ڕۆژاوا،ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

 ڕۆژاوا،ئەزمونێکی نوێ، باشترین نموونەیەکە لە بڕواکردنە سەرخۆ لە بەرگری و خۆڕاگریی

زاهیر باهیر-سلێمانی

٢٠/٠٥/٢٠١٤

بەشی شەشەم:

حەوتەم: کۆبوونەوە لەگەڵ هێزە ئۆپۆزۆسوێنەکانی کورد و مەسیحییەکان:

بەهۆی تەواوی ئەو ئازدییەی کە لە لایەن هەڤاڵانی پەیەدەو تەڤدەمەوەلە بینینی هەموو کەس و لایەنێك هەروەها لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکان و گەیاندنمان بۆ ئەوێ، هەمانبوو، هەلێکی یەکجار گەورەمان بۆ ڕەخسابوو تاکو هەر بە تەنها شتەکان لە دەمی خۆیانەوە نەبیستین بەڵکو لەدەمی نەیارانیشیانەوە، ئەم هەڵوێستەشیان شایانی سوپاس و پێزانینی من و برادەرەکەشمە.

لەو ماوە کەمەدا ئێمە دوو کۆبوونەوەی دوور و درێژمان هەم لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریا و هەم لەگەڵ سکرتێری”ألپارتی” و دوو پارتی سەرەکی دیکەی کوردستانیدا، کرد، ئەمە جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵحیزبە موعاریزە مەسیحییەکاندا، کە لە کۆتایی ئەم بەشەدا دێمەوە سەری.

ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی سوریا کە بارەگاکەیان لە شاری دێریك “مالیکیە” بوو، لە سەرەتادا لە ١٦ پارت، پێکهاتبوو بەڵام بەهۆی یەکگرتنی هەندێکیان وهەڵوەشاندنەوەیان لەناو پارتەکانی دیکەدا، ژمارەی حیزبە بەشداریووەکانی ئەم ئەنجومەنە هاتبوونە سەر ١١ پارت. گەرچی پێشوەخت زوو ئاگەدار نەکرابوونەوە ، بەڵام نزیکەی ١٢ تا ١٣ کەسیان لە دانیشتنەکەدا ئامادە، بوون .

پاش ئەوەی کە ئێمە خۆمانمان بەوان ناساند، یەکسەر کەوتینە لێدوان و گفتوگۆ بە پرسیارکردن و دوواندنیان سەبارەت بە پەیوەندی نێوانیان لەگەڵ پەیەدە و ئیدارەی خۆجێی دا، جیاوازییەکانی نێوانیان ، پەیوەندییان بە پارتی دیمۆکراتی کوردستانی عێراقەوە، داخوازییان لە پەیەدە و ئیدارەی خۆجێی، هە ڵوێستیان لەو خەندەقەی کە لەلایەن پارتییەوە هەڵکەنراوە……هتد

لە وەڵامی پرسیارەکاندا، ئەوان ئەو ڕاستییانەی کە ئێمە لەدەمی نەیارەکانیانەوە، پەیەدە، بیستبوومان، پشتڕاستکردەوە: کە کەسیان لێنەگیراوە، هەراسان ناکرێن ، ئازادی ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی بڵاوکردنەوەکانیان، هەیە، ئارامی و ئاسایش هەیە. هاوکاتیش هەندێك گلەییان لە پەیەدە هەبوو کە لەم خاڵانەدا، کۆدەبووەوە: یەکەم :  پەیەدە لە دانیشتنەکەی هەولێر کشاوەتەوە و ئیلتیزامی پێوە نەکردوە. دووهەم: بەڕای ئەوان پەیەدە پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا هەیە، بەڵگەشیان بۆ ئەوە لێگەڕانی ‘پەیەدە’ یە بە مانەوەی نیوەی شاری ‘حەسەکە’ لەدەستی ڕژێمدا و هەبوونی مورەبەعە ئەمنییەکەی شاری قامیشلۆ ، بوون، کە لە بەشەکانی پێشتردا، باسمکردوون. هۆی بەشداری نەکردنیشیان لە ئیدارە خۆچییەکەی ئێستا و داهاتوشدا، دەگەڕانەوە بۆ ئەم خاڵە. لەهەمان کاتیشدا دەیانووت هەڵبژاردنی ئازاد لە سای پەیەدە و هێزەکانی پەیەدەدا، سەرناگرێت. لە نێوەندی قسەکانیاندا جاروبار باسی بەشداریکردنیان لە ئیدارە خۆجێیەکەدا ، بەڵام بەشێوەی تەوافق، دەکرد. سێیەم: ڕێگەنەدانیانە لەلایەن پەیەدەوە بە هەبوونی هێزێکی سەربازی تایبەتی خۆیان،کە لەژێر سەرکردەی باڵای هێزی یا سوپای یەپەگە و یەپەژە دا، نەبێت بەڵکو لەژێر ڕکێفی خۆیاندا بێت. بیانوشیان بۆ قەبوڵنەکردنی پەیەدە بە داخوازییەکەیان،قۆرخکردنی گۆڕەپانەکە بوو لەلایەن پەیەدەوە.ئەمانە گلەییە سەرەکییەکانی ئەوان لە پەیەدەو ئیدارە خۆجێیەکە، بوون، کە هەر هەموویان لەم سێ خاڵەدا یەکیان دەگرتەوە.

ئێمە پێشوەخت ڕاو بۆچونی هەڤاڵانی پەیەدەمان دەزانی چونکە پێشتر هەمان پرسیارمان لەوان کردبوو بۆیە هەندێك وەڵامی ئامادەکراومان بە وەڵامی پرسیارەکانیئەو برادەرانە، لەلابوو، بەڵام ئێمە لە دیدی خۆمان و بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ڕۆژاواوە گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکردن، هەندێک لە داخوازییەکانیانمان نەک بەڕەوا، بەڵام بە داخوازییەکی لۆژکانە لەم بارودۆخەی ئێستای ئەوێدا نەدەزانی. ئێمە دەمانویست ئەوەیان بەیاد بهێنینەوە، کە لە کاتێکدا ئەوان باوەڕیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە ، باشترە کە ئەوان لە هەموو هەنگاوەکانیاندا بەرژەوەندی کۆمەڵگەی جەزیرە بخەنە سەرو هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوەو هەوڵی سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە تازەیە بدەن و پاشکۆیی هیچ لایەنێك و پارتێك لە هیچ بەشێکی ئەم کوردستانەدا قەبوڵ نەکەن ، یەکێتی و تەبایی نێوانیان لەسەرو هەموو شتێکەوە دابنێن.

بە کورتی پێمان گوتن ” …… گەر ئەوان بیانەوێتمیکانیزمی سەرکەوتنیان و جێگیربوونی ئەم ئیدارەیەی ئێستا بدۆزنەوە زۆر گران نییە،چونکە ئەوان تەجروبەیەکی فاشیلی ٢٢ ساڵەی باشوری کوردوستانیان لەبەردەمدایە، گەر ئەوان دەقاو دەق پێچەوانەی ئەوانەی کە لێرە کراون، بکەن، هەم بە بەرژەوندی خۆشیان و هەم خەڵکانی ئەو سێ دەڤەرەش دەگەڕیتەوە…

” سوود وەرگرتنیش لەو ئەزموونە فاشلەی لای ئێمە ( باشوری کوردستان) دوورکەوتنەوەیە: لە شەڕی ناوخۆ، لە گەندەڵی، لە هەبوونی پەیوەندییەکی گەلێک نزیك لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێ لەسەر حسابی دانیشتوانی وڵاتەکەی خۆیان و بەشەکانی دیکەی کوردستان. کارکردن لەسەر ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و بایاخدان بە کاروباری کشتیاری و ئاژەڵداری، پاراستنی ژینگە، دەستوەرنەدان لە بەشە خزمەتگوزارییەکان و دەزگەکانی دیکە و بەحیزبی نەکردنیان، هەبوونی تاڕادەیەك جۆرێك لە دادوەری کۆمەڵایەتی، نەهێڵانی جووداخوازی، خۆنەکردنەوە بۆ سیاسەتی لیبراڵ و کۆمپانیەکانیان، هەوڵنەدان بۆ لاوازکردنی بزوتنەوەی تەڤدەم و ماڵی گەل و………هتد”لە ڕاستیدا ئەو برادەرانە لە بەرامبەر ئەمانەدا شتێکی ئەوتۆیان نەدەوت.

