بیست و شەشەمین یاد و ڕێزنان لە تێکۆشانی یەکێک لە ھونەرمەندانی کاروانی بەرەو جیھانێکی ناچینایەتی (کاروان عوسمان)

ھەژێن

٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

بەرایی، ئەوەی کە لێرەدا من دەخوازم بیڵێم و دەریبڕم، بەس ھەستی کەسیی خۆم و داکۆکیکردنە لە قوربانییەکی سیناریۆ ڕامیارییەکانی دیکتاتۆریی و بەرەھەڵستکارە چەکدارەکانی، داکۆکیکردنە لە کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی، بە دیاریکراوی کاروان ئوسمان چ وەك کەسێتی تایبەت و چ وەک ھونەرمەند.  دەکرێت  من ھەڵەبم و ھەر کەس ئازادە ئەم ھەوڵەی من چۆن دەخوێنێتەوە، بەڵام من ناتوانم خۆم گێلبکەم و گوێ لە ھەست و ھاوارەکانی ناخی خۆم نەگرم، کە کاروانەکان پێکرا من بۆ دەنگھەڵبڕین بانگەوازدەکەن. پێویستە ئەوەش بڵێم، کە من کاروان ئوسمان وەک کەسێک لە نزیکەوە ناناسم و ھیچ نزیکایەتییەکی خێزانی لەنێوان من و ئەو نەبووە و تاکو ئێستاش ھیچ پەیوەندییەك لەنێوان من و ئەندامانی خێزانەکەی ئەو نەبووە  و نییە، ئەوەی بۆ کاروان و ھاوڕێکانی ئەنجامیدەدەم، ئەرکێکی ویژدانی و مۆڕاڵیی سەر شانی منە بۆ ھەر قوربانییەکی دیکەی دەستی بەعس و بزووتنەوەی چەکداری و جەنگ.

ئەی ھاوئامانج و ھاوچین و ھاودەری منی بە زیندوویی ھێڵڕاو بۆ زیاتر چەشتنی خەمی مەرگی ئازیزانی وەک تۆ و دیتنی زیاتری دیمەنی ورد و خاشبوونی ئێسک و پرووسکی نەداران و بێدەسەڵاتانی جیھان، ئەی ئەو کەسەی کە تاکو ئێستاش پاش بیست و شەش (٢٦) ساڵ، ھێشتا خۆت و ئەندامانی خێزانەکەت و ئازیزان و ھونەر و ھزری ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە و دادپەروەرییخوازانە و خیاڵ و خەونبینت بۆ کۆمەڵی ناچینایەتی، بەردەوام باجی تاوان و تۆمەتێک دەدەن، کە ڕۆژگارە ڕەشەکان و  دەستە شاردراوەکانی (ئەو دیوی چیا) زەمینەسازی بوون و ئامانجی ئاوا سیناریۆیەک بەس تەنیا دەست و پەنجەی ھونەریی تۆ نەبوون، بەڵکو ھەر ئاوا ئامانجی لێدان بوو لەو ڕێبازە ھونەرییەش بوو؛ کە تۆ تازە خەریکبووی دەتھێنایە نێو کۆمەڵی کوردان. ئاوا تاوان و تۆمەتێک بۆ ناشیرینکردنی تێکۆشان و جیھانێک بوون، کە تۆی بێباوک؛ کە تۆی ھەژار؛ کە تۆی کرێچی؛ کە تۆی ئەویندار؛ کە تۆی ھونەرمەند؛ کە تۆی ئازادیخواز؛ کە تۆی خەمخۆری منداڵانی ڕووتەڵە و برسی جیھان؛ کە تۆی شەیدای پیاسەی کاتی خۆنیشتنی کەناری دەریا لەتەک دڵدارەکەت؛ کە تۆی ھاندەر و بانگەوازکەری یاخیبوون و گۆرانیگوتنی منداڵان بۆ ئازادی لەسەر شانۆی شەقامی شارەکان و بەری ڕوبار؛ کە تۆی پەیامدەری دونیای ناچینایەتی؛ دونیایەک بەبێ خاوەنکار و  سەروەر؛ بەبێ سەرۆکی خێڵ و سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی وڵات و بەبێ جەنەڕاڵ؛ دونیایەک کە ھەمووان لەوێدا تەنیا مرۆڤن و بەس، بەبێ ئاوەڵناوە ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی و نەژادی و شوناسە دەستکردە ڕامیارییەکان، مرۆڤایەتی بەرەو لووتکەی ڕۆشنبیری و کولتوورێکی بەرزی مرۆیی دەبات، تەنیا حەز و ئارەزوو و داخوازییە ھاوبەشەکانیان کۆیاندەکاتەوە و کۆمەڵ پێکھاتەیەکی ئارەزوومەندانە دەبێت و “سەر سەریشمان تاکو چاوبڕکا، بێجگە لە ئاسمان ھیچی دیکە نییە”.

ئەم ڕۆژ و  ئەم ساڵ وەک بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو لە ھەر شوێنێکی دونیا بم و تاکو دەمێنم، بۆ ئامانجەکانی تۆ کڕنووشدەبەم و سەری ڕێز و ستایش بۆ خۆت و ھونەر و ھەڵوێستە ئازادیخوازییەکانی تۆ دادەنەوێم و بە ھەموو  ئەوانەش کە لە دەمی دەسەڵات و قەرەباڵخییەوە بڕیاردەدەن و ئەوانەی لەنێو  بڕیاری دادگە و لێکۆڵەرانی بەعسی بۆ ڕاستییەکان دەگەڕێن، بە دەنگی بەرز دەڵێم خۆزگە ھاوڕێ کوژراوەکەی تۆ، ئازیز و قوربانی نەخشەی ڕامیاران (موحەمەد خۆرشید) برای من و باوکی من بووایە، تاکو بە ھەموو دەمھەڕاشەکانی بازاری نەزمی چینایەتی بڵێم و نیشانبدەم، سەرباری ھەموو تۆمەتەکان و ھەموو گومانەکان و ھەموو ھەوڵە ڕامیارییەکان بۆ بەعسییانە دادگاییکردنەوەی ھەر سات و ھەر ڕۆژە و ھەر ساڵەی ئێوە (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)، لێرەوە ھاوارمدەکرد (کاروان ئوسمان) باجی بیرکردنەوە و ھەڵوێست و ھونەرە یاخییەکەی خۆی داوە و بێجگە لەوە ھیچ شتێک نییە، مرۆڤێکی ئاوا بەرز بکاتە بکوژی یەکێک لە ھاوڕێ و ھاوبیر و ھاوکار و خۆشەویستترین ھاوەڵی خۆی، کەسێک (موحەمەد خۆرشید)، کە تەنیا کاروان ئوسمان و ئیسماعیل سەکران و گیتار و ھونەرە شۆڕشگێڕییەکەی ئەوان دەکاتە ھاوڕێ و ھاودەمی خۆی.

من نازانم، ئەو ھەڵبەستە|ھۆنراوەی خوارەوە ھی چ نووسەرێکی بوێر و شۆڕشگێڕ و بە ویژدان و خۆھوشیارە، بەڵام بە سروودکردن و چڕینی ئەو ھەڵبەستە لەو ڕۆژگارەدا کە [نا]گوتنێک بەس بوو بۆ لەسێدارەدان و تاوانبارکردنی ھەر عێراقییەک. ئەودەم بەپێچەوانەی ئەو ھونەرمەندانەی کە دوا ئومێدی خۆیان بە لوولەی چەکە ھەڵھاتووەکان گرێدابوو  بە (ھۆ برای کاروانچی) و (ھۆ کاکی پێشمەرگە) چەکدارە ئاشبەتاڵکردووەکان بۆ بردن لەتەک خۆیان بانگدەکەن. ڕێک ئا لەو کاتەدا (کاروان ئوسمان) و ھاوڕێکانی (ئیسماعیل سەکران) و (موحەمەد خۆرشید) و …تد کۆمەڵێک سروود و گۆرانی ئامادەدەکەن و سروودی (بھێنە پێش چاو، سەر سەریشمان بێجگە لە ئاسمان  ھیچی دیکە نەبێت)، کە (ئەلف تاکو یا) دژایەتکردن و ھاندانە بۆ بەرەنگاریکردنی کردەوەکانی بەعس و سیستەمی داگیرکاری و بانگدانە بۆ ماف و ئازادییە سرووشتییەکانی مرۆڤ و ھەڵکردنی ئاڵای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی و خۆشەویستییە لە ڕۆژگارێکدا، کە کیمیاباران و ئەنفال جوتیاران و گوندنشینان قڕدەکەن و بزووتنەوەی چەکداری وەک پێشینە مێژووییەکەی بەرەو باوان ڕەودەکات و ئا لەو کاتەدا بەداخەوە بە سیناریۆیەک موزیکژەنی ئازادخواز (موحەمەد خۆرشید) دەکوژرێت و ھاوڕێ و ھاوبیرەکانی (کاروان و ئیسماعیل) بە تۆمەتی کوشتنی ئەو  تاوانباردەکرێن و بە سێدارە سزاوادەکرێن، بکوژ وەک بەرزەکی بابان دەردەچێت و تاجی کوردایەتی لەسەر دەنرێت و بە وجۆرە “بە بەردێک چۆلەکە ئازادیخوازەکان دەکوژرێن*”، بەداخەوە ئەو کات و ئێستاش ھەر ئاوا، نەک ھەر ھەڵوێست و بیرکردنەوە و ئامانجی کاروان و ئیسماعل بەو تۆمەتە لەبیربردرانەوە، بەڵکو ئامانج و ھەڵوێست و بیرکردنەوەی ئازادیخوازانەی جوانەمەرگی قوربانیکراو (موحەمەد خۆرشید) کەوتە ژێر تەپوتۆزی ئەو ڕۆژگارە تاریکە، کە ئەویش ھاوبیر و ھاوئامانج و ھاوخەونی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران) بوو و بەشداری کارەکانی ئەوان بووە**.

لێرەدا ناچمە سەر وردەکاریی دیتن و بۆچوون و ھەستی من، بەداخەوە بەو جۆرەی کە بە خۆم و کاروان ئوسمان و موحەمەد خۆرشید و ئیسماعیل سەکران و  خوێنەران بەڵێنمدابوو، کە ئەم ساڵ بۆ ئەم ڕۆژە بابەتێکی شیکاریی ئامادەبکەم، نەمتوانی و لەبەرئەوە داخوازیی بەخشین دەکەم، چونکە گرفتاری دوو ھەفتەی ڕابوردوو و ئازاری دەست و پەنجەکانم و ھەندێک کاتگیریی چاوەڕواننەکراو لە ئەنجامدانی بەڵێنەکەم دوایخستم. بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەر ئەو بەڵێنە ئەنجامدەدەم و وەک ئەرکی سەرشانم و وەفاداریی خۆمم بۆ کاروان ئوسمان و ھاوڕێکانی کە پێشەنگ و تەنیا تیپی موزیکی و ھونەرمەندانێکی شۆڕشگێڕی ھزر سۆشیالیستیی کوردی-زمانی ئەو ڕۆژگارە بوون و تەنیا کەسنێک بوون، کە ڕەخنەریان لە ئاشبەتاڵی بەرەی کوردایەتی ھەبوو و گۆرانی و سروودەکانی کاروان ئوسمان [نموونەیە ئەو سروودەی خوارەوە]، ھەم ڕەخنەبوون لەوانەی پێش پاسدار دەکەون و ھەڵەبجە دەکەنەنە بەرەی جەنگی عیراق-ئێران و خەڵکی قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەوڵیر و بادینان دەخەنە بەردەم تەڵەی ئەنفال و بەخۆشیان وەک بەرزەکی بانان و لە شێوەی ئاشبەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ بەرەو ئوردووگەکانی ئێران و تورکیە و سوریە ھەڵدێن و خوێنی پێنج ھەزار ھەڵەبجەیی و نزیکەی سەد و ھەشتا (١٨٠) ھەزار گوندنشین و جوتیاری ئەنفاڵکراو دەکەنە سەرمایەی ڕامیاریی و ئامرازی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار بەناوی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی ھەڵەبجە و گەرمیان و بادینان …تد

کاتێک ھەڵەبجە کیماباراندەکرێت، کاتێک گەرمیان و بادینان ئەنفالدەکرێن و  سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرەو ھەندەران ڕەودەکەن، کاتێک شەقامەکانی شاران دەبنە شانۆی نماییشی ئەنفالکرانی جوتیاران و گوندنشینان و چۆکی نائومێدی گشت سەردەمە تاریکەکان لەسەر سنگی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات دەچەقێت، لەو کاتەدا کاروان و ھاوڕێکانی خەڵک و ھونەرمەندان بۆ بەرەنگاریکردن و ھەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤی گونجاوتر و شۆڕشگێرانەتر بانگەوازدەکەن:

خوێن لە چاوی ماتی شەوا [١]

لە شەقامی چۆڵی خەوا [٢]

خوێن لە لاشەی شەھیدەکان [٣]

خوێن لە پۆستەی ڕەشەباکان [٤]

مارتان نەکوشت [٥]

کاتێ بەردتان لە دەستا بوو

ماریش پۆپەی لەسەر بەردی ئاشپەستێ بوو [٦]

بۆ نەتانکوشت

*     *     *     *     *

لوولەی تفەنگی چەوساوان

ڕاستەڕێیەکیش ھەڵناکا [٧]

ئەی ئەوانەی کە دڵتان [٨]

ئەوەندە خۆی خواردەوە

ھەتاکو کرمی ھەڵھێنا [٩]

ھەر نەتاندی شەوی ڕەشی ھەڵەبجەمان

چ خۆرشیدێکی داھێنا [١٠]

*     *     *     *     *

لە شارەکان، بەری ڕوبار

بەردی شانۆی گەمارۆیە [١١]

ھەموو مناڵانی برسی

فێربوون کە گۆڕانی بڵێن [١٢]

بەڵام کوانێ دەست و پەنجەی ھونەرییتان [١٣]

لە کاتێکا لوولەی تفەنگ ڕاستە ڕێیەکیش ھەڵناکا [١٤]

————————————————————-

* سیناریۆی کوشتنی جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و تاوانبارکردنی ھاوڕێکانی خۆی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)  لە ھەمان سیناریۆی کوشتنی نووسەری تورکی-زمان (سەباحەدین عەلى) دەچێت، بە کەمێک دەستکارییەوە و دەشکرێت لەو سیناریۆیە کەڵکوەرگیرابێت؛ [ نووسەرى بەناوبانگ (سەباحەدین عەلى) کە بەرھەڵستکارێکی ئیمپراتۆریی ئوسمانییەکان بوو، بە فێڵ و تەڵەکە لەسەر سنوورى بولگاریا لە کاتى هەڵهاتنی، ئەویان کوشت. ئەوەندە (سەباحەدین عەلى) خرایە ژێر فشاری دەروونی و فیزکی ئەوەندە، تاکو دوا جار ناچاربوو، کە بەرەو ھەندەران ڕابکات و ئەو کات لەسەر سنوورى تورکیە- بولگاریا بەدەستى یەکێک لە بەکرێگیراوانی دەوڵەت ئەو کوژرا و پیلانگێڕان، بەسەرھاتی کوشتنی (سەباحەدین عەلى)  ئاوا نیشاندەدەن، کەسێک ئەوی کوشتووە، کە ھاوڕێ و ھاوگەشتی ئەو بووە و لەبەر چاوبڕینە پارەیەکەی ئەوى کوشتووە!

[١] کوژرانی سەدان ھەزار ھەزاران کەس بە کیمیاران و ئەنفال

[٢] بێدەنگیی ناچارییانەی شەقامی شارەکان بە ھۆی سەرکەوتگەریی ئەو سەردەمە

[٣] کوشتنی خەڵک

[٤] کیمیاباران و ئەنفال وەک پەیامی بەعس بۆ خەڵکی ئازادیخواز

[٥] مار ئاماژەیە بۆ دەوڵەتی عیراق و فەرمانداریی بەعس

[٦] گیرۆدەبوون و تێکشکانی فەرمانداریی بەعس لە ساڵ و مانگەکانی کۆتایی جەنگی عیراق ئێران

[٧] ئاماژەیە بۆ بەرەنگاری ڕزگاریخوازانەی خەڵک لە شێوەی بزووتنەوەی چەکداری و بە شێوازێکی تێکشکاو و نیگەتیڤی دەبینێت و ھیچ ئومێدێک لە ئەو بەدیناکرێت

[٨] ئاماژەیە بۆ کەسانی ئازادیخواز

[٩] نائومێدی و کوژران و زیندەبەچاڵ بوون لە بیابان

[١٠] دەنگدانەوەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و دەرکەوتنی فاشیزمی دەوڵەت و دیکتاتۆریی بەعس و سەدام حوسەین

[١١] تێپەڕبوونی کاروانی ئەنفاڵکراوان بەنێو شاری کەرکووک

[١٢] منداڵانی برسی ھوشیاربوونەتەوە و ھوشیاریی چینایەتی سەریھەڵداوە

[١٣] ڕەخنە لە بێدەنگی ھونەرمەندان و نووسەران و بانگەواز بۆ شێوازێکی دیکەی تێکۆشان لەنێوەندی شارەکان

[١٤] تێکشکانی بەرەنگاریی گوندەکان و ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداری و زیانبەخشیی بزووتنەوەی چەکداری

——————————————–

** زانستکاران بە ئاوا سەرەنجامێک گەییشتوون، کە دەنگ لەنێو چینەکانی ھەوا دەمێنێتەوە و ھەرگیز وننابێت، خۆزگە کاتی کوشتنی ئازیز و جوانەمەرگ (موحەمەد خۆرشید) و لەسێدارەکانی (کاروان ئوسمان) و (ئیسماعیل سەکران)  و ئێستا مرۆڤایەتی بەو تەکنۆلۆجی و توانایە بگەشتایە، کە دەنگەکانی ئەو ڕوداوانە بگێڕدرێنەوە و بکرێنە بەڵگەی شکارکردنی تاوانەکە، تاکو ڕاستی و درۆیی زۆربەی تاوانە بێ ئەژمارەکانی ئەم سەردەمە پڕ دڕندایەتییە دەربکەوتایە.

بۆ گوێڕاگرتن لەو سروودەی سەرەوە بە دەنگی ھونەرمەندی جوانەمەرگ (کاروان عوسمان)، لەسەر ئەو لینکەی خوارەوە کرتەبکە

Advertisements

ئەرکی دەستبەجێی (ئێمە)، پاش تەواوبوونی سیناریۆی ڕێفراندۆم

ھەژێن

٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

ئێمە کێین؟

مەبەست لە ئێمە، ھەموو ئەو تاکە کەسە سەبەخۆیانەن، کە ھیچ ئایدیۆلۆجی و پارتیی و دەستەبژێرێک ئەوانی لە قاڵبنەداوە و خۆیان خودانی خۆیانن. بەواتایەکی دیکە (ئێمە)ی ئێمە، ئێمەیەکی خێڵەکی ، ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی نییە، ئێمەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی ئازایخوازانەیە، ئێمەیەک کە یەکێتی ئازادانەی تاکە سەربەخۆکان دەیئافرێنێت!

بە بۆچوونی من، بۆ کەسانێک کە بە ناسینی مێژووی پارتییایەتی و ئامانجی ڕاستینەی بزووتنەوە ڕامیارییەکان و ھەر ئاوا بە ناسین و دەرکردنی تاکتیک و ستراتیجی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی “کوردستان” و ناوچەکە و پارتییە چەپ و ڕاستەکان، دەزانن گارەگاری “دەوڵەتی کوردی” و “دەوڵەتی سێکیولار” سیناریۆیەک بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بەنگکردنی خەڵکی ناڕازی بە وەھمی “دەوڵەتی نەتەوەیی” و “دەوڵەتی سێکیولار” و لەبیربردنەوەی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و مافییەکان و لادانی سەررنجی خەڵکی ناڕازی لەسەر ڕێکەوتننامە پشتپەردەیییە ئابوورییەکان لەتەک دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و بانک و نێوەندە جیھان-داگیرکەرەکان.

لە بەرانبەر ئەو سیناریۆ و ھەوڵانە، ئەرکی ھەر کەسێکی ئازادیخواز و سەربەخۆ و ڕۆشنبیر، ھەر ئێستا و ئەم ڕۆژ گەڕانەوەیە بۆ ھەڵخڕاندنەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان: بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوە و پارتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و شاخ و گرد و دەشتەکان و سەرچاوە و سامانە سرووشتتییەکان، بزووتنەوەی بەدەستھێنانەوەی مووچەی تەواو و گونجاو لەتەک بژێوی ئەم سەردەمە، بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوەی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن، بزووتنەوەی دژی سەرکوتکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەگەران، بزووتنەوەی دژی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی، بزووتنەوەی دژی ملھوڕیی بنەماڵەیی و پارتییایەتی و بزووتنەوەی دژی ڕەوتە شۆڤێنیست و ڕەیسیست و فاشیستەکان و ….تد

لە ھەموو بارێکدا، ئەگەر ھەرای ڕیفراندۆم بۆ (دەوڵەتاندۆم) بووبێت، یان بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵک وەک کارتی فشار بۆ سەر فەرمانداریی نێوەندیی و سەرلەنوێ بەشکردنەوەی کێکی سامانی کۆمەڵ و ڕەنجی خەڵک بووبێت، یان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی ئازادیخوازان گەڕانەوەیە بۆ دەستپێکردنەوە و ھەڵخڕاندنەوە و گێڕانەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و ناڕەزایەتییەکانی نێوان ساڵی ٢٠١٤ تاکو سەرەتای ٢٠١٧؛ ئەگەر دەوڵەت عیراقی بێت یان کوردستانی، ئیسلامی بێت یان سێکیولار، پاشایی بێت یان پارلەمانی، فەرمانداریی فیدراڵی بێت یان نێوەندیی و سەرتاسەریی، بنکە فراوان بێت یان تاک-پارتیی و جەنەڕاڵی و کۆمپانیایی، ھیچ لە ڕەوایی و دەستبەجێیی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی ئێمە ناگۆڕێت و ڕۆڵ و نەخشە و ئامانجی دەسەڵاتی سەروخەڵکیی و بەرانبەر جەماوەر دیارە و پێویستە خانەنشینان، کرێچییان، خوێندکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران، کرێکاران، جوتیاران، بێکاران، کۆچەر و پەنابەران لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە سیناریۆی ڕێفراندۆمی تێدا ڕاگەیێندرا و بوو بەھۆی خەریککردنی خەڵک بە وەھمی “نەتەوە” و “دەوڵەتی نەتەوەیی” و دامرکانەوە و سڕکردن و لەبیرکردنەوەی ناڕەزایەتیی و داخوازییە دەستبەجێ و ڕاستینەکان.

بەڵام پێویستە ئەم جارە بە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی خۆمان و بە ڕەتکردنەوەی میانجیگەری ڕێکخراوە و سەندیکا زەردەکان و بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوەکان و بە ڕەتکردنەوەی نێوەندگەرایی ڕێکخستن و بە ڕەتکردنەوەی تاک ڕابەر و تاک سکرتێر و خانزادەیی (ئۆرۆستۆکراسیی) ڕێکخراوەیی و بە ڕەتکردنەوەی ھەر دەستتێوردان و بەگبەگێنەی پارتیی و دەستەبژێرە ڕامیارەکان؛ دەستپێکردنەوە بە پێکھێنانی ئەنجومەنە ئازاد و سەربەخۆکانی گەڕەکەکان و بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتییە* جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لە گوندەکان و شارۆچکە و شارەکان و گرێدانەوەی فێدرالیستییانەی ھەموویان لە یەکگرتنێکی خۆجێی و بنکەیی (ناقووچکەیی) و نا نێوەندیی و دوور لە ھەژموون و دەستتێوەردانی بەکرێگیراوانی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان و دەستەبژێرەکان بە ئامانجی ڕۆنانی سیستەمی کانتۆنی و کۆنفێدرالیستیانەی ناوچەکانی ھەرێم (ھۆرامان و شارەزوور و شارباژێر و قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەولێر و بادینان و دەشتی موسڵ) لەسەر پایەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجوومەنە ئازادەکانی گوند و گەڕەکان و خۆبەڕێوەبەریی کارگە و فەرمانگە و فێرگە و  خەستەخانە و نێوەندە گشتیی و خزمەتگوزارییەکان و بە پشتبەستن و پیادەکردنی دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ**] و پێھێنانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی کۆمەڵ.

ئەوە ئەرکی ئێمە بووە پێشتر و ئێستا و داھاتووش؛ ئەگەر ھەرێمی “کوردستان” وەک بەشێکی (دەوڵەتی عیراق) بمێنێتەوە، یان جیاببێتەوە و دەوڵەتێکی دیکە قوتبکاتەوە، یان وەک (ولایەتی موسڵ) بۆ سەر ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی بگەڕێتەوە، یان ببێتە بەشێک لە نەخشەی زیندووکردنەوەی (ئیمپراتۆری ساسانی) لەژێر پەردەی (شیعە)، یان ببێتە بەشێک لە (دەوڵەتی چوار پارچەی “کوردستان”)، ئەوا ئەرکی ھەردەمی و دەسبەجێ و دواکوتووی ئازادیخوازان ھەوڵدانە بۆ پێکھێنانی پایەکانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی و ڕۆنانی خۆبەڕێوەبەریی وەک ئەڵتەرناتیڤی پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی و ڕەتکردنەوەی پارتییایەتی چ پێشڕەو و چ کۆنەپارێز، چ ئیسلامی و چ لیبڕاڵ، چ ناسیونالیست و چ کۆمونیست …تد، پێویستە ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆیەوە، ھەوڵی پێکھێنانی پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ] بدات، کە ئەنجوومەنە ئازادەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و ناقووچکەیی و نانێوەندییەکانن و کۆبوونەوەی گشتی خەڵکی گەڕەک و شوێنی کار میکانیزمی بڕیاردان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەکان [نەک جێگرەکان***] و دیاریکردنی ئەرکەکان و پەسەندکردنی ڕێکەوتننامە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەوانە و ھەر ئاوا بڕیاردان لەسەر گشت پرسە کۆمەڵایەتییکانی دیکەی کۆمەڵ.

———————————————-

* لەبارەی (کۆبوونەوە گشتییەکان)، ئەگەر لە سەدەی ڕابوردوو وێناکردن و بەکاربردنی (کۆبوونەوە گشتییەکان) بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی گەلیی، دژوار و تاکو ڕادەیەک ناکردەنی بووبێت، ئەوا ئێستا لە سایەی پەرەسەندنی (تەکنۆلۆجی زانیاریی) و دیگیتالیزەبوونی پەیوەندییەکان، ئاسانترین شتێک ئەنجامدانی (کۆبوونەوە گشتییەکان) و  مشتومڕکردن و شرۆڤەکردن و بڕیاردان و ھەڵبژاردن و دیاریکردنی بەڕێوەبردنە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە دیگیتاڵەکان.

** بەداخەوە لەبەرئەوە زاڵبوونی کۆمەڵی دەوڵەتیی بەسەر کۆمەڵە ئازادەکان، پارلەمانتاریسم بە “دێمۆکراسی” ناسێنراوە  و (دێمۆکراسی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی سەروەریی چینایەتی بەکاربراوە و لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵک ئاوا ئاوەژوو چەقێندراوە و ڕۆژانە چەپە دەسەڵاتخواز و نێوەندگەرا و دیکتاتۆریخوازەکان (لەڕێی سەروەریی چینایەتی) ئاوا دەیناسێنن و ئاوەژوویدەکەنەوە، من ناچارم ھەموو جار و لەنێو ھەموو بابەتێک لەتەک واژەی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) پاشگری [ڕاستەوخۆ] بنووسم، تاکو خوێنەری نائاشنا بەکاربردنەکەی من و مەبەستەکەی من بە پارلەمانخوازیی وەرنەگرێت و لێکنەداتەوە.

*** دیسانەوە بەداخەوە، ھەر لەژێر کارایی بەکاربردنی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی سەروەرانە و چینایەتییانەی پارلەمان و پارلەمانتاریزم واژە|چەمکی (نوێنەر)یش کراوەتە دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی (جێگریی) ھەڵبژێردراوانی سیستەمی پارلەمانیی، کە ھیچ کات ئەوان (نوێنەر) نین، بەڵکو (ڕامیار) و (جێگر) و (ملھوڕ) و (مشەخۆر)ن. چونکە لەنێو سیستەمی پارتییایەتی و پارلەمانیی دەنگدەر پارتییەک یان لیستێک ھەڵدەبژێرێت و ئەگەر ڕاستەوخۆش کاندیدێکی پارتییەک یان ھەر ڕامیارێکی بەبێ پارتیی ھەڵبژێرێت، ئەوا تاکو تەواوبوونی خولی چەند ساڵەی ئەو لەنێو پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی، دەنگدەر ھیچ کاراییەکی لەسەر بڕیار و ئامانج و چالاکییەکانی ھەڵبژێردراوەکە|جێگرەکە نییە و نابێت و ھیچ کات کەسی ھەڵبژێردراو|پارلەمانتار|کارگێڕ|بەڕێوەبەر لە کاتی بڕیاردان و مشتومڕ و ھەڵوێستگیریی ناگەڕێتەوە بۆ سەر بۆچوون و داخوازیی دەنگدەران|ھەڵبژێرەرانی خۆی و پارتییەکەی.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، ھەڵبژێردراوی پارلەمانی (جێگیر)ە نەک (نوێنەر) و بۆ ئەو مەبەستە دەمێکە من ئامانجدارانە واژە و چەمکی (جێگر) بۆ پارلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی سیستەمی دەوڵەتی بەکاردەبەم، کە خۆبەخۆ ڕەتکردنەوەی مافی بڕیاردانی خەڵکە و واژە و چەمکی (نوێنەر) بۆ ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە  ڕێکخستن ناقووچکەیی [ئاسۆیی] و نانێوەندییەکان بەکاردەبەم، چونکە ئەرکی (نوێنەر) بە بڕیاردانی ھەڵبژێرەران دەستپێدەکات و پاش تەواوبوونی ئەرکەکە، مافی قسەکردن و بڕیاردانی بەناوی ھەڵبژێرەرانی نامێنێت و جارێکی دیکە و بۆ بڕیار و پرسێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ بڕیاری خەڵکی لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان.

https://www.facebook.com/xemi.nan.u.xewni.azadi

بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ھەموو کۆمەڵێک، ھەموو گوندێک، ھەموو شارێک، ھەموو پارێزگەیەک، ھەموو ناوچەیەک، ھەموو ھەرێمێک، ھەموو سەرزەمێنێک، بەڵام …

بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ھەموو کۆمەڵێک، ھەموو گوندێک، ھەموو شارێک، ھەموو پارێزگەیەک، ھەموو ناوچەیەک، ھەموو ھەرێمێک، ھەموو سەرزەمێنێک، بەڵام …

ھەژێن

١٨ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

ئایا ئەگەر فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” ببێتە دەوڵەت، ھیچ لە تیرۆر و کوشتن و سووتاندنی ژنان دەگۊڕێت؛ ھیچ لە سەرکوتگەریی و زیندان و ملھوڕیی پارتییایەتی دەگۆڕێت؛ ھیچ لە برسیەتی و بێکاریی ئێوە دەگۊڕێت؛ ھیچ لە نیو و سێ چارە مووچەی کرێکاران و فەرمەنابەران و مامۆستایان و خانەنشینان و ..تد دەگۆڕێت؛ ئایا ھیچ لە گەندەڵی دەسەڵاتاداران، ھیچ لە ساختەچییەتی ڕامیاران، ھیچ لە چەوسێنەریی سەرمایەداران، ھیچ لە سەرکوتکاریی پۆلیس و سەربازاران، ھیچ لە ملھوڕیی جەلادان و دووڕووی سیخوڕان و پارلەمانتاران دەگۆرێت؛ ھیچ لە قومارچیەتی و لە بازرگانی کوڕە دەسەڵاتداران لەتەک داعش و داگیرکاران دەگۆڕێت؟

ئایا بەدەوڵەتبوونی فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” دەتوانێت لە دەوڵەتی چەند سەد ساڵەی ئێران و تورکیە و سەد ساڵەی سعودیە و عیراق و … جیاوازبێت، کە پێشتر و ئێستاش بێجگە لە برسیەتی و بێکاری و جەنگ و زیندان و سێدارە و ملھوڕیی و ستەم و بەھرەکێشی و ناداوەریی بۆ زۆرینەی نەدار و بێدەسەڵاتی ئەو وڵاتانە ھیچی دیکە نەبووە و نابێت و ھەر بابای ئێرانی و تورکیەی و وڵاتانی عەرەبییە، لەتاو برسیەتی و بێکاری و سەرکوت و سێدارە بەرەو ئەوروپا ڕەودەکات و پەروەندەکەی بریتی دەبێت لە “ھەڵھاتن لە دەست دەوڵەتی ئێران، دەوڵەتی تورکیە، دەوڵەتی سعودیە، دەوڵەتی سوریە، دەوڵەتی عیراق و ..تد”.

ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٣ بە کردەوە، ھەرێمی “کوردستان” لە عیراق سەربەخۆ بوو؛ ساڵی ٢٠٠٣ پاش ڕوخانی فەرمانداریی بەعس بەکردەوە دەوڵەتک بەناوی عیراق بوونی نەبوو و تەنیا ھەرێمێک کە سیستەمی فەرمانداریی و دەوڵەتی ھەبوو، ھەرێمی “کوردستان” بوو، بۆچی دەسەڵاتدارانی ھەرێم، کە ھەر (پدک) و (ینک) نەوشیروانییەکانی نێو (ینک) و (ئیسلامییەکان) و (حشک) بوون، جیانەبوونەوە؟

وەڵامەکە سادە و ئاسان و زیندوون، لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانی و دەوڵەتانەی کە ئێستا خەریکی ھەڵگیرساندنی جەنگی نێوخۆیی گەلانی عیراقن، ئەو کات بۆ خۆشباوەڕکردن و دەستەمۆھێشتنەوەی نەداران و بێدەسەڵاتان، پێویستیان بە پاگەندەیەکی دیکە ھەبوو “حکومەتەکەمان ساوایە”. بەڵام ئێستا کە ئیدی پیربووە، پێویستیان بە سیناریۆیەکی دیکە ھەیە؛ “دەوڵەتی کوردی” و “دەوڵەتی سێکولار”، چونکە بەو ھۆیە چەند ساڵ جەنگی نێوخۆیی دروستدەکەن و ھەنبارەکانی چەک خاڵیدەکەن و قەرزێکی زۆر بە جەنگکەران دەدەن و دواتریش ھەر کەسە ناھوشیار و خۆشباوەڕەکان باجی ھەموو نەھامەتییەکان دەدەن و کۆتایی ئاوا جەنگێک لە دوو ئەگەر زیاتر نییە:

– یەکەم: وەک جەنگە نێوخۆییە چل (٤٠) ساڵییەکەی (مەلایی) و (جەلالی)، سەرەنجام پاش کوژرانی ھەزاران و پەککەوتەبوونی سەدان و بێسەروشوێنبوونی دەیان و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و ھەتیوکەوتنی ھەزاران منداڵ و ئەتکرانی ھەزاران ژن، سەرانی فەرمانداریی بۆرجوازی کورد و سەرانی فەرمانداریی بۆرجوازی عەرەب (شیعە و سوننە) پێکەوە دادەنیشنەوە و پێکی (خوشک و برایی) ھەڵدەدەنەوە و قوربانیانی جەنگەکە تاوانباردەکەن و بە کوژراوانی ھەر دوو لای خۆیان دەڵێن “شەھید” و گەل|گەلانی عیراق بە ھەڵگیرسێنەری جەنگەکە تاوانبار دەکەن.

دووەم، یان بە دوو دەوڵەتبوونی عیراق کۆتاییدێت و دیسان دەزگەکانی پاگەندەی بۆرجوازی کورد دەکەونەوە ھەمان بالۆرەی ساڵی ١٩٩١- ٢٠٠٣ و دەڵێن “دەوڵەتەکەمان ساوایە ” و پێویستی بە خوێنی زیاتری خەڵک ھەیە و ھەر دەنگێکی ناڕازی بە تیرۆرکردن و لەسێدارەدان وەڵامدەدەنەوە و ئەگەر ناڕزاییەک بەخت یاری ئەو بێت، ئەوا تەواوی تەمەنی لەسایەی دەوڵەتە نەتەوەییەکەی (پدک) و دەوڵەتە سێکیولارەکەی (حککک) لەنێو زیندان دەمێنێت.

ئایا لە چەند ھەزار ساڵی ڕابوردوو تاکو ئێستا، دەوڵەت بێجگە لە ملھوڕیی و مشەخۆریی و سەرکوتکردن و تیرۆر و سەپاندنی بەرژەوەندی و چاوچنۆکی دەسەڵاتداران و ڕامیاران بەسەر نەداران و بێدەسەڵاتان، ھیچی دیکە بووە، ھیچ یەك لەو گەلانەی کە خراونەتە  ژێر (پاژنەی ئاسنینی چەکمەی)*  دەوڵەت و بەناوی ئەوانەوە دەوڵەتی چەوسێنەرانی ئەوان ڕاگەیێندراون، بەختەروەر و ڕزگار و ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە ژیاون، تاکو بە دەوڵەتبوونی دەسەڵاتدارە چەتە و سەرکوتگەرەکانی ئێستای ھەرێم، نەداران و بێدەسەڵاتانی کوردی-زمان بەختەوەر ببن و ڕزگار و ئازاد و یەکسان و دادپەروەر بژین؟

بەڵێ، جارێکی دیکە من ئەوە دەڵێمەوە و پێداگرییدەکەمەوە و ھاواردەکەم، من خوازیاری سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی ھەموو کۆمەڵێکی مرۆیی سەر گۆی زەمین دەبم، بەڵام سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی واتا ڕەکردنەوەی دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی و ڕۆنانی یەکێتی کۆنفیدرالیستییانەی خۆبەڕێوەبەریی گشت کۆمەڵەکان و گەلان؛ بەڵێ من دژی دەوڵەت دەبم و تاکو مردنیش دژی دەوڵەت دەمێنم و ئەگەر بتوانم پاش مردنیش دێمەوە خەونی ڕامیاران و دەسەڵاتادارن و سەرمایەداران و دژایەتی دەوڵەتەکەیان دەکەم، بەڵام ئەوە دڵنیادەکەمەوە و ڕۆشندەکەمەوە، کە دژایەتی و ڕەتکردنەوەی دەوڵەت لەلایەن من لەبەر پاشگرە دێوجامەییانەکەی “کوردی”، “سێکیولار” نییە و نا، بەڵکو لەبەرئەوەی کە دەوڵەت ملھوڕترین و پێشکەوتووترین دەزگەی ستەمگەریی چینایەتییە و ھەر دەوڵەتبوونیش بوو، کە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ تێکشکاندن و ئەوەی بە قەیسەر و لەشکری داگیرکاری ئاڵمانی و نەمسایی نەکرابوو، ئەو ئەنجامیدا و دەوڵەتی بۆرجوازی کوردیش ھەر ھەمان شت ئەنجامدەدات و ئەوەی کە دەوڵەتی ئێران و تورکیە و سوریە و عیراق وەک داگیرکەرێک نەیانتوانیوە ئەنجامیبدەن، دەوڵەتی بۆرجوازی کورد ئەنجامیدەدات.

من دژی دەوڵەت و پارلەمان و زیندان و سوپاس و پۆلیس و سیستەمی ڕامیاریم و تۆش ئازادیت، چ دۆزەخێک بۆ خۆت ھەڵدەبژێریت و کێ دەکەیت شوانەی خۆت. بەڵام دڵنیابە سەرەنجامی ئەو خۆشباوەڕییەشت ھەر گندۆرەشکاندن بە ئەژنۆی پەشیمانی دەبێت، ھەر ئاوا ئێمەی سۆشیالیستخوازان لە ڕۆژانی پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ گوتمان “ڕۆژێك دێت، کە دەسەڵاتداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی ڕووی ملھوڕیی دەسەڵاتدارە بەعسییەکان سپیدەکاتەوە” و ئێستاش باجی چەپڵە و ھەلھەلەی ڕۆژانی ھەڵبژاردنەکەی ئایاری ١٩٩٢ دەدەن و  تاکو نەداران و بێدەسەڵاتان چاوەڕێی “سەرۆکی باش”** و “پارتیی باش”** و”پارلەمانی باش”** و”فەرمانداریی باش”** و”دەوڵەتی باش”** و”کۆمپانی باش ” و”سەرمایەداریی باش” و”جەلادی دڵسۆزی گەل”*** بن، بەدڵنیاییەوە نەھامەتییەکان درێژدەبنەوە و باجدانەکە بەردەوامدەبێت و تەمەنی مشەخۆریی سەرمایەداران و سەروەریی ڕامیاران درێژتر دەبێتەوە.

*  لە واتا و ناوی ڕۆمانەکەی (جاک لەندەن: پاژنەی چەکمە ئاسنینەکان) وەرگیراوە.

** لە گوتەیەکی (میخائیل باکونین) وەرگیراوە

*** ئەو چەند دەستەواژانە لە وتارێکی (ئێریکۆ مالاتێستا) وەرگیراون

00000

کۆڵەخەمی کۆڵبەران

دایک: ھەستە ئارێز، درەنگە، فریای  چوون بۆ فێرگە ناکەویت!

(ئارێز بە ھەر دوو دەستی توند چاوەکانی دەگرێت)

ئارێز: دایە ھێشتا شەوە، خەوم دێت

دایک: شەوی چی، ئەی ئەو بەدبەختە چی بڵێ؟

ئارێز : کام بەدبەخت، دایە ؟

دایک : ڕۆڵە گیان باوکی تۆ و ھاودەردانی.

ئارێز : دایە، بۆچی ھیچ بەیانییەک باوکم من لە خەو بەئاگاناھێنێت، من دەمێکە ئەو ئارەزووم ھەیە، زۆر جاریش ھەر بە درۆ خۆم دەکەم بە خەوتوو و خەواڵوو، دەڵێم بەڵکو دایە ناچاربێت و باوکم بنێرێت، دایە گیان، بابە لە خەو ھەستاوە؟

دایک: گیانی دایە، کاتێك ئێمە دەخەوین، باوکت خەریکی ئەم بەر و ئەو بەری سنوورە دەستکردەکان دەکات، کاتێك خەڵك بەرەو خوێندن و کار و فەرمان دەچێت، ئەو بەرەوماڵ جەستەی ماندووی لە دوای خۆی کۆڵکێشدەکات.

ئارێز : دایە لە وەڵامەکەت تێنەگەییشتم، چۆن کاتیك خەڵك دەخەوێت، بابە ئەم بەر و ئەو بەری سنوور دەکات، سنوور چییە؟

دایک : گیانی دایە، ھەستە، بەو قسانە من خەریکمەکە، درەنگە.

ئارێز: نا دایە گیان، ھەر بەڕاستی خوازیاری تێگەییشتنم، ئاخر قسەکانت جۆڕیکن.

دایک : باشە، ئەگەر ھەستیتەوە و بەخێرایی نان و شیرەکەت بخۆیت و خۆت بپۆشیت، منیش وردە وردە وەڵامی پرسیارەکانت دەدەمەوە؛ گیانی من، پاش چەند ساڵ و مانگ بێکاری و نائومیدی و نەبوونی و شەرمەزاری خاوەنخانوو، باوکت لە سنووری نێوان دەوڵەتی ئێران و عیراق کۆڵبەری دەکات، کۆڵبەری. لەبەرئەوە شەوان یان بەیانیان زوو دەچێت بۆ سەر سنوور و کاتێک دەگەڕێتەوە، تۆ ھێشتا لە فێرگە خەریکی فێربوونی.

ئارێز: ئم، دایە دەست خۆش، شیرە گەرمەکە زۆر خۆشە، دەست خۆش. باشە تکادەکەم، بە باوکم بڵێ ئەگەر ڕۆژێك نەچوو بۆ کار، بەیانی زوو بێت و من لە خەو ھەستێنێت و بمبات بۆ فێرگە.

دایک: باشە ئارێز گیان، تۆ نزابکە، ئەم ڕۆژیش باوکت بە بێوەی بگەرێتەوە، نزای منداڵ لەلای یەزدان پەسەندەکرێت و یەزدان دڵی منداڵان ناشکێڼێت.

ئارێز: باشە دایە گیان، ئەگەر ئاوا بێت، من ھەموو شەو پێش خەوتن و بەیانیان پێش چوون بۆ فێرگە لەلای یەزدان نزادەکەم، کە باوکم و ھاوکارەکانی بێوەی بگەرێنەوە لای منداڵ و دایکیان. دایە، من دەڕۆم. بە بابەت بڵێ زۆر بیریدەکەم، بیری قسە خۆشەکانی دەکەم.

دایک: ڕۆڵە گیان وەرە ماچێک بە دایکی خۆت بدە و ئینجا بڕۆ. ئاگات لە خۆت بێت، کاتی پەڕێنەوە لە کۆڵان و شەقامەکان، تەماشای لای چەپ و ڕاستی خۆت بکە.

(ئارێز بەدەم ڕۆیشتنەوە، بەردەوام لە یەزدان دەپاڕێتەوە، تکادەکەم ئاگات لە باوکم بێت)

( دایک: یەزدانی گەورە ئەگەر لە منی بەدبەخت گوێناگرێت، تکادەکەم ئەو منداڵە بێناز و نائومێد نەکەیت، تکایە)

کات دوانیوەڕۆیە، ئارێز لە فێرگە گەڕاوەتەوە، دایک ھەراسان و ترساوە، لەبەر ئارێز ترس و دڵەخورپەی خۆی بەھۆی ھێشتا نەگەڕانەوەی ھاوسەرەکەی، دەرناخات. چەند جاڕێك بۆ مۆبایلی ھاوسەرەکەی زەنگیداوە و وەڵامی نەبووە. لەپڕ زەنگی دەرگە ئارێز و دایکی ڕادەچڵەکێنێت و بەرەو دەرگە ڕادەکەن….

دایک : کاک ئازاد سڵاو. فەرموو چی بووە، ئەی باوکی ئارێز کوا، تۆ نەچوویت بۆ سەر سنوور؟

ئازاد : سڵاو خوشکێ. ئارێز گیان تۆ چۆنیت.. خوشکێ گیان، چی بڵێم، بەڵێ منیش چووبووم، بەڵام ..

دایک: بەڵام چی، چی بووە، ئای باوکەڕۆ، بەدبەخت خۆم، منداڵەکەشم وەك خۆم ھەتیوکەوت. ئاییییییییییییی

ئارێز: دایە گیان. مامە ئازاد چی بووە، دایکم بۆ دەگری؟

ئازاد : گیانی مامە، چی ېڵێم، یەزدان ماڵی ئەوانە وێرانبکات، کە ئێمە بەو کارە مەرگھێنەرە ناچاردەکەن، ئینجا ئەوانەی باوکە بەدبەختەکەی تۆ دەکوژن ..

ئارێز: چییییییییییی، مامە ئازاد باوکم کوا،بابەڕۆ .. بابە گیان،  مامە ئازاد بڵێ، کێ باوکی منی کوشت؟

ھەژێن

٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

——————————————

* ھیوادارم ئەم چەپکە واژانە شاییستەی ئەوە بن، لەسەر گۆڕی کرێکارانی کۆڵبەر دابنرێن و دەربڕی یەک لەسەر ملیاردی خەم و خەون و تاسەی منداڵان و ژنانی ھاوسەری کرێکارانی کوژراو بن.

ئەم کورتە چیرۆکە، وەك ھەر پۆستێکی فەیسبووک کاردانەوەی ساتەکی دروونی منە بەرانبەر ڕوداوەکان.

 

ڕۆشنکردنەوە و وەڵامدانەوەی ناڕۆشنییەکانی خۆم

ھەژێن

٨ی سێپتەمبەری ٢٠١٧*

بەرایی، خوێنەری ھێژا ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، ڕۆشنکردنەوەی چەند شتێکە، کە ھاوڕێ (زاھیر باھیر) لەنێو وەڵامەکەی خۆی [١] بۆ ڕەخنەکەی من[٢]، ئاراستەی منی کردوون و وروژاندوونی. ڕاستییەکەی من ڕۆشنکردنەوە و وەڵامێكم بۆ وەڵامەکەی ھاوڕێم لەنێو بیست (٢٠) لاپەڕە نووسی، بەڵام ئەم بەیانییە لە دوا چرکە و کاتی ناردنی، پاشگەزبوومەوە و بڕیارمدا لەنێو کەشکۆڵی خۆم بمێنێتەوە و لەجیاتی ئەوە ئەم چەند ڕۆشنکردنەوەیە بنووسم.

من لەنێو ڕەخنەکەی خۆم، لەسەر بنەمای تێگەییشتنی خۆم وەك خوێنەرێك لە بابەتەکەی نووسەر، حەفتا و حەوت (٧٧) پرسیارم ئاراستەی نووسینەکەی ئەو کردوون. بەداخەوە ھاوڕێی من، لەجیاتی ھەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان وەك ڕۆشنکردنەوەی بابەتەکەی خۆی، کەچی کۆمەڵێك تۆمەتی داونەتە پاڵ من و دەمی ڕەخنەی بە قوڕ گرتووە، بۆ نموونە:

مەبەستەکەی تیادا فەرامۆشکراوە “، ” نە سەرنجی بەدیقەتی لە وتارەکەم داوە،  نە وەکو سەرنجیش تێبینییەکانی خۆی دەربریوە ” ، ” هەندێك لە بڕگە و نوسینەکانی من شێوێنراون “، ” ئەمە شێواندنی نوسینەکەی منە .” ، ” هاوڕێ هەژێنن  غەدرێکی یەکجار زۆرم لێدەکات چونکە   ئەمە شێواندنی مەبەستەکە و نوسینەکەی منە ” ، ” هەموو کەس دەتوانێت شتێك لە وتاری کەسێکی دیکەدا دەربێنی و بە ئارەزوی خۆی بە لاڕێدا بیبات و بە خواستی  خۆی قسەی لەسەر بکات” ، ” ئەمەی کە هاوڕێ هەژێن دەیڵێت هەڵگێڕانەوەی قسەکانی منە ” ، “هەر لەبەر ئەوە دەڵیم کە بە دیقەت وتارەکەمی نەخوێندۆتەوە یا هەر دەوەن بەئشکردنە.” ، “دەبوایە لە مەبەستی من باشتر بگەیشتایە و لەو پرسیار و برگەیە،  خۆی بپارستایە.” ، “لێرەدا واهەست دەکەم کە بۆ چەندینجارە ڕاو وتارەکەی من شێوێنراوە .” ، ” لێرەدا مەبەستەکەی من لەو پەڕەگرافە بەو لایەنەدا براوە کە تاکو خوێنەر خوێندنەوەی هەڵە بۆ نوسینەکەی من بکات، یا بەو بارەدا دەخرێتە دەمی خوێنەر .” ، ” نەك ئەوەی کە هاوڕێ هەژێن [ ناتوانم بڵێم هەڵیگێڕاوەتەوە] بەڵام دیقەوتی لەسەر نەداوە.” ، …..

ئایا باشتر و دروستتر نەبوو، کە ھاوڕێم (نووسەر) لە جیاتی بەکاربردنی ئەو دەستەواژە نادروستانە، ھەوڵیبدایە بنووسێت (ڕەخنەگر لە مەبەستەکەی من، یان، لە دەربڕینەکەی من، یان، لە داڕشتنەکەی من، ھەڵە|خراپ تێگەییشتووە، یان بینووسیایە، بەداخەوە لە مەبەستەی من تێنەگەیشتووە) ؛ ئەدی جیاوازی ئێمەی ئەناکیست-ھزر لەتەك ئەوانی دیکە چییە؟ ئەی کامەیە جیاوازی ڕەخنەگرتن و وەڵامدانەوەی ڕەخنە وەك ئەنارکیست-ھزرێك؟ مەگەر یەکێك لە جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان ئەنارکیست-ھزران و ئەوانی دیکە، ھەر ئەوە نییە، کە ھزر و بۆچوون لەجیاتی کەسایەتییەکان دەدوێن و بە مشتومڕدەکەن لە دوای وەڵامی دروستتر و ئەزموونگیری زیاتر و گونجاتر دەگەڕێن؟

بەداخەوە، لێرەدا ناچارم و ناچارم بە پێویستی دەزانم لەسەر (ئەو ھەمووە تۆمەتبارکردنە بە شێواندن و نەخوێندنەوە و بەلاڕێدابردن و ھەڵگێرانەوەی دەق)،ڕۆشنکردنەوەیەکی داتایی بۆ خوێنەر و ھاوڕێ زاھیر بدەم. نووسینەکەی (ھاوڕێ زاھیر: ” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن؟ ” ) ھەزار و شەست سەد و شەست و چوار (١٦٦٤) وشە بوو، من لەنێو ڕەخنەکەی خۆم (بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن*)، وەك نموونەوەرگرتن لە بۆچوونەکانی نووسەر، لەنێو نووسینەکەی ئەو، ھەزار و سەد و پەنجا و ھەشت (١١٥٨) وشەم گواستنەوە، تاکو ھەم ئاسانکاریی بۆ خوینەر و ھەم ویژدانی خۆم ئاسوودە بکەم و ھەم دڵی ھاوڕێکەم نەڕەنجێت و ھەم من بە “شێوێنەر” تۆمەتبارنەکات و ھەم ئەرکی خۆم وەك ڕەخنەگر بە دروستی و دەستپاکی ئەنجامدابێت.

بە پێچەوانەی تێگەییشتنی نادروستی ھاوڕێـم [نووسەر] لە ڕەخنە و ئەرکی ڕەخنە و ھاندەری من بۆ نووسینی ڕەخنەکەم، کە پێش ھەموو شت فریاکەوتنی خودی نووسەر و ئینجا بزووتنەوەی تازە دەرکەوتووی ئەنارکیستی لەنێو کۆمەڵی ھەرێم بوو [کە نووسەر، ناپێویست و ناپەیوەست و نابەجێ و لە خۆڕا پێناسەی ھزری ئەنارکیزم بەبێ ھۆ دەئاخێنێتە نێو بۆچوونەکانی خۆی]،ئەگینا لەم بارە ناتەندروستەی شان و مەچەك و پەنجەکانی خۆم، ھیچ شتێکی دیکە نەبوو شاییستەی ئەوە بێت و نەیدەتوانی من بۆ ئەنجامدانی ئاوا ئەرکێك ھانبدات. بەڵێ بەپێچەوانەی تێگەییشتنی نووسەر لە ئامانجی ڕەخنەکەی من، من ھەوڵمداوە ناڕۆشنییەکان و لاوازی بەڵگەکانی نووسەر و نادروستیی تێگەییشتنەکانی ئەو لە ڕۆڵی مێژوویی چینێکی سەرەکی  کۆمەڵی سەرمایەداری [چینی کرێکار] و نەدیتنی ھۆکاری تێکشکانی بزووتنەوەکانی ئەو چینە و لەبەرچاونەگرتنی بارە خۆیییەکانی بزووتنەوەکە و بارە بابەتییەکانی کۆمەڵ و ھەر ئاوا خوێندنەوە و تێڕامانی نامێژووییانە و نالۆجیکیانەی نووسەر بۆ باردۆخەکان و پێگە و ڕۆڵی چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان، بە شێوەی پرسیار نەك ئامۆژگاری و چەپ و ڕاست دیاریکردن، نیشانبدەم؛ چونکە ڕێگەنیشاندان و ڕاستکردنەوە و ئامۆژگاری ئەرکی ڕەخنە و ڕەخنەگر نین.

بە بۆچوونی من، ڕەخنە واتە خوێندنەوەی قووڵ و وردی دەق یان سەرنجدانی بیرکردنەوە و بۆچوون و تێگەییشنێك، دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ناڕۆشنییەکان، ئاراستەکردنی پرسیار، تاکو نووسەر وەك خوێنەرێك نووسینەکەی خۆی ببینێت و گۆشە تاریکەکانی بۆچوون و بیرکردنەوەی خۆی ببینێت. لەسەر ئەو بنەمایە ڕەخنە دەبێتە تەواوکەری دەق و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی و کۆمەکێکی گەورە بۆ نووسەر. بێجگە لەوە، سێ دەھە دەبێت، کە گوتوومە و ئەو بنەمایە پەیڕەودەکەم، کە ھزر و ژیان و بوون بەبێ ڕەخنە، بۆگەن دەبن و دەبنە زۆنگاوێك بۆ کوشتنی ژیان و ھزر و بوون. ھەر ئاوا حەڤدە ساڵ دەبێت، کە گوتوومە ڕەخنەیەك وێرانگەر نەبێت، ناتوانێت ڕۆنەربێت؛ وێرانگەری کەسایەتی نووسەر نا، بەڵکو وێڕانگەری بۆچوونە ناڕۆشنەکان و نادروستەکان. ئینجا دەڵێم، ئەگەر نووسینێك شاییستەی سەرنجدان نەبێت، ھیچ کات ڕەخنەگر کاتی خۆی بۆ ڕەخنەگرتن لە نووسینەکان تەرخانناکات و بەفێڕۆنادات. لەسەر ئەو بنەمایە دەبوو، ڕەخنەکەی من لە نووسینەکەی ھاوڕێ زاھیر، زیاتر ئەوی دڵخۆش بکردایە و بە ھێرش و پەلاماری کەسیی نەچوواندایە و ڕەخنەی وەك خۆی بخوێندایەتەوە، نەك تووڕەبوون لە ڕەخنە و نووسینی بابەتێکی دیکە بەناوی “جیاوازی نێوانی ڕەخنە و سەرنج لە دیدی منەوە” [٣]، کە ڕەخنەکەی من و سەرنجەکانی پێشووتری من لەسەرئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن. “[٤]، ” ڤێنزویەلا و دوو تێبینی” [٥] کە سەرنج و ڕەخنەی من بوون لە سیستەمی دیکتاتۆریی کوبا و “کاسترۆییزم” و فێنزویلا و “چاڤێییزم” و بوون بە ھۆکاری نووسینەکەی ھاوڕێ زاھیر بۆ ڕسواکردنی ڕەخنە[٣]. من زۆر بەداخەوەم، کە نزیکترین ھاوڕێ و ھاوبیرم ئاوا ڕەخنەی من لە یەک بۆچوون یان چەند بۆچوونێکی خۆی،بە ڕەتکردنەوەی گشتێتی بیرکردنەوەی خۆی و ھەر ئاوا لێدان لە کەسایەتی خۆی دەخوێنێتەوە.

ھاوڕێ زاھیر لەنێو وەڵامەکەی نووسیویەتی  ” …  هەر ئەمەش هۆکار بووە بەوەی کە هاوڕێ زیاتر ڕەخنەیەکی ئەکادیمیانە نەك واقیعانە و مەیدانانە لە وتارەکەی من بگرێت.  “

من نازانم، ئایا ڕەخنەکەی من “ئەکادێمسیتییە” یان نا. بەڵام لەو ھۆکارە تێنەگەییشتم، کە بۆچی “ڕەخنەی ئەکادێمیستی ناکەتواری و نامەیدانی”یە و “مەیدانی” و “نامەیدانی” ڕەخنە چییە؟ ئەی ئەگەر ئێمە بتوانین ڕەخنەی ئەکادێمیستی بنووسین، خراپی چییە؟  بۆچی ڕەخنەی ئەکادێمیستی ناکەتوارییە؟

هەرگیز هەستم نەکردووە کە من و ئەو سەبارەت بە ڕۆلی کرێکاران ، ناڵێم پێناسەی کرێکاران ، هیچ ناکۆکییەکمان هەبووبێت، هەمیشەش شؤخیمان بە پیرۆزکردنی کرێکار کردووە …… نەك هەر ئەوە بەڵکو ڕۆڵی تاکەکانی کۆمەڵیش بە گشتی ….. لە ڕاستیداس من ئێستا نازانم بۆچی هاوڕێ، کرێکارانی لابۆتە شؤڕشگێڕ!! ئەمە بۆ من ئەوەندە نوێیە، کە لە مانگێک کەمترە.

ئەوە زۆر ڕاستە و بەدڵنیاییەوە ئێشتاش و تاکو دەمرم، ھەر بە گاڵتە و  تەنز لەبارەی ئەو ڕۆڵەی کە “پارتییە پێشڕەوەکان” بە کرێکارانی دەدەن، دەدوێم و دەنووسم. چونکە ناکرێت “کرێکار بگۆڕ و گۆڕھەڵکەنی سیستەمی چینایەتی بێت” و  ھاوکاتیش “پێویستی بە “پارتیی پێشڕەو” و “پێشڕەویی کەسانی دەرەوەی خۆی” ھەبێت. بێجگە لەوە، من ھیچ بە نیگەتیڤی گاڵتەم بە ڕۆڵی کرێکاران نەکردووە، چونکە ھەر زوو ڕۆژگار خۆمی کردە کرێکار و مۆری کرێکاربوونی|کرێگرتەبوونی تاکو مردن لەنێوچەوانی من داوە. لەبەرئەوە ھەر ئاوا بە ئاسانی ناتوانم گاڵتە بە ڕۆڵی خۆم وەك کرێکار بکەم، چونکە بە بۆچوونی من، ڕۆڵی کرێکاری ھوشیار بنکۆڵکردنی کۆمەڵ و سیستەمی چینایەتییە، نەك ئەوەی پارتییە چەپەکان وێنایدەکەن و ئاماژەیدەدەن.

بەپێچەوانەی گومانەکەی نووسەر، لەوە دەچێت ئەوە بۆچوونی خودی نووسەر بێت، کە لە ماوەی ئەو مانگە “ڕامیاریی” [٦] بووبێتەوە و گۆڕانی خۆی نەبینێت و تەنیا بە ڕەخنەی بەرانبەر ھەستەوەر بێت.  من دەمێکە گۆڕان لە کۆی بۆچوونی نووسەر دەبینم، بەڵام وەك ئێستا خۆی زەق نیشاننەداوە و ئەوە یەکەم جارە، کە “ڕامیاریکردنی داخوازییەکان” دەکاتە پێشمەرجی “شۆڕشگێڕبوون”. ئەگەر نووسەر بگەڕێتەوە، سەر نووسینێکی پێشووتری خۆی “جیاوازی نێوانی گروپه‌فشارییه‌کان و گروپه‌لۆکاڵییه‌ڕادیکاله‌سه‌ربه‌خۆییه‌ئاسۆییه‌کان“[٧]، ” کۆمه‌ڵه‌ خێرخوازییه‌کان یه‌کێکن له‌و ده‌زگایانه‌ی که‌ کۆمه‌كی ئه‌م سیسته‌مه‌ ده‌که‌ن و به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ن و به‌هێزی ده‌که‌ن “[٨]. لەوێدا “ڕامیارییبوون” پێشنیار و پێشمەرجی شۆڕشگێڕبوونی گروپە خۆجییەکان نەبوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە “ڕامیاری” بەشێك بوو لە ھەوڵەکانی سیستەمەکە لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە.

پێویستە ئەوەش بڵێم، کە گۆڕانی بۆچوونی ھەر یەك لەئێمە ئاساییترین ڕوداوە، چونکە ئێمە دوو کەسین، دوو گەردوونی جیاوازین**، ئەگەر ھەر کەس چاوەڕوانی نەگۆڕانی بیرکردنەوە و بۆچوونی کەسێکی دیکەی ھەبێت، بەدڵنیاییەوە لەنێو جیھانی ئایینگەرایی چەقیوە. ئاساییترین شت گۆڕانە، بەڵام نائاسایی ھەراسانبوون بە ڕەخنە و لێکدانەوەی ڕەخنەیە بە ھێرش و شکاندنی کەسایەتی؛ ھەر ئەو ھۆکارەشە دەبێتە ھۆی نەدیتنی گۆڕانی خۆ و خراپ لێکدانەوەی گۆڕانی بەرانبەر.

من کاتێك گۆڕانی ھەڵوێست یان بەرخورد، یان بۆچوونی بەرانبەر بەرانبەر بە خۆم یان ھەر شتێکی دیکە دەبینم، پێش ھەموو شت لەنێو گوفتار و ڕەفتار و ئەتوار و بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی خۆم بۆ ھۆکارەکان دەگەڕێم، ئەگەر گەڕانەکەم سەرەنجامێکی نەبوو، ئینجا وردبینی|گەردبینی گومانکردن دەخەمە سەر بەرانبەر و لە سێیەمین ھەنگاو پرسیار ئاراستەدەکەم؛ ئەرێ بۆچی ئاوا بۆ دواوە گۆڕاوی؟

لێرەدا مەبەستم ھاوڕێ زاھیر و ھیچ کەسێکی دیکە نییە، تەنیا ڕۆشنکردنەوەی بنەماکانی بەرخورد و خوێندنەوە و بڕیاردانی خۆمە. بێجگە لەوە، ئەگەر ئێمە نەگۆڕێین و نەگۆڕابین، کەواتە گرفتێك ھەیە و پێویستە لەسەری کاربکەین و بەخۆمان بچینەوە، مەبەستم گۆڕانی پۆزەتیڤە؛ ڕۆشنتربوون و بنچینەیی-بوونەوەی ئازادیخوازیی. بۆ نموونە، کاتێك کە ئێمە پاش چەند دەھە لە پاگەندەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و دادپەروەیخوازی ھەمان گوفتار و ڕەفتار و ئەتواری پێش ئەو پاگەندانەمان بەرانبەر ئێتنییەکان، ژنان، منداڵان، ژینگە، ئاژەڵان، پەیوەندی، گفتوگۆ، نەیاران و …تد ھەبێت، ئایا پێویست نییە، کە لە خۆمان بپرسین؛ ئەڕێ گۆڕانەکانی ئێمە کامانە بوون و کامانەن؟ دیسانەوە، تکادەکەم ھیچ کەس ئەم دێرانە نەکێشێتە سەر خۆی، تەنیا مەبەستم بنەما گشتییەکانی گۆڕان و ئازادیخوازین بە گوێڕەی تێڕوانین و پێگەییشتنی من.

ئەوەیە کەمن دەڵێم کرێکاران لەم وڵاتانەدا ژیانی خۆیان لەسەر ژیانی کرێکاران و چەوساوانی دیکەی دوونیا بنیاتنراوە و دەنرێت.   من و هاوڕێ هەژێن  پێشتر قسەمان لەسەر ئەمانە بە درێژی کردووە و هەردووکیشمان هاواڕا بوین .  “

بەڵێ ئێمە زۆر لەو بارانەوە قسەمانکردووە و دەتوانم بڵێم کەم پرس ھەیە ئێمە وەك دوو دۆستی کۆمەڵایەتی و وەك دوو ھاوبیر لە بارەی ئەوان قسەمانەکردبێت، بەڵام مەرج نییە جیاوازیمان نەبێت. من ھیچ کات بەو دەربڕینە لە دەمی ھاوڕێی خۆم نەمبیستووە، کە ناسیونال-سۆشیالیستانە بیربکاتەوە. بەڵێ من گوتوومە و دەڵێم، کە دەوڵەتانی ئەوروپا ھەر ئاوا پیڼج سەدە (١٤٩٢- ٢٠١٧) وڵاتانی داگیرکراو و پاشکۆیان وەك سەرچاوەی کەرەستەی خاو و  کۆیلە و کاری ھەرزان و ئاودیوکردنی گرفتەکانی خۆیان بەکاربردوون، ھەر ئاوا لە پاش یەك-جەمسەربوونەوەی بازار، بە کاڵای بەنگلادیش و پاکستان و ھیندوستان و چاینا و …تد بۆ کەمدەرامەتانی ژێردەستی خۆیان شۆپی (یەك یۆرۆ)ییان  بەڕێخستووە. بەڵام ئەوە کرێکارانی ئەوروپا نین، کە لەسەر ژیان و ھێزی کاری تاڵانبراوی کرێکارانی ئەمەریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکا مشەخۆرانە دەژین، بەڵکو ئەوە سەرمایەداران و دەوڵەتانن. زۆر بەداخەوەم کە ھاوڕێ زاھیر بەخشکەیی بۆچوونی ناسیونال-سۆشیالیستەکان لەسەری زاڵبووە. خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر بابەتە فەیسبووکییەکانی من لەو بارەوە، بەتایبەت کرێکارانی بەرگدووری بەنگلادیش و بازرگانی پرچ-فرۆشی و منداڵسازی بە ژنان لە ھیندوستان و کۆیلەتی منداڵان و  ژنانی چاینا لە بواری کاڵا پلاستیکی و یاری و ئامرازە دیگیتاڵەکان و ژنانی مەغریبی لە بواری گوڵچنی و ھەر ئاوا بواری ئامادەسازیی خواردنی دەریایی. زۆر بەداخەوە بە پێچەوانەی تێگەییشتنی لنگاوقووچی ھاوڕێ زاھیر و چاوەڕوانی من و تێکۆشانی چالاکانی وڵاتانی ئەوروپا، بایکۆتکردنی کڕینی شمەکی بازارە ھەرزانفرۆشەکانی وەك (پڕای مارکێت) لەلایەن ئازادیخوازانی ئەوروپا، دەبێتە ھۆی نائومێدی و ترسی لەدەستدانی کاری ملیۆنان ژنی بەرگدووری بەنگلادیشی و پیاوانی ڕەنگڕێژی ھیندوستان و منداڵانی پاکستان و چاینا. من لە بێدەنگی و بێھەڵوێستی خەڵکی وڵاتانی ئەوروپی ڕەخنەمگرتووە، بەڵام ھیچ کات چین وتوێژە پڕۆلیتێرییەکانی ئەوروپا بە مشەخۆری سەر ڕەنجی کرێکارانی ئەو وڵاتانە نازانم و نەزانیوە و ناونەبردووە. چونکە مشەخۆری یان ژییان لەسەر کار و ژییانی کەسانی دیکە، واتە بەکرێگرتن و خۆشگوزەرانی لەسەر زێدەبایی بەھای کاری ئەوان. دەتوانم بە بەڵگەی نووسینەکانم و گەواھی ھاوڕێیانی سەردەمی (کۆڕەک ١٩٨٢-١٩٨٨) و ( “کۆمونیزمی کرێکاری”١٩٨٨-١٩٩٣) و  کۆمونیزمی شورایی (١٩٩٣-٢٠٠٠) چ بە نووسین و چ بە گفتوگۆ من ھەردەم دژی ئاوا بیرکردنەوەیەك بووم و دەبم، چونکە بیرکردنەوەیەکی ناسیونال-سۆشیالیستانەیە و لەتەك پێشینە و ئێستای بۆچوونەکانی من و بۆچوونە ئەنارکیستییەکان ناگونچێت و نەگونجاو و دژی بنەمای بیرکردنەوە و جیھانبینی ئەنارکیستەکان دەوەستێتەوە و زیاتر لەتەك بۆچوونی چەپە (مائۆتسە تۆنگ)ی و (چێ گوارا)یی و (کاسترۆ)یی و (چاڤێز)ی دەگونجێت.

من نازانم چ ستەمێکم لەو ھاوڕێیەی خۆم کردووە، ھەستناکەم. چونکە من لە سەراپای ڕەخنەکەم بۆچوونی خۆمم دەرنەبڕیوە، تەنیا شتێك کە ئەنجامداوە، ئاراستەکردنی پرسیار بووە؛ حەفتا و حەوت پرسیار (٧٧) و نووسینی  کۆمەڵێك (فیدبەیک)، وەك خوێنەرێك و زۆربەی جار نوسیوومە، من وەك خوێنەرێك ئاوا تێدەگەم، ئایا مەبەستی نووسەر ئەوەیە… . ئایا پرسیارکردن ستەمکردنە؛ ئایا پرسیارکردن لە نووسەر بۆ ئەوەی دڵنیابیت، کە بە دروستی لە مەبەستەکەی ئەو تێگەییشتوویت، ستەمکردن و شێواندنی مەبەستی نووسەرە؟

زۆر بەداخەوە، ھاوڕێ زاھیر لە جیاتی وەڵامدانەوە پرسیارەکانی من، وەك ڕۆشنکردنەوەی ناڕۆشنییەکانی خۆی، منی بە شێواندنی مەبەستەکەی خۆی ناوبردووە و ھەر ئەو ھەستەش بووە بە ھۆی ھەستکردن بە گۆڕانی یەك مانگەی من و ستەمکاریی من بەرانبەر بە خۆی. لە بارێکدا ئەگەر ئەو بینووسیایە “دارا دوو داری دی” و من دەستەواژەکەی ئەوەم گۆڕیبێت بە “دوو دار دارایان دی”، یان بۆ تەنیا جارێكیش گوتبێتم، تۆ ئاوات گوتووە، ئەوا ئەو بێچەندوچوون مافی خۆیەتی، من بە شێوێنەری مەبەست و نووسینەکەی خۆ تۆمەتباربکات و ئینجا بە ستەمکەریش من وێنابکات. بەڵام من بیست دانە نموونەگیریم لە نووسینەکەی ئەو ھێناون و تەنیا لەسەر ئەوانە پرسیارمکردووە و (فیدبەیک)ی خۆمم وەك خوێنەر نووسیوە. ئەوەش بڵێم، کە ئەو بیست نموونەیە زیاتر لە ٨٥% نووسینەکەی ئەو پێکدەھێنن، ئیدی نازانم لەسەر چ بنەمایەك دەڵێت، من بابەتەکەی ئەوم بە وردی نەخوێندووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدا ئەو دەزانێت و من دەناسێت، کە شوێنی کۆما لێکدەدەمەوە و لەسەر خاڵبەندییەکانیش دەنووسم، بەڵام لەبەرئەوەی کە نەمویست، بۆ جارێکیش خۆم لە ئاوا پرسێك نەدا، ئەگینا خوێنەر دەزانێت، ئەوەی ئەو ناڕۆشنیانەی دروستکردوون، خراپ خوێندنەوەی من و شێواندنی من و ستەمکاریی من نین، بەڵکو ناڕۆشنی و تێکەڵ و پێکەڵیی دەستەواژەکانی نووسەرن، کە خوێنەر لەتەك پرسیار ڕووبەڕوودەکات. ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە، من توانای تێگەییشنی نووسینەکەی نووسەرم نەبێت، ئەگینا ھەرگیز کاتی خۆمم بۆ نووسینی ئەو دوازدە لاپەڕە پرسیار و (فیدبەیک)ـە تەرخاننەدەکرد، کە لەسەر بنەمای وەڵامەکەی نووسەر دەتوانم بڵێم ، ھەمووی بە فێڕۆچووە، چونکە من ئەو ئامانجەم نەپێکاوە، کە سەرنجڕاکێشانی نووسەر بوو بۆ ناڕۆشنیی بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی خۆی.

دواشت، ئەم بابەتە لەوە زیاتر نووسین ناخوازێت و بەردەوامبوونی لەنێوان من و نووسەر دەېێتە دووبارەکردنەوەی گوتراوەکان و سوێندخواردن و سەلماندنی ئەوەی من چیم گوتووە و تۆ چۆن تێگەییشتوویت، ئەوەش نووسەر و ڕەخنەگر دەخانە سوڕانەوە و یەکدی ڕاوکردن وەك (تۆم و جێری) لەنێو بازنەیەکی بۆش. بێجگە لەوە من و نووسەر ھەم ھاوزمانی یەکدین و ھەم ھاوبیری یەکدین. بڕواناکەم گوتەکانمان پێویستی بە لێکدانەوەی جیاواز و شارەزایی (نھج البلاغة) ھەبێت. خوێنەر بەخۆی توانای تێگەییشتن و بەراوردکردنی گوتەکانی من و نووسەری ھەیە و خوێنەرانی ھەر دووی ئێمە کوردی-زمانن. ئامانجی من لەم وەڵامدانەوەیە، ھەوڵدان بۆ سەلمانی کێ ڕاستدەکات و کێ نا، نییە، بەڵکو ڕۆشنکردنەوەی ئەوەیە، کە ھەموو ئەو دەستەواژانەی کە وەك نموونەگیرمکردوون، لەنێو نووسینەکەی نووسەر دەرھێنراون و لێکدانەوەم ھەر لەسەر ئەو بەشانە بووە و تێگەیشتنی خۆمم وەك خوێنەرێك نیشانداوە و لەو شوێنانەی کە بەھۆی خراپی داڕشتنی ڕێزمانی و ڕێنووس، لە مەبەستی نووسەر دڵنیانەبووم، وەك (فیدبەیک) لەنێو نیشانەی فیدبەیک ‘…’ ڕیزمکردوون، تاکو نووسەر بڵێت، ئایا مەبەستی چی بووە. بۆ نموونە ئەم ڕستەیە ” دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان . ” ، کە نووسەر لەنێو وەڵامەکەی ئەوەی ڕۆشننەکردووەتەوە، چ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەوە ھەیە، کە ٥٠% مەبەستی ڕەخنەکەی من بوو، چ کارەبوونی ئەو ڕستە بوو، لەنێو بابەتی سەلماندنی “شۆڕشگێڕنەبوونی چینی کرێکار “؟ ئایا ھیچ سەرچاوەیەکی ھزر و بۆچوونە ئەنارکییەکان لە شتێنەر’ی تاکگەرا تاکو کرۆپۆکین’ی کۆمونیستگەرا  ھەیە، کە سەلمێنەری “ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار” بێت، تاکو ھاوڕێ زاھیر ئەو دەستەواژەیە بکاتە پاڵپشتی بۆچوونەکەی خۆی؟

ئینجا لەسەر ھەمان کێش و سەروای نووسەر، کە دەڵێت “تۆ من باش دەناسیت و نەدەبوو ئاوا نووسینەکەی من بخوێنیتەوە …”، منیش دەڵێم، ھاوڕێ گیان، بەداخەوە دەبوو تۆ دوا کەسی نێو ئەم گەردوونە بیت، کە بنووسیت ” ھەژێن بە وردی  بابەتەکەی منی نەخوێندووەتەوە و مەبەستەکانی من شێوێنراون و ھەڵگێڕدراونەتەوە … “. چونکە پەیوەندی ئێمە و متمانەی نێوان ئێمە و ئامادەیی من و دەستگیرۆیی من لە پشت تەواوی نووسین و وەرگێڕانەکانی ٢٠٠٠-٢٠١٥ی تۆ، بۆ ئەوە بەسن، کە گومانی شێواندن و ھەڵگێرانەوەی بۆچوون و نووسینەکانی خۆت لە من نەکەیت. ئەوە لە کەیوە من و تۆ بووینەتە شێوێنەری بۆچوون و نووسینی یەکدی و چ ھۆکارێكە کە بووەتە دروستکەر و کنەدەری ئاوا گومانێکی وێڕانگەر. من ئێستاشی لەتەك بێت، لە کاتی وەڵامدانەوەی ئەم وەڵامەی تۆ، ھێشتا دۆستایەتی و ھاوڕێیەتی و متمانەی ھاوبیریی من و تۆ، بە من ڕێگەینەداوە گومانبکەم  و ئەو نموونانەی کە تۆ لەنێو ڕەخنەکەی من وەرتگرتوون، لەتەك نووسینەکەی خۆم بەراوردبکەم، ھەڵبەتە من نەك تەنیا لەتەك تۆ، بەڵکو لەتەك دوکاندارێکیش کە باقی پارەکەم دەداتەوە و بۆ کاسپی و قازانج و بەدەستھێنانی پارەی زۆرتر دانیشتووە، ھەمان متمانەم ھەیە و دەبەخشم.

—————————————————

 [١]   http://bit.ly/2xJnnUN

[٢]   http://bit.ly/2gKi4g7

[٣] http://bit.ly/2wBwSFg

[٤]  http://bit.ly/2xRCNpL

http://bit.ly/2vKYAOw

[٥]   http://bit.ly/2eOMYa5

[٦]  http://bit.ly/2xbmGWs

[٧]  http://bit.ly/2f8k2Xz

[٨]  http://bit.ly/2wNLqDz

* ڕۆژی ٤ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ وەڵامێکی بیست (٢٠) لاپەڕەیی وەك ڕۆشنکردنەوەی ھۆکاری پرسیارە ڕەخنەییەکانی خۆم و  وەڵامەکەی ھاوڕێ زاھیر باھیر نووسی، ئەم بەیانییە، کە خەریکی ناردنی وەڵامەکەم بووم، بڕیاری خۆمم گۆڕی و ئەم کورتەیەم لە وەڵامەکە دەرھێنا و ئەوی دیکەم خستە ئەرشیڤ. چونکە ڕەخنە و وەڵامدانەوە کاتێك کەڵکی ھەیە، کە بەرانبەرەکەشت ڕەخنە بەو جۆرە بخوێنێتەوە، کە خودی ڕەخنە لەپێناوی سەریھەڵداوە.

** لە بواری پەیوەندی (کۆمیونیکەیشن) پێناسەیەك بۆ تاكەکەس ھەیە، کە دەڵێت “ھەموو تاکەکەسێك بۆ خۆی گەردوونێکی ئاڵۆزە”.

بەڵێ هاوڕێ هەژێن، چینی کرێکاران شۆڕشگێڕ نین

بەڵێ هاوڕێ هەژێن، چینی کرێکاران شۆڕشگێڕ نین

                                                         زاهیر باهیر – لەندەن

                                                         02/09/2017

لە مانگی پێشوودا ، مانگی ئاب، وتارێکم لەژیر ناوی ” ئایا کرێکاران چینێکی شؤڕشگێڕن ؟” نوسی .  لە ڕۆژی 24/08/2017 هاوڕێ هەژێن بە ڕەخنەیەکی هەمە لایەنەی دووروو درێژ وەڵامی دامەوە. کە لق و پۆپێکی یەکجار زۆری لێکردۆتەوە و ئەسڵی مەبەستەکەی تیادا فەرامۆشکراوە. من هەوڵدەدەم بە چڕوپڕی و بە کورتی سەرنجی خۆم دەربارەی ڕەخنەکەی هاوڕێ هەژێن ، کە زیاتر خۆڕۆشنکردنەوەیە، دەربڕم .  هیوادارم کە بتوانم ئەمە بکەم .

پێش ئەوەی بێمە سەر ڕەخنەکەی هاوڕێ هەژێن  دەبێت ئەو بنەمایانە دەستنیشان بکەم کە هاوڕێ ڕەخنەکانی  لەسەر بنیاتناون ، کە بەڕای من ئەمانەن:

یەکەم : پێناسەکردنی ” کرێکاران و پڕۆلیتاریا” لەو پێناسەیەدا کە ئەو کردویەتی بۆ کرێکاران منیش هاوڕام و پێشم وایە ئەوەی لە وتارەکەی مندا هاتووە کە لێکدانەوەی فەرهەنگی دانشگەی ‘کامبریجە’ بۆ چەمکی کرێاکاران، تەواو نییە، هەروەها پێناسەی مارکسییەکانە کە من تا ڕادەیەکی زۆر لە تەکیدا هاوڕام .  کەواتە لیرەدا هاوڕی هەژێن پێناسەیەکی کردووە بۆ کرێکاران و پڕۆلیتریا ، کە من لە زۆربەیا هاوڕام .  تەنها  جیاوازییەك بۆ من لە نێوانی پڕۆلیتاریا و چینی کرێکارانا دەبینم ئەویش ئەوەیە پڕۆلیتاریا  کە من زیاتر وشەی  چەوساوان ، کاردار و بێ کار-یسن بۆ دادەنێم، هەر لە دێر زەمانەوە دەگرێتەوە بەڵام کرێکاران هەموو چەوساوان ناگرێتەوە.  کەواتە چەوساوان لەتەك دروستبووی کۆمەڵی قوچکەیی و دواتریش کە ئەمە بەرەو کۆمەڵی چینایەتی چووە ، هەبووە تاکو ئەمڕۆ .  بەڵام چەمکی کرێکاران بە چەمکە ئاشکراو نوێیەکەی لای هەموو بیرۆدۆزەکان مێژوی ڕەنگە بگەڕیتەوە بۆ کەمتر لە  1000 ساڵێك یا شتێك زیاتر .

دووەم: هاوڕێ هەژێن لە خواست و ویستی خۆیەوە تەماشای چینی کریکاران دەکات ، نەك وەکو ئەوەی کە هەبوون و هەن .  هەر ئەمەش هۆکار بووە بەوەی کە هاوڕێ زیاتر ڕەخنەیەکی ئەکادیمیانە نەك واقیعانە و مەیدانانە لە وتارەکەی من بگرێت.  کەواتە ئەو نە سەرنجی بەدیقەتی لە وتارەکەم داوە،  نە وەکو سەرنجیش تێبینییەکانی خۆی دەربریوە .  بەڵگەشم بۆ  ئەوەی کەوتم،  ئەوەی کە ئەو نوسیسوێتی ڕەخنەیە، نەك بە خوێنەری بسەلمێنێت کە کرێکاران شۆڕشگێڕن گەرچی سەرباسی ڕەخنەکەی سەلماندنی شۆڕشگێڕێتی کرێکارن .  هەر بە هۆی  ڕەخنە گرتنیشەوە،  هەندێك لە بڕگە و نوسینەکانی من شێوێنراون [ دیارە من ناڵێم کە ئەو بە ئەنقەست ئەمەی کردوە بەڵکو بە وردی وتارەکەی منی نەخوێندۆتەوە و هەر لەبەر ئەوەش بڕگەکانی نێو وتارەکەی بە یەکەوە گرێنەداوە] من لە دوایدا بە بەڵگەوە دەگەڕێمەوە سەر ئەو شێواندنە.

