له‌ بنچینه‌دا شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌ناركیزم شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دۆگماتیزم

حه‌سه‌ن جودی

٢٣/ ٦ / ٢٠١٦

چەند سەرنجێك لەسەر وتاری ” ئایا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟ زاهیر باهیر ٩/٦/٢٠١٦ ” *

پاش خوێندنەوەی وتارەکە، کە به‌ پرسیاری ئایا (بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟) دەستپێدەکات، لە ھۆشی مندا چەند سەرنجێک سەریانھەڵدا. بە دیتنی من سه‌ره‌تایه‌كی باشه، به‌ڵام كه‌مه‌،‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسێكی گرنگ و له ‌هه‌مانكاتدا په‌راوێزخراو. ئه‌م بابه‌ته‌ هێژای قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌. چونكه‌ ئه‌و  پرسیاره‌ هاوپێچیشه‌ له‌گه‌ڵ پرسیارگه‌لی وه‌ك : له‌ كۆی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا چشتێك هه‌بووه‌ یان هه‌یه‌ ناوی ئه‌ناركیستی بێت.؟ مه‌گه‌ر له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌؛ پێویستبوو پرسێكی دیكه‌ش به‌دوای ئه‌و پرسه‌دا هاتبایه‌: داخوا توانستیده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ یان ره‌وتێكی ئه‌ناركیستی هه‌یه‌؟

پێم وایه‌؛ مرۆڤ به‌ كرده‌ی ئه‌ناركیستیانه‌یه‌وه‌ له‌ مێگه‌لایه‌تیه‌وه‌ به‌ره‌و  مرۆڤبوون و كۆمه‌ڵگابوون هه‌نگاوی هه‌ڵهێناوه‌، ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگابوون له‌ مێگه‌لبوونیش جیا ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر ته‌نیا رێكخسته‌بوونی كۆمه‌ڵگا له‌ چوارچێوه‌ی فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو كرده‌ ئه‌ناركیستییه‌كانی تاكه‌كانیشی كۆمه‌ڵگابوونی ئافراندووه‌ و پێشیخستووه‌. دواتر كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌ك چڕبوونه‌وه‌ی هێزی پیاو و به‌دواشیدا هێزی چینێك فۆرمی وه‌رگرت، ئیدی ئه‌ناركیستی له‌ناواخنی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كان وه‌ك ره‌وتێك، به‌ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و كرده‌وه‌وه‌ زیندووێتی به‌ خۆی و به‌ ره‌وتی كۆمه‌ڵگابوون داوه‌.  بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی چه‌نده‌ شه‌ڕ بووه‌ له‌گه‌ڵ فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سروشتییه‌كان له‌هه‌مانكاتدا شه‌ڕیش بووه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كاندا. ئه‌ناركیستی ئه‌وه‌نده‌ ئاوێته‌ی كۆمه‌ڵگا بووه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی وه‌ك به‌شێك له‌ وزه‌ی دینامیكی كۆمه‌ڵگا یان زیندووێتی كۆمه‌ڵگا خۆی و كۆمه‌ڵگای به‌ زیندووێتی هێشتۆته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وت و هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان سه‌نگه‌ربه‌ند بووه‌. ته‌نانه‌ت سیسته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كان تێكۆشانی كۆمه‌ڵگا ئازاد و ئازادیخوازه‌كانی به‌ ره‌وتی ئه‌ناركیستی (ئاژاوه‌گێڕی، ئیبلیسی، دژه‌ خودا، دژه‌ یاسا، دژه‌ سیسته‌م…هتد ) ناساندووه‌ و به‌ر نه‌فره‌تی خۆی داون‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگاشی هانداوه‌ كه‌ دژی ئه‌و وزه‌یه‌ی دینامیكی زیندووی خۆی بوه‌ستێته‌وه‌.

