یەکی ئایار: مێزی پەڕتووکی ئەنارکیستی

ڕۆژی یەکی ئایار وەک ساڵانی پێشوو لە شاری کۆڵن بە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئاڵمانی و ..تد  مێزی پەڕتووکی ئەنارکیستی دانرایەوە.

Advertisements

“دەنگدان زۆر شت دەگۆڕێت، بەڵام بەرەو خراپترکردن و ڕامبوون و دەستەمۆبوون”

“دەنگدان زۆر شت دەگۆڕێت، بەڵام بەرەو خراپترکردن و ڕامبوون و دەستەمۆبوون”

ھەژێن

٢٨ی ئەپڕیلی ٢٠١٨

 

کاتێك سەد ساڵ لەمەوبەر (ئێما گۆڵدمان – نووسەر و چالاکی ئەنارشیست) گوتی “ئەگەر دەنگدان شتێکی بگۆڕیایە، ئێستا دەمێک بوو، کە قەدەخەکرابوو”.

مەبەشتی ئەو لە شت گۆڕین، گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ بوو لە بەرژەوەندی زۆرینەی زەحمەتکێش؛ ئەگەر نا، دەنگدان زۆر شت بەرەو نیگەتیڤ دەگۆڕێت، لەپێش ھەموو شتەکان، خودی سرووشتی مرۆڤ.

دەنگدان بڕوابوونی مرۆڤ بە خۆی لاواز و نەبوو دەکات و مرۆڤ لە ھێز و توانای خۆی نامۆ و نائومێدی دەکات و ڕام و دەستەمۆی ئەو خۆزگەیەی دەکات، کە “فریادڕەسێك” پەیداببێت و ژیان و دونیای بەدبەختییەکان بۆ ئەو بگۆڕێت.

بەڵام بێجگە لە ھەڵوێستی ھەر کەس بەرانبەر پارلەمان، خودی مێژووی سەدان ساڵەی پارلەمان ئەوەی نیشانداوە، کە پارلەمانتاران نوێنەری پارتییەکان و پارتییەکان خوازیاری مشەخۆری و سەروەریی چینایەتین و لە باشترین بار، پارلەمانتاران دەڵاڵی (نوێنەری | لۆبی) کۆمپانییەکانن و وەک بەکرێگیراوێک ئەو یاسا و خواستانە پەسەندەکەن، کە لە بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و سەرمایەداران و بنەماڵە و پارتییە دەسەڵاتدارەکانن.

ئەگەر ئەزموونی سەدان ساڵەی پارلەمانەکانی ئەوروپا و ئەزموونی بیست و شەش ساڵەی ھەرێمی “کوردستان” بۆ تێگەییشتنی تاکی خۆشباوەڕ و ناھوشیار لە ئامانجی ڕامیاران و پارتییەکان و ڕۆڵی کەتواریی پارلەمانتاران و پارلەمان و بەڵێندەرەکان، ھێشتا بەس نییە، دەکرێت ھەر کەس ئەو دوو پرسیارە لە خۆی بپرسێت:

  • ئەگەر پارلەمانتاریی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ چالاکییەکی بەبێ مووچە و خۆبەخشانە بووایە، ئایا ھیچ ڕامیاراێک، ھیچ پارتییەک و ھیچ بەڵێندەرێک ئامادەدەبوو یەک چرکە لە ژیان و تەمەنی خۆی بۆ پارلەمانتاربوون تەرخانبکات؟

  • ئەگەر مووچەی پارلەمانتارێك ھێندەی یان کەمتر لە مووچەی کرێکارێکی شارەوانی و خزمەتگوزاریی بووایە و لەپێناو سەروەربوون نەبووایە و پارلەمانتار نوێنەر و جێبەجێکەری بڕیاری خەڵک بووایە، ئایا ھیچ ڕامیار و پارتییەک ئامادەدەبوو ئەوەندە خۆی بۆ بەدەستھێنانی پلەی پارلەمانتاریی و دەسەڵاتداریی تێدەکۆشا و نۆرەبرێی دەکرد و ڕامیاران لە یەکدی پاشقولیان دەگرت؟

ئێستا جارێکی دیکە پاش لێکدانەوە و وردبوونەوە لە وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە، کاتی ئەوەیە، کە پەیگیرانە و گۆڕانخوازانە و چالاکانە لەنێو ژیانی خۆمان و لەنێو شوێنی ژیان و کارکردن و خوێندنی خۆمان، لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و یاداوارەییەکانی خۆمان و پێشینانی خۆمان، خەریکی بەدەستھێنانی وەڵامی ئەو دوو پارسیارەی خوارەوە بین و ھەوڵبدەین خۆمان لە تەلیسمی جادووگەریی سیستەمی ڕامیاریی ڕزگاربکەین و بۆ چارەسەری ھەر گرفتێک و بۆ باشترکردنی ھەر شتێک و بۆ بەدەستھێنانی ھەر شتێک، بگەڕێینەوە سەر توانا و وزە و یەکێتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی خۆمان و پشتبەستنەوە بە خۆ و یەکێتی خودە ئازادەکان* :

– ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانە نەرێیە و تۆی دەنگدەر لە من باشتر ئەو شتانە دەزانیت، ئەدی ھۆکاری دەستەمۆمانەوە و ڕامکراویی و خۆشباوەڕیی تۆ چییە؟

– ئایا بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی کۆڵان و گەڕەک و شوێنی کار و خوێندن و خۆڕێکخستن لەنێو گرووپە خۆجێییەکان و پێکھێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ و ئاسۆیییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و کردنیان بە تان و پۆی کۆمەڵی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر و بەرپاکردنی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی* لە کۆیلەمانەوە و چاوەڕوانی لە ڕامیاران و ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری ڕامیاران و سەرمایەداران، دژوارتر و ناکەتواریترە؟

————————————————————————————————–

* کۆبوونەوەی گشتی کۆڵان و گەڕەک و شوێنی کارکردن و خوێندن – پێکھێنانی گرووپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە ئاسۆیی و سەربەخۆ جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان  و ھەرەوەزییە ئابوورییەکان – یەکگرتنەوەی ھەموویان لەنێو تۆڕ و فێدراسیۆنی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان – پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی ناوچەکان لەسەر پایەبوونی گرووپە خۆجێیی و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان – یەکێتی و ھاوپشتی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ناوچەکان لەنێو کۆنفێدراسیۆنێکی ئازادیخواز (دژە-دەسەڵات و -دەوڵەت و -سەروەری)

بەشداریکردن بە مێزپەڕتووک لە ھەشتەمین (٨) ساڵڕۊژی لەدایکبوونی ئۆتۆنۆم-سێنتەری کۆڵن-ئاڵمانیا

مێزپەڕتووکی ئەنارکی بە بە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئاڵمانی لە ھەشتەمین (٨) ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئۆتۆنۆم سێنتەری (نێوەندی سەربەخۆیی) شاری کۊڵن’ی ئاڵمانیا

ڕۆژی ٢١ی ئەپڕیلی ٢٠١٨

سات :  ١٤ پاشنیوەڕۆ – ٢٠ی ئێوارە

ڕۆژی جیھانی ژن و یەکسانی ڕەگەزیی و فێمینیزم و تێڕوانینی ئەنارشیستی*

ڕۆژی جیھانی ژن و یەکسانی ڕەگەزیی و فێمینیزم و تێڕوانینی ئەنارشیستی*

ھەژێن

٦ی مارچی ٢٠١٨

بەرایی:

بۆچوون و تێڕوانینی گشتیی تاکەکانی کۆمەڵ، بەدیاریکراوی ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە نایەکسانی ڕەگەزیی ڕەخنەدەگرن، زۆر بەداخەوە لەژێر ھەژموونی ئایدیۆلۆجیا و ڕەوتە ڕامیارییەکان، زۆر کورتبینانە مێژوو دەبینێت و دەخوێنێتەوە. ئاوا دیتن و خوێنەوەیەک بۆ دیاردە مێژووییەکان وەک شێرپەنجە ئاوەز و ھۆشی کەسەکان گەوجدەکات و کەسەکان تووشی کورتبیینی و نەزانیی لەبۆماوەی مێژوویی دەکات.

ئەگەر لە ھەر یەک لەو کەسانە بپرسدرێت یان بەو جۆرەی کاناڵە میدیاییەکان و مدیای ڕەوتە ڕامیارییەکان و بڵندگۆ ئایدیۆلۆجییەکان وێنایدەکەن؛ سەرچاوە و سەرەتای بیرۆکەی ڕزگاری ژنان و یەکسانی ڕەگەزیی بۆ کەی و کێ دەگەڕێتەوە، یەکسەرە و ڕۆبۆت-ئاسا کۆمەڵێک ناوی کەسیی و پارتیی و ئایدۆلۆجیی ڕیزدەکەن و بە سنگدەرپەڕاندن و شانازیی و لەخۆڕازیبوونەوە، لەسەر پاگەندەکانی خۆیان پێداگرییدەکەن و ناوی شیکاریی “زانستی” و “واقیعیی” و “درووست” بەباڵادەبڕن.

بەبۆچوونی من، ئەوە یەکێک و سەرەکیتیرن پایەی دیاردەی گەوجبوونی ئاوەزیی و ھۆشیی کەسەکانە، نەھامەتی سەردەمی مێگەلبوون و تووتییبوون. سەردەمێک کە دەزگەی گەوجێنەر (تێلەفزیۆن و ڕادیۆ) لەجیاتی ھەمووان بیردەکەنەوە و دەدوێن و بڕیاردەدەن و ئاوەز و ھۆشی کەسەکان کەڕووی ئایدیۆلۆجیی ھەڵدەھێنێت و دەنگە ئاراستەکەرە شادراوە ئایدیۆلۆجیی و ڕامیارەکان لەپشت کاناڵە نیئۆلیبڕاڵ و چەپ و ئایینییەکان تاکەکانی کۆمەڵ ئاراستەدەکەن و توانای بیرکردنەوە و ڕامان لە ئاوەز و ھۆشی گشتیی کۆمەڵ و تاکەکانی دەستێنن و لەنێودەبەن.

ئەگەر نا، ھەموو کەسێکی بە ئاوەز و ھۆش زیندوو ئەوە دەزانێت، ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی وەک بەشێک لە ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتی بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی یەکەمین پێکھاتە و ڕێکخستی قووچکەیی (ئایینی |خێڵەکی) دەگەڕێتەوە و گرێدراو و مانەوەی، وابەستەی مانەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی چینایەتییە و سەرھەڵدانی ناڕەزایەتی و بەرەنگاری و بزووتنەوە دژە- ستەم و -ھەڵاواردن و -نایەکسانی ڕەگەزییەکان بۆ بەرەبەیانی سەرھەڵدانی خودی ئەو ستەمە دەگەرێتەوە و خواستی یەکسانی ڕەگەزیی (یان مرۆیی) بۆ ھیچ کەللەسەرێکی چاکەکار و بەبەزەیی ناگەڕێتەوە و ئافەریدەی ھۆشی یەزدانیانەی ھیچ فیلۆسۆف و تیئۆریککار و ئیدئۆلۆگێک نییە و ھیچ کەس ڕابەر و پێشنیارکەر و داھێنەری ناڕەزایەتی و بەرەنگاریی و بزووتنەوەی دژە-ھەڵاواردنی ڕەگەزیی نییە و لەو بەرەبەیانەوە تاکو ئێستا، خودی ژنان بەرەنگاریکەر و دەنگی ناڕەزایەتی و بزوێنەری ئەو ڕەوتەن؛ ژنانێکی گومناو، ژنانێک کە ھەردەم وەک ئازار و ستەم و ھەڵاواردنەکە پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدەگیردراون، ھەر ئاوا کە دەنگی پڕۆلیتێرە یاخییەکانی پێش و پاشی لەدایکبوونی تیئۆریککارانی سۆشیالیست پەردەپۆش و فەرامۆش و نادیدە گیراوە و دەکرێت، نەک فڵانە خاتوونی توێژی نێوەنجی یان فڵانە خاتوونی خانزاد و دەسەڵاتدار و سەرمایەدار و پارتییباز و ئایدیۆلۆجیگەرا.

پێش ئەوەی ژنانی کرێکار مانبگرن و خوازیاری کرێی یەکسان بن بۆ کاری یەکسان، پێش ئەوەی ژنانی مانگرتوو لەلایەن خاوەن کارخانە بسووتێندرێن و پێش ئەوەی ژنانی پارتییباز ئەو ھەلە بۆ ناوبانگی خۆیان بقۆزنەوە، پێش ئەوەی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی جیھانیی بناسرێت، ھەزاران ساڵ ژنان لەنێو لادێکان و لەسەر کێڵگەکان و لەنێو خێزانەکان دژی سوورانەی سەرۆکخێڵەکان و دژی فەرمان و یاساکانی پەرستگەکان و دژی ملھوڕیی پیاوانی نێو خێزان چرکە بە چرکەی ژیانی خۆیان جەنگیون و وەک تێکۆشەری گومناو ئەشکەنجەدراون و سووتێندراون و مێخکێشکراون و گوند- و شار-بەدەرکراون و زیندانیکراون و ئەتککراون و …تد. بەڵام لەبەرئەوەی کە خودی تێکۆشەرانی ئەو ڕۆژگارانە لە ئاستی دەرککردنی تۆماری ڕوداوەکانی ئەو مێژووە و ھەم سیستەمە فەرمانداریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکە بواری ئەوەی نەداوە، مێژووو و بەرەنگاریی ئەوان بە فەرامۆشیی سپێردراوە و بووە بە خوانی ئامادەی بەردەم ئیدئۆلۆگەکان و کراوەتە بارەتەقای پەڕجووگەرانی ئایدیۆلۆجی.

ھەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیربکرێت، ئەو کاتیش وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون و کەم نەبوون، کە وەک ھەر کۆیلەیەکی دیکە، خەریکی ڕمبازێن بوون بۆ پاراستنی سەوەریی نێرسالاریی و سەروەریی چینایەتی؛ وەک ئێستا ژنانێک ھەبوون، کە بۆ  ڕاکێشانی دڵی سەروەران ھەوڵیانداوە و لە باشترین بار خەریکی ڕیفۆرمکردنی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی بوون؛ ھەر وەک ئێستا و بەدڵنیاییشەوە ھەر وەک ئێستا ژنانێك ھەبوون، کە وزە و ھێز و توانای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنانی چەوساوەیان بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی خۆیان بەکاربردووە؛ ھەموو بوونەکانی ئێستا (ناڕەزایەتی و بەرەنگاری ستەم و ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و خوازیاریی یەکسانی ڕەگەزیی، ناوبانگخوازیی و مشەخۆریخوازیی و دەسەڵاتخوازیی ھەلپەرستان و ..تد) درێژە و گەشە و گشتگیربوونی  دیاردە و بوونەکانی ڕابوردوون، بەڵام بە ڕەھەند و وزە و فراوانییەکی دیکەوە.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە خواستی یەکسانی ڕەگەزیی یان دژایەتی سەروەریی ڕەگەزیی دیاردە و سەرھەڵدانێکی تازە و دەسکردی ھیچ کەس و ڕەوت و ئایدیۆلۆجیایەک نییە، بەپێچەوانەوە، ھەردەم، چ ڕابوردوو و چ ئێستا کەسانی ھەلپەرست بۆ بەدەستھێنانی ناوبانگ و مشە و دەسەڵاتی خۆیان، بزووتنەوە و خواستە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکەنە سەرمایە و پەیژەی سەرکەوتن و گەییشتن بە مەرامە سەروەرییخوازەکانی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئیدئۆلۆگەکانی سیستەمی سەرمایەداری زۆر وردەکارانە و بە شیکاریی دەروونیی خودی کۆیلان (چ ژنان وەک کۆیلەی ڕەگەزیی و چ گشت ژنان و پیاوانی چەوساوە وەک کۆیلەی چینایەتی)، ئامانج و خەونی دژە-ستەمی ڕەگەزیی دەخەنە خزمەت مانەوە و بەردەوامی سیستەمە چینایەتییەکە و ئاراستەی دژە-سەروەریی تێکۆشانی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی وەک بەشێکی سەرەکی لە تێکۆشانی دژە-چینایەتی، دەگۆڕن بە ململانێ و کیندەدۆزیی ڕەگەزیی نێوان ژنان و پیاوان و کردنی نێر یان نێربوون بە ھۆکاری سەرەکی ھەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی و پلە چەندیی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ژنان.

ئاوا ڕودان و زەمینەسازییەک بەرەنجامی زیرەکی و ئەزموونگیریی ئیدئۆلۆگەکانی سەروەریی و  ناھوشیاریی و پاشڕەویی خودی چەوساوانە بۆ پلان و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەوان. ھەر ئاوا کە خودی ستەمی ڕەگەزیی یەکێکە لە ئامرازەکانی بەردەوامی ستەمی چینایەتی و بۆ ئەو مەبەستە ئیدئۆلۆگەکان و نووسەرانی پارێزەری سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی، بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی ژنانی دەسەڵاتخواز زەمینەسازییدەکەن و خەونە سەروەرییخوازەکانی ژنانی بەرتەریخواز و مشەخواز و دەسەڵاتخواز (بەدیاریکراوی دەستەبژێری ژنانی ڕامیار و ئەکادێمیست)  گەورە و بەرجەستە و تیئۆریزەدەکەن؛ فێمینیزمی ئایینی، فێمینی ناسیونالیستی، فێمینیستی دژە-نێرینە، فێمینیستی پارلەمانخواز،فێمینیستی پارتییگەرا و ..تد، کە لە بنەڕەتدا خودی ئەو ڕەوتانە بە درێژایی مێژوو ھۆکاری مانەوە و بەردەوامی ستەمی ڕەگەزیی بوون؛ پایەی پەرەستگەکان بە ملکەچکردنی ژنان ڕۆنراون، سەروەریی خێڵ|”نەتەوە” لەسەر پابەندکردن و کەرەستەکردن و نامووسکردنی ژنان ڕۆنراوە و چێکراوە، پارلەمانگەرایی لەسەر جەستەی مێینە ڕۆنراوە و پارتییایەتی وەک دەزگەی پاراستنی نێرسالاریی دەرکەوتووە و ئێستاش وەك ڕابوردوو  ھەموویان (بەنادیدەگرتنی لایەنە نەرێنییەکانی دیکە) ھێشتا یانەی (کڵاپی) نێرینە و سەرچاوەی شانازیی یەزدانیی و خێڵایەتی و ناسیونالیستی و ڕامیاریی بە نێرسالاریین و ھەر ژنێکیش ئاگا یان نائاگا ببێتە بەشێک لەو دەزگانە، خۆبەخۆ دەبێتە پارێزەری ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ژن و پیاو و ھەر سات و لە ھەموو شوێن دەتوانین لەنێو ئاخاوتن و بڕیار و ڕەفتاری بەشدارانی ئەو دەزگایانە ڕەگەزسالاریی ببینین، بەدیاریکراویی ژنانی فریودراوی نێو ئەو دەزگایانە، کە خراپتر لە نێرینە ناوبانگخواز و دەسەڵاتخواز و مشەخواز و گەندەڵ و ڕامیارەکان، بە ھەست و سۆز و خۆزگە و خەونی یەکسانیخوازانەی ڕەگەزیی ژنان کایەدەکەن و خۆشباوەڕیی ئەوان دەکەنە پەیژەی سەرکەوتنی خۆیان.

فێمینیزم (گەڕانەوە بۆ بنەمابوونی ڕەگەزی مێیینە یان ڕادەی کەم ھاوبەھایی ڕەگەزی مێینە بە ڕەگەزی نێرینە) زیاتر لە ھەموو چەمک و ئاراستە و ڕەوتێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی لە خشتەبراوە و بە دژە-پیاوکردنی گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی سیستەماتیکی سەروەریی چینایەتی و تەنانەت ڕادیکاڵترین ڕەوتی نێو بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی (کە ژنانی ئەنارشیستن) بەجۆرێک سیستەمی چینایەتی بەسەر ھۆش و ئاوەزی ئەوانیش سێبەریکردووە و خەریکە لەنێو ئەوان دەنگانێک پەیدادەبن، کە بزووتنەوەی دژی-ستەمی ڕەگەزیی یان بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی ڕەگەزیی لە کۆی بزووتنەوەی دژە-چینایەتی جیا و جیاوازدەبینن و نێرینە بە ھۆکاری ھەموو بەدبەختییەک دەبینن، کە بە بۆچوونی من، ئەوە نائاگابوونە لە مێژووی ستەمی ڕەگەزیی و ھەڵگر و درێژەپێدەرانی و تەنانەت ڕۆڵی خۆشباوەڕانە یان ھەڵپەرستانەی خودی ژنان لە درێژبوونەوەی و ھەر ئاوا ھەژاریی ئاوەزیی و ھۆشییە، کە چالاکانی ئەم ڕۆژگارە تووش و گیرۆدەی ئەو بۆچوونە ڕەگەزگەراییە بوون.

تێڕوانینی ئەنارکیستان بەگشتی، بە دیاریکراویی ئەوانەی کە لە سەرەتا و نێوەڕاستی سەدەی نۆزدە تاکو ئێستا خۆیان بە تێکۆشەر و بانگدەری ڕزگاری مرۆڤایەتی لە کۆیلەتی چینایەتی ناوبردووە و ناودەبەن، بەجۆرێك ڕادیکاڵترین دەنگەکانی مێژوو بوون و  ھەن و لەنێو ڕەوتە سۆشیالیستییەکان ڕادیکالترین ڕەخنە و بزووتنەوەی دژی ستەمی ڕەگەزی بوون و ھەن. بۆ سەلماندنی ئەوەش بەڵگەنامە و نووسین و بڵاوکراوە** و بزووتنەکانی سەدە و نیوی ڕابوردوو ئەوە نیشاندەدات، کە ئەنارکیستەکان مۆتۆری ڕادیکاڵبوونەوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە چینایەتییەکان بوون و لەنێو ئەوانیش زۆر بە دیاریکراویی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان؛ بزووتنەوەی دژی نێرسالاریی، بزووتنەوەی دژی ھەڵاواردن….تد .

