نێستۆر ماخۆ گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست*

وەرگێرانی : ھەژێن

گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست، که‌سێک که‌ ناوی بوو به‌ هاوپێچی ناوی کۆمونه‌ کرێکاریی و جوتیارییه‌کانی ئۆکرانیا *

نێستۆر ماخۆ Nestor Makhno که‌سێک بوو، که‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌ربازیی له‌شکری بزاڤی ئه‌نارکیستی ناسراو به‌ بزاڤی ماخنۆڤیستی Makhnovist movement – Makhnovshchina دەکرد.

ئەو بزاڤه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شۆڕشی (ڕوسیه‌)ی ١٩١٧ بوو له‌ ئۆکرانیا، له‌وێنده‌رێ شۆڕش شێوه‌یه‌کی ئازادیخوازانه‌ی له‌خۆگرت و کرێکاران و جوتیاران دژی له‌شکره‌کانی تزاری و دژه‌-شۆڕش و بۆلشه‌ڤیکه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان جه‌نگین.

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno  ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٨٨٩ لە ئۆکرانیا لەدایکبووە، ٢٥ی جولای ١٩٣٤ لە فه‌ره‌نسه‌ مرد.

بزاڤی ماخنۆڤیست به‌ناوی (ماخنۆ) ئه‌نارکیستی ئۆکرانیایی ناونراوە، ئه‌وێک که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی لەنێو‌ ئەو بزاڤه‌که‌ گێڕا. له‌ ڕاستیدا ماخنۆڤیستا Makhnovshchina پیت به ‌پیت ده‌کاته‌ بزاڤی ماخنۆ و بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئەو لەتەک‌ شۆڕشی‌ هەرێمی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا‌ گرێیخواردووه‌. ئەی ماخنۆ کێ بوو؟

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ‌ ٢٧ی ئۆکتۆبه‌ری ١٨٨٩ له‌ هولیای پۆله‌ Hulyai Pole شارۆچکه‌یه‌کی سی هەزار ٣٠.٠٠٠ که‌سیی له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا له‌دایکبووه‌، که‌ کۆمه‌ڵێک فیرگه‌ و کارگه‌ی تێدا ھەبوو.

ماخنۆ کوڕی خێزانێکی هه‌ژاری جوتیاریی بوو. کاتێک که‌ ئەو ته‌مه‌نی ده (١٠)‌ مانگ بوو، باوکی مرد، ژیانی ئەو و چوار براکه‌ی دیکەی که‌وتۆته‌ سه‌رشانی دایکیان. له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داریی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری خێزانه‌که‌ی، ناچار ماخنۆ له‌ تەمەنی حه‌وت ساڵیی خەریکی‌ شوانکاره‌یی بووه‌. له‌ تەمەنی هه‌شت ساڵیی له‌ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی (هولیای پۆله)‌ کەوتووەتە خوێندن و به‌ زستانان خوێندویه‌تی و به‌ هاوینان لای دارا  (زەمیندار و کارخانەدارە) نێوخۆییه‌کان کاری کردووه‌. کاتێک که‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ دوازده‌ (١٢) ساڵان له‌ خوێندن وازیهێناوه‌ و به‌ ته‌واو کاتیی وه‌ک کرێکاری کشتوکاڵی له‌سه‌ر زه‌ویوزاری خانزاده‌ و کێڵگه‌ داگیرکراوه‌کانی ژێرچه‌پۆکی کۆلاکەکان‌ (جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندەکان‌)ی ئاڵمانیا کاریکردووه‌. له‌ته‌مه‌نی هه‌ڤده‌ ساڵیی له‌ (هولیای پۆله)‌ سه‌ره‌تا وه‌ک شاگردی وێنه‌کار و پاشان وه‌ک کرێکارێکی بێپیشه‌ له‌نێو کارخانه‌یه‌کی ئاسنگەریی کەوتووەتە کارکردن و دواجار وه‌ک ئاسنڕێژه‌ر (ئاسنساز) له‌ هه‌مان ڕشته‌ بەردەوامبوو.

هه‌ر ئه‌و کاته‌، که‌ له‌ پیشەی ئاسسازی کاریده‌کرد، به‌شداری ڕامیاریی شۆڕشگێڕانەی‌ کرد.‌ ساڵانی ناجێگیری پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕوسیه‌، ماخنۆ لەتەک‌ ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ تێکەڵبوو. ئەو بڕیاره‌ی ئەو بۆ ئه‌زموونه‌کانی خۆی لەبارەی سته‌م له‌ شوێنی کار و دیتنه‌کانی ئەو له‌ تیرۆرکارریی ڕژێمی ڕوسی کاتی ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٠٥ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ( ئه‌و کاته له‌ ‘هولیای پۆله’ بارگرژییه‌کی ئاوا له‌ئارادانه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ڕژێم هه‌ژمارێکی زۆری له‌ هێزی پۆلیسی-دابڕی بۆ سه‌رکوتکردنی کۆبوونه‌وه‌ و کۆڕ و کۆمەڵەکان و بۆ چاوترسێنکردنی ڕێبواران و لێدانی زیندانیان به‌ قۆنداخه‌ تفه‌نگ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی‌ شارۆچکه‌که‌ نارد). ساڵی ١٩٠٦ ماخنۆ بڕیاریدا به‌ گروپێکی ئه‌نارکیست له‌ (هولیای پۆله‌) په‌یوه‌ستبێت، گروپێک که‌ ساڵێک له‌وه‌وپێش به ‌زۆری له‌ لاوە جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کان پێکهاتبوو.

