ئەگەری پارچە پارچەبوونی عیراق و ڕێ و شوێنی ئێمە ئەناركیستان

ئەگەری پارچە پارچەبوونی عیراق و ڕێ و شوێنی ئێمە ئەناركیستان

پێشتر لە ھەڵوێستنامەیەكدا تێڕوانینی خۆمان [سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان] لەبارەی جەنگ و ھێرشی داعش و كێشمەكێشی ڕامیارانی سوننە و شیعە لەسەر دەسەڵات خستەڕوو، لێرەدا ھەوڵی خستنەڕووی ھەڵوێستمان لەمەڕ ئاكامی نەخشەی ڕامیاران و جەنگ دەدەین.

بە تێڕوانینی ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ بەملاوە عیراق وڵاتێكی یەكپارچە نەبووە، بەتایبەت پاش ڕوخانی ڕژێمی دیكتاتۆریی پێشوو و داگیركردنی لەلایەن ھێزە ھاوپەیمانەكانی ئەمەریكاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، كە بەكردەوە عیراق بەسەر سێ ناوچەكەدا دابەشبووە؛ ھەرێمی كوردستان بەو جۆرەی كە لە ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١دا سەربەخۆیی خۆی بەدستھێنا، تا ئێستاش بە جۆری فیدراڵی دەوڵەتیی سەربەخۆیی لاوەكی خۆی ھەبووە، ناوچەی سوننەنشین بەردەوام لەتەك حكومەتی نێوەندیدا لە كێشەدابووە و لە ھەموو خزمەتگوزاریی و گرنگیپێدانێك بێبەشبووە، ناوچەی سێیەم، ناوچەی دەسەڵاتی فەرمانداریی نێوەندییە، كە جڵەوی لە دەست ڕامیارانی زۆرینەی شیعەدایە.

سەرباری ھەموو ھەوڵ و پیلانە ڕامیارییەكانی دەسەڵاتخوازان، ھێشتاكە خەڵكی عیراق [ئەوانەی كە بێدەسەڵاتن] لە باكوورەوە تا باشوور لەڕووی پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە پێكەوە دەژێن، ھەرچەندە لە ماوەی نیو سەدەی ڕابوردوودا بەردەوام باجی كێشمەكێش و دەمارگیریی ڕامیاریی و تەقینەوە و جەنگ و ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن و سووتاندنی گوند و شارۆچكەكانیان داوە و قوربانی جەنگی دەسەڵاتخوازانەی پارتە ڕامیارییەكان بوون.

بەڵام تەقینەوەی ئەم جارەی ململانێ سەربازییەكانی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان بە جێیەك گەییشتووە، كە ئایەندەی ئەم دەڤەرەی خستووەتە سەر دوویانی جەنگ یا جیابوونەوە، كە لە ھەر دوو بارەكەدا لێكدابڕینی ڕیزی خەڵكی ژێردستەیە بە قازانجی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان، ئەگینا لە دەرەوەی كێشمەكێش و كیندەدۆزی ڕامیاران و دەسەڵاتداران، خەڵكی ئاسایی بێدەسەڵات، ھیچ كێشەیەكی لەتەك ھاوسێ و ھاوكار و ھاپۆل و ھاودەم و ھاوەڵەكانیدا نییە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان و خواستە هاوبەشەکان بەسەر دەمارگیریی خێڵەکیی و نەتەوەیی و ئایینیدا زاڵن.