بەڵام دیسان بەداخەوە، لە نێوەی دووەمی سەدەمی ڕابوردووەوە و بەدیاریکراوی لە دەھەی کۆتایی سەدەی ڕابوردوو تاکو ئێستا، گەردەلوولی نەزمی نوێی بازار و ھەژموونی میدیا و زاڵبوونی ئیدئۆلۆگی نیئۆلیبرالیزم، خەریکە بە جۆرێک تێڕوانینی ئەنارشیستی بۆ ڕزگاری ژنان بەرەو ئایدیۆلۆجیابوون و جیابوونەوە لە گشتێتی ڕەوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە-سەروەرییەکان دەبات. ئاوا ھەوڵێک لەنێو ئەو کۆمەڵانەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکو ڕادەی نەبوون و ھەڵوەشانەوە ڕۆییشتوون و ھەر ئاوا ئەو کۆمەڵانەی کە پۆست-دیکتاتۆریی و تاکپارتیین و تازە خەریکە پارلەمانگەریی دەبێتە دیاردەی باو و جێکەوتە، زیاتر بەدیدەکرێت، چونکە زەمینە بازاریی و میدیایی و مێگەلگەراییەکان زۆرتر لەبارترن و لەوێدا ھەموو شت و بوارێک، سەرەنوێڵکی سەرھەڵدان و پەرەسەندنی کێبڕكێی ناوبانگ و  مشەخۆریی و دەسەڵاتداریی و کینەدۆزییە و دەستە شاردراوە و پەرجووگەرەکە زۆر بە ئاسانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵ ئاراساتەدەکات و دەتوانێت ھەمووانی ناھوشیار یان ئایدیۆلۆجیگەر بکاتە سەربازی “في سبیل اللە”ی سیستەمی سەروەریی چینایەتی.

بەڵام سەرباری ئەوەش، سەرباری ھەموو پەراوێزخران و سەرکوتکران و دابڕاندن و لەنێوبردنێک، ھێشتا ئەنارکیستەکان پەیامەدەر و بانگدەر و چالاک و تێکۆشەری گومناوی ڕادیکاڵکردنەوەی بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە دژە-چینایەتییەکانن و ھێشتا بنەماکانی تێڕوانینی ھزر و تیئۆری ئەنارکیستی، ئەستێرەی گەشاوەی ئاسمانی تێکۆشانی دژە ھەڵاواردنی ڕەگەزیی و چینایەتی و پارێزەری ژینگە و گێڕانەوەی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و بەخۆبوونەوەی تاک و گەشەدان بە کولتووریی مرۆڤایەتین.

ئەو پاگەندەیەی سەرەوە، زادەی حەزی من و پێداھەڵدانی ئایدیۆلۆجیانەی خود و بیرکردنەوەی من و  ڕەوتی ئەنارکیستی نییە، بەڵکو زادەی کەتوارێکی مێژووییە، کە ھزر و تێڕوانینی ئەنارکیستی و تێکۆشانی ڕەوتە ئەنارکیستەکان لە گشت ھزر و تێڕوانین و ئاراستە و ڕەوتە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی ئابووریی و ڕامیارییەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەو جیاکردنەوە و گوڵبژێرییەش بۆ بنەماکان و ئامانجەکانی ھزری ئەنارکیستی و پەیکگیریی ڕەوت و بزووتنەوە ئەنارکیستییەکان بە درێژایی دوو سەدەی ڕابوردوو و پێشتریش دەگەڕێتەوە، کە ھەردەم لە ڕێشەوە بۆ چارەسەری گرفت و کێشە و ستەم و نایەکسانی و سەرکوتگەرییەکان گەڕاون و تێکۆشانی خۆیان ئاراستەی پێکھاتەی ڕێکخستنێک کردووە، کە دروستکەر و پارێزەر و بەردەوامکەری ستەم و ھەڵاواردن و ملھوڕیی ڕەگەزی و چینایەتییە؛ پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵ (پێکھاتەی خێزان، فێرگە، کارگە تاکو دەوڵەت) بۆ جێگیرکردن و پاراستنی سەردەست و ژێردەست، فەرماندەر و فەرمانبەر، پێشڕەو و پاشڕەو، بڕیاردەر و ملکەچ، دارا و نەدار، دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات….تد

بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم و تێڕوانین و ڕێگەچارەی ئەنارکیستان بۆ ھەڵاواردنی ڕەگەزیی واوەتر لە ھەر ھزر و بیرۆکەیەکی دیکەی ئازادیخواز و سۆشیالیستی دەڕوات و ڕەگوڕیشە و سەراپای بوونی ستەم و سەروەریی نیشانەدەگرێت. ئەنارکیستەکان ھەبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان بۆ نایەکسانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی مرۆڤەکان دەگێڕێنەوە و نایەکسانی دەسەڵاتی مرۆڤەکانیش بۆ نایەکسانی پێگەی ئابووریی ئەندامانی کۆمەڵ دەگێڕنەوە و پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستنی کۆمەڵیش (خێزان تاکو فێرگە و کارگە و بەڕێوەبردن) بە ڕاگر و پارێزەر و درێژەپێدەری ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانییە ئابووریی و دەسەڵاتیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان دەبینن و تاکو ڕێکخستنی کۆمەڵ و بەشەکانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ لەسەر بناخەی پێکھاتەی قووچکەیی ڕێکخستن بێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ (ڕەگەزیی،ئایینیی، خێڵەکیی، نەژادی، کولتووریی، ئابووریی، دەوڵەتیی) دەمێنێت و زەمینەی دەبێت و بۆ ئەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ نەمێنێت، پێویستە بنەماکانی سەروەریی لەنێوببردرێن و ھەڵبوەشێندرێنەوە، کە نایەکسانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و دەسەڵاتیی مرۆڤن و ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزییش لەسەر ھەمان ئەو بنەمایانە ڕۆنراوە و خۆی پاراستووە و درێژەی ھەیە، کە سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤی لەسەر ڕاگیراوە و ئەو ھۆکارەش ستەم و ھەڵاواردن  و نایەکسانی ڕەگەزیی دەکاتە بەشێک لە ستەمی چینایەتی و بۆ ھەبوونی سەروەریی چینایەتی دەگێڕێتەوە.

بەڵام ئەو بەشبوونە بەو واتایە نییە و نا، کە تاکو بەیەکجاریی ستەم و سەروەریی چینایەتی ھەڵنەوەشێتەوە، ئەگەری لاوازکردن و لەنێوچوون و ھەڵوەشاندنەوەی ستەم و ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی نییە. بێجگە لەوەش، تێڕوانینی ئەنارکیستی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی چینایەتی و لەنێوبردنی پایە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولوتووریییەکانی سەروەریی چینایەتی، تەواو پێچەوانەی تێڕوانینە ئایدیۆلۆجییەکانی پێش و پاشی خۆیەتی و ھەڵوەشاندنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی بە پرسێکی یەک شەو و ڕۆژە و بەرەنجامی کودەتایەک یان گۆڕینی دەسەڵاتدار و سیستەمێکی ڕامیاریی بە یەکێکی دیکە و ئاراستەکردنی ئایدیۆلۆجیانەی کۆمەڵ و لەقاڵبدانی ژییان نابینێت و گۆڕانی سیستەمی کولتووریی-کۆمەڵایەتیی – ئابووریی و ڕامیاریی چینایەتی بۆ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ناچینایەتی بە پرۆسێسێکی بەردەوامی تێکۆشان و بەرەنگاری و ھوشیاربوونەوە و ھەڵکشانی ڕۆشنبیریی و گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و سەراپای ژیان و بیرکردنەوە و جیھانبینی مرۆڤی چەوساوە دەبینێت و بۆ بەدیھێنانی تێدەکۆسێت.

ھەر لەسەر ئەو بنەمایە، بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی نایەکسانی ژن و پیاو، وەک بەرەنگاریکردن و ھەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بنەما کولتووریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوووریی و ڕێکخستنییەکانی سەروەریی چینایەتی (سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ بەگشتی) بە ھەڵگێڕانەوە و گۆڕینی خشت بە خشتی بیرکردنەوە و ڕێکخستنی ڕەگەزیی و چینایەتی دەبێنێت و ھەر لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژن بەشێكی یان نیوەی بوونی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، ئامرازەکان و سەنگەرەکان و شێوازەکانی تێکۆشانی دژ بە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیش ھەمەلایەنە و سەراپاگیری کۆمەڵ دەبن و پایەکانیشی تێکۆشانی ڕۆشنگەریی و کولوتووری و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەبن و پێویستە و ئەوەش ئەرکی تێکۆشەرانەی ژنان دوو لایەنە دەکات، لایەک ئامانج و داخوازییەکان بەسەر پیاوانی ھاوچین و لایەک بەسەر بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵ و وەستانەوە دژی دەسەڵاتی ئایین و کولتوور و نێرسالاریی وەک یەکەکانی سەروەریی چینایەتی، کە لەنێو دەوڵەتی ھاوچەرخ بەرجەستە بووە و دەبێت. چونکە دەوڵەت (لە دەنگدەر و پۆلیس و سوپا تاکو دەگاتە پارلەمان و فەرمانداریی) بە ھەموو جۆرەکانی و لە باڵاترین و ھاوچەرخیترین ئاستی گەشەکردوویی خۆی، ئامرازی پیادەکردن و پاراستنی سەروەریی چینایەتییە و لەنێو ئەویش ھەڵاواردن و نایەکسانی ڕەگەزیی و نەژادی و کولتووریی و ئایینی و ئەگەر لە شوێنێکیش بە پاشەکشێ و گۆڕینی ئاست و شێوەی ھەڵاواردن و سەروەریی بووبێت، ئەوا ھەر بەرەنجامی تێکۆشانی دژە-سەروەریی و دژە-چینایەتیی و ناڕەگەزییانەی چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵ بووە و دەبێت. کەواتە بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ھاوکات بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتییە و ھەر ئاواش بەرەنگاریکردن و لەنێوبردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی چینایەتیی، ھاوکات بەرەنگاریکردنی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزییە و دەبێت، چونکە ھەر دوو ستەمەکە زادەی یەک سیستەم و ڕێکخستنی ڕامیاریی و ئابووریین و تەواوکەری یەکدین و وزەبەخش و ڕاگر و پارێزەری یەکدین و ئەگەر ڕۆژگارێک سەروەریی چینایەتی بۆ مانەوەی خۆی ناچاربکرێت، زۆر ئاساییە ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی پێچەوانە بکاتەوە و چەند ھەزار ساڵێکیش بە ژنسالاریی بە بوونی خۆی درێژەبدات.

وەک دەزانین  ودەبینین، ژن منداڵە، خوێندکارە، دایکە، جوتیارە، کرێکارە، مامۆستایە، فەرمانبەرە، نەدارە، بێدەسەڵاتە … ( پڕۆلیتێرە) و ھاوکاتیش لەنێو ھەموو ئەوا بوارانە بێجگە لە چەوسانەوە چینایەیییەکە، وەک ڕەگەز دەچەوسێتەوە و برا و باوک و ھاوسەر و ھاوکار و ھاودەردە نێرینەکەی دەکرێتە مەقاشی ئەو چەوسانەوەیە، کەواتە ژن بۆ ڕزگاربوون ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو پیکھاتە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و بەڕێوەبەرییانە بۆ ڕزگاربوونی خۆی بگەڕێت و لەسەر گۆی زەمین بستێک شوێن لە دەرەوەی سەروەریی ڕەگەزیی و چینایەتی و ملھوڕیی دەوڵەت نەماوەتەوە، تاکو ژنان لە باری خۆدابڕاندنی ڕەگەزیی، کە خۆکوژیی ڕەگەزیی و مرۆییە، کۆمونە ھاوڕەگەزییەکانی خۆیان درووستبکەن و لە ئاوا شوێن و سەردەمێک ژنیش وەک پیاوی چەوساوە و مرۆڤایەتی نەدار- و بێدەسەڵات-کراو (پڕۆلیتێر) بە ھەڵبژاردنی لایەک لە دووڕیانی : (خۆڕزگارکردن لە سەروەریی) یان (کۆیلەمانەوە بۆ سەروەەریی) سزاوارە و ڕزگاربوون بەبێ لێدان لە بنەما کولتووریی و ئایدیۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و پێکھاتەیی و دەزگەییەکان، خەونی خواردنی کولیچە دەبێت لەنێو ئەفسانەی بەھەشتی ئاسمانەکان.

دیسانەوە، ئەوە بە واتایە نییە، کە ژنان نابێت ڕێکخراو و گرووپی تایبەت بە خۆیان لەنێو پێکھاتەی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان ھەبێت، نا، بەپێچەوانەوە ھەبوونی ڕێکخراوە و گرووپە پاگەندەیی و ھوشیاربەخشەکان لە شوێنەکانی کار و ژیان و خوێندن و ..تد، پێداویستیی بێچەندوچوونن و تەنانەت بۆ ھوشیارکردنەوە و داچڵەکاندنی پیاوانی چەوساوە و ھاودەم و ھاوچین پێویستن. بەڵام ئەگەر ئەو ڕێکخراوە و گرووپانە کەمتر لە ئامرازی ھوشیارکردنەوە و پاگەندەی دژە-سەروەریی ڕەگەزیی بڕۆن و واوەتر لە گرووپ و ڕێکخستنی ھوشیاربەخش بن، دیسان دەبنەوە بەشێک لە ھەوڵە ئیدئۆلۆگییە بۆرجوازییەکان و دەبنەوە بە کوتەک و جەلاد و ئاراستەکەری خودی ژنان و دەبنەوە بە بەرھەمھێنەرەوەی سەروەریی مرۆڤ لەسەر مرۆڤ و لە باشترین باردا دەبنە سەروەری مێینە لەسەر ژنان و جێگەی سەروەرانی نێرینە دەگرنەوە، ھەر بەو جۆرەی کە ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین، کە فێمینیستانی ئایینگەرا و ناسیونالیست و لیبڕاڵ بۆ ئاراستەکردنی ئاوەزی ژنانی ڕزگاریخواز ھەوڵدەدەن و (بەڕێوەبەربوون) و (پارلەمانتاربوون) و (سەرمایەداربوون) و سەروەربوونی ژنانێک بە ڕێگەچارەی ڕزگاری ژنان و نەمانی ھەڵاواردن و ستەم و نایەکسانی ڕەگەزیی ژنان وێنادەکەن.

ئاوا بۆچوون و تێڕوانینێک مرۆڤی خۆھوشیار و بەئاوەز ڕووبەڕووی پرسیارێک دەکاتەوە؛ ئایا جیاوازی ھەیە و چییە، کە (ھاوڕەگەزێک، ھاونەژادێک، ھاوزمانێک، ھاوئایینێک، ھاوکولتوورێک) یان (ناھاوڕەگەزێک، ناھاونەژادییەک، ناھاوزمانێک، ناھاوئایینێک و ناھاوکولتوورێک) مشەخۆری ڕەنج و سەرکوتگەر و سەروەری مرۆڤ بێت؛ ئایا سەروەریی ھەر سەروەریی نییە و دیوەکەی دیکەی ملکەچی و کۆیلەتی ئەوانی دیکە نییە؛ ئایا ڕەگەز و زمان و ئایین و نەژادی جەلادێک ھیچ لە ئازار و ئەشکەنجە و ستەم و کوشتنی مرۆڤی چەوساوە دەگۆڕیێت؟

——————————————————————————

* یان بەڕادەی کەم، ئەوە تێڕوانینی من دەبێت.

** سیمبۆلی ئەنارشۆ-فێمیستەکان ؛ بڵاوکراوەی یەکەمین گرووپی ئەنارشۆ-فێمینیست لە ئاستی جیھان : دەنگی ژن، ساڵی ١٨٩٦-١٨٩٧ لە بۆینس ئایرس (ئەرجەنتین) و دواتر ١٨٩٩ لە (ڕۆساریۆ) بڵاودەکرایەوە. ھەر ئاوا ڕۆژنامەی (نە یەزدان، نە خاوەن کار، نا ھاوسەر) لەو ساڵانە بڵاودەبووەوە:

https://en.wikipedia.org/wiki/La_Voz_de_la_Mujer

scaled_full_4b287be9709d5abaecc5

نێستۆر ماخۆ گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست*

وەرگێرانی : ھەژێن

گه‌ریلایه‌کی ئه‌نارکیست، که‌سێک که‌ ناوی بوو به‌ هاوپێچی ناوی کۆمونه‌ کرێکاریی و جوتیارییه‌کانی ئۆکرانیا *

نێستۆر ماخۆ Nestor Makhno که‌سێک بوو، که‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌ربازیی له‌شکری بزاڤی ئه‌نارکیستی ناسراو به‌ بزاڤی ماخنۆڤیستی Makhnovist movement – Makhnovshchina دەکرد.

ئەو بزاڤه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شۆڕشی (ڕوسیه‌)ی ١٩١٧ بوو له‌ ئۆکرانیا، له‌وێنده‌رێ شۆڕش شێوه‌یه‌کی ئازادیخوازانه‌ی له‌خۆگرت و کرێکاران و جوتیاران دژی له‌شکره‌کانی تزاری و دژه‌-شۆڕش و بۆلشه‌ڤیکه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان جه‌نگین.

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno  ٢٧ی ئۆکتۆبەری ١٨٨٩ لە ئۆکرانیا لەدایکبووە، ٢٥ی جولای ١٩٣٤ لە فه‌ره‌نسه‌ مرد.

بزاڤی ماخنۆڤیست به‌ناوی (ماخنۆ) ئه‌نارکیستی ئۆکرانیایی ناونراوە، ئه‌وێک که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی لەنێو‌ ئەو بزاڤه‌که‌ گێڕا. له‌ ڕاستیدا ماخنۆڤیستا Makhnovshchina پیت به ‌پیت ده‌کاته‌ بزاڤی ماخنۆ و بۆ هه‌میشه‌ ناوی ئەو لەتەک‌ شۆڕشی‌ هەرێمی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا‌ گرێیخواردووه‌. ئەی ماخنۆ کێ بوو؟

نێستۆر ئیڤانۆڤیچ ماخنۆ Nestor Ivanovich Makhno ‌ ٢٧ی ئۆکتۆبه‌ری ١٨٨٩ له‌ هولیای پۆله‌ Hulyai Pole شارۆچکه‌یه‌کی سی هەزار ٣٠.٠٠٠ که‌سیی له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆکرانیا له‌دایکبووه‌، که‌ کۆمه‌ڵێک فیرگه‌ و کارگه‌ی تێدا ھەبوو.

ماخنۆ کوڕی خێزانێکی هه‌ژاری جوتیاریی بوو. کاتێک که‌ ئەو ته‌مه‌نی ده (١٠)‌ مانگ بوو، باوکی مرد، ژیانی ئەو و چوار براکه‌ی دیکەی که‌وتۆته‌ سه‌رشانی دایکیان. له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داریی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری خێزانه‌که‌ی، ناچار ماخنۆ له‌ تەمەنی حه‌وت ساڵیی خەریکی‌ شوانکاره‌یی بووه‌. له‌ تەمەنی هه‌شت ساڵیی له‌ فێرگه‌ی سه‌ره‌تایی (هولیای پۆله)‌ کەوتووەتە خوێندن و به‌ زستانان خوێندویه‌تی و به‌ هاوینان لای دارا  (زەمیندار و کارخانەدارە) نێوخۆییه‌کان کاری کردووه‌. کاتێک که‌ ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ دوازده‌ (١٢) ساڵان له‌ خوێندن وازیهێناوه‌ و به‌ ته‌واو کاتیی وه‌ک کرێکاری کشتوکاڵی له‌سه‌ر زه‌ویوزاری خانزاده‌ و کێڵگه‌ داگیرکراوه‌کانی ژێرچه‌پۆکی کۆلاکەکان‌ (جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندەکان‌)ی ئاڵمانیا کاریکردووه‌. له‌ته‌مه‌نی هه‌ڤده‌ ساڵیی له‌ (هولیای پۆله)‌ سه‌ره‌تا وه‌ک شاگردی وێنه‌کار و پاشان وه‌ک کرێکارێکی بێپیشه‌ له‌نێو کارخانه‌یه‌کی ئاسنگەریی کەوتووەتە کارکردن و دواجار وه‌ک ئاسنڕێژه‌ر (ئاسنساز) له‌ هه‌مان ڕشته‌ بەردەوامبوو.

هه‌ر ئه‌و کاته‌، که‌ له‌ پیشەی ئاسسازی کاریده‌کرد، به‌شداری ڕامیاریی شۆڕشگێڕانەی‌ کرد.‌ ساڵانی ناجێگیری پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕوسیه‌، ماخنۆ لەتەک‌ ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ تێکەڵبوو. ئەو بڕیاره‌ی ئەو بۆ ئه‌زموونه‌کانی خۆی لەبارەی سته‌م له‌ شوێنی کار و دیتنه‌کانی ئەو له‌ تیرۆرکارریی ڕژێمی ڕوسی کاتی ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٠٥ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ( ئه‌و کاته له‌ ‘هولیای پۆله’ بارگرژییه‌کی ئاوا له‌ئارادانه‌بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ ڕژێم هه‌ژمارێکی زۆری له‌ هێزی پۆلیسی-دابڕی بۆ سه‌رکوتکردنی کۆبوونه‌وه‌ و کۆڕ و کۆمەڵەکان و بۆ چاوترسێنکردنی ڕێبواران و لێدانی زیندانیان به‌ قۆنداخه‌ تفه‌نگ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی‌ شارۆچکه‌که‌ نارد). ساڵی ١٩٠٦ ماخنۆ بڕیاریدا به‌ گروپێکی ئه‌نارکیست له‌ (هولیای پۆله‌) په‌یوه‌ستبێت، گروپێک که‌ ساڵێک له‌وه‌وپێش به ‌زۆری له‌ لاوە جوتیاره‌ هه‌ژاره‌کان پێکهاتبوو.

