ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ * / ٢

ئەگەر سۆشیالیزم؛ ئازادی و یەكسانی و دادپەروەریی نییە، ئەدی چییە ؟ *

هەژێن

٢ی نۆڤەمبەر ٢٠١٣

بەشی دووەم

پارله‌مان به‌رزترین شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی چینایه‌تییه‌ و دواین وێنه‌ی دیموكراسییه‌تیشه‌ . پارله‌مان ئه‌و هێزه‌ ڕێكوپێكه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و چه‌پڕه‌وی له‌ خۆیدا كۆكردۆته‌وه‌ بۆ پارێزگاری كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری .

وێڕای هاوبۆچوونیم لەتەك ئەم دەستەواژەیەی نووسەردا ” ئه‌و هێزه‌ ڕێكوپێكه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و چه‌پڕه‌وی له‌ خۆیدا كۆكردۆته‌وه‌ بۆ پارێزگاری كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری . ” لەمەڕ پارلەمان، بەڵام من پارلەمان بە دەوڵەت نابینم، نە لە نزمترین و نە لە بەرزترین شێوەی دەوڵەتدا. پارلەمان ئۆرگانێکی دەوڵەتی هاوچەرخە، کە ڕۆڵی میانجیکردنە لەنێوان پارتە دەسەڵاتخوازەکان و ڕێکخستنی یا میانجی نێوان جەنگی بێبەرنامەی کۆمپانییەکانە. هەروەها دێمۆکراسیی پارلەمانی دوایین وێنەی دێمۆکراسی نییە و هەر ئەو دێمۆکراسییە پارلەمانییەش دەکرێت گۆرانی دیکەی بەسەردابێت و بێجگە لەوەش دەتوانرێت میکانیزمە دێمۆکراتییەکان [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ] لە سیستەمی شورایی / کۆمونەیی / هەروەزیی / ئەنجموومەنییدا بەکارببرێن، واتە بەشداربوون و ڕێکخستنی بەشداریکردنی هەمووان لە کاروبارەکانی ڕێکخسن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، لەسەر ئەو بنەمایە هیچ کات ڕێکخستنی کاروبارەکانی کۆمەڵگەی ناچینایەتی لەسەر بنەماکانی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، یەکساننییە و ناکاتە دێمۆکراسی پارلەمانی ! چونکە ناتوانین بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمووانیی دانیشتوانی گوندێك، گەڕەکێك، کرێکارانی کارخانەیەك، خوێندکارانی فێرگەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك لە کۆبوونەوەی گشتییدا بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە دوور لە هەژموونی ڕامیاران و پارتەکان و نوێنەرایەتی، بەگوێرەی بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، بە زۆردارەکی و بە ئارەزووی خۆمان و لە تووڕەبوون و تێەگەییشتنی خۆمانەوە لەتەك هەڵبژاردن و دەنگدان بە ڕامیاران و ڕەوایەتیدان بە ملهوڕی دەسەڵاتداران لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی نوێنەرایەتی [پارلەمانی] بەیەك بچوێنین و یەکسانبکەین !

باشە، ئەگەر دێمۆکراسی هەر ئەوەیە کە ڕامیاران دەسەڵاتداران و سەرمایەداران پاگەندەیدەکەن و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆش بێکەڵکە، ئەدی “کۆمونە”ی ئاسمانی چۆن ڕێکدخرێت و شێوازی ڕێکخستن و شێوەی بەشدارییککردنی دانیشتووان چۆن دەبێت و میکانیزمەکانی بەرگرتن بە سەرهەڵدانی بیرۆکراسی و دیکتاتۆری و پاوانگەریی تاك و گروپ و دستەبژێرە دەسەڵاتخوازەکان کامانەن و چ فیلتەر و لەمپەرێك بۆ نەگەڕانەوەی هەمان ڕێکخستنی پێشوو [چینایەتی] هەیە ؟

پرۆلیتاریاش ئه‌و چینه‌یه‌ كه‌دژایه‌تی خاوه‌ندارێتی چینایه‌تی له‌ڕێی دژایه‌تی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانه‌وه‌ ئه‌كات . واته‌ زۆرانبازی نێوان برجوازییه‌ت و پرۆلیتاریا له‌ شه‌ڕی نێوان پارله‌مانتاریسته‌كان و پرۆلیتاریادا خۆیئه‌نوێنێ .

بەداخەوە، نووسەر زۆر ڕواڵەتییانە بۆ دەسەڵات و پێکهاتەکانی دەسەڵات و سەروەرانی کەتواریی دەڕوانێت. ئەو تێڕوانینە ڕواڵەتبینە ئەوی لە بەرانبەر دەسەڵات و کاراکتەرە ڕاستینەکاندا نابیناکردووە، کە خاوەنی کۆمپانیا و کارخانە و دەسەڵاتدارەکانن و ئەوی ناچار بە نادیدەگرتنی کەتواری شتەکان کردووە، کە پارلەمانتارەکان تەنیا دەڵال و میانجیگەری نێوان هێزە زاڵەکانن و لە سەروویی ئەوانەوە ئەوە هێزی ئابووریی کۆمپانییەکان و دەسەڵات و ىڕیاری پارت و دەسەڵاتداران هەیە، کە بەندی یاساکان پێشنیاردەکات و پارلەمانتاران لەو نێوەدا تەنیا ڕۆڵێکی ڕۆتین و پێشتر بۆنووسراویان لە پەسەندکردنی پێشنیارەکان و بە بڕیارکردنیاندا هەیە ! بەپێچەوانەی تێگەییشتنی لنگاوقووچانەی نووسەر، دەکرێت لە وڵاتێکدا نە پارلەمان هەبێت و نە دەوڵەتی هاوچەرخ، تەنیا کۆمەڵە میلیشیایەك سەروەربن و دارایی تایبەت و خێزانی و خێلەکی و پارتیی و میلیشیاییش هەبێت. کەواتە تەنیا بە ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارلەمان و پارت ناتوانین دژایەتی دارایی تایبەت بکەین، هەر ئاوا کە ناتوانین تەنیا بە لابردنی دەوڵەت، پێکهاتە قووچکەییەکانی خێڵ و خێزان و پارت و دەستەبژێرە ئابووریی و ڕامیاریی و ڕۆشنبیریی و کارگێرییەکان لەنێوبەرین. دارایی تایبەت [چینایەتی] پێش ئەوەی دەوڵەت رایگرتبێت، بەخۆی کولتوور و ئاوەز و هوشیاریی و حەز و بوونی تاك و خێزان و کۆمەڵ پێکدەهێنێت و لە پێکهاتەی خێڵایەتییەوە تا کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و ئەم ڕۆژگارەی سەرمایەداریش وێرای جیاوازی شێوەی دەسەڵاتداریی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەر هەبووە. لەبەرئەوە سەرهەڵدانی دارایی کۆمەڵایەتیی [ناچێنایەتی] و هەڵوەشاندنەوەی دارایی چینایەتی [تایبەت] تێکۆشان و ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و پێویستی بە شۆڕشێکی کولتووری لە هوشیاریی کەسەکاندا هەیە. کەی تاکی نادارا بە ئاستێك لە هوشیاریی وەك بەرەنجامی ئەزموونگیریی خەباتی ڕۆژانەی خۆی بەو سەرەنجامە گەییشت، کە گەلگاریی لە تاککاریی، پێکەوەژیان لە دابڕان و لەخۆنامۆبوون، دارایی کۆمەڵایەتی لە دارایی تایبەت، هەرەوەزی لە کێبڕکێ، هاوپشتی کۆمەڵایەتی لە ڕکەبەریی ڕامیاریی باشترە، ئەوا ڕوخانی دەوڵەتەکان و سەندنەوەی ئاپارتمان و باخچە و فێرگەکان و نەخۆشخانەکان و کارگەکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەیان ئاسانترین کارێك دەبێت، کە هەموو تاکێکی گۆڕانخواز [شۆڕشخواز] دەتوانێت وێنایبکات و دەرکیبکات. بەواتایەکی دیکە تاوەکو تاکی ژێردەست بەرژەوەندی خوا و دەوڵەت و پارت و نەتەوە و خێڵ و ڕابەر و دەستەبژێر لە سەرووی بەرژەوەندی و تاکایەتی خۆیەوە دابنێت، ئەستەمە دارایی و سەروەریی چینایەتی لەقببێت و لەتەك ویستی تاکەکانی کۆمەڵ و ڕەوت و گەشەی کۆمەڵ بکەوێتە ناکۆکی.

پرۆلیتاریا هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌وئامێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌ كار بهێنێ بۆخۆڕزگاركردن له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ كه‌ خۆی ئامێرێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی ، دوژمنایه‌تی برجوازیه‌تیش به‌بێ دوژمنایه‌تی پارله‌مان و ئازادییه‌ سیاسیه‌كه‌ی ، هیچناگه‌یه‌نێ جگه‌ له‌ دوژمنایه‌تی پرۆلیتاریا خۆی .

بەداخەوە نووسەر نەك هەر تەنیا لنگاوقووچ پێکهاتە و دیاردەکان دەخوێنتەوە، بەڵکو بوونە کەتوارییەکانش ئاوەژوودەکاتەوە. “پارلەمان …. ئەوئامێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییە” چییە؟ پارلەمان دەزگەی ڕامیارییە نەك ئامێر ! دەزگەی ڕامیارییە و ڕاگری سیستەمی ڕامیارییە و ئاراستەکەر و ڕەوایەتیپێدەری دەسەڵاتی ڕامیارییە، نەك کۆمەڵایەتی!

من نازانم لە کوێدا و بە چ پێوەرێك پارلەمان “کۆمەڵایەتییە”؟ لە تێڕوانینی دوور لە کەتواری نووسەردا “‌كۆمه‌ڵایه‌تیی” چ واتایەك دەبەخشێت؟ ئایا ئەو لەنێو “ڕامیارییبوون” و “کۆمەڵایەتییبوون”دا چ لێکچوون و خاڵێکی نێوکۆیی و هاوبەشییەك دەبینێت ؟

وەك پێشتر ڕۆشناییم خستەسەر، “ڕامیارییبوون” واتە دابران و نامۆبوون لە “کۆمەڵایەتییبوون”. ڕامیاریی واتە هونەری دەسەڵاتداریی دەستەبژێرە سەروەرییخوازەکان. سیستەمی ڕامیاریی واتە ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە لەلایەن مشەخۆران و ملهورانەوە لە سەروووی ویست و خواست و توانای تاکە بەرهەمهێنەر و بنیاتنەرەکانی کۆمەڵگەوە. وەها ڕێکخسنێك تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستنەوەیان لەسەر بنەمای یاسا ڕامیارییەکان مەیسەردەبێت، واتە نامۆکردنی تاك بە خۆی وەك بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و بە پەیوەندییە ئاسۆییە کۆمەڵایەتییەکان. لەبەرئەوە هەر پاگەندەیەك بۆ کۆمەڵایەتییبوونی پارلەمان و دزگەکانی دیکەی سیستەمی چینایەتی، تەنیا ڕەوایەتیەدانە بە سەروەریی چینایەتی و بەس. بەپێچەوانەوەی پاگەندەکانی نووسەرەوە ڕامیاران و دەسەڵاتداران هیچ کات بوێریی ئەوەیان تێدانییە و نیشانیاننەداوە، کە پارلەمان و دەزگەکانیان بە دەزگەی کۆمەڵایەتیی ناوببەن و لە هیچ کات و بە هیچ شێوەیەك ناکرێت و لە توانادا نییە، دەزگەیەك، کە بۆ لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لەنێوبردنی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە سەریهەڵدابێت، بەخۆی دەزگەیەکی کۆمەڵایەتیی بێت. ئەمە تێنەگەییشتنە لە جیاوازی نێوان کۆمەڵایەتییبوون و ڕامیارییبوون، لە جیاوازی نێوان سیستەمی ڕامیاریی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یاسا ڕامیارییەکان و سیستەمی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو لەسەر بنەمای یاسا سروشتییەکان، لە جیاوازی نێوان هەڵپە و پلانی ڕامیاریی و خەبات و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، لە جیاوازی نێوان کار و چالاکی ڕامیاریی و کار و چالاکی کۆمەڵایەتیی، لە جیاوازی نێوان بەڕێوەبەرایەتی ڕامیاریی سەرووخەڵکی [چینایەتی] و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵایەتی ئاسۆیی [ ناچینایەتی و ناقووچکەیی]، لەیەك دەستەواژەدا ئەمە تێنەگەییشتنە لەوەی کە پارلەمان بریتییە لە دەزگەیەکی ڕامیاریی سەرووخەڵکی، کە تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت بێتەبوون و خۆی ڕابگرێت و تاکەکان بە هێزی و توانا کۆمەڵایەتیی خۆیان نامۆبکات و لەسەر بنەمای پەیوەندییە سەروخوارییە ڕامیارییەکان ڕێکبخاتەوە و سەروەریی چینێکی دارا و مشەخۆر بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت!

ئه‌وكاته‌ی مێژوو دامه‌زراندنی پارله‌مانی دیموكراسی خسته‌ئه‌ستۆی برجوازیه‌ت ، هه‌رله‌وكاته‌دا شكاندنی ده‌وڵه‌ت و پارله‌مانی خسته‌ئه‌ستۆی پرۆلیتاریا ، بۆیه‌ ناكرێ پرۆگرامی مێژوویی پرۆلیتاریا له‌ هیچ ئاستێك و هیچ جێگایه‌كدا له‌گه‌ڵ پارله‌مانتاریسته‌كاندا یه‌كبخرێ .

لە دەرەوەی ویست و کارکردی مرۆڤە بەدەربەست و نادەربەستەکانەوە، “مێژوو” چییە؟ ئایا “مێژوو” هێزێکی ئاسمانییە، ئایا بەرنامەڕێژییەکی میکانیکی سەرووی کۆمەڵگەیە، ئایا یاسایەکی داڕێژراو و پێشبینییەکی زانایانەیە؟

ئەوەی کە ئەم بۆچوونە دیتێرمینیستییە پشت بە بێچەندوچوونی مێژوویی [الحتمية التاريخية] دەبەستێت، خۆی بەیانگەری خۆیەتی و ئەوەی کە مێژوو لە دەرەوەی کارکرد و ویستی مرۆڤەکانەوە دەبێت و ئەوەی کە مرۆڤەکان بە ڕۆبۆتێکی ناچار بە پەیڕەوکردن و ملکەچیی بۆ بنەماکانی ڕێکخستنی ئابووریی و گەشەی ئابووریی دەبینێت، نکۆڵیهەڵنەگرە. ئەگەرنا قسەکردن لەوەی کە مێژوو فەرمان بە مرۆڤەکان بدات و ئاراستەی ژیان و ڕێکخستن و پێکهاتنیان دیاریبکات و پێکهێنانی پارلەمان یا هەڵوەشاندنەوەی پارلەمان بخاتە ئەستۆی ڕۆبۆتەکانی، بێجگە لە پووچگەرایی هیچی دیکە نییە! ئەمە هەمان بڕوای زۆرەکییانەی [عقيدة الجبرية] ئایینەکانە بۆ ڕۆڵی مرۆڤ لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و ئەرك و بەڕێوەبردنی کار و بارەکانیدا، کە بەگوێرەی ئەو تێڕوانینە مرۆڤ لە نێوچەوانی نووسراوە دەبێت ئەوە بکات و ئەوە بێتەڕێی کە بۆی دیاریکراوە، واتە لە تێڕوانینی دیتێرمینیستیدا مێژوو هەمان ڕۆڵی خوای ئاسمانەکانی هەیە و مرۆڤیش کۆیلەیەکی ناچار بە پەیڕەوی چارەنووسێك کە بۆ دیاریکراوە !

دەکرێت بڵێین، بۆرجوازی وەك هەوڵێك بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی، پەنای بۆ پارلەمان وەك دەزگەیەکی میانجیگەری نێوان باڵ و هێزە دەسەڵاتخوازەکان و ئاشتکردنەوەیان لەسەر خوانی مشەخۆرانەی چینایەتی، بردووە و ناچاربووە دروستیبکات و مل بە دەنگدانی گشتی بدات. هەروا دەتوانین بڵێین، پڕۆلیتێرەکان [تاکە نادارا و بێدەسەڵاتەکان] بۆ ڕزگاربوونیان لە کۆیلەتی و سەروەریی چینایەتی، ناچارن هەموو دەزگە ڕامیارییەکان لەنێوبەرن و لەپێش هەموویانەوە پارلەمان و سیستەمە نوێنەرایەتییەکەی. بەڵام ناتوانین وەك ئاییندارێك بڕوا بەخۆمان بهێنین، کە ئێمە ڕۆبۆتێکی ناچار و پرۆگرامکراوی جیبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا “مێژوو”ین ! چونکە ئەوە ئامادەیی ئێمەیە بۆ کۆیلەتی، کە سەروەریی بۆرجواکان مسۆگەردەکات و ئەوە یاخیبوونی ئێمەیە لە کۆیلەتی، کە سەروەریی چینایەتی لەنێودەبات و ئەوە کارکرد و ویستی مرۆڤە هوشیارەکان و پاشرەویی ناهوشیارەکانە کە ئاراستەی مێژوو دیاریدەکات، نەك هێزێك لە سەرووی تاك و جڤاکەوە. وەها ویستێك [ئیرادەیەك] بە خودهوشیاریی شۆڕشگێرانەوە پەیوەستە، کە لە تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بەڕەتکردنەوەی هەموو هەوڵ و بەرنامە و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی سەرهەڵدەدات و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرجەستەدەبێت و دەىێتە بەشێك لە بیرکردنەوە و ئەزموونگیریی کۆمەڵگە !

ئه‌ركی مێژوویی كاپیتالیزم خۆی و پارله‌مانه‌كه‌یتی كه‌ به‌رده‌وام به‌ ڕێگای ڕیفۆرم و چككردنی گوزه‌رانی (( هاونیشتمانی !! )) یه‌كانی و پێشخستنی شارستانیه‌ت و زانست و ته‌كنه‌لۆژیا ، (( پله‌ به‌ پله‌ )) كۆمه‌ڵگاكه‌ی بباته‌پێشه‌وه‌ ، واته‌ پته‌وكردن و نه‌شه‌ونمای هه‌میشه‌یی كۆمه‌ڵگاكه‌ی دابین بكات ، وه‌ سه‌رئه‌نجامی واقیعی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پرۆلیتاریا ، بریتییه‌ له‌ :

(( كرێكار له‌ هه‌ژاری خۆی زیادئه‌كات هه‌چه‌ند له‌و سامانه‌ زیابكات كه‌ به‌رهه‌می ئه‌هێنێ ، وه‌ هه‌رچه‌ندیش هێزو پله‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیادبكات . كرێكار ئه‌بێته‌ هه‌رزانترین كاڵا هه‌رچه‌ند ژماره‌ی ئه‌و كاڵایه‌ی زیادكرد كه‌ دروستی ئه‌كات ……

جارێکی دیکە، ئەگەر باوەڕمان بە ئەرکی مێژوویی هەبێت، کەواتە بڕواشمان بە قۆناخبەنییەکان وەك پێداویستییەکی مێژوویی دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایانەش دەبێت مل بە ملهوڕیی مێژوو بدەین و مرۆڤایەتی ناچاربووە هەموو قۆناخەکانی تائێستا ببرێت و بەگوێرەی ئەو بۆچوونە تەنانەت ئەگەر هەموو پرۆلیتێرەکان [کۆیلان، جوتیاران، کرێکاران و توێژە نادارا و بێدەسەلاتەکانی دیکەی ئەم ڕۆژگارە] خودهوشیاریی شۆڕشگێڕانە و سوشیالیستخوازانەشیان هەبووایە، ئەوا نەیاندەتوانی بەر ئاراستەی مێژوو بەرەو ئەم ڕۆگارە [کۆمەڵگەی سەرمایەداریی] بگرن. بەواتایەکی دیکە پێویستە دەستبەرداری هەموو چالاکی و تێکۆشان و هەوڵدانێك ببین و چاوەڕێی خوا “مێژووی دەرەوەی ویستی مرۆڤەکان” بکەین و هەموو جەنگ و سەرکوت و برسیەتی و نایەکسانی و سووکایەتی و بەهرەکێشیی و چەوسانەوەیەك بە شتێکی پەسەندکراو و ناچاریی وەربگرین!

ئایا هیچ دەزگە و ڕاگەیاندن و ئیدئۆلۆگێکی سەرمایەداریی دەتوانێت باشتر لە نووسەری ئەم دێرانە، ڕەوایەتی بە کۆمەڵگەی چینایەتی بدات و پاساوی مێژوویی بۆ سەروەریی چینایەتی و درێژەکێشانی تا ئەم ڕۆژگارە بهێنێتەوە ؟

“…. كرێكار هه‌رچه‌ند زیلتر وه‌به‌رهم بهێنێ كه‌متر ئیستهلاك ئه‌كات وه‌ هه‌رچه‌ند نرخی به‌رهه‌مهێنراوه‌كانی زید ببێ خۆی زیاتر له‌وه‌ كه‌م ئه‌بێته‌وه‌ ، … وه‌ هه‌رچه‌ند مه‌ده‌نیه‌تی بابه‌ته‌كه‌ی زیادیكرد كرێكار وه‌حشیتر ئه‌بێ ، وه‌ هه‌رچه‌ند داهێنان له‌كاردا زیادیكرد كرێكار گێلۆكه‌ترئه‌بێ و كۆیلایه‌تی بۆ سروشت زیاتر ئه‌بێت .

ئەمە چ داهێنان و پێگەییشتنێکی تیئۆرییە، کە نووسەر ئافراندوویەتی، بە چ بەڵگە و بنەمایەکی لۆجیکی و هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نووسەر دەیهەوێت بۆ ئێمەی بسەلمێنێت، کە ئەگەر کرێکار زیاتر بەرهەمهێنێت، ئەوا کەمتر بەکاردەبات؛ ئایا گەدە و ئارەزووی پۆشاکگۆڕین و کێبركێ و چاولێگەریی کەمدەکەن، یا بە بینی زۆری بەرهەمەکان، ئارەزەوومەندیی کەمدەکات؟

بەپێچەوانەی ئەم پێگەییشتنە ئەنتیکەی نووسەرەوە، کرێکار لە هەر سەردەم و کاتێکی دیکە، زیاتر بە کولتووری بەکاربەریی نادەربەستانە ئالوودەبووە و کرێکار لە هەموو سەردەمێکی دیکە زیاتر بووەتە ڕاگریی سیستەمی سوودی بانکیی و کرێکار لە هەموو سەردەمێك زیاتر ساخکەرەوەی کاڵای خۆیەتی. ئایا مەبەست لە “مه‌ده‌نیه‌تی بابه‌ته‌كه‌ی ” چییە، کە کرێکار ” وه‌حشیتر ” دەکات؟ ئەی ” وه‌حشی ” چییە، مەگەر مەبەست لەو دەستەواژە دژە-مرۆییە لوتبەرزانەی وردەبۆرجوازی، “ناشارستانیبوون” نییە؟ ئەدی چۆن تاکو مرۆڤ شارستانیتر بێت، ناشارستانیتر دەبێت؟ من لە بابەێکی دیکەدا دەگەڕێمەوە سەر واژە و چەمکی ” وه‌حشی” کە کۆمونیستەکان زۆر بە شانازییەوە بەکاردەبەن و بەو هۆیەوە سووکایەتی بە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان دەکەن، کە هێشتا وەك بەشێك لە سروشت لە دەرەوەی بازاری سەرمایە دەژین. هەروەها بە کام پێوەر و لۆجیك مرۆڤ بە داهێنان لە کاردا گێلتر دەبێت، مەگەر کاری کۆمەڵایەتیی ئافەرێنەری هوشیاریی و مرۆڤ و بەرجەستەکردنی ئەزموونەکانی نییە؟ لەوە بەدبەختیتر ئەوەیە، بەکامە پێوەر مرۆڤ بە زیاتربوونی داهێنانەکانی، کۆیلەتی بۆ سروشت زیادیکردووە؟ سروشت چییە، ئایا مرۆڤ [کرێکار] لە دەرەوەی سروشت چییە و بوونی هەیە؟

هیوادارم خوێنەرانی ئازیز، لەم بارەوە کۆمەکی منی کڵۆڵ بکەن و تێمگەیێنن، کە ئەو دەستەواژانەی سەرەوەی نووسەر، چۆن پێکەوە کۆدەکرێنەوە و یەکدەگرنەوە و چ پێوەر و لۆجیکێك پەسەندەیاندەدات. هەروەها بێجگە لەو پرسیارانەی سەرەوە، ئایا پێشکەوتنی چینایەتی و داهێنانی سەروەرانە، وێرانگەری سروشت و لەنێوبەری سروشتی مرۆڤ و کردنی بە ڕۆبۆت و دوورخەرەوەی نییە لە سروستیبوونی ؟

” … ڕاسته‌ كار شتی جوان بۆ ده‌وڵمه‌نده‌كان وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام نه‌بوونی بۆ كرێكار وه‌به‌رهه‌م ئه‌هێنێ . كار كۆشك و ته‌لار وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام كوخ بۆ كرێكار ، جوانی وه‌به‌رئه‌هێنێ بڵام شێواوی _ التشوه‌ _ بۆ كرێكار … زیره‌كی وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام ده‌به‌نگی و گێلۆكه‌یی بۆ كرێكار … _ ماركس _ العمل المغترب )) .

بڕواناکەم لە هیچ زمانێکی دونیادا داڕشتن و دەربڕینی هێندە پەڕپووت بوونی هەبێت، تا ئەوە دەربرینی مارکس بێت. خوێنەری هێژا سەرەتا سەرنجی ئەم وەرگێڕانە بدەن ” كار كۆشك و ته‌لار وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام كوخ بۆ كرێكار ، جوانی وه‌به‌رئه‌هێنێ بڵام شێواوی _ التشوه‌ _ بۆ كرێكار … زیره‌كی وه‌به‌رئه‌هێنێ به‌ڵام ده‌به‌نگی و گێلۆكه‌یی بۆ كرێكار … “

بێجگە لەوە، ئایا مەبەستی مارکس لە “کار”ە بەگشتی یا “کار” لە سایەی سیستەم و ڕێکخستنی چینایەتیدا ؟ ئەگەر مەبەستی ئەوەیە، کە نووسەر دەیەوێت بە ئێمەی بگەیێنێت، ئەی مارکس “کار” لە سیستەم و ڕێکخستنی کۆمونەیی [کۆمونیزم]دا چۆن پێناسەدەکات؟ ئەگەر هەمان پێناسەی بۆی هەیە و دەخوازێت هەڵوەشێتەوە، چی جێگەی کار دەگرێتەوە و بەبێ کار، مرۆڤ چۆن پێداویستییەکانی خۆی دابیندەکات؟

كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش له‌ دمێكه‌وه‌ توانای له‌ناوبردنی خۆی ڕخساندووه‌ ، ……..
….. جگه‌ له‌وه‌ش ته‌نیا ئه‌و سامانه‌ زۆره‌ی برجوازیه‌ت به‌كاریدێنێ بۆ داموده‌زگاكانی سوپا و ئه‌من و پۆلیس ودین و بیرۆكراسییه‌كان ، هه‌ر ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ بۆ كۆمه‌ڵ به‌سه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا.

ئەگەر خۆم لە سەرنجدانی پەڕپووتیی داڕشتنی دەستەواژەکان لابدەم و هەڵە ڕێزمانییەکان ڕاستنەکەمەوە، ئەوا ئەوەندە بەسە، بڵێم ئەم بۆچوونەی نووسەر لەمەڕ ڕەخسانی زەمینە لەنێوچوونی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و لە توانابوونی سەرکەوتن بەسەر کۆمەڵگەی چینایەتییدا، سەلمێنەری دروستی بۆچوون و لێکدانەوەی منە بۆ بۆچوونە دیتێرمینیستییەکانی ئەو، وەك ئەوەی پێشتر ڕۆشنمکردەوە. کە لە بۆچوونەکەی ئەودا مرۆڤایەتی ناچار و سزاوارە بە هاتن و ملدان بە سەرمایەداری و پڕۆلیتێرەکان نەیاندەتوانی لە ڕەوتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییاندا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو شوێنێکی دیکە ئاراستەبکەن؟ ئایا ئەمە ئەو نائومیدییە نییە لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی یا ئەو هەلپەرستییە سازشکارییە نییە، کە کاوتسکی پێیگەییشت ؟

کەواتە با ئێمە ڕوو لە بزواندنی سۆزی سەروەران بنێین و کۆیلەتییەکی کەمێك خۆشتر و باشتر و خۆشگوزەرانەتر بۆ خۆمان دابینبکەین، هەروەك لەم ڕۆژگارەدا چەپەکان بە ڕوونان لە ینک و پدک دەیکەن ! کاتێك کە گۆڕان و ڕوخانی سیستەمی چینایەتی لە دەرەوەی کار و چالاکی و خەبات کۆیلەکانییەوە بێت و تەنیا خوا “مێژوو” دیاربکات و بەبێ هاتنەدی ئەو مەرجە خواکردانە “مێژووکردانە” هیچ شتێك توانانی ڕوودانی نەبێت و هێڵی ڕەوتکردنی مێژوو دیاریکراوبێت و لادان و تەینەکردنی ئەستەم بێت، ئیدی قسەکردن لە کۆمەڵگەیەکی باشتر چ پێداویستییەکی هەیە. بە گوێرەی ئەو بۆچوونەی نووسەر، باشتر نییە هەموو کۆمونیستەکان ببنە سەربازی سەرمایەداری، بۆ ئەوەی ڕەوتی گەشەکردن و زووتێپەڕبوونی ئاسانتر و بە بەزییانەتر بکەن ؟

بەبۆچوونی من، ئەمە هەر ئەو پاگەندانەن، کە کۆنە ئەندامەکانی (کۆڕەک) و باڵە جیاوەبووەکەی گروپی کۆمونیستی ئینتەرناسیونالیست [باڵەکەی کوردستانی] لە دەمی هەڵبژاردنی ئایاری ١٩٩٢دا دەیانکرد و دەیانگوت ” بڕینی قۆناخی دێمۆکراسی پارلەمانی، پێشمەرجی گەییشتن بە سۆشیالیزمە، لەبەرئەوە دەنگدان بە ینک، مسۆگەرکەری زووتر گەییشتنە بە سۆشیالیزم وەك حەتمەتێکی مێژوویی”، ئەگەر نا، پەیامی بێهوودەیی و بێویستی مرۆڤ لە بەرانبەر زۆرداریی مێژوودا، دەیەوێت چی بە ئێمە بڵێێت؟

من لە بەرانبەر ئەو بۆچوونانەدا تەنیا ئەوەندە بەسە بڵێم، بێچەندوچوونی مێژوویی [الحتمية التاريخية ] لاساییکردنەوەیەکی نەزانانەی کولیچەخواردنی مرۆڤە خوداپەرستەکانە لە ئاسمان بەگوێرەی ئەو چارەنووسەری کە خوای ئاسمانەکان بۆ مرۆڤایەتی دیاریکردووە!

به‌پێش چاومانه‌ له‌ پێشكه‌وتوترین ووڵاته‌وه‌ تا ناوبراو به‌ دواكه‌وتوترین ووڵات ، ده‌وڵت زیاتر له‌نیوه‌ی به‌رهه‌می كۆمه‌ڵ به‌كارێنێ بۆ ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی كه‌نك هه‌ر كه‌مترین هاوبه‌شی ناكه‌ن له‌به‌رهه‌مهێناندا به‌ڵكو هه‌موو مه‌به‌ستێكیش له‌ بوونیان ته‌نیا پاراستنی سه‌روه‌رێتی چینایه‌تییه‌ ، چونكه‌ سه‌روه‌رێتی چینایه‌تی نیه‌ به‌بێ سوپا و ئه‌من و پۆلیس و دین و بیركراسییه‌ت و …. “

لێرەدا پێویستە بپرسین، ئەگەر لە دەرەوەی ویستی تاکەکانەوە، ئەوە تەنیا “مەرجە مێژووییەکان”ن کە سەرهەڵدان و مانەوە و لەنێوچوونی قۆناخە مێژووییەکان دیاریدەکەن، ئیدی بۆچی و لەپێناو چی دەوڵەت نیوەی بەرهەمی کۆمەڵ [مشەخۆریی ڕەنجی بەرهەمێنەران] بۆ ئەو دەزگە بێبەرهەمانەی کە سەروەریی چینایەتی دەپاریزن، تەرخاندەکات؟ ئایا پاراستنی سەروەریی چینایەتی لە کێ، کاتێك کە بەگوێرەی بۆچوونی خودی نووسەر تاك/ ژێردەستەکان لە گۆڕین و ڕوخانی سیستەم و سەروەریی چینایەتیدا ‌هیچ ڕۆڵێکیان نییە ؟

هه‌ربه‌مپێیه‌ گیروگرفتی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستپێناكات كه‌ گوایه‌ كۆمه‌ل َ دواكه‌وتووه‌ و توانی ماددی كامڵ نه‌بووه‌ بۆ وه‌دیهێنانی كۆوڵگایه‌كی ناچینایه‌تی ، به‌ڵكو لوێوه‌ ده‌ستپێئه‌كات كه‌ : به‌رهه‌م چۆن دابه‌شئه‌كرێ له‌ كۆمه‌لدا ؟ ….. ، به‌ڵكو له‌ له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تیدایه‌ ، وه‌ به‌به‌رنامه‌ی لانیكه‌منا ، به‌ڵكو به‌رنامه‌ی لانی زۆریش نه‌له‌دوور و نه‌لونیكه‌وه‌ ناكه‌وێته‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی چینایه‌تیی ،

نووسەر چەند پەرەگراف پێشتر پێچەوانەی ئەم دەربڕینەی لە “كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریش له‌ دمێكه‌وه‌ توانای له‌ناوبردنی خۆی ڕخساندووه‌ ، ….. …. ، هه‌ر ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ بۆ كۆمه‌ڵ به‌سه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا. ” دەدوێت. کەچی لێرەدا دەڵێت “… كه‌ گوایه‌ كۆمه‌ل َ دواكه‌وتووه‌ و توانی ماددی كامڵ نه‌بووه‌ بۆ وه‌دیهێنانی كۆوڵگایه‌كی ناچینایه‌تی ،” !

هەڵبەتە تا ئێرە، ئەمە یەکەمین دەستەواژەیە کە تێیدا نووسەر گومان لەسەر تێڕوانینی دیتێرمینیستانەی خۆی و کۆمونیستەکانی دیکە دادەنێت. بەداخەوە هەرچەندم کۆشا نەمتوانی لە دەستەواژەکانی دیکەی ئەو پەرەگرافەی تێبگەم و نازانم ئایا ئەم دەستەواژە ” به‌ڵكو لوێوه‌ ده‌ستپێئه‌كات كه‌ : به‌رهه‌م چۆن دابه‌شئه‌كرێ له‌ كۆمه‌لدا ؟” دڕێژەی ئەو گومانەیە کە بە “گوایە” دایدەنێت یا ڕەتکەرەی ئەو گومانەیە و دەیەوێت دێژە بە دڵنیایی و بڕوای بە دیتێرمینیزم بدات. چونکە هەرچەند وردبوومەوە، نەمتوانی لەم دەستەواژە تێبگەم ” به‌ڵكو به‌رنامه‌ی لانی زۆریش نه‌له‌دوور و نه‌لونیكه‌وه‌ ناكه‌وێته‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ خاوه‌ندارێتی چینایه‌تیی ، ” !

ئه‌م بۆچوونه‌ هیچنیه‌ جگه‌ له‌ داماڵینی پرۆلیتاریا له‌ ماهییه‌ته‌ مێژووییه‌كه‌ی . پرۆلیتاریا چینێكه‌ له‌سه‌ر ئاستی مێژووی مرۆڤایه‌تی و ئه‌ركه‌كه‌یشی تاكه‌ ئه‌ركێكی مێژووییه‌ و له‌یه‌ك پرۆگرامی مێژوویدا كوتئه‌بێته‌وه‌ : هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی سیسته‌می كاری كرێگرته‌ ، وه‌ بۆئه‌وه‌ش هیچ ڕێگه‌یه‌ك شكنابات جگه‌ له‌ شۆڕش ، شۆڕشیش واتای گۆڕانكاری ئابوری و سیاسی نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵدا ، به‌ ڵكو سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ر چینه‌كاندا .

وێڕای چەندبارەبوونەوەی ” ماهییه‌ته‌ مێژووییئاستی مێژووئه‌ركێكی مێژووییپرۆگرامی مێژووی .. ” کە بە بۆچوونی من، ئەم شێوازە لە لێکدانەوە و خستنەڕووی بوون و دیاردە و شتەکان، تەنیا ئایدیالیزەکردنی مێژووە و بەس. هەروەها وێناکردنی پرۆلیتاریا وەك یەکەیەکی سەراپا هوشیار و سەراپا شۆڕشگێر، بێجگە لە لاساییکردنەوەی دەقاودەقی [هەڵبژاردنی یەهودییەکان لە تەورات و کریستەکان لە ئینجیل و عەرەبەکان لە قورئان]دا بە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی و شانازی ئایینەکە و پەیامهەڵگرانی ئایینەکە، هیچی دیکە نییە. ئەگەر پڕۆلیتاریا بەو پێوەرە ئایدیالیستییە و تێڕوانینە دیتێرمینیستییە، چینێکی سەراپا شۆرشگێڕ و ڕەتگەرەی کۆیلەتی خۆی و سەروەریی داراکان بووایە، دەبوو بەلایەنی کەمەوە سیستەمی سەرمایەداری یەك ڕۆژ توانای پایەدارمانەوەی نەبووایە. بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوە پڕۆلیتێرەکان و منداڵانی ئەوانن، کە هێزی پۆلیس و سوپا و ڕیزی دەنگدەر و ئەندامانی پارتەکان و دژەشۆڕش پێکدەهێنن. ئەگەر نا، هەژماری چەند هەزار کەسیی سەرمایەدار و دەسەڵاتدارێك لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانییەکان و پارلەمانەکان و فەرماندارییەکاندا، توانای ڕاگرتنی نزیکەی حەفت ملیارد مرۆڤی کۆیلەی نییە !

هەروەها بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، چۆن سەرکەوتن بەسەر چینەکاندا ڕوودەدات و چۆن نەگەڕانەوەی چینەکان مسۆگەردەکرێت، بێجگە لەوە، ئەی کێ شۆرش بەسەر چینەکاندا دەکات، ئایا هێزێکی دەرەکی وەك “خوا” یا بوونەوەرانی ئەستێرەکانی دیکە ئەنجامیدەدەن ؟

” … له‌ كاتێكا پرۆلیتاریا سه‌رئه‌كه‌وێ ، له‌هیچ حالێكدا نابێته‌ لایه‌نی سه‌روه‌ر له‌ كۆمه‌ڵدا ، چونكه‌ ئه‌وكات سه‌رئه‌كه‌وێ به‌سه‌ر خۆی و دژه‌كه‌یدا . ئه‌وكاته‌ پرۆلیتاریا وونئه‌بێ ، هه‌روه‌ك چۆن دژه‌كه‌شی ، كه‌ سنوری بونی ئه‌و دیارئه‌كات ، وونئه‌بیت ، كه‌ ئه‌ویش خاوه‌ندارێتی تایبه‌تییه‌ . – ماركس – العائله‌ المقدسه‌ } .

لێرەدا دیسان دەگەڕێمەوە سەر پەرەگرافی پێشووتر و دەپرسم: بەبێ گۆڕان و لەنێوبردنی زمینە ئابوورییەکانی کۆیلەتی پڕۆلیتاریا، چۆن پڕۆلیتاریا وندەبێت و دژەکەشی لەنێودەچێت؟ ئایا بەبێ گۆڕانی ئابووری بەواتای گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، لەنێوبردنی دارایی تایبەت لەتوانادا دەبێت؟ هەڵبەتە من لێرەدا مەبەستم لە گۆڕانی ئابووریی، گەشەکردنی بنەمای ئابووریی و تێپەڕاندنی ناچارییانەی قۆناخەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی نییە، بەڵکو مەبەستم لە سەرهەڵدانی ناکۆکییە لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا، کە دەبێتە سەرهەڵدانی یاخیبوونی چینایەتی لە سەروەریی چینایەتی، کە لەو بارەدا بێجگە لە دوو ڕێگەچارە زیاتر لەبەردەمدا نامێننەوە: یا لەنێوبردنی پرۆلیتاریای یاخیبوو لەلایەن سەروەرانەوە، کە چیدی توانانی مانەوە و ملدانی بە سەروەیی نەماوە، کە ئەمەش دەکاتە تێداچوونی کۆمەڵگەی چەند چین. [مەبەستی من لە پڕۆلیتاریا تەنیا کرێکارانی پیشەسازی نین، بەڵکو تاکی هەموو چین و توێژە نادارا و بندەستەکانی سەرمایەدارییە، کە چینێکی بنکە فراوانی کۆمڵایەتی پێکدەهێنن]؛ یا ڕێگەی دووەم، لەنێوبردنی سەروەریی چینایەتی [وەك نووسەریش پێداگریی لەسەر دەکات]، کە بێجگە لە لەنێوبردنی کۆیلەتی چینایەتی پڕۆلیتاریا، ‌هیچی دیکە ناتوانێت بگەیێنێت ! بەڵام لەبیرماننەچێت، وەها یاخیبوون و ئاڵوگۆڕێك تەنیا بەرەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە و شۆڕشی کۆمەڵایەتیش لە گۆڕانی شێوازی خواردن و قسەکردن و بیکردنەوەوە بیگرە تا شێوازی مانگرتن و لەنێوبردنی سیستەمی چینایەتی و شێوازی پەروەردەکردنی مرۆڤی خودهوشیار و خودکارا و بنیاتنانی کۆمەڵگە ناچینایەتی دەگرێتەوە و هیچ گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی بەبێ هاوەڵدووانەیی گۆڕانی ئابووریی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و خۆڕێکخستن ئەستەمە ڕووبدات، کە هاوکات بریتییە لە گۆڕانی هۆشیی [هوشیاریی، ئاوەزیی، شێوازی بیرکردنەوە] و گۆڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بنەما و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی ژیان و ڕێکخستن و پێکهاتنی کۆمەڵگە ، کە لەم ڕۆژگارەدا هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای سوود و بەرژەوەندی سەرمایەداریی ڕێکخراون و پێکهاتوون و ئاراستەدەکرێن، بەواتایەکی دیکە سەرمایەداریی سیستەمی کارکردن و بەڕێوەبردن و شێوازی [ستایلی] ژیان و شێوازی بیرکردنەوەی باوە، ئەوی بخوازێت سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕێت، ناچارە کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی کارکردن و بەڕێوەبردن و شێوازی ژیان و بیرکردنەوە بکات، نەك دروشمدان لە دەرەوەی کایەکانی کارکردن و ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر بە دروشم و توندوتیژی و ڕامیاریی و پارتایەتی توانای گۆڕانی سیستەمی چینایەتی هەبووایە، هەنووکە دوو سەدە بوو، کە کۆمەڵگەی چینایەتی لەسەر دەستی بلانکییەکان گۆڕدراوبوو !

بوونی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌رێتی له‌ كۆمه‌ڵدا بوونی چه‌وسلندنه‌وه‌ و ناكۆكی چینایه‌تییه‌ ، پرۆلیتاریاش واهاتووه‌ چه‌وساندنه‌وه‌ی مرڤ له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ له‌ناوببات . ….

پڕۆلیتاریا لە کوێوە هاتووە و چییە و کێیە و کێ ئەو هاتنەی ئەوی دیاریکردووە و کێ ئەو ئەرکەی بەو سپاردووە ؟ ئایا پڕۆلیتاریا مرۆڤی کۆیلەکراوە یا یا پەیامبەری گۆڕین و لەنێوبردنی کۆمەڵگەی چینایەتی؟ کێ ئەو پەیام و ئەرکە پیرۆزەی بەو سپاردووە؟ لە تابلۆی تۆمارکراو/پارێزراو (اللوح المحفوظ)دا ئەو ئەرکەی بۆ دیاریکراوە یا لە ئایدیۆلۆجیای “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا”دا؟

بەبۆچوونی من، وێناکردنی پڕۆلیتاریا [چ بە واتا مارکسیستییەکەی “کرێکارانی پیشەسازیی” و چ بەواتا لاتیینییەکەی بەکرێگیراوان “هەموو کەسێکی نەدار و ژێردست، کە بۆ بژێوی ناچار بە فرۆستنی هێزی کاری بێت”] وەك یەکەیەکی هاوئاهەنگ و یەکدەست و سەراپا هوشیار و شۆڕشخواز و هاوپشتیگەر و هاریکار و هەرەوەز و دژە-دەسەڵات و دژە-سەرمایەداریی و دژە-سەرکوت و دژە-نایەکسانی و دژە-چەوساونەوە، تێڕوانینێکی ئایدیالیستییە و زۆر لەو کەتوارەوە دوورە، کە تێیدا پڕۆلیتێرەکان لەسەر بە سەروەرکردنی ڕامیاران و پارتەکان چاوی یەکدی دەردەکەن و بۆ ڕازیکردنی دڵی خاوەنکارەکەیان، پاشقول لەیەکدی دەگرن و ملی یەکدی دەشکێنن. ئەمە بێجگە لەوەی کە سەرپای سوپا و پۆلیس و ئەشکەنجەدەران و زیندانەوان و تیرۆرستان و پارت و بزووتنەوە ئایینیی و نەتەوەیی [ناسیونالیست] و ڕەگەزپەرست [سێکست] و ڕەیسیست و کۆنەپەرستەکان لە پڕۆلیتێرە ناهوشیار و خۆشباوەڕەکان پێکهاتوون و پێکدێن. چونکە ئەگەر پڕۆلیتێرەکان ئەوانە بوونایە، کە نووسەر وێنایاندەکات، ئەوا نە سەرمایەداری دەیتوانی ببێتە قوناخێکی گەشەکردنی کۆمەڵگەی چینایەتی و نە خودی پڕۆلیتێرەکان ڕەدووی فاشیزم و نازیزم دەکەوتن و نە پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩١٧ ئاوا بەئاسانی لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە بزووتنەوەکانیان؛ کۆمیتەی کارخانەکان و شوراکان و ڕاپەرینەوەکانیان، تێکدەشکێندران! ڕاستە کەتوار پێچەوانەی ئارەزوو و خەونی ئێمەیە و بۆ ئێمە خوازراو نییە، بەڵام ناچارین لەبەرچاویبگرین و بەو جۆرە مامەڵەی لەتەکدا بکەین، کە هەیە، نەك بەو جۆرەی کە ئارەزووی دەکەین و لە خەیاڵی خۆماندا ئافراندوومانە، هەر ئەم هۆکارەشە، کە بەرەو خۆبیرکردنەوە و خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێکردن دنەماندەبات و پارتایەتی و سیستەمی ڕامیاریی و پێشڕەوبازیی کۆمونیستەکان وەك دژە-شۆڕش لەبەردەمماندا بەرجەستەدەکات!

ئه‌وتا له‌ پرۆسیسێكی دووسه‌د ساڵه‌دا ، واته‌ له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ تا ئێستا ، جیهانی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕیفۆرم و دیموكراسییه‌ت گه‌شه‌ ئه‌كات و پرۆلیتاریاش هه‌موو مافێكی دراوه‌تێ ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی مافی شۆڕشی لێبسه‌ندرێته‌وه‌ … “

شۆڕش یا نییە یا جیهانییە و هیچ شوناسێك وەرناگرێت. “شۆڕشی فەرەنسی” واتای چییە و جیاوازی لەتەك شۆڕشەکانی دیکدا چییە ؟ ئەگەر جیاوازی هەیە، چییە و لە کوێیدایە ؟ ئەگەر جیاوازی نییە، ئەدی بۆچی شوناسی بۆ دیاریدەکرێت. پاشان “شۆڕش” ڕاپەڕین و یاخیبوونێکی ساتەکی نییە، تاکو ساڵ و شوێن و قۆناخێکی بۆ دیاربکەین. شۆڕش پرۆسێسێکی مێژوویییە و لەوەتەوەی ژیان هەیە، مرۆڤایەتی لە شۆڕشدایە؛ شۆڕش لە ژیاندا و شۆڕش لە بەرانبەر ڕێکخستنی چینایەتی و شۆڕش لە بەرانبەر هێزە کۆنەپارێزەکان، هەر ئاوا بڕیاریش نییە، پاش کۆتاییهاتنی کۆمەڵگەی چینایەتی، ئیدی شۆڕش بوەستێت، چونکە وەستانی شۆڕش دەکاتە وەستانی مێژوو و وەستانی مێژووش دەکاتە کۆتایی ژیان لەسەر گۆی زەوی [لێرەدا تەنیا مەبەست لە ژیان لەسەر گۆی زەویی و کۆمەڵگەی چینایەتی لێرە و شۆڕش بەو دەرکەی لەم ساتەدا هەمانە] .

من لەو بڕوایەدانیم، کە جیهانی سەرمایەداری لەسەر بنەمای “ڕیفۆرم و دێمۆکراسی” بەو واتا گشتگیرەی نووسەر، گەشەبکات. چونکە وەك پێشتر گوتم، هەموو ڕیفۆمەکان یەکسان نین و میکانیزمی ڕێکخستنی سیستەمی سەرمایەداریش، دێمۆکراسیی نییە و هەر شتێکێش سەروەران پاگەندەی بکەن، ناکاتە ئەوەی کە ڕاستدەکەن و هەر ئەوەیە کە ئەوان خوازیارن وابێت و پاگەندەی دەکەن!

با لەم بارەوە بە چەند نموونەیەك پرسیاربکەین: زیندانەوانەکان خۆیان بە پارێزەری جەماوەری ژێردەست و خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن، ئایا دەتوانین ڕەوایەتی و دروستی بەمە بدەین؟ پارتەکان و ڕامیاران لە دەمی هەڵبژاردنەکاندا زۆربەی داخوازییەکانی ژێردەستان بەرزدەکەنەوە، ئایا ئەمە دەتوانێت بەواتای دژە-شۆڕشبوونی ئەو داخوازییانە بێت [ینک لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢دا دروشمی ٣٥ سات کاری هەفتانەی بەرزکردەوە!] ؟ بۆلشەڤیکەکان، مائوئیستەکان، …تد لەژێر ناوی پڕۆلیتاریادا هەموو ناڕەزایەتییەکی پڕۆلیتیرییان سەرکوت و کوشتوبڕکرد، ئایا دەتوانین بڵێین، ئەو سەرکوت و کوشتوبرانە بەشێكن لە شۆڕش و درێژەی ڕاپەڕینی ١٩١٧ و شۆڕش بوون؟

دێمۆکراسی وەك چەمك و واتای بنەڕەتیی، واتە خۆفەڕمانڕەوایەتی گەلیی، (گەل)یش واتە زۆرینەی کۆمەڵگە. ئایا لە هیچ سەردەمێکی کۆمەڵگەی چینایەتییدا زۆرینە توانیوویانە لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا بەشداربن؟ ئایا تەنانەت ئەو تاکە گەلییانەش، کە دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن، ئایا هیچ کاراییان لەسەر بڕیاری هەڵبژڕدراوان و دەسەڵاتدارانی نوێ هەیە؟ ئیدی چۆن دەتوانین پاگەندەی ئەوە بکەین، کە سیستەمی سەرمایەداریی، سیستەمێکی دێمۆکراسییە؟ ئایا دێمۆکراسی بەواتای دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لەنێوان پارتەکان و ڕامیاراندا؟ ئایا پارلەمان [نوێنەرایەتی ناڕاستەوخۆ] لە هیچ بڕیاردانێکدا لەسەر پرس و کار و بارێکی کۆمەڵایەتیی، پەیوەندی بە گەل و بە دەنگدەرانییەوە هەیە ؟

وێڕای “نا”بوونی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە، ئەگەر هەموو وەڵامەکانیش “ئەرێ” بن، دیسانەوە ناتوانین و ناکرێت دێمۆکراسی وەك گشتێك ڕەتبکەینەوە، چونکە دێمۆکراسی هەر لە یۆنانی کۆنەوە، دوو شێواز و ڕێچکەی لە خۆگرتووە؛ خۆبەڕێوەبەرایەتی شارە ئازادەکان [دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ پشت بەستوو بە بڕیاردان و جێبەجێژکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەشدارانەوە] ؛ پارلەمانتاریزم، سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی شارە ژێردەستەکانی ئیمپراتۆرەکان [وەك ئەوەی کە لەم ڕۆژگارەشدا هەیە]!

ئایا لە هیچ سەردەمێکی دێمۆکراسی پارلەمانیدا بەو جۆرەی کە نووسەر دەخوازێت وێنایبکات، پڕۆلیتێرەکان هەموو مافێکیان دراوەتێ؟ بۆ نموونە ئایا دەتوانن هەر کات ویستیان کۆنتراکتی کارەکەیان بوەستێنن و بڕۆن؟ ئایا مافی دیاریکردنی کرێی کارەکەی خۆیانیان هەیە، هەروا کە تەماتەفرۆشێك و سەرمایەدارێك نرخ لەسەر تەمامەتەکی، کاڵاکەی دادەنێت؟ ئایا کرێکار مافی بڕیاردانی لەسەر چۆنیەتی کارکردن و شێوازی کارکردن و کات و ماوەی کارکردن و چۆنیەتی بەرهەمهێنان و ..تد هەیە؟ ئایا هیچ کەس مافی ئەوەی هەیە، کە لە دەرەوە و پێچەوانەی دەسەڵاتی سەروەران [دەوڵەتمەندان، فەرمانداریی و دەوڵەت] بڕیار لەسەر چۆنیەتی ژیان و نیشتەجێبوون و کارکردنی بدات؟ ئیدی ئەو هەمووە مافانە کامانەن، کە نووسەر لەبارەیانەوە دەدوێت ؟

پاشان، شۆڕش ماف نییە، تاکو کەسێك بیدات یا بتوانێت لە پڕۆلیتێرەکانی بسێنێتەوە! هەر لە کۆنەوە گوتوویانە “ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت/ دەسەپێنرێت”. ئەگەر تێڕوانینی نووسەر لەمەڕ ماف و پێبەخشینی دروستبێت، ئەوا ئاوا کە ماف بەخشیشی سەروەران بێت، دەتوانرێت بسەندرێتەوە. بەڵام پێچەوانەی تێگەییشتنی حەزۆکیانەی نووسەر، نە ماف دەدرێت و نە شۆڕشیش مافە! شۆڕش ڕەوتی بەرەنگاریی مرۆڤە لەتەك هەر بوون و دەروبەرێك کە ڕێگە لە ئازادی و ئارەزوو و ئاسوودەیی ژیان و لە ویست و خواستی دەگرێت؛ شۆڕش پراکتیك و کارکردنی خودهوشیارانەی ئەوانەیە، کە دەخوازن سیستەم و سەروەریی کۆمەڵگەی چینایەتی لەنێوبەرن و بە خۆڕێکخستنی ئاسۆیی و خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ، کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی [سۆشیالیستی / ئەنارکی] بنیاتبنێن، ئەگەر نا ئەو کاریکاتێرە لە “شۆڕش”، کە وەك ماف سەروەران بیدەن و بیسەننەوە، تەنیا لە ئایدیۆلۆجیای دیتێرمینیستیدا بوونی هەیە، کە نووسەر لە سەراپای نووسینەکەیدا پێداگریی لەسەر دەکات و وەك گۆچانە جادوویەکەی موسا، ئەستەمەکان دەکات بە نائەستەم!

ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستی كه‌وتووه‌ ، ئه‌وه‌ به‌رله‌هه‌رچی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی و به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵدا و پته‌وكردنی ڕگه‌زه‌كانی سه‌روه‌رێتی چینایه‌تی بووه‌ ، واته‌ سوپا و ئه‌من و پۆلیس و دین و قوتبخانه‌ و بیركراسییه‌ت ….”

لێرەدا چەمك و واتای ڕیفۆرم زۆر بەگشتی خراوەتەڕوو و لە تێگەییشتنە چینایەتییەكان داماڵڕاوە. ڕیفۆرم بەواتای داڕشتنەوە یا گۆڕینی فۆرمی شتێك، لەبەرئەوە تێگەییشتنەكان لەم چەمكە بنەمایەكی چینایەتی لەخۆدەگرن. ھەروەھا ئەگەر تەنانەت ھەر بەواتا گشتیی و باوەكەی كە بە ھەڵە بۆ چاكسازیی بەكاردەبرێت، وەریبگرین، ئەوا ئەوەی بۆ خاوەنكارێك چاكسازییە، بۆ بەكرێگیراوێك بەواتای خراپسازیی دێت، بۆ نموونە ڕیفۆرم لە ماوەی كاردا، ئەگەر زیادبكرێت، بە قازانجی سەرمایەدار تەواودەبێت و ئەگەر بە ھەمان بڕی گشت كرێوە كەمبكرێتەوە، واتە ھیچ لە مووچەی ڕۆژانە و ھەفتانە و مانگانە و ساڵانە كەمنەكرێتەوە، ئەوا بە قازانجی كرێكار تەواودەبێت، ڕوودانی ڕیفۆرمەكە بە بارێكدا پەیوەندی بە ئامادەیی ھێز و فشارە چینایەتیی لایەكەوە پەیوەستە، ئەگەر كرێكار یەكگرتووبێت، ئەوا سەركەوتن بۆ ئەو دەبێت و ڕیفۆرم لە قازانجی ئەو تەواودەبێت، بەڵام ئەگەر خۆشباوەڕ و ناھوشیار پرشوبڵاوبێت، ئەوا لە قازانجی سەرمایەدار تەواودەبێت.

ڕیفۆمی كۆمەڵایەتییش لەسەر ھەمان بنچینە ڕوودات و ملكەچی ھاوسەنگی ھێز ھوشیاریی و ئامادەیی بەرە دژەكانە. ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتیی بە قازانجی سەرمایەداریی، واتە ڕامیارییكردن و گۆڕینی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە پەیوەندی ڕامیاریی و ڕێكخستنیان لەسەر بنەمای یاسای ڕامیاریی، كە خۆبەخۆ بە ھەڵوەشاندنەوەی ھەروەرزیی و ھاوپشتی كۆمەڵایەتیی كۆتاییدێت [لێرەدا زۆر لەسەر ئەو گۆڕینە و چۆنیەتی كاركردنی ناڕۆم، لەبەرئەوەی وەك بابەتێكی سەربەخۆ لە ھەلێكدا لەسەری كاردەكەم].

ھەر لەبەرئەوە، شتێك بەناوی ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتی لە دژی شۆڕش بوونی نییە و تەنیا دەتوانین قسە لە گێڕانەوەی باری كۆمەڵایەتیی پەیوەندییەكان بكەین، واتە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ڕامیارییكراوەكان و لەنێوبردنی سەروەریی پارێزەرانی، كە خودی یا سەراپای پەیام و ئامانجی شۆڕشی كۆمەڵایەتی پێكدەھێنێت! ئەگەر مەبەست لە ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی، مسۆگەریی و دابینکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان [کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکان] بێت، ئەوا بۆچوونێکی ئاوا، کە ئەو کۆمەکە کۆمەڵایەتییانە بە بەخشیش و بەخشندەیی ڕامیاران و دەوڵەت و سەرمایەداران بزانێت، لە شیرینکردن و جوانککردنی ڕوخساری دزێوی سیستەمی چینایەتی لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە لە شاردنەوە و نکۆڵیکردن لە خەباتی بێوچانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی لە سەدەکانی ڕابوردوودا بۆ ئەو دەستکەوتانە، زیاتر نییە! وەك زانراوە و دەزانین و کەتواری ڕووداوەکانی ڕابوردوو و ئێستاش هەر ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانە [کۆمەکی کۆمەڵایەتی]، کە ڕۆژانە ئیدئۆلۆگەکانی نیئۆلیبرالیزم کار لەسەر هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەیان دەکەن، بەرهەمی چەند سەدە خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانە، نەك بەخشندەیی یا پلانی سەرمایەداری !

لەبەر ڕۆشنایی ئەو بیرۆكانەی سەرەوە، سەرمایەداریی تەنیا لە ھەڵوەشاندنەوەی نەك شێوەگۆڕینی پەیوەندی كۆمەڵایەتیدا دەستكەوتی ھەبووە. دەكرێت ئێمە قسە لە ڕیفۆرمی پەیوەندی نائازاد و ھەرەوەزیی خێڵەكییانە بە پەیوەندی ئازادی تاك و ھەوەرزیی ھوشیارانە، بكەین [ئەمەش بابەتێكی دیكە و لە ھەلێكی گونجاودا كاری لەسەر دەكەم]، چونكە ئەوە گۆڕینی شێوەیەكی پەیوەندی كۆمەڵایەتییە و لە ھەر دوو بارەكەدا كۆمەڵێك توخمی وەك تاك و ھەرەوەزیی بوونیان ھەیە، بەڵام لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە سیستەم و پەیوەندی ڕامیاریی، بەواتای گۆڕینی شێوە نایێت، بەڵكو لەنێوبردنیەتی. ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، گێڕانەوەی ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و ئازادی تاك، نە بە گەڕانەوە بۆ پێكھاتەی خێڵایەتی و نە بە ڕیفۆرمی سیستەمی ڕامیاریی، ناكرێت.

ھەروەھا بەكاربردنی دەستەواژەی ” ڕگه‌زه‌كانی سه‌روه‌رێتی چینایه‌تی … واته‌ سوپا و ئه‌من و پۆلیس و دین و قوتبخانه‌ و بیركراسییه‌ت …. ” نادروستە و ئەو پێكھاتانە ئامرازن نەك ڕەگەز و ھیچ ڕەگەزێك [نە نێر و نە مێ] وەرناگرن. دەزانم كە زۆرێك لە نووسەرانی كورد لە ڕەخنەی زمانەوانی ھەراسان و زویردەبن، بەڵام بە بۆچوونی من زمانی نادروست، ھزری نادروست بەرھەمدەھێنێت. لەبەرئەوە ناتوانم بە ئاسانی و نادەربەستانە بەلای ھەڵە و نادروستییە زمانەوانییەكاندا گوزەربكەم.

جگه‌ له‌وه‌ش گه‌شه‌ی كاپیتالیزم و بڵاوبونه‌وه‌ی ژیانی شارستانییه‌ت هیچنییه‌ جگه‌ له‌ پرۆسیسێكی مێژوویی بۆ دابڕانی مرۆڤ له‌ مرۆڤ و داماڵینی مرۆڤ له‌ هه‌موو ماهییه‌تێكی ئینسانی و كردنی به‌ گیانله‌به‌رێكی خۆویست ، واته‌ داماڵینی مرۆڤ له‌ نه‌وعه‌ ئینسانییه‌كه‌ی و دوورخستنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ ژیانی كۆمۆنه‌یی .

بەداخەوە لەم دەستەواژانەدا من تێناگەم شارستانی بە چ واتایەك بەكاربراوە، ئایا مەبەست لە سڤیلبوون [كە لە گۆڕانی مرۆڤ لە بوونەوەرێكی جەنگەلییەوە بۆ بوونەوەرێكی ناجەنگەڵیی] یا مەبەست لە شارنشینییە، ئەگەر مەبەست یەكەمیان بێت، من بە نادروستی دەزانم، چونكە گۆڕانی مرۆڤ لە بوونەوەرێكی ناھوشیار و كەمدەركەوە بۆ بوونەوەرێكی بەرھەمھێنەر و ھوشیار و بە ئاوەز، پێشكەوتنێكی پۆزەتیڤە و ئەگەر ئەو گۆڕانە نەبووایە، ھیچ كام لە ئێمە ئەم دەركەی ئێستای لەلا دروستنەدەبوو. ھەروەھا ڕوونەدانی ناتوانێت مسۆگەركەریی نەبوونی دڕندەیی و زۆردارییبێت، بێجگە لەمەش من ئەو بۆچوونەم ھەیە، ھەر ئاوا كە لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكاندا پێكھاتەی ھەرەوەزیی و ناچینایەتی ھەبووە، ھەر ئاواش لە بەرەبەیانی ژیانی مرۆڤەوە دڕندەیی مرۆڤ و پێكھاتەی چینایەتی ھەبوون، كۆمونەی سەرەتایی لە سەرتاسەریی گۆی زەویدا وەك یەك، لە ھەموو جێیەك ئامادە، تەنیا خەیاڵێكی ئایدیالیستانەی ماركسیستییە، هەروەك هێندێك مارکسیست مژدەی ڕاپەڕینی “شۆڕشی” یەك -دەمەی جیهانی دەدەن و بەو پووچگەراییە لە تێکۆشان و چالاکی ئەم ساتە دوورماندەخەنەوە و وابەستەی بەڵێنەکانی سەرخەرمانمان دەکەن !

بەڵام ئەگەر بەواتای شارنشینیی بەكاربرابێت، ئەوا پێش شارنشینی و سەرھەڵدانی شارە پیشەسازییەكان [كە دەكرێت تەنیا واتای دروستی شارستانی بێیت نەك سڤیلییبوون]، لە گوند و ئەشكەوتەكانیشدا ڕەگیزە و بنەمای پێكھاتەی چینایەتی لەنێو خێڵەكاندا ھەبووە. كەواتە بەگوێرەی ھوشیاربوونەوەی خەریكە شتێك بەدەستدەھێنێت و بەدەستدەھێنتەوە [بەدستھێنان بەو واتایەی ئەوانەی ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای خێلەكی ژیاون، بەگوێرەی ھوشیاربوونەوە خەریكن بەدەستیدەھێنن، بەدەستھێنانەوەش بەو واتایەی ئەوانەی كە پێكھاتەی خیلەكییان نەبووە و لەلایەن ئەوانەی كە خێڵەكیبوون مرۆڤایەتییان لەنێوبراوە،خەریكن بەدەستیدەھێننەوە].

نموونەیەكی ئامادە لە ژیانی ئێمەدا، لەم بارەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، تاكە خێڵەكییەكان لە سایەی چەكداریی بەكۆمەڵ و خێڵەكییانەی خێڵەكەیانەوە، بە سووكایەتیپێكردن و ستەملێكردن و ئەتككردن، تاكە ناخێڵەكییەكانیان ناچار بە ھەڵگرتنی چەكی ڕژێمی بەعس و خۆڕێكخستن لە شێوەیەكی خێلەكییدا بۆ بەرگرتن بە چەكدارانی خێڵ، دەکرد. لەم كاتەدا ئەگەر ئەگەر قسە لەسەر گۆڕانی تاكی ھەردوو بەرەبێت، ئەوا دەبێت بەم جۆرە دەرببڕدرێت، كە تاكە خیڵەكییەكان خۆیان لە پەیوەندییە خێڵەكییەكان ڕزگاردەكەن و تاكە ناخێڵەكییە ناچاركراوەكان دەگەڕێنەوە سەر بوونە ناخێڵەكییەكەیان. بەم نموونە دەمەوێت بڵێم، كە ھەمووان خێڵەكی نەبوون و ھەمووانیش كۆمونەیی نەژیاون و قۆناخێكی گشتگیر و سەرتاسەریی بەناوی كۆمونەی سەرەتایی بوونی نییە. دەكرێت ھەندێك لە پێكھاتە كۆمەڵایەتییەكان بەگوێرەی پێشینەیان لە ڕەوتی ئەم ڕۆژگارەدا خەریكی چوون بەرەو مرۆڤبوون بن و ئەوانی دیكە خەریكی گەڕانەوە بۆ سەر مرۆڤایەتی لەنێوبراویان بن.

بەکورتی، نە مرۆڤ ڕۆبۆتی مێژوویەکی پێشتر ئامادەکراو و نووسراوەیە و نە مێژووش لە دەرەوەی ویستی [ئیرادەی] مرۆڤەکانەوە بوونی هەیە! هەروەها لە سیستەم و ڕێکخستنی چینایەتیدا نە ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی هەیە، نە یەکسانی ئابووریی و دەسەڵاتیی و نە سەربەخۆیی تاك و کۆمەڵ! بیچگە لەوەش، وێناکردنی دەستەکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بە بەخشندەیی و پێداویستیی سیستەمی چینایەتی، بێجگە لە پووچگەرایی ئایدیۆلۆجی هیچی دیکە نییە و ئەرکی وەها تێڕوانینێك بەخۆی بزانێت یا نا، تەنیا جوانکردنی ڕوخساری سیستەمی چینایەتی و ڕەوایەتییدانە بە هێرشە جیهانییەکانی بۆ سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە لە دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بەملاوە، هەموومان بینەری یەك ڕاستی جیهانین، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بیمە کۆمەڵایەتییەکان [سۆشیال] و لێسەندنەوەی دەستکەوتەکان و یاساکانی کارە! ئەگەر ئەو دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی چەند سەدەی نین و کۆمەڵێك ڕیفۆمن و خودی پارتەکان و پارلەمانتاران لە بەرژەوەندی سیستەمی ئابووریی و ڕامیاریی سەرمایەداریی کردوویانن، ئەدی بۆ لەم ڕۆژگارەدا دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان لە هەڵوەشاندنەوە و لێسەندنەوەیاندا پێشبڕکێ دەکەن و کاتێك لە سایەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و ئەوروپا وەها هێرشێك سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، شایی و لۆغانی دەوڵەتە پاشکۆکانیان و سەرمایەداران لە ئەفریکا و ئاسیا و ئەمەریکای لاتین و ئەوروپای خۆرهەڵاتیی دەستپێدەکات ؟ ئەگەر دەستکەوتانە بەرهەمی خەباتی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی و ئابووریی ژێردەستان نین، بۆچی لە هەڵوەشاندنەوەیاندا ژێردەستان کاردانەوە نیشاندەدەن و ناخوازن لەدەستییانبدەن ؟

************************************

https://www.facebook.com/permalink.php?story_fbid=199234553593767&id=100005216712596

* خوێنەری ھێژا، نووسینی ئەم سەرنجانە لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە کۆمەڵێك مشتومڕ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە، بڵاوکردنەوەی ئەم دواکەت.

** “…” دانانی نیشانەی گێڕانەوەی قسە لە پێش و پاشی بەشە وەرگیراوەكان، لە منەوەیە و بە مەبەستی جیاكردنەوەی دەقە ڕەخنەلێگیراوەكانە لە بۆچوونەكانی خۆم، چونكە لە ‘فەیسبووك’دا ھێڵبەژێرداھێنان و ڕەنگكردنی نووسین لەبارنییە و ھەروەھا زۆرێك لە سایتەكان و گۆڤار و ڕۆژنامەكان، ھێڵ و ڕەنگی دەقی دیاریكراو لادەدەن و ئەمەش دەبێتە ھۆی سەرلێشێوانی خوێنەر لە جیاكردنەوەی ڕەخنەلێگیراو و ڕەخنەگردا.

*** من لێرەدا ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە بۆچوونەکانی نووسەر دەگرم، لەوانەیە ناڕاستەوخۆ ڕەخنەشبن لە بۆچوونەکانی کارل مارکس، بەڵام لەبەرئەوەی کە من ئەو سەرچاوانەم نەخوێندوونەتەوە، نووسەر لەوە بەرپرسە کە ئایا مارکس ئاوادەبێژێت یا نا.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s