هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه‌ و هاریکاریی بێت /٢

زاهیر  باهیر:
به‌شی دووهه‌م:
که‌موکوڕییه‌کان  چیین؟
ده‌بێت له‌ ڕاپۆرتی سه‌فه‌‌ره‌که‌ی مانگی ئایاری 2014 مه‌وه‌ بۆ ڕۆژاوا ، ده‌ستپێبکه‌م  که‌ له‌ دوو به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتبوو،  یه‌که‌میان سه‌باره‌ت به‌و  واقیعه‌ی ئه‌و کاته‌  بوو که‌ له‌ ڕۆژاوادا ده‌گوزه‌را و چۆنێتی دروستبوونی پێگه‌ ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی بوون که‌ وه‌کو  وێنه‌ گرتنه‌وه‌یه‌کی  حه‌قیقی ئه‌وێ وابوو  .  به‌شی دووهه‌می، که‌ ” مه‌ترسی و پێشبینیه‌کان” بوون ، که‌ پێموانییه‌ له‌به‌ر درێژی ڕاپۆرته‌که‌ که‌ زیاتر له‌ 50 لاپه‌ڕه‌ بوو، خوێنه‌ر زۆر دیقه‌تی له‌و به‌شه‌ گرنگه‌ی ڕاپۆرته‌که‌م دابێت .  لای خۆمه‌وه‌  ئه‌و به‌شه‌م ‌ زۆر  به‌ گرنگ ده‌زانی ، چونکه‌ داهاتوی ڕۆژاوام له‌و  مه‌‌ترسیانه‌دا ده‌بینییه‌وه‌ ، که‌ ده‌ستنیشانم کردبوون ، جگه‌ له‌ مه‌ترسی هێزی داعش که‌ تا ئه‌و کاته‌ نه‌بووبووه‌‌ هێزێکی وا تۆکمه‌ی مه‌ترسیداری دوژمنی هه‌موو گیانله‌به‌رێك و هه‌تا ژینگه‌ش .
به‌شێکی زۆری ئه‌م گرفتانه‌شی که‌ ئێستا ڕووبه‌ڕووی ڕۆژاوا ده‌بنه‌وه‌ و  ڕه‌نگه‌ داهاتوی  ئه‌و ئه‌زموونه‌ گه‌وره‌ و به‌هاکانی، دیارببکه‌ن ، به‌شێکیان  ئه‌و گرفتانه‌ن که‌ من په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشاون  به‌ڵام گه‌وره تر و ئاڵۆزتر و مه‌ترسیدارتر بوون، له‌ واقیعی  ئه‌گه‌ره‌کانی منه‌وه‌ گوێزراونه‌ته‌وه‌ بۆ واقیعه‌که‌ی خۆیان  و بوونه‌ته‌ حه‌قیقه‌ت.
هه‌ندێك له‌و  که‌مووکوڕییانه‌  بچوکن و له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ده‌توانرێت چاره‌سه‌ربکرێن.  ئه‌وانی دیکه‌یان گه‌وره‌ن و تا ڕه‌ده‌یه‌كیش ئاڵۆزن و کارێکی زۆری ده‌وێت تاکو  به‌سه‌ریاندا سه‌رکه‌ویت‌.   گرفته‌کان هه‌ر ئه‌وه‌ نیین که‌ ڕۆژانه‌ بێن و بڕۆن تاکو ئێمه‌ بتوانین لێیان گه‌ڕێین و بیانده‌ینه‌ ده‌ستی ڕۆژگار.  به‌پێێچه‌وانه‌وه، هه‌ندێکیان ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ن که‌ کارایی خۆیان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌کان به‌ قورسی داده‌نێن و  ته‌نانه‌ت ئاینده‌شیان دیاریده‌که‌ن له‌و ئاراسته‌یه‌ی که‌ ده‌یگرنه‌ به‌ر ‌ .