کۆتایی ساڵی ١٩٠٦ و سەرەتای ساڵی ١٩٠٧ ماخنۆ به‌تۆمه‌تی کوشتنی ڕامیارانه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا، به‌ڵام بەھۆی له‌ده‌ستدانه‌بوونی به‌ڵگه‌ بۆ ئەو تۆمه‌ته‌، له‌ زیندان هاته‌ده‌ر. ساڵی ١٩٠٨ به‌تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو له‌لایه‌ن پۆلیسێکی سیخور له‌نێو گروپه‌که‌ ده‌ستبه‌سه‌رکرا و خرایه‌ زیندان‌. مارچی ١٩١٠ ماخنۆ و سیازده (١٣)‌ که‌سی دیکە له‌نێو دادگه‌یه‌کی سه‌ربازیی سزای له‌ سێداره‌دانیان بۆ بڕدرایه‌وه‌. ماخنۆ به‌هۆی که‌می ته‌مه‌ن و هه‌وڵ و تێکۆشانی دایکی‌، سزای له‌ سێداره‌دانه‌که‌ی گۆڕدرا به‌ زیندانیی هه‌میشه‌یی لەتەک کاری سه‌خت. له‌ ماوه‌ی زیندانیبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی Butyrki له‌ مۆسکۆ، به‌ هه‌موو شێوازێکی له‌به‌رده‌ست و گونجاو به‌رهه‌ڵستی دەسەڵاتدارانی زیندانه‌که‌ی ده‌کرد، هه‌ر به‌هۆی ئەو به‌رهه‌ڵستیی-کردنەیه‌وه‌ زۆربه‌ی ماوه‌ی زیندانییبوونه‌که‌ی به‌ زنجیرکراوی یان له‌نێو سیاچاڵه‌ سارد و شێداره‌کان به‌سه‌ربرد. ئەو ئه‌زموونه‌ ڕکوکینه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ماخنۆی له‌ زیندانه‌کان زیاتر کرد ( دواتر له‌ سه‌رده‌می شۆڕش، یه‌که‌مین ئه‌رکی ئەو لەتەک گه‌یشتنی به ‌هه‌ر ‌شار و‌ شارۆچکه‌یه‌ک، ئازادکردنی زیندانییه‌کان و وێرانکردنی زیندانه‌کان بوو).

ماخنۆ له‌ ماوەی زیندانییبوونه‌که‌ی له‌نێو زیندانی بوتیرکی لەتەک پیته‌ر ئارشینۆڤ Peter Arshinov هاوزیندانییه‌کی ئه‌نارکیست، که‌ دواتر بوو بە‌ چالاک و مێژوونووسی بزاڤی ماخنۆڤیستی، بوون بە هاوەڵی یەکدی. پیته‌ر ئارشینۆڤ ساڵی ١٨٨٧ له‌ شارۆچکه‌ی پیشه‌سازیداری کاتێرینۆسڵاڤ Katerinoslavی ئۆکرانیا له‌دایکبووبوو. باوکی کرێکاری کارخانه‌ و کانەکان بوو. پیته‌ر ئارشینۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆڵشه‌ڤیک بوو و ساڵی ١٩٠٦ بووبوو به‌ ئه‌نارکیست، له‌نێو ڕێکخستنی کرێکاران و کاری کارخانه‌ دژی ڕژێمی تزاریی ڕۆڵێکی ڕابه‌رانه‌ی دەگێڕا. ساڵی ١٩٠٧ ده‌ستبه‌سه‌ر کراو به‌ مردن سزادرا و به‌ره‌و ئۆروپای خۆراوایی هه‌ڵهات. ساڵی ١٩٠٩ گه‌ڕایه‌وه‌ ڕوسیه‌ و دووباره‌ زیندانییکرایەوە و دیسانه‌وه‌ هه‌ڵهاته‌وه‌. ساڵی ١٩١٠ جارێکی دیکە دەستگیرکرا و خرایه‌ زیندانی بوتیرکی و له‌وێنده‌رێ بوو، که‌ لەتەک ماخنۆ ئاشنابوو. هه‌ر دوو ئه‌نارکیست هاوه‌ڵێتییه‌کی که‌سیی و ڕامیاریی توندوتۆڵیان پێکهێنا و ئاڕشینۆڤ له‌ په‌ره‌دان و قوڵکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ ئه‌نارکیستییه‌کان بە ماخنۆ کۆمه‌کیکرد.

ڕۆژی ٢ی مارچی ١٩١٧ پاش هه‌ش ساڵ و هه‌شت مانگ مانه‌وه‌ له‌نێو زیندان، ماخنۆ لەتەک زیندانییه‌ ڕامیاره‌کانی دیکە وه‌ک سه‌ره‌نجامی شۆڕشی فێبریوه‌ری ئازادبوو. پاش به‌سه‌ربردنی سێ (٣) هه‌فته‌ له‌ مۆسکۆ لەتەک ئه‌نارکیسته‌کانی ئه‌وێنده‌رێ، ماخنۆ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هولیای پۆله‌. وه‌ک تاقه‌ زیندانییەک که‌ به‌هۆی شۆڕشه‌وه‌ بۆ نێو خێزانه‌که‌ی گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌نێو شارۆچکه‌که‌ی لە ماخنۆ ڕێزده‌گیردرا. پاش ساڵانێک له‌ زیندانییبوون و ئەشکەنجە، ماخنۆ وه‌ک هه‌رزه‌کارێکی چالاکی بێپێشینه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵکو وه‌ک ئه‌نارکیستێکی په‌روه‌ردەبوو‌ و جه‌نگاوه‌ر هاوڕای بیرۆکەی بەهێز لەبارەی ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تیی و ڕامیاریی شۆڕشگێڕانه‌ گەڕایەوە، ئەو بیرۆکانەی که‌ ده‌ستبه‌جێ بۆ پیاده‌کردن ده‌گونجان. ماخنۆ کاتێک که‌ له‌ هولیای پۆله نیشته‌جێبوو، به‌زوویی خۆی بۆ کاری شۆڕشگێڕانه‌ ته‌رخانکرد. ئه‌ندامه‌کانی دیکەی گروپه‌ ئه‌نارکیستییه‌که‌ و ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ جوتیاران چوونە سه‌ردانی ئەو. پاش گۆڕینه‌وه‌ی بۆچوون و تێروانین لەتەک ئەوان، پێشنیاری ده‌ستبه‌جێ ده‌ستکردن به‌ کاری ڕێکخراوه‌یی بۆ گرێدانه‌وه‌ی جوتیارانی هولیای پۆله‌ و ده‌وروبه‌ری لەتەک گروپه‌ ئه‌نارکیسته‌کان. ڕۆژی ٢٨-٢٩ی مارچ به‌ سه‌رپه‌رشتکا‌ری ماخنۆ یه‌کێتی جوتیاران پێکهات. پاشان له‌نێو گوند و شارۆچکه‌کانی دیکەی ناوچه‌که‌ یه‌کێتی له‌و چه‌شنه‌ی ڕێکخست. ماخنۆ ڕۆڵێکی سه‌رکه‌وتوو و به‌رچاوی لەنێو‌ مانگرتنی کرێکارانی دارتاشی و کانه‌کان له‌نێو کارخانه‌یه‌ک، که‌ هی پیره‌ خاوه‌نکاره‌ پێشووییه‌که‌ی خۆی بوو (ئەو تێکشکانه‌ ئاوای له‌ خاوه‌نکاره‌کانی دیکە کرد، مل به‌ داخوازی کرێکاره‌کانیان بده‌ن).‌ هه‌مان کات جوتیاره‌کان ئاماده‌نه‌بوون به‌ خاوه‌ن زەمینەکان کرێ بده‌ن[١].

ئه‌نجوومه‌نه‌ ناوچه‌ییه‌کانی جوتیاران له‌ ناوچه‌ی هولیای پۆله‌ و ناوچه‌کانی دیکە ڕاگه‌یێندران، ھەر ئاوا  ڕۆژی ٥-٧ی ئۆگوست کۆنگرەی هه‌رێمیی له‌ کاتێرینۆسلاڤ Katerinoslav بڕیاریدا، سه‌رله‌نوێ له‌نێو سۆڤییه‌ت و کۆمونە‌کانی جوتیاران و نوێنه‌رانی کرێکاران یه‌کێتییه‌ جوتیارییه‌کان ڕێکبخاتەوە.

به‌و شێوه‌یه‌ ماخنۆ و هاوکاره‌کانی “به‌هیوای خێراکردنی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دارایییه‌ گه‌وره‌کان”، پرسه‌ ڕامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان لەتەک ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ئامێتەکرد.[٢] له‌ هولیای پۆله‌، بەراورد بە شوێنه‌کانی دیکە شۆڕش خێراتر ده‌بزووت (بۆ نموونه‌، له‌ کاتێکدا که‌ سۆڤیه‌تی ئه‌لێکساندرۆڤسک Aleksandrovsk له‌ پیترۆگراد‌ ڕۆژانی جولای له‌ کاره‌کانی فەرمانداریی کاتیی پشتیوانیانده‌کرد، به‌ڵام له‌ هولیای پۆله‌ بۆ هاوده‌نگیی و پشتیوانیکردنی سه‌ربازانی یاخی و کرێکاران کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دەکرێت). جوتیاران له‌ گشت لایه‌که‌وه‌ بۆ به‌ده‌سهێینانی ڕێنوێنی و کۆمه‌ک له‌لایەن نێوەندە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ نزیکه‌کانیان (بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان/ Volosts)‌ به‌ره‌و (هولیای پۆله)‌ دەچوون. چینی جوتیاران ده‌یویست ده‌ستبه‌سه‌ر زه‌مینی زه‌ویداره‌ گه‌وره‌کان و کۆلاکه‌کان بگرێت. ماخنۆ ئەو داخوازییه‌ی لەنێو‌ یه‌که‌مین دانیشتنه‌کانی سۆڤیه‌ته‌ هه‌رێمییه‌کان پێشکه‌شکرد، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هولیای به‌رزکرایه‌وه‌. مانگی ئۆگوست، ماخنۆ گشت داراکان [موڵکدارە]‌ نێوخۆیی و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندە‌کانی kulaks بانگهێشتکرد و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کانی دارایی زه‌وی، وڵاخ و ئامێری لە ئەوان سه‌ندنەوە. لیستی داراییه‌کان چێکراو و وه‌ک ڕاپۆڕتێک بۆ دانیشتنی سۆڤیه‌تی ناوچه‌که‌ و کۆبوونه‌وه‌ی هه‌رێمیی به‌رزکرایه‌وه‌. له‌وێدا لەسەر ئەوە بڕیاردرا، که‌ هه‌موو زه‌مینه‌کان و وڵاخ و ئامیره‌کان به‌یه‌کسانی دادەبه‌شێنرێن و دابه‌شکردنه‌که‌ش خودی خاوه‌نزه‌وییه‌کانیشی ده‌گرته‌وه‌. ئەوە‌ نێوەڕۆکی پرۆگرامی کشتوکاڵیی بزووتنه‌وه‌ی ماخنۆڤیستی بوو، واته‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی تایبەتی داراکان و کۆلاکه‌کان. هیچ کەس مافی ئەوەی نه‌بوو، زیاتر له‌وه‌ زه‌وی ھەبێت، که‌ ده‌توانێت به‌خۆی لەنێو کاربکات، بەبێ ئه‌وه‌ی که‌سێکی دیکە به‌کرێبگرێت. ئەوە‌ هه‌مووی به‌رهه‌ڵستکاری بوو بەرانبەر فەرمانداریی کاتیی که‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێدا‌گرییدەکرد، ئەو پرسانه‌ گشت کاری ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌رانن‌ Constituent Assembly. هه‌ر بەو جۆرە کۆمونه‌ ئازاده‌کان له‌سه‌ر  زەمین و دارایی خاوه‌نزوه‌وییه‌ کۆنه‌کان  پێکهاتن.

به‌شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو جێبه‌جێکردنی ئەو بڕیارانه‌ به‌هۆی به‌رهه‌ڵستیکردنی خاوه‌نزه‌وی و کۆلاکه‌کان ‌دواخرا، که‌ خۆیان ڕێکخستبوو و په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کاتییه‌وه‌ کردبوو. کاتێک که‌ جه‌نه‌راڵ کۆڕنیلۆڤ Kornilov هه‌وڵیدا بۆ سه‌ر پترۆگراد له‌شکرکێشیبکات و ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌بگرێت، سۆڤیه‌تی (هولیای پۆله‌) به‌ڕابەری ماخنۆ به‌ پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌ک بۆ ڕزگارکردنی شۆڕش ده‌ستپێشخه‌ریکرد. ئامانجی سه‌ره‌کی چه‌ککردنی دوژمنه‌ نێوخۆییه‌کان (خاوه‌نزه‌وییه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کۆلاکه‌کان) بوو، هه‌ر ئاوا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دارایی ئەوان له‌سه‌ر سامانه‌کانی خه‌ڵکی: زه‌مین و کارخانه‌ و کێڵگه‌کان و کارخانەکانی چاپه‌مه‌نی و شانۆکان و هیدیکەیش. ڕۆژی ٢٥ی سێپتێمبه‌ر کۆنگری بەڕێوەبەرایەتییە سۆڤیه‌ته‌کان و ڕێکخراوه‌کانی جوتیاران له‌ هولیای پۆله‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌مینی داراکان و گۆڕینی به‌ دارای کۆمه‌ڵایه‌تی [گشتی] ڕاگه‌یاند. هێرش بۆ سه‌ر دارایی داراکان و جوتیاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان (لەنێوان ئەوانیش داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان) ده‌ستیپێکرد و دەستکرا به‌ لێسەندنەوەی دارایی داگیرکەران  ( زه‌مینداره‌ گه‌وره‌کان و داگیرکه‌ره ‌ئاڵمانه‌کان).

کاتێک که‌ فەرمانداریی ڤلادیمیر لێنین به‌هاری ساڵی دواتر ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovskی واژۆکرد، چالاکییه‌کانی ماخنۆ ڕاگیران. ئەو ڕێکه‌وتننامه‌یه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئیمپراتۆری ڕوسی بەدیاریکراویی (ئۆکرانیا)ی لە بەرانبەر ئاشتی به‌ ئاڵمانیا و نه‌مسا به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێکه‌وتننامه‌که‌ داگیرکردنی ئۆکرانیای له‌لایه‌ن هه‌ژمارێکی گه‌وره‌ی هێزی ئاڵمانی و نه‌مساوی‌ پەسەندکردبوو، که‌ سه‌راپای وڵاته‌که‌ی له‌ ماوه‌ی که‌متر لە سێ مانگ داگیرکرد. ماخنۆ له‌ پێکهێنانی یه‌که‌ سه‌ربازییه‌کان، که‌ هەزار و حەوت سەد (١٧٠٠) که‌سیان ده‌گرته‌خۆ، سه‌رکه‌وتوو بوو. بەڵام نه‌یتوانی به‌ داگیرکردنی هولیای پۆله‌ بەربگرێت. پاش کۆنگریسی ئه‌نارکیستان کۆتایی ئه‌پریلی هەمان ساڵ له‌ تاگانڕۆگ Taganrog، کۆنگرەکه‌ بڕیاری ڕێکخستنی یه‌که‌ی جه‌نگاوریی بچووکی پێکهاتوو له‌ پێنج (٥) تاکو ده‌ (١٠) جوتیار و کرێکار، کۆکردنه‌وه‌ی چه‌ک له‌ دوژمن و هه‌ڵخرانی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ریی جوتیاران دژی هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مسا و ناردنی گروپێکی بچووک بۆ ڕوسیای سۆڤیه‌تی به‌ پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت، که‌ له‌وێنده‌رێ شۆڕش و ئه‌نارکیسته‌کان له‌ژێر سایه‌ی بۆلشه‌ڤیکه‌کان لەتەک چی ڕووبەڕوون.

ماخنۆ یه‌کێک بوو له‌ گروپه‌که‌.  مانگی‌ جونی هەمان ساڵ ماخنۆ گه‌یشته‌ مۆسکۆ. ئەو ده‌ستوبرد چاوی به‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌نارکیسته‌کانی ڕوسیه‌ (لەنێو ئەوان هاوه‌ڵی دێرینی خۆی ‘پیته‌ر ئارشینۆڤ’ ) که‌وت. بزاڤی ئه‌نارکیستی له‌ مۆسکۆ لاواز بووبوو، به‌هۆی هێرشی (چێکا) ده‌زگه‌ی ئاسایشیی بۆلشه‌ڤیکه‌کان Bolshevik secret service the Cheka مانگی ئه‌پریل بڕبڕه‌ی پشتی بزووتنه‌وه‌که‌ شکابوو، هەر بەو جۆرەش‌ ‌هێرشی ڕامیاریی چه‌پ بۆ سه‌ر بۆلشه‌ڤیکه‌کان تێکشکابوو. بۆ ماخنۆ که‌ له‌ ناوچه‌یه‌که‌وه‌ هاتبوو،‌ ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێکخراوبوون شتێکی جێکه‌وته‌بوو، لاوازیی ئاستی چالاکیکردن بۆ ئەو شتێکی ته‌کانده‌ربوو. بۆ ئەو مۆسکۆ وه‌ک پایته‌ختی شۆڕشێکی کارتۆنیی بوو، کارخانه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو که‌ لەنێو ئەو بڕیار و دروشمی‌ نێوەڕۆک خاڵیی تاک-پارتییەکی ڕامیاریی لەوێندەرێ‌ ده‌رده‌چوون، پارتییەک که‌ به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و خۆسه‌پاندن خۆی گه‌یانده‌ پله‌ی فەرمانداریی.[٣] هه‌ر ئاوا ماخنۆ ئه‌نارکیستی ناسراو ‘پیته‌ر کرۆپۆتکین Peter Kropotkin’ی سەردانیکرد، له‌ته‌ک ئەو لەبارەی کاری شۆڕشگێڕانه‌ و بار و دۆخی ئۆکرانیا ڕاوێژیکرد.

کاتێک که‌ ماخنۆ له‌ مۆسکۆ بوو، ھەر ئاوا‌ لێنین Lenin دیت. ئەو دانیشتنه‌ به‌ ڕێکه‌وت بوو. ئەو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ و خواردنی خۆڕایی سه‌ردانی کرێملین Kremlin ده‌کات، له‌و سه‌ردانه‌ سه‌رۆکی کۆمیته‌ی سه‌رتاسه‌ریی ڕوسیه‌ی نێوەندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سۆڤیه‌ته‌کان ژاکۆڤ م. سڤێردلۆڤ Jakov M. Sverdlov ده‌بینێت، هه‌ر ئه‌ویش چاوپێکه‌وتنی ماخنۆ و لێنین دەڕەخسێنێت. لێنین له‌ ماخنۆ دەپرسێت “جوتیاره‌کانی ناوچه‌که‌ت چۆن له‌ دروشمی گشت ده‌سه‌ڵات بۆ سۆڤیه‌ته‌کان له‌ دیهاته‌کان تێگه‌یشتوون؟ “، وەک ماخنۆ خۆی دواتر دەڵێت،‌ لێنین به‌ وه‌ڵامه‌کی ئەو سه‌ری سوڕده‌مێنێت ” جوتیاره‌کان به‌ شێوازی تایبه‌تیی خۆیان له‌و دروشمه‌ تێگه‌یشتوون. بەگوێرەی لێکدانه‌وه‌ی خۆیان. هه‌موو دەسەڵاته‌کان له‌ هه‌موو ناوچه‌ ژیارییه‌کان بۆ خودی جوتیاران و کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکە دەگەرێنەوە، پێویسته‌ هه‌ست به‌ هه‌مان ده‌رکی هوشیاریی و لێهاتوویی خه‌ڵکی کرێکار بکرێت. جوتیاران له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، که‌ سۆڤیه‌ته‌کانی کرێکاران و جوتیارانی دێهات، وڵات و ناوچه‌کان، بریتین له‌ ئامرازه‌کانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕانه‌ و خۆبەڕێوەبەرایه‌تییه‌ ئابوورییه‌کانی خه‌ڵکی جوتیار و کرێکار بۆ تێکۆشان دژی بۆرجوازی و بەکرێگیراوانی ئەو و سۆشیالیسته‌ ڕاستڕه‌و و فەرماندارییه‌ هاوبه‌شه‌که‌یان”.