دەبێت ئەوەش بڵێم کاتێک کە رەخنەکەیم خۆێندەوە ، توشی تێڕامان و  سەرسوڕمانی کردم، چونکە من و هاوڕێ هەژێن بە حوکمی نزیکی فکریی و پەیوەندی پتەومانەوە زۆر جار  لێدوان لەسەر زۆر باس دەکەین .  هەرگیز هەستم نەکردووە کە من و ئەو سەبارەت بە ڕۆلی کرێکاران ، ناڵێم پێناسەی کرێکاران ، هیچ ناکۆکییەکمان هەبووبێت، هەمیشەش شؤخیمان بە پیرۆزکردنی کرێکار کردووە .  پۆستەکانی ئەو لەسەر فەیسبوك شاهیدی قسەکانی منن کە ئەو چۆن ڕۆڵی کرێکارانی بینوە لە کۆمەڵدا، نەك هەر ئەوە بەڵکو ڕۆڵی تاکەکانی کۆمەڵیش بە گشتی .  من لێرەدا نامەوێت نموونە بهێنمەوە ئەوە کاری خودیی خوێنەرە گەر گومانی لەم سەرنجانەی من هەبێت، با خۆی بچێت جارێکی دیکە پەیجە تایبەتییەکەی خوەیی هاوڕێ هەژێن و پەیجەکەی ‘ ئازادییخوازان’ یش بەسەرکاتەوە.  لە ڕاستیداس من ئێستا نازانم بۆچی هاوڕێ، کرێکارانی لابۆتە شؤڕشگێڕ!! ئەمە بۆ من ئەوەندە نوێیە، کە لە مانگێک کەمترە.

بۆ ئەوەی کە چوارچێوەی  سەرنجەکانی من ڕەخنەکانی ئەو  بگریتەوە ، ئەوە دەچمە باسەکەوە .  هەوڵ دەدەم تەنها لە هەر خاڵێکی ئەو من ئاماژە بە دێڕێك یا چەند دێڕێكی  بکەم ، تاکو زیاتر سەری خوێنەری پێوە نەیەشێنم و خۆشم لە درێژدادڕی و ڕێزنەگرتن لە وەخت ، بپارێزم .

هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” ھیچ دوو کەس و ئەندامانی ھیچ خێزانێك و ئەندامانی ھیچ گروپێك و کرێکارانی ھیچ کێڵگە و کارگە و …تد ناتوانن وەك یەك شتەکان ببینن و وەك یەک بیربکەنەوە و وەک یەک ھوشیار بن و وەك یەك ھەموو دیوەکانی پرسێك ببینن………. و ھەر کەس پاگەندەی ئەوە بکات چینی کرێکار ١٠٠% یان ھەموو کرێکاران شۆڕشگێڕن، ئەوا خەریکی پەرجووکردن و جادووکردنە لە کرێکاران. ”  باوەڕناکەم کە من شتێکی دیکەم وتیبێت . منیش وتومە چینی کرێکاران وەکو ‘ گشت’ شؤڕشگێڕ نین و هەرگیزیش نەبوون .  منیش بۆیە وتومە ئەوانەی کە شؤڕشگێڕبوون کرێکارە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکان بوون ، نەك هەر هەموویان .  دیارە من مەبەستم لە شۆڕشگێڕی، نێت و هەوڵ و خەباتی هەڵتەکاندنی  سیستەمەکەیە و بنیاتنانی  کۆمەڵی ناقوچکەیی و ناچینایەتییە . ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە منیش هەستم بەوەی هاوڕێ کردوەو کە هیچ وەخت کەسەکان لە بیرکردنەوە و قسەو کارکردنیانا وەکو یەك نین ؟ [ من دەتوانم ئەمە بە شێواندنی قسەکانم، ناو بەرم ]

هاوڕێ دەڵێت ” بەڵام ئەگەر بڕیابێت ڕادەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستن و چالاکی و بەشداریکردنی چین و توێژەکان لەنێو ڕاپەڕینەکان و پاشکاراییەکانی ڕاپەڕینەکان بەراوردبکەین، ئەوا کرێکاران لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە شۆڕشگێڕترن، شۆڕشگێڕترن نەک لەبەرئەوەی کە مارکس ئاوای دیاریکردووە یان ئێمە خۆمان بە کرێکار دەزانین، نەخێر، لەبەرئەوەی کە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی لە ھەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵی چینایەتی، بە قازانجی کرێکارانە، لەبەرئەوەی کە کرێکار بە گوێرەی ھەستیاری پێگەی لەنێو بەرھەمھێنان، ڕاگری چەرخی بەرھەمھێنان و سووڕانی کۆمەڵی چینایەتییە”

ڕاستە ناڕەزایکردن بە هەموو چەشنەکانییەوە یاخیبوونە لە زوڵم زۆر و چەوساندنەوە ،بەلام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کرێکاران کە بۆ پولێك زیاتر ناڕەزایی دەکەن، یا دەیانەوێت ئەوەی کە لە دەستیاندایە لە دەستیاندەرنەچێت ، شۆڕشگێڕێتی بێت ، بەو مانایەی  کە ئەمان دەیانەوێت کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵی سۆشیالیستی بەرن .  ئەمانەی کە ئەمان دەیکەن خەباتکردنە ، یاخوبوونە ، هاوکاتیش مەرج نییە هەموو یاخی بونێک شۆڕشگێڕی بێت، جەردە و مافیاکان یاخین و دژی دەوڵەت و یاساکەشین، بەڵام شۆڕشگێڕ نین [ تکایە با خوێنەر وا تێنەگات کە من کرێکاران لەگەڵ مافیادا هاوتادەکەم ] .  دوای ئەوە من نازانم هاوڕێ بۆچی ‘ کرێکاران’ لە باقییەکەی دیکەی جیادەکاتەوە کە دەڵێت ‘ لە گۆڕانی سیستەمی چینایەتییدا’  بۆ دەبێت کە زیاتر  بە قازنجی کرێکاران بێت تاکو  کابرایەکی بێ کار، قوتابی، پەكکەوتە ، خانەنشیکراو؟ [ کرێکار لای من ئەوەیە کە کار دەکات، چونکە ئەو کاتە هێزی بازوی دەفرۆشێت و  قازانج لەو ڕێگایەوە بۆ سەرمایەداریی دروستدەکات، بەڵام کە بێ کار دەکەوێت یا خانەنشین دەکرێت،  لێرە بە کرێکارێکی پەکککەوتە یا بێ کار ناوترێت کرێکار ، دەکرێت بڵێی کۆنە کرێکارەکە، من ئەمانە ناو دەنێم چەوساوەکانی، بێدەرەتانەکانی ، هەژارەکانی ناو کۆمەڵ کە هاوەڵ و هاودەرد و هاوئامانجی کرێکارانن ]

هاوڕێ دەڵێت” … پرسیارەکە ئاوا بووایە ‘ئایا ھەموو کرێکاران / ئایا ھەر کەس کرێکار بێت شۆڕشگێڕە؟’،..”  من ئەو تایتڵەی هاوڕێ بۆ سەروتارەکەم بە گونجاو نازانم ، چونکە وتارەکەی من زۆر شتی دیکەی گرتۆتە خۆی و ویستوشمە وەکو چین باس لە کرێکاران بکەم ، واتە وەکو گشت نەك وەکو ئەفرادەکانی ناو چینی کرێکاران، کە قسەکردن لەسەر تاك و بەشێکیان  گرفتێکی زۆر دروستدەکات. .

هەر لەو بڕگەیەدا هاوڕێ دەڵێ ” “. ئەگەر چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین، ئەدی چین؛ دژەشۆڕش، ھەلپەرست، ھاوبەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیان و …تد ؟ ”  باشە من لە کوێی وتارەکەمدا وتومە کرێکاران دژە شۆڕشن؟ ئەمە شێواندنی نوسینەکەی منە . ناکرێت هاوڕێ هەژێن ئەوە بە من ببڵێت چونکە ئەو من  دەناسی کە هەر ڕەش و سپی نابینم.   قسەی من لە سەر شۆڕشگێڕێتییە ، من کرێکاران بە دژە شۆڕش نازانم مەرج  نییە ئەوەی کە شۆڕشگێڕ نەبێت ئیتر دژە شۆڕش بێت ، توێژاڵێکی زۆر لەو نێوانەدا هەن کە نە شۆڕشگێڕن و نە دژ بە شۆڕشیش.  دیسانەوە دەبێت ئەوە بڵێمەوە کە پێناسەی شۆڕش بۆ من شۆڕشی کۆمەڵایەتییە کە  کۆمەڵی سۆشیالیستی بەرهەم دەهێنێت .

وەکو لە سەرەتاشدا وتم ، لەتەك هاوڕێ هەژێن-دا دێمەوە کە پێناسەکەی ‘کامبریج’ ناڕاستە .  بەڵام لەوەی کە کەسێك بە پارچە کاردەکات ، یا کاری دروستکردن و چاکردنی خانوو دەکات، یا تەنانەت هەر دیکۆرەیشن دەکات، من سەرنجی خۆمم هەیە .  لێرەدا ئەو کەسەی کە ئەو کارە دەکات مەرج نییە کە کرێکار بێت چونکە لەو کەسانە  زۆرن کە کەسانی دیکە دەگرن بە پارەیەکی کەم و دەیانچەوسێننەوە.  کە بەڕای من ئەوانە کرێکار نین ، خاوەن بزنسی بچوکن هەر وەکو چۆن کابرا دوکانێکی هەیە بەڵام یەکێك یا دووانی تر کاری بۆ دەکات ، گەرچی هاوکات خۆشی هەر کاردەکات بەڵام من ئەو بە کرێکار نازانم .  خاڵێکی دیکەش لێرەدا هەیە ئەویش بوونی پشکە ‘ سەهم’ لە دووکانێکد، لە شوێنێکی سەر کاردا وەکو  لە شۆپی جۆن لویس- بریتانی ( John Lewis   ) دا کە دەستمایەکەی  ملیار پاوەنە و هەزاران کرێکار و فەرمانبەرریی هەیە بەڵام ، کەسەکانی کە کاری تیادا دەکەن ‘ پشکیان’ هەیە سەرەڕای موچەکەشیان  ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ ناکەم  هیچ جۆرە بڕیارێکی گەورە یا بچوکیان لەدەستدا بێت .  ئەمە تۆزێك ئاڵۆزە ، بەڕاستی سەرمایەداریی لە هەموو ڕویەکەوە هەوڵ دەدات کە کەسەکان هەرچی بن گەندەڵیان بکات ، مێشکیان بشواتەوە.

سەرنجی من بۆ گۆڕینی چینی کرێکاران ، ئەوەی کە هاوڕێ باسی دەکات، تا ڕادەیەك  یەکە ، پێگەی  کرێکاران نەگۆڕاوە و نەبوونەتە بورجوازیی .  بەڵام هاوکات لە زۆر لایەنی دیکەوە کرێکاران گۆڕاون ، هەم ژیانیان ، چوونێتی کارکردنیان ، ئامرازەکانی کارکردنیان ، بەشبوونیان بە گوێرەی شارەزایی و تایبەتمەندیی کارەکانیان  ، ئەو نەقابانەی کە ئەندامن تیایاندا، شوێنی ژیانیان، هەژموونی میدیا لەسەریان، بایاخدان بە  بازاڕییکردنی  زۆر، هەروەها  بوون بە کۆیلەی بانق  و  …گەلێکی دیکە کە هەر هەموو ئەمانەش بمانەوێت و نەمانەوێت کارایی خۆیان لەسەر بیرکردنەوە و ئامادەبوونیان بۆ کردنی چالاکییەکی بچوك تا گەورە ، داناوە .  هەر کەس بخوازێت کە بزانێت چۆن ئەمانەی سەرەوە کرێکاریان، گۆڕیوە من دەتوانم دەیەها  نموونەی بخەمە  بەردەست.

هاوڕێ دەڵێت ” ئەگەر کەسێك ھەبێت و ئاوا بیربکاتەوە، کە زۆری ھەژمار شۆڕشگێڕی کەسەکان و چینەکان دیاریدەکات، بەبێ گومان گرفتی بیرکردنەوە و دیتن و خاڵیبوونی پاشخانی زانیاریی ھەیە”

بەدڵنیاییەوە نە من و نە  ئەنارکیستانی دیکەش ئاوا بیرناکەنەوە ، چونکە لە کایەی شؤڕشدا ژمارە بڕیار نادات بەڵام ڕەنگە سەرەنجام دیاریبکات، بۆ نموونە ئەگەر شۆڕش شۆڕشی بە تەنها کەمایەتییەکی کۆمەڵ بێت، بۆ نموونە با بڵێین تەنها کرێکارانی پیشەسازیی ، ئەوە نەك هەر شۆڕشەکە ناتەواوە بەڵکو بەری شۆڕشەکەش هەر بۆ کەمایەتییەکە دەمێنیتەوە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی و جددی ناکرێت.

لە لاپەڕەیەکی دیکەدا هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین؟ ئایا ھیچ چینێک تەنانەت بۆرجوازیش ھیچ کات یەکگرتوو بووە، تاکو کرێکاران یەکگرتوو بن؟ ئایا مامۆستایان، فەرمانبەران، جوتیاران، خانەنیشینان، خوێندکاران، دوکانداران، دەڵاڵان، سەربازان، سیخوڕان، …”

 باسەکەی من لەسەر کرێکارانە ، نەك بورجوازی ، هاوکاتیش ئەوە دەڵێم کە سەرکەوتن لە یەککەوتن و یەکگرتندایە .  دڵنیام لەوەی کە هاوڕێ هاوڕامە لەمەدا.  دوای ئەوەش ، بورجوزازی و کرێکار پەرستەکان و ناحەزانی ئەنارکیزم هەرچی دەڵێن، ئازادن ، بەڵام واقیع پێجەوانەی ئەوان قسەی کردوە لە ڕابوردووش و لە ئێستاشدا.

” من ھەرگیز لەتەك ئەوە یەکناگرمەوە، کە کرێکاران کەمینەیەکی ناکار بن، ھەر ئاوا لە چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی دیکە نایەکگرتووتر و بێدەنگتر و ملکەچتر نین.”   بەداخەوە ئەمە حەقیقەتەکەیە و واقیعیش تا ئێستا هەر ئەوەی پیشانداوەو بورجوازی لەمان یەکگرتووترن ، ئەی ئەگەر وانییە دەوڵەت بۆ لە خزمەتی کۆمپانیاکاندایە ، من بە دەیەها نموونەت بۆ دەهێنمەوە کە بورجوازی لە بریتانیادا زۆر یەکگرتووترن تاکو کرێکاران ، هەڵبەتە ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە و شێوەی تایبەتی  کارکردن لەسەر یەکگرتنی نێو خۆیان هەیە.

ئەوە دەسەلمێنم کە کرێکاران و ڕۆڵیان  لە ئەرجەنتینا زۆر زیاتر و بەبایەختر بوو تاکو یۆنان و  زۆرێك لە شوێنەکانی دیکە ، گەرچی لە ئەرجەننتیناش کرێکارە سۆشیالیستەکان و چەپەکانی  ناو حیزبەکان  و ئەنارکیستەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو .  هەرچی یۆنان بوو ڕۆڵی چەپ کاریگەر بوو ، ئەو بارودۆخەی لە یۆنانا خولقابو لە ڕوی خراپییەوە ، کەلە کاتێکدا بزوتنەوەی ئەنارکیستەکان و سۆشیالیستەکان زۆر بەهێز بوون، گەر لە هەر وڵاتێکی ڕۆژاوی دیکە بوایە جگە لە وڵاتانی پیشەسازییە گەشەکردووەکان ،  شؤڕش بەرپا دەبوو بەڵام چەندێك دەوامی دەکرد ئەوە دەکەوتە سەر هاریکاریی نێونەتەوەیی.  بەلام بەداخەوە کە لە یۆنانا گەورەترین تێشکانی بەدەستهێنا .

لە خاڵێکی دیکەدا هاوڕێ هەژێن دەڵێت ”   بۆ من وەک خوێنەر نازانم پەیوەندی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” وەك دروشمی چەپ و وردەبۆرجوازی چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟”

هاوڕێ گیان من وتارەکەم پەیووەستکردۆتەوە بە چەمکەکەی مارکسەوە بۆ شۆڕش کە لە کاتێکدا ئەو ‘ دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتایا’ بەو ئامرازە دەزانێت کە بەرەو کۆمەلی سۆشیالیستیمان دەبات، ئەو چینی کرێکاران تا ئەو ڕادەیە بە شۆڕشگێڕ دەزانێت کە ڕژێمیان پێدەگۆڕێت و دەوڵەتێکی پڕۆلیتاریان، پێ دادەمەزرێنێ .  بەڵام من وتومە ئەوە هەرگیز پلانی چینی کرێکاران نییە و ناشبێت.  دیارە ناڕوونی ئەو خاڵە لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە خۆێنەر تەواوی وتارەکەم بەیەکەوە گرێنەداتەوە و بە پارچە پارچەیی بیبینێت.