کۆتایی ساڵی ١٩٠٦ و سەرەتای ساڵی ١٩٠٧ ماخنۆ به‌تۆمه‌تی کوشتنی ڕامیارانه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا، به‌ڵام بەھۆی له‌ده‌ستدانه‌بوونی به‌ڵگه‌ بۆ ئەو تۆمه‌ته‌، له‌ زیندان هاته‌ده‌ر. ساڵی ١٩٠٨ به‌تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو له‌لایه‌ن پۆلیسێکی سیخور له‌نێو گروپه‌که‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا و خرایه‌ زیندان‌. مارچی ١٩١٠ ماخنۆ و سیازده (١٣)‌ که‌سی دیکە له‌نێو دادگه‌یه‌کی سه‌ربازیی سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ بڕدرایه‌وه‌. ماخنۆ به‌هۆی که‌می ته‌مه‌ن و هه‌وڵ و تێکۆشانی دایکی‌، سزای له‌ سێداره‌دانه‌که‌ی گۆڕدرا به‌ زیندانیی هه‌میشه‌یی لەتەک کاری سه‌خت. له‌ ماوه‌ی زیندانیبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی Butyrki له‌ مۆسکۆ، به‌ هه‌موو شێوازێکی له‌به‌رده‌ست و گونجاو به‌رهه‌ڵستی دەسەڵاتدارانی زیندانه‌که‌ی ده‌کرد، هه‌ر به‌هۆی ئەو به‌رهه‌ڵستیی-کردنەیه‌وه‌ زۆربه‌ی ماوه‌ی زیندانییبوونه‌که‌ی به‌ زنجیرکراوی یان له‌نێو سیاچاڵه‌ سارد و شێداره‌کان به‌سه‌ربرد. ئەو ئه‌زموونه‌ ڕکوکینه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ماخنۆی له‌ زیندانه‌کان زیاتر کرد ( دواتر له‌ سه‌رده‌می شۆڕش، یه‌که‌مین ئه‌رکی ئەو لەتەک گه‌یشتنی به ‌هه‌ر ‌شار و‌ شارۆچکه‌یه‌ک، ئازادکردنی زیندانییه‌کان و وێرانکردنی زیندانه‌کان بوو).

ماخنۆ له‌ ماوەی زیندانییبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی لەتەک پیته‌ر ئارشینۆڤ Peter Arshinov هاوزیندانییه‌کی ئه‌نارکیست، که‌ دواتر بوو بە‌ چالاک و مێژوونووسی بزاڤی ماخنۆڤیستی، بوون بە هاوەڵی یەکدی. پیته‌ر ئارشینۆڤ ساڵی ١٨٨٧ له‌ شارۆچکه‌ی پیشه‌سازیداری کاتێرینۆسڵاڤ Katerinoslavی ئۆکرانیا له‌دایکبووبوو. باوکی کرێکاری کارخانه‌ و کانەکان بوو. پیته‌ر ئارشینۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆڵشه‌ڤیک بوو و ساڵی ١٩٠٦ بووبوو به‌ ئه‌نارکیست، له‌نێو ڕێکخستنی کرێکاران و کاری کارخانه‌ دژی ڕژێمی تزاریی ڕۆڵێکی ڕابه‌رانه‌ی دەگێڕا. ساڵی ١٩٠٧ ده‌ستبه‌سه‌ر کراو به‌ مردن سزادرا و به‌ره‌و ئۆروپای خۆراوایی هه‌ڵهات. ساڵی ١٩٠٩ گه‌ڕایه‌وه‌ ڕوسیه‌ و دووباره‌ زیندانییکرایەوە و دیسانه‌وه‌ هه‌ڵهاته‌وه‌. ساڵی ١٩١٠ جارێکی دیکە دەستگیرکرا و خرایه‌ زیندانی بوتیرکی و له‌وێنده‌رێ بوو، که‌ لەتەک ماخنۆ ئاشنابوو. هه‌ر دوو ئه‌نارکیست هاوه‌ڵێتییه‌کی که‌سیی و ڕامیاریی توندوتۆڵیان پێکهێنا و ئاڕشینۆڤ له‌ په‌ره‌دان و قوڵکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ ئه‌نارکیستییه‌کان بە ماخنۆ کۆمه‌کیکرد.

ڕۆژی ٢ی مارچی ١٩١٧ پاش هه‌ش ساڵ و هه‌شت مانگ مانه‌وه‌ له‌نێو زیندان، ماخنۆ لەتەک زیندانییه‌ ڕامیاره‌کانی دیکە وه‌ک سه‌ره‌نجامی شۆڕشی فێبریوه‌ری ئازادبوو. پاش به‌سه‌ربردنی سێ (٣) هه‌فته‌ له‌ مۆسکۆ لەتەک ئه‌نارکیسته‌کانی ئه‌وێنده‌رێ، ماخنۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هولیای پۆله‌. وه‌ک تاقه‌ زیندانییەک که‌ به‌هۆی شۆڕشه‌وه‌ بۆ نێو خێزانه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌نێو شارۆچکه‌که‌ی لە ماخنۆ ڕێزده‌گیردرا. پاش ساڵانێک له‌ زیندانییبوون و ئەشکەنجە، ماخنۆ وه‌ک هه‌رزه‌کارێکی چالاکی بێپێشینه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌نارکیستێکی په‌روه‌ردەبوو‌ و جه‌نگاوه‌ر هاوڕای بیرۆکەی بەهێز لەبارەی ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ گەڕایەوە، ئەو بیرۆکانەی که‌ ده‌ستبه‌جێ بۆ پیاده‌کردن ده‌گونجان. ماخنۆ کاتێک که‌ له‌ هولیای پۆله نیشته‌جێبوو، به‌زوویی خۆی بۆ کاری شۆڕشگێڕانه‌ ته‌رخانکرد. ئه‌ندامه‌کانی دیکەی گروپه‌ ئه‌نارکیستییه‌که‌ و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جوتیاران چوونە سه‌ردانی ئەو. پاش گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوون و تێروانین لەتەک ئەوان، پێشنیاری ده‌ستبه‌جێ ده‌ستکردن به‌ کاری ڕێکخراوه‌یی بۆ گرێدانه‌وه‌ی جوتیارانی هولیای پۆله‌ و ده‌وروبه‌ری لەتەک گروپه‌ ئه‌نارکیسته‌کان. ڕۆژی ٢٨-٢٩ی مارچ به‌ سه‌رپه‌رشتکا‌ری ماخنۆ یه‌کێتی جوتیاران پێکهات. پاشان له‌نێو گوند و شارۆچکه‌کانی دیکەی ناوچه‌که‌ یه‌کێتی له‌و چه‌شنه‌ی ڕێکخست. ماخنۆ ڕۆڵێکی سه‌رکه‌وتوو و به‌رچاوی لەنێو‌ مانگرتنی کرێکارانی دارتاشی و کانه‌کان له‌نێو کارخانه‌یه‌ک، که‌ هی پیره‌ خاوه‌نکاره‌ پێشووییه‌که‌ی خۆی بوو (ئەو تێکشکانه‌ ئاوای له‌ خاوه‌نکاره‌کانی دیکە کرد، مل به‌ داخوازی کرێکاره‌کانیان بده‌ن).‌ هه‌مان کات جوتیاره‌کان ئاماده‌نه‌بوون به‌ خاوه‌ن زەمینەکان کرێ بده‌ن[١].