لێنین له‌ وەڵامی ئەوە‌ ده‌ڵێت ” ده‌ی باشه‌، که‌واته‌ جوتیارانی ناوچه‌که‌ت تووشی ئه‌نارکیزم بوون!”[٤] دواتر لە درێژەی‌ گفوگۆکە، لێنین  ده‌ڵێت “ئایا ئه‌نارکیسته‌کان له‌نێو که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ، هه‌رگیز ددان به‌ که‌مایه‌تیبوونی خۆیان ده‌نێن؟ بۆچی هیچ کاتێک بیر لە ئەوە ناکه‌نه‌وه‌”. ماخنۆ له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت ” هاوڕێ لێنین، بەڵام پێویسته‌ من بە تۆی ڕابگه‌یێنم، ئه‌و پاگانده‌یه‌ت، که‌ ئه‌نارکیسته‌کان له‌ که‌تواری دونیای هاوچه‌رخ تێناگه‌ن، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌کی که‌توارییان لەتەک دونیای ھاوچەرخ نییه‌ و …تد، له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌ ئۆکرانیا … ئه‌ناکۆ-کۆمونیسته‌کان ده‌ڵێم، بۆ ئه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌داوه‌، که‌ ڕیشەیان له‌نێو کەتواری ئێستا داکوتاوه‌. سه‌راپای تێکۆشانی شۆڕشگێڕه دێهاتنشینه‌‌کانی ئۆکرانیا دژی کۆبوونەوەی نێوەندیی Central Rada له‌ژێر ئاراستە‌ی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان به‌ زۆری و به‌ڕاده‌یه‌کیش سۆشیالیسته‌ شۆڕشگێڕه‌کان بەڕێوەبراوه‌ … بۆلشه‌ڤیکه‌کانی تۆ بۆ ده‌رمانیش لەنێو‌ دێهاته‌کانی ئێمه‌ بوونیان نییه‌. به ‌جۆرێک که‌ کاراییان تاکو ڕاده‌ی نه‌بوون دابه‌زیوه‌. نزیکه‌ی گشت ئه‌نجومه‌نه‌کانی جوتیاران و کۆمونه‌کان له‌ ئۆکرانیا به‌ هه‌ڵخرانی ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان پێکهاتوون. تێکۆشانی چه‌کدارانه‌ بەرانبەر دژه‌-شۆڕش به‌گشتی و بەرانبەر به‌ هێرشی لەشکری نه‌مسا و ئاڵمانیا به‌تایبه‌ت به ‌ئاراستە‌ی ڕێکخراوه‌یی ئه‌نارکۆ کۆمونسیته‌کان سەریھەڵداوە و مەیسەربووه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌‌ بۆ پارتییە‌که‌ی تۆ هیچ گرنگ نییه‌، تاکو به‌هۆی ئەو گشته‌وه‌ باوه‌ڕ بە ئێمە بدات، به‌ڵام ئەوانه‌ ڕاستین و تۆ ناتوانیت لە ئەوانە نکۆڵیبکه‌یت. من ئاوای بۆ دەبیم، کە تۆ ئه‌وه‌ باش ده‌زانیت، هێزی چالاک کێیە و توانای جه‌نگینی هێزه‌ خۆبه‌خشه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی ئۆکرانیا چییە. به‌بێ هۆ نییه‌، که‌ تۆ ڕاتگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌کی پاڵه‌وانانه‌ له‌ دەستکه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌ هاوبه‌شه‌کان پێداگریییانکردووە. لەنێو ئه‌وانه‌ لایەنی کەم نیوه‌یان له‌ژێر ئاڵای ئه‌نارکیستی جه‌نگیون ….

گشت ئەوانه‌ نیشانیده‌ده‌ن، که‌ تۆ چه‌نده‌ به‌ هه‌ڵه‌ چوویت، هاوڕێ لێنین، بەگوێرەی ئه‌وه‌ی که‌ پێی ئێمه‌ ئه‌نارکۆ کۆمونیسته‌کان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌، ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵوێستمان بۆ ئێستا خه‌مناکه‌، ئه‌وه‌ی که‌ خه‌ون به‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌بینین”. ئه‌وه‌ی کە من له‌نێو ئەم چاوپێکه‌وتنه‌ بە تۆی دەڵێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ڕاستییه‌، وەڵام وه‌رناگرێت. ئه‌وه‌ی که‌ من لێرەدا بۆ تۆی دەردەخەم، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌یه‌، که‌ تۆ له‌باره‌ی ئێمه‌ به‌ده‌ستتهێناوه‌. هه‌موو که‌س ده‌توانێت، ئه‌وه‌ ببینێت، که‌ ئێمه‌ لەنێو‌ کەتواری ئێستا ڕێشەمانداکوتاوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ کارده‌که‌ین و به‌دوای کۆمەڵە ئامرازێک بۆ به‌ده‌سیھینانی داهاتوو ده‌گه‌ڕێین، له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ به‌ په‌یگیرییه‌وه‌ لەتەک ئه‌و گرفته‌ کارده‌که‌ین”. لێنین له‌ وەڵامدا ده‌ڵێت “له‌وانه‌یه‌ من هه‌ڵه‌ ببم”. [٥]

بۆلشه‌ڤیکه‌کان لە گه‌ڕانه‌وه‌ی ماخنۆ بۆ ئۆکرانیا کۆمەکده‌ده‌ن. ئەو به‌ دژوارییه‌کی زۆرەوە گه‌شته‌که‌ی ئه‌نجامدا. جارێکیان خه‌ریکبوو ماخنۆ بکوژرێت. له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاڵمانیا و نه‌مساوه‌ گیرا و له‌و کاته‌دا نامیلکه‌ و بڵاوکراوه‌ی ئازادیخوانه‌ی لەتەک خۆی هەڵگرتبوو. دانیشتوویه‌کی جوله‌که‌ی هولیای پۆله‌، که‌ ماوه‌یه‌ک بوو ماخنۆی ده‌ناسی، توانی به‌ پێدانی بڕه‌پاره‌یه‌کی زۆر بە هێزەکانی ئامڵمانیا و  نەمسا بۆ ئازادبوونی، ماخنۆ لە مردن بیپارێزێت. کاتێک که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هولیای پۆله‌، ده‌ستیکرد به‌ ڕێکخراوکردنی به‌رهه‌ڵستی دژ به‌ هێزه‌ داگیرکه‌ره‌کانی نه‌مسا و ئاڵمانیا و ڕژێمه‌ به‌کرێگیراوه‌که‌یان به‌سه‌رۆکایه‌تی هیتمان سکۆرۆپادسکی Hetman Skoropadsky. ده‌توانرێت بگوترێت بزاڤی ماخنۆڤیستی  بە دەستپێکردنی به‌رهه‌ڵستی سه‌ریهه‌ڵداوه. ماخنۆ  جولای ١٩١٨تاکو ئۆگوستی ١٩٢١ تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی چینی کرێکاری دژ به‌ هه‌موو چه‌وسێنه‌ران، چ بۆلشه‌ڤیک و سپییه‌کان (دژه‌-شۆڕش) چ ناسیونالیسته‌کان سه‌رکردایه‌تیکردووه‌. له‌نێو ڕه‌وتی ئەو تێکۆشانە‌ توانی خۆی وه‌ک “سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌ریلایی لێهاتوو و به‌توانا” بسه‌لمێنێت.[٦]

پاش تێکشکانی بزاڤی ماخنۆڤیستی‌ ١٩٢١، ماخنۆ بۆ ئۆروپای خۆراوایی دوورخرایه‌وه‌. ساڵی ١٩٣٤ له‌ پاریس ته‌مه‌نی ئەو کۆتاییهات، هه‌ر له‌وێش دواسه‌ته‌کانی ژیانی خۆی به‌سه‌ربردن. هه‌ر ئاوا له‌وێدا وه‌ک چالاکێکی بزاڤی ئه‌نارکیستی مایه‌وه‌ و شمشێره‌که‌ی گۆڕی به‌ پێنووس (به‌کاربردنی ده‌ربڕینێکی ڕه‌نگینی ئه‌لێکسانده‌ر سکیردا Alexander Skirda). ماخنۆ به‌ گۆتار له‌نێو ڕۆژنامه‌ ئه‌نارکیستییه‌ جۆراوجۆره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ ده‌نگی کرێکار Dielo Truda به‌شداریکرد، که‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ئه‌نارکیست-کۆمونیست بوو و له‌ پاریس له‌لایه‌ن (پیته‌ر ئارشینۆڤ) ده‌رده‌کرا، زۆرێک له‌و گۆتارانه‌ له‌نێو پەرتووکێک به‌ناوی (تێکۆشان دژی ده‌وڵه‌ت و گۆتاره‌کانی دیکە)، بڵاوکرانه‌وه‌. ماخنۆ له‌نێو بزاڤی ئه‌نارکیستی تاکو کۆتایی ژیانی چالاک مایه‌وه‌.

نێستۆر ماخنۆ ساڵی ١٩٢٧ له‌ پاریس ئه‌نارکیسته‌ ناسراوه‌کانی ئیسپانیا بوێناڤێنترا دوڕوتی Buenaventura Durruti و فرانسیسکۆ ئاسکازۆ Francisco Ascaso دیتن. ئەو له ئە‌وه‌ داکۆکیدەکرد “‌بار و دۆخ بۆ شۆڕشی پێکهاته‌ به‌هێزی ئه‌نارکیستی له‌ ئیسپانیا زۆرتر له‌بارتره‌، تاکو له‌ ڕوسیه‌”، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ نه‌ک ته‌نیا له‌وێنده‌رێ پرۆلیتاریا و جوتیاران دارای نەریتی شۆڕشگێڕانه‌ بوون، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ش که‌ پێگه‌یینی ڕامیاریی له‌نێو کاردانه‌وه‌کانی ده‌بینرا، ئه‌نارکیسته‌کانی ئیسپانیا ده‌رکی ڕێکخراوه‌ییان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ له‌ ڕوسیه‌ نه‌مابوو. ڕێکخراوبوونێک، که‌ سه‌رکه‌وتنی له ‌هه‌ناوی هه‌موو شۆڕشه‌کان مسۆگه‌رده‌کرد”. ماخنۆ چالاکییه‌کانی گروپی ئه‌نارکیستی هولیای پۆله‌ و ڕوداوه‌کانی ئۆکرانیای شۆڕشگێری هه‌ژمارکرد “کۆمونه‌ کشتکارییه‌کانمان یه‌کێک بوون له‌ نێوەنده‌ زیندووه‌ ئابووریی و ڕامیارییه‌کانی سیسته‌مه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌مان. کۆمەڵە‌کان به‌ بنه‌مای خۆپه‌رستی تاکگه‌رایی پشتئه‌ستوور نه‌بوون، به‌ڵکو به‌ سه‌ره‌تاکانی هاوپشتی نێوخۆیی و ناوچه‌یی و سه‌رتاسه‌ری پشتیانبه‌ستبوو. به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌ندامانی کۆمەڵه‌کان هه‌ستیان به‌ هاوپشتی نێوان خۆیان ده‌کرد، کۆمەڵه‌کان لەتەک یه‌کدی یه‌کییانگرتبوو. ئه‌وه‌ی که‌ بەرانبەر سیسته‌مه‌که‌مان له‌ ئۆکرانیا دەگوترا، ئه‌وه‌بوو، که‌ ناتوانێت به‌رده‌وامبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ جوتیاران پێکهاتبوو. ئەوە‌ ڕاست نه‌بوو. کۆمەڵه‌کانمان تێکه‌ڵه‌یه‌ک بوون له‌ کرێکارانی کشتوکاڵی (کێڵگه‌یی) و پیشه‌سازی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان ته‌نیا پیشه‌سازیی بوون. ئێمه‌ گشت جه‌نگاوه‌ر و کرێکار بووین. کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لیی بریاره‌کانی ده‌رده‌کرد. له‌نێو ژیانی سه‌ربازی له‌ نوێنه‌رانی گشت ده‌سته‌ گه‌ڕیلاکان کۆمیته‌ی جه‌نگی پێکهاتوو و سه‌رپه‌رشتیده‌کرد. بۆ به‌ ئامانجگه‌یاندن، هه‌موو که‌سێک له‌نێو کاری هەروەزیی به‌شداریکرد، تاکو له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توێژی به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵات پاوانده‌که‌ن، ڕێگریرییکرێت. ئێمه‌ لە پرۆسێسی ئەنجامدانی ئەو پرسەش سه‌رکه‌تووبووین.” [٧]

ساڵی ١٩٣٦ لەتەک ده‌ستپێکی جه‌نگی نێوخۆ و شۆڕش له‌ ئیسپانیا، ژماره‌یه‌ک له‌ جه‌نگاوه‌رانی سوپای یاخی ماخنۆ چوون بۆ جه‌نگین لەنێو‌ ستوونی دوڕوتی Durruti column. بەڵام بەداخەوە، مه‌رگی ماخنۆ ساڵی‌ ١٩٣٤ له‌ دوا پەیامە‌که‌ی بۆ دوو ئیسپانی ڕێگربوو “ماخنۆ هه‌رگیز جه‌نگینی ڕه‌دنه‌کردۆته‌وه‌. ئه‌گه‌ر زیندووبم، کاتێک که‌ تیکۆشانه‌که‌تان ده‌ستپێده‌کات، لەتەکتان ده‌بم”. له‌ { Paz, Op. Cit., p. 90} وه‌رگیراوه‌.

چالاکیی هه‌ره‌ دیاری ماخنۆ له‌نێو دوورخراوگه‌ کۆمه‌ڵه‌که‌ی بوو، ‌هاوڕا و داکۆکی له‌ سه‌کۆی ڕێکخراوەیی کۆمونیزمی ئازادیخواز‌ the Organisational Platform of the Libertarian Communists ناسراو به‌ سه‌کۆ Platform، دەکرد. سه‌کۆ هه‌وڵیدا هەرچی له‌نێو شۆڕشی ڕوسیه‌ هه‌ڵه‌بوو، لێکبداته‌وه‌ و پێشنیاری ڕێکخراوی ئه‌نارکیستی پته‌وتری بۆ‌ داهاتوو کرد. ئەو بۆچوونه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی مشتومڕێکی توندی لەتەک زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌نارکیستانه‌ی که‌ ڕه‌تیانده‌کرده‌وه،‌ به‌ڕێخست. هه‌رچه‌نده‌ ماخنۆ تاکو کاتی مردنی ساڵی ١٩٣٤ وه‌ک ئه‌نارکیستێک مایه‌وه‌، بەڵام ئەو تێڕوانین گۆڕینه‌وه‌یه‌ به‌زۆری بوو به‌ هۆی مشتومڕی توند و تاکو ڕادەیەک ئەوی له‌ هه‌ندێک له‌ هاوه‌ڵه‌کانی ته‌ریکخسته‌وه‌، له‌وانه‌ ڤۆلین، که‌ دژی سه‌کۆ (پالتفۆڕم) بوو.

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ٢٥جولای ١٩٣٤ ماخنۆ مرد و سێ ڕۆژ دواتر جه‌سته‌که‌ی سوتێنرا و خۆڵه‌مێشه‌که‌ی لەنێو‌ گۆزه‌یه‌ک له‌ پێر لەشەیز Père Lachaise گۆڕستانی کۆمونه‌ی پاریس خرایە ژێر خاک. پێنج سه‌د  (٥٠٠) که‌س له‌ هاوڕێیانی ڕوس و فه‌ره‌نسی و ئیسپانی و ئیتالی ئاماده‌ی به‌ڕێکردنی ته‌رمه‌که‌ی ماخنۆ بوون، له‌وانه‌ ئه‌نارکیستی فه‌ره‌نسی پییه‌ر بێسنارد  Pierre Besnard و ڤۆلین Voline قسه‌یانکرد، ڤۆلین ئەو هه‌له‌ی بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی دژه‌ سامیگه‌رایی anti-Semitism ماخنۆ، کە بۆلشه‌ڤیکه‌کان دژی ماخنۆ هەڵیانبەستبوو، قۆسته‌وه‌. هاوسه‌ره‌که‌ی ماخنۆ، هالینا Halyna قسەیکرد. بەو جۆره‌ ژیانی یه‌کێک له‌ جه‌نگاوه‌ره‌کانی ئازادی چینی کرێکار کۆتاییهات.

وشه‌کانی دووروتی Durruti بۆ ماخنۆ سه‌رنجڕاکێشترین بوون ” ئێمه‌ هاتووین سڵاو له‌ تۆ بکه‌ین، تۆی سیمبۆلی گشت ئه‌و که‌سه‌ شۆڕشگێڕانه‌ی، که‌ له‌پێناو که‌توارییکردنی هزره‌ ئه‌نارکیستییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ جه‌نگین و گیانیانبه‌ختکرد. هه‌ر ئاوا بۆ ده‌ربڕینی ڕێزی خۆمان بەرانبەر خەزێنەی ئه‌زموونی ئۆکرانیا، هاتووین “. [٨]

—————————————————————

په‌راویزه‌کان:

  1. Michael Malet, Nestor Makhno in the Russian Civil War, p. 4
    2. Michael Palij, the Anarchism of Nestor Makhno, p. 71
    3. David Footman, Civil War in Russia, p. 252
    4. Nestor Makhno, My Visit to the Kremlin, p. 18
    5. Nestor Makhno, Op. Cit., pp. 24-5
    6. David Footman, Op. Cit., p. 245
    7. Quoted by Abel Paz, Durruti: The People Armed, p. 88-9
    8. Quoted by Abel Paz, Op. Cit., p. 88

کۆکراوەی کاره‌کانی ‌ نێستۆر ماخنۆ

The ABC of the Revolutionary Anarchist. (1932).
The Anarchist Revolution
Letter to the Spanish Anarchists. (1932).
In Memory of the Kronstadt Revolt.
(1926).
Mahkno’s Response to Malatesta
May Day, (1928). Dyelo Truda. No. 36, p. 2–3. 01 May 1928.
My Visit To The Kremlin
On the History of the Spanish Revolution of 1931 and the Part Played by the Left and Right-Wing Socialists and the Anarchists. (1933).

Summons: A Poem by Makhno
The Struggle against the State and Other Essays
To the Jews of All Countries. (1927).
Great October in the Ukraine. (1927).

سه‌رچاوه‌:

   http://libcom.org/history/makhno-nestor-1889-1934

* مەبەست لە وەرگێڕانی ژیاننامەی ماخنۆ، ناساندنی کەسایەتی شۆڕشگێڕانە و ئاشناکردنی خوێنەرانی کوردە بە چالاکی و نووسینەکانی ئەو، نەک پیرۆزکردن و بەبتکردنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، چونکە هاودەمی ئەو هەزاران شۆڕشگێڕی گومناو بە خوێن و تێکۆشانی خۆیان ئەو زەمینەیان لەبارکردووە، تاکو نێستۆر ماخنۆ و دەیانی وەک ئەو بتوانن خامەکانیان ئازادانە هزر و بۆچوونیان دەرببڕن؛ بەواتایەکی دیکە، ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی ئەو هاوڕێ گومناوانە نەبووایە، نووسینەکانی نێستۆر ماخنۆ و کەسانی دیکەش نەدەهاتنەبوون. و.ک

** ھەر ئاوا، مەبەست لەم وەرگێرانە، پەردەھەڵماڵینە لە ڕووی پاگەندە و درۆ و دەلەسەی سەرانی بۆلشەڤیکەکان و پاشرەوانی بۆلشەڤیزم، کە (نێستۆر ماخنۆ) بە چەتە و ڕێگر ناودەبەن.

*** لە چەند ساڵی ڕابوردوو چەند سریاڵی تەلەفزیۆنی و فێلم لەبارەی ژیان و دەردیسەری و چالاکی و بیرۆکەکانی ماخنۆ دروستکراون، کە ئەگەر گرفتەکانی ڕۆژگار بواربدەن، لەتەك ھاوڕێیانی دیکە ھەوڵی وەرگێرانی ژێرنووسینی فیلم و سریاڵەکان دەدەین، تاکو ڕووی ڕاستەقینەی ڕامیاریی و ئابووریی و بەڕێوەبردن و دیکتاتۆریی بۆلشەڤیکەکان بۆ شەیدانای کۆمەڵی سۆشیالیستی و کۆمونیستی دەربکەوێت، کە ھیچ کات لە ڕیفۆرمەکانی بیسمارک و خۆماڵیکردنەکانی سەدام و بەعس واوەتر نەچوون و بەڕێوەبەرایەتیی دیکاتتۆرییانەی بۆلشەڤیکەکان، کودەتایەک بوو بەسەر ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی  سەراسەری ڕوسیە و بە پارەی ئیمپراتۆریی پڕووس و بە قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی خەڵک بە بەرزکردنەوەی کاتیی دروشمەکانی سەرەتای ڕاپەڕین و لەنێوبردنی کۆمیتەکانی خۆبەڕێوەبەریی کارخانەکان لەلایەن کرێکارانی سۆشیالیست و دەستەمۆکردن و کەوڵکردنی سۆڤیەتەکان و  بە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی راپەڕیوانی کڕۆنشتات و لە پشتەوە خەنجەردان لە ماخنۆڤیستەکانی ئۆکرانیا بە دەسەڵاتگەییشتن و مانەوە و سەپاندنی (ئیمپراتۆریی سرووشوەرگرتووی خۆیان لە ئیمپراتۆریی پڕووس و ڕیفۆرمەکانی بیسمارک) مسۆگەرکرد و (ڕێکه‌وتننامه‌ی برێست لیتۆڤسک Brest-Litovsk) ناچاریی نەبوو، بەڵکو بەرەنجامی بەڵێن و پاداشتدانەوەی (٢٦ ملیۆن مارکەکەی ئیمپراتۆریی ئاڵمانیا) بوو و ھەر ئاوا  لێدان و لەنێوبردنی بزووتنەوەی کۆمونەخوازی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا بوو، (ھەر وەک کۆمەڵکوأکردنی ڕاپەڕینەوەی دەریاوانان و دانیشتووانی کڕۆنشتات کە زۆرینەیان کۆمونیست و تەنانەت ئەندامی بۆلشەڤکی بوون و لە دژە-شۆڕشی بۆلشەڤیکەکان تێگەییشتوبوون)، تاکو بەردەوامی شۆڕشی جوتیاران و کرێکارانی ئۆکرانیا و دەریاوانانی کڕۆنشتات و مانگرتنی کرێکارانی پترۆگراد سەرتاسەری ڕوسیە نەگرێتەوە و ئیمپراتۆریی بۆلشەڤیکی لەنێونەچێت و بۆلشەڤیکەکان بە دێوجامەی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” دیکتاتۆریی و ملھوڕیی پارتییەکەی خۆیان بە نووکی سەرەنێزە بەسەر ژنە-کرێکارانی ڕاپەڕیوی ڕستن و چنین و یاخیبوونی سەربازان و سۆڤیەتەکانی کرێکاران و کۆمیتەکانی کارخانەکان بسەپێنن. (و.ک) https://www.youtube.com/watch?v=oaRrMPg7sFI

بۆ کەسانێک کە لە دوای بەڵگە مێژووییەکانی ڕوداوەکانی ١٩١٧-١٩٢٣ دەگەرێن و دەخوازن “چەتەگەریی” نێستۆر ماخنۆ) و “شۆڕشگێڕیی” بۆلشەڤیکەکان و لەنێو ئەوانیش (لێنین و ترۆتسکی و ستالین) بزانین، دەتوانن تەماشای ئەم دۆکومێنتەرییە بکەن و سەدان تۆمار و بەڵگەی دیکە دژی پڕۆپاگەندەی کڕێملین پەیدابکەن : https://www.youtube.com/watch?v=gIqvip1z91I

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی پەرتووکی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj

 

ئەنارکیزم ، مه‌رگ و ژیان

وەرگێڕانی: ھەژێن

 

“بە من ڕێگەبدەن خه‌یاڵبکه‌م،

کە له‌نێو ئه‌و ئه‌ستێرانه‌

ئه‌ستێره‌یه‌ک هه‌یه‌ و‌

لەنێو بومولێڵیی نامۆی ژیان

چاوساخیی من ده‌کا‌”

ڕابیندرات تاگوور

 

 

ئەنارکیسته‌کان لەنێو‌ بزووتنه‌وه‌ی کڕۆنشتات ڕۆڵێکی فرەیان نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ناکرێت له‌به‌رچاوینه‌گیردرێن، که‌ کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕی کڕۆنشتات لە‌ دوو که‌سی‌ ئەوان [ئەنارکیستەکان] داخوازیکرد، تاکو به‌ بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ستببن. که‌سی یه‌که‌م (یارچۆوک Yartchouk) دامه‌زرێنه‌ری سۆڤیه‌تی کڕۆنشتات ساڵی‌ ١٩١٧ و ئه‌وی ‌دیکە (ڤۆلین Volin) بوو. به‌ڵام ئەو بانگه‌وازه‌ بەبێ سه‌ره‌نجام مایه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کات هه‌ر ئەو دوو کەسەکە له‌نێو چنگی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ده‌ستبه‌سه‌ربوون. به‌ گوته‌ی (ئیدا مێت Ida Mett ) مێژونووس و نووسه‌ری په‌رتووکی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات La Revotle De Cronstad  ” کارایی ئەنارکیسته‌کان له‌سه‌ر کڕۆنشتات ته‌نیا له‌و تێڕوانینەوه‌ ده‌کرێت ناوبهێنرێت، که‌ ئەنارکیزمیش ڕاگه‌یێنه‌ری تێڕوانینی دێمۆکراسیی کرێکاری بوو”. به‌ هه‌ر بارێکدا هه‌رچه‌نده‌ ئەنارکیسته‌کان ده‌ستبه‌کاربوونێکی ڕاسته‌وخۆیان لەنێو‌ ئەو ڕاپه‌ڕینه‌که‌ نه‌بوو، به‌ڵام ئەوان ڕاپەڕینەکەیان بە هی خۆیانیان زانی.