چەند ڕۆژێك دووای ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی ٣ کاژیریمان، لە قامیشلۆ لەگەڵ  سکرتێری پارتی دیمۆکراتی کوتدستان-سوریا “ألپارتی” و پارتی یەکسانی دیمۆکراتی کوردی سوری و پارتی دیمۆکراتی نیشتمانی کورد لە سوریا، کرد. لەو کۆبوونەویەشدا هەمان شتمان لەگەڵ ئەمانیشدا دووپات کردەوە پێمان گوتن ” باشتروایە کە ئەوان لۆجیکانە بڕواننە سەرجەمی کێشەو ڕووداوەکان ….” لە قسەکانماندا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە، کە” راستە هەر یەکێك لەوان وەکو حیزب ڕەنگە لە ڕووی مێژوییەوە لە پەیەدە کۆنتر، بن، بەڵام زۆر گرانە خۆبەراوردکردنیان بەوان. پەیەدە بە هێزی باڵە چەکدارییەکانیەوە توانیوێتی ئەم بارودۆخەی ئێستا بڕەخسێنێت، ئازادی وئاسایشێك بخولقێنێت، کە ئێوە  ( ئەم پارتیانە ) لەسای ئەمەدا توانیوتانە ودەتوانن بێ ترس قسە وباسی خۆتان و کاری ڕێکخستنتان بکەن….. پەیەدە چ لە ناو کوردستانی سوریا و چ لە دەرەوەیدابە هەزاران ئەندام و هەواداریان هەیە و بە سەدان قوربانییان داوە، لە کاتێکدا ئێوە  تا ساتی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵتاندا، خوێن لە پەنجەی یەکێکتانەوە نەهاتوە ، ئیدی چۆندەتوانن ببنە برابەش لە ڕۆژاوادا…” بەردەوامبوین لەسەر قسەکانمان ” لەو مەیدانی شەڕ و جەنگەدا هێز و دانی خوێن کار دەکات…ژمارەی شەهید حوکمدەدات….مەسەلەکە هەرئاوا سادەو ساکار نییە ئێوە بڵێن مادام ئێمەش پارتێکی سیاسین و ڕابوردویەکی دوورودرێژمان هەیە ، ئیدی ئێمەش نیوەی دەسەڵاتمان دەوێت……. زۆری دیکە لەم قسانە “

ئەوان دەیانگووت ئازادییان نییە، بەڵام بەڵگەیان پێنەبوو. لە کاتێدا ئێمە پرسیارمان لێدەکردن کە ئایا ڕاودەنرێن؟ هەراسان دەکرێن؟ کەسیان لێدەگیرێت؟ لە کاری ڕێکخستنیاندا ڕێگیرییان لێدەکرێت؟ لە وەڵامی هەموویاندا، وشەی ‘نەخێر’ بوو، جگە لە یەك گلەیی کە سەبارەت بە یاسای حیزبەکان و حیزبایەتیکردن، کە ئەو یاسایە لەلایەن ئیدارە خۆجێیەکەوە، دەرکرابوو، کە من خۆم بەهۆی ئەوەی کە یاسای حیزبەکانم پێشتر خوێندبوەوە، سەددەرسەد لەگەڵیاندا، هاوڕابووم.

ئەم برادەرانە جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە ئەوان ئامادە نین کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری بکەن بە بیانوی نەبوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد، گوایە پەیەدە حیزبێکی دیکتاتۆرە. ئێمە پێمان گوتن ” لەکاتێکدا ئەوان باوەڕیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە، باشترین کارێك کە بیکەن لە ڕێگە گرتن لە زیادبوونی بیرۆکراتییەت و دیکتاتۆرییەت ، بەشداریکردنیانە لە ئیدارە خۆجێیەکەدا و وەرنەگرتنی هەڵوێستی دوورەپەرێزییە. بۆ ڕێگەبڕینەوەش لە هەڵبژارنیێك کە گومانی لەسەر بێت سووربوونە لەسەر لیژنەیەکی سەربەخۆی شارەزا لە بوارەکانی هەڵبژاردندا، نەک خۆدوورگرتن و پێشبینیکردنی ڕووداوێك بی هەبوونی بەڵگە و بەڵگەنامەیەك”.

