ڕۆژاوا، ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لەبەرگری و خۆڕاگریی

زاهیر باهیر-سلێمانی

٢٠/٠٥/٢٠١٤

بەشی چوارەم:

پێنجەم: ژنان و ڕۆڵی ژنان لە بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیدا ” تەڤدەم” :

ژنان لە تەواوی بزوتنەوەی سیاسی و سەربازی و “تەڤدەم” دا لە ڕۆژاوا، ڕۆڵێکی یەکجار گەورەو گرنگ دەببینن. بیرۆکەی بەشداریکردنی ژنان بەو شیوەیەی کە لەوێ دەبینرێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی فیکری ئۆجەلان بەتایبەتی و کادیران و سەرانی پەکەکەو پەیەدە بەگشتی، ئەوان هەستیان بەوەکردوە کە ئافرەتان نەك ڕۆڵیان لە پیاو کەمتر نییە بەڵکو دەتوانن لە بواری تێکوشان، ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کاریگەرانەتر و گەورەتر لە پیاوان ببینین بۆیە ئافرەت لەو کۆمەڵگەیەدا بەرەو تەقدیسکردن دەڕوات ، باس لە کۆمەڵگەی دایکایەتی ” ئومومە” دەکرێت کە سەرەنجامی خەباتێکی درێژخایەن و کۆتایی قۆناخە مێژووییەکانە. لای ئەوان تەواوی بەهاکانی خودی مرۆڤ ، ژینگە ، کۆمەڵگە ،تەنها لە بەهای ئافرەتدا، لە بەهای کۆمەڵگەی دایکایەتیدا، دەبینرێنەوە.

ئافرەت لەوێ، لە ڕۆژاوا، لە کونجی ماڵەوە هێنراوەتە دەرەوەو بووەتە کەسێکی شۆڕشگێڕ، زۆر کارامانە کار لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگە دەکات، دەستی ڕەنگینی ئافرەت، تواناو دڵسۆزی ئەوان، باوەڕبەخۆبوونیان و گێرانەوەی متمانە بەخۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی ئێستای ڕۆژاوادا، هێزی لابەلاکردنەوەی کێشەکانن کە لە سەرەوە تا خوارەوەی هەموو ڕیز و شانەکانی “تەڤدەم” و یەپەگە و یەپەژە و هێزی ئاسایشیشی، گرتۆتەوە،دەست و پەنجەی تێکۆشانی ئەوان لەسەر ڕازاندنەوە و دروستکردنی نەخشەی کۆمەڵگەی ئایندەی ڕۆژاوا، بە ئاشکرا دیارە. سەنگ و قورسایی و ڕۆڵیان لە کارکردن لەسەر بەرەوپێشەوەبردنی کۆمەڵگەی ڕۆژاوا لە هەنووکەدا زۆر بە زەقی تەنانەت لە ئیدارە خۆجێیەکەشدا، ئاشکرایە ، تا ئەو ڕادەیەی کە تەواوی ژیانی خۆیانیان، خۆیان وتەنی بۆ شۆڕش تەرخانکردوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا من هێشتا ناتوانم بڵێم لەوێ، لە ڕۆژاوا، بزوتنەوەیەکی سەربەخۆی ژنان هەیە، هەروەکو چۆن لە خواروی کوردستانیشدا ئەو بزوتنەوەیە نییە، چونکە تەواوی ئەو جموجوڵییەی کە لەوێ هەیە لە چوارچێوەی ڕیزەکانی پەیەدە و تەپدەم و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایشدایە. بەڵام بەم ئاستەشەوە چالاکی ژنان بە جۆرێک پەیوەستبووە بە کێشەی ڕۆژاواو شۆڕشەکەیەوە، نەک هەر ناتوانرێ باس لەو هێزە سیاسی و سەربازییانە نەکرێت، کە ڕۆڵی ئەمان ، ژنان، تیایاندا فەرامۆشناکرێت وکاریگەرە، بەڵکو بە نەبوونی ئەوان لەو بوارانەدا، تەواوی بزوتنەوەکە پێش بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، هەرەس دەهێنێت.