ھەڵبەتە، بۆ ئێمە ئەناركیستەكان ڕێگەی سێیەم ھەردەم بوونی ھەیە و پێشنیارە، كە ڕێكخستنەوەی كۆمەڵە لەسەر بنەمای پێكھێنانی ھەرەوەزیی و كۆمونە ئازادەكان، كە بە خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ لەسەر بنەمای دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ پشتئەستوور بێت. بەڵام بەداخەوە لەم ساتەدا كە ھێزەكانی دەوڵەت و میلیشیاكان لە ھەوڵی كۆمەڵایەتییكردنەوەی جەنگی دەسەڵاتخوازانەیاندان، ھێزی كۆمەڵایەتیی جەماوەر یا لە ناھوشیارییدا بەسەر پارتییەكان و میلیشیاكاندا دابەشبووە یا پڕشوبڵاو و ناھوشیار و گیریخواردووە. لەبەرئەوە ئەگەر لە باری ناھوشیارییشدابێت، باشترین ئەڵتەرناتیڤ ئەوەیە، كە بڕیارەكان بۆ خودی جەماوەر بگێڕینەوە، تەنیا لەیەك باردا نەبێت، كە بڕیاری جەنگ و قوبانیبوونە بۆ سەروەریی سەرمایەداران و ڕامیاران، ئەگینا لەم ساتەدا ھەر شتێك كە بەر لە ڕوودانی جەنگی نێوان ئێتنی و مەزھەبەكان بگرێت، وەك ھەنگاوی یەكەم بۆ دەربازبوون لە ماڵوێرانییەك كە لەوانەیە جینۆساید و كۆمەڵكوژیی ملیۆنی لێبكەوێتەوە، پەسەندترە. بەتایبەت ئەوەی كە لە مێژووی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عیراقدا بینەری جەنگی (٣٠) ساڵەی ڕژێمەكان دژی سەربەخۆخوازی كوردان و جینۆسایدی سەدان ھەزاری گوندنشێنانی كوردین بەناوی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ و كیمیارانی چەندین گوند و شارۆچكەی كوردنشین و سووتاندنی زۆنگاوە شیعەنشینەكانی خوارووی عیراق بووین و ئەوەی كە ئەم ڕۆژە لە ڕووداندایە درێژكراوەی ھەمان ڕابوردووە بە پشتیوانی دەوڵەتانی ناوچەكە و سەروران و دەسەڵاتخوازانی نێوخۆی عیراقە و پارتییە ڕامیارییەكان لەپێناو گەییشتنیان بە دەسەڵات، لە كۆمەڵایەتییكردنەوە و ڕەھەند [بوعد] پێبەخشینی كینەدۆزی و كوشتاردا ڕۆڵی سەرەكی دەبینن و پیادەكەری ڕامیاریی نیئۆلیبرالیزم و نەخشە ئابورییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی و زلھێزە داگیركەرەكانن.

– ئەگەرەكانی جیابوونەوە

لێرەدا پرسیارێك یەخەی ئێمە دەگرێت، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان چ دەوڵەتی سەربەخۆی بۆرجوازی كوردیان ھەبێت یا حكومەتی ھەرێمیی وابەستەی عیراق، وەك دەوڵەتەكانی ناوچەكە و حكومەتی نێوەندیی عیراق، چەوسێنەری كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكیشن و نوێنەرایەتی زلھێزەكان و كۆمپانییە جیھانخۆرەكان دەکەن. لەبەرئەوە لە بارێكی ئاوا دەوڵەتبوونیان نابێتە ھۆی دەسەڵاتێكی توندتر یا نەرمتر، بەڵكو بە ھەمان شێوەی تا ئێستایان درێژە بە چەوسانەوە و دستەمۆكردنی ژێردەستانی ئەم دەڤەرە بۆ بەرژەوەندی ئابووریی و ڕامیاریی زلھێزەكان دەدەن.

ڕاستە جیابوونەوەی بەشەكانی عیراق دەبێتە ھۆی لەیەك دووركەوتنەوەی خەباتی چینایەتی ژێردەستانی دەڤەرەكان، بەڵام لە ڕاستیدا لە پاش خەباتی كرێكارانی (گاورباغی) و ھاوخەباتی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابوردوو، ئیدی لە سەرەتای ساڵانی دەھەی شەست بەملاوە ڕیزی چینایەتی ژێردەستان ھەردەم لەژێر كارایی جەنگ و كێشە ڕامیارییە ئێتنی و مەزھەبییەكاندا لە یەكترازاندا بووە و بەداخەوە لە ئێستادا لەژێر كارایی ڕووداوەكاندا ھێندەی دیكە ئەو بارە خراپتر بووە. ئەمەش ئەگەری پەرەسەندن و ھەڵگیرسانی جەنگی ھەمەگیر و كۆمەڵایەتییبوونەوەی ڕەھەندەكانی زاقتردەكاتەوە، ھەڵبەتە بێجگە لەوەی كە لە كۆتایی جەنگی (عیراق-ئێران)ەوە دەزگە سیخورییە جیھانییەكان بە ھەموو شێوەیەك خەریكی پێكھێنانی باندە مافیایی و دەستە تیرۆریست و گروپە مەزھەبی و ڕامیارییە توندڕەوەكانن و لە ڕێگەی ئەوانەوە زەمینە بۆ جەنگە ناكۆتاكان خۆشدەكەن.

