بەستەرەكانی فێمینیزم و ناسیونالیزم

بەستەرەكانی فێمینیزم و ناسیونالیزم

ھەژێن

٢٠ی فێبریوەری ٢٠١٤

ئەگەر چی لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوین بەگشتی و لە ھەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی فێمینیزم [ لێرەدا مەبەستم فێمینیزمی دەسەڵاتخوازە] وەك ئایدیۆلۆجیایەكی ڕەگەزیی بەفراوانی ئامادەنەبووە، بەڵام فێمینیزم بەواتای ڕەگەزپەرستی و دوژمنسازی لە ڕەگەزی بەرامبەر لە شێوە سەرەتاییەكاندا چ وەك كاردانەوەی ناھوشیارانەی ژنانی ناڕازی بەڕووی ڕەگەزپەرستی پیاواندا ھەر لە كۆنەوە و چ وەك كاركردی ئامانجدارانەی دەستەبژێرێك لە ژنان لە كۆتایی سەدەی ڕابوردوو و سەرەتای ھەزاری سێیەمدا بوونی ھەبووە و ھەردەم بەپێی تێگەییشتن و ئاستی ھوشیاری كۆمەڵگە و خۆھوشیاریی تاك، كۆمەڵێك پێشداوەری و خۆسێنتەری و ستریۆتیپی بەرھەمھێناوە، ھەروەھا وەك ئایدیۆلۆجیایەكی ڕەگەزپەرستانە چەند ساڵێكە بە دەستپێشخەریی ژنانی دەسەڵاتخواز، ئاو بەئاشی دەسەڵاتدا دەكات و خەریكی سەربازگیریی ژنانە لە لەشكرێكی ڕەگەزیی سەروەرخوازانەدا.

گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگەز

فێمینیزمی ڕەگەزپەرست یا دەسەڵاتخواز، بە گەڕانەوە بۆ سەر ڕەگەز، پاگەندەی ھاوبەرژەوەندیی و ھاوچارەنووسیی و ھاودەردی و ھاوڕێبازی و ھاوخەمی ھەموو ئەندامانی ڕەگەزەكە دەكات، ھەروەك ناسیونالیستەكان گشت تاكەكانی نەتەوەیەك بە ھاوخوێن و ھاوبەرژەوەند و ھاوچارەنووس و ھاوخەون و ھاودەرد و ھاوخواست ھەژماردەكەن و ھەر كەس لە دەرەوەی ئەو بازنەوە بێت، ئەوا خۆبەخۆ دەخرێتە خانەی دوژمنەكان. ئەمە پەڕجووی كاركردنی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستییە، كە كار لەسەر ناھوشیاریی و ناڕۆشنیی تاكەكان دەكات و دەیكاتە دەسمایەی خۆی بۆ جێخستن و خێرا تەشەنەپێدانی ئایدیۆلۆجییەكەی. ھەر ئەوەشە وا لە ناسیونالیزم دەكات، كە زۆر بە ئاسانی و بە بەرفراوانی پەرەبسێنێت و گشتگیرببێت. فێمینیزمیش وەك ئایدیۆلۆجیایەك پشت بە ھەمان بنەما و زەمینە و پێشینە و خەزێنە لە ناھوشیاریی و ناڕۆشنیی تاكەكان دەبەستێت و لەسەر باوەڕە ڕەگەزییەكان كاردەكات و دەیانكاتە دەستمایەی بۆ ھەڵخڕاندنی تاكەكان لە دەوری خۆی.

پشتبەستن بە ئایدیۆلۆجیا

دەستەبژێری دەسەڵاتخواز بۆ وێناكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی وەك بەرژەوەندی ھەمووانی ھاوڕەگەز یا ھاونەتەوە، ئایدیۆلۆجیایەك لەسەر بنەمای كینەدۆزی و ململانێ و دژایەتی تاكە ناھوشیارەكان، چێدەكات و لە مرۆڤەكان لە سەرووی پێكھاتەی كۆمەڵایەتی چینەكانەوە، دۆست و دوژمن دروستدەكات. ئایدیۆلۆجیا وەك كاراترین چەكی ڕامیاریی بەبێ بوونی دۆست و دوژمن، ھەرگیز توانای جێكەوتەبوونی نییە. ھەر لەبەرئەوە گەورەترین سەرمایەگوزاریی لەسەر دوژمنایەتی دروستكردن لەنێوان تاكە كۆمەڵایەتییەكاندا و دابەشكردنیان بەسەر ڕێكخستن و پێكھاتەی ناكۆمەڵایەتییدا، دەكات و لە دۆست و ھاوكار و ھاودەرد و ھاوگەڕەك و ھاوگوند و ھاوشار و ھاووڵات و ھاوكیشوەر و ھاوسەرزەمین، دوژمنی ئەوڕۆكەیی دررست و پەروەردەدەكات.

