بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:

دەوڵەت*:

نوسینی جۆزیف پرۆدۆن، P. J. PROUDHON

و: زاهیر باهیر

 بابەتی دەوڵەت، سروشت و ئایندەی:  

بەشی هەژدە:

Pierre Leroux باوەڕدارێکی پەیگیرە بەم ئایدیانە، ئەوەی کە خوازیارێتی، ئەوەی کە ئەو وانەی لەسەر دەڵێتەوە، ئەوەی کە بانگەشەی بۆ ئەکات ئەوە نۆژەنکردنەوەی دەوڵەتە، بەڵام ئەو پێی نەوتوین ئەم نۆژەنکردنەوە لە کوێ و لەلایەن کێوە بکرێت و چۆن کارا بێت، هەر وەکو چۆن خۆازیار و بانگەشەی نۆژەنکردنەوەی کریستانەتی دەکات بێ ئەوەی هێشتا باوەڕەکەی پێناساندبێتین و بانگەوازی دەلیلی مەزهەبەکەشی کردبێت.

ئێمە پێچەوانەی Pierre Leroux و Louis Blanc ، باوەڕمان وایە کە تیئوری وەلی ئەمریێتی، بە دەستودڵیی، خۆتەرخان کردن، بەرهەمهێنان، دەستپێشخەریی، ڕێکخراوییبوون، ئایدیای لیبراڵ و دەوڵەتی گەشەکردوو، هەموویان خەیاڵیە [ یوتۆپیا] وەهمێکی تەواوی پوختی [ نقیی] ڕوانگە و بینینی فکر و ڕۆشنبیریی هەردوکیانە. ئێمە وای دەبینین Pierre Leroux و Louis Blanc هەر یەکەیان وەکو پیاوێكن کە لە سەر ئاوێنەیەك ڕاوەستابێت و  پێچەوانە  ڕواڵەتی خۆی ببینێت و وانیشانی دەدات کە ئەم ڕواڵەتە ڕۆژێك دێت دەبێتە ڕاستینە و جێگای ( لە دەربڕینەکەمان بمانبەخشن)  وێنە سروشتییەکەی دەگرێتەوە.

ئەمە ئەوانەیە کە ئێمە لەم دوو پیاوە جیادەکاتەوە، کە بەهرە و خزمەتەکانیان، لە وتنی هەرچییەکدا هەیە، ئێمە هەرگیز خەومان بە نکوڵی لێکردنیانەوە نەبینیوە، بەڵام ئیمە بە سووربوونیان یا  پێداگرتنەکەیان [عینادی] کە لەسەر وڕێنەکانیان دەیکەن، دڵگرانین. ئێمە بڕوامان بە دەوڵەتی خزمەتکار نییە ئەم چەمکە بۆ ئێمە چەمکێکی ناکۆکییانەی ئاشکرایە.

خزمەتکار و سەروەر لە دەوڵەتدا، یاخود دەوڵەتی سەروەر و دەوڵەتی خزمەتکار چەمکێکی هاومانان، هاوشێوەن و تەواوکەری یەکدین هەر وەکو چۆن ئەم چەمکە زۆر یاخود کەم بۆ یەکسانییش بەکاردەهێنرێت. خاوەنموڵك، دارا ، لە ڕێگەی سوودی سەرمایەوە خوازیاری زۆرتر و نایەکسانییە؛
کۆمونیزم، بەگوێرەی بنەمای ” هەر کەس بە گوێرەی پێویستییەکانی”، بە کەمتر
لە یەکسانی بواردەدات: نایەکسانیی هەمیشەیی؛ لەبەرئەوەیە کە ئێمە نە
کۆمونیستین و نە دارا.

بە هەمان شێوەش هەرکەس دەڵێت دەوڵەتی سەروەر ئەوە باس لە زەوتکردنی دەسەڵاتی گشت/ خەڵک دەکات، هەرکەسیش باس لە دەوڵەتی خزمەتکار دەکات، ئەوە باس لە نوێنەرەکانی دەسەڵاتی خەڵک دەکات، کە خەڵک هەمیشە نەیارن بەم دەسەڵاتە، چونکە دەسەڵات هەر دەسەڵاتە و هەمیشەش دەسەڵاتێکی دەرەکییە، دەسەڵاتێکی زاڵمە کە پێویستیش بکات ناتوانرێت بگۆڕرێت، دەسەڵاتێکە ناگوێززرێتەوە بۆ هاووڵاتیان ، هەمیشەش زۆر یا کەم ئازادیی تیادا نییە . ئەمە ئەو هۆکارەیە کە ئێمە دژی دەوڵەتین .

درێژەی هەیە

………………………

*لەم نامیلکەیەدا پرۆدۆن ڕەخنەگرنگەکەی دژ بە پێگەی سۆشیالیستە دەوڵەتیەکانی / دەوڵەتخوازەکانی وەکو Louis Blanc و Pierre Leroux دەخاتە ڕوو کە لە ژێر وەهمی گواستنەوەی دەوڵەتی- سەروەردا بوون کە سیحراویانە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت بۆ دەوڵەتی – خزمەتکار کە لە خزمەتی خەڵکدایە، بگۆڕێت. بۆ بەدبەختی، ئەم وەهمە بە فراونی و بە زۆری بڵاوبووەوە و تا ئێستاش وەکو هەموو وەهمەکانی دیکە هەر لەگەڵمانایە ، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤگەلێکی ئازاد و پێگەیشتوو و بەرپرسیار بین، ئەم وەهمە پێویستە ڕەتبکرێتەوە.

پرۆدۆن ئەم تێکستەی لە ساڵی 1848 دا بە فەرەنسی نوسیوە و Benjamin R.  Tucker لە ساڵی 1960 دا وەریگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی. منیش لە دەقە ئینگلیزیەکەیەوە گۆڕیومە بۆ زمانی کوردی.

خوێنەر لە خوێندنەوەیدا پێویستە ئاگادار بێت کە هەندێك بڕگەو ڕستە و وشە کە هاتون، هی خودی دوو نەیارەکەی پرۆدۆنە و پرۆدۆنیش بە تەوسەوە بەرانبەریان، like Louis Blanc و Pierre Leroux ، بەکاری هێناونەتەوە. گەر خوێنەر تێبنی ئەوە نەکات ئەوە ڕەنگە تووشی سەر لێبشێوانبێت کە لە کاتێکدا هەمان تێگەیشتن و چەمك لە لایەن خودی پرۆدۆنەوە و نەیارەکانیشییەوە بەکارهێنراون. لە وەها حاڵەتێکدا خوێنەر وا حاڵی دەبێت ، کە جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو لایەنەدا نییە .

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوەش بلێم ئەم تێکستەی پرۆدۆن بە دیدی ئەنارکیستەکانی ئێستا خاڵی نییە لە سەرنج و ڕەخنە کە ئەمەش لای ئەنارکیستەکان شتێکی ئاساییە، هاوکاتیش بوونی ئەو ڕەخنە و سەرنجانە لە ئەنارکیستیبوونی پرۆدۆن کەم ناکەتەوە. بناخەی بیری ئەو و دژایەتیکردنی بۆ دەوڵەت و دەسەڵات و داکۆکیکردن لە خودی خۆبەڕێوەبەریی و کاری هەرەوەزیانە و گەلکاریی و مافی تاك، تۆسقاڵێك لە بایاخی نوسینەکانی پرۆدۆن سەبارەت بەو پرسانە، کەمناکەنەوە. وەرگێڕ.