ئەوەی کە جێی تێبینیەو ڕەنگە لای هەندێکیش مایەی نیگەرانی بێت، کە ژنان لەوێ دەستبەرداری هەموو خواستە شەخسیی و تایبەتییەکانیان لە پێناوی شۆڕش و سەرکەوتنیدا، بوون. من و برادەرەکەم جاروبار لەگەڵ هەندێکیاندا دەمەتەقێمان لەسەر مەسەلەی خۆشەویستی، سێکس، پەیوەندی ژن و پیاو لە دەرەوەی ئەنجامدانی کارە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان و هاوسەرگیری و گەلێکی دیکە لە خواست و ئارەزووەکانی دیکەی جێندەی ژنان، دەکرد، بەڵام ئەوان هەمیشە شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕشلایان باڵاتر و لە پێشتر بوو لە ویست و ئارەزووەکانی خۆیان بەتایبەت لە نێوەندی ئەو ئافرەتانەی کە ساڵانێکی درێژ لە شاخبوون کە نەک هەر تەمەنی منداڵییان لەوێ بەڕێکردوە، بەڵکو گەنجێتیشیان. هەمان لێدوانمان لەگەڵ هەندێک لە هەڤاڵانی هێزەکانی ئاسایش و یەپەگە و یەپەژەشدا دەکرد ، هەر هەمان سەرەنجامی دەدایە دەستمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەکو مەسەلەیەکی مەبدەئی، خۆشەویستی و هاوسەرگیری، هەردوکیان، قەدەخە نەبوون و هەردو جێندەکە ئازاد بوون لە کردنیاندا، بەڵام لەسەر حسابی دوورکەوتنەوەیان یا گواستنەوەیان لە شوینە حەساسەکانەوە، بۆ شوێنێکی دیکە.

هەڵبەتە حوکمدان لەسەر ڕاستی و ناڕاستی ئەم دیاردەیە لەو بارودۆخەدا بەدەر لە هەڵسەنگاندنی لەو ژیان و ئامانجەی کە هەیانە ، ڕاستدەرناچێت ئەمە جگە لەوەش کە ژنان و پیاوان خۆیان لە ژیانیاندا گرنگی ( ئەسبەقییەت) بەچی دەدەن ، بە ڕای من ئەوەندەی بە ئارەزوی خۆیان مافی هەڵبژاردنی ئیختیارەکانیان هەبێت ، لێرەدا کێشەیەک نابێت و ئیدی قسەیەكیش بۆ من و کەسی دیکەش ناهێڵێتەوە.   لێرەدا و لە ئێستادا من بواری لێکۆڵینەوەم لەسەر ئەو باسە ، نییە، بەڵام دەتوانم ئەو ڕاستییە بڵێم ( ئەوەی کە من بینیومە) کە تاکە ئافرەتێكم لەسەر دوکانەکان، چایخانەکان و چێشتخانەکان، نانەواخانەکان، بەنزینخانەکان، کارکردنی سەر شەقامەکان…..و ئەو شوێنانەی بەدەر لە ئۆفیسەکان و هەڵسوڕاوانی ناو لیژنەو کۆمیتەو کۆمونەکاندا، نەبینیوە.

شەشەم: بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی ” تەڤدەم” و ماڵی گەل:

بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی “تەڤدەم” خاوەنی بەرنامەیەکی سەرومڕە ، کە خۆی بۆ ناو هەر هەموو شانەکانی کۆمەڵگە شۆڕکردۆتەوە و چەندەها مەیدانی کارکردنی لە غیابی ئیدارەیەکی فەرمی، نیمچەدەوڵەتێك،یا دەوڵەتێکدا، گرتۆتەوە، ئێستاش کە ئیدارەیەکی خۆجێی هەیە ئەم بزوتنەوەیە بڕبڕەپشتی کۆمەڵگەی ڕۆژاوایە و بەپێی قسەی بەشداربووانی نێو ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵیاندا ئەمان کرد، هەتا لە بارودۆخی هەنووکەشداکە ئیدارەیەکی خۆجێی، هەیە، بە باوەڕی ئەوان لە هەبوونی ئیدارەیەکی بەهێزدا ئەوانیش بەهێزتر دەبن و هێشتا بڕیارەکان لە دەستی خۆیاندا دەمێنێتەوە.

لە بەرنامەی “میساق” بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، کە ٢٦ لاپەڕەیەو بە درێژی لە هەموو شتێک دەدەوێت ، وامنیش بە کورتی تەنها پرنسپڵەکانی ، دەکەمە کوردی. لە لاپەڕەی ٣ ی ئەو بەرنامەیە، لە بەشی یەکەم، لە بەشە بنەڕەتییەکانیدا، لە جەوهەری ئەو بزوتنەوەیە، تەڤدەم، دەدوێت و ئاوا پێناسەی دەکات:

” ڕژێمێکی دیمۆکراتی و کۆنفیدراڵی-کۆمەڵایەتییە، لەسەر بناغەی دیمۆکراتییەت و سەربەستی ئافرەت و پرسی شوێنەوارناسی، دێریئنناسی ( ئیکۆلۆجێ) دامەزراوە،. ڕێکخستنێکی دیمۆکراسی و ڕامیاری و کۆمەڵایەتییە و ئاسۆییانە و هەڕەمیانە/ قوچکەیی، بە دوور لە دەوڵەت، خۆی ڕێکدەخات، ئامانجی بەدیهێنانی هەڵبژێرە ( ئیختیارات) دیمۆکراتییەکانە کە لەسەر ئاستی خوارەوە ، بنکە،لەخۆدەگرێت و گەشەدەکەن، ئەم ڕێکخراوەش گرنگی بەشداریکردن لەسەر هەموو ئاستەکان ، نیشاندەدات. ئەوانەی کە ئەم فۆرمە ” تەڤدەم” دەیانگرێتەخۆ، مافی بڕیاردان و گفتوگۆ و لێدووان و ڕادەربڕینیان، هەیە ، لە لابەلاکردنەوەی کێشەی کوردیدا بۆچوونی دەوڵەتی نەتەوەیی، تەبەنی ناکەن، بەڵکو نموونەی گەلێکی دیمۆکراتی و بەدەستهێنانی ئیدارەیەکی خۆجێی دیمۆکراتییانە، دروستدەکات و کۆنفیدراڵییەتی دیمۆکراتیانە بۆ گەل و نەتەوە و نەتەوەیەکی دیمۆکراتی  لە ناوخۆ و شکۆی نیشتمان لە دەرەوە، لەخۆدەگرێت”

 

تەڤدەم بەکردەوە سەلماندی کە دەتوانرێت بێ هەبوونی ئیدارەیەکی بیرۆکراسی، بێ هەبوونی دەوڵەتێک ، نیمچەدەوڵەتێک، کۆمەڵگە دەتوانرێت لەڕێگەی هۆشیاری تاکەکانییەوە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریبوون، هەبوونی گیانی لەخۆبوردن و خۆبەخشیی و هاوکاریکردن بە دروستکردنی لیژان و کۆمیتەو کۆمونەکان، تەواوی کۆمەڵگە بەخۆیان ببەن بەڕێوە.

تەڤدەم یا بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراسی، بە بەکارهێنانی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ، لە ڕۆژی نەمانی ڕژێمەوە لەوێ تا ئەم ساتەوەختەی کە ئەم ڕاپۆرتەی تیادا دەنوسرێت، ئەو خۆبەڕیوەبردنەی بە ئەنجامگەیاندووە و بەردەوامە و هاوکاتیش تەحەدای هەر هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی وەکو شەڕی دووژمنانی هەمەلایەنە، ئابلوقەی ئابووری، نەبوونی هیچ جۆرە هاوکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بنەڕەتی وسەرەکی هیچ لایەن و وڵاتێك ، کەمی کادیری فەنی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و دکتۆر و کارمەندانی چارەسەری نەخۆشی و زۆری دیکە لەمانە ، کردووە.

ئەم جۆرە خۆبەڕێوەبردنە ئەو ڕاستییەی دووپات کردەوە کە باوەڕبوون بەخۆ، کاری خۆبەخشانە، خۆڕاگریی و بەرگریی، هۆشیاری تاک ، باوەڕىوون بە مەسەلەکە و بە سەرکەوتنی پرسەکە، هەموو کاتێک و لە هەموو بستێکی ئەم سەرزەمینەدا، کاری کردەیە، ئیدی گرنگ نییە ماوەیەکی کەم دەژی یا زۆر، ئەوەی گرنگە کۆڵنەدانە، خۆبەدەستەوەەنەدانە، بەرهەڵستی و بەرگری ( مقاوەمە) یە.