ڤۆلین دواتر نووسی ” …. کڕۆنشتات یه‌که‌مین هه‌وڵی ته‌واو سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ریی بوو بۆ ڕزگاربوون له‌ کۆتی هه‌ر جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێک و ھەڵخڕاندنی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی. ئەو هه‌وڵه‌ به‌ده‌ستی خودی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ هانابردن بۆ شوانه‌ ڕامیارییه‌کان و ڕابه‌ران و سه‌رپه‌رشتیگه‌ران ئه‌نجامدرا “. هەر ئاوا ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان گوتی ” کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌ی ده‌وڵه‌تی پڕۆلیتێریی کرده‌ نه‌خشه‌ی سه‌ر ئاو و سه‌لماندی، که‌ له‌نێوان دیکتاتۆریی پارتیی کۆمونیست و شۆڕش بواری هیچ جۆره‌ سازشێک نییه‌!” …

وێڕای نه‌بوونی خۆتێهه‌ڵقورتانی ڕاسته‌وخۆی ئەنارکیسته‌کان له‌نێو ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات‌، سه‌رکوتکرانی ئەو ڕاپه‌ڕینه‌ بیانوویه‌کی گونجاوی بە دام و ده‌زگه‌کانی فەرمانداریی بەخشی، تاکو کێشه‌ی خۆیان لەتەک ئەنارکیزم‌ که‌ هێشتا ترسێکی گه‌وره‌ بوو بۆ سەر دەوڵەتی بۆلشەڤیکی، یه‌کلاییبکەنه‌وه‌! چه‌نده‌ هه‌فتە پێش سه‌رهه‌ڵدانی یاخیبوونه‌کەی کڕۆنشتات، واته‌ ڕۆژی هه‌شته‌می فێبریوه‌ری ١٩٢١، (کڕۆپۆتکین Kropotkin‌)ی پیر تەمەن، له‌ ڕوسیه‌ مرد. به‌خاکسپاردنی ئەو به‌ڕێکردنێکی فرە پڕشکۆی لە‌خۆگرت. به‌شداربووانێک که‌ ته‌رمی ئەویان به‌خاکده‌سپارد، ژماره‌یان لایەنی کەم سه‌د هه‌زار که‌س ده‌بوو.‌ ئاڵای ڕه‌ش و سووری گروپه‌ ئەنارکیسته‌کان ئامێته‌بوون. له‌سه‌ر ڕه‌شی ئاڵاکان به‌ خه‌تێکی سوور ئەو ده‌سته‌واژه‌ به‌رچاو ده‌که‌وت ” له‌ هه‌ر کوێ دەسەڵاتداریی هه‌بێت، لەوێ ئازادی بوونی نییه‌ ” .

نووسه‌رانێک، که‌ لەبارەی کۆپۆتکین‌ نووسیویانه‌، ئەو خۆنیشاندانه‌ وه‌ک “دواین خۆنواندنی گه‌وره‌ له‌ دژی سه‌رکوتکاریی بۆلشه‌ڤیکه‌کان” ناودەبەن. به‌شداربووان لەنێو ئەو خۆنیشاندانە “نه‌ک ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له‌ کرۆپۆتکین، به‌ڵکو هەر ئاواش بۆ ‌داخوازی جێگیرکردنی ئازادی به‌شدارییانداکرد”. پاش سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات سه‌دان ئەنارکیست زیندانیکران. چه‌ند مانگ پاش ئه‌وه، ئازادیخوازێک به‌ناوی فانی بارون Fanny Baron و هه‌شت که‌سی‌ دیکە له‌ هاوه‌ڵه‌کانی لەنێو‌ سیاچاڵه‌کانی زیندانی ( چێکا ) له‌ مۆسکۆ گولله‌بارانکران.

گولله‌ی بەزەیی به‌ مێشکی ئەنارکیستی تێکۆشەره‌وه‌ نرا. له‌و باره‌دا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیه‌، ئه‌و ئەنارکیستانه‌ی که‌ لە ئه‌زموونی ڕوسیه‌ تێگەییشتبوون، به‌ فراوانی که‌وتنه‌‌ ڕه‌خنەگرتن‌ و پێداچوونه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانی خۆیان، تاکو بیری ئازادیخوازانه‌ هه‌رچی زۆرتر به‌رجه‌سته‌بکه‌ن. سه‌ره‌تای سێپته‌مبه‌ری ١٩٢٠ کۆنگرەی یه‌کێتی ئەنارکیسته‌کانی ئۆکرانیا نابات Nabat به‌ڕاشکاوی “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” که‌ ناچار ئەرکەکەی له‌ دیکتاتۆریی به‌شێک له‌ پڕۆلیتاریا [به‌شێک، که‌ لەنێو پارتییەک ڕێکخراوه‌] فه‌رمانبه‌ران و مشتێک له‌ ڕابه‌ران کۆتاییدێت، ڕه‌تکردببووه‌وه‌. (کۆپۆتکین)‌یش که‌مێک پێش مردنی، نیگه‌رانی خۆی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی “سەروەریی تەواو” له‌ وڵات ده‌ربڕیبوو “بەبۆچوونی من، هه‌وڵدان بۆ ڕۆنانی کۆماری کۆمونیستیی له‌سه‌ر پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و توندوتیژی نێوەندییانە‌ و له‌ژێر زۆری یاسا ئاسنینه‌کانی دیکتاتۆریی تاکپارتیی، به شکستێکی گه‌وره ‌کۆتاییدێت. ڕوسیه‌ نیشانیداین، بۆچی نه‌ده‌بوو به‌ کۆمونیزم ملبدرێت ” .

ڕۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسیی ئازادیخواز Le Libbertaire له‌ ژماره‌ ١٤ی ڕۆژی ٧ی جێنیوه‌ری ١٩٢١، بانگه‌وازێکی پڕ وره‌ی ئەنارکۆسه‌ندیکالیسته‌کانی ڕوسیای بۆ پڕۆلیتاریای جیهان‌ بڵاوکرده‌وه‌ “هاوڕێیان، وه‌ک ئێمه‌ کۆتایی به‌ فەرمانداریی بۆرجوازی له‌ وڵاته‌کانتان بهێنن! به‌ڵام وریابن، هه‌ڵه‌کانی ئێمه‌ دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌! نه‌هێڵن کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی ببێته‌ فه‌رمانداری وڵاته‌کانتان”.

ئەنارکیستی ئاڵمانی-زمان (ڕودۆلف ڕۆکه‌ر Rudolf Rocker)یش‌ ساڵی ١٩٢٠ پەرتووکێکی به‌ناوی “شکستخواردنی کۆمونیزمی ده‌وڵه‌تیی” نووسی و ساڵی ١٩٢١ بڵاویکرده‌وه‌! ئەوە‌ یه‌که‌مین ئه‌زموون و لێکدانه‌وه‌ی ڕامیاریی بوو لەبارەی شێواندنی شۆڕشی ڕوسیە. بەگوێرەی‌ تێڕوانینی ڕۆکه‌ر‌ ‌”دیکتاتۆری پڕۆلیتێریی نه‌ک ھەر ده‌ربڕی خواستی چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نەبوو‌، به‌ڵکو دیکتاتۆری پارتیی بوو، که‌ پاگه‌نده‌ی نوێنه‌رایه‌تی چینی کرێکاری ده‌کرد، بێجگە لەوەش، تاکه‌ پشتوپه‌نای ده‌سه‌ڵاتی ئەو دیکتاتۆرییە، سه‌ره‌نێزه‌کانی بوون، له‌پشت دێوجامە‌ی دیکتاتۆریه‌تی پڕۆلیتاریا چینێکی تازه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و په‌ره‌یسه‌ندووه‌، چینی کۆمیساره‌کان یان سەروەریی کۆمیسارەکان. ئەم ڕۆژیش‌ جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵک به‌ هه‌مان ئه‌ندازه هه‌ست بە سەرکوتگه‌ریی چینی سەروەر ده‌که‌ن، که‌ دوێنێ‌ له‌ سایه‌ی سەرکوتگه‌ریی ڕژێمی ڕوخاوی [تزار] هه‌ستیانده‌کرد”.

کاتێک که‌ گشت لایەنه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به ‌ته‌واوی بکێشرێنه‌ ژێر دەسەڵاتی فەرمانداریی سەرتاپاگیر، ئه‌نجامه‌که‌ی “شتێک واوه‌تر له‌ زنجیرەیەک‌ پله‌وپایه‌ی فه‌رمانبه‌ریی نابێت و ئەوە‌ چاره‌نووسی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشی ڕوسیا بووه‌”. “بۆلشه‌ڤیکه‌کان هەر تەنیا ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌روه‌ریان له‌ کۆمەڵی پێشووتر به‌ پوختی وه‌رنەگرت، به‌ڵکو ئاوا ده‌سه‌ڵاتێکیشیان بە ئەو به‌خشی، که‌ هیچ فەرماندارییەکی‌ دیکە له‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌ی له‌توانا نه‌بوو”!

مانگی جون ١٩٩٢ گروپێک له‌ ئەنارکیسته‌ په‌نابه‌ره‌کان له‌ ئاڵمانیا، پەرتووکێکی گچکه‌ و ئاشکراکەرانە‌یان به‌ناوی “سه‌رکوتی ئەنارکیزمی ڕوسیه‌ی سۆڤیه‌تیی” بڵاوکرده‌وه‌، که‌ به‌ خامه‌ی ئا. گۆریێلیک A . Gorielik و ئا. کۆمۆڤ A.Komoff و گ.پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff ڤۆلین Volin نووسرابوو! ڤۆلین به‌خۆی ساڵی ١٩٢٣ ئه‌و په‌رتووکه‌ی وه‌رگێڕایه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی. ئەو په‌رتووکه‌ لیستی ناوی گیانبه‌ختکردووانی ئەنارکیستی بەگوێرەی ئه‌لف ‌و بێ تێدابوو. ئه‌لێکسانده‌ر بێرکمان ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢٢، ئێما گۆڵدمان‌ ساڵی ١٩٢٢ و ١٩٢٣ له‌باره‌ی ئەو ڕوداوه‌‌ ناخۆشانە‌ی که‌ له‌ ڕوسیه‌‌ دیتبوویانن، کۆمەڵێک نامیلکه‌یان بڵاوکردنه‌وه‌!

ئه‌و (ماخنۆڤیست)انه‌ش که‌ گیانیان ده‌ربازکردبوو و په‌نایان بۆ ڕۆژاوا هێنابوو، له‌وانه‌ پیر ئارشینۆڤ و خودی نێستۆر ماخنۆ، هه‌ر که‌سه‌ و ئه‌وه‌ی دیتبووی بڵاویکرده‌وه‌. پاش ماوه‌یه‌کی زۆر، سه‌رده‌می جەنگی دووه‌می جیهانی‌، دوو به‌رهه‌می گه‌وره‌ و سه‌ره‌کی ئازادبیران له‌باره‌ی ” شۆڕشی ڕوسيه”  لەلایەن گ. پ. ماکسیمۆڤ G.P. Maximoff و ڤۆلین Volin‌ نووسران و چاپکران. ئەو دوو به‌رهه‌مه‌ به‌خۆیان گه‌واهییه‌ک بوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ساڵانێکی درێژخایەن و به‌ئه‌زموونی هزرەکان ‌لای ئەنارکیسته‌کان.

ماکسیمۆڤ گه‌واهنامەی خۆی به‌زمانی ئینگلیزی بڵاوکرده‌وه‌؛ ئەو بڕوای ئاوا بوو، که‌ وانه‌کانی ڕابوردوو، مسۆگه‌رکه‌ری داهاتوویه‌کی باشترن. “چینی فەرمانداری تازه‌ له‌ سۆڤیه‌ت ناتوانێت و نابێت بۆ هه‌میشه‌ درێژه‌ به‌ژیانی خۆی بدات و سه‌ره‌نجام سۆشیالیزمی ئازادیخوازانه‌ به‌سه‌ر ئەو سه‌رده‌که‌وێت! هەل و مەرجی خۆیی ئاوا گۆڕانێک ده‌که‌نه‌ شتێکی بێگه‌ڕانه‌وه‌ “. ئایا شیاوی ملپێدانه‌ (…) که‌ کرێکاران خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران بۆ نێو کارخانه‌کان بن؟ هه‌رگیز! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ که به‌ ڕۆشنی‌ یاخیبوونی ئەوان له‌ دژی به‌هره‌کێشیی ده‌وڵه‌ت و سەروەرییە‌‌. “ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یخوازن، ئه‌وه‌یه‌ له‌جێی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی زۆره‌ملێیانانه‌ی به‌رهه‌مهێنان، ڕێکخراوی سۆڤیه‌تیی کارخانه‌کانی خۆیان، کە له‌نێو فێدراسیۆنی به‌ربڵاو و فراوان یه‌کده‌گرن، دابنێن. ئه‌وه‌ی کرێکاران ده‌یانه‌وێت، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کرێکارییه‌. بەو جۆرە جوتیارانیش تەواو هوشیارن، که‌ ئەم ڕۆژ‌ پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئابووری تاکه‌که‌سیی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گونجاو نییه‌ و ته‌نیا چارەسەرە‌ هه‌ره‌وه‌زیی کشتوکا و گەلکاریی گوندنشینانە لەتەک سۆڤیه‌ته‌کانی کارخانه‌ و سه‌ندیکاکان و به‌کورتی په‌ره‌دانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌نێو بارێکی ئازادیخوازانە”.

بەگوێرەی تێڕوانینی ڤۆلین، هه‌ر هه‌وڵێک که‌ به‌ سروشوه‌رگرتن له‌ نموونەی [ئۆلگوی] ڕوسیه‌ سه‌ربگرێت، به‌رهه‌مه‌که‌ی بێجگه‌ له‌ “سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هره‌کێشیی جه‌ماوه‌ر”، شتێکی ‌دیکە نابێت. هه‌ر ئاوا ئەوە‌ گه‌نده‌ڵترین جۆری سه‌رمایه‌دارییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی لەتەک “بزووتنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و کۆمەڵی سۆشیالیستیی” نییه‌. ئاوا نموونەگیرییەک ناتوانێت بێجگه‌ له ‌”دیکتاتۆری تاکپارتیی، که‌ ئه‌نجامی‌‌ سه‌پاندنەکە‌ی له‌نێوچوونی هه‌ر جۆره‌ ئازادییه‌کی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و ڕێکخراوبوون و ته‌نانه‌ت پشتیوانی جوڵانه‌وه‌ شۆڕشگێڕه‌‌کان و ھەر ئاواش پاراستنی به‌رته‌رییە بە ته‌نیا بۆ پارتیی فەرماندار” و بێجگه‌ له‌ “کۆنترۆڵکردنی بیر و بۆچوونە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌ربه‌ستکردنی هەڵچوونی شۆڕش” ناتوانێت ئه‌نجامێکی ‌دیکەی هەبێت.

ڤۆلین بڕوای ئاوایە،‌ که‌ ستالین ” له‌ ئاسمانه‌وه‌ نه‌باری بوو”، ستالین و ستالینیزم به‌‌ره‌نجامی لۆجیکیانه‌ی سیسته‌مێکی سەرکەوتگەرانەن، که‌ ساڵانی ١٩١٨- ١٩٢١ پایه‌ڕێژیی و جێگیرکرا. “ئەوە‌یه‌ وانه‌ی جیهانیی ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ و دیاریکه‌ری بۆلشه‌ڤیزم. وانه‌یه‌ک که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕوداوه‌کانی داهاتوو، به‌زوویی بۆ گشت ئه‌وانه‌ی که‌ لەنێو ئازار ده‌تلێنه‌وه‌ و ده‌چه‌وسێنه‌وه‌؛ ئه‌وانه‌ی که بیرده‌که‌نه‌وه‌ و تێدەکۆشن، ده‌رده‌که‌وێت.‌

سه‌رچاوەی لێ وه‌رگیراو‌‌ :

                                               http://anarchi.persianblog.com

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj

 

کڕۆنشتات، به‌سه‌رهاتی پرۆلیتێریانه‌ی شۆڕشی ڕوسیه‌

کڕۆنشتات، به‌سه‌رهاتی پرۆلیتێریانه‌ی شۆڕشی ڕوسیه‌

کایۆ برێندل ١٩٧١

(١)

لێکدانه‌وه‌ی ڕوداوێکی مێژوویی وه‌ک (‌ڕاپه‌ڕینی ١٩٢١ کڕۆنشتات )، که‌ زیاتر له‌ په‌نجا ساڵ پێش ئێستا چووه‌ نێو تۆماری مێژوو [بەڵام بە‌خێرایی لەنێوی ده‌رکرایه‌وه‌]، به‌شێوه‌یه‌کی دانه‌بڕاو پابه‌ندی‌ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی لێکۆڵه‌ره‌‌که‌یه‌تی؛ یان به‌واتایه‌کی‌ دیکە هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌ک بەرانبەر تێکۆشانێکی چینایه‌تیی که‌ له‌ کۆمەڵ ڕوده‌دات، ‌پابه‌ندی پێگه‌ی نووسه‌رەکەیەتی‌ و مۆری تێڕوانینی خۆی لە ئەو ده‌دات‌.

ئه‌وانه‌ی که‌ شۆڕشی ڕوسیه‌ له‌ ساڵی ١٩١٧وه‌ک ڕاپه‌ڕینێکی سۆشیالیستیی لێکده‌ده‌نه‌وه‌، که‌سانێک که‌ فەرمانداریی پێکهاتووی بۆلشه‌ڤیکی له‌ ماوه‌ی جەنگی نێوخۆی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی پڕۆلیتێری له‌به‌رچاوده‌گرن، بەگوێرەی پێداویستی ده‌بێت بەرانبەر ئه‌وه‌ی که‌ له‌و دوورگه‌یه‌ی که‌نداوی فینلانده‌ [کڕۆنشتات] ڕویدا، وه‌ک هه‌وڵێکی دژه‌شۆڕشانه‌ بۆ لەنێوبردنی “ده‌وڵه‌تی کرێکاریی” ساوا لەبەرچاوبگرن. به‌پێچه‌وانه‌شەوه‌‌، ئه‌وانه‌ی که‌ وه‌ک کردارێکی شۆڕشگێڕانه له‌ ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ده‌ڕوانن، دره‌نگ یان زوو به‌ لێکدانه‌وه‌ی جه‌مسه‌ری ناکۆک لەبارەی گۆڕانه‌کانی ڕوسیه‌ و هەل و مەرجی کەتواریی نێو‌ ڕوسیه‌ ده‌گه‌ن.

