بە کولتووربوونی بنەماکانی کۆمەڵی چینایەتی

هەژێن

١٢ی ئۆگوستی ٢٠١٦
کۆیلەتی

زۆرێك لە ئێمە ئاوا دەدوێن، کە ئێمە هەر وەك/ بە ئەندازەی کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست کۆیلەن. من تەواو پێچەوانەی ئەوە دەبینم، هەڵبەتە نەك لەبەر ئەوەی بخوازم بڵێم “ئێمە کۆیلە نین”، نەخێر، بەدڵنیاییەوە ئێمە کۆیلەین، بەڵام کۆیلەی خۆخواست و خۆبەخش و سوپاسگوزاری بەردەم کۆشکی سەروەران، خوازیاری سەروەربوونی یاسای ئەوان، خوازیاری ئاوەدانمانەوەی دیواخانەکەی ئەوان؛ پارلەمان.

بەپێچەوانەوەی ئێمە، کۆیلەی سەدەکانی نێوەڕاست لەلایەن باندێك ڕاودەکرا و لە بازارەکان دەفرۆشرا و بە هەزار و یەك ئامرازی سەرکوتکردن و بەندکردن ڕادەگیرا و هەر کات بچووکترین هەلی بۆ هەڵبکەوتایە، دەستبەجێ بۆ هەڵهاتن هەوڵیدەدا، هەرچەندە سەرەنجامی هەڵهاتنەکەی لەدەستدانی گیانیشی بووایە. کەچی ئێمە ئەگەر بە شەقیش ڕاوبنرێین، هەر دەگەڕێینەوە بەردەم کۆشکی سەروەران و بۆ فڕێدانی پارچە نان و ئێسکێکی ڕووتاوە لەلایەن مشەخۆران، چاوەڕێدەمێنین.

ئایا ئێمە کۆیلەی ناچارکراوین یا خۆبەخش و خۆخواست؟

من بە پێچەوانەی پاگەندەی سۆزهەڵخڕێنەرانەی چەپ و دەسەڵاتخوازە بەناو “سۆشیالیستەکان” دەڵێم کۆیلەبوون بووە بە بەشێك یا کۆڵەکەیەکی سەرەکی کولتووریی سەردەمی ئێمە و کۆیلەتی وەك تەلسیمێك ئاوا لە هۆش و ئاوەزی ئێمە ئاڵاوە، کە ئێمەی کۆیلە زیاتر لە زیندان و سزای سێدارە لە ئازادی و ئازادبوون دەترسین؛ ئێمە دەتوانین دەنگدان بە سەروەربوونی ڕامیاران بایکۆتبکەین، ئێمە دەتوانین لەشوێنی کار لەجیاتی پێشبڕكێ بۆ ڕازیکردنی خاوەنکار، هاوپشتی هاوچینەکانمان بکەین، ئێمە دەتوانین لە کۆڵان و گەڕەکەکان هاوپشتی یەکدی بکەین و هەرەوەزی و گروپی خۆجێی هاریکاری و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی پێکبهێنین، ئێمە دەتوانین لەجیاتی پێشبڕکێی کڕینی دوا مۆدێلی ئۆتۆمەبیل و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خانووی سەرگەرمیی و بەکرێگرتنی ژنانی ئاوارە، پێکەوە زەمین بکرین و کێڵگەی هەرەوەزیی دروستبکەین، ئێمە دەتوانین لەجیاتی بەکرێگرتن و کڕینی چێژی سێکسی لە ژنانی ناچارکراو، گیرفان و هوشیاریمان لەتەك ئەوان بەشبکەین،  ئێمە دەتوانین لەجیاتی بەخزمەتکارگرتنی هاوچینەکانمان سەرپەنا و گوزەران و ئەرکەکانمان لەتەك ئەوان بەشبکەین، ئێمە دەتوانین زۆر شت بکەین، کە کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست بواری ئەو شتەیان نەبوو و ئەگەر بیانتوانیایە، بەدڵنیاییەوە ئەنجامیاندەدا.

