەی، بەڵام با کۆنین پێمان ناڵێت چۆن دەوڵەت [ بە هەمان تعاریف و پێناسەکانی ئەو ] لەناو ببەین و دوای دەوڵەت چی؟!… لە نووسینە کورتەکەی باکۆنیندا وەڵامێکی ئەو پرسیارەمان دەست ناکەوێت و ئەگەر مرۆڤ لە هەمان تێگەیشتنی باکۆنینەوە، بنەمای کار بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی دابڕێژێت، تەنها خۆی تووشی پاسیفیزمێکی توڕە بەرانبەر بە دەوڵەت و سیاسییەکان دەکات و تەنها لە شوێنی خۆیدا مراوەحە دەکات!….

 سەبارەت بە [ پرۆلیتار ] بوونیش، کە لە تێکستێکی هاوڕێ زاهیردا بەرچاوم کەوت، مارکس لە دوو دەقی خۆیدا، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی هاوڕێ زاهیر لەمەڕ پرۆلیتار بوون، کە پێی وایە پرۆلیتاربوون تەنها کرێکارانی پیشەسازییە، ڕاست دەکاتەوە. مارکس هەم لە مانیڤێست و هەم لە نووسراوی کاری بەرهەمهێن و نابەرهەمهێنەکەیدا،  بۆچوونی وایە  کە لە قەشەیەکەوە  بگرە تا دەگاتە مۆسیقار و زانایەک، ئەوانە هەموویان کۆیلەی کرێگرتەن لە شێوە و سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە هەمان لە ٩٩%، کە دروشمی ۆڵستریتییەکان بوو، بە کرێکاری کرێگرتە ناو لێدەبات…. هەروەک وتم لەبەر کەمبوونی کات و بەپەلە خوێندنەوەی تێکستەکان، نەمتوانی سەرنجەکانم لەسەر گشت باسەکەتان بنووسمەوە و بەوهیوایە کە ئەم جۆرە پۆڵیمکانە درێژەیان هەبێت.

فواد قەرەداخی:

دەستخۆش هاوڕێ تاهیر، راستت پێکاوە کە ئێمە خاڵی ناوکۆییمان هەیە سەبارەت بە سیستمی سەرمایەداری، بەڵام چۆن ئەو سیستمە لەناودەچێت ، ئەوە خاڵی جیاوازییە ، دیارە باکۆنین شیوعییەکی تێکۆشەرو زۆر ئەکتیڤی سەردەمی خۆی بووە و لەو پێناوەدا چەرمەسەری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتی لەناوبردنی سەرمایەداری باشی نەپێکاوە و خۆی و شوێنکەوتووانی لە ئینتەرناسیۆناڵی یەکەمدا دەورێکی سکتاریستانەی رێکخراوەییان دیوە و بزووتنەوە کرێکارییەکەی ئەو سەردەمەیان بە پارچە پارچەیی هێشتۆتەوە کە ( ئێستا بە عەمەلی هەمان مەترسی هەیە لەلایەن شوێنکەوتووانی ئەمڕۆیەوە )، ئەو ئیعلانی ئەنتی دەوڵەتی کردووە بە شێوەیەکی ئەبستراکت : دەوڵەت بەبێ بوعدە مێژووییەکەی، هەروەها دەوڵەت بەبێ ناسنامە چینایەتییەکەی، بۆیە کە هاوڕێیانی ئەنارکیست باس لە نەهێشتنی دەوڵەت دەکەن تەنها لە ستراتیژ دەدوێن، بەڵام پێمان ناڵێن تاکتیکی عەمەلی بۆ نەهێشتنی دەوڵەت چییە، خۆ ئێمەومانانیش دەزانین ماهییەتی دەوڵەت لەسایەی هەموو سیستمەکاندا سەرکوتکردنی چینایەتییە، بۆیە دەبێت نەمێنێت و ئەوە حوکمی مێژووشە بەڵام چۆن نامێنێت ؟ ئەوە کرۆکی پرسیارەکەیە. ئایا لە دنیای ئەمڕۆدا ( دنیای سەرمایەداری ) مومکینە ؟ ئایا ئەوە قەڵەمباز نییە بەسەر واقیع و مێژوودا، ئایا ئامادەکردنی پێداویستییەکانی لە ئارادایە ؟ یان دەبێت ” نەخشە رێگای” هەبێت بۆ هێنانەدی ، من ئەو نەخشە رێگایە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سۆسیالیستی کرێکاران دەزانم لە دواڕۆژدا لەگەڵ ناسین و دەستنیشانکردنی هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر بەشەرییەتدا هات لە سایەی دەوڵەتە سۆسیال بۆرژواو سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکاندا کە سەرلەپاکیان هەرەسیان هێنا.

زاهیر باهیر:

سوپاس هاوڕێ تاهیر کە هاتیتە ناو جەدەلەکەوەو بەهاو وەزنەکەیت زیاد کرد. من لەگەڵ هاوڕێ هەژێندا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕام و تێبینییەکی وام نییە لەسەر کۆمێنتەکەی، جگە لە وشەی چینی کرێکاران نەبێت ، کە دواتر لەسەر کۆمێنتەکەی هاوڕێ تاهیر بەکورتی شتێک دەڵیم.