لە بارێكی ئاوادا كە ئەگەری جەنگی كۆمڵكوژییانە لە یەكگرتنی ڕیزی چینایەتی زیاترە، لەوانەیە ڕاپرسی (ڕیفراندۆم)ی خەڵكی لەسەر بڕیاردان لەسەر پرسەكان، باشترین و ئاوەزگیرانەتربێت، ھەرچەندە بە حەز و ئارەزوومەندیی ئێمە نییە و ئێمە خوازیاری بڕیاردانی سەربەخۆی جەماوەررین لە دەرەوەی پێشنیار و نەخشەكانی ڕامیارانەوە و لە (٩) ساڵی ڕابوردوودا ھەوڵ و بانگەوازی ئێمە بۆ خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی و پێكھێنانی ھەرەوەزییە گەلییەكان و فێدراسیۆنە ئازادەكان و یەكگرتنەوەیان بووە لە كۆنفیراڵییە ناوچەیی و ھەرێمییەكاندا، بەڵام لەبەرئەوەی كە مەترسییەكان لە ئومێدەكان زەقتر و دەركەوتەترن، باشترین ھەڵبژێر بڕیاردانی ڕستەوخۆی دانیشتووانی ھەرێمەكانی عیراقە لەسەر داھاتووی خۆیان.

لە بارێكی ئاوادا ئێمە چاوەڕێی بڕیاردانی خەڵك لەسەر بنەمای پاگەندەی ژەھراوی ڕامیاریی لایەنە دەسەڵاتخوازەكان نامێنینەوە و لە ھەنگاوی یەكەمدا ئەركی سەر شانمانە كە لە مەیدانی پاگەندەی بەردەوامەوە دژی ھەوڵ و پاگەندەی نوێڼەرانی لیبراڵ و ناسیونالیست و مەزھەبیی بۆرجواكان، كار بۆ پێكھێنانی ڕێكخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەكان و گروپە خۆجێییەكان و خۆبەڕێوەبەرایەتییە گەلییەكان و جێخستنی بنەماكانی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ بكەین، چ وەك بەرپەرچدانەوەی پیلانەكانی ئێستا و چ وەك ئامراز و مەیدانەكانی خەبات لە داھاتوودا.

ھەڵبەتە ئەمە بەواتای پەسەندکردن و پەسەندبوونی سەرەنجامە نەخواراوەكان نییە، بەڵكو بۆ ئێمە خەباتكارانی دژی سیستەم و سەروەریی چینایەتی، ژێردستی ھەر دەوڵەت و فەرمانداریی [حكومەت] و ڕێكستڼێكی قوچكەیی بین، خەباتمان لەپێناو كۆمەڵی ئەناركیدا ناوەستێت و لەو ساتەوەش كە عیراق بەسەر چەند دەوڵەتی جیاوازدا دابەشببێت، ئێمە وەك ئێستا لەسەر تێكۆشان و پەرەدان بە چالاكییەكانمان بەرەدەوام دەبین و لە ھەر شوێن و گۆشەیەكی ئەم جیھانەدا بێت، بە ھەمان گیانی ھاوخەباتی چینایەتی و ئەناركییەوە، بە ھاوپشتی ھەمیشەیی و بەردەوام لەتەك هاوڕێ و هاوچێنە عەرەبزمان و تورکزمان و فارسیزمانەکانمان، خۆمان لە ڕیزی خەباتكارانەی ئەواندا دەبینین و وەك ئێستا خۆجێی چالاكی دەكەین و گەردوونی بیردەكەینەوە و خەبات بۆ جیھانێكی خاڵی لە سنوور و سەروەریی و مشەخۆریی دەكەین.