ڕاستە ئیمە کۆیلەی سەروەریی بۆرجوازین، بەڵام کۆیلەتیمان سەرەنجامی پرۆسێسێکی دریژخایەنی مێژووییە و لەسەر لوتکەی کۆیلەتی  بەوپەڕی شانازییەوە کۆیلەی خۆبەشین، کۆیلەی هۆش بەنگکراوین بە ئەفیونی “ناسیونالیزم” و “هاووڵاتیبوون” و “نیشتمان” و پارتییایەتی و هەروەها ئەفیونە کۆنەکە؛ واتە ئایین. لەبەرئەوە هاوتاکردنی کۆیلانی ئەم ڕۆژگارە لەتەك کۆیلانی سەردەمەکانی پێشتر، ستەمێکی زۆر و بێویژدانییەکی لەڕادەبەدەرە بەرانبەر ئەوان؛ ئەوان جەستەیان کۆت و زنجیرکرابوو، ئێمە هۆش و ئاوەزمان، سەراپای بوونمان و ژیانمان. پێچەوانەی ئێمە، ئەوان بە چەك و یاسا و بڕیارەکانی پەرەستگە زۆربەی ڕێگەکانی دەربازبوون لە ماڵ و کیڵگە و کۆشکی کۆیلەدار لە ئەوان گیرابوون، بەڵام ئێمە کۆیلانی ئەم سەردەمە زۆر ڕێگە و دەرفەت بۆ دەربازبوونمان هەن، کەچی بۆ جاریكیش لە خۆڕزگارکردن بیرناکەینەوە.

بەکورتی ئەوان بە جەستە کۆیلەکرابوون، بەڵام بە هۆش ئازاد بوون و تەنیا خەونی ئەو ڕۆژگارەی ئەوان ڕزگاربوون و شەیدایی بوو بۆ دونیای پشت دیوارەکانی زیندانیان و وێناکردنی گەییشتن بە دونیای دەرەوەی زیندان، هەر ئەوەش هیوابەخشی زیندوومانەوەی ئەوان بوو، نەك ژەمێك خۆراکی خۆش و هەبوونی پۆشاکێکی ڕازاوە و هەبوونی مافی لاساییکردنەوەی مشەخۆریی سەروەران. بەڵام ئێمە لەبیرکردنەوە و وێناکردنی دونیای دەرەوەی زیندانەکە دەترسین و خەریکی بەشداریکردنی کایەی یەکدی کۆیلەکردنین؛ بەڕێوەبەران و جەنەراڵان و پاسەوانان، کرێکاران و جوتیاران و فەرمانبەران و خوێندکاران و سەربازان کۆیلەڕادەگرن؛ پیاوان ژنان کۆیلەڕادگرن؛ ژنان و پیاوان منداڵان کۆیلەڕادەگرن و هەموومان لە منداڵێك تا بەڕێوەرێك کۆیلەی سەروەریی کۆمەڵێك ڕامیار و سەرمایەدارین و لەجیاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهینان بەو پووچگەراییە چینایەتییە، هەوڵی لاساییکردنەوەی سەروەران و گەییشتن بە پێگەی ڕامیاریی و ئابووریی ئەوان دەدەین و ڕزگاربوون لە ناسروشتیترین یاسا و شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکەوتنی کولتووریی بە ئەستەم دەزانین  و هەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی ئەو پووچگەراییە پاگەندەیدەکەین و تەنانەت گاڵتە بە خەونی کۆیلانی یاخیگەر دەکەین و خۆبەخشانە دەمی هاوچینە ئازادیخوازەکانمان دەگرین.

سەروەریی چینایەتی

ئەگەر سەرنجی پاگەندەی زۆرێك لە ناڕازییان بدەین، پرسەکە ئاوا بەرچاودەکەوێت، کە ئێمە وەك کۆیلەکانی سەدەکانی نێوەڕاست و جوتیارانی سەردەمی فیئۆدالیستی تەنیا بە زەبری لوولەی چەك ڕاگیراوین و ئەگەر پۆشاکی چەکدارەکان بگۆڕین، ئەگەر زمانی سەروەران بگۆڕین، ئەگەر ناوی پارتیی و فەرمانداریی و ئەندامی پارلەمانەکان و دەوڵەتەکان بگۆڕین، ئیدی لەو کۆیلەبوونە ڕزگاردەبین.
ئایا بەڕاستی ئێمە تەنیا بە زەبری لوولەی چەك ڕاگیراوین یا بە زەبری دەبەنگبوون بە “ناسیونالیزم” و “نیشتمانپەروەریی” و “ئایینداری” و “هاووڵاتیبوون” و “دێمۆکراسیبوونی پارلەمانتاریزم” ؟
بۆ ئەوەی باشتر و وردتر لە پرسەکە تێبگەین، با کۆمەڵێکی ئەوروپی بە نموونە وەربگرین. ئەگەر بۆ ماوەیەك دەوڵەت و فەرمانداریی لە کاربکەون، چی ڕوودەدات؟

دەزانم، کەسانێك کە بە پاگەندەکانی سەروەریی بەنگکراون، دەستبەجێ دەڵێن “بێسەرەوبەرەیی، خوێنڕشتن، لەنێوچوونی مرۆڤایەتی، جەنگی هەمووان دژی هەمووان و ….” . ئایا بە ڕاستی هەر ئاوایە، کە ئەوان دەرکیدەکەن و پاگەندەیدەکەن؟

وڵاتی بەلجیکا بەهۆی نەبوونی زۆرینەی دەنگ لەلایەن پارتییە هەڵبژێردراوەکان لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەرەنجامی دەنگدانەکان واتە ١٣ی جونی ٢٠١٠ بەدواوە ماوەی ٥٤١ ڕۆژ واتە نزیکەی ساڵ و نیوێك فەرمانداریی [حکومەتی] نەبوو و وەك هەر وڵاتێکی دیکەی دارای فەرمانداریی فەرمی، کار و بارەکانی کۆمەڵ بەڕێوەچوون و هیچ گرفتێك ڕووینەدا و کۆیلانی سوپاسگوزار وەك سەردەمی هەبوونی فەرمانداریی، ملکەچی سەروەران مانەوە و هیچ یەك لەو شتانەی کە ڕامیاران پاگەندەیاندەکەن  “بێسەرەوبەرەیی، خوێنڕشتن، لەنێوچوونی مرۆڤایەتی، جەنگی هەمووان دژی هەمووان و  …” ڕووینەدا .

ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو ڕووداوە بدەین، سێ ئەزموونی کۆمەککەر و ڕۆشنکەرەوە بەدەستدەهێنین:

یەکەم، پارتییەکان بۆ بەڕێوەبردن پێویست نین و تەنیا بارگرانین بەسەر کۆمەڵ و بێجگە لە مشەخۆریی ڕامیاران هیچ گرنگییان نییە.

دووەم، کۆمەڵ بەبێ فەرمانداریی [حکومەت] بەڕێوەدەچێت و ئەو پاگەندە ترسێنەرانەی ڕامیاران؛ کە “بشێوی و بێسەرەوبەریی ڕوودەدات”، هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.

سێیەم، سەروەریی چینایەتی لە زۆرداریی و زۆرەملێی چینێکەوە گۆڕادراوە بە کولتووری کۆمەڵ و ئەگەر فەرمانداریی و دەوڵەتیش نەبن، کۆمەڵی چینایەتی هەر دەمێنێت، لەوانەیە باندە مافییاییەکان جێگەی پارتییەکان و دەسەڵاتداران بگرنەوە، بەڵام کۆمەڵ وەك خواستێکی کولتووریی بە سەروەریی و ملهوڕیی چینایەتی ملدەدات و ملیداوە و ڕاهاتووە.

مەبەست لە کۆتایی خاڵی سیێەم، ئەوە نییە، کە تێداچوونی کۆمەڵی چینایەتی و سەروەریی چینایەتی ئەستەمە و نابێت، نەخێر، مەبەست ئەوەیە، تەنیا بە گۆڕانی هەر ڕۆژەی شۆڕشگێرانەی تاك و کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و بەکاربردن و بەڕێوەبردن، ئەگەری گۆڕانی کۆمەڵی چینایەتی و سەروەریی چینایەتی هەیە. هەروەها لەنێوچوونی دەوڵەت و سەروەریی چینایەتی بەبێ گۆڕان و ئامادەبوون و پەروەردەبوونی تاکی کولتوور ناچینایەتی، ئەستەمە بتوانرێت سەروەریی چینایەتی لەنێوببرێت. لەبەرئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە، هەر ئاوا کە ئەزموونەکانی تاکو ئێستا نیشانیانداوە، گۆڕینی ئەم پارتیی بەو پارتیی، ئەم ئەندام پارلەمان بەو ئەندام پارلەمان، ئەم فەرمانداریی بەو فەرمانداریی، ئەم دەوڵەت بەو دەوڵەت، ئەم دیکتاتۆریی بەو دیکتاتۆریی، ئەم ئایین بەو ئایین، هیچ لە بنەماکانی سیستەم و کۆمەڵی چینایەتی ناگۆرێت، بەڵکو تەمەنی درێژتردەکاتەوە و چەوساوان زیاتر خۆشباوەڕ و نائومێددەکات و هاتنەدی کۆمەڵی ناچینایەتی دەکاتە ئامانج و خەونێکی فرە دوور یا ئەستەم.

هەڵبەتە ئەوەش بڵێم و ڕۆشنبکەمەوە، کە مەبەست لە گۆڕانی شۆڕشگێڕانە ئەو تێگەییشتن و دیتنە باوەی سەدەی بیست و ئێستا یا پێشتریش نییە، کە گۆڕانی کۆمەڵ لە لوولەی چەك و گۆڕینی سەرەوخواری دەسەڵات و پاشگرکردنی سۆشیالیزم و کرێکار و پرۆلیتاریا بۆ دیکتاتۆریی و دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان دەبینیێت و پاوانکاریی و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بە بەرەنجامی ڕاپەڕینی جوتیاران و کرێکاران و دەریاوانان و سەربازانی ڕوسیە دەزانێت. نەخێر، مەبەستی من لە گۆڕانی شۆڕشگێرانە ئەو گۆڕانە ڕیشەییەیە کە لەنێو ئاخاوتن و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و کار و چالاکی و بەگشتی لە ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵ ڕوودەدات و دەبێتە کولتوور و گزنگی کۆمەڵی نوێ؛ کۆمەڵی ناچینایەتی.

بەکورتی، کۆیلەتی و سەروەری دوو ئاوەڵدووانەی کۆمەڵی چینایەتین و ئێمە لە سەردەمی بە لوتکەگەییشتن و بە کولتووربوونی کۆیلەتی و سەروەریی دەژین و ژیانی چینایەتی بووە بە بەشێك لە ئاوەزی [مێتالێتی] خەڵك، وەك پۆشاك؛ هەر ئاوا ئەگەر مرۆڤی ئەم سەردەمە لە  کەشێکی سارد پۆشاکەکانی دابکەنیت، هەست بە ڕەقبوونەوە و مردن دەکات و ناتوانێت ئەگەری مانەوە و بەردەوام-ژییانی وێنابکات و ئەوە وێنابکات، کە ڕۆژگارێك مرۆڤ بەبێ پۆشاك لە کەشی ساردتر لەوەش ژییاوە و زیندووماتەوە، هەر ئاواش هۆشی کۆیلانی ئەم سەردەمە سڕدراوەتەوە و ناتوانن ئەگەری ژیان بەبێ دەوڵەت و فەرمانداریی و شوانەیی رامیاران و سەروەریی سەرمایەداران وێنابکەن و ناتوانن دوێنێ و ئەم ڕۆژی خۆیان و پێشنیانیان بەراودبکەن و ناتوانانن پرۆسێسی جیهانگیری دەوڵەت و سیستەمی چینایەتی و هەمەکارەبوونی سەروەران و هیچکارەبوونی خۆیان ببینین. ئێمە لەسەردەمی هەمەکارە-بوونی دەستکردەکانی مرۆڤ و هیچ-بوونی خودی مرۆڤ دەژین؛ سەردەمی سەروەریی ئایین، یەزدان، ئایدیلۆجیا، ڕامیاریی، پارتیی، سەرۆك و ڕابەر، ڕامیار، فەرمانداریی و دەوڵەت و هیچ-بوونی ئەوانەی کە بەبێ ئەوان سووڕان و مانەوەی ژیان ئەستەمە؛ جوتیاران، کرێکاران، فەرمانبەران و بەگشتی ژێردەستانی کۆمەڵی چینایەتی. ئێمە لەنێو ڕۆژگارێك دەژین، کە ئەلبێرت ئەنیشتاین لە هاتنی دەترسا “من لە هاتنی ڕۆژگارێك دەترسم، کە تێکنۆلۆجی واوەتر لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانی ئێمە بڕوات. جیهان تەنیا یەك نەوە لە دەبەنگەکانی تێدا دەبن” . *

————————————-

*  ” I fear the day that technology will surpass our human interaction. The world will have a generation of idiots

Advertisements

ئۆنتۆلۆژیای ژن/ کۆمەڵایەتی، لە کارێکی عومەر دەروێشدا:

ئۆنتۆلۆژیای ژن/ کۆمەڵایەتی، لە کارێکی عومەر دەروێشدا:

ئەحمەد ڕەزا:

10/08/2016

یەکێک لەو هۆکارانەی وائەکات هەر کارێکی ئەدەبیی یان هونەریی، وەرگر بەلای خۆیدا ببات و لە زەینی خۆیدا لێکدانەوە بۆ کارەکە بکات، بەرکەوتنی کارەکەیە بە فیکری وەرگر، یان بە ئەزمونی، یان بە یادەوەریی ئەو.. ئەوانەش تەنها بە کوالیتیی کارەکەوە پەیوەستە، نەک تەنها فیکر، یان تەنها لێهاتوویی و شارەزایی هونەرمەندەکەوە. هەموو ئەو کارە مەزنە جیهانییانەی زۆرترین ڕیئاکشنی زەینیی ئەخوڵقێنێ، پەیوەندیی بە هەردوو جەمسەرەکەی کار کردنەوە هەیە، هەم شارەزایی هونەرمەندەکە، هەم ئەو هۆکارانەی وەرگر بەلای خۆیدا ئەبا.

ئەم کارەی هونەرمەند عومەر دەروێش، لەڕووی دەرهاویشتە گوزارشتکارییەکانەوە، لە پلەیەکی باڵای ڕەوانیدایە، بە جۆرێک هەر وەرگرێکی چالاک بە ئاسانیی کۆدەکانی کارەکەی بۆ ئەکرێتەوە، تەنها ئەوەندەی پەیوەندیی بە پاشخانێکی ڕۆشنبیرییەوە هەیە، بۆ خوێندنەوەی تەواوی دوورایی ” بعد”ەکانی ئاماژەکانی هێڵ و کۆبوونەوەی دالەکان لە لە گشتگیریی بوونی بابەتدا.

ئەو فیگەرانەی لێرەدا بەرجەستە بوون، وەک ڕواڵەت لە ئاستی یەکەمدا هەر وەرگرێکی چالاک و ناچالاک بە ئاسانیی دێتە بەرچاوی. وەک پراکتیکێکی تیۆری قوتابخانەی پێشوازیی و بەدەنگەوە هاتن ” مدرسة الاستقبال والاستجابة” ئەتوانێت زۆرترین بینەر لە ئاستی یەکەمی کارەکەدا کۆبکاتەوە، بەمەش لە قۆناغی ” ب ” دا کە ئاستەکانی تێگەیشتنە، بە پێی شارەزاییە ڕۆشنبیرییەکە دووبارە لەو بەشە وەرگرەی سەرەتا، ڕێژەیەکی ئەوتۆ لەدەست نادات و بە پێی سروشتی کارەکە هەوڵی هێشتنەوەی زۆرترینی وەرگرەکان ئەدا بۆ قوناغی ” ج ” .. کە تێایدا بە هۆی تێپەڕاندنی هەردوو قۆناغەکەی پێشووەوە، ئاستی هێرمیونتیک یان لێکدانەوەگەرایی دەست پێئەکات.

ئەم جۆرە کارکردنە لە ئێستای هونەری شێوەکاریی جیهانیدا بە هۆی تێگەیشتن لە هەردوو قوتابخانەی ” وەرگرتن/ تلقي و پێشوازیی/ استقبال”ەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو کاری پێئەکرێت و لە ئێستادا بە پێشکەشکردنی بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوەی سروشتی مرۆڤایەتیی ئەدرێت، بۆ بەدیهێنانی زۆرترین ئازادیی و فڕێدانی هەموو ئەو نەریتانەی کە پێشتر زیانی بە مرۆڤایەتیی گەیاندووە.. سەرکەوتنی ئەم شێوازە گرنگەش لە دوورکەوتنەوەی فیکری هونەرمەندان و وەرگرەکانییەتی لە سەرجەم ئایدیۆلۆژیا بەبنبەست گەیشتووەکان.

دیزاینی کارەکە، بنکەیی بەرەو ژوور هەڵئەکشێ.. بە هەڵگێڕانەوەی شێوەکە، ئیحای لە خاچدان ئەدا.. سەرەتا لەوێوە کە دواخاڵی پرۆژەکە، خوێندنەوەی کارەکە لەوە ئاسانتر ئەکا بەدوای پنتی زەمانییدا بگەڕێین. بە مانای سەرهەڵدانیی توندوتیژیی لە سەرەتای دەرکەوتنی هێزەوە لای مرۆڤ.. لەبەرئەوەی کارەکە گشتگیرەو هیچ نیشانەیەکی شوێنی تیا نییە، لەبەرئەوە ڕوونتر کارەکتەری کارەکە دەرئەکەوێت، کە ” ژن”ە. بەپێی کارکردنی ڕەخنەگرانەش، کە هەنگاوی یەکەم دەرخستنی فیگەری سەرەکییە، ژن لە چەند دووراییەکەوە دەرئەکەوێ، جگە لە فیگەری ڕاستەوخۆی سەر، لە بەشی خوارەوەش هێڵکاریی سنگی بریندارو شێواو لە هەردوو بەرەی بنکەکەوە هەیە. بە گوزارشتکاریش زیندانێک هەیە، کە درەختێکی تیا هەڵئەوەرێ، گەر بە مەجاز هەم درەخت و هەم هەڵوەرین و زیندانەکە وەربگرین، تێکڕای ئەو دالانە ئاماژەن بۆ بوونی ژن لە زینداندا. لەگەڵ ئەویشدا کورسیی و قەلەڕەش ئەبینرێن.

قۆناغی دووەمی ڕەخنەی هونەریی ئەرکی چۆنێتیی کێشانی وێنەکەو هەموو ئەو دەرکەوتانەیە وەک پێدراو کارەکە خستوویەتییە ڕوو.. لێرەدا درێژ بوونەوەی قژی ژن بەناو زیندانەکەداو لێچۆڕانی ئەو هەموو خوێنەی دەرخراوە، نزیکترمان ئەکاتەوە لە فیکری پێشنیازکراو. ئەوی پەیوەندیی بە هێڵ و بونیادی دەقەکەوە هەیە، لەو دەرخستنانەی پێشوودا هەموومان کۆکردەوە.

لە قۆناغی سێیەمدا، ئەو نزیکبوونەوە سۆزدارییە ئەبینین، کە کارەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەرگرەکەیدا پێکی ئەهێنێت. ئەویش لە نێوان هێڵە ڕەش و کاڵەکانی کارەکەوە سەرئەکەوێت و بە گوزارشتەکە کۆتایی دێت.. لەم کارەدا بۆ بەستنەوەی ڕایەڵی سۆزداریی لە نێوان خۆی و وەرگرەکەیدا، پێویستیی بە هیچ ڕێنماییەکی ڕەخنەگر نییە، لەبەرئەوەی باری وروژێنراوی ناو کارەکەو هەستی سۆزداریی وەرگری هاوچەرخ بۆ ژن و ئەو چەوساندنەوەیەی تیایدا ئەژی، بەسە بۆ پێکهاتن و ” کۆمونیکەیشن/ کەناکشن/ پەیوەندیگیریی”.

ئەوەی ئەمێنێتەوە لە قۆناغی چوارەمدا لێدوانی کارەکەیە.. ئەم کارە لە ڕێگەی ئەو وێنایەی لە پشت وێنەی کوشتنی ژنێکەوە نیشانمانی ئەدا، ئەمانگێڕێتەوە سەر خوێندنەوەی ئۆنتۆلۆژیان ژن لە دووراییە کۆمەڵایەتییەکەیەوە.. ژن بوون لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەتایبەت، واتە بوون لە دەستپێکەوە بۆ کۆتایی، بۆ گوێ لێنەگرتن و ستەم و بە کۆیلە کردن.