کۆبوونەوەی دواترمان لەگەڵ دوو پارتی مەسیحی و ڕێکخراوی لاوانی قامیشلۆ، لە قامیشلۆ، بوو، گەرچی هەردوو پارتەکە بەشداری خۆیان لە ئیدارە خۆجێیەکەدا، هەڵپەساردبوو، بەڵام هیچ جۆرە گلەییەکیان لە پەیەدە و ئیدارە خۆجێیەکە نەبوو، بەڵکو زۆریش ستایشیان دەکردن بەوەی کە بەدەمیانەوە دەچن و کاروبارەکانیان زۆر زوو ڕادەپەڕێنن لەگەڵ هەبوونی ئاسایش و ئازادی لە شاردا. بەڵام هەرچی سەرۆك و نوێنەری لاوانی مەسیحی، کە کوڕ و کچێکی گەنجبوون،کووڕەکە زۆر توندوو تیژبوو بەرامبەر پەیەدە. ئەو دەیگوت: “هیچ بۆ لاوان ناکرێت و کۆمەکییان پێناکرێت… کارەبا نییە..”، هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد ئەگەر داخوازییەکانیان نەیەنە دی ئەوە بەرەو هەندەران ڕەودەکەن. ئا لێرەدا سکرتێری یەکێک لەو دوو پارتە لە وەڵامیدا وتی” گرنگ هەیەو گرنگتر. ئەوەی گرنگە: لێرە ئازادی هەیە، لێرە ئاسایش هەیە، لێرە ژیان هەیە… ئێمە لە بارودۆخی جەنگدا دەژین…بڕوانە شاری دیمەشق، حەڵەب…ئەوانی دیکە..ببینە کە چییان بەسەر هاتووە.” ئەوەکەی دیکەیان لە دەمی وەرگرتەوەو گووتی ” ئەوە تۆ دەڵێێ چی؟ کارەبا گرنگ نییە….من ئامادەم لەبەر مۆم دانیشم بەڵام ئاسایشم هەبێت…خۆم و منداڵەکانم بە دڵی ڕەحەتەوە بخەوین و ترسی کوشتن و بڕینم نەبێت…. کاروبارەکانی خۆم ئەنجامبدەم…”

دواتر کە هەڤاڵانی پەیەدەمان بینییەوە، لە وەڵامدا گوتیان: “ئێمە ئیلتیزامی تەواومان بە دانیشتنەکانی هەولێرەوە هەیە و بۆ ئەمەش دۆکۆمێنت و بەڵگەنامەمان، هەیەو ئامادەین نیشانی ئێوەی بدەین . … داخوازی بەشێك لەو حیزبانە دوو داخوازی بوون، یەکێکیان گۆڕینی ڕەنگی خامی دروشمەکەی هێزی یەپەگە بوو کە خامەکە سووربووبگۆڕرێت بۆ زەرد… ئێمەش گۆڕیمان….داخوازی دووهەمیان گۆڕینی ناوی کانتۆنی کوردستان بە جەزیرە بوو لەبەر ئەوەی کە لەوێدا جگە لە کورد کەمایەتی دیکەشی تیادا دەژێت، ئەوەشمانکرد “ ئەو برادەرانە بە ئێمەیان ڕاگەیاند و وتیان” ئێوە وەکیل بن ، بچن قسەیان لەگەڵدا بکەن، ئەوان چییان دەوێت ئێمە بۆیان دەکەین جگە لە ڕێگەنەدان بە هەبوونی لەشکرێکی جیای سەربەخۆ… ئێمە ناتوانین لە بارو زروفێکی ئاوا ئاڵۆزدا لەشوێنێکی ئاوا هەستیاردا ڕێگە بدەین دوو لەشکری جیاو سەربەخۆ لە یەك کاتدا هەبێت، چونکە گەورەترین گرفتمان بۆ دەخولقێت…..هەرچیش سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە ، دەتوانین کە لیژنەیەکی سەربەخۆیی نێو وڵاتان بانگ بکەین سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکە بکات…”

بۆ زیاتر زانینیی پێگەی پەیەدە و تەڤدەم و ئیدارە خۆجێییەکە لەناو خەڵکدا، لە بازاڕدا و هەڵوێستیان لێیان، یەك دوو کاژێرێکیشمان بۆ ئەمە تەرخانکرد، هاتین پرسیارمان لە هەندێك خەڵك هەر لە دەستگێڕی سەر عەرەبانەکانەوە، کاسبکار و تا خەڵکانی فرۆشیاری سەر دوکانەکان، نوسینگەکان، صەیدەلییەکان…..کرد. لەم بینین و چاوپێکەوتننەدا هەر هەموویان ڕای ئەرێیانەیان (ئیجابی) هەبوو. ئەوەی کە لەلای ئەوان گرنگبوو هەبوونی ئارامی و ئاسایش، بوو کە لە سایدا دەیانتوانی کاروباری ڕۆژانەیان و مامەڵەی ناوبازاڕییان ، بێ ترس و دڵەڕاوكێیەك لە هاتن و ڕۆیشتنیاندا لە ماڵەوە بۆسەر کاریان و لەسەر کاریانەوە بۆ ماڵەوە، بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە دڵنیابوون لە هەبوونی جۆرێك لە دادوەری کۆمەڵایەتی و دەستوەرنەدانی لایەنە جیا جیاکان لە کاروبارەکانیاندا.

 

درێژەی هەیە

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s