ئیدی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ رووێكیه‌وه؛‌ مێژووی ململانێی نێوان ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان و ره‌وته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان بووه‌.‌ مسۆگه‌ر له‌ ململانێی نێوان فۆرمی قوچكه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان له‌به‌ره‌ی دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا سه‌نگه‌ربه‌ند بوونه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ زێده‌ڕۆیی نه‌كات ئه‌وا ده‌كرێ بگووترێ؛ سه‌ره‌تای هه‌موو بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كان به‌ رۆحی ئه‌ناركیستی و له‌میانه‌ی چه‌مك و كرده‌ ئه‌ناركیستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و پاشان فۆرمی رێكخسته‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رگرتووه‌. دواتر له‌گه‌ڵ تۆكمه‌بوونی رێكخسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌ره‌تا هه‌وڵی په‌راوێزخستن و پاشان ناشیرینكردن و به‌دواشیدا وه‌ده‌رنانی كاره‌كته‌ره‌ ئه‌ناركیستییه‌كان خۆی قاڵبگیر كردووه‌ و ئیدی خۆی خزاندۆته‌ ناو فۆرمه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌ قوچكه‌ییه‌كانه‌وه‌. وه‌ده‌رنانی ره‌وتی ئه‌ناركیستی له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا واتا وه‌ده‌رنانی زیندووێتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئیفلیچكردنی به‌شێكی دینامیكی كۆمه‌ڵگایه‌. به‌بێ رۆحی ئه‌ناركیستی هه‌رجۆره‌ رێكخسته‌بوونێكی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و قوچكه‌ییبوون و قاڵبگه‌ری ده‌ڕوات. ئیدی وه‌ده‌رنانی رۆحی ئه‌ناركیستی و نیشاندانی به‌ حه‌رامزاده‌یی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ واتا ئاراسته‌گرتنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و باوه‌شی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتگه‌ری.

لێره‌وه‌؛ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی ئه‌مجاره‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ فۆرمه‌ قاڵبگرتووه‌ داخراوه‌كانی خودی كۆمه‌ڵگایه‌‌، له‌به‌رامبه‌ر به‌ قاڵبه‌ هزرییه‌ دۆگماكانی كۆمه‌ڵگایه‌. له‌ بنچینه‌دا شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌ناركیزم شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دۆگماتیزم. چ له‌نێو كۆمه‌ڵگا و چ له‌به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتدا. ده‌سه‌ڵات بۆخۆیشی وشكترین فۆرمی دۆگمایه‌ و به‌رهه‌می دۆگماتیزمه‌. هه‌موو ئایدیۆلۆژییه‌ دۆگماتیكه‌كان مه‌حكومن به‌وه‌ی ببنه‌ ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتدارێتی.   ‌

كه‌واته‌ ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا ره‌وتێكی دژه‌ ده‌سه‌ڵات نییه‌، به‌ڵكو له‌ بنچینه‌دا ره‌وتێكی دژه‌ دۆگماتیزمه‌. ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا ره‌وتێكی دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی نییه‌، به‌ڵكو پارادیمێكی بیركردنه‌وه‌ و ژیان و چالاكییه‌. پێكهاته‌یه‌كی گرنگی هووشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سروشتییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگابوون نه‌بێته‌ پرۆسه‌ی له‌قاڵبدانی كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌وه‌ی رێكخسته‌بوون نه‌بێته هۆی تێكدانی سروشتی گه‌شه‌سه‌ندوویی و گۆڕانكاری به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگا و به‌دوایدا ‌هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان (به‌ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌وه‌) ره‌وتی ژیانیین و پارسه‌نگی هاوسه‌نگڕاگرتنی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگابوونن.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ پێم وایه‌؛ كۆمه‌ڵگا نییه‌ بێ ره‌وتی ئه‌ناركیستی بێت. واتا له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌دا و له‌هه‌ر قۆناخ و دۆخێكی خۆیدا كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكی ئه‌ناركیستیانه خۆی نمایش ده‌كات‌. چه‌نده‌ ئه‌و ره‌وته‌ هاوكاتی پرۆسه‌ی رێكخسته‌بوون خۆی به‌ زیندوویی هێشتبێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كۆمه‌ڵگا زیندوو بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش توانیویه‌تی له‌به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌نگه‌ربه‌ند بێت. له‌مه‌دا ده‌خوازم ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو كه‌ ئه‌ناركیستی و رێكخسته‌بوونی پێكهاته‌‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ناو یه‌ك و ئاوێته‌ی یه‌كن و له‌هه‌مانكاتیشدا هاودژی یه‌كتریشن و به‌بێ یه‌كتر واتایان كه‌مده‌بێته‌وه‌ و بوونێتیان لاواز و بێ به‌رگه‌ ده‌بن. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گووترێت “دینامیكی زیندووی كۆمه‌ڵگا” له‌ دوو دۆخدا دێته‌دی: یه‌كه‌میان؛ چه‌نده‌ ئه‌ناركیستبوون و رێكخسته‌بوون له‌نێو ئاوێته‌یی و دژبووندا له‌نێو پێكداخشان (احتكاك)ی پۆزه‌تیڤ دان. دووه‌میشیان چه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌نێو پێكداخشانی نێگه‌تیڤ دان.

بۆیه‌ كۆمه‌ڵگای باشووریش بێ ئه‌و ره‌وته‌ نه‌بووه‌ و ئێستاش بێ ئه‌و ره‌وته‌ نییه‌. به‌ڵام چۆن؟ كێشه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ به‌ گشتی هێشتا تاوتوێی ره‌وتی خۆرهه‌ڵاتیانه‌ی ره‌وتی ئه‌ناركیستی نه‌كراوه‌ كه‌ چ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌ك بووه‌ و هه‌یه‌؟! ئه‌مه‌ بۆ كوردستان و به‌تایبه‌تتر بۆ باشووری كوردستانیش هه‌ر وه‌هایه‌. راسته‌ بیرمه‌ندان له‌ خۆرئاوا ره‌وتی ئه‌ناركیستیان خزانده‌ نێو لێتۆژینه‌وه‌ هزری و فه‌لسه‌فییه‌كان و ره‌هه‌نده‌كانیانی لێكدایه‌وه‌ و ئیدی به‌دوایدا ئه‌ناركیستی خۆی گه‌یانده‌ چه‌مك و كاره‌كته‌ر و جوڵه‌ی دیاریكراو و چوارچێوه‌یه‌كی هزری به‌نێوی (ئه‌ناركیزم)ه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ دۆخێكه‌ زیاتر مۆركی جڤاكی خۆرئاوایی وه‌رگرتووه‌ و به‌رهه‌می جڤاكی نێو مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌ له‌ خۆرئاوا. واتا ڤێرژنێكی خۆرئاوایی ئه‌ناركیزمه‌. ئه‌ی ڤێرژنه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كه‌ی كوا؟ وێڕای گووتنی ئه‌و راستییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ و ڤێرژنه‌ خۆرئاواییه‌كه‌ی ره‌وتی ئه‌ناركیستی، به‌ڵام خۆ ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا به‌رهه‌می جڤاكی خۆرئاوایی نییه. ئه‌گه‌ر وا بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا پێم وایه‌ ده‌كه‌وینه‌ ژێر كاریگه‌ری ناوه‌ندگه‌ریی (سه‌نترالیزم)ی خۆرئاواییه‌وه‌، كه‌ خۆی له‌خۆیدا ئه‌و ناوه‌ندگه‌راییه‌ به‌رهه‌می ئه‌و مۆدێرنیته‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌ناركیزمی خۆرئاوایی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ركه‌وتووه‌.

به‌ كورتی؛ ئه‌ناركیستی وه‌ك ره‌وتێكی جوڵه‌داری نێو جڤاكه‌ زیندووه‌كان، له‌ جڤاكه‌كانی خۆرهه‌ڵات و له‌ جڤاكی باشووریشدا ده‌كرێ سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێ و هه‌وڵی دیتنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌كانی بدرێت. چونكه‌ ئه‌م جوگرافیایه‌ و كۆمه‌ڵگاكانی ناوه‌ند و بێشكه‌ی دۆگماتیزمه‌. خۆ ناكرێ دۆگماتیزم هه‌بێ و دژه‌كه‌ی نه‌بێ؟!! ره‌نگبێ له‌ داهاتوودا ده‌رفه‌تی قسه‌ و باسی زیاتر بره‌خسێ و زیاتر مانیفێست بكرێ.