ئه‌وانه گشت ئاسایی به‌رچاودەکەون‌. به‌ڵام شتی زۆرتر له‌وانه‌ هه‌یه‌. بۆلشه‌ڤیزم به‌ساده‌یی شێوه‌یه‌ک له‌ ئابووری یان ده‌وڵه‌ت نه‌بوو، که‌ بوونی له‌و سه‌رده‌مه‌، نه‌ک ته‌نیا له‌ کڕۆنشتات‌، به‌ڵکو هەر ئاوا له‌ پترۆگراد و ئۆکرانیا و به‌شێکی فراوانی خوارووی ڕوسیه‌، له‌سه‌ر لێواری ده‌مه‌چه‌قۆ وه‌ستابێت. بۆلشه‌ڤیزم هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ شێوه‌یه‌ک له‌ ڕێکخراوبوون بوو، له‌نێو تێکۆشانی شۆڕشگێرانه‌ی ڕوسیه‌ پێگه‌یی‌ و بۆ بار و دۆخی ڕوسیه‌ داڕێژرابوو. پاش سه‌رکه‌وتنی بۆلشه‌ڤیکه‌کان له شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر، ئه‌م شێوه‌ ڕێکخراوه‌‌ لە ڕێگەی نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌ کۆمەڵێک بابه‌تی ڕامیاریی زۆر جۆراوجۆر ‌به‌سه‌ر کرێکارانی گشت وڵاتان سه‌پیندرا و هێشتا‌ ده‌سه‌پێندرێت. کاتێک که‌ دانیشتووانی کڕۆنشتات دژی بۆلشه‌ڤیکه‌کان ڕاپه‌ڕی، هۆ‌ ئەوە ته‌نیا ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پاوانکردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بۆلشه‌ڤیکه‌کان‌ نه‌بوو، به‌ڵکو هەر ئاواش خستنه‌ژێر پرسیاری ده‌رکی نەریتی بۆلشه‌ڤیکەکان‌ لەبارەی‌ پارتایەتی و پارتیی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بوو. ئه‌وه‌ هۆ‌کارەکە‌یه‌تی‌، که‌ بۆچی‌ جیاوازییه‌ هزرییه‌کان لەبارەی پرسە ڕێکخراوه‌یییەکانی چینی کرێکار به‌ زۆری باسێک لەبارەی کڕۆنشتات ده‌وروژێنن و هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر باسێک لەبارەی کڕۆنشتات به‌ناچار جیاوازییه‌کان لەبارەی بابه‌تە تاکتیکی و ڕێکخراوه‌یییەکانی تێکۆشانی چینایه‌تیی پڕۆلیتێری ئاشکراده‌کات. که‌واته‌ لەبەرئەوەییە‌، کە پاش زیاتر له‌ نێو سه‌ده‌ هێشتا‌ ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات وەک بابه‌تێکی گه‌رم و جێی مشتومڕ ماوه‌ته‌وه‌. گه‌وره‌یی‌ و گرنگی مێژووی کڕۆنشتات چه‌ندی بخوازێت، له‌ژێر تیشکی گرنگی کرده‌یی بۆ نه‌وه‌کانی ئێستای کرێکاران کاراتر ده‌بێت‌. بۆ هه‌مووان، ئه‌وانه‌ی له‌نێو تێکۆشانی پڕۆلیتێریی به‌شداریده‌که‌ن. لیئۆن ترۆتسکی یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که‌ له‌و گرنگییه‌ی تێنه‌گه‌یشت‌. ئەو له‌نێو گۆتاره‌که‌ی ساڵی ١٩٣٨ به‌ناوی “گاره‌گاری زۆر له‌سه‌ر کڕۆنشتات”  گله‌ییده‌کرد، که‌ ” مرۆڤ ئاوای بۆ ده‌چێت، که‌ یاخیبوونی کڕۆنشتات نه‌ک له‌ هه‌ڤده‌ ساڵی ڕابوردوو، به‌ڵکو دوێنێ‌ ڕویداوه‌”١ ترۆتسکی ئەوانه‌ی هه‌ر له‌و کاته‌دا نووسی، که‌ ڕۆژانه‌ کاریده‌کرد، تاکو په‌رده‌ له‌ ڕووی هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی ستالینیستانه‌ی مێژوو و ئه‌فسانه‌ی ستالینی هه‌ڵبماڵێت. ئه‌وه‌ی که‌ ئەو هیچ کاتێک لەنێو‌ ڕه‌خنه‌ی خۆی له‌ ستالین، تاکو ئه‌ودیو سنووره‌کانی ئه‌فسانه‌ی “شۆڕشی لێنینستی” نه‌ڕۆیشت، کەتوارێکه‌ که‌ لێره‌دا ده‌توانین به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕین.

(٢)

ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ئه‌فسانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی لەنێوبرد؛ ئه‌و ئه‌فسانەی‌ که گوایە له‌نێو ده‌وڵه‌تی بۆلشه‌ڤیکی کرێکاران‌ دەسەڵاتدارن‌. چونکه‌ ئه‌و ئه‌فسانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵ لەتەک ئایدیۆلۆجی بۆلشه‌ڤیکی گرێیخواردبوو [هه‌تا‌ ئێستا‌ش لێکهه‌ڵپێکراوه]. له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ کە له‌ کڕۆنشتات دێمۆکراسییه‌کی کەتواریی ساده‌ی کرێکاریی چاره‌نووسساز ده‌ستیپێکردبوو، لەبەرئەوە‌ ڕاپەڕینی کڕۆنشتات بووبووه‌ مه‌ترسییه‌کی مه‌رگهینه‌ر بۆ بۆلشه‌ڤیکه‌ ده‌سه‌ڵاتپاوانکاره‌کان، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک‌ ته‌نانه‌ت به‌هێزتر له‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی‌ دیکە بوو، که‌ له‌لایه‌ن له‌شکره‌ داگیرکه‌ره‌کانی دێنیکین و کۆلچاک و یودنیتچ  یان ڤرانگای ده‌کرا.

له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌، ڕابه‌رانی بۆلشه‌ڤیک له‌ تێڕوانینی خۆیانه‌وه‌، یان ڕاستر بڵێم له‌سه‌ر بنه‌مای پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان، که‌ ئاسایی کارایی له‌سه‌ر تێڕوانینی ئەوان داده‌نا،ناچاربوون به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ک ڕاپەڕینی کڕۆنشتات دابمرکێننه‌وه‌.٢ هاوکاتی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ ڕابه‌رانی بۆلشه‌ڤیک لەنێو‌ چاپه‌مه‌نییه‌کانی خۆیان (ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات)یان به‌ دژه‌شۆڕشی نیشاندا و به‌و جۆره‌ی که‌ ترۆتسکی هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردن “وه‌ک په‌له‌وه‌ر کوژران”. له‌و ڕۆژه‌وه‌‌ ئه‌و فریوکارییه‌‌ به‌شێوه‌یه‌کی ده‌مارگیرانه‌ ڕه‌وایه‌تی پێده‌درێت ‌و سه‌رسه‌ختانه‌ له‌لایه‌ن ترۆتسکیست و ستالینیسته‌کان بره‌وده‌درێت و به‌توندیی له‌سه‌ری پێیداده‌گرییدەکرێت.‌

ئه‌وه‌ی‌ که‌ هه‌م هه‌ندێک کۆڕ و کۆمەڵی مه‌نشه‌ڤیکی و هه‌م کۆڕ و کۆمەڵی گارده ‌سپییه‌کان به‌ئاشکرا لەتەک کڕۆنشتات هاوده‌رییانده‌ربڕی، فریوکاریی‌ ترۆتسکیست و ستالینیستییه‌کانی به‌هێزترکرد٣. هێنانه‌وه‌ی بڕوبیانووی لاواز بۆ ئه‌فسانه‌یه‌کی فەڕمیی که‌م جار به‌تواناده‌بێت. مه‌گه‌ر خودی ترۆتسکی له‌ مێژووی شۆڕشی ڕوسیه‌ بۆچوونه‌کانی ته‌واو دروست لەبارەی زانیاری‌ ڕامیاریی و تێگه‌یشتنی‌‌ کۆمه‌ڵایه‌تی پرۆفیسۆر میلیوکۆڤ و دڵسۆزی کۆنه‌‌په‌رستانه‌ی بۆ ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات، ڕۆشننه‌کردبووه‌وه‌؟ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نیا میلیوکۆڤ و گشت چاپه‌مه‌نییه‌کانی گاردی ‌سپی هاوده‌ردییان لەتەک کڕۆنشتات دربڕی، ئیدی دەبێت ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات دژه‌شۆڕش بێت؟ بەگوێرەی ئه‌و باوه‌ڕه‌، ئه‌ی ده‌بێت ڕامیاری ئابووریی نوێ (نیپ) که‌ ماوه‌یه‌کی کورت پاش کڕۆنشتات جێبه‌جێکرا، به‌ چ شێوه‌یه‌ک هه‌ڵبسه‌نگێنرێت؟ (ئوستریالۆڤ‌)ی بۆرجوا به‌ ئاشکرا ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌باره‌ی ئه‌و ڕامیارییه‌ نوێیه‌وه‌ ڕاگه‌یاند! به‌ڵام ئەوە‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی، که‌ بۆلشه‌ڤیکه‌کان ڕامیاریی (نیپ) وه‌ک کارێکی دژه‌شۆڕش ڕسوابکه‌ن. ئەو کەتواره‌ نیشانده‌ری هەموو شێوه‌ فریوده‌ره‌کانی ئه‌فسانه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌کانه‌. خۆمان له‌و بابه‌ته‌ی دوایی لاده‌ده‌ین. له‌ڕاستیدا بابه‌تێکی سه‌رنجڕاکێشه، که‌‌ ته‌نیا له‌سه‌ر بناخه‌ی ڕه‌وتی کەتواریی ڕوداوه‌کان و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌وتی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیی شۆڕشی ڕوسیه‌ ده‌تواندرێت له‌ ‌هۆی کارکردی کۆمه‌ڵایه‌تییانەی ئه‌فسانه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌کان تێبگه‌ین.

(٣)

ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ساڵی ١٩٢١ به‌رزترین خاڵی دێمۆکراتییانەی شۆڕشێک به‌رجه‌سته‌ده‌کات،‌ که ده‌بێت نێوەڕۆکە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی‌ بەشێوه‌یه‌کی ‌کورت بۆرجوازیییانە بناسرێت. ڕاپه‌ڕینه‌که‌ به‌رهه‌می لایه‌نی پڕۆلیتێری ئەو شۆڕشه‌ بۆرجوازییه‌ بوو‌، ڕێک به‌و جۆره‌ی که‌ له‌هەل و مەرجی تاکو ڕادەیەک یه‌کسانی ڕوداوه‌کانی مانگی ئایاری ١٩٣٧ له‌ کاتالۆنیا به‌رجه‌سته‌بوونی به‌رهه‌می لایه‌نی پڕۆلیتێری شۆڕشی ئیسپانیا بوون، یان ده‌سپێشخه‌رییه‌کانی بابۆوف ساڵی‌ ١٧٨٦ کە ئاراستە‌ی پرۆلیتێریی نێو‌ شۆڕشی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسه‌ بوون٤. ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر سێکیان لەتەک تێکشکان ڕووبه‌ڕووبوون، یه‌ک هۆکاری هاوبه‌شیان هه‌بوو، که‌ له‌ هه‌ر یه‌ک له‌و بارانه‌ هەل و مەرج و پێداویستییه‌کانی سه‌رکه‌وتنی پڕۆلیتاریا له‌ئارادانه‌بوون.‌ ڕوسیه‌ی تزاری وه‌ک وڵاتێکی دواکه‌وتوو له‌ جەنگی یەکەمی جیهانی به‌شداریکرد. به‌ مه‌به‌ستی ڕامیاریی و سەربازیی ده‌ستی به‌ پیشه‌سازبوون کرد و به‌و کاره‌ی یه‌که‌مین هه‌نگاوه‌کانی به‌ ئاراستە‌ی سه‌رمایه‌داری هه‌ڵگرتن؛ به‌ڵام پڕۆلیتاریا که‌ له‌نێو ئەو هه‌ناوه‌وه‌ پێگه‌یشت و له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه‌ لە بەرانبەر ژماره‌ی به‌رفراوانی دێهاتیی ڕوسیه‌ که‌متر بوو. بەبێ گومان که‌شی ڕامیاری فەرمانداریی سه‌رکوتگه‌رانەی تزاری بوو بەهۆی ھەڵکشانی گیانی تێکۆشه‌رانه‌ی کرێکارانی ڕوسیە. ئەو پرسه‌ بە ئەوان توانای به‌خشی، تاکو مۆری دیاریکراو له‌ شۆڕشێک بده‌ن، که‌ له‌باری به‌روپێشه‌وه‌چوون بوو، به‌ڵام نه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ ئاراستە‌که‌ی دیاریبکه‌ن. وێڕای بوونی پیشه‌سازیی پۆتلیڤ و پاڵافتگه‌ی نه‌وتیی له‌ قه‌وقاز و کانه‌ خه‌ڵوزی به‌رد له‌ ناوچه‌ی دۆنێتزریڤیر و کارخانه‌کانی چنین له‌ مۆسکۆ، پایه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئابووری کۆمەڵی ڕوسی کشتوکاڵیی بوو. ئەگەرچی ساڵی ١٨٦١ جۆرێک له‌ ئازادی جوتیاران ڕوویدا، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش هێشتا پاشماوه‌ی سیستمی ڕه‌نجبه‌ریی به‌ته‌واوی له‌نێونه‌چوبوون. په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ده‌ره‌به‌گیی و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی سه‌رخانه‌ ڕامیارییه‌که‌ بوون، خانزادەکان‌ و پیاوانی ئایینی چینی سه‌روه‌ر بوون، که به‌ هاریکاری سوپا و پۆلیس و بیرۆکراسیی له‌ ئیمپراتۆری گه‌وره‌ی خاوه‌ن زه‌وییه‌ گه‌وره‌کان ده‌سه‌ڵاتدارییانده‌کرد.

له‌ ئه‌نجامدا شۆڕشی ڕوسیه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ ئه‌رکێکی ئابووریی ڕووبه‌ڕووی لەنێوبردنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و گشت به‌شه‌کانی دیکە، له‌وانه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ڕه‌نجبه‌رییه‌کان، بووه‌وه‌. پێویست بوو کشتوکاڵ پیشه‌سازییبکاته‌وه‌ و بیخاته‌ ژێر ڕکێفی هەل و مەرجی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی مۆدێرنه‌‌، هه‌موو کۆتوبه‌نده‌کانی ده‌ره‌به‌گایه‌تیی (فیوداڵی) له‌سه‌ر پیشه‌سازیی تێکشکاند.

ئەو شۆڕشه‌ له‌ڕووی ڕامیارییه‌وه‌ ئه‌رکی لەنێوبردنی فەرمانداریی سه‌رکوتگه‌ر و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بەرتەریی‌ خانزاده‌ و ده‌ره‌به‌گه‌کان‌ و داهێنانی جۆرێک له‌ فەرمانداریی و ده‌زگه‌ی ده‌وڵه‌تیی له‌ئه‌ستۆبوو، تاکو له‌ ڕووی ڕامیارییه‌وه‌ بتوانێت وه‌ڵامی‌ ئامانجه‌ ئابوورییه‌کانی شۆڕش مسۆگه‌ربکات. ئه‌وه‌ ئاشکرایه که‌ ئەو ئه‌رکه‌ ئابووریی و ڕامیارییانه لەتەک ئه‌و ئه‌رکانه‌ گونجاوبوون، که‌ له‌ خۆراوا شۆڕشه‌کانی سه‌ده‌کانی هه‌ڤده‌هه‌م و هه‌ژده‌هه‌م و نۆزده‌هه‌م بەدیانهێنان٥. به‌ڵام شۆڕشی ڕوسیە‌، وه‌ک شۆڕشی دواتری چین، تایبه‌تمه‌ندیی تایبه‌ت بەخۆی هه‌بوو. له‌ ئه‌وروپای خۆراوایی به‌ر له‌ هه‌مووان له‌ فه‌ره‌نسه‌ بۆرجوازی هه‌ڵگری پێشڕه‌ویی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو، واته‌ لایه‌نگری یه‌که‌مین ڕاپه‌ڕین بوون. له‌ خۆرهەڵات له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسکران، بۆرجوازی لاواز بوو. له‌به‌رئەوە‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ته‌نگاوته‌نگ لەتەک به‌رژه‌وه‌ندی تزاریزم پێکه‌وه‌به‌سترابوون. واته‌ شۆڕشی بۆرجوازیی له‌ ڕوسیە‌ ده‌بوو به‌بێ بۆرجوازی‌ و ته‌نانه‌ت دژی بۆرجوازی به‌ئه‌نجامبگات.

(٤)

لێنین ئەو تایبه‌تمه‌ندییه‌ی شۆڕشی ڕوسیە‌ی زۆر به‌‌ وردی ده‌ستنیشانکرد. ئەو نووسی “مارکسیسته‌کان به‌ته‌واوی باوه‌ڕیان به‌ بۆرجوازیبوونی کا‌ره‌کته‌ری‌‌ شۆڕشی ڕوسیه‌ هه‌یه‌. ئەوە‌ واتای چییه‌؟ ئەوە‌ به‌و واتایه‌ دێت،‌ هه‌ر گۆڕانێکی‌‌ دێمۆکراتییانه‌ی سیسته‌می ڕامیاریی و هه‌ر گۆڕانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووریی که‌ بۆ ڕوسیه‌ بووه‌‌ به‌ پێداویستی، نه‌ک هه‌ر نا‌بێته‌ هۆی به‌گۆڕسپاردنی سه‌رمایه‌داری، نه‌ک هه‌ر ناببێته‌ هۆی به‌گۆڕسپاردنی سه‌روه‌ریی بۆرجوازی، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌‌‌ بۆ یه‌که‌مین جار زه‌مینه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنێکی فراوان و خێرای سه‌مایه‌داریی سازده‌که‌ن … “٦. له‌ شوێنێکی‌ دیکه‌ نووسی ” سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی بۆرجوازی وه‌ک سه‌رکه‌وتنی بۆرجوازی لای ئێمه‌ ئه‌سته‌مه‌. ئەوە‌ ئاوه‌زنه‌گیر بەرچاودەکەوێت، به‌ڵام ئاوایه‌. کۆمه‌ڵی ده‌ستبه‌سه‌ری گەورەی جوتیاران و سته‌مێک که‌ له‌لایه‌ن زه‌مینداره‌ گه‌وره‌ نیوه‌-ده‌ره‌به‌گه‌کان‌ لە ئەوان ده‌کرێت، هێز و هوشیاریی پڕۆلیتاریای ڕێکخراو‌ له‌نێو پارتیی سۆشیالیست‌، گشت ئەو هەل و مەرجه،‌ کاره‌کته‌رێکی تایبه‌ت به‌ شۆڕشه‌ بۆرجوازییه‌که‌مان ده‌به‌خشن. به‌ڵام ئەو تایبه‌تمه‌ندییه‌‌، کاره‌کته‌ری بۆرجوازی شۆڕش له‌نێونابات.”٧

له‌به‌رئه‌وه‌ لێره‌دا ڕۆشنکردنه‌وه‌یه‌کی ده‌خه‌ینه‌سه‌ر؛ پارتییەک که‌ لێنین لێره‌دا لەبارەی ئەو دەدوێت، نه‌‌ سۆشیالیست بوو و نه‌ ئه‌وه‌ی که‌س ده‌توانێت پاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ بکات، که‌ پڕۆلیتاریا لەنێو ئەو ڕێکخراو بووە. هه‌ڵبه‌ته‌ ڕاسته، که‌ له‌ هەندێک شتی لاوه‌کی ئەو پارتییە خۆی له‌ پارتییه‌ سۆشیال-دێمۆکراته‌کانی خۆراوا، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ هۆڵه‌کانی پارله‌مانی بۆرجوازی ڕۆڵێکی به‌رهه‌ڵستکارانەی به‌وه‌فایان گێڕا و به‌گشت ئامرازه‌ گونجاوه‌کان هه‌وڵیاندا، تاکو ڕێگریی له‌ ‌هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی کۆمەڵی سه‌رمایه‌داری بۆ سۆشیالیستی بکه‌ن، جیاکرده‌وه‌. بەڵام له‌ڕووی کڕۆک و چییەتی سۆشیالیستییه‌وه‌ نا.

پارتییەکەی لێنین له‌ ڕوسیە‌ پاش گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانه‌ زەمینە‌کانی له‌نێو‌برد، به‌ڵام به‌و جۆره‌ی که‌ لێنین به‌خۆی دانیپیاده‌نا، پرسه‌که‌ له‌سه‌ر شۆڕشێک بوو، که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر بوو له‌ خۆراوا له‌ شێوه‌گه‌لێکی ‌دیکە به‌ئه‌نجامگه‌یشتبوو.  به‌گشتی ئەو کەتواره‌ بۆ سۆشیال-دێمۆکراسیی ڕوسی‌  و به‌تایبه‌ت پارتیی بۆلشه‌ڤیک  ناکارا نه‌بوو.‌‌ ‌

لێنین و بۆلشه‌ڤیکه‌کان شتەکەیان ئاوا دەدیت، که‌ ‌هێزی بار و دۆخی چینایه‌تی له‌ ڕوسیه، ڕۆڵی ژاکۆبینه‌کان* ده‌داته‌ پارتییه‌که‌ی ئەوان. بەبێ‌ هۆ نه‌بوو،‌ که‌ لێنین سۆشیال-دێمۆکراته‌کانی وه‌ک “ژاکۆبینەکان له‌ هاوپه‌یمانی لەتەک جه‌ماوه‌ر” پێناسه‌ده‌کرد؛ بەبێ هۆ نه‌بوو، پارتییه‌که‌ی وه‌ک کۆمیته‌ی شۆڕشگێڕه‌ پیشه‌ییه‌کان پێکه‌وه‌نا ؛ بەبێ هۆ نه‌بوو، که‌ ئەو له‌نێو نووسینه‌که‌ی “چی ده‌بێت بکرێت” ڕایگه‌یاند، که‌ ئه‌رکی بنه‌ڕه‌تییان تێکۆشانکردنه‌ له‌ دژی خۆبه‌خۆی.