” ؟ چۆن بەبێ گوێدانە پاشخانی چینایەتی بەشداری تێکۆشان دەبین، ھاندەرەکان چین، بێجگە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر پێگە و پاشخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیمان؟”

پرسیارەکەی هاوڕێ هەژێن دروستە گەر هەر هەموو کەسێك بە کرێکار بزانین بەڵام لای من هێشتا خەڵکی لە کۆمەڵدا دەکرێن بە سێ چینەوە کرێکاران ، پڕۆلیتار ، چینی ناوەڕاست کە پڕۆفیشناڵەکانن ، چینی باڵادەست و دەستەبژێر .  دوای ئەوەش گەر شۆڕش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی بزانین کە هەرە زۆرینەی خەڵکی بەشداریدەکات و بە قازانجی هەموان دەگەڕێتەوە ، ئەوە تەنانەت کەسانێیك کە پێگەی چینی کرێکارانیشیان ، نییە بەشدارن لە هەنگاوە شۆڕشگێڕییەکانا.

هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” بەبۆچوونی من، ھەم گوتەکە [ مەبەستی گوتەکەی مارکسە- زاهیر]  ڕاستە و ھەم ئەنجامگیرییەکەشی. چونکە کرێکاران وەك خوارترین چینی کۆمەڵ و سەختی ڕۆڵ و گرنگی ڕۆڵی چینایەتییان دەبنە شۆڕشگێڕ و زیاتر لە ھەموو چین و توێژێکی دیکە خوازیاری گۆڕانی ئاوا سیستەمێك دەبن”

لیکدانەوەی من بۆ چەمەکەی مارکس ئاوایە کە نوسیومە ، ئەو سەرنجامگیرییەشم لە واقیعدا کردوە ، کە کرێکاران لە هەوڵی باشکرنی ژیانی خۆیانان، نەك گۆڕینی سیستەمەکە بەو سیستەمەی کە من و تۆ دەمانەوێت.  دوای ئەوە وەکو  باسم کردوە کرێکاران زۆر باشتر دەژین لە بێکاران ، لە خانەنشینکراوان لە قوتابییان [ دیارە ئەمانە من هیچیان بە کرێکار دانانێم بەلام بە پرۆلیتاریا، کە چەوساوە و بێدەرەتان  و هەژارن ] ئا لەم بارەدا باری ژیانی کرێکاران لەمانەی کە من ناونوسم کردووە خراپتر نییە ،  هەر لەبەر ئەمەشە کە من کرێکاران لە قوتابیان و ئەوانی دیکە بە شۆڕشگێڕتر نازانم، هەر بۆیەش من چەمکەکەی مارکس لەگەڵ خۆیدا بە ناکۆك دەبینم  .  سەرەڕای ئەمانەش تۆ ئەوەت لەبرکردووە کە تەنها بارودۆخی خراپی ژیان نابێتە خولقاندنی نە شۆڕش و نە شۆڕشگێڕێتیش گەر هۆشمەندی لەگەڵدا نەبێت.  گەر وابوایە لە گەلێك وڵاتدا دەمێك بوو شۆڕش کرابوو.

” من ئاوا لە دێری یەکەمی ئەو پەڕەگرافە تێدەگەم، کە ‘ تێکۆشانی ئابووریی ھیچ نییە و نیگەتیڤە’، ‘کۆششی ڕامیاریی و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیڤە’. دیسان ‘تێکۆشانی سەندیکا نیگەتیڤە’ و ‘ئەگەر لە شانی پارتییە ڕامیارییەکان بووایێن، شۆڕشگێڕ دەبوون’ . ‘ کرێکاران بە قسەی مارکس دەکەن، لەبەرئەوە خەریکی سەندیکان'”

هاوڕێ هەژێنن  غەدرێکی یەکجار زۆرم لێدەکات چونکە   ئەمە شێواندنی مەبەستەکە و نوسینەکەی منە ، من لە کوێدا وتومە کە ئەوانە هیچ نین؟ ، ئەی باشە گەر هیچ نین لای من، بۆچی  من  هاریکاریی و هاوکاری ئەو لایەنانە دەکەم کە بۆ پولێك زیاتر ناڕەزایی دەکەن ؟ یاخود هی ئەوانە دەکەم کە غەدریان لێدەکرێت؟  من لەکوێدا وتومە کە دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیفە ؟  گەر خوێنەر بییەوێت مەبەستەکەم پێچەوانە بکاتەوە ئەوە زۆر لەوە زیاتریش دەتوانێت بکات کە تۆ دەیڵێیت .  هەموو کەس دەتوانێت شتێك لە وتاری کەسێکی دیکەدا دەربێنی و بە ئارەزوی خۆی بە لاڕێدا بیبات و بە خواستی  خۆی قسەی لەسەر بکات .  من هەر ئەوەی پێشتر دەڵێمەوە کە  وەڵامەکان لای من ڕەش و سپی نین ، تاکو ئەوەی کە کرێکاران دەیکات بخرێنە خانەی نێگەتیڤییەوە ، بەڵام زۆربەیان ئامانجیان لابردنی سیستەمەکە نییە کە من وتۆ دەمانەوێت.

دیارە لە هەندێك  حاڵەتیشدا موچە و باری دارایی ناکرێتە پێوانەی شۆڕشگێڕێتی و ناشؤڕشگێڕێتی. ئا لێرەدا هەموومان نمونەی یەکجار زۆرمان لەبەردەستدایە هاوکاتیش ئەگەر دەنگدان بۆ پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان کە تا ڕادەیەک کرێکاران و نقابەکان بە خۆیان و نوێنەری  خۆیانیان،  دەزانن ، هەنگاوێکی پێشکەوتوانەو شۆڕشگێرانە بێت ، بەڵام کە نایەنە سەر حوکم لەبەئەوەیە دەنگی تەواوی کرێکاران و پڕۆلیاتاریای وڵات ناهێنن، ئیدی بە هەر هۆکارێك بێت، بەڵام دڵنیام هۆکارەکەی ئەوە نییە کە کرێکاران، سیستەمی کرێگرتەیی ڕەتدەکەنەوە ، بەڵام دەبینن کە ئەم حیزبانە پێچەوانەکەی دەکەن.

هاوڕی هەژێن پرسیار دەکات و دەڵێت ” ئایا دادپەروانەیە کرێکارێکی کورەخانە یان پۆڵاسازی و بارکردن ڕۆژانە ھەشت سات کار و چەند سات ھاتووچۆی کار و سووکایەتی خاوەنکار و سەرکاریگەر…تد ھێندەی بیمەی بێکاری یان بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانی و خانەنشینییەکەی من وەربگرێت، کە بەیانی تاکو ئێوارە لەنێو فەیسبووک خەریکی وڕێنەکردنم؟”

ئێ باشە من لە کوێدا وتومە ئەوە دادپەروەریانەیە؟ نیشانەی پرسیارکردنەکەی ئەو وا دەگەیەنێت کە من ئاوام وتبێت.  قسەی منیش هەر ئەوەیە ئەوەی گەر پێگەی ئابوریی باشتر بێت ، گۆڕینی ئەو بارودۆخە بۆ ئەو کەمتر واقیعیانە ترە تاکو بێ کارێك ، قوتابییەك، پەککەوتەیەك یا خود خۆت وتەنی کەسێکی سەر فەیسبوکی وەکو تۆ  ….

هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” بە بۆچوونی من، ئەگەر لێنینیستێك یان ئەندامی پارتییەکی چەپ بیگوتایە ” گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.” ھیچ شاییشتەی لۆمە نەدەبوو، بەڵام بۆ کەسێك کە ھەردەم خەریکبێت خۆی لەو ئاراستەیە جیاواز نیشانبدات، ئیدی ناکرێت کەمگرتنی تێکۆشانی ئابووریی و بەرزنرخاندنی “تێکۆسانی ڕامیاریی”

ئەمەی کە هاوڕێ هەژێن دەیڵێت هەڵگێڕانەوەی قسەکانی منە ، من گەر ئەو نەناسم دەکەومە گومانەوە لە هۆکارەکەی. هەر لەبەر ئەوە دەڵیم کە بە دیقەت وتارەکەمی نەخوێندۆتەوە یا هەر دەوەن بەئشکردنە.                                                  من ڕام وایە کە هەمو ناڕەزاییەكی ئابوریانە ، لەسەر کێشەی خانوبەر ، کێشەکانی قوتابییان ، هاریکاری پەنابەران و کۆچبەران و هەموو جۆرە کەمپەینێکی دیکە لە پێناوی باشکرنی ژیانی گروپێکدا ، گەر ‘ بە سیاسی نەکرێت’ دەچێتە خانەی کاری کۆمەڵە خێرخوازییەکانەوە ، چونکە تۆ پەیامێکت نابێت جگە لە چاککردنی حاڵی ئەوان نەبێت بێ ئەوەی پەیامی ئەوە بدەیت کە دەبێت ئەو کێشەیە ببەسترێتەوە بە سیستەمەکەوە ، ڕەگو ڕیشەکەی بگریت . گەر وا کێشەکە نەبینیت و مامەڵەی لەگەڵدا نەکەیت  بەڕای من ئەوە لە قازانجی سیستەمەکە دەگەڕیتەوە .  من لە وتارێکمدا کە بە ئینگلیزی نوسیم ، پەنجەم بۆ ئەمە ڕاکێشا ، گەلێك کۆمێنتی باشم بۆ هات و گەلێکیش لێدوانم بە ئیمەیل لەتەك هاوڕێیانی ئینگلیزی زماندا کرد .  داخوازی ئابوریانە گەر نەکرێتە داخوازی سیاسیانە ، ئەوە لە سنورێکی تایبەت تێپەڕناکات و ئەو پرسە  هەر لەوێدا لەبار دەچیت چونکە کرێکاران یا هەر کەرتێکی دیکە لە هەوڵی خۆڕێکخستنا نابن ، تاکو بەرگریی باشتر بکەن لە هێڕشی ئایندە. [ بە سیاسیکردنی کێشەیەك یا بەستنەوەی بە سیاسەتەوە مانای داخوازیکردنی دەسەڵات نییە.]

” توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی نێو کرێکاران کێ بوون، مەگەر کرێکار نەبوون؟”  ئەوانە کرێکارە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانن .  ئایا خوێنەرێك هەیە کە بگاتە ئەو قەناعەتەی کە  من باس لە بورجوازی بکەم.  سەرنجی هاوڕێیانە ئەوە بوو گەر ناڕۆشنییەك لەو بڕگەیەدا هەبوایە، دەبوایە ئەو کە من دەناسێت و دەزانێت ڕام چۆنە ، لە ڕەخنەکەیدا بینوسیایە ” گەر چی من دەزانم کە ڕای زاهیر ئاوا نییە بەڵام بۆ خوێنەر ناڕۆشنە”  .  لەمە ڕۆشنتر چییە کە من نوسیومە ” توخمە … نێو کرێکارەکان ”  باشە ئەمە ئەوە ناگرێتەوە کە ئەو توخمانە خۆیان کرێکارن ، نە شتێکی دیکەن .  وەکو پێشتریش وتم  هەر  کەس ئەو پرسیارەی بکردایە دەبوایە هاوڕێ  نەیکردایە چونکە ئەو ڕای من دەزانێت هەم کوردییەکەشی زۆر لەوەی من باشترە.

” بەدوا داچوونی شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزووتنەوەی کرێکارییە نەك کەلەسەری ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجواز… ئەگەر ئێستاش سەڕەرای ھەموو شکستەکان و نائومیدییەکان، لە دەرەوەی…”

بۆچوونی من  لەسەر ئەوەی سەرەوەی هاوڕێ  جیاوازە من دەقاو دەق ئەوە بە ڕای مارکسیانە دەزانم [ من دڵنیام کە هاوڕێ هەژێن مارکسیانە ناڕوانێت ، بۆیە ئەو بڕگەیەی ڕونکردنەوەی دەوێت] .  من وای دەبینم کە شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزوتنەوەی بەشەرییەتە لەو کاتەوەی کە کۆمەڵی هیراشی و دواتریش کە گەشەی کرد بۆ کۆمەڵی چینایەتی، نەك کرێکاران.

 کێشەی من لەگەڵ مارکس و مارکسییەکانا ئەوەیە کە ئەوان شۆڕشی سۆشیالیستی بە کرێکارانەوە و بە تایبەتیش کرێکارانی پیشەسازییەوە دەبەستنەوە چونکە ئەوە تیورە ئابورییەکەی مارکسە و هەموو ژیانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کرد تاکو بیسەلمێنێ  :  شۆڕشی سۆشیالیستی هەر دەبێت لە سەر دەستی کرێکارانا بێت، بۆ ئەمەش دەبێت وڵات پیشەسازیی بکرێت، پڕۆلیتاریا زیاتر بێت ، تەکەنەلۆجیا پێشتربکەوێت ، دونیا بە عەولەمە بکرێت و لەم شتانە.   من لەم بارەیەوە لە کۆتایی وتارەکەم و لە وتارەکانی تریشما چ بە کوردی و چ بە ئینگلیزی زۆرم لەم بارەوە نوسیوە ، گەر کەسانێ دەیانەوێت بزانن بۆ من لەگەڵ ئەو برگەیەدا نیم بابێن تەنها دوا دوو بڕگەی کۆتایی    وتارەکەم ” ئایا چینی کرێکاران شؤڕشگێڕن؟” بخوێننەوە ، ئەو کات هۆکارەکانی من دەزانن .  لیرەدا تەنها ئەوە دەڵێم ئەوەی مارکس  بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی سۆشیالیستی وەهمە، بەڵام  وەهمەکەی مارکس لە لایەن سەرمایەدارییەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە هاوکاری بەلشەفی و پارتە کۆمۆنیستیەکانی تری دونیا   کرا بە واقیع .

هاوڕێ هەژێن دەڵێت ” لێرەدا ھەم ھەست بە ستەمکردن لە کاڕڵ مارکس بەوەی ھەموو خەتاکان بخرێنە سەرشانی ئەو و ھەم ستەمکردن لە خودی کرێکارانی کۆمونیست دەبینم. تاکو..”

ئەوەی کە من نوسیومە ستەمکردن لە مارکس، نییە ، من هەموو نەهامەتی چەرخی ڕابوردومان سەبارەت بە بزوتنەوەی کرێکاران و سۆشیالیستی دەگەڕینمەوە بۆ لینین و حیزبی  بەلشەفی وە لینین، هاوکاتیش  تیورەکانی لینین لە هەموو بوارەکانیا  بە کارل مارکسەوە گرێدەدەمەوە .  لینین شتێکیی نەکردوە بەدەر بێت لە روانگەی مارکس .  من هەوڵدەدەم کاتێک کە قسە لەسەر پرسەکان بکەم بیانگێڕمەوە بۆ ڕەگوڕیشەیان . کەواتە لای من ئەسڵی سەرچاوەکە مارکسە ، دوای ئەوەش ئەوەندەی مارکس ناسراوە و فکر و تیورەکانی ئەو کارایی خۆی داناوە و دایدەنێت لەسەر سۆشیالیست و چەپ و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان ، ئەوەندە بیردۆزەکانی  دیکە کە هاوڕێ هەژێن ناونوسی  کردون دایان نەناوە .  بۆ کەسێکی وەکو هاوڕێ هەژێن کە نزیکە لە منەوە پێشموایە سەرجەمی پۆست و وتارەکانم ڕەنگە بخوێنیتەوە ، دەبوایە لە مەبەستی من باشتر بگەیشتایە و لەو پرسیار و برگەیە،  خۆی بپارستایە.

کاتێکیش کە قسە لەسەر هەر یەک لەو بیردۆزانە دەکەین ، مەسەلە سەرکۆنەکردن و تەشقەلەکردن نییە پێیان ،بەڵکو پشکنینی واقیعە کە ئایا  ئەو شتانە بە عەمەلی ڕوویداوە  یا هەر لە منداڵانی خۆیاندا لەبارچوون ، بەڕای من تیورەکەی مارکس کاتی خۆشی تیورێکی نەزۆك بوە ،دەنا بە درێژایی 160ساڵ بەرێکی دەدا.

” گۆڕانکارییەکان چی بوون، خۆیی و پووکانەوە و ملکەچبوون و سوپاسگوزاری کۆیلەوارانە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، یان گۆڕانکارییەکان بابەتی بوون و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بە ھەموو شێوەیەك تیرۆرکراوە؟ ھەموومان گۆڕانکارییە بابەتییەکان دەبینین، بەڵام ھەموومان ھۆکارەکان نابینین و ناکرێت بەبێ خوێندنەوە و دەستنیشانکردنی (خۆییبوون یان بابەتیبوون)ی ھۆکارەکان”

من لێرەدا هاوڕێ هەژێن بە ناکۆك دەزانم لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر لەهەمان  ڕەخنەدا وتی، هەروەها لە زۆرێک لە پۆسەتەکانیشیا، کە لەو بوارەدا دەدوێن .   لێرەدا باس لە تییرۆرکردنی بزوتنەوەکە دەکات.  باشە ئەگەر  تیرۆرکرابن لە لایەن کێوە و بە بەکارهێنانی چەکی کێ تیرۆر  کراوەن؟  لای من ئەوە ڕاستییە کە  ئەوەندەی لە لایەن چەپەکان و کۆمۆنیستەکانەوە تیرۆرکراون ئەوەندە لەلایەن  سسەرمایەداریەوە، نەکراون . لە لایەکی دیکەشەوە هاوڕێ هەژێن لە هەندێك لە پۆستەکانی سەر فەیسبوکیدا ئەو، خەڵک ، خۆمان ، لۆمە دەکات کە بوینەتە هەموو شتێك ، تەنانەت بە سیخوڕیش بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە.

” بەڵام شکانەوەی جەنگ و کوژرانی خەڵك بە قازانجی کرێکاران، ناتوانم بڕوابکەم، چونکە ئەوانەش دەکوژرێن یان خودی کرێکارانن، یان منداڵانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوانن. خۆ بڕواناکەم قوربانیانی جەنگ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و منداڵانی ئەوان بن، تاکو کرێکاران پڕشکی ئاگری جەنگیان بەرنەکەوێت و بە ق….”

لێرەدا واهەست دەکەم کە بۆ چەندینجارە ڕاو وتارەکەی من شێوێنراوە .  چونکە من نەم وتووە کە ئەو جەنگانە لە قازانجی کرێکارانە ، بەڵکو پێچەوانەکەیم وتووە، دوای ئەوەش من نەم وتوە کە کرێکاران بە ئەنقەست دەچنە جەنگەەوە دژ بە کرێکارانی وڵاتەکانی دیکە.  من وتومە کە پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی  کریکاران سیسیتەمەکە بەهێزتر دەکات ، ئەوە کرێکارانن کە قازانج و سەرمایە زیاتر دەکەن ، چەك و تەقەمەنی دروست دەکەن .  کەواتە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ  کرێکاران پارێزگاریی سیستەمەکە دەکەن .  8 تاکە ساڵ جەنگی نێوانی عیراق و ئێران بەردەوام بوو لەم وڵاتەی بر یتانیادا ڕۆژێك نقابە مانی نەگرت دژی ، ئەوەندەی من بزانم لە هیچ وڵاتێکی ئەوروپای خۆرئاوادا ئەوە ڕوی نەدا. ئەوەیە کەمن دەڵێم کرێکاران لەم وڵاتانەدا ژیانی خۆیان لەسەر ژیانی کرێکاران و چەوساوانی دیکەی دوونیا بنیاتنراوە و دەنرێت.   من و هاوڕێ هەژێن  پێشتر قسەمان لەسەر ئەمانە بە درێژی کردووە و هەردووکیشمان هاواڕا بوین .

” زۆر بەداخەوە، چ ھوشیارانە و چ ناھوشیارانە، چ خوازراوانە و چ ناخوازراوانە، ھاوڕێ زاھیر لەنێو ئەو چەند دێڕە خەریکە جەنگ وەك زادەی سرووشتی سیستەم و سەروەریی چینایەتی و وەك پێداویستی لە سووڕھێشتنەوەی بازار و وەك ئامرازی کوشتنی بەرەنگاری و تێکۆشانی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی، دەیگۆڕێت بۆ خواست و قازانجی کرێکاران؟”

لێرەدا مەبەستەکەی من لەو پەڕەگرافە بەو لایەنەدا براوە کە تاکو خوێنەر خوێندنەوەی هەڵە بۆ نوسینەکەی من بکات، یا بەو بارەدا دەخرێتە دەمی خوێنەر  .  من ئەوەم وتووە ، کە ئەوەی  ئەم سیستەمەی راگرتووە و بەهێزی کردووە و بوەتە هۆی جەنگ و ئەم کارەساتانەی کە دەیبینین خولقاون ئێمەین ، خۆمانین ، ئێمە بەشە سەرەکییەکەین لە سیستەمەکە کە سەرمایەدارییە چ  لە ڕوی چەندایەتییەوە و چ لەڕوی چونایەتییەوە ، ئێمە بناخەی سەرەکی دروستکەری ئەم کۆمەڵ و سیستەمین، بورجوازی، سەرمایەداریی بە بێ ئێمە نەیان دەتوانی و ناتوانن جەنگ، ڕەوکردن ، ماڵکاولکردن ، وێرانی دروستکردنی سەرمایە و ..هتد دروست بکەن .  هەڵبەت هاوڕێ ڕاست دەکات کە خودیی سیستەمەکە و سەروەری چینایەتییە [ بەڵام سەروەری چینایەتی بەوانەی سەروە دروست دەکرێت] ، کە دونیای بەم حاڵە گەیاندوە ، باوەڕ ناکەم کە من ڕایەکی جیاوازام لەو هەبێت ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەوە کێیە کە ئەو سیستەمەی بەهێزکردووە ؟ ئەوە کێیە کە ئەو قودرەت و توانایەی داوەتە دەست سەرمایەداریی ، بورجوازیی، تاکو ئەو  جەنگ و نەهامەتیانە ڕووبدەن ؟ وەڵامەکەی:  ئێمەین ، بێ دەربەستییە لە ڕێکنەخستنی خۆمانا ، نەبوونی یەکێتیمان ، غائیببوونی ڕۆحی شؤڕشگێڕانە ، ئیدی بە هەر هۆکارێك بێت.  من ویستومە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە نەك ئەوەی کە هاوڕێ هەژێن [ ناتوانم بڵێم هەڵیگێڕاوەتەوە] بەڵام دیقەوتی لەسەر نەداوە.

هاوڕێ هەژێن پرسیارێکی زۆر جوان دەکات ، من ئەوەم قەبوڵە لە دەمی خوێنەرێکەوە بەڵام نەك خۆیەوە چونکە ئەو من دەناسێت و دەبێت وەکو خوێنەرێکی وردا لە مەبەستی من گەیشتبێت لە نوسینی ئەوەدا .  دەڵێت ” بۆ من وەك خوێنەرێك، ئەو پرسیارە دێتە پێش، پەیوەندی ئەوەی ئەنارکیزم چییە و چی نییە، بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” چییە؟ ئەوەی ئەنارکیزم ھزرە ….”

بۆ ئەمە من دەڵێم بەڵێ هەندێك لە ئەنارکیستەکان پێ لەسەر شۆڕشگێڕێتی کرێکاران دادەگرن و بە چەدمکی کرێکارانی وڵاتانی پیشەسازیی گەشەکردوو، دەبینرێت،  کە ئەم جۆرە تێڕوانیینە کورت دەهێنێت چونکە ئەی چی دەڵێن سەبارەت بەو وڵاتانەی  وەکو لای خۆمان و ئەفەریقا و ئەمریکای لاتین و .. هتد ، کە کرێکارن بە تێگەیشتنی ئەوان هێشتا هەر کەمایەتییەکی زۆر کەمە ، کە لەو بارەدا ئەوە دەداتە دەست من،  کە شۆڕش هەر شۆڕشی کرێکارانە نەك هی سەراپای کۆمەڵ و کۆمۆنێتییەکەن.  بەڕای من ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی نێوانی ئەنارکیستەکان و مارکسییەکانە بە خودیی مارکسیشەوە و خاڵی  لێکترازانیانە .  حەز دەکەم خوێنەر ئەوە بزانێت من نامەوێت ڕەخنە لە حیزبی کۆمۆنیستی کارگەریی بگرم گەر پەنجە بۆ بنج و بناخەی یا سەرچاوە تیورییەکەی  کە لینینە ، ڕانەکێشم ، من ناتوانم ڕەخنە لە لینین بگرم ، گەر بەڕاستی پەیوەستی نەکەمەوە بە مارکسەوە .  لە کاتێكدا کە مارکس و ڕۆحی مارکس و تیورەکەی تا ئێستاش زاڵە و لە خزمەتی سەرمایەدارییدایە هەر ئاواش  دەمێنێتەوە.  لای من بەشێك لە خەباتی ئەمڕۆ دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی چەمکە ئابوریی و سیاسییەکانی مارکسەوە دەستپێبکات ، گەرچی ڕەنگە کەسانێکی زۆری ئەنارکیست لەمەدا  لەگەڵما  نەیەنەوە [ ئەمە بۆ ئێمەی کورد زەروورییە چونکە هەموان دەبینین تازە کتێبی سەرمایەی مارکس دەکرێت بە کوردی و وانەی لەسەر دەوترێتەوە یاخود کتێبەکانی لینین و ترتسکی دەکرێنە کوردی و خەڵکیان پێ دەبەنگدەکرێت]  .  بەڵام ئەوە ئاشکرایە چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و کۆمۆنیست و سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان  تا ئێستا هەژمون و کارایی خۆیان هەیە و لە هەموو هەنگاو و کارو پلانێکیانا پەنا بۆچەمکەکانی مارکس و لینین دەبەن.  هاوڕێ هەژێن خۆی باش دەزانێت گەلێك لە مارکسییەکان ناتوانن یەك لاپەڕە بنوسن گەر پەنا بۆ قسەیەك ، بڕگەیەکی مارکس ، ئینجلس ، لینین، ترۆتسکی نەبەن .  بۆیە دەڵێم لە پاڵ کارەکانی دیکەمدا ئەوەش بەشێك دەبێت لە کارم، من ئازادم لێرەدا چۆن بیر لە مارکسی و ماکسییە-لینینییەکان دەکەمەوە ئەوەندەی پرسەکەم نەبەم بەڕێی درۆکردن و بوختانکردن و شکاندنی کەسایەتییەکانیان،  هەر ئاواش هەموو هاوڕێیانی دیکەش بەهەمان شێوە ئازادن .  ئەوەشی کە بە من دەڵێت ڕوانگەی من بۆ چینی کرێکارن و کۆمەڵی ئایندەی سۆشیالیستی ، ڕاست نییە،  فەرموو با لە شوێنیکدا [ مەبەستم هاوڕێ هەژێن نییە بەڵکو  ئەو خۆێنەرانەیە کە ئەو  ناوی  هێناون ]  ڕۆشناییان بخەینە سەر.  بەڵام گەر ئەو هاوڕێیانە ئامادە نەبن ئەمە بکەن بە هەر هۆکارێك ، کەچی خۆم و ئەنارکیزمیش تاوانبار بکەن لەژێر لێوەوە ، ئەوەیان دەسەڵاتی من نییە.

جەمکی پڕۆلیاتاریا بەو شێوەیەی کە هاوڕێ بەکاری هێناوە و لە تەك ئەوەشی کە دەمێنێتەوە جگە لە باڵادەستان و دەستەبژێر ، من ناکۆکیم لە گەڵیدا نییەو هەر ئەوانەن کە شۆڕش دەکەن .  دەبێت ئەوەش بڵێم گەر شۆڕش بە تەنها هەر هی کرێکارانێک بێت کە لەسەر کارن ، بە واتایەکی دیکە گەر ئەو کرێکارانە خۆیان بە تەواوی خەڵکانی دیکە لەناو کۆمۆنێتییەکە، کۆمەڵەکە ، دەڤەرەکە ، بەندنەکەنەوە و تەنها خۆیان دەستبگرن بەسەر کارگە و کارخانەکان  و مەزرەعەکانا و شورای کرێکاران یا کۆمیتەی کرێکاران دروستبکەن ، ئیتر ئەو کاتە خۆیان بەرهەمهێنەر و دابەشکەر و بڕیادەر دەبن ، بەدەر لە سەرجەمی خەڵکانی دیکە ، سەرەنجامەکەی دروستکردنی دەسەڵاتە ، نە شتێکی تر .

” … چونکە تەنیا لەنێو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە، “جیھانی سێیەم” شۆڕشگێڕ نییە و پڕۆلیتاریای تێدا نییە. ئەوەی داڕێژەرانی ئەو تیئۆرییە چی دەڵێن، چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و کرێکاران و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” ھەیە؟ کێ گوتوویەتی کاتی شۆڕش نەھاتووە؟”

ئەوەی کە لەو دوو کەوانەدا هاتوە،  ڕای من نییە ، ئەوە ئەو تیورەیە  کە بوو بە چەمكێك، ئەسڵەکەی بۆ مارکس دەگەڕیتەوە نەك بۆ سیتالین و لینین.  هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە کە مارکس بە دەق ئاوای وتووە ، بەڵکو لە لێکدانەوەی چەمەکەکانی ئەوەوە مارکسییەکان گەیشتنە قەناعەتی هەبوونی ئەو 3 جیهانە.  ئەمەش لە دابەشکردنی قۆناخی هاتنی کۆمەڵەوە بە 5 کۆمەڵ، دیارە ئەوە ڕاستە لە هەر یەکێکیانا چەوساندنەوە بووە واتە چەوسێنەر و چەوساوە هەبووە ، هیراشییەت بەردەوام بووە بەڵام ئەمانە لە هەر قۆناخێکیانا شیوازێکی جیاوازی بەخۆوە گرتووە .  ئا لەم بارەدا  مارکس و مارکسییەکان کۆمەڵی سۆشیالیستی ڕەتدەکەنەوە ئەگەر کۆمەڵەکە بە قۆناخی سەرمایەداریی پێشکەوتوودا، تێنەپەڕێت.  ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانییش و مارکسیش هیچ بایاخێکیان بۆ کێشەی هیراشییەت نەبووە .    داوای لێبوردن دەکەم کە دیسانەوە دەبێت سەری خوێنەری پێوە بییەشێنم چونکە  هەم لەم سەرنجانەدا باسم کردووە هەم لە وتارەکانی دیکەشمدا بە درێژی لەوە دواوم .  مارکس و مارکسییەکان چینی کرێکاران بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن ، بۆ ئەمەش باوەڕیان بە چەندایەتی کرێکارانە، بە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و سەرمایەداریی گەشەکردوو هەبووە، ئەویش بۆ دوو هۆ: یەکەم : تاکو چڕبوونەوەی (ئیستیقتابی)  چینایەتی دروست بێت.  دوو: مارکس باوەڕی وابووە کەمی بەرهەم و خواردن کێشەی گەورەی کۆمەڵ بووە ، بێ گومان لای ئەو گەشەکردنی سەرمایەداریی هەردوو کێشەکە مەیسەر دەکات .  لەبە ئەوەش سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمیان کردوە بە دوو بەشەوە .  ئەو تێڕوانینەی مارکس و مارکسییەکان هەم چەمکی  3 جیهانی داهێنا و هەم کۆمەڵی سۆشیالیستیشی پلە بەند کرد و بەستییەوە بە کۆمەڵانێك کە  سەرمایەداریی تیایدا گەشەیسەندووە .  کە بەڕای من کۆمەڵی سۆشیالیستی سەرنجامی هەبوونی زەمینەی بونی چەوساندنەوە و هەبوونی پلەبەندی هیراشیانەیە ، هەر لەبەر ئەمەش هەر لە سەرەتای دروستبوونی کۆمەڵی چینایەتییەوە ، خەبات بۆ کۆمەڵی سۆشیالیستی بووەتە پێویستی و  ئامانج.

کێشەی ئیکۆلۆجی هەرگیز نەبووەتە کێشەیەکی بناخەیی لای مارکس ئەوەندەی لای پرۆکتکین و بوکچین بووە ، بگرە بە پێچەوانەوە مارکس باوەڕی وابووە کە دوو ململانێ هەیە.  یەکەمیان ململانێی نێوانی چنیەکان و دووەم ململانێی نێوانی بەشەرییەت و سروشت ، ئەو بۆ ئەمە ڕای وابووە بۆ ئەوەی بەشەرییەت خۆی ڕزگار بکات دەبێتب پاوانەی سروشت بکات .  کێشەی ژینگە و ئیکۆلۆجی بەداخەوەم کە بڵێم ، زۆرینەی کورد بە چەپ و کۆمۆنیست و ڕاستییەوە ، تەقەی سەریان دێت و نەبوەتە بەرنامەیەکی سەرەکی لایان ، کە لای من کێشەی ئیکۆلۆجی بەشێکی گەوەرەی شۆڕشە.

سەرنجی من بۆ پەڕەگرافەکەی دوای ئەوەی سەرەوە.  من هەرگیز نەم وتوە کە کرێکاران دژە شۆڕشن ، من باس لە ئێستاو ڕابوردوو دەکەم کە ڕاستییەک هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە کرێکارن خۆیان گونجاندووە لەگەڵ سیستەمەکەدا ، هاوکاتیش دڵنیام کە لە ئایندەدا زۆربەیان ئاوا بێ دەربەستانە نامێننەوە.

” بەڵام (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یان (کۆمەڵایەتییبوونی شۆڕش) بە واتای ھەموو خەڵك نییە، بەڵکو بە واتای بزووتن و گۆڕانە لە دەرەوەی نەخشە و قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتییەکان و ڕامیاران، خۆبەخۆیی خەڵك،..”

لەگەڵ ئەو بڕگەیەی سەرەوەدا من گرفتێكم نییە بەڵام لە پرۆسەی شۆڕشدا لە بەرهەمی شۆڕشدا گەر هەموو شتێک بە کۆمەڵایەتی نەکرێت ، ئەوە توێژاڵێك دەبێتە هەموو شتێك .  من پێشتر ئەمەم ڕونکردۆتەوە لەبەر ئەوە خۆم دووبارە ناکەمەوە .

لە کۆتایدا دەڵێم من زۆر سوپاسی هاوڕێ هەژێن دەکەم بۆ ڕەخنەکەی ، گەرچی من نازانم هەموو خوێنەرێکی بابەتەکەم هەر وەکو ئەوی دەخوێنێتەوە ، یا نا، بەڵام ، هاوڕێ هەژێن ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندم تاکو من خۆم باشتر ڕۆشنبکەمەوە، نەکا خوێنەرانی دیکەش هەمان ئەنجامگیریی لە وتارەکەم بکەن .

*خوێنەری بەڕیز گەر خوازیاری  خوێندنەوەی  وتارەکەی من و ڕەخنەکەی هاوڕێ هەژێن-یت، تکایە سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە :

Anarkistan.com