له‌ كۆتاییدا؛ ئه‌مه‌ هه‌ندێك سه‌رنج بوون، كه‌ ده‌كرێ بۆ من سه‌ره‌تایه‌كی بچووك بێت بۆ ئه‌گه‌ری قسه‌كردنی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ناركیزم و ئه‌ناركیستی و رۆحه‌ زیندووه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگای مرۆیی.

——————————————

*                    http://zaherbaher.com

 

پاشکۆ *

دانییل غیرین
و. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سه‌لام عارف

شۆڕشی ئایاری ١٩٦٨** تێسره‌وانێکی توندی ڕاماڵ بوو، کە  گه‌نجان به‌رپایانکرد، تەنیا گه‌نجانی خوێندکار نه‌بوون،بەڵکو ئەوە گه‌نجانی کرێکاریش بوون، که‌  هاتبوونە بەر‌ده‌م ھاوەڵ و ھاوڕێ خوێندکاره‌کانیان‌، ئه‌وان هه‌ردوولا، چ له‌ زانکۆ وچ له‌ کارگه‌ که‌وڵده‌کران دیکتاتۆریی گەوران و مامۆستایان و خاوه‌نکاران و بەرپرسانی سه‌ندیکاکان بە به‌ر ڕه‌خنه‌درا، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو، تا ڕاده‌یه‌ك ئازادیخوازانە بوو.

ئه‌و شۆڕشه‌ تەنیا ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بوو له‌ کۆمەڵی بۆرژوازی، ڕه‌خنه‌ش بوو له‌ کۆمونیزمی پاش ستالین، ساڵ دوای ساڵ له‌ بواری زانکۆییدا قوڵتر ده‌بوه‌وه‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌و جه‌نگه‌ی که‌ کۆمه‌ڵه‌ی  سیتوانیستەکان ( الوضعانیة – SITUTIONNIST )*** دژی هه‌ژاری له‌نێو خوێندکاران به‌رپایکرد، ئه‌و جه‌نگه‌ بوو به‌ بانگه‌واز بۆ  بزوتنه‌وه‌ی خوێندکارانی زۆر وڵات، به‌ تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا، کاری ڕاسته‌وخۆ بوو به‌ چه‌کی ده‌ستی، بۆ ڕێگه‌ ناڕه‌وا په‌نایده‌برد، جێگه‌ی کارکردنه‌کانی داگیرده‌کرد، به‌ توندوتیژی شۆڕشگێڕانە وه‌ڵامی توندوتیژی کۆنخوازیی ده‌دایه‌وه‌، به‌بێ هیچ ڕاڕایی و سڵکردنەوەیەك به‌ هه‌موو بیروباوه‌ڕ و پێکهاته‌یه‌کی پێشودا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی دەکرد، مۆنۆلۆجیی مامۆستایی**** ڕه‌تکرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕه‌تکردنه‌وه‌ی دارایی خاوه‌نکار، ڕاده‌یه‌کیشی بۆ له‌خۆباییبوون و شه‌یدایی لووتبه‌رزانە دانا، بۆ گفتوگۆی ده‌نگه‌ جیاوازه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان خه‌ڵك چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی درەوشاوە دیموکراتی به‌رقه‌رارکرد، کۆبوونەوە و یەکتردیتنەکان هێنده‌ زۆر بوون له‌ ژماردن نه‌ده‌هاتن، شۆڕش به‌ که‌یفێکی زۆره‌وه‌ له‌و کۆبوونەوە و یەکتردیتنانەدا له‌ گۆزه‌ی ئازادی ده‌خوارده‌وه‌، له‌ گۆڕه‌پانه‌ گشتییه‌کاندا هه‌موو که‌س به‌ ئازادی بیرۆکە و بۆچوونەکانی خۆی  ده‌رده‌بڕین، گۆڕه‌پانه‌کان بووبوون به‌ پۆلی ڕاسته‌قینه‌ی خوێندن، هاتوچۆ وه‌ستابوو، یاخیبووان و ڕه‌تکه‌ره‌وه‌کان له‌ قەراخی شه‌قامه‌کاندا به‌ قوڵی و به‌ ئاشکرا سه‌رقاڵی باسکردنی ستراتیجی جه‌نگی داهاتوو بوون، گۆڕه‌پانه‌کان و ڕاڕه‌وه‌کانی “سۆربۆن” بووبوون به‌ شانه‌کانی شۆڕش، هه‌موو که‌س ده‌یتوانی سەربکێشێتە ئەو شوێنانە، ته‌وژم و ئاراستە‌ شۆڕشگێڕه‌کان مینبه‌ری خۆیان هه‌بوو، ده‌یانتوانی به‌ ئازادی بانگه‌واز و ئه‌ده‌بیاتی خۆیان بڵاوبکه‌ته‌وه‌.

له‌و که‌شه‌ ئازادییه‌ سەپێندراوه‌دا ئازادیخوازه‌کان توانیان له‌ قاوغه‌ کۆنه‌که‌ی خۆیان بێنه‌ ده‌ره‌وه ‌و شانبه‌شانی مارکسیستە‌کان بجه‌نگن، هه‌رچه‌نده‌ مارکسیستەکان‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بوون،به‌ڵام ئازادیخوازه‌کان ئەوەیان پشتگوێخست، دوور له‌ ئاوەزی دوژمنایه‌تی له‌ شانی ئەوان ده‌جه‌نگان، له‌و  قۆناخه‌دا جیاوازییه‌کانی ڕابوردوو پشتگۆێخرابوون،له‌و قۆناخه‌دا دوور لە گیانی کێبڕكێ و پێشڕه‌وخوازیی  هه‌موو شتێك ملکه‌چی یەلگرتن و پشتگیری و برایه‌تی بوو دژی دوژمنی هاوبه‌ش، دوور لە گیانی کێبڕکێکاری و پێشڕه‌وخوازیی‌، ئاڵا سوورو ڕه‌شه‌کان و ئاڵا سووره‌کان له ‌شانی یه‌کدی هه‌ڵکرا بوون و ده‌شه‌کانه‌وه‌.

هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌ژێر خاكنراو کرایه‌ نیشانه‌ی تیروتوانج و گاڵته‌جاڕی، ئه‌فسانه‌ی “پیری ئه‌لیزه‌”‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، سه‌رۆککۆماری فه‌ره‌نسی، واته‌ “دیگۆل” که‌ به‌ڕێز و مایه‌ی گرنگییپێدان بوو، کرایه‌ کاریکاتۆر و قه‌شمه‌ری،  “دیگۆلی فه‌وزا” بە ئەو دەگوترا ***** به‌ هه‌مان ئاواز به‌ بێده‌نگی و نەدیدەگرتنێکی کوشنده‌ ئاشی جه‌نه‌بازیی په‌رله‌مانی “په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسی” سوک و قێزه‌ون و ئینکارکرا ؛ درێژتریین ڕێپێوانی خوێنکاران به‌نێو پاریس ئه‌نجامدرا، کاتێك ئه‌و ڕێپێوانه‌ گه‌یشته‌ به‌رده‌می کۆشکی “بۆربۆن” واته‌ باره‌گای “په‌رله‌مان” ئاوڕی لە ئەو نه‌درایه‌وه‌، وه‌کو ئەوەی بوونی نه‌بێت‌، هیچ  و هیچ به‌هایه‌کی نەبێت.‌

ئایاری ١٩٦٨ی مه‌زن بۆ ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ك، واژه‌یه‌کی دڵڕفێنی جادوویی له‌ به‌شه‌کانی خوێندن و کارگه‌کان  ده‌نگیدایه‌وه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌و واژه‌یه‌ گفتوگۆیه‌کی بەردەوام دەکرا و ده‌گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ ساڵانی ڕابوردوو و لەتەك شیکارییه‌کان و تاقیکردنه‌وه‌کانی سه‌رده‌م گرێده‌درا‌، ئه‌و واژه‌یه‌ “خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” بوو، ده‌رباره‌ی ئەزموون‌ی هه‌ره‌وه‌زییه‌کانی ئیسپانیای ١٩٣٦ گفتوگۆیه‌کی زۆر دەکرا، ئێواران کارگه‌ران ده‌هاتن بۆ زانکۆی “سۆربۆن”، تا ئه‌و چاره‌سەرییه‌ فێربن و بۆ جێگه‌ی کار و پیشه‌کانیان بیگۆێزنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مانگرتنه‌کان ئامێره‌کانی که‌فته‌کار کردبوو، بەڵام شۆڕشی ١٩٦٨ نه‌یتوانی “خۆبه‌ڕێوە‌به‌ری”  کردەییبکاتەوە و له‌ لێواری کاردا وه‌ستا، سەرەڕای ئه‌وه‌ش که‌ “خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری” ناحه‌زی زۆربوو، ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆری لە ئەو ده‌گیرا، به‌ڵام توانی لەنێو‌ هۆشی خه‌ڵکی جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه‌، جارێکی دیکە دره‌نگ یا زوو سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.
————–
* وەرگیراو لە په‌ڕتووکی (التحرریة من العقیدة الی الممارسة) دانییل غیرین

** مەبەست ڕووداوەکانی‌ شۆڕشی ١٩٦٨ی فه‌ره‌نسەیه‌، شۆڕشی خوێنکاران، چه‌پڕه‌و، ئازادیخواز، به‌ ئاڕاسته‌یه‌کی پێشکه‌ورنخواز، کاریگه‌ریه‌کی مه‌زنی لەسەر بیر و باوه‌ڕی باو، که‌ له‌ کۆمەڵی فه‌ره‌نسی ئه‌ستوور ڕه‌گیداکوتیبوو، بیر و باوه‌ڕه‌کانی مارکس و باکۆنین  بزوێنه‌ری سه‌ره‌کیبوون، بەبێ گومان له‌ته‌ك ئه‌وانیشدا  شۆڕشگێڕه‌کانی دیکە – گیڤارا- ماو – لینین. و.ع

***الوضعانیة‌ ؛ بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌پڕه‌وی په‌ڕگیر بوو‌، دژی بنه‌مای پێکهاته‌کانی کۆمەڵی باو بوو‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ جه‌ختیده‌کرده‌وه‌، که‌ کۆی دامه‌زراوه‌کان له‌ جێبه‌جێکردنی سه‌رمایه‌داری به‌شدارن ، داوای ژیانه‌وه‌ی به‌هاکانی شیعر و سه‌فاهه‌ت و برایه‌تی و سۆسیالیزمی ده‌کرد. و.ع

**** لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ گوتنه‌وه‌ی وانه‌کانه‌، یان خوێندن و فێرکارییه‌، به‌بێ به‌شداری خوێندکاران. و.ع

***** گه‌مه‌کردنه‌ به‌ وشه، چونکە‌ “دیگۆڵ” وشه‌ی ئاژاوەی به‌کاربردووه‌ و گوتویه‌تی “به‌ڵێ چاکسازی، نه‌ك بێسەرەوبەرەیی، بەرانبەر بە ئەو شۆڕشی ١٩٦٨ وه‌ڵامی به ئەو‌ داوه‌ته‌وه‌ ” به‌ڵێ بێسەرەوبەرەییە‌، لەبەرئەوەی کە‌  نوێنه‌رایەتی سمبۆله‌کانی سیستمی بۆرژوازی سه‌رمایه‌داری ناکات ” و.ع