بەرنامەکەی ئەمان هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەکەی گرتۆتەوە، لە هەموو مەیدانەکاندا،کاری پێکراوە و پێدەکرێت، ئەم مەیدانانەش کە لە چەندەها لیژنە دروستبوون وەکو: مەیدانی هزر و ڕۆشینبیری دیمۆکراتیانە، مەیدانی سیاسەتی دیمۆکراتیانە، مەیدانی کۆمەڵایەتی، مەیدانی کۆمەڵگەی ئازاد، مەیدانی ئابووری، مەیدانی ئاسایش و پاراستنی گەل…..هتد

ماڵی گەل:

ماڵی گەل دڵی تەڤدەمە، بناغەو ڕێکخەرو هەڵسوڕێنەر و پارێزەری بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتییە. ماڵی گەل ئەو دەزگە بایاخدارەیە کە کرۆکی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی پێکدەهێنێت کە لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکاندا هەیە و لە لایەن خەڵکانی ئەو شوینەوە دروستبووە. ماڵی گەل لە سەرجەمی لیژانەکانی ناوشار و گەڕەك و گوند پێکهاتوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان، کە لە هەموویان گرنگتر ” کۆمونەکانە” کە لە گەڕەکێکدا، لە گوندێکدا ، لە شەقامێکدا چەندەها لیژنەی لەخۆگرتوە بە لیژنەی یەکخستنەوەو سوڵحیشەوە. من لێرەدا دەقی پێناسەی “کومون” ئەوەی کە لە”میساقی تەڤدەمدا” هاتووە بۆ خوێنەر لە عەرەبییەوە دەکەمە کوردی:

” کۆمون بچوکترین یەکینەی کۆمەڵگەیە و چالاکترینیانە، بە گوێرەی مامەڵەیەکی بە عەمەلیانەی (پراکتیکانە) کۆمەڵگە کە سەربەستی ئافرەت و دیمۆکراتی شوێنەوارناسی ، دێرینناسی (ئیکۆلۆجی) تیادا باڵادەستە ، دروستدەکرێت و فکرەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆ دەگرێتەبەر. کۆمون هەڵدەسێت بە گەشەدانی لیژنەکان کە بایاخ بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن، قسە لەسەر حەلی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایش وڕۆشنبیری، خپۆپاراستن و بەرگری لەخۆ و ئابوورییەکان، دەکات کە لەهێزی خۆیەوە، وەریدەگرێت نەك لە دەوڵەتەوە. ‌هێزی خۆی لە ڕێگای دروستکردنی ڕێکخراوەکانکە لە شێوەی کۆمونە کشتیارییەکان و کۆمونەکانی گوندەکان و کۆمونەکانی بووژاندنەوە و کۆمەڵە و هەرەوەزییەکان، دروستدەکات.

 

کۆمونەکان لەسەر بناغەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە شەقامەکان و دێهاتەکاندا، دادەمەزرێ، ئەوانە ئەو جێگایانەن کە هاووڵاتی خۆی تێیدا ڕێکدەخات و ویستی ئازادانەی خۆی تیادا بەرجەستە دەکات و دەستپێشخەری کاریگەرانەی خۆی لە هەموو شوێنەکانی نیشتەجێبوونیدا دەکات و دەرگای لێدوان لەبەردەم هەموو کێشەکان و حەلەکانیاندا دەخاتە سەرپشت .

 

کۆمونەکانی دێهات و شەقامەکان لە بەشداریکردنی هەموو هاووڵاتیان کە دانیشتووی ئەو شوێنانەن، پێکدێت. کۆمون لە دانیشتنی یەکەمیدا هەڵدەسێت بە دانانی دیوانی کۆمون کە لە ٢ هاوسەرۆك و بریکارییەکانیکە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمونەکە و دانانی لیژنەیەکی ئیداری بۆ کۆمونەکە، لە ئەستۆیە.

 

کۆمون بڕیارەکانی خۆی بە ئاشکراو بە بەشداریکردنی هەموو هاووڵاتییەکی نێو کۆمونەکە کە تەمەنی لە سەروی ١٦ ساڵییەوە بێت، دەدات و هەفتانە کۆبوونەوەکانی بە ئەنجامدەگەیەنێت..”