کاتێک که‌ ڕۆزا لوکزه‌مبورگ له‌ سه‌ره‌تای ئەو سه‌ده‌یه‌ له‌و ده‌رکه‌ ڕه‌خنه‌یگرت، ڕاستیده‌کرد، له ‌هه‌مان کاتیش هه‌ڵه‌بوو، ئەو لەبارەی ئه‌وه‌ی ڕێکخراوه‌ی پیلانگێڕی لێنینی لەتەک‌ شێوە‌ سروشتییه‌کانی ڕێکخراوه‌ی کرێکارانی تێکۆشه‌ر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نییه‌، واته‌ ئەو شێوانەی که‌ له‌نێو په‌یوه‌ندییه‌کانی سه‌رمایه‌داری و له ململانێ‌ و تێکۆشانی چینایه‌تییه‌وه پەرەیانسەندووه‌ و‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، ڕاستیده‌کرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ ئەو نه‌یدیتبوو و ده‌بوو بیبینێت، ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ ڕوسیه‌ ئاوا تێکۆشانێکی پڕۆلیتێریی به‌ کڕۆکێکی مۆدێرنه‌وه‌ له‌ ئاستێکی زۆر نزم بوو، یان هه‌ر له‌ ئارا ‌بوو.

له‌ ڕوسیه، شوێنێک که‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی سه‌رمایه‌دارانه‌ی به‌رهه‌مهێنان و کاری کرێگرتە‌ لەنێو ‌به‌رنامه‌ی کار نه‌بوو، پرسه‌که‌ له‌سه‌ر تێکۆشانێکی دیکە بوو. بۆ ئەو تێکۆشانه‌ پارتیی بۆلشه‌ڤیک ته‌واو گونجاوبوو. پێداویستییه‌کانی شۆڕشی به‌ته‌واوی به‌کرده‌وه‌ دابینده‌کرد. ئه‌وه‌ی که‌ شێوه‌ی ڕێکخراوه‌یی ئەو پارتییه‌ – واته‌ نێوەندێتی دێمۆکراتیک – به‌ دیکتاتۆریی کۆمیته‌ی نێوەندی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری ئه‌ندامان کۆتاییده‌هات ( هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ ڕۆزالوکزامبۆرگ پێشبینیده‌کرد)، سه‌لمێنرا، که‌ ته‌واو ڕاسته‌؛ به‌ته‌واوی ئه‌و شته‌ بوو، که‌ پێداویستی ئه‌و “شۆڕشه‌ بۆرجوازییه‌ کاره‌کته‌ر‌ جیاوازه‌” بوو.

(٥)

پارتیی بۆلشه‌ڤیک چه‌که‌ هزرییه‌کانی له‌ مارکسیزم‌ ده‌ردەھێنان، له‌و کاته‌دا ته‌نیا تیئۆرییه‌کی ڕادیکاڵ بوو، که‌ ده‌یتوانی ده‌ستی بۆ به‌رێت و بۆ ئەو چاره‌نووسسازبێت. به‌ڵام مارکسیزم ده‌هاویشته‌ی تیئۆریانه‌ی‌ تێکۆشانێکی چینایه‌تی‌ زۆر پێشکه‌وتوو‌ بوو، که‌ له‌ ڕوسیه‌ نامۆبوو و هه‌ر ئاوا ده‌رککردنی دروستی له‌ ڕوسیه‌ له‌ئارا نه‌بوو. ئاوا شکایه‌وه که‌ پێشکه‌وتنی “مارکسیزم” له‌ ڕوسیه‌ ته‌نیا‌ ناوه‌که‌ی لەتەک مارکسیزم لێکده‌چوو، له‌ ڕاستیدا زۆر‌تر له‌ ڕادیکالیزمی ژاکۆبینستی ئۆگوست‌ بلانکی‌‌ نزیکتر بوو، تاکو له‌ ده‌رکی مارکس و ئینگلس‌.

لێنین و پلیخانۆف‌ لەتەک بلانکی و تێڕوانینی ماتریالیزمی زانستی سروشگه‌را‌ [Natural-Science Materialism] هاوبۆچوون بوون، که له‌ ماتریالیزمی دیاله‌کتیکه‌وه‌ زۆر دووربوو‌، تێڕوانینێک که‌ لە سه‌ردەمی شۆڕشی گه‌وره‌ی چینایه‌تی فه‌ره‌نسه‌، چه‌کی سه‌ره‌کی تێکۆشان دژی خانزاده‌یی و ئایین بوو. له‌ (ڕوسیه‌)ش‌ بار و دۆخ لێکچووی هەمان بار و دۆخی پێش فه‌ره‌نسه‌ی بۆرجوازی بوو.

مارکسیزم به‌و جۆره‌ی که‌ لێنین لە ئەو تێده‌گه‌یشت -به‌و جۆره‌ش که‌ ده‌بوو لە ئەو تێبگات‌ – توانای‌ تێڕوانینێکی قوڵی له‌ پرسە بنه‌ڕه‌تییەکانی شۆڕشی ڕوسیه بۆ ده‌سه‌به‌رده‌کرد. هه‌مان مارکسیزم بۆ پارتیی بۆلشه‌ڤیک ده‌زگه‌ی تێڕوانینی بۆ ده‌سته‌به‌رکرد، که‌ به‌ ده‌رکه‌وتووترین شێوه‌ دژی ئه‌رک و کارکرده‌کانیشی وه‌ستایه‌وه‌. واته‌‌‌ هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ پریۆبراژنسکی ساڵی ١٩٢٥ لەنێو‌ کۆنفرانسێکی ناوچه‌یی مۆسکۆ به ‌ئاشکرا دانیپیادانا، مارکسیزم له‌ ڕوسیه‌‌ به‌ته‌واوه‌تی بووبووه‌ ئایدیۆلۆجی. به‌دڵنیایی کاری شۆڕشگێڕانه‌ی چینی کرێکاری ڕوسیه‌ – تاکو ئه‌و جێیه‌‌ی که‌ ئاوا کارێک بوونی هه‌بوو – لەتەک کارکردی پارتیی بۆلشه‌ڤیک هاوئاهه‌نگنه‌بوو، که‌ به‌گشتی‌ به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی بۆرجوازیی ڕوسیه‌ی نوێنه‌رایه‌تیده‌کرد. کاتێک که‌ ساڵی ١٩١٧ کرێکارانی ڕوسی خرۆشان، بەگوێرەی سروشتی چینایه‌تیی خۆیان، زۆر واوه‌تر له‌ سنووره‌کانی شۆڕشی بۆرجوازی چوون. هه‌وڵیاندا تاکو چاره‌نووسی خۆیان بگرنه‌ده‌ست، به‌ هاریکاری سۆڤیه‌ته‌کانی خۆیان خواسته‌کانی خۆیان وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌ر بە‌دیبهێنن و سۆڤیەتەکانیان بسه‌پێنن.

پارتییەک که‌ “هه‌میشه‌ ڕاستیده‌کرد” و پێویست بوو به‌ چینی کرێکار ڕێگه‌ نیشانبدات – هه‌ر بۆخۆی به‌و جۆره‌ی کە ڕابه‌رانی له‌سه‌ر  ئەوە پێداده‌گرییاندەکرد، پڕۆلیتاریا به‌بێ ئەو نه‌یده‌توانی ڕێگه‌ی دروستی خۆی بدۆزێته‌وه‌ -، له‌ دواوه‌ شه‌له‌شه‌لی بوو. ناچارکرابوو مل به‌ کەتواری سۆڤیەتە کرێکارییه‌کان بدات، به‌و جۆره‌ی که‌ ‌پێشهات،‌ بوونی زۆرینه‌ی جوتیاران بسەلمێنێت. نه‌ سۆڤیەتە کرێکارییه‌کان و نه‌ زۆربەی جوتیاران لەتەک ڕێڕه‌وی پارتیی ته‌بانه‌بوون -ڕێڕه‌وێک که‌ دووبارە‌کردنه‌وه‌ی گشت ئەزموونه‌کانی پێشوتری ئەو شۆڕشانە بوو، که‌ له‌نێو هەل و مەرجی گه‌شه‌نه‌کردوو ئه‌نجامدرابوون. له‌ ڕوسیه‌ کاری شۆڕشگێڕانه‌ چ له‌لایه‌ن کرێکاران و چ له‌لایه‌ن جوتیاران‌ نه‌یده‌توانی ماوه‌یه‌کی زۆر به‌رده‌وامبێت. هەل و مەرجی مادیی و بنه‌مای کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاوا کارێکی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌رده‌وام له‌ئارادانه‌بوو.

(٦)

ئه‌وه‌ی ڕوویدا بەو جۆره‌ بوو: سه‌رمایه‌داری (که‌م گه‌شه‌کردوو) لەنێونه‌برا؛ کاری کرێگرتە مایه‌وه‌؛ مارکس گوته‌نی به‌و جۆره‌ی که‌ کاری کرێگرتە به‌یانکه‌ری سه‌رمایه‌یه‌، ھەر ئاوا به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، سه‌رمایه‌ به‌یانکه‌ری کاری کرێگرتە‌یه‌. کرێکارانی ڕوسی کۆنتڕۆڵی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان به‌ده‌ستنه‌هێنا؛ به‌ڵکو ئه‌و کۆنتڕۆڵکردنه‌ که‌وته‌ ده‌ستی پارتیی (یا ده‌‌وڵه‌ت). له ‌ئه‌نجامدا، کرێکارانی ڕوسی وه‌ک به‌رهه‌مهێنه‌رانی زێده‌بایی مانه‌وه‌. نه‌ ئه‌و کەتوارە‌ی‌ که‌ زێده‌بایی نه‌ک له‌لایه‌ن چینێک له‌ سه‌رمایه‌دارانی تایبه‌تی، به‌ڵکو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت‌، یان له‌لایه‌ن که‌سانێکی سه‌ربه‌ پارتیی که‌ کۆنتڕۆڵکه‌ری ده‌وڵه‌وت‌ بوون، پاوانده‌کرا، نه‌ ئه‌و کەتواره‌ش که‌ گه‌شه‌ی ئابووری له‌ ڕوسیه‌ – به‌ هۆی له‌ئارادانه‌بوونی چینی بۆرجوا – به‌ ڕێڕه‌وێکی جیا له‌ ئەوه‌ی خۆراوا بەرەو ‌پێش چوو، هیچ شتێکی له‌ پێگه‌ی چینی کرێکار وه‌ک چینێکی به‌هره‌کێشکراو یان کۆیله‌ی کرێگرته‌ نه‌گۆڕی. که‌س ناتوانێت له‌ به‌کاربردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن چینی کرێکار‌ بدوێت. له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌تی تزاری وردوخاشکرابوو، به‌ڵام‌ ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیەتیی جێی ئەوی نه‌گرته‌وه‌. سۆڤیەتەکان که‌ به‌شێوه‌یه‌کی خۆبه‌خۆ له‌لایه‌ن کرێکارانی ڕوسیه‌ پێکهاتبوون، سه‌ره‌تای هاوینی ١٩١٨ له‌لایه‌ن فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی  لە ئەوان ده‌سه‌ڵات سه‌ندرایه‌وه‌ و به‌ته‌واوی دەستەمۆ و گۆشه‌گیرکران. ئیدی پایه‌ی ئابووریی وڵات، له‌جێی په‌یوه‌ندییه‌ ڕه‌نجبه‌رییه‌کانی پێشتر یان په‌یوه‌ندییه‌کانی بێگاری و شێوه‌ ده‌ره‌به‌گییەکان، شێوه‌یه‌ک له‌ ئابووریی کۆیله‌وارانەی‌ به‌خۆوه‌گرت، له‌و جۆره‌ی که‌ ساڵی  ١٩١٧ترۆتسکی‌ له‌باره‌یه‌وه‌ نووسی ” لەتەک ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی پڕۆلیتاریا نایێته‌وه‌”. ئەو تێزه‌ دروستبوو، به‌ڵام بۆلشه‌ڤیکه‌کان – پاش ئه‌وه‌ی به‌هه‌ڵه‌ ڕایانگه‌یاند، که‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان ده‌سه‌ڵاتدارێتی چینی کرێکاره ‌- به‌ڕواڵه‌ت بۆ کۆتاییهێنان به‌ سته‌می سه‌ر پڕۆلیتاریای ڕوسیه‌، ئەوان ئەوە‌یان له‌ خزمه‌ت ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی خۆیان به‌کاردەبرد. به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی کەتواریی کرێکاری، سه‌روه‌ری ڕامیاریی نه‌ک وه‌ک ئامرازێک بۆ ئازادبوون، به‌ڵکو وه‌ک ئامرازێکی سه‌رکوتگه‌رایانه‌ گه‌شه‌یکرد. له‌ ڕوسیه‌ی بۆلشه‌ڤیکی‌ هەل و مەرج له‌ نێوان ڕوودانی شۆڕشی فێبریوه‌ری و سه‌رکوتی به‌‌هێزی کڕۆنشتات و ناساندنی ڕامیاری ئابووریی نوێی (نیپ)، لێکچووی شۆڕشی فێبریوه‌ری ١٨٤٨فه‌ره‌نسه‌ بوو. مارکس لەبارەی ئەو شۆڕشە‌ ئاوا بۆچوونی خۆی ده‌رخست ” له‌ فه‌ره‌نسه‌ ورده‌بۆرجوازی ئه‌و کاره‌ ئه‌نجامده‌دات، که‌ له‌باری ئاسایی ده‌بێت له‌لایه‌ن بۆرجوازیی پیشه‌سازییه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت، کرێکار کارێک ئه‌نجامده‌دات، که‌ له‌باری ئاسایی ئه‌رکی ورده‌بۆرجوازییه‌. ئه‌ی چ که‌سێک ئه‌رکی کرێکار ئه‌نجامدەدات؟ ئەو ئه‌رکه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه له‌ فه‌ره‌نسه‌، به‌پوختی ڕاگه‌یێندراوه ‌”. له‌ ڕوسیه‌ ئەو ئه‌رکه‌ ڕاگه‌یێندراوه،‌ ئه‌نجامنه‌دراومایه‌وه‌. لەتەک ئەوەش‌ به‌ ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی شۆڕشێک – که‌ لەنێو ئەو ئۆکتۆبه‌ر ته‌نیا وێستگه‌یه‌ک بوو – کۆتاییهات. کڕۆنشتات ساتێکی شۆڕشگێڕانه‌ بوو، که‌ ڕه‌وڕه‌وه‌ ناجێگیره‌کانی شۆڕشی گه‌یانده‌ به‌رزترین لوتکه‌.

له‌ چوارساڵی یه‌که‌می چاره‌نووسساز، دووبه‌ره‌کییه‌کی قوڵ دیاربوو: له‌لایه‌ک پارتیی بۆلشه‌ڤیک و فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی، له‌لایه‌کی‌ دیکە‌ چینی کرێکار ڕوسیە. ئەو دووبه‌ره‌ییه‌ به‌ ده‌رکه‌وتنی ناکۆکی ‌نێوان فەرمانداریی و جوتیاران، زۆرتر ده‌رکه‌وت. وێڕای هه‌بوونی ناکۆکی  نێوان کرێکاران و جوتیاران، که‌ ئیسمیتشکا – واته‌ هاوپه‌یمانی چینایه‌تی ئەو دووانه‌ – پەرده‌پۆشیکردبوو. له‌نێو تێڕوانینی ئێمه‌ ده‌کرێت ناکۆکی نێوان جوتیاران و فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی وه‌لابنرێت. ته‌نیا به‌ ڕاگوزەر بە ئەوە ئاماژەدەدەین، چونکه‌ چه‌ند لایه‌نەیی ناکۆکی نێوان کرێکاران و فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی و جوتیاران، پێداویستیی دیکتاتۆری پارتیی ڕۆشنده‌کاته‌وه‌.

(٧)

له ‌ماوه‌ی نێوان ڕودانی شۆڕش و ڕوداوه‌کانی ساڵی ١٩٢١، چینی کرێکاری ڕوسیه‌ سه‌رقاڵی تێکۆشانێکی به‌رده‌وام بوو. ساڵی ١٩١٧ ئەو تێکۆشانه‌ زۆر واوه‌تر له‌وه‌ی که‌ بۆلشه‌ڤیکه‌کان له‌به‌رچاویانگرتبوو، بەرەو پێش چووبوو‌. ساڵی ١٩١٧ له‌نێوان مانگی مارچ و کۆتایی سێپته‌مبه‌ر‌، ٣٦٥ مانگرتن، ٣٨ جار ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی کارخانه‌، ١١١ جار ده‌رکردنی به‌ڕێوه‌به‌رانی کارخانه‌ ڕویدا ٨. دروشمی بۆلشه‌ڤیکی ” کۆنترۆڵی به‌رهه‌مهێنان له‌لایه‌ن کرێکاران” لەنێو‌ ئاوا بار و دۆخێک به‌درۆخرایه‌وه‌. کرێکاران ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنانیان به‌ ده‌ستپێشخه‌ری خۆیان کۆنتڕۊڵکردن، واته‌ تاکو  ١٤ی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩١٧، که‌ بڕیاری کۆنترۆڵی کرێکاریی ده‌رچوو و ڕێگری بۆ ئەو چالاکییانه‌ دروستکرد، واته‌ ته‌نیا هه‌فته‌یه‌ک پاش بەده‌سه‌ڵاتگەییشتنی بۆلشه‌ڤیکه‌کان! پاش مانگی ئایاری ١٩١٨ ” نیشتمانییکردنە‌کان‌” ته‌نیا له‌لایه‌ن سۆڤیەتی نێوەندیی ئابوورییه‌وه‌ ده‌توانرا ئه‌نجامبدرێن. ماوه‌یه‌کی کورت پاش ئەو ڕێکەوتە، مانگی ئه‌پریڵی ١٩١٨، بەرپرسیاریی تاکه‌که‌سی به‌رێوه‌به‌رایەتی کارخانه‌ سه‌رله‌نوێ گەڕایەوە، ئه‌وانه‌ چیدیکە نه‌ده‌بوو بۆ بڕیاره‌کانیان بڕوبیانوو بۆ کرێکاران”یان” بێننه‌وه‌. جێنیوەری ١٩١٨ سۆڤیەتەکانی کارخانه‌ پاکتاو و سڕکرابوون. له‌وه‌ به‌دواوه‌، لەتەک سه‌رکه‌وتنی کۆمونیزمی جه‌نگیی، یاسا ئابوورییه‌کانی کۆمەڵێکی به‌رهه‌مهێنانی کاڵایی، خۆیان له‌سه‌ر خۆیان په‌رده‌یان لادا. لێنین ئه‌فسووسی ده‌خوارد، که‌  ” جڵه‌وی ڕێنوێنیکردن خه‌ریکه‌ له‌ده‌ستده‌ر‌چێت … فارگۆنه‌‌که‌ به‌ باشی ئاوا بەرەوپێش ناچێت، زۆر جار به‌ته‌واوی و هەندێک جاریش وه‌ک وێناکردنی ئه‌و که‌سه‌ نا، کە له‌ پشت سکانه‌وه‌‌ دانیشتووه‌‌”. ڕۆژنامه‌ی یه‌کێتییه‌کی کرێکاریی ڕوسی ڕایگه‌یاند، که‌ ساڵی ١٩٢١به‌ به‌شداریکردنی سەد و هەشتا و چوار هەزار (١٨٤٠٠٠) که‌س ، ٤٤٧ مانگرتن ڕویانداوه‌. هەندێک ژماره‌ی ‌دیکە بەو جۆره‌ن، پێنج سەد و پێنج (٥٠٥) مانگرتن به‌ به‌شداری سەد و پەنجا و چوار (١٥٤٠٠٠) که‌س،  ساڵی ١٩٢٢؛ ٢٦٧ مانگرتن،  ساڵی ١٩٢٤؛‌ ١٥١ مانگرتن له‌نێو کارخانه‌ ده‌وڵه‌تییەکان ئه‌نجامدران؛ ساڵی ١٩٢٥؛ ١٩٩ مانگرتن ، که‌ ٩٩ مانگرتتن له‌نێو کارخانه‌ ده‌وڵه‌تییەکان بوون٩.

ژماره‌کان که‌مبوونەی بەرەبەری ناڕه‌زایه‌تییه‌ کرێکارییه‌کان نیشانده‌ده‌ن. ساڵی ١٩٢١ به‌ ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ئەو بزوتنه‌وه‌یه‌ بە لوتکه گەییشت‌. ٢٤ی فێبریوه‌ری ١٩٢١ کرێکارانی پترۆگراد مانیانگرت. داخوازییه‌کانیان ئەوانه‌ بوون: ئازادی بۆ گشت کرێکاران، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌ تایبه‌ته‌کان، هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان. ئەوانه‌ هه‌مان ئه‌و داخوازییانه‌ بوون، که‌ چه‌ند ڕۆژ دواتر له‌ کڕۆنشتات به‌رزکرانه‌وه‌. ناڕه‌زایه‌تیی گشتی سەرتاسەری وڵاتی گرته‌وه‌. له ‌کاتی سه‌ری ساڵی ١٩٢٠-١٩٢١ ڕوسیه‌ی بۆلشه‌ڤیکی شانۆی ناکۆکییه‌کی قوڵ بوو. ده‌ستبه‌جێ ئەو بار و دۆخه‌‌ “ئۆپۆزسیۆنی” کرێکاریی دروستکرد‌، که‌ له‌لایه‌ن دوو که‌س له‌ کرێکارانی پێشووتری پۆڵاوه‌ ڕابه‌رییده‌کرا. ئەو ئۆپۆزسیۆنه‌‌ خوازیاری ده‌ستکۆتاکردنی پارتیی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دیکتاتۆریی پارتیی و جێگرتنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن فەرمانداریی خۆیی جه‌ماوه‌ری به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه بوو‌. به‌کورتی: خوازیاری دێمۆکراسیی سۆڤیەتیی و کۆمونیزم بوو!