مرۆڤایەتی لە بارەی ئایدیۆلۆجیای ئایینی و ناسیونالیستییەوە، خاوەنی ھەزاران خەروار ئەزموون و وانەیە، نزیكەی ھەموو جەنگە نێوخۆیی و ناوچەیی و دەوڵەتیی و جیھانییەكان، دەمارگیریی و پاوانخوازیی و كینەدۆزیی ئایینی و ناسیونالیستیی بوونەتە چەخماخەی ھەڵگیرساندنیان و ھاندەر و درێژەپێدەریان. ئایدیۆلۆجییە تازە و ھاوچەرخەكانی دیكە، بە پشتبەستن بە خەرواری ئەزموونی ئەو دوو ئایدیۆلۆجییە كەوتوونەتە پەلوپۆھاویشتن. ڕوودانێكی ئاوا نە ڕێكەوتە و نە لە دەرەوەی پلانەكانی پاراستنی سەروەریی چینایەتییەوەیە، بەڵكو ئامانجدارانە كار لەسەر خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی و زەمینە پێشینەییەكانیان لە خێڵگەرایی و كۆنەپەرستی خەڵكدا دەكەن و بەسوودوەرگرتن لە تواناییە تەكنۆلۆجییەكان و خێرابوونی پەیوەندی یەكلایەنە لە ڕێگەی میدیای زاڵەوە، توانایەكی جادوویی بە تەشەنە و گشتگیربوونی ژاراوگەرییەكەیان دەدەن.

دروستكردنی دوژمنی ھاوبەش

ھەموو ئایدیۆلۆجیایەكی دەسەڵاتخواز، پێویستی بە چێكردنی دوژمنی ھاوبەش لەنێوان تاكەكانی ڕەگەز  یا نەتەوەدا ھەیە، تاوەكو وزە و توانایان بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە و یەكێتی كۆمەڵایەتییان پێچەوانە بكاتەوە، بۆ ئەوەی داخوازییەكانیان بكاتە كێبڕكیی دوژمنكارانە لەنێوانیاندا و لەو دوژمنایەتییە دەستكردە ڕامیارییەدا، سێبەرێك بۆ تەختی سەروەربوونی خۆی سازبكات.

ھەوڵی پەردەپۆشكردنی جیاوازییە چینایەتییەكان لەژێر پەردەی ھاودەردیی و ھاوچارەنووسیی ڕەگەزییدا. یەكێكە لە ھەوڵە ئاشكراكانی ھەڵگرانی ئایدیۆلۆجی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، كۆكردنەوەی ھەموو ژنانە لە ژێر خێوەتێكی ڕەگەزییدا، كە ژنانی زیندانی لەتەك ژنانی پاسەوان و ئەشكەنجەدەر، ژنانی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار، لەتەك ژنانی ژێردەستە و كرێكاردا، ژنانی ھەلپەرست و بەرتەریخواز و مشەخۆر لە تەنیشت ژنانی لەخۆبوردوو و ڕەنجخوراودا لەسەر خوانی ئایدۆلۆجیا و ڕامیاریی كۆدەكاتەوە !

سەرەكیترین ئامانج لە دروستكردنی وەھا پوچگەرایی و خۆشباوەڕییەك، دابەشكردنی ھێزی چینایەتی چین و توێژە ژێردەست و چەوساوەكانە بەسەر دوو ڕەگەزی دژ بەیەك و بەرژەوەندجیاوازدا. وەك گوتم ئەمە ئەزموونگیرییە لە ئایدیۆلۆجیییە ئایینی و ناسیونالسیتییەكان، كە پێش فێمینیزمی دەسەڵاتخواز گەورەترین جەنگی ناھوشیارانەیان لە نێوان تاكە چەوساوەكاندا بەرپاكردووە. فێمینیزمی بۆرجوازیی بە ھەمان ئاراستە و ئامانج و مەبەست، خەریكی ھەستەوەركردنی ژنانە وەك یەكەكەی ھاوبەرژەوەند لە دژی پیاوان و پیاوانیش وەك یەكەیەكی ھاوبەرژەوەند وێنادەكات. ئەمە ئەو جەنگە ڕەگەزییە مەترسیدارەیە، كە فێمینیستە دەسەڵاتخوازەكان، چەخماخەی لێدەدەن. مەترسیداربوونی وەھا جەنگكێك لەوەدایە، كە ڕەھەندی كۆمەڵایەتیی وەھا كینەدۆزییەك تا نێوان دوایین ئەندامانی خێزان دەڕوات، چونكە واوەتر لە ئایین و ناسیونالیزم، فێمینیزم جەنگەكەی تاكدەكاتەوە، واتە لە جەنگی گروپییەوە دەیكاتە جەنگی نێوخۆیی تاكەكان لە ھەر سات و لە ھەر بازنە و یەكەیەكی ژیان و پێكھاتەی كۆمەڵایەتییدا بەرپایدەكات.