ئه‌نجوومه‌نه‌ ناوچه‌ییه‌کانی جوتیاران له‌ ناوچه‌ی هولیای پۆله‌ و ناوچه‌کانی دیکە ڕاگه‌یێندران، ھەر ئاوا  ڕۆژی ٥-٧ی ئۆگوست کۆنگرەی هه‌رێمیی له‌ کاتێرینۆسلاڤ Katerinoslav بڕیاریدا، سه‌رله‌نوێ له‌نێو سۆڤییه‌ت و کۆمونە‌کانی جوتیاران و نوێنه‌رانی کرێکاران یه‌کێتییه‌ جوتیارییه‌کان ڕێکبخاتەوە.

به‌و شێوه‌یه‌ ماخنۆ و هاوکاره‌کانی “به‌هیوای خێراکردنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دارایییه‌ گه‌وره‌کان”، پرسه‌ ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لەتەک ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئامێتەکرد.[٢] له‌ هولیای پۆله‌، بەراورد بە شوێنه‌کانی دیکە شۆڕش خێراتر ده‌بزووت (بۆ نموونه‌، له‌ کاتێکدا که‌ سۆڤیه‌تی ئه‌لێکساندرۆڤسک Aleksandrovsk له‌ پیترۆگراد‌ ڕۆژانی جولای له‌ کاره‌کانی فەرمانداریی کاتیی پشتیوانیانده‌کرد، به‌ڵام له‌ هولیای پۆله‌ بۆ هاوده‌نگیی و پشتیوانیکردنی سه‌ربازانی یاخی و کرێکاران کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دەکرێت). جوتیاران له‌ گشت لایه‌که‌وه‌ بۆ به‌ده‌سهێینانی ڕێنوێنی و کۆمه‌ک له‌لایەن نێوەندە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نزیکه‌کانیان (بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان/ Volosts)‌ به‌ره‌و (هولیای پۆله)‌ دەچوون. چینی جوتیاران ده‌یویست ده‌ستبه‌سه‌ر زه‌مینی زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کان و کۆلاکه‌کان بگرێت. ماخنۆ ئەو داخوازییه‌ی لەنێو‌ یه‌که‌مین دانیشتنه‌کانی سۆڤیه‌ته‌ هه‌رێمییه‌کان پێشکه‌شکرد، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هولیای به‌رزکرایه‌وه‌. مانگی ئۆگوست، ماخنۆ گشت داراکان [موڵکدارە]‌ نێوخۆیی و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندە‌کانی kulaks بانگهێشتکرد و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کانی دارایی زه‌وی، وڵاخ و ئامێری لە ئەوان سه‌ندنەوە. لیستی داراییه‌کان چێکراو و وه‌ک ڕاپۆڕتێک بۆ دانیشتنی سۆڤیه‌تی ناوچه‌که‌ و کۆبوونه‌وه‌ی هه‌رێمیی به‌رزکرایه‌وه‌. له‌وێدا لەسەر ئەوە بڕیاردرا، که‌ هه‌موو زه‌مینه‌کان و وڵاخ و ئامیره‌کان به‌یه‌کسانی دادەبه‌شێنرێن و دابه‌شکردنه‌که‌ش خودی خاوه‌نزه‌وییه‌کانیشی ده‌گرته‌وه‌. ئەوە‌ نێوەڕۆکی پرۆگرامی کشتوکاڵیی بزووتنه‌وه‌ی ماخنۆڤیستی بوو، واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی تایبەتی داراکان و کۆلاکه‌کان. هیچ کەس مافی ئەوەی نه‌بوو، زیاتر له‌وه‌ زه‌وی ھەبێت، که‌ ده‌توانێت به‌خۆی لەنێو کاربکات، بەبێ ئه‌وه‌ی که‌سێکی دیکە به‌کرێبگرێت. ئەوە‌ هه‌مووی به‌رهه‌ڵستکاری بوو بەرانبەر فەرمانداریی کاتیی که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێدا‌گرییدەکرد، ئەو پرسانه‌ گشت کاری ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانن‌ Constituent Assembly. هه‌ر بەو جۆرە کۆمونه‌ ئازاده‌کان له‌سه‌ر  زەمین و دارایی خاوه‌نزوه‌وییه‌ کۆنه‌کان  پێکهاتن.