من لێره‌دا گرفته‌کان  له‌ چه‌ند خاڵێکدا کۆه‌ده‌که‌مه‌وه‌ ‌ تاکو  خوێنه‌ر  به‌ ئاسانی لێیان تێبگات:
میدیا و زمانی به‌کارهێنراو:
گه‌ر به‌وردی هه‌واڵه‌کانی  ‘ ڕۆژنیۆز’ و  ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌خرێنه‌  سه‌ر‌ فه‌یسبوك و  دیمانه‌کان و هه‌ندێکی دیکه‌یان بخوێنیته‌وه و گوێ له‌ که‌ناڵی  ‘ستێرك’ بگرین، ده‌بینین که‌  زمانێکی ڕایسستانه‌ به‌کارده‌هێنرێت  .  به ‌به‌رده‌وامی ئێمه‌ ده‌بینین ده‌ڵێت ‘ پۆلیسێکی تورك’  ، ‘هێزی تورك’ ،’ هێزه‌ تورکه‌کان’ ، ‘ جه‌ندرمه‌کانی تورك’ ، ‘ حکومه‌تی تورك’ یا ‘ ده‌وڵه‌تی تورك’  زۆری تر له‌مانه‌ به‌کارده‌هێنرێت .  من ده‌زانم که‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و  جۆره‌ زمانه‌ به‌کارده‌هێنن ڕایسست نین ، به‌ڵام   پرۆفیشناڵیش نین ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ربڕینی ئه‌و زمانه‌ له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه، بێت، له‌ خانه‌ی ڕایسیسمدا خۆی ده‌بینێته‌وه و له‌گه‌ڵ په‌یامی ئۆجه‌لان و  داخوازی ئامانجی ئیستای په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌دا یه‌كناگرێته‌وه‌ .  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ ڕاستیشی  تیادا نه‌بێت.  باشه‌  تۆ  چوزانی که‌ ئه‌و ‘ پۆلیسه’   ئه‌و ‘ جه‌ندره‌مه‌یه‌ ‘ ئه‌و  ‘ که‌سه‌ کوژراوه’‌  یا ‘ بکوژه’  تورکه؟ ‌ ئه‌ی بۆ کورد نه‌بێت ؟.  هه‌تا تورکیش بێت ده‌بێت بوترێت ” پۆلیسێکی ده‌وڵه‌تی تورکیا ، جه‌ندرمه‌یه‌کی هێزه‌ فاشییه‌کانی حکومه‌تی تورکیا”  .
گومان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ خه‌ڵکانێكی زۆری کوردیش ده‌سه‌ڵاتداره‌ و  له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و خزمه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌که‌ن ، با به‌ کوردیش قسه‌نه‌که‌ن و نه‌هی کوردبوونیشیان بکه‌ن ته‌نانه‌ت پارتی دینی کوردی هه‌یه‌ و به‌رگریی له‌  ئاکه‌په‌ ده‌کات .
خۆبه‌دوورگرتن له‌ به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره‌ زمانانه‌ له‌و  میدیایه‌دا   زه‌رورییه‌ و  ده‌بێت زمانیان له‌و  جۆره‌ وشه‌ و ده‌سته‌اژانه‌، پاکژ بکه‌ن .  من تێناگه‌م بۆچی له هه‌مان ‌ میدیادا وشه‌یه‌کی سێکسیزم یاخود سوکایه‌تی به‌ ئافره‌ت نابینرێت ، به‌ڵام له‌م بواره‌ی دیکه‌دا ناتوانرێت ڕیشه‌کێش بکرێت؟!!
چۆن ده‌بێت میدیایه‌کی ئاوا تایتڵی ‘ چه‌ته’  بۆ  داعش دانێت و ‌ به‌ ‘ چه‌ته’ ناویان به‌رێت.   ئه‌م زمانه‌ش بووه‌ته‌ زمانێكی باو و هه‌موو ڕۆشنبیرانی کورد له‌ هه‌موو بواره‌کانی میدیادا ، که‌ دێنه‌ سه‌ر باسی داعش هه‌ر ئه‌وه‌ به‌کار ده‌هێنن .   ده‌بێت به‌ ویژدانه‌وه‌ باس له‌ ‘چه‌ته‌’ بکرێت ‘چه‌ته’‌  له‌ زۆربه‌ی کرده‌وه‌کانیاندا ته‌نها کاروان و رێپێگیراوانیان ڕووتکردۆته‌وه‌،  که‌ی کوشتونی ؟ که‌ی ده‌ستدرێژی کردۆته‌ ‌ سه‌ر ئافره‌ت و که‌ی کوشتونی ؟  که‌ی بازاڕفرۆشی  کردون؟، چه‌ته‌ که‌ی دوژمنی زیاتر له‌ 4 ملیار دانیشتوی ئه‌م جیهانه‌ بووه‌؟   چه‌ته‌ که‌ی دوژمنی گیانله‌به‌ر و ئاژه‌ڵ و سرشت بووه‌؟    شه‌رمه‌زاریی و پاکانه‌یه‌ بۆ داعش و   هه‌ژاری زمانه‌وانییه‌ ‌ که‌  بۆ  داعش وشه‌ی ‘چه‌ته’ ی  ‌ زمانی کوردی   به‌کاربهێنرێت  .
دیسانه‌وه‌ وشه‌ی ‘ شه‌هید’ بۆ  گیانبه‌ختکراوان به‌کار هێنراوه‌ و ده‌هێنرێت، که‌ وشه‌ی شه‌هید و ڕیشه‌ی وشه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دین ، که‌ له‌ کاتێکدا زۆربه‌ی زۆری جه‌نگاوه‌ره‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و گریلاکان دیندار/ ئایندار نین و سه‌ر به‌ پارتێكی عه‌لمانین .
ئه‌م زمانه‌ ڕایسسته‌ بێ مانایه‌ ‌ ته‌نها له‌ میدیای ئه‌وان له‌  ئه‌وروپا و باشوور  و  باکوردا زاڵه‌ ده‌نا له‌ ڕۆژاوادا ئه‌م زمانه‌ یا نابیستی یا به‌ده‌گمه‌ن دێته‌ به‌رگوێت ئه‌ویش ،مه‌گه‌ر له‌ لایه‌ن کورده‌ ڕۆژهه‌ڵاتی و باشورییه‌کانه‌وه، بێت‌ .
ئه‌م زمانه‌ ڕایسستانه‌  ته‌نانه‌ت له‌  قسه‌ و دیمانه‌ی به‌رپرسانیشدا ده‌یانبیستیت.  بۆ نموونه‌ بڕوانه‌ قسه‌کانی  موراد قه‌ریلان بۆ ڕۆژنیوز له‌ 30/12/15 دا :       “له‌باکوورى کوردستان گه‌لى کورد له‌به‌رامبه‌ر توندوتیژى و زوڵمى ده‌وڵه‌تى تورک خۆبه‌رێوه‌به‌رى رێگه‌یاندووه‌ ، رۆژانه‌ش هاوڵاتیان ، ژن و منداڵ له‌لایه‌ن پۆلیس و سه‌ربازانى تورک تیرۆرده‌کرێن..” قه‌ریلان درێژه‌ به‌ قسه‌کانی ده‌داو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی هه‌رێم له‌ باشوردا ده‌ڵێت  “له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هیودارین ته‌واوى سیاسه‌تى کوردیش ئه‌مه‌ ببینێت و پشتگیرى بکات ، له‌به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌کانى ده‌وڵه‌تى فاشیست و داگیرکه‌رى تورک خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت..”
ئاخر ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ ئاخاوتنه‌ له‌ زاری سه‌رکرده‌ی سه‌ربازی هیزی په‌که‌که‌ و ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تییه‌وه، ‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌.  ئه‌م قسه‌ و هه‌ڵوێستانه‌ هه‌موو ڕێسه‌که‌ی ئۆجه‌لان ده‌کاته‌وه‌ به‌ خوری، چونکه‌ له‌ ئاستێکی ئاوادا یا ده‌بێت ده‌مت داخه‌یت یا که‌ قسه‌ ده‌که‌یت ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی سه‌ره‌کی پارته‌که‌ت ، بزوتنه‌وه‌که‌ت بێت.
ته‌نانه‌ت سه‌لاحه‌دین ده‌ممیرتاشیش ناوبه‌ناو ده‌که‌وێته‌ ئه‌و هه‌ڵه‌وه‌  هه‌ندێك جار  وه‌کو که‌سێکی ناشینالیستی بزوتنه‌وه‌ی کوردی قسه‌ده‌کات.  من له‌ خاڵێكی دیکه‌دا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ دێمه‌وه‌ سه‌ری.
ڕۆژنیوزی 05/01/2016 ده‌ڵێت :  ساڵح موسلم پێشره‌وه‌یه‌کانی هێزه‌کانی سوریای دیموکراتیک و کۆنترۆڵکردنی ئه‌و هه‌رێمانه‌ له‌ده‌ستی داعشدان به‌گرنگزانی و هاوکات کاردانه‌وه‌ دوژمنکاریه‌کانی تورکیا له‌م رووه‌وه‌ ره‌خنه‌ کرد و وتی:” چی‌ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌تورکیاوه‌ هەیە سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌تێکی تر هێڵی سور دیار بکات، کاربەدەستانی تورکیا چاوی بینینی هاوکاری هێزه‌ عه‌رب، سوریانی و تورکمان و گروپه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ کوردان نیه‌، تورکیا و سوریا وه‌کو یه‌کن، سوپای تورک له‌سنور ده‌ستی به‌کوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی رۆژئاوای کردوه‌، به‌ڵام مرۆڤکوژیه‌کانیان ناتوانێ بەر به‌سه‌رکه‌وتنه‌کانمان بگرێت”
به‌ڕای من کارکردن بۆ  پاکژکردنی زمانیان و  گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئامانجی  شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، کارێکی گران نییه‌ و  به‌دانانی لیژنه‌یه‌کی پیاچونه‌وه‌ی ئه‌و  هه‌واڵ و  باسوخواسانه‌، ده‌توانرێت ڕیشه‌کێش بکرێن  هه‌رکه‌سێکیش زمانه‌که‌ی چاکنه‌کات  جه‌نده‌ها شێوه‌ هه‌یه، ده‌توانرێت ‌ بگیرێنه‌ به‌ر بۆ  هێنانه‌وه‌ سه‌رخه‌تی نوسه‌ره‌که‌ی ، هه‌واڵنوسه‌که‌ی یا که‌سی دیمانه‌که‌ر.
درێژه‌ی هه‌یه‌

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s