بە بۆچوونی من، ھەر ئاوا كە ناسیونالیزم ھیچ پەیوەندییەكی بە نەھیشتنی ستەم و داگیركراوی و ھەڵاواردنی كولتوورییەوە نییە و وەك لەم ڕۆژگارەدا لە ھەرێمی كوردستان یا ھەر جێییەكی دیكەی ئەم جیھانەدا دەیبینین، دەسەڵاتێك كە بە سەركەوتنی ھێزە ناسیونالیستەكان سەرھەڵدەدات، بەخۆی توندتر لە دەسەڵاتی داگیركەران دەكەوێتە ستەمكاریی لە تاكەكانی “نەتەوە” و قوڵكردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەكان لە ڕێوشوێنی كار و ژیانیاندا. ھەر ئاواش ئایدیۆلۆجیای فێمینیستی ھیچ پەیوەندییەكی بە نەھێشتنی ستەم و پلە دوویی كولتووریی و سیستماتیكی ژنانەوە، كە لەسەر بنەمای بوون و نەبوونی دارایی و دەسەڵاتەكان سەریھەڵداوە و ڕاگیراوە و پارێزراوە و پەرەی پێدەدرێت. ھەر ئاوا، كە پاگەندەی ھاوبەرژەوەندی نەتەوەیی گشت تاكەكان و ئازادبوون و یەكسانبوون و بەھرەمەندبوونی ھەمووان لە سامانی نیشتمانی و داھاتی كۆمەڵگە، لە درۆیەكی پیرۆز بەو لاوەتر نییە، ھەواش پاگەندەی ئەوەی ئەگەر دەسەڵات و سەروەریی و بەڕێوەبەریی كۆمەڵگە لە دەست ژناندا بێت، كۆمەڵگە لە ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی لێوانلێو دەبێت، لە پووچگەرایی ئایدیۆلۆجی و پیرۆزكردنی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازی بەولاوەتر نییە! چونكە ھەر ئەم ڕۆژە بەشێك لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و پارلەمانتاران و بەرێوەبەران و پۆلیس و ئەشكەنجەدەران لە ڕەگەزی ژنانن و زیاتر لە پیاوان پێداگریی لەسەر جیاوازی و ھەڵاواردنی ئابووریی و سیستەمیی ژنان دادەگرن. لە بەرامبەریشدا لە ھەرێمی كوردستان ئەوەندەی پیاوان قسە لە ئازادی و یەكسانی دوو ڕەگەزەكە دەكەن و تا ڕادەی فێمینیستبوون كاردەكەن، خودی ژنان ئەو دەركەوتن و پێداگیرییەیان نییە. بێجگە لەوەش ژنان لەكۆمەلگەدا فرەتر لە پیاوان، پارێزەری كۆنەپەرستیی كولتوورین، بۆ نموونە خەتەنەی ژنان، كە خودی ژنان بە كردن و پێداگریی و پاراستنی، دەكەن.

گێڕانەوە یا بەستنەوەی چارەسەر بە بەدەسەڵاتگەییشتنی دەستەبژێری ڕەگەز و  نەتەوە

ھەر ئاوا كە پاگەندەكەرانی ھاوبەرژەوەندیی دارا و نەدار، دەوڵەتمەندان و ھەژارانی ھاوزمان لەژێر ناوی نەتەوەدا دەخوازن بەوە ڕازیمان بكەن، كە بەدەسەڵاتگەییشتنی پارت و دەستەبژێرە دەسەڵاتخوازەكان، كۆتایی بە ھەموو ستەمێك و ھەموو نەھامەتییەكانمان دێت و لە سایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی ھاوزماندا لە بەھەشتی نیشتماندا گورگ و مەڕ پێكەوە لە كانییەك ئاودەخۆنەوە. ھەر لەسەر ھەمان بنەما و بە ھەمان فریوكاری و ھاندەر و میتۆد و لۆجیكەوە، ژنانی دسەڵاتخواز پاگەندەی ئەوە دەكەن، كە ئەگەر لە جیاتی پیاوانی سەروەر، ژنان سەروەر بن، ئەوا كۆمەڵگە و نیشتمانەكەیان دەبێتە پانتاییەك بۆ سەقامگیربوون و باڵادەستبوونی ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی و لە بەرامبەردا ھەڵاواردن و بەھرەكێشیی و زۆرداریی دەبنە بەشێك لە ڕابوردووییەكی زۆر دووری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەمە زۆر لە درۆ و پاگەندەی فریودەرانەوە نزیكە تا لە ڕاستییەوە!

فێمینیستانی دەسەڵاتخواز بۆ ئەو مەبەستە، كۆمەڵگە و خێڵە سەرەتاییەكان دەكەن بە نموونە و بەڵگە و لەو بارەوە ماركسیستەكان پاڵپشتی ئەو پووچگەراییە دەكەن و  پشت بەوە دەبەستن، كە كۆمەڵگە سەرەتاییەكان لە ھەموو ستەم و ھەڵاواردن و نایەكسانییەك خاڵیبوون. بۆچوونی من بێجگە لەوەی ھیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە، كە لە ھەموو كۆمەڵگەكاندا ژنان سەروەر بووبن و ھەروەھا ھیچ بەڵگە و مێژوویەكی تۆماركراوی ئەو سەردەمە نییە، ئەوە بسەلمێنێت كە لەو كۆمەڵگایانەدا كە دایكسالاری كۆڵەكەی ڕیكخستنیان بووە، ستەم و ھەڵاواردن نەبووبێت. بە پێچەوانەوە، لێكۆڵینەوە لەسەر درێژەی ئەو كۆمەڵگایانە لە سەدەی ١٨ و ١٩ و  ٢٠ و ٢١دا ئەوە دەردەخات، كە لە ھەندێك لە كۆمەڵگایانەدا سەروەریی ڕەگەزیی بوونی نییە، لە ھەندێكیاندا ژنان سەروەرن و لە ھەندێكیاندا پیاوان سەروەر بوون، واتە لەم دووانەی دواییدا، كە سەروەریی ڕەگەزیی ھەبووبێت، كەواتە ژێردەستەیی ڕەگەزیش ھەیە و ئەو سەروەرییە بۆ خۆپاراستنی پێویستی بە ڕێكخستن و بەكاربردنی زۆر ھەیە. ئەوی دوور لە دەمارگیریی ڕەگەزیی لەمەڕ ئەو سێ جۆرە پێكھاتانە لێكۆڵینەوەی كردبێت یا بكات، بە ڕۆشنی ئەوە دەبینێت، كە لە نێوان سەروەریی ڕەگەزیی ژن و پیاودا جیاوازیی نییە، گرفتەكە لە بوونی خودی سەروەرییدایە، نەك لە كێبوونی سەرەوەرەكە و كامەبوونی ڕەگەزی سەروەرییەكە. بێجگە لەمە ھەر لە سەردەمی جەنگەكانی پێخەمبەرایەتی موحەمەدی كوڕی عەبدوڵڵای و كوڕی ئەبو موتەلیب’دا كاتێك كە ھۆزە بابسالارەكان [لەنێوانیاندا لەشكری ئیسلامیش] پەلاماری ھۆزەكانی دیكەیان دەدا، ژنانیان وەك دەستكەوت بەسەر خۆیاندا دابەش دەكرد، لە بەرامبەریشدا كاتێك كە دەستگیركراوانی خێڵە بابسالارەكان [بۆ نموونە لەشكری ئیسلام] دەكەوتنە دەست خێڵە دایكسالارەكان لە ھەمان نیوە دوورگەی عەرەبیدا، ژنان پیاوەكانیان بە گون و ئەندامی زاوزێ ھەڵدەواسی و دەیانخەساندن. ئەمانە باشترین نموونەی سەروەریی ڕەگەزیین و ئەگەر لە سەدەی بیست و یەكدا ئیدئۆلۆگەكانی سەرمایەداری بتوانن مرۆڤەكان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجیای ڕەگەزیی دابەشبكەن، ئەوا دەبینەوە بە بینەری دابەشكردنی ژنان و خەساندنی پیاوان، واتە گۆڕاندنی جەنگی چینایەتی ژێردەستان بە جەنگی ڕەگەزیی نێوان ژێردەستان لە دژی خۆیان؛ یەكدی.

وەك گوتم ڕەگەزپەرستیی پیاوان و ژنان داھێنانێكی نوێ و ھاوچەرخ نییە، بەڵكو زۆر لەوە كۆنترە، كە دەستی بیرەوەریی و بەڵگە تۆماركراوەكانی پێڕابگات، چونكە بەرھەمی ناھوشیاریی و بەرەنگاریی نیگەتیڤ و پاسیڤی ھەڵاواردنە. ھەروەھا ئەگەر لەم سەردەمەدا كەسێك بە ڕێكەوت و لە ناھوشیارییەوە پێشنیاری ھەر جەنگێك دژی ئەوی بەرامبەر بكات، یەكەم ناھوشیاریی گشتی پەرەپێدەدات و دووەم لەلایەن لێكۆڵەرەوان و ئامارگیران و سەرنجپرسان و ئیئۆلۆگەكانی سەرمایەدارییەوە بە ئامانجی بەكاربردنی بۆ پاراستنی سیستەمی چینایەتی، ھوشیارانە سیستەماتێك دەكرێت و میدیای دەسەڵات دەكەوێتە خزمەت بڵاوكردنەوە و تەشەپێدانی.

دروستكردنی خۆشباوەڕیی بە باشی خود و خراپی بەرامبەر

دروستكردنی وەھا پووچگەراییەك، كە ھەموو ژنێك چەوساوە و ھەموو پیاوێك چەوسێنەرە، پشت بە ھەمان بنەمای ئایدیۆلۆجی ناسیونالیزم دەبەستێتێت، كە ھەموو تاكێكی نەتەوەی خۆ زیرەك، بەھرەدار، بەتوانا، جوان-ڕەوشت ، زرەنگ، جوان، بەخشندە، لێزان، شارەزا، كولتوور بەرز، ھوشیار، خاوێن، شایەستە، ..تد، ھەموو تاكێكی نەتەوەی بەرامبەر، دەبەنگ، بێبەھرە، بێتوانا، بەد-ڕەوشت، تەمەڵ، ناشیرین، پیسكە، نەزان، نەشارەزا، كولتوور نزم، ناھوشیار، پۆخڵ، ناشایەستە ..تد، ھەر بەو جۆرەی كە میدیای ئەوروپی بە ئامانجی سووكایەتی بە كولتوورەكانی دیكە و خراپنیشاندانی كۆچەران و دروستكردنی جەنگی كولتوورەكان و ئایینەكان، ھەموو تاكێكی نا ئەوروپی بەتایبەت خۆرھەڵاتیی بە بابسالار و دژە ژن نیشاندەدات، ھەر واش پاگەندەی ژنانی فێمینیست و لایەنگرانیان لە دوو دەھەی ڕابوردوودا تەنیا دێو و درنج نیشاندانی پیاوە، تا ڕادەی ئەوەی كە منداڵان ڕكیان لە باوكیان دەبێتەوە، یا پیاوانێك تووشی لەخۆنامووبوون و ھەست بە تاوانباریی دەكەن، لە كاتێكدا كە ھیچ تاوانێكیان دژی دایك و خوشك و كچ و ھاسەر و ھاوكار و ھاوپۆل و ھاوگەڕەك و ھاوشاری و ھاووڵاتی و ھاوجیھانیان ئەنجامنەداوە.

ئەو پووچگەارییە، نەك ھەر ڕاستی تێدا نییە، بەڵكو پاگەندەیەكی ئامانجادارانەی ژەھراوییە، كە دەخوازێت لە دووبەرەكی ژنان و پیاواندا بۆشاییەك بۆ كایەی دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێرێك لە ژنان بئافرێنێت و ھاوكات بە بەئامرازكردنی ستەم و ھەڵاواردن و پلەی دووی ژنان لە كۆمەڵگەی چینایەتی و لە نێو پاشماوەكانی خێڵایەتیدا، خزمەت بە مانەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بكات، بەڵام ئەو جار لە ژێر دێوجامەی دادپەروەریی فێمینیزمدا !

بۆ دەركەوتنی پووچەڵی ئەو پاگەندەیە، پێویستمان بە ھەستەوەریی [ھەستەوەریی بە واتای نیگەتیڤ نا، بەڵكو بە واتای sensibility] كولتووریی و ڕەگەزیی و چینایەتی ھەیە، كە چاویلكە ڕەگەزیی و نەژادی و ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجییەكانمان فڕێدەدات و لە جوانتربینن و وردنینینی كەتواریانەی كۆمەڵگە و ڕووداوەكانیدا كۆمەكماندەكات. ھەر یەك لە ئێمە لەدایكبووانی كۆمەڵگەی بابسالاریی لەوانەی دیكە باشتر دەزانین و ھەستی پێدەكەین، كە پیاو لەو كولتوورەدا ناچار و سزاوارە بەوەی كە نابێت و نەنگییە، ڕازی ژێردەستەیی خۆی، گیرۆدەیی و ئازار و ئەشكەنجەیەك، كە ڕۆژانە لە نێو خێزان و شوێنی كار و خوێندندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بدركێنێت و لەمەڕ ئازار و ئەشكەنجە دەروونی و جەستەییە ڕۆژانەییەكانی نێو خێزان بدوێت و سكاڵابكات، چونكە ئەوە لاوازیییەكانی دەخاتە ڕوو و ھەموو شانازییە كولتوورییەكانی پیاوەتی دەخاتە ژێر پرسیار: بەڵام لە بەرامبەردا لاوازنیشاندانی ژنان لەو كولتوورەدا بواری بۆ ژنان ڕەخساندووە، كە سكاڵای خۆیان لەمەڕ دڕندەیی كولتووریی دەرببڕن. بەم جۆرە دەبینین، بابسالاری ئەگەر لە ڕوویەكەوە بۆ پیاوانی ستەمكار و بەدڕەوشت بەرتەرییەك بێت، ئەوا بۆ پیاوانی نەرم و نیان و یەكسانیخواز ناسەنگی و خراپكاراییە. ھەروا ئەگەر لاوازبینی كولتوورییانەی ژنان بۆ زۆرینەی ژنان بە ئەشكەنجە و سووكایەتی و نایەكسانی تەواوبووبێت، ئەوا بۆ كەمینەیەكی دەسەڵاتخواز و ستەمكار و سووكایەتیكەر لە ژنان، بە پەردەپۆشیی ستەمكاری ڕۆژانەی نێو خێزان تەواودەبێت و دەىبێتە بازارێك بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی و زەمینەسازی بۆ ڕشتنی ژاراوی ئایدیۆلۆجی سەروەرییخوازانەی چینایەتی لەژێر دێوجامەی ڕەگەزییەدا. ئەگەر بە وردی سەرنجبدەین، ژنانی ستەمكار و دەسەڵاتخواز لە نێوەندی خودی ژناندا بە پیاوانی ناسراون.

ئافراندنی باری ناجێگیری دەروونی بۆ تاكەكانی ڕەگەز و نەتەوە، بەوەی كە ھەمیشە و لە ھەر دەستەواژەیەكدا خۆییەكان بە پەلاماردراو ببینن

فێمینیستانی دەسەڵاتخواز ھەروەك ناسیونالیستان و مەزھەبییان ھەردەم، خەریكی شێواندنی دەروونیی تاكەكانن بە ئامانجی ئاسان جێگیربوونی ئایدیۆلۆجییەكەیان، كە ئامانجیان گەییشتنە بە سەروەریی. كاتێك كە ژنێك، ھەرچی پیاو بیڵێت و بیكات، بەوەی بزانێت، كە ئامانجی سووكایەتی و ژێردەستكردن و لەنێوبردنی ئەوە، ھەروەك چۆن كوردێك یا موسوڵمانێك ئاوا ھەستبكات، كە ھەرچی ناكورد و ناموسوڵمانەكان دەیكەن، ئامانجی دژایەتی ئەمانە، ئەو كات تووشی بارێكی دەروونیی ناجێگیر و شێوا دەبێت، كە ھەم لە خۆی نامۆدەبێت و ھەم بڕوای بە دۆستایەتی ئەوانی دیكە نامێنێت و ھەموو ساتێك خۆی لە جەنگێكی ناكۆتاییدا دەبینێتەوە، كە تێیدا ئەو لەبەردەم مەترسی پلان و ھێرش و دڕندەیی ئەوانی دیكەدا دەبێنیت. بار گرژییەكی دەروونی ئاوا، تاكێك كە ھەست بە ستەملێكراوی خۆیدەكات، دەكاتە دڕندەیەكی پەلاماردەر، چونكە بەو سەرنجامە دەگات، ئەگەر ئەو پەلامارنەدات، ئەوا دوژمنەكەی پەلاماری دەدات و براوە دەبێت. واتە دروستبوونی ھەستی خودچەوساوەیی و خودڕاستیی ھەمیشەیی و چەوسێنەربوون و ھەردەم دڕندەیی ئەوانی دیكە. ئەمە ھەمان ھەستە كە لە نێو ھەڵگرانی بیری ئایینی و نەتەوەییدا دروستدەبێت، بۆ نموونە جوولەكەكان یا عەرەبە فەلەستینییەكان، جوولەكەكان لەسەر دروستكردنی شوناسی بێتاوانی ھەمووانی جوولەلەكان پاش ھۆلۆكۆست، عەرەبە فەلەستینییەكان لەسەر دروستكردنی شوناسی بێتاوانی پاش داگیركردن و جێبەجێكردنی نەخشە و پلانی زلھێزەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا بەسەریاندا، باشترین نموونەن و باشترین خزمەتیان بەسەروەریی چینایەتی لەو ناوچەدا كردووە و خەباتی چینایەتییان لە ناوچەكەو لەنێو تاكە جوولەكە و عەرەبەكاندا دەیان دەھە پاشەكشێی پێكردووە. ئەمە لەمەڕ ھەموو قەوارە ڕەگەزیی و نەژادی و ئایینیەكان دروستە.  بە واتایەكی دیكە سوڕانەوە لە بازنەی داخراوی جەنگی خودپەسەندی و خراپكردنی ئەوانی دیكە

ئافراندنی وێنای بێتاوانی و چەوساوەیی ھەمە لایەنە بۆ خۆ و گشتگیركردنی و تاوانباركردنی بەرامبەر بە چەوسێنەری و گشتگیركردنی

لە درێژەی ئەوەی لە سەرەوە لەمەڕ دوژمنسازی و دەروونشێوانیی ھەمیشە لە جەنگدا، خستمەڕوو، سەرەنجام تاكی ڕەگەزپەرست و نەتەوەپرست و ئاییندار، پاساو بۆ ھەموو كردارێكی خۆی دەدۆزێتەوە و  بڕوای تاكە لاوازەكان بە دڕندایەتی بەھێزتردەكات و ڕەوایەتی بە ھەموو تاوانێك دەدات، خۆی ئەنجامیدەدات، بەپێچەوانەوە بەرامبەرەكەی دەكاتە تەنیا ھۆكار و ھاندەری ڕوودانی تاوانەكە و شانی خۆی لەژێر لێپرسراوەی تاوانەكان و لەتوانادابوونی ئەگەری ڕوونەدانی خاڵیدەكاتەوە.

بێجگە لەوەی كە ھۆكاری درێژەكێشانی جەنگە درێژماوە و جیھانییەكان، ئەو شێواوییە دەروونییەی تاكە ناھوشیارەكان بووە بە كۆكردنەوەی ھەمووانێك لەژێر خێوەتی خۆبوون و نەفرەتیكردنی ئەوانی دیكە لە ژێر خێوەتی دوژمنبووندا، بۆ نموونە جەنگی ٣٠ ساڵەی ئەوروپا، جەنگی جیھانی یەكەم و دووەم، ئەگەر زۆر بە كورتی و تەنانەت بە ڕواڵەتیش سەرنجێكی خێرای كۆمەڵگەی بارگاوی بە دوژمنسازیی لە ڕەگەز و نەتەوە و ئایینەكان بدەین، ئەوا زۆر بە ڕۆشنی ڕەوتی پەرەسەندنی خێرای جەنگی ھەمووان دژی ھەمووان دەبینین و ھەستی پێدەكەین. ئەگەر جاران جەنگی نێوان مرۆڤەكان تەنیا لە تێكچوونی نێوان دوو دەسەڵاتداردا یا ئەنجامدانی كارێكی نەخوازراو لەلایەن تاكی ژێردەستی لایەكییانەوە، ڕوویدابێت، ئەوا لەم ڕۆژگارەدا ھەموو ساتێك ھەمووان لە جەنگدان، باوك دژی دایك، خوشك دژی برا، براژن دژی خوشكی مێرد، خەسوو دژی بووك، ئەم گەڕەك دژی ئەو گەڕەك، فێریار دژی مامۆستا، كرێكاری نیشتەجێ دژی كرێكاری كۆچەر، شار دژی شار، شار دژی لادێ، لادێ دژی لادێ ، ماڵ دژی ماڵ، ھەرێم دژی ھەرێم، ئاییندار دژی ئاییندار/ بێئیایین، قسەكەرانی دیالێكتێك دژی ئەوانی دیكە…تد؛ ھەمووان لە جەنگێكی ناكۆتا و جاڵجاڵۆكەییدا دژی ھەمووان لەسەر شانۆی بەردەم سەرمایەداران و سەروەراندا یەكدی دەكوژین و ئەشكەنجەدەین و  ئەوانی دیكەی سەروەریش بە چێژبردنەوە تەماشای ڕۆڵی تاكە ناھوشیارەكان لەو تراجیدییە خەندەئاوەرەدا، دەكەن.

پاگەندە ڕواڵەتییەكانی فێمینیزم

ئەگەر لەو پەڕی ڕادیكاڵبووندا سەرنجی ئامانجەكانی ئایدیۆلۆجیای فێمینیستی و باڵە دەسەڵاتخوازەكانی بزووتنەوەی فێمینیستی بدەین، دەبینین، كە یەكسانبوونی زۆرینەی ژنان لە كۆیلەیتییدا و سەروەربوونی كەمینەیەك لە ژنان، تاكە ئامانجییەتی و لەوپەڕی پێداگرییدا دەیەوێت ژنان بگەیێنیتە ئاستی كۆیلەتی پیاوان لە سایەی سەروەریی چینایەتیدا و ڕزگارییەك/ یەكسانییەك، دیمۆكراسییەك كە ئەو/ئەوان دەیخوازن ھەمان ڕزگاریی و یەكسانی و دێمۆكراسییە، كە سەروەران پاگەندەی دەكەن و وەك نوشتە بۆ ھەموو گرفتێكی كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سیستماتك دەرخواردی تاكە ناھوشیارەكانی دەدەن. ئەوان دەخوازن ژنانیش لە یەكسانییەكی یاساییدا وەك پیاوان ببنە پۆلیس، ئەشكەنجەر، پاسەوانی زیندان، چەكداری ئاساییش، سەرباز، ھەواڵگر،  ھەواڵدەر،  دەڵاڵی بازار، ئەندام و سەرۆكی پارت، پارلەماتتار و سەرۆكی پارلەمان، بەڕێوەبەر و سەرۆكی ھەمان سیستەمی سەروەریی چینایەتی، واتە گەییشتن بە ھەمان ڕێوشوێنی زۆرینەی كۆیلانەی پیاوانی نەدار و بێدەسەڵات یا كەمینەی سەروەران و مشەخۆرانی سامان و داھات و ڕەنجی زۆرینە !

دواجار لەوە دڵنیام كە لە یەكەم كاردانەوەدا دەمارگیرانی ئایدیۆلۆجیای فێمینیزم و پیاوانی خۆ بە فێمینیستزان، وەك ڕەخنەیەك دەپرسن؛ ئەی ئەناركۆ-فێمینیزم چۆن لێكدەدەیتەوە و لە كوێی ئەو لێكدانەوەدا دایدەنێیت یا بۆچی باوەڕەكانی بۆ سەر كوردی وەردەگێڕیت ؟

ڕاستییەكەی پرسیارێكی بەجێیە بۆ كەسانێك، كە ناھوشیارن و زانیارییەكی ئاوایان لەسەر ڕەوت و تێڕوانینەكان و جیھانبینییەكان نییە، بەڵام نابەجێ و فریودەرانەیە، ئەگەر وەك ھانابردنێك بۆ شاردنەوەی ڕاستییەكان و جیاوازییەكان ئاراستەبكرێت !

ھەر ئاوا كە ئەناركیزم ئایدیۆلۆجیا نییە، بەڵكو شێوازی بیركردنەوە [میتۆدلۆجی]یە و ھەردەم لەتەك گەشەی كۆمەڵگە و ھوشیاربوونەوەی مرۆڤدا لە گۆڕان و خۆچاكسازییدایە، ھەر ئاواش ئەناركۆ-فێمینیزم ئایدیۆلۆجیا نییە و تێڕوانینی ئەناركیستەكانە بۆ یەكسانی ڕەگەزەكان، ھەروەك چۆن تێڕوانینی تایبەت بەخود و جیاواز لە ھی ئەوانی دیكەیان بۆ ستەمی كولتووریی و داگیركاریی نیشتمانی ھەیە و ھەروا كە تێڕوانێكێكی دیكەیان بۆ سیستەمی پەروەردە و فێركردن و ڕاھێنان ھەیە …تد. لەم بارەشەوە تێڕوانینی ئازادیخوانە [دژە-سەروەرانە]یان بۆ نەھێشتنی ھەڵاواردنی ژن و پیاو ھەیە و ناشتوانن تێڕوانینی جیاوازیان نەبێت، چونكە بنەمای بیركردنەوە و جیھانبینی و چارەسەرەكان لە ڕوانگەی ئەوانەوە جیاوازدەبێت، لەبەرئەوەی كە ئەوان سەروەریی ھەموو بوونەوەرێك بەسەر ئەوی دیكەدا ڕەتدەكەنەوە و خودی بوونی سەروەریی بە گرفت و سەرچاوەی سەرھەڵدانی گرفت و ستەم و ھەڵاواردنەكانی دیكە دەزانن.

لێرەدا ناچمە سەر نیشاندانی خاڵ بە خاڵی جیاوازییەكان لە ژیانی ڕۆژانە و بیركردنەوە و جیھانبینی و ئامانجەكاندا، تەنیا ئەوە دەڵێم، ئەگەر تێڕوانینی ئەناركۆ-فێمینیستیش وەك ئایدیۆلۆجییی فێمینیستی و تێروانینی فێمینیزمەكانی دیكە، پێداگریی لەسەر پووچگەراییەكانی باشتربوونی دایكسالاری لە بابسالاریی و یەكسانبوونی ژنان لە پۆلیسبوون و بەرێوەبربوون و سەرۆكبوون و سەرمەیاداربوون و ..تد بكات، یا كەسێك بەناوی ئەناركۆ-فێمینیزمەوە وەھا پاگەندەگەلێك بكات، بەدڵنییاییەوە ئەم نووسینە ڕەخنە و ڕەتكردنەوەی ئەویش دەبێت و ھەمان ھەڵوێستم بەرامبەری دەبێت، ھەروەك بەرامبەر بۆرجواز-فێمینیستێك ھەمە.

بە كورتی ئەم ئایدیۆلۆجییە نوێییە، كە جێگرەوەی ئایدیۆلۆجییە سەردەم بەسەرچووەكانی پێشووە، وەك ناسیونالیزم لە جێی ئایین. نوێنەرایەتی و  دەوڵەتی بۆرجوازی بەناوی نەتەوەوە لەجێی دەسەڵاتی كەنیسە بەناوی خواوە، لەم بارەشدا ئایدیۆلۆجیای فێمینیستی بە دەسەڵاتگەییشتنی ژنانی دەسەڵاتخواز بەناوی ژنانەوە و فریودانیان لە ھەڵبژرادنەكاندا دێتە مەیدان و دەخوازێت مرۆڤایەتی لە بازنەی داخراوی سەروەریی چینایەتیدا ڕابگرێت و ئەگەر تەنیا بۆ ماوەیەكی كەمیش بووبێت، تەمەنی نەگریسی سەروەریی درێژبكاتەوە و پەرەیپێبدات، بەڵام ئەم جارە بەناوی ژنانەوە و ستەم لە ژنان و پلەدوویی كولتووریی و ئابووریی ژنان بكات بە دێوجامەی ئەو ئاراستەكردنە ئایدیۆلۆجییەی سەروەریی!

ئایا بەڕاستی پیاوان، ئاوا كە فێمینیزمی بۆرجوازی وێنایان دەكات، گشت بكوژ و شەقوەشێن و سادیست و دەسەڵاتدار و كۆنەپەرست و  كۆنەپارێزن؟

ئەگەر نا، ئەی گشتگیركردنی سزاواریی كوێرانە بەسەر  گشت پیاوان دەچێتە چ خانەیەكەوە و چی ھاندەریەتی ؟

ئەی پێناسەمان بۆ ئەو پیاوانەی كە لەپێناو ڕزگاری و یەكسانی ھەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا گیانیانبەختكرد، چییە و چی دەبێت ؟

ئەی ڕۆڵی ئەو ژنانەی [خەسوو، دش،  برازای ھاوسەر ، خوشكەزای ھاوسەر ، پورزای ھاوسەر ، خاڵۆزای ھاوسەر ، زازازازاكانی دیكەی ھاوسەر و ژنانی ھاوسێ و ژنانی ..تد] كە پیاوان بۆ پیاوبوون و مەردایەتی و بەشەرەفیی و بەنامووسیی ھاندەدەن، چۆن لێكدەدرێتەوە و دەچێتە چ خانەیەكەوە؟

ئەی ڕۆڵی ئەو ژنانەی، كە بە ھەمان شێوەی پیاوانی سەركەوتگەر، سەركوتی پیاوەكانیان دەكەن و لەسەر بنەمای پشتیوانی ماڵی بووك لە بووك و ماڵی زاوا لە زاوا [ كە دیسانەوە ژنانی ھەردوو دەستە زۆرترین ڕۆڵدەبینین] لە بەرامبەركێیەكی بەردەوامدا ھاوسەرەكان لە ھەوڵی ملكەچپیكردنی یەكدییدان،  دەچێتە چ خانەیەكەوە؟

ئەی ڕۆڵی ئەو ژنانەی کە پۆلیس و سەرباز و بەڕێوەبەر و خاوەنکار و سیخوڕ و هەواڵگر و دەڵاڵ و لەخشتەبەری ژنان چی، ئایا دەتوانن هاوبەرژەوەندی ژنانی ستەمدیدەبن ؟

ئایا پەیوەندی ژنانی خاوەنکار و دەڵاڵ و ئەشکەنجەدەر و پۆلیس لەتەك خودی ژنان هیچ جیاوازییەکی لەتەك هەمان پەیوەندی چەوسێنەرانەیان لەتەك پیاوان هەیە ؟

ئایا ھێشتاكە دەتوانین، كینەدۆزییە ڕەگەزییەكانمان، بەسەر یەكتردا گشتگیربكەینەوە، “ژنان گشت چەوساوەن و پیاوان گشت چەوسێنەر” یا “پیاوان گشت بە ئاوەز و ژیرن و ژنان گشت بێئاوەز و  ناژیر” ؟

ئەی ڕیزبەستنی ڕەگەزیی بەرامبەر یەكدی لە بەرژەوەندی كێ تەواودەبێت، بۆچی دەسەڵاتداران و نێوەندە جیھانییەكانی پاگەندەی نیئۆلیبرالیستی، بۆچوونی ژنانی دەستەبژێر، زۆر هوشیارانە پەرەیپێدەدەن و گشتگیری دەکەنەوە ؟

 

بە بۆچوونی من، وەڵامدانەوە بەم پرسیارانە و دەرکردنی هۆکارەکان، دەتوانێت هاندەر و زەمینەسازی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە هەڵوێستماندا و یەکگرتنەمان بێت لە مەیدانە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکانی خەباتی یەکسانیخوازانە لەسەر بنەماکانی ئازادیخوازیی و دژایەتكردنی ڕادیکاڵانەی سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤەوە، كە تا دارایی [موڵكیەتی] تایبەت و كاری كرێگرتە لە ئارادابن، سەروەریی بە شێوەیەك لە شێوەكان ھەر دەرێژەی دەبێت و لە ئارادا دەبێت.

*************************************

*  لە ڕاستیدا ئەم بابەتە لە [١٥ی ئەپڕیلی ٢٠١٣]دا نووسراوە، بەڵام بەداخەوە لەبەر گرفتاری ڕۆژانە لەبیرمكرووە و  ئەم ڕۆ دۆزیمەوە و پاكنووسمكرد. ھیوادارم بەڕێزانێك كە لەم بارەوە بۆچوونێكی ناكۆك یا جیاوازییان ھەیە، بە ڕەخنەگرتن لە بابەتەكەی من، بیخەنەڕوو، تاوەكو  لایەنێكی دیكەی پرسەكەمان بۆ ڕۆشنبكاتەوە.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s