به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو جێبه‌جێکردنی ئەو بڕیارانه‌ به‌هۆی به‌رهه‌ڵستیکردنی خاوه‌نزه‌وی و کۆلاکه‌کان ‌دواخرا، که‌ خۆیان ڕێکخستبوو و په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کاتییه‌وه‌ کردبوو. کاتێک که‌ جه‌نه‌راڵ کۆڕنیلۆڤ Kornilov هه‌وڵیدا بۆ سه‌ر پترۆگراد له‌شکرکێشیبکات و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌بگرێت، سۆڤیه‌تی (هولیای پۆله‌) به‌ڕابەری ماخنۆ به‌ پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش ده‌ستپێشخه‌ریکرد. ئامانجی سه‌ره‌کی چه‌ککردنی دوژمنه‌ نێوخۆییه‌کان (خاوه‌نزه‌وییه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کۆلاکه‌کان) بوو، هه‌ر ئاوا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی ئەوان له‌سه‌ر سامانه‌کانی خه‌ڵکی: زه‌مین و کارخانه‌ و کێڵگه‌کان و کارخانەکانی چاپه‌مه‌نی و شانۆکان و هیدیکەیش. ڕۆژی ٢٥ی سێپتێمبه‌ر کۆنگری بەڕێوەبەرایەتییە سۆڤیه‌ته‌کان و ڕێکخراوه‌کانی جوتیاران له‌ هولیای پۆله‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌مینی داراکان و گۆڕینی به‌ دارای کۆمه‌ڵایه‌تی [گشتی] ڕاگه‌یاند. هێرش بۆ سه‌ر دارایی داراکان و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان (لەنێوان ئەوانیش داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان) ده‌ستیپێکرد و دەستکرا به‌ لێسەندنەوەی دارایی داگیرکەران  ( زه‌مینداره‌ گه‌وره‌کان و داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان).

کاتێک که‌ فەرمانداریی ڤلادیمیر لێنین به‌هاری ساڵی دواتر ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovskی واژۆکرد، چالاکییه‌کانی ماخنۆ ڕاگیران. ئەو ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئیمپراتۆری ڕوسی بەدیاریکراویی (ئۆکرانیا)ی لە بەرانبەر ئاشتی به‌ ئاڵمانیا و نه‌مسا به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێکه‌وتننامه‌که‌ داگیرکردنی ئۆکرانیای له‌لایه‌ن هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی هێزی ئاڵمانی و نه‌مساوی‌ پەسەندکردبوو، که‌ سه‌راپای وڵاته‌که‌ی له‌ ماوه‌ی که‌متر لە سێ مانگ داگیرکرد. ماخنۆ له‌ پێکهێنانی یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کان، که‌ هەزار و حەوت سەد (١٧٠٠) که‌سیان ده‌گرته‌خۆ، سه‌رکه‌وتوو بوو. بەڵام نه‌یتوانی به‌ داگیرکردنی هولیای پۆله‌ بەربگرێت. پاش کۆنگریسی ئه‌نارکیستان کۆتایی ئه‌پریلی هەمان ساڵ له‌ تاگانڕۆگ Taganrog، کۆنگرەکه‌ بڕیاری ڕێکخستنی یه‌که‌ی جه‌نگاوریی بچووکی پێکهاتوو له‌ پێنج (٥) تاکو ده‌ (١٠) جوتیار و کرێکار، کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ دوژمن و هه‌ڵخرانی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی جوتیاران دژی هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مسا و ناردنی گروپێکی بچووک بۆ ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت، که‌ له‌وێنده‌رێ شۆڕش و ئه‌نارکیسته‌کان له‌ژێر سایه‌ی بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەتەک چی ڕووبەڕوون.

ماخنۆ یه‌کێک بوو له‌ گروپه‌که‌.  مانگی‌ جونی هەمان ساڵ ماخنۆ گه‌یشته‌ مۆسکۆ. ئەو ده‌ستوبرد چاوی به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌نارکیسته‌کانی ڕوسیه‌ (لەنێو ئەوان هاوه‌ڵی دێرینی خۆی ‘پیته‌ر ئارشینۆڤ’ ) که‌وت. بزاڤی ئه‌نارکیستی له‌ مۆسکۆ لاواز بووبوو، به‌هۆی هێرشی (چێکا) ده‌زگه‌ی ئاسایشیی بۆلشه‌ڤیکه‌کان Bolshevik secret service the Cheka مانگی ئه‌پریل بڕبڕه‌ی پشتی بزووتنه‌وه‌که‌ شکابوو، هەر بەو جۆرەش‌ ‌هێرشی ڕامیاریی چه‌پ بۆ سه‌ر بۆلشه‌ڤیکه‌کان تێکشکابوو. بۆ ماخنۆ که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ هاتبوو،‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێکخراوبوون شتێکی جێکه‌وته‌بوو، لاوازیی ئاستی چالاکیکردن بۆ ئەو شتێکی ته‌کانده‌ربوو. بۆ ئەو مۆسکۆ وه‌ک پایته‌ختی شۆڕشێکی کارتۆنیی بوو، کارخانه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو که‌ لەنێو ئەو بڕیار و دروشمی‌ نێوەڕۆک خاڵیی تاک-پارتییەکی ڕامیاریی لەوێندەرێ‌ ده‌رده‌چوون، پارتییەک که‌ به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و خۆسه‌پاندن خۆی گه‌یانده‌ پله‌ی فەرمانداریی.[٣] هه‌ر ئاوا ماخنۆ ئه‌نارکیستی ناسراو ‘پیته‌ر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin’ی سەردانیکرد، له‌ته‌ک ئەو لەبارەی کاری شۆڕشگێڕانه‌ و بار و دۆخی ئۆکرانیا ڕاوێژیکرد.

کاتێک که‌ ماخنۆ له‌ مۆسکۆ بوو، ھەر ئاوا‌ لێنین Lenin دیت. ئەو دانیشتنه‌ به‌ ڕێکه‌وت بوو. ئەو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و خواردنی خۆڕایی سه‌ردانی کرێملین Kremlin ده‌کات، له‌و سه‌ردانه‌ سه‌رۆکی کۆمیته‌ی سه‌رتاسه‌ریی ڕوسیه‌ی نێوەندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆڤیه‌ته‌کان ژاکۆڤ م. سڤێردلۆڤ Jakov M. Sverdlov ده‌بینێت، هه‌ر ئه‌ویش چاوپێکه‌وتنی ماخنۆ و لێنین دەڕەخسێنێت. لێنین له‌ ماخنۆ دەپرسێت “جوتیاره‌کانی ناوچه‌که‌ت چۆن له‌ دروشمی گشت ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان له‌ دیهاته‌کان تێگه‌یشتوون؟ “، وەک ماخنۆ خۆی دواتر دەڵێت،‌ لێنین به‌ وه‌ڵامه‌کی ئەو سه‌ری سوڕده‌مێنێت ” جوتیاره‌کان به‌ شێوازی تایبه‌تیی خۆیان له‌و دروشمه‌ تێگه‌یشتوون. بەگوێرەی لێکدانه‌وه‌ی خۆیان. هه‌موو دەسەڵاته‌کان له‌ هه‌موو ناوچه‌ ژیارییه‌کان بۆ خودی جوتیاران و کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکە دەگەرێنەوە، پێویسته‌ هه‌ست به‌ هه‌مان ده‌رکی هوشیاریی و لێهاتوویی خه‌ڵکی کرێکار بکرێت. جوتیاران له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ سۆڤیه‌ته‌کانی کرێکاران و جوتیارانی دێهات، وڵات و ناوچه‌کان، بریتین له‌ ئامرازه‌کانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانه‌ و خۆبەڕێوەبەرایه‌تییه‌ ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی جوتیار و کرێکار بۆ تێکۆشان دژی بۆرجوازی و بەکرێگیراوانی ئەو و سۆشیالیسته‌ ڕاستڕه‌و و فەرماندارییه‌ هاوبه‌شه‌که‌یان”.

لێنین له‌ وەڵامی ئەوە‌ ده‌ڵێت ” ده‌ی باشه‌، که‌واته‌ جوتیارانی ناوچه‌که‌ت تووشی ئه‌نارکیزم بوون!”[٤] دواتر لە درێژەی‌ گفوگۆکە، لێنین  ده‌ڵێت “ئایا ئه‌نارکیسته‌کان له‌نێو که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ، هه‌رگیز ددان به‌ که‌مایه‌تیبوونی خۆیان ده‌نێن؟ بۆچی هیچ کاتێک بیر لە ئەوە ناکه‌نه‌وه‌”. ماخنۆ له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت ” هاوڕێ لێنین، بەڵام پێویسته‌ من بە تۆی ڕابگه‌یێنم، ئه‌و پاگانده‌یه‌ت، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان له‌ که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ تێناگه‌ن، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌کی که‌توارییان لەتەک دونیای ھاوچەرخ نییه‌ و …تد، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌ ئۆکرانیا … ئه‌ناکۆ-کۆمونیسته‌کان ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌داوه‌، که‌ ڕیشەیان له‌نێو کەتواری ئێستا داکوتاوه‌. سه‌راپای تێکۆشانی شۆڕشگێڕه دێهاتنشینه‌‌کانی ئۆکرانیا دژی کۆبوونەوەی نێوەندیی Central Rada له‌ژێر ئاراستە‌ی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان به‌ زۆری و به‌ڕاده‌یه‌کیش سۆشیالیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان بەڕێوەبراوه‌ … بۆلشه‌ڤیکه‌کانی تۆ بۆ ده‌رمانیش لەنێو‌ دێهاته‌کانی ئێمه‌ بوونیان نییه‌. به ‌جۆرێک که‌ کاراییان تاکو ڕاده‌ی نه‌بوون دابه‌زیوه‌. نزیکه‌ی گشت ئه‌نجومه‌نه‌کانی جوتیاران و کۆمونه‌کان له‌ ئۆکرانیا به‌ هه‌ڵخرانی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان پێکهاتوون. تێکۆشانی چه‌کدارانه‌ بەرانبەر دژه‌-شۆڕش به‌گشتی و بەرانبەر به‌ هێرشی لەشکری نه‌مسا و ئاڵمانیا به‌تایبه‌ت به ‌ئاراستە‌ی ڕێکخراوه‌یی ئه‌نارکۆ کۆمونسیته‌کان سەریھەڵداوە و مەیسەربووه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌‌ بۆ پارتییە‌که‌ی تۆ هیچ گرنگ نییه‌، تاکو به‌هۆی ئەو گشته‌وه‌ باوه‌ڕ بە ئێمە بدات، به‌ڵام ئەوانه‌ ڕاستین و تۆ ناتوانیت لە ئەوانە نکۆڵیبکه‌یت. من ئاوای بۆ دەبیم، کە تۆ ئه‌وه‌ باش ده‌زانیت، هێزی چالاک کێیە و توانای جه‌نگینی هێزه‌ خۆبه‌خشه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی ئۆکرانیا چییە. به‌بێ هۆ نییه‌، که‌ تۆ ڕاتگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌کی پاڵه‌وانانه‌ له‌ دەستکه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌ هاوبه‌شه‌کان پێداگریییانکردووە. لەنێو ئه‌وانه‌ لایەنی کەم نیوه‌یان له‌ژێر ئاڵای ئه‌نارکیستی جه‌نگیون ….

گشت ئەوانه‌ نیشانیده‌ده‌ن، که‌ تۆ چه‌نده‌ به‌ هه‌ڵه‌ چوویت، هاوڕێ لێنین، بەگوێرەی ئه‌وه‌ی که‌ پێی ئێمه‌ ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوێستمان بۆ ئێستا خه‌مناکه‌، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ون به‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌بینین”. ئه‌وه‌ی کە من له‌نێو ئەم چاوپێکه‌وتنه‌ بە تۆی دەڵێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ڕاستییه‌، وەڵام وه‌رناگرێت. ئه‌وه‌ی که‌ من لێرەدا بۆ تۆی دەردەخەم، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌یه‌، که‌ تۆ له‌باره‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستتهێناوه‌. هه‌موو که‌س ده‌توانێت، ئه‌وه‌ ببینێت، که‌ ئێمه‌ لەنێو‌ کەتواری ئێستا ڕێشەمانداکوتاوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ کارده‌که‌ین و به‌دوای کۆمەڵە ئامرازێک بۆ به‌ده‌سیھینانی داهاتوو ده‌گه‌ڕێین، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ به‌ په‌یگیرییه‌وه‌ لەتەک ئه‌و گرفته‌ کارده‌که‌ین”. لێنین له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه‌ من هه‌ڵه‌ ببم”. [٥]

بۆلشه‌ڤیکه‌کان لە گه‌ڕانه‌وه‌ی ماخنۆ بۆ ئۆکرانیا کۆمەکده‌ده‌ن. ئەو به‌ دژوارییه‌کی زۆرەوە گه‌شته‌که‌ی ئه‌نجامدا. جارێکیان خه‌ریکبوو ماخنۆ بکوژرێت. له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مساوه‌ گیرا و له‌و کاته‌دا نامیلکه‌ و بڵاوکراوه‌ی ئازادیخوانه‌ی لەتەک خۆی هەڵگرتبوو. دانیشتوویه‌کی جوله‌که‌ی هولیای پۆله‌، که‌ ماوه‌یه‌ک بوو ماخنۆی ده‌ناسی، توانی به‌ پێدانی بڕه‌پاره‌یه‌کی زۆر بە هێزەکانی ئامڵمانیا و  نەمسا بۆ ئازادبوونی، ماخنۆ لە مردن بیپارێزێت. کاتێک که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هولیای پۆله‌، ده‌ستیکرد به‌ ڕێکخراوکردنی به‌رهه‌ڵستی دژ به‌ هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی نه‌مسا و ئاڵمانیا و ڕژێمه‌ به‌کرێگیراوه‌که‌یان به‌سه‌رۆکایه‌تی هیتمان سکۆرۆپادسکی Hetman Skoropadsky. ده‌توانرێت بگوترێت بزاڤی ماخنۆڤیستی  بە دەستپێکردنی به‌رهه‌ڵستی سه‌ریهه‌ڵداوه. ماخنۆ  جولای ١٩١٨تاکو ئۆگوستی ١٩٢١ تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی چینی کرێکاری دژ به‌ هه‌موو چه‌وسێنه‌ران، چ بۆلشه‌ڤیک و سپییه‌کان (دژه‌-شۆڕش) چ ناسیونالیسته‌کان سه‌رکردایه‌تیکردووه‌. له‌نێو ڕه‌وتی ئەو تێکۆشانە‌ توانی خۆی وه‌ک “سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌ریلایی لێهاتوو و به‌توانا” بسه‌لمێنێت.[٦]

پاش تێکشکانی بزاڤی ماخنۆڤیستی‌ ١٩٢١، ماخنۆ بۆ ئۆروپای خۆراوایی دوورخرایه‌وه‌. ساڵی ١٩٣٤ له‌ پاریس ته‌مه‌نی ئەو کۆتاییهات، هه‌ر له‌وێش دواسه‌ته‌کانی ژیانی خۆی به‌سه‌ربردن. هه‌ر ئاوا له‌وێدا وه‌ک چالاکێکی بزاڤی ئه‌نارکیستی مایه‌وه‌ و شمشێره‌که‌ی گۆڕی به‌ پێنووس (به‌کاربردنی ده‌ربڕینێکی ڕه‌نگینی ئه‌لێکسانده‌ر سکیردا Alexander Skirda). ماخنۆ به‌ گۆتار له‌نێو ڕۆژنامه‌ ئه‌نارکیستییه‌ جۆراوجۆره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ ده‌نگی کرێکار Dielo Truda به‌شداریکرد، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیست-کۆمونیست بوو و له‌ پاریس له‌لایه‌ن (پیته‌ر ئارشینۆڤ) ده‌رده‌کرا، زۆرێک له‌و گۆتارانه‌ له‌نێو پەرتووکێک به‌ناوی (تێکۆشان دژی ده‌وڵه‌ت و گۆتاره‌کانی دیکە)، بڵاوکرانه‌وه‌. ماخنۆ له‌نێو بزاڤی ئه‌نارکیستی تاکو کۆتایی ژیانی چالاک مایه‌وه‌.

نێستۆر ماخنۆ ساڵی ١٩٢٧ له‌ پاریس ئه‌نارکیسته‌ ناسراوه‌کانی ئیسپانیا بوێناڤێنترا دوڕوتی Buenaventura Durruti و فرانسیسکۆ ئاسکازۆ Francisco Ascaso دیتن. ئەو له ئە‌وه‌ داکۆکیدەکرد “‌بار و دۆخ بۆ شۆڕشی پێکهاته‌ به‌هێزی ئه‌نارکیستی له‌ ئیسپانیا زۆرتر له‌بارتره‌، تاکو له‌ ڕوسیه‌”، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌ک ته‌نیا له‌وێنده‌رێ پرۆلیتاریا و جوتیاران دارای نەریتی شۆڕشگێڕانه‌ بوون، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ش که‌ پێگه‌یینی ڕامیاریی له‌نێو کاردانه‌وه‌کانی ده‌بینرا، ئه‌نارکیسته‌کانی ئیسپانیا ده‌رکی ڕێکخراوه‌ییان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌ ڕوسیه‌ نه‌مابوو. ڕێکخراوبوونێک، که‌ سه‌رکه‌وتنی له ‌هه‌ناوی هه‌موو شۆڕشه‌کان مسۆگه‌رده‌کرد”. ماخنۆ چالاکییه‌کانی گروپی ئه‌نارکیستی هولیای پۆله‌ و ڕوداوه‌کانی ئۆکرانیای شۆڕشگێری هه‌ژمارکرد “کۆمونه‌ کشتکارییه‌کانمان یه‌کێک بوون له‌ نێوەنده‌ زیندووه‌ ئابووریی و ڕامیارییه‌کانی سیسته‌مه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌مان. کۆمەڵە‌کان به‌ بنه‌مای خۆپه‌رستی تاکگه‌رایی پشتئه‌ستوور نه‌بوون، به‌ڵکو به‌ سه‌ره‌تاکانی هاوپشتی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری پشتیانبه‌ستبوو. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی کۆمەڵه‌کان هه‌ستیان به‌ هاوپشتی نێوان خۆیان ده‌کرد، کۆمەڵه‌کان لەتەک یه‌کدی یه‌کییانگرتبوو. ئه‌وه‌ی که‌ بەرانبەر سیسته‌مه‌که‌مان له‌ ئۆکرانیا دەگوترا، ئه‌وه‌بوو، که‌ ناتوانێت به‌رده‌وامبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ جوتیاران پێکهاتبوو. ئەوە‌ ڕاست نه‌بوو. کۆمەڵه‌کانمان تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوون له‌ کرێکارانی کشتوکاڵی (کێڵگه‌یی) و پیشه‌سازی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان ته‌نیا پیشه‌سازیی بوون. ئێمه‌ گشت جه‌نگاوه‌ر و کرێکار بووین. کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لیی بریاره‌کانی ده‌رده‌کرد. له‌نێو ژیانی سه‌ربازی له‌ نوێنه‌رانی گشت ده‌سته‌ گه‌ڕیلاکان کۆمیته‌ی جه‌نگی پێکهاتوو و سه‌رپه‌رشتیده‌کرد. بۆ به‌ ئامانجگه‌یاندن، هه‌موو که‌سێک له‌نێو کاری هەروەزیی به‌شداریکرد، تاکو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توێژی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات پاوانده‌که‌ن، ڕێگریرییکرێت. ئێمه‌ لە پرۆسێسی ئەنجامدانی ئەو پرسەش سه‌رکه‌تووبووین.” [٧]

ساڵی ١٩٣٦ لەتەک ده‌ستپێکی جه‌نگی نێوخۆ و شۆڕش له‌ ئیسپانیا، ژماره‌یه‌ک له‌ جه‌نگاوه‌رانی سوپای یاخی ماخنۆ چوون بۆ جه‌نگین لەنێو‌ ستوونی دوڕوتی Durruti column. بەڵام بەداخەوە، مه‌رگی ماخنۆ ساڵی‌ ١٩٣٤ له‌ دوا پەیامە‌که‌ی بۆ دوو ئیسپانی ڕێگربوو “ماخنۆ هه‌رگیز جه‌نگینی ڕه‌دنه‌کردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر زیندووبم، کاتێک که‌ تیکۆشانه‌که‌تان ده‌ستپێده‌کات، لەتەکتان ده‌بم”. له‌ { Paz, Op. Cit., p. 90} وه‌رگیراوه‌.

چالاکیی هه‌ره‌ دیاری ماخنۆ له‌نێو دوورخراوگه‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ی بوو، ‌هاوڕا و داکۆکی له‌ سه‌کۆی ڕێکخراوەیی کۆمونیزمی ئازادیخواز‌ the Organisational Platform of the Libertarian Communists ناسراو به‌ سه‌کۆ Platform، دەکرد. سه‌کۆ هه‌وڵیدا هەرچی له‌نێو شۆڕشی ڕوسیه‌ هه‌ڵه‌بوو، لێکبداته‌وه‌ و پێشنیاری ڕێکخراوی ئه‌نارکیستی پته‌وتری بۆ‌ داهاتوو کرد. ئەو بۆچوونه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی مشتومڕێکی توندی لەتەک زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌نارکیستانه‌ی که‌ ڕه‌تیانده‌کرده‌وه،‌ به‌ڕێخست. هه‌رچه‌نده‌ ماخنۆ تاکو کاتی مردنی ساڵی ١٩٣٤ وه‌ک ئه‌نارکیستێک مایه‌وه‌، بەڵام ئەو تێڕوانین گۆڕینه‌وه‌یه‌ به‌زۆری بوو به‌ هۆی مشتومڕی توند و تاکو ڕادەیەک ئەوی له‌ هه‌ندێک له‌ هاوه‌ڵه‌کانی ته‌ریکخسته‌وه‌، له‌وانه‌ ڤۆلین، که‌ دژی سه‌کۆ (پالتفۆڕم) بوو.

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ٢٥جولای ١٩٣٤ ماخنۆ مرد و سێ ڕۆژ دواتر جه‌سته‌که‌ی سوتێنرا و خۆڵه‌مێشه‌که‌ی لەنێو‌ گۆزه‌یه‌ک له‌ پێر لەشەیز Père Lachaise گۆڕستانی کۆمونه‌ی پاریس خرایە ژێر خاک. پێنج سه‌د  (٥٠٠) که‌س له‌ هاوڕێیانی ڕوس و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و ئیتالی ئاماده‌ی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی ماخنۆ بوون، له‌وانه‌ ئه‌نارکیستی فه‌ره‌نسی پییه‌ر بێسنارد  Pierre Besnard و ڤۆلین Voline قسه‌یانکرد، ڤۆلین ئەو هه‌له‌ی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی دژه‌ سامیگه‌رایی anti-Semitism ماخنۆ، کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان دژی ماخنۆ هەڵیانبەستبوو، قۆسته‌وه‌. هاوسه‌ره‌که‌ی ماخنۆ، هالینا Halyna قسەیکرد. بەو جۆره‌ ژیانی یه‌کێک له‌ جه‌نگاوه‌ره‌کانی ئازادی چینی کرێکار کۆتاییهات.

وشه‌کانی دووروتی Durruti بۆ ماخنۆ سه‌رنجڕاکێشترین بوون ” ئێمه‌ هاتووین سڵاو له‌ تۆ بکه‌ین، تۆی سیمبۆلی گشت ئه‌و که‌سه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی، که‌ له‌پێناو که‌توارییکردنی هزره‌ ئه‌نارکیستییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ جه‌نگین و گیانیانبه‌ختکرد. هه‌ر ئاوا بۆ ده‌ربڕینی ڕێزی خۆمان بەرانبەر خەزێنەی ئه‌زموونی ئۆکرانیا، هاتووین “. [٨]

—————————————————————

په‌راویزه‌کان:

  1. Michael Malet, Nestor Makhno in the Russian Civil War, p. 4
    2. Michael Palij, the Anarchism of Nestor Makhno, p. 71
    3. David Footman, Civil War in Russia, p. 252
    4. Nestor Makhno, My Visit to the Kremlin, p. 18
    5. Nestor Makhno, Op. Cit., pp. 24-5
    6. David Footman, Op. Cit., p. 245
    7. Quoted by Abel Paz, Durruti: The People Armed, p. 88-9
    8. Quoted by Abel Paz, Op. Cit., p. 88

کۆکراوەی کاره‌کانی ‌ نێستۆر ماخنۆ

The ABC of the Revolutionary Anarchist. (1932).
The Anarchist Revolution
Letter to the Spanish Anarchists. (1932).
In Memory of the Kronstadt Revolt.
(1926).
Mahkno’s Response to Malatesta
May Day, (1928). Dyelo Truda. No. 36, p. 2–3. 01 May 1928.
My Visit To The Kremlin
On the History of the Spanish Revolution of 1931 and the Part Played by the Left and Right-Wing Socialists and the Anarchists. (1933).