 هاوڕێم کاک فوئاد سەبارەت بە کۆمێنتی پێشترت. ڕاست دەکەیت کە لێدوانەکەی ئێمە لە مەداری دەوڵەتدا دەخولێتەوە، بەڵام بەڕای من ئەمە ڕۆح و جەوهەری هزری ئەنارکیسزمە کە دژی دەسەڵاتەو دەوڵەتیش بەشێکی یەکجار گەورەی ئەو دەسەڵاتەیە. زۆر زۆر زەروورە کە مەسەلەی دەوڵەت لەلامان لابەلا بێتەوە، چونکە هەرە زۆرینەی هاوڕێیان بەدەر لە دووری و نزیکیمانەوە لەیەکتری، حیزب و دەوڵەت لایان زەروورە بۆ تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە بۆ قۆناغی سۆشیالیزم ، کۆمۆنیزم. ئەوەتا تۆش پێ لەسەر ئەوە دادەگریت کە دەوڵەتێکی سۆشیالیستی پڕۆلیتاری زەروورە بۆ گەیاندن بەو قۆناغە، کە لەکتێکدا، ئەزموونی ١٠٠ ساڵەی ڕابوردوومان ئەو تیورەی فەشەل پێهێناو سەلماندی کە دەوڵەت شتێک نییە جگە لە ئامرازی حوکمی چینایەتی. من ئەمەم بۆ قوت ناچێت، پڕۆلیتاریا کە حوکم دەکات ، بەسەر کێدا دەیکات؟ خۆ گەر بەسەر پاشماوەی  بورجوازیدا دەیکات، ئەو کات پێویستی بە هەبوونی هەموو دەسگە ئابوری و سیاسی و میلیتەری و سیخوری میدیای شەڕەنگێز و هتد هەیە هەروەک هەموو دەوڵەتێکی تر لە ڕابوردوو لە ئێستادا، ئەوکاتە هەموومان دەزانین چی دەبێت و چی ڕوودەدات و پاشەڕۆژ بەرەو کوێ دەڕوات. لۆجیك و واقیع قەبوڵی ناکات کە کۆمەڵگە بگاتە قۆناغی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم ، لە ڕێگەی دەوڵەتەوە. بەڕای من لە ڕیگای دەوڵەتەوە ناگەینە ئەو قۆناغە، بۆیە گرنگە کە قسە لەسەر دەوڵەت بکەین ، بەڵام چۆن دەوڵەت ناهێڵین ئەمەیان جەدەلێکی ترە. لای ئەنارکستەکان شۆڕش، شۆڕشی هەموو خەڵکە دژی کەمایەتییەکی زۆر کەم، هەروەکو هاوڕێ هەژێنیش وتی ئەم شۆڕشە بەردەوامەو هەموو ڕۆژێکە، هەموو دەقەیەکە، بەڵام ئەم شۆڕشە دەبێت لە بنی کۆمەڵگاوە دەست پێبکات ، بە ئامادە بوونی خەڵکی و هاوکارییان لە هەموو شوێنێکدا و خۆڕێکخستنیان دژی دەسگە بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت و ناو کۆمەڵگە تاکو داخوازییەکانیان و گێڕانەوەی هەموو بڕیارەکان و دەسەڵاتەکانە بۆخۆیان، مەیسەر دەکەن، بەمشێوەیە لەهەمان کاتیشدا دژی هەموو چەشنەکانی  دەسەڵات، دەجەنگن.  من نامەوێت لێرەدا زۆر لەسەر ئەمە بڕۆم چونکە من بە درێژی لە چەند وتارێکمدا لەسەریم نوسیوە، تەنها ئەوەندە دەڵێم کە هەرەوەزیانە لەو بوارانەدا بڕیارەکان دەدەن و هەر بە هەرەوەزیانەش کاری لەسەر دەکەن. دیارە پارت یا حیزب ئەمانەی بۆ ناکرێت و هەمیشەش ئەوان خولیای دەستکەوتنی دەسەڵاتن. حیزبچێتی و حیزبگەرێتی بزوتنەوەی خەڵکی نین و بگرە لێدانە لەو بزووتنەوەیە، لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا ڕووداوەکان و بەڵگەنامەکان شاهیدن بەتایبەت کە دەستیان گەیشتۆتە دەسەڵات.  من دەزانم ناکۆکییەکی گەورە هەبووە لە نێوانی مارکس و باکۆنین دا تەنها سەبارەت بە دەسەڵات، دەوڵەت، بەڵام مارکسیش لەو بوارەدا سکتاریانە ڕەفتاری لەگەڵ هەرکەسێک کە لەگەڵ بیری ئەودا نەهاتبێتەوە، کردوە، تۆ لەمن باشتر دەزانیت ئە و چی کردوە بە برۆدۆن لە بوئسی فەلسەفەدا. من باوەڕم بەوە نییە کە نێونەتەوەی کرێکاران چ لەسەردەمی مارکس و چ دوای ئەویش، بووبێت. ئەوەی کە بووە نێونەتەوەیی خودی ئەو خەڵکانە بووە و هەروەها حیزب و ڕێکخراوەکانیان، نەک کرێکاران، هیچ جیاوازییەکی لەو ڕووەوە نەبووە لەگەڵ نیونەتەوەیی ٣ هەم ٤ هەمیشدا. لە کۆتاییدا دەڵێم ئێمە دەتوانین قسە لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن دەوڵەت لەناو بچێت بەڵام ئالەم دەقیەدا ئەوە گرنگە کە بزانین بۆچی دەوڵەت بە هەموو جۆرەکانییەوە کۆسپ و بەستن لە ڕێگای  بەدیهێنانی کۆمەڵگەی سۆشیالیزمدا

درێژەی ھەیە ……

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی دیكە، سەردانی ئەم بەستەرانەی خوارەوە بكە

بەشی یەكەم :

 http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم:

http://wp.me/pu7aS-18m

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s