ڕۆژاوا، ئەزموونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

ڕۆژاوا، ئەزموونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

زاهیر باهیر- سلێمانی

٢٠/٠٥/٢٠١٤     

 

بەشی پێنجەم:

حەوتەم : ” من کچەکەم بەناوی هەڵەبجەوە ناونا و بەڵام نەمزانی هەڵەبجەییەك دێت و دەیکوژێت”

یەکێک لەسەردانەکانمان ، سەردانی ” ناوەندی ڕۆژاوا بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجیانە” بوو کە مامۆستا طەها خەلیل هاوسەرۆکی مەڵبەندەکەیە . لەم ناوەندەدا کۆمەڵێک ڕۆشنبیرو نوسەری دیکەشی لێیە کە هەندێکیان لە دەرکردنی گۆڤارێك بەناوی ” دراسات کردیە” خەریکن. دیارە ئەم ناوەندانە هەمیشە دەبێتە چەقی لێدوان و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، بە تایبەتیش کە هەردولامان ، واتە من و برادەرەکەم و ئەوانیش دوو لایەنی نەناس بە یەکدی بوین کە هەردولامان تامەزرۆی گفتوگۆی دووورو درێژو جددی لەسەر زۆر کێشە بوین بۆیە بێدەنگی لە چەند چرکەیەك زیاتری ، نەخایاند.

مامۆستا ‘طەها’ ی نوسەر و ڕۆژنامەنووس و شاعیر کە ماوەیەك بوو لە سویسراوە بە ماڵ و منداڵەوە ، بە دڵسۆزی و گوڕوتینێکی یەکجار زۆرەوە، گەڕابووەوە و خۆی و ‘هەڵەبجەی’ کچی خۆبەخشانە ، لێبڕاوانە وەکو گەلێکی دیکەی نێو ئەو کۆمەڵگەیە کاریان بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە نوێیەی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا، دەکرد. مامۆستا طەها کە تەمەنی لە چلەکاند بوو ، قژێکی ماش و برنج، دڵێکی گەروەو فراوان، مێشکێکی پڕ لە مەعریفەو ئایدیا، کە کاتێک دەکەوتە قسەکردن و لێدوانەوە زۆر بە قوڵی و پڕ لە حەسرەتەوە قسەی لەسەر کێشەکان لە هەموو ڕویەکەوە: لەسەر ڕۆڵی پەیەدە و تەڤدەم و هێزە سەربازییەکان بە هێزی ئاسایشیشەوە، دەکرد. ئەو مرۆڤێکی بەتاڵ نەبوو لە زانیاری و ئەزموونی شەخسیش، هەر بۆیە کە دەهاتە قسە لەسەر هەر لایەنێکی ئەم ڕوداوە، شۆڕشی ڕۆژاوا، بە قوڵی و وردی بۆی دەچوو.

بۆچونەکانی ئەو سەبارەت بە ئێستاو داهاتووی هاووڵاتیانی ڕۆژاوا، هەر لە ڕوە گەشبینییەکەیەوە، نەبوو، بەڵکو لایەنی نەرێیی و کەموکوڕییەکانیشی ڕەچاو دەکرد. ئەو چجای ئەوەی کە کەموکوڕی لەو ڕووداو و ئەزموونەدا دەبینی ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وابووکە دەبێت کاری تەواو بۆ سەرکەوتنی ئەم تەجروبەیە بکرێت، هاوکاتش دەیگوت کە لە کۆتاییدا بارودۆخەکە بە هەر بارێکدا بشکێتەوە شەڕی نێوانی کوردان و ڕژێم شتێکی حەتمییەو ناتوانرێت لێی دەرباز ببین.

ئەو کاتێک کە لە دووژمنانی پرسی میللەتانی ڕۆژاوای کوردستان دەدوا، پەنجەی بۆ هاوکێشەو سەنگی هێزەکانیش لە بەرامبەر دووژمنیشدا، ڕەدەکێشا، باسی لە کەموکوڕییەکانی هێزە کوردییەکان ، ئەوانەی کە ئیدارەی خۆجێیان دروستکردووەو ئەوانەشی وەکو موعارەزەش کە لە دەرەوەی ئەو ئیدارەیەن، دەکرد .

مامۆستا طە ئەو ڕاستییەی دەزانی کە هەڵوێستی ڕژێم و لەشکری ئازاد و بەرەی نوسرە و داعش و ڕێکخراوە تووندڕەوەکانی دیکە لەسەر پرسی کورد ، هەڵوێستێکی باشیان نییە ، کە لەناو ئەم هێزانەشدا داعش دووژمنێکی سەرسەختی کوردە، بەڵام هەرگیز نە بیری لەوەکردبووەو نە چاوەڕوانی ئەوەشی دەکرد، کە لەناو ئەو هێزە دڕندەدا، کوردی تیابێت و قوربانی بە ژیانی خۆی لە کوشتنی کوردانی ڕۆژاوادا، بدا، ئەمە چچای ئەوەی کە کوردانێکی هەڵەبجەییش هەبن و هاوکاری کەسانێک بکەن کە بێن لە ١١/٠٣/٢٠١٤ لە ئاهەنگێکدا کە لە دائیرەی شارەوانی و ئیدارەی محەلی لە شاری قامیشلۆ، گێڕرابوو، ئاهەنگگێڕان بدەنە بەر نارنجۆك و دواتریش خۆیان بتەقێننەوە و ١٠ کەس بکەنە قوربانی هێڕشە دڕندانەکەیان، کە لە ناویاندا کچە ٢٣ ساڵە دووگیانەکەی ئەو “هەڵەبجە” بوو کە ماوەیەکی کەمبوو هاوسەرگیریی کردبوو.

سەختە یەکجار سەختە دایك و باوك بتوانن وێنەو سیمای ساتی تیاچوونی منداڵەکانیان، لەبەرچاو ونکەن ، یادو بیرەوەرییەکانی ژیانیان، لە یاد بکەن… لەگەڵ هەموو جارێك بینینی شوێنی ڕووداوەکە، لەگەڵ هاتنی ڕۆژی کارەساتەکە ، جارێکی دیکە گەرمە شینیان، دەستپێنەکاتەوە و یادی لەدەستدانی منداڵەکانیان، فەرامۆشنەکەن ….ئەم دیمەنانە، ئەم یادوەریانە بە بەردەوامی، بە درێژایی تەمەنیان دووبارە دەبنەوە…هەمیشەش دڵی برینداری دایکان و باوکانی قوربانییەکان، دەکولێننەوە.

ئاسانیش نەبوو بۆ کەسێکی وەکو ئێمەی باوك لە کاتێکیشدا کە شوێنی قوربانییەکانمان،دیتبوو، لەگەڵ بینینی هەموو جارێکی مامۆستا طەها-دا، لە ناخەوە وەکو باوکێك لە خەمی ئەو بێبەش بووبێتین ، لە قوڵایی دڵەوە بۆی نەگریابیتین.

شەهید، شەهیدبوون، مەڵبەندی خێزانی شەهیدان، لیژنەی خانەوادەی شەهیدان، گۆڕستانی بە کۆمەڵی شەهیدان، خێمەی پرسەی شەهیدان، کە نە قورئان و نەفاتیحای تیادا ناخوێنریت…. ئەم وشانە، دەستەواژانە، ڕۆژانە دەیەها جار بەرگوێمان، دەکەوتن، ئێمەش لە دیدەنی هەر شار و شارۆچکەو گوندێکماندا، دەبوایە دێنی مەڵبەندی شەهیدان و گۆڕستانی شەهیدانیشمان ، بکردایە. شەهید و شەهیدبوون، لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژاوادا شوێن و پێگەیەگی تایبەتی خۆی هەیە، خاڵێکی ناوکۆیی نێوانیانە، پەیوەندییەکی تایبەتیشی لە نێوان سەرجەمی باوکان و دایکان و کەسوکاری شەهیداندا دروستکردووە و ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەی نێوانیان سەنگی قورسی ئازارەکانیانی، کەمکردۆتەوە، زامی قوڵی دڵی دایك و باوکانی ، تا ڕادەیەك ساڕێژ کردوە. خودی خانەوادەی شەهیدانیش، وەکو خانەوادەیەکی دیار و تایبەت و شکۆمەند، دەردەکەون.

ئەوان شکۆمەندی شەهیدان و ڕێز لێگرتنیان لەبەر ئەو ئاسایش و ئازادییەی کە بە خوێنی تێکڕای ئەوان، هەمووان، بەدەستهێنراوە، هەر لەبەر ئەوەش نە شەهیدی سەرکردە هەیەو نە شەهیدی بنکردە، شەهیدێك نییە کە فەزڵی بەسەر ئەوانی دیکەیاندا هەبێت، شەهیدێك نییە کە پاداشت و یارمەتییەکی زیاتری لەوی دیکەیانیبێت یاخوود گۆڕێکی ڕازاوەتری هەبێت.

تێگەیشتن لە پێگەو جێگەی شەهید و ڕێز لە خانەوادەی شەهیدان زەحمەت نییە کە لە کاتێکدا دەبینین کورد لە ڕۆژاوادا لە هاووڵاتی پلە سێوە، بووبێتە پلەی یەکەم، خاك و خانووبەرە و بینای بە پێوە مابێت، ئازادی و ئاسایش بەرقەرار بێت، جورێک لە ژیان دەستەبەر، کرابێت. ئاخر چۆن بتوانرێت لە یاد بکرێن لە کاتێکدا تەنها ئەوانەی کە لەوێ دەژین ئەوانەشی سەردانی شوێنی شەڕو و بەیەکادانەکان، دەکەن، دەزانن لە پاککرنەوەی هێزە درندەکانی وەکو داعش و بەرەی نوسرە چ جەنگێکی پاڵەوانانەیان کردووە.

لەسەردانی شاری ‘سەرێکانی’ کە کۆڵانێکی تیادا نەماوەتەوە کە بە گولە نەبێژرابێت، بە هاوەن و و زرێپۆش ماڵێک یا چەند ماڵێکی تیادا، کاول نەکرابێت. لەو شارەدا، لە بەرگریکردن لەم شارە لە بەرامبەر زیاد لە ٧٠٠٠ لە سوپای ئازاد و داعش و بەرەی نوسرە و ئەوانی دیکەیان لە تەنها ٢ هەفتەدا بە ٤٥٠ جەنگاوەری هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و ئاسایش ئەو شەڕی دەستەیەخەیەی کە لەوێداکراوە کە تیایدا دیوار لە بەرامبەر(مواجەی) هێزەکانی دووژمندا، لە دەیەها ماڵدا کونکراوە تاکو مەتر بە مەتر بەریان پێهەڵچنن و بیانشکێنن، نازانم چەند جار لە مێژوی نوێی سوریادا ڕویدابێت ئەو لەشکرە گەورەو خاوەن نوێترین چەكە، بۆ جارێکی دیکە ببەزێننرێن و بە دەیەها جەنازەش لە دوای خۆیان بەجێ بهێڵن، کە لە نێوانیاندا چەند گەنجێکیان هەڵەبجەییی بوون. لەم شەڕەدا ئەمان خاوەنی ٥٣ شەهید و لە وانیش کەسێك ناتوانێت ، هەژمارەی کوژراوانیان، بکات.  جەنگی ‘سەرێکانی’ یەکێك بووە لە هەرە سەختترین و درێژخایەنەکانی نێوانی ئەوان و دووژمنانیان کە ژمارەی قوربانییەکانیان گەلێك بووە.

درێژەی هەیە

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s