Summons: A Poem by Makhno
The Struggle against the State and Other Essays
To the Jews of All Countries. (1927).
Great October in the Ukraine. (1927).

سه‌رچاوه‌:

   http://libcom.org/history/makhno-nestor-1889-1934

* مەبەست لە وەرگێڕانی ژیاننامەی ماخنۆ، ناساندنی کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و ئاشناکردنی خوێنەرانی کوردە بە چالاکی و نووسینەکانی ئەو، نەک پیرۆزکردن و بەبتکردنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، چونکە هاودەمی ئەو هەزاران شۆڕشگێڕی گومناو بە خوێن و تێکۆشانی خۆیان ئەو زەمینەیان لەبارکردووە، تاکو نێستۆر ماخنۆ و دەیانی وەک ئەو بتوانن خامەکانیان ئازادانە هزر و بۆچوونیان دەرببڕن؛ بەواتایەکی دیکە، ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەو هاوڕێ گومناوانە نەبووایە، نووسینەکانی نێستۆر ماخنۆ و کەسانی دیکەش نەدەهاتنەبوون. و.ک

** ھەر ئاوا، مەبەست لەم وەرگێرانە، پەردەھەڵماڵینە لە ڕووی پاگەندە و درۆ و دەلەسەی سەرانی بۆلشەڤیکەکان و پاشرەوانی بۆلشەڤیزم، کە (نێستۆر ماخنۆ) بە چەتە و ڕێگر ناودەبەن.

*** لە چەند ساڵی ڕابوردوو چەند سریاڵی تەلەفزیۆنی و فێلم لەبارەی ژیان و دەردیسەری و چالاکی و بیرۆکەکانی ماخنۆ دروستکراون، کە ئەگەر گرفتەکانی ڕۆژگار بواربدەن، لەتەك ھاوڕێیانی دیکە ھەوڵی وەرگێرانی ژێرنووسینی فیلم و سریاڵەکان دەدەین، تاکو ڕووی ڕاستەقینەی ڕامیاریی و ئابووریی و بەڕێوەبردن و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بۆ شەیدانای کۆمەڵی سۆشیالیستی و کۆمونیستی دەربکەوێت، کە ھیچ کات لە ڕیفۆرمەکانی بیسمارک و خۆماڵیکردنەکانی سەدام و بەعس واوەتر نەچوون و بەڕێوەبەرایەتیی دیکاتتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکان، کودەتایەک بوو بەسەر ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی  سەراسەری ڕوسیە و بە پارەی ئیمپراتۆریی پڕووس و بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی خەڵک بە بەرزکردنەوەی کاتیی دروشمەکانی سەرەتای ڕاپەڕین و لەنێوبردنی کۆمیتەکانی خۆبەڕێوەبەریی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانی سۆشیالیست و دەستەمۆکردن و کەوڵکردنی سۆڤیەتەکان و  بە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی راپەڕیوانی کڕۆنشتات و لە پشتەوە خەنجەردان لە ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا بە دەسەڵاتگەییشتن و مانەوە و سەپاندنی (ئیمپراتۆریی سرووشوەرگرتووی خۆیان لە ئیمپراتۆریی پڕووس و ڕیفۆرمەکانی بیسمارک) مسۆگەرکرد و (ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovsk) ناچاریی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی بەڵێن و پاداشتدانەوەی (٢٦ ملیۆن مارکەکەی ئیمپراتۆریی ئاڵمانیا) بوو و ھەر ئاوا  لێدان و لەنێوبردنی بزووتنەوەی کۆمونەخوازی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا بوو، (ھەر وەک کۆمەڵکوأکردنی ڕاپەڕینەوەی دەریاوانان و دانیشتووانی کڕۆنشتات کە زۆرینەیان کۆمونیست و تەنانەت ئەندامی بۆلشەڤکی بوون و لە دژە-شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان تێگەییشتوبوون)، تاکو بەردەوامی شۆڕشی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا و دەریاوانانی کڕۆنشتات و مانگرتنی کرێکارانی پترۆگراد سەرتاسەری ڕوسیە نەگرێتەوە و ئیمپراتۆریی بۆلشەڤیکی لەنێونەچێت و بۆلشەڤیکەکان بە دێوجامەی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دیکتاتۆریی و ملھوڕیی پارتییەکەی خۆیان بە نووکی سەرەنێزە بەسەر ژنە-کرێکارانی ڕاپەڕیوی ڕستن و چنین و یاخیبوونی سەربازان و سۆڤیەتەکانی کرێکاران و کۆمیتەکانی کارخانەکان بسەپێنن. (و.ک) https://www.youtube.com/watch?v=oaRrMPg7sFI

بۆ کەسانێک کە لە دوای بەڵگە مێژووییەکانی ڕوداوەکانی ١٩١٧-١٩٢٣ دەگەرێن و دەخوازن “چەتەگەریی” نێستۆر ماخنۆ) و “شۆڕشگێڕیی” بۆلشەڤیکەکان و لەنێو ئەوانیش (لێنین و ترۆتسکی و ستالین) بزانین، دەتوانن تەماشای ئەم دۆکومێنتەرییە بکەن و سەدان تۆمار و بەڵگەی دیکە دژی پڕۆپاگەندەی کڕێملین پەیدابکەن : https://www.youtube.com/watch?v=gIqvip1z91I

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی پەرتووکی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj

 

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s