– ڕیفراندۆمی ئازاد

پێش ھەموو شتێك ئێمە لەوە دڵنیایین، كە لە سایەی سەروەریی چێنایەتیدا ھیچ كات ئەگەری ڕوودانی ڕیفراندۊمی ئازاد بوونی نییە، چونكە بەرلەوەی كە بڕیاری ڕیفراندۆمەكە بدرێت، ئامانجەكانی ڕیفراندۆمەكە بەگوێرەی بەرژەوەندی چینی بۆرجوا و دەسەڵاتداران و ڕامیاران داڕێژراون و ھیچ پەیوەندییەكیان بە خواست و پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە نییە. لەبەرئەوە تەنیا كاتێك دەكرێت و لە توانادا ھەیە كە ڕیفراندۆمێكی ئازاد ڕووبدات، كە تاكەكانی كۆمەڵ لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆبن و لە ڕووی دەسەڵاتەوە یەكسان بن و مافی خۆبەڕێوەبەریی و بڕیاردانیان ھەبێت، هەروەها ڕاگەیاندن لە چنگی دەوڵەت و پارتییەكان ڕزگاربووبێت.

لەبەر ئەو ھۆیانەی سەرەوە، ڕیفراندۆمێك كە بڕیارە لە ھەرێمی كوردستان یا ھەر ھەرێمێكی دیکەی عیراقدا بەرپابكرێت، ناتوانێت ئازاد و لە دەرەوەی ویست و بڕیاری سەروەران و زلھێزەكانی جیھان بێت. لە ھەرێمی كوردستاندا لە دوو دەھەی ڕابوردوودا چەند جار ڕاپرسی ئەنجامدراون، بەڵام لەبەرئەوەی كە لە بەرژەوەندی زلھێزە داگیركەرەكانی عیراق و خودی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی كوردستان نەبوون، سەرەنجامەكان فڕێدراونەتە سەبەتەی زىڵی پارلەمان و ڕامیارانەوە.

بەڵام هەرگیز ئەمە بەو واتایە نییە، كە ھێزە ئازادیخواز و سۆشیالیستخوازەكان نەتوانن ھاوكێشەكان پێچەوانە بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر لەسەر بنەمای خەباتی سەربەخۆ و میكانیزمگەلێكی شۆڕشگێڕ [دژە-سیستەم/دژەباو] خەبات و چالاكی بۆ ھەڵخڕاندنی ڕای گشتی و وروژاندنی خودھوشیاریی تاك و كۆمەڵە سەربەخۆكان بكرێت، دەتوانرێت سەرەنجامێكی دیكە ھەبێت، بۆ نموونە ئەگەر ئاراستەی ڕاپرسییەكە دژی ئامانجە گەلییەكانی چین و توێژە بندەستەكان بن، ئەوا بە بایكۆت یا بەشداریكردن بە كارتی سپی، دەتوانرێت ڕەوایەتی و سەركەوتوویی ئامانجی گڵاوی ڕامیاران پووچەڵبکرێتەوە.

ڕیفراندۆمێك كە لە ئێستادا ڕامیاران پێشنیاریدەكەن، لە بۆ ھەڵبژاردنی جۆری ڕێكخستن و شێوازی بەرھەمھێنان و خۆبەڕێوەبردن و چێكردنی كۆمەڵگەی ئازاد و کۆمەڵی ھەرەوەز نییە، بەڵكو بۆ دیاریكردنی سنووری دەسەڵات و سەروەریی بۆرجوازی و ڕامیارانی سوننە و شیعە و كوردزمانە، كە سەرەنجام ھەر بەردەوامیی بە سیستەم و سەروەریی چینایەتی و مشەخۆریی ڕامیاران و كۆیلەمانەوەی ئێمەی ژێردەستە بە سوننە و شیعە و و كوردزمانەوە، دەبەخشێتەوە.