ژنبوون لەمجۆرە کۆمەڵگەیەدا لە ڕێگەی هەموو ئەو جۆرە یاسانەوە کە پاڵپشتێکی تیۆلۆژییان هەیە، ئەخرێنە پەراوێزەوەو تەنانەت وەک هەبوویەکیش نزیک نابێتەوە لە مافەکانی.. نەریت جۆرە یاسایەکی نەنوسراوەو لە یاساو ئاینەکان حوکمی زیاترە.. ئەوەی نەریت دروستی ئەکا، جگە لە زەبروزەنگی یاساو ڕێساکان، چەواشەگەرییەکیش ئەسەپێنێ کە حوکمی بنەڕەتەکان ئەبەزێنێ.. ئەم جۆرە یاسایانە بە جۆرێک دائەڕێژرێنەوە، تەنانەت خودی ژن چییەتی خۆی لەبیر ئەچێتەوەو بە لۆژیکی پیاو مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئەکات.. ژن جەستەی خۆی لێ ئەبێتە سزایەکی گەردوونیی و لەگەڵ پەروەردەیدا دووبارە ئەیگێڕێتەوە بۆ ناو ژیان.

دەروێش لە ڕێگەی ئەم کارە هونەرییەوە بەشداریی ئەکات لە هەڵگرتنی سزایەکی نادپەروەرانەی کۆمەڵایەتیی بەسەر ژندا.. کورسیی وەک هێمای هەمیشەیی، ئەو پنتە بوونگەراییە دەرئەخات کە مرۆڤ هەیەتی، دروستکردنی زیندانێک لە کورسییەکەدا، ئاماژەیە بۆ مێژوویەکی گەورەی ستەمکاریی لە ژیانی ژناندا، نیشاندانی سیمبۆلەکانی باری کۆمەڵایەتیی پیاوسالارییە لە مێژووی ژنبووندا. هەڵکۆڵینی چاوی ژن بە قەلەڕەش، ڕێگە ونکردنی بینینە لە ژن، بە دەستی نەزانپەرستیی و پیاوانی ڕەشی دەسەڵاتدارەوە بە درێژایی مێژوو.

لە قۆناغی پێنجەمی بینینی خۆم بۆ ئەم تابلۆیە، دەرخستنی بونیادی کارەکەیە، کە وەک خوێندنەوەی یەکەمینم، هەماهەنگییەک بوو بۆ لابردنی سزا بێ ماناو پووچگەراکانی سەر ژن.. ئەم هەماهەنگییە بە گرنگییدان بە ” کەینونە/ ئۆنتۆلۆژیای ژن/ وەک بوویەکی کۆمەڵایەتیی” بە گێڕانەوەی مێژوو و گەیاندنی بە ئێستا گوزارشتی لێکردووە، ئەوەش بە بەشدارییەکی باڵا ئەزانم لە ڕێگەی هونەرەوە کە کاریگەرێتیی بەردەوامی لەسەر بیرکردنەوە هەیە. لە خوێندنەوەی دووەمیشدا کاتێ دووراییەکانی تری کارەکە ئەبینمەوە، لە وردەکاریی دالەکانەوە دەست پێ ئەکات، کاتێ لە کۆی گشتیی بەرهەمەکەدا پێک ئەگەنەوەو مانا بەرهەم ئەهێنێ. کوشتنی ژن لە پێگەی خۆیدا، کە بە کورسیی ئاماژەی بۆ کراوە، سڕینەوەی هەموو جۆرە گوتارێکی ژنە لە کۆمەڵگەدا، بەهەند وەرنەگرتنی پێگەکەیەتی بە کوشتنی لە ناو ژینگەی خۆیدا، ژن وەک هەبوویەکی ماددی بەهۆی هەندێ چەمکی وەهمییەوە پەراوێز ئەخرێ لە ژیاندا، کە ئیتر ئەمجۆرە زوڵم کردنە لە دوا پلەی گەوجێتیی پیاوسالاریدایە. جگە لەم دووراییانە، بینینی کارەکە سەر بە ڕەگەزێکی ڕیتمداری بەردەوامی هاوسەنگە، ئەمەش ئەبێتە هۆکاری بەدواداچوون لای وەرگرەکانی.

14012191_272190436493688_345470108_n