 

کۆمونەکان لە ٦مەیدانی سەرەکیدا کە مەیدانی هزر و ڕۆشنبیری دیمۆکراتی، سیاسیەتی دیمۆکراتی، کۆمەڵایەتی و مەیدانی کۆمەڵگەی ئازاد وئابوری و مەیدانی ئاسایش وپاراستنی گەل….. کاردەکەن و لیژنەیەکی تەنسیق لە نێوانیاندا هەیە کە کۆبوونەوەی هەفتانە بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمونەکان، دەکەن. هەر یەکێك لەم مەیدانانەش چەندەها لیژنە و کۆمیتەی جیا جیای، لێدەبێتەوە و کاری تیادا دەکرێن.

بۆ تێگەیشتن لە ئەرك و ڕۆڵی کۆمونەکان ، من و برادەرەکەم کۆبوونەویەکمان لەگەڵ کۆمونەی گەڕەکی کۆڕنیشی قامیشلۆ کرد کە ١٧ کەسیان ئامادە بوون، زۆربەیان ژن بوون . لەو کۆبوونەوەیەدا کە نزیکەی ٢کاژێری خایاند لە ئەنجامی پرسیار و وەڵام و لێدوان، بۆمان دەرکەوت کە لەو گەڕەکەدا ١٠ کۆمونیان هەیەو ژمارەی هەر کۆمونێکیش ١٦ بۆ ١٧ کەسن. ئەوان بە ئازادی و هەڵپەیەکی ( حەماسێکی) زۆرەوە پێیان لەسەر ئەوە دادەگرت لە هەموو کێشەکانی ئەو گەڕەکانەدا ئازادن و خۆیان خاوەنی بڕێارەکاننو بەدەرن لە دەستتێوەردانی پەیەدەو لایەنە بەرپرس و باڵاکان، تەنانەت هەندێکیان ئەندامی پەیەدە نەبوون و مەرجیش نییە بۆ ئەندامبوونی کۆمۆنەو دروستکردنی کۆمونە، پەیوەندی پارتیانەیان بە حیزبەکانەوە هەبێت. ئەوان لە وەڵامی پرسیارەکانماندا زۆر شتیان باس دەکرد،دوو نموونەی زیندویان لەسەر بڕیارەکانی خۆیان، هێنایەوە کە لە بەرامبەر یەکێکیاندا ئیدارەی خۆجێی هەڵوێستی بێ لایەنیانەی وەرگرتبوو. لە دووهەمیشیاندا کە بەجێهێنانی پرۆژەیەك بوو، وتیان تەواو ڕای هەر هەموو دانیشتوان و ماڵان وەرگیراوە دوای ئەوە بە هەرەوەزی بڕیاریان لەسەرداوە. ئەوەی کە من لەو کۆبوونەیەو وتووێژەکانماندا تێگەیشتم ئەوان تەواوی سەربەستییان هەیە لە دانی بڕیارەکانیاداو لە ڕێگەی دیمۆکراتی ڕاستەوخۆشەوە ئەو بڕیارانە دەدەن.

من زۆر دڵخۆشبووم بە بینیی کۆمونەکان و جۆری کارکردن و چالاکییان چونکە ئەمە تەنهائامرازێکە لە گۆڕینی کۆمەڵگە لە بنەوە نەک پێچەوانەکەی، هاوکاتیش بەردەوامبوون و گەشەکردنی ئەم جۆرە چالاکییانە، تاکە ڕێگایەکە کە هەموو بڕیارەکان ، بەهۆیەوە، بگەڕێنرێتەوە بۆ خودی خەڵکی لە شوێنە جیا جیاکانی نیشتەجێبوون و کارکردن و خوێندن و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و …هتد ، دیسانەوەش تەنها ئامرازێکی خەبات و جەنگینە دژی بیرۆکراسییەت و ئیدارەی بیرۆکراسییانە. هەر بەم پێوەرەش هەبوونی ئەم جۆرە لیژنانە، گروپانە، بەهەر ناوێکەوە بن، هاوکێشەیەك دروستدەکەن کە گەشەی ئەمان کەمکردنەوە و نەمانی بیرۆکراسییەت و ئیدارەکانێتی و پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە.

درێژەی هەیە

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s