ماوه‌یه‌کی کورت پاش ئه‌وه‌، بار و دۆخی گشتی ڕوسیه ‌وه‌ک له‌ به‌ڵگه‌نامه‌کانی کڕۆنشتات‌‌ باسکراون، کە بەو جۆره‌ کورت و پوخت به‌ دروستی ڕۆشنیکرده‌وه‌ ” بەھۆ‌ی پاگه‌نده‌ی فریوده‌رانە، ڕۆڵه‌کانی خه‌ڵکی کرێکار به‌ره‌و پارتیی ڕاکێشران و خرانه‌ ژێر‌ کۆتوبه‌ندی ‌دیسپلینێکی توند‌. کاتێک کۆمونیسته‌کان هه‌ستیانکرد، که‌ به‌ڕاده‌ی پێویست به‌هێزن، سۆشیالیسته‌ سه‌ر به‌ هێڵه‌ جیاوازه‌‌کانی ‌دیکەیان هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌ستکۆتاکردن و دواجار خودی کرێکاران و جوتیارانیان له‌سه‌ر کورسیەکانی که‌شتی ده‌وڵه‌ت وه‌ده‌رنا، به‌ڵام هاوکات ‌بۆلشەڤیکەکان خۆیان به‌ناوی ئه‌وان وڵاتیان فەرماندارییده‌کرد”١٠.

فێبریوه‌ری ١٩٢١ له‌ پترۆگراد ناڕه‌زایه‌تی گه‌لیی ڕویاندا. خۆنیشانده‌رانی پڕۆلیتێری له‌ شوێنی دوور له‌ نێوەندی شار‌ ڕێپێوانیانکرد. بە سوپای سوور  فه‌رماندرا، تاکو ئەو خۆنیشاندانانه‌ په‌رشوبڵاوبکات. سه‌ربازان له‌ فەرمانە سه‌رپێچیانکرد، کە له‌ کرێکاران ته‌قه‌بکه‌ن. دروشمی سەرەکی ئەوە‌ بوو “مانگرتنی گشتی لە ٢٧ی فێبریوه‌ریی کەتوارییه!‌ “‌. ٢٨ی فێبریوه‌ری‌ له‌ پترۆگراد سه‌ربازانی لێبڕاو و وه‌فادار به‌ فەرمانداریی ئامادەبوون. ڕابه‌رانی مانگرتن ده‌ستگیرکران، کرێکاران بۆ کارخانه‌کان ڕه‌وانه‌کرانه‌وه. هه‌ستانه‌وەی بەرەی شۆڕش‌ تێکشکا. به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش هه‌مان ڕۆژ، دەریاوانانی که‌شتیی جه‌نگی پێترۆپاڤلۆڤسک که‌ له کڕۆنشتات له‌نگه‌ریخستبوو، خوازیاری هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی سۆڤیه‌ته‌کان و ئازادی چاپه‌مه‌نی و کۆبوونه‌وه‌ بۆ کرێکاران بوو! دەریاوانانی که‌شتی جه‌نگیی سێڤاستۆپۆل به‌و داخوازییانه‌وه‌ په‌یوه‌ستبوو. ڕۆژی دواتر شازدە (١٦٠٠٠) هەزار که‌س له‌ لەنگەرگەی کڕۆنشتات کۆبوونەوە، تاکو بۆ مانگرتوانی پێترۆگراد هاوپشتیی خۆیان ڕابگه‌یێنن.

(٨)

دژواره‌ بتوانرێت گرنگیی یاخیبوونی کڕۆنشتات به‌ڕاده‌ی پێویست هه‌ڵبسه‌نگێنرێت. کڕۆنشتات وه‌ک فانۆسی ڕێنمایی ده‌ریا تیشکده‌هاوێت‌. ڕاپه‌ڕیوان لەنێو‌ ڕۆژنامه‌که‌یان نووسییان “ئێمه له‌پێناو چی تێده‌کۆشین؟ چینی کرێکار هیواداربوو له‌نێو شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت. به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی ته‌نانه‌ت سه‌رکوتی زیاتر بوو‌. فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی بۆ پاراستنی ژیانێکی ئاسووده‌ بۆ کۆمیسار و بیروکراته‌کان، سیمبولی به‌ناوبانگی کرێکاری – چه‌کوش و داس-ی گۆڕی به‌ سیاچاڵ و سه‌ره‌نێزه”‌ . گشت ئەوانه‌ به‌و واتایه‌ بوون، که‌ له‌ کڕۆنشتات ساتی کەتواریی بۆ فەرمانداریی بۆلشه‌ڤیکی بە پێش هاتبوو‌، دروست به‌و جۆره‌ی که‌ له‌ ڕۆژانی جونی ١٨٤٨ یاخیبوونی پڕۆلیتاریای فه‌ره‌نسا، ساتی کەتواریی بوو بۆ کۆماری ڕادیکاڵی فه‌ره‌نسه‌. لێره‌ش وه‌ک ئه‌وێ، مه‌یدانی سه‌رکوتی پڕۆلیتاریا بوو به‌ زادگای له‌دایبوونی سه‌رمایه‌داری. پڕۆلیتاریا له‌ فه‌ره‌نسه‌ کۆماری بۆرجوازی ناچارکرد، تاکو سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌ک ده‌وڵه‌ت، که‌ ئامانجی بڕیاردراوی هه‌میشه‌ییکردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌ بوو، دەربخات. به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ کڕۆنشتات کرێکاران‌ و دەریاوانان پارتیی بۆلشه‌ڤیکی – که‌ ته‌نیا ئامانجی جێگیرکردنی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو – ناچارکرد، تاکو سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی ئاشکرای دژایه‌تیکردنی کرێکاران دەربخات، که‌ لەتەک تێکشکانی ڕاپه‌ڕین ڕێگه‌ی بۆ ئاوه‌ڵابوو.

له‌ شه‌قامه‌کانی پاریس جەنراڵ کاڤایناک Cavaignac هیواکانی کرێکارانی له‌نێو خوێن گه‌وزاند. شۆڕشی کڕۆنشتات له‌لایه‌ن لیئۆن ترۆتسکی سه‌رکوتکرا. ترۆتسکی له‌ مانگی مارچی ١٩٢١ بوو به‌ کاڤایناک، گوستاڤ نۆسکه‌**ی شۆڕشی ڕوسیه. ئەو که‌ به‌ناوبانگترین و ده‌رکه‌وتووترین نوێنه‌ری تیئۆری شۆڕشی به‌رده‌وام – گاڵته‌جاریی مێژوو- ‌به‌ سه‌رکوتکردنی کڕۆنشتات له‌ لێبڕاوترین هه‌وڵی به‌ره‌و به‌رده‌وامی شۆڕش ‌پاش‌ ئۆکتۆبه‌ری ١٩١٧ بەریگرت‌.

به‌ڵام خۆلادان له‌و به‌سه‌رهاته‌ له‌توانادانه‌بوو. پێشمه‌رجه‌کانی سه‌رکه‌وتنی پڕۆلیتاریا له‌ کڕۆنشتات‌ له‌ئارادانه‌بوون. ته‌نیا شتێک که‌ ده‌یتوانی بە ئەوان کۆمەکبکات به‌ ته‌واوی هه‌ر هه‌مان به‌رده‌وامی شۆڕش بوو، که‌ بە ئەو ئاماژەمدا. کرێکارانی کڕۆنشتات به‌خۆیان ئەوە‌یان ده‌زانی و لە ئەوە تێگه‌یشتن. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ به‌رده‌وام بۆ هاوڕێکانیان له‌سه‌ر زه‌مینی سه‌رەکی ڕوسیا تێله‌گرامیانده‌نارد و خوازیاری پاڵپشتی چالاکانه‌بوون.

کرێکارانی کڕۆنشتات چاوی هیوایان بڕیبووه‌ ” شۆڕشی سێیه‌م”، هه‌ر به‌و جۆره‌ی که‌ هه‌زاران پڕۆلیتار له‌ ڕوسیه‌ به‌و شۆڕشه‌ سێیه‌مه‌ی کڕۆنشتات هیواداربوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ڕوسیه‌ی دێهاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ لەتەک چینه‌ کرێکاره‌ تاکو ڕادەیەک گچکه‌که‌ی و ئابوورییه‌ گه‌شه‌نه‌کردووه‌که‌ی به‌ “شۆڕشی سێیه‌م” ناوده‌برا، شتێک له‌ خۆشخه‌یاڵی به‌ولاوه‌تر ‌بوو. کاتێک که‌ ئه‌فسانه‌ی کڕۆنشتات تازه‌ ده‌ستیپێکردبوو، لێنین گوتی که‌ ” له‌ کڕۆنشتات، ئه‌وانه‌ ده‌سه‌ڵاتی گارده‌ سپییه‌کانیان ناوێت، ئه‌وانه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌شیان ناوێت. بەڵام ده‌سه‌ڵاتێکی ‌دیکە بوونی نییه‌.”١١

لێنین تاکو ئه‌و جێیه‌ی که‌ له‌و ساته ‌دیاریکراوه‌دا ئه‌و جۆره‌ ده‌سه‌ڵاته‌ – لایەنی که‌م له‌ ڕوسیه‌ – نه‌بوو، ڕاستی ده‌گوت. به‌ڵام کرێکارانی کڕۆنشتات وه‌ک کرێکارانی ئاڵمانیا له‌توانادابوونی شێوه‌یه‌کی ‌دیکە له‌ ده‌سه‌ڵاتیان دەرخستبوو. کرێکاران نه‌ک بۆلشه‌ڤیکه‌کان به‌ کۆمۆنه‌کانی خۆیان و به سۆڤیه‌ته‌ ئازادانه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کانی خۆیان، نموونەیەک له‌ شۆڕشی پڕۆلیتێریی و ده‌سه‌ڵاتی کرێکارییان نیشاندابوو.

نابێت دروشمی “سۆڤیەتەکان به‌بێ کۆمونیسته‌کان” ئێمە تووشی سەرسوڕمان بکات.  بێبه‌زه‌ییه‌کان به‌ناوی “کۆمونیسته‌کان”‌ خۆیان ده‌ناساند، ئه‌وانه‌ی که‌ ئەم ڕۆژگارەش -به‌هه‌ڵه‌ – خۆیان ئاوا ده‌ناسێنن: بۆلشه‌ڤیکه‌ لایه‌نگره‌کانی سه‌رمایه‌داریی ده‌وڵه‌تین، ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و کات مانگرتنی کرێکارانی (پێترۆگراد)یان سه‌رکوتکرد. ساڵی ١٩٢١ ئاوەڵناوی “کۆمونیست” بۆ کرێکارانی کڕۆنشتات هەر وەک ساڵی ١٩٥٣ بۆ کرێکارانی ئاڵمانیای خۆرهەڵاتیی و ساڵی ١٩٥٦ بۆ کرێکارانی هه‌نگاریا نه‌فره‌تاوی بوو. به‌ڵام وێڕای ئەوە‌ش کرێکارانی کڕۆنشتات وه‌ک کرێکارانی‌ دیکە به‌رژه‌وه‌ندیی چینایه‌تیی خۆیان بۆیان گرنگبوو. بەو جۆره‌ تاکو ئەم ڕۆژەگارە‌ش شێوازه‌کانی‌ تێکۆشانی پڕۆلیتێریانه‌ی خۆیان. هێشتا گرنگییه‌کی فراوانیان بۆ گشت هاوڕێ چینایه‌تییه‌کانیان هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی – که‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌کی ئەو جیهانه‌ بن – تێکۆشانی خۆیان بەرەوپێش ده‌به‌ن‌  و له‌ ئەزموونه‌کانیانەوە ئه‌وه‌ فێربوون، که‌ ئازادبوونیان ته‌نیا له‌ گره‌وی تێکۆشانی خۆیاندایه‌.

 ‌په‌راوێزەکان:

[ کایۆ برێندل Cajo Brendel یه‌کێک له‌ کۆنترین کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کانی هۆڵه‌نده،‌ که‌ سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی ١٩٣٠ به‌دابڕانی یەکجارەکی له‌ ترۆتسکیزم، به‌ گروپی کۆمۆنیسته‌ ئینته‌رناسیونالیسته‌کانی هۆڵه‌ند GIK په‌یوه‌ستبووه‌.- و] ساڵی ١٩٧١ یەکەم جار ئەم نووسینه‌ له ‌شێوه‌ی کۆڕ له‌ په‌نجاهه‌مین ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی کڕۆنشتات ‌له‌نێو زانکۆی ته‌کنیکی بێرلین پێشکه‌شکرا. ده‌توانرێت له‌م سه‌رچاوه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قە بنەڕەتییەکەی ئەو گۆتاردانه‌ به‌ ئاڵمانی په‌یداکرێت:

http://www.members.partisan.net/brandel/crnstat.html

in: Agnoli, Johannes;Brandel,Cajo;mett,Ida:Die revolutionären Aktionen der russischen Arbeiter und Bauern : Die Kommune von Kronstat, Berlin: Karin Kramer Verlag, Berlin 1974 94 pages.

نووسینه‌که‌ی ترۆتسکی به‌ ئینگلیزی به‌ناوی ” گاره‌گار له‌سه‌ر کڕۆنشتات، به‌ره‌یه‌کی خه‌ڵکانی تاوانبار” له‌ New International, April 1938,p. 104 بڵاوکرایه‌وه‌. ئەو ناونیشانه‌م له‌ بڵاوکراوه‌یه‌کی ترۆتسکیستی هۆڵه‌ندی که‌ لەنێو ئەو ئه‌و گۆتاره‌ پاش ماوه‌یه‌کی کورت دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ ئینگلیزی‌، جارێکی‌ دیکە وه‌رمگێڕا.

ترۆتسکی لەنێو‌ بیۆگرافییه‌که‌ی له‌باره‌ی ستالین‌ له‌ پێداویستبوونی ئەو سه‌رکوتکردنه‌ ده‌دوێت. له‌وێدا ده‌ڵێت ” ئه‌وه‌ی که‌ فەرمانداریی سۆڤیه‌تی به‌پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووی خۆت له‌ کڕۆنشتات‌ ئه‌نجامیدا، پێداویستییه‌کی تراجیدی بوو” وێڕای ئەوە‌ش له‌نێو ڕسته‌ی دواتر ڕه‌خنه‌ و هاوئاهه‌نگی لەتەک ئه‌فسانه‌، سه‌رله‌نوێ له‌ ” مشتێک لادێی کۆنه‌په‌رست و سه‌ربازی یاخی” ده‌دوێت. بڕواننه‌ :

English edition: Stalin:An Appraisal of the Man and His Influence, edition and annotated from the Russian by Charles Malamuth, London, 1947, P. 337

له‌نێو کۆڕ و کۆمەڵێکی دیاریکراوی مه‌نشه‌ڤیکه‌کان و گارده‌ سپییه‌کان‌، واته‌ هه‌موویان نا. گوتبوویان “ئه‌وانه‌ به‌ زۆری ئه‌وانه‌ بوون، که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ ده‌ره‌ی ڕوسیە‌ په‌یداده‌بوون”. لەنێو‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئاماژە بە ئه‌وه‌ دراوه،‌ چۆن پاشماوه‌ی تێکشکاوییه‌کانی گاردی سپی، کە ئێستا‌ له‌ ڕوسیه‌ په‌یدان، به‌ هه‌ستێکی ئاوا ورده‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی پێشڕه‌وی پرۆلیتێرییان له‌ کڕۆنشتات‌ دیاریکرد و به‌شێوه‌یه‌کی بێبه‌ندومه‌رج بۆ سه‌رکوتکردنی یاخیبووان خوازیاری خزمه‌تکردن به‌ کاروانی ڕابه‌رانی بۆلشه‌ڤیکی‌ بوون. بڕواننه‌ :

`Die Warheit über Kronstadt` , 1921. Comlete reprinting of this work in German translation in Dokumente der Weltrevolution, vol. 2, Arbeiterdemokratie oder Parteidiktatur, Olten, 1967, p. 297ff

ده‌توانرێت بەبێ کۆتایی ئەو نموونانه‌ درێژه‌بکرێنەوە، ده‌توانرێت ئەوانه‌ لەتەک بزوتنه‌وه‌ی یەکسانیخوازان Levellers له‌نێق شۆڕشی بریتانیای سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌هه‌م به‌راوردبکرێن. به‌راوردکردنی کاراکتەری کۆمه‌ڵایه‌تیی شۆڕسی ڕوسیه‌ لە ١٩١٧ ده‌توانرێت له‌م سه‌رچاوه‌ی خواره‌وه‌دا ببینی : in `Thesen über den Bolschewismus` , first published in Rätekorrespondenz, no 3, August 1934; reprint in Kollektiv Verlag, Berlin, n.d.–

6- I. Lenin , `Zwei Taktike der Sozialdemokratie in der demokratischen Revolution `, in Ausgewählte Werke, vol. 1, Berlin, Dietz Verlag, 1964, p.558

ئەو گوته،‌ گێڕانه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ لێنین‌‌ له‌ گۆتارێکی (N. Insarov)‌،‌ که‌ سێپته‌مبه‌ری ساڵی ١٩٢٦ له‌نێو بڵاوکراوەی Proletari بڵاوکرایه‌وه‌. ئینسارۆڤ له‌ نوسخه‌ی ڕوسی گشتی به‌رهه‌مه‌کانی لێنین، که‌ له‌لایه‌ن Russian State Publishing House بڵاوکراوه‌تەوە، کەڵکی وه‌رگرتووه‌. ئەو ده‌ربڕینه‌ له‌نێو به‌رگی ١١ی به‌شی یه‌ک لاپه‌ڕه‌ ٢٨ ده‌ستدەکەوێت.

* له‌نێو شۆڕشی فه‌ره‌نسه‌ “ژاکۆبینه‌کان” نازناوی ئه‌ندامانی (یانه‌ی ژاکۆبین‌) بوو. ژاکۆبینه‌کان ڕادیکاڵترین به‌شی بۆرجوازی فه‌ره‌نسه‌ بوون, که‌ به‌ ڕابه‌ری ڕۆبسپیر له‌ ساڵی ١٧٩٣ به‌ کوده‌تا (فەرمانداریی ژیروندن)ە‌کانیان ڕوخاند و فەرمانداریی تیرۆرکاریان دامه‌زراند. ساڵێک دوای به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی ناپلیۆن ڕوبسپیر له‌ سێداره‌ درا. –و.ف

8 – TheThese figures were taken from F. Pollock (Die planwirtschaftlichen Versuche in der Sowjetunion 1917-1927, Leipzig, 1929, p. 25) and from the work of Y. G. Kotelnikov and V. L. Melier, Die Bauernbewegung 1917 (which also contains facts concerning strikes and workers’ political actions).

9 – ئامار لەبارەی مانگرتن و مانگرتووانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی یه‌کێتی ڕوسی Voprosy Truda, 1924, no 7/ 8 ئاماده‌کراوه. تۆمارگه‌ران په‌نجه‌ بۆ ناته‌واوی ئەو ژمارانه‌ ڕاده‌کێشن. ئێمه‌ جارێکی‌ دیکە له‌ پۆلاک ( گوته‌ی سه‌ره‌وه‌، تێبینی ژماره‌ ٩) ده‌گێڕینه‌وه‌.

 له‌به‌شی یه‌که‌می (مێژوویی) پەرتووکی Labour Disputes in Soviet Russia, 1957-1965 (Oxford, 1969, p.15)  Mary McAuley کۆمەڵێک زانیاری له‌باره‌ی ژماره‌ی مانگرتنه‌کان له‌ ڕوسیه‌ له‌ ساڵه‌ یه‌که‌مه‌کانی پاش شۆڕش ده‌خاته‌ڕوو. ئەو بۆ زانیارییه‌کانی پشت به‌ Revzin inVestnik Truda, 1924, no 5-6, pp. 154-160 ده‌بەستێت. ئەو ژمارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ لەتەک ژانره‌کانی پۆلاک ده‌گونجێن.

10- ‘Die Wahrheit über Kronstadt 1921’, Dokumente der Weltrevolution, op. cit., vol. 2, p. 288.

** Gustav Noske ڕامیارکاری سۆشیال-دێمۆکرات، نوێنه‌ری سۆشیال-دێمۆکراته‌کان له‌ ڕایشتاک‌، فه‌رمانده‌ی سوپا پاش شۆڕشی نۆڤه‌مبه‌ری ١٩١٨ی ئاڵمانیا، شالیاری پارێزگاریی له‌نێوان ساڵانی ١٩١٩-١٩٢٠. ئەو لێپرسراو و فه‌رمانده‌ی سه‌رکوت و کوشتاری دڕندانه‌ی ڕاپه‌ڕین له‌ ئاڵمانیا بوو. – و.ف

11- Dokumente der Weltrevolution, op. cit., vol. 2, p. 288.

بۆ خوێنه‌رانێک که‌ له‌و باره‌وه‌ خوازیاری زانیاری زیاترن ، ده‌توانن بڕواننه‌ سه‌رچاوانه‌ (و.ک. ) :

1- Der Aufstand von Kronstadt , Volin, ISBN 3-89771 -900 -2

2- Die Geschichte der Machno Bewegung, Peter A. Arschinoff, ISBN 3-928300-68-7

3- Emma Goldman : Niedergang der russischen Revolution, Kramer Verlag.

دەقی فارسی ئەو گوتارە له‌ ماڵپه‌ری کاوشگر :www.kaveshger.org وه‌رگیراوه‌،

هه‌ر ئاوا ده‌توانن ده‌قه‌ ئاڵمانییه‌که‌ی له‌م ئادره‌سه‌ی خواره‌وه‌ به‌ده‌ست بێنن : http://www.members.partisan.net/brandel/crnstat.html

( له‌به‌ر هەندێک جیاوازی له‌نێوان ده‌قه‌ ئاڵمانی و وه‌رگێڕانه‌ فارسییه‌که‌، جارێکی‌ دیکە لبە بەراوردکردن لەتەك ده‌قه‌ ئاڵمانییهکە‌ پێیداچوونەