تێگەیشتنی چەمک و هۆکارو دووراییەکانی کاری سیخوڕیی:

تێگەیشتنی چەمک و هۆکارو دووراییەکانی کاری سیخوڕیی:

ئەحمەد ڕەزا:

26/07/2016

ئەوەی لە بەڵگەنامەکانی ویکلیکسدا هاتووە، بەدەر لە ناولێنانە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکانی، کە حزبە ئایدیۆلۆژیە جیاوازەکانی وڵاتێک بە مەرامی بە سزا گەیاندنی ئەوجۆرە کەسانە ناویان لێناوە: ” خیانەتی نیشتیمانیی و نەتەوەیی”، لە پێناسەیەکی زۆر کورتترو گشتگیرتردا سیخوڕیی کردن: هەواڵدزینە لەلایەن کەسانێکەوە دژی بەرژەوەندیی و هاووڵاتیان و ستراتیژو سیستمی فەرمانڕەوایی و سەربازیی وڵاتی خۆیەوە.. سیخوڕیی کردنیش بەرامبەر بە پاداشتی مادییە لە زۆر باردا، یان بەکاربردنە لەژێر فشاری جۆراوجۆردا.

شانازیی کردن بە سیخوڕییەوە، چەند دوورایی ” بعد” ێکی ڕوونیی هەیە، گرنگترینیان گاڵتەجاڕ بوونی سیستمی حوکمڕانیی ئەو دەسەڵاتدارێتییەیە، کە توانای جڵەوگرتنی ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لەدەستداوە، جگە لەوەی هەموو متمانەیەکیش بە دیسپلینی ئەو حوکمڕانێتییە نەماوە.

لە کاتێکدا ڕووداوەکانی ٣١ی ئابی ١٩٩٦، ئەکرێت بە شانازیی و بە سەرەتایەک بۆ ئاوەدانیی وەسف ئەکرێت، کە لە جیهاندا بە قێزەونترین نمونەی پاراستنی بەرژەوەندیی و ناپاکیی میللیی ناسرا. ئەوکات زۆر ئاساییە، لە دروستبوونی هەر جۆرە فشارێکدا، ٣١ ی ئاب، بکرێت بە هێمای شانازیی کردن و وەک بنەڕەتێک بۆ هەڕەشە کردن و نوێ بوونەوەی بەکاربهێنرێت.. کاتێک حوکمی میللیی بەسەر ناپاکدا جێبەجێ نەکرێت، هەڵبەت بۆ شاردنەوەی شەرمەزاریی مێژوویی ناپاکیی ئەبێت بە سەروەریی.

یەکێک لە دووراییە کاریگەرەکانی تری سیخوڕیی، ئەوەیە لەدوای بەربەرەڵا کردن بۆ ناپاکیی و خۆ پێوە بادانەوە، ئیتر ئەو ڕەفتارە ئەخزێتە ناو تەواوی کایە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوەو تاکەکانی کۆمەڵگەش ئەگرێتەوە.. لێرەوە ئیتر هەوڵی گۆڕینی چەمکی سیخوڕیی کردن ئەدرێت و چەواشەکاریی لە مەدلولەکەیدا ئەکرێت.

پۆل ڕیکۆری فەیلەسوفی فەرەنسی ” ١٩١٣/٢٠٠٥” سەبارەت بە تێگەیشتن لە چەمکی دیاردەکان، نمونەیەکی ئەفەریقای باشور ئەهێنێتەوە، کە هاوڕێیەکی دادوەریی بۆی گێڕاوەتەوەو ئەڵێت:

(( لە شەوێکدا دزێک هەڵئەکوتێتە سەر ماڵێک و پاش کوشتنی خاوەن ماڵەکە، پارەیەکی زۆر ئەدزێت.. لەبەر ئەوەی تاوانەکە هەم کوشتن و دۆخی توندی تیادایە، دادوەر سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرئەکات.. دزەکە توشی شۆک ئەبێت بەو سزایەو لە دادوەر ئەپرسێت: ئەمە چ جۆرە دادپەروەرییەکە سزای کوشتنم ئەدەی؟ لە کاتێکدا من خۆم و ماڵ و منداڵم برسیی بووین و چووم لەو ماڵە بەشی پێداویستییەکانم پارە بێنم، کابرا ڕێگیریی لێکردم و منیش کوشتم.))

ڕیکۆر شۆک و سەرسوڕمانی دزەکە، بۆ تێنەگەیشتن لە ماف ئەگێڕێتەوە، کاتێک کەسێک بە هۆی تێنەگەیشتنەوە، تاوانێک ئەکات، بە بێ ئەوەی بزانێت ئەم کردارەی ئەو، پێشێل کردنی مافی گشتییە.. هەڵبەت لە یاساشدا تێنەگەیشتن بە هەنجەت وەرناگیرێت.. کەچی لە فەرمانڕەوایی هەرێمدا، نەک هەر بە تاوان ئەژمارد ناکرێت، بەڵکو شەرعیەتیش بە تاوانەکە ئەدرێت، بە جۆرێک نزیک ببێتەوە لە بە مۆدێلکردنی.. دەنا مەلایەک ناتوانێت بەوجۆرە بانگەشە بۆ بەرنامەی دوژمنی خۆی و هاووڵاتیانی بکات و چەواشەکارانە خەڵک تەفرە بدات.. بانگەشە کردن بۆ ئەو دوژمنەی دروستکاری داعشە.

یەکێک لە دەرهاویشتەکانی حزب، سیخوڕیی کردنی کەسانێکی ڕاسپێرراوە، بەسەر حزبی ترو هاووڵاتیان و دامەزراوەکانەوە، لەم دیزانە گاڵتەجاڕییەی ئێستای سیستمەکانی جیهاندا، دیاردەی سیخوڕیی کردن، بنەمایەکی کارپێکراوە بۆ تێکدان و پشێویی و هەواڵگریی بەسەر ئەوانیترەوە. لە زۆرترین باردا بە هۆی مەترسیداریی کارەکەو بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتێکەوە، تاکەکانی وڵاتێک هانا نابەنە بەر دوژمن و خۆیان کارەکەیان بۆ ئاسان بکەن، بەڵکو دوژمن لە ڕیزەکانی خەڵکی کۆمەڵگەکەی خۆی کەسانێک هەڵئەبژێرێت و بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانەوە، ئەیانخاتە بەر کارکردن. کەچی لە وڵاتەکەی ئێمەدا تاکەکانی ئێمە خۆویستانە ئەو کارە ئەکەن، لەبەر چەند هۆکارێکی سیخوڕیی کردن، کە دواتر باسیان ئەکەم.

پێناسەی زانستیی سیخوڕ، لەو سەرچاوانەوە کە گرنگیی بەم باسە ئەدەن، پوخت کراوەتەوە لەم پەرەگرافەدا:

سیخوڕ ئەو کەسەیە بە نهێنیی کار ئەکا، یان لەژێر دروشمێکی درۆینەدا، بۆ وەرگرتنی زانیاریی دەربارەی پرۆسە سەربازییەکانی دەوڵەتە بەشەڕهاتووەکان و گەیاندنی بە دوژمن. ئەوان لە شەڕو لە ئاستیدا هەر کار ئەکەن، بۆ پتەوکردنی بەرەی ئەو دەوڵەتەی کاری سیخوڕیی بۆ ئەکەن. یان بەکارئەهێنرێن بۆ خستنەوەی پشێویی و فیتنە هەڵگیرساندن لە نێوان ڕیزەکانی بەرەی دوژمندا، بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ستراتیژو کارنامەی درێژخایەنی ئەو وڵاتەدا.

ئەو هۆکارانەی وا ئەکەن تاکەکان کاری سیخوڕیی لەسەر وڵاتەکەی خۆیان بکەن:

١-ناڕازیی بوونیان لە بیروباوەڕێکی وڵات.

٢- پێویستیی زۆریان بە پارە، بە هۆی هەژارییەوە.

٣- ئارەزوویان بۆ ژیانی شەوانەو سێکس.

٤- ناچار کردنیان لە لایەن هەواڵگریی وڵاتی بێگانەوە.

سەرچاوە:

*علم المخابرات وتعریف الجاسوسیة/ موقع: المنتدی العربي للدفاع والتسلیح.

* فلسفة الارادة/ بول ریکور.

 

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s