– دەوڵەت؛ ھەرێمیی ، نێوەندیی ، جیھانیی ؟

پێش ھەموو شت ئێمە دەوڵەت و بیرۆكەی دەوڵەتێك كە پاگەندەی بۆ دەكرێت ڕەتدەكەینەوە، نەك لەبەرئەوەی كە واژەی فریودەرانەی “كوردی” دەكرێتە پاشكۆی، نەخێر. لەبەرئەوەی كە دەوڵەت ھیچ كات ناتوانێت كوردی، عەرەبی یا ئینگلیزی بێت، بەواتایەكی دیكە دەوڵەت وەك پاگەندەی بۆ دەكرێت، پارێزەر و ڕێكخەری بەرژەوەندی و ژیان و كاروباری خەڵكی نییە، بەڵكو دەوڵەت ئامرازی سەركوتی چین و توێژە كوردزمان و عەرەبزمان و ئینگلیززمان و…تد و بەكردەوە لە ژیانی كەتواریی ڕۆژانەی خۆمان و لە ئەزموونە مێژووییەكانی ھاوچینانماندا دەیبینین، دەوڵەت ڕێكخراوی یەكخستن و تەباییپێدانی خواست و بەرژەوەندی و ویستی [ئیرادەی] سەرمایەدارانی سەروەر و ڕامیارانی مشەخۆرە بۆ سەركوتكردنی یاخیبوونی چەوساوان و كۆیلەڕاگرتنیان.

لەبەرئەوە، ئێمە دەوڵەت لە ھەموو شێوە و قەبارە و بە ھەموو جۆرەكان و ڕەنگەكانییەوە ڕەتدەكەینەوە، لە بەرامبەردا خوازیاری كۆمەڵگە ئازادەكانین، كە لەسەر بنەمای ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی و سەربەخۆیی ئابووری و یەكسانی دەسەڵات و دادپەروەریی و ھاوپشتی جیھانی پێكدێن و یەكگرتن و جیابوونەوە و بڕیاردانیان لەسەر بنەمای پێكھاتە و ڕێكخستنی ئاسۆیی فێدراسیۆن و كۆنفێدراسیۆنە پشتبەستووەكان بە دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆیی تاك و كۆمیونیییەكان دێتەدی.

لەسەر ڕۆشنایی ئەو تێڕوانین و بنەمایانەی سەرەوە، ئێمە هەردەم دژی دەوڵەت پاگەندە دەكەین و ئەگەر لە ئێستادا خەڵكی بندەست دەوڵەتی بۆ لەنێونەجێت، ئەوا خوازیاری ئەوەین كە بەلایەنی كەمەوە ھەندێك داخوازیی و مافە سەرەتاییەكان و ئازادییەکان تاكی بێدەسەڵات مسۆگەربكرێن، لەوانە :

– یەكسانی و ھاومافیی گشت ئێتنیی و كۆمەڵە ئایینییەكانی چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە ئەگەرییە بەناوی كوردەوە.

– یەكسانی ڕەگەزیی و بنەماییكردنی مافی منداڵان و دەستكۆتاكردنی ئایین و پارتە ڕامیارییەكان لە ژیانی خەڵكدا.

– سەپاندنی ئازادییە كەسیی و جڤاكییەكان : خۆڕێكخراوبوونی سەربەخۆ و ئازادی پێكھێنانی ھەرەوەزییەكان و ئازادی چۆنیەتی ژیان و ڕادەربڕین و نووسین و ڕەخنەگرتن و خۆنیشاندان و بڕیاردانی تاك و كۆمەڵەكان لەسەر ژیانی خۆیان.

– ھەبوونی مافی خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی جڤاكی ناوچە و ھەرێمەكان … .

– ئازادی ھەڵبژاردن و بەكاربردنی زمانی دایكی ھەر گروپ و ئێتنییەك وەك زمانی كارگێریی و پەروەردە و خوێندن و ڕاھینان و پەیوەندی.

– مسۆگەریی مافی جیابوونەوە و یەكگرتنی ھەر ناوچە و ھەرێمێك لەتەك ئەوانی دیكەدا…

– ڕێكخستنی خۆبەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەکان لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمی كۆمیونیتی و ناوچەكان …

– ھەڵوەشاندنەوەی خەرج و مووچەی تایبەتی پارتییەكان و ڕامیاران و دەزگە ئایینییەكان و لابردنی لەسەر ھەزێنە و داھات و سامانی كۆمەڵ.

– سەندنەوەی بەرتەریی ئابووریی و خانەنشینی تایبەتی ڕامیاران و پۆستی سەرۆكایەتی و مووچە و خانەنشینیی پاشایانەی ئەو …

– سەندنەوەی شاخ و دەشت و گرد و زەوییەكان و كەرتەكانی بەرھەمھێنان لە كۆمپانییە پارتیی و تایبەتەكان و گێرانەوەیان بۆ سەر دارایی كۆمەڵایەتی/ گشتی.

– دەستكۆتاكردنی كۆمپانییە جیھانخۆرەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی و زلھێزەكان و دەوڵەتی نێوەندی …

– دابینكردنی مافی پەنابەریی و ھاوتایی لە نێوان گشت دانیشتووان لە ھەر ڕەگەز و نەژاد و ئێتنیی و ئایین و…تد و ھەڵوەشاندنەوەی یاسای ڕەگەزنامەی پلە یەك و پلە دوو، یاساخبوونی دیپۆرتكردنەوەی ھەر پەنابەرێك

– یەكسانی ھەمە لایەنە لە ماف و كرێ و یەکسانیی ھەلی كار لە نێوان كرێكارانی نیشتەجێ و كرێكارانی كۆچەر…

– ….. ھیدیكە ….

وەك پێشتر گوتمان، ئێمە خوازیاری كۆمەڵی سۆشیالیستی/ ئەناركین و ھەموو سیستەمێكی ڕامیاریی و سەروەریی ھەر كەسێك بەسەر ئەوانی دیکەدا ڕەتدەكەینەوە. ھەروەھا خوازیاری پێكەوە ژیان و مانەوە و ھاوخەباتی ھەمووانین، بەڵام ئەگەر مانەوە و پێكەوەژیانی پێكھاتەكانی عیراق لەبەردەم ھەڕەشەی جەنگی خێڵەكی و ئایینی و نەتەوەییدا بێت، ئەوا لەبەر دووبارە نەبوونەوەی نەھامەتیی و كۆمەڵكوژییەكانی بۆسنە و ھەرزەگوین و ..تد، كە ھەموو كات باندە مافییەكانی سەرمایەداری زەمینەیان بۆ خۆشدەكەن، ڕەوایەتی بە بڕیاردانی ھەمووانیی دانیشتوانی ھەرێمەكانی عیراق لە ڕیفراندۆمی ئازاددا دەدەین و ئەگەر لە سەرەنجامی ئەو ڕێكفراندۆمەشدا چین و توێژە بندەستەكان لە ئاستی خودھوشیاریی و خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی كۆمیونیتی و ھەرەوەزییەكانی خۆیان نەبن، ئەوا ھەوڵ بۆ دروستكردنی فشار لەسەر دەوڵەتی نێوەندی و ھەر دەوڵەتێكی دیكە كە بڕیارە دروستبێت، دەەین، تاوەكو بە ھەر رادەیەك كە ھەوڵ و خەباتی چەوساوان لە توانایدا ھەیە، سنووری دەسەڵاتداریی سەروەریی و مشەخۆریی سەرمایەداران و ڕامیاران بەرتەسك بكەینەوە و پانتاییەك بۆ ڕێكخستنی ژیانمان بەو جۆرەی كە دەمانەوێت، دابینبكەین.

نا بۆ دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی

نا بۆ كۆمەڵگەی چینایەتی و جەنگی كۆمەڵایەتی

بەڵێ بۆ خەبات و جەنگی چینایەتی

بەڵێ بۆ پێكەوەژیان و تەبایی ھەموو ئێتنیی و ئایینداران و چین و توێژە پڕۆلیتێرەكان

سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان

٥ی جولای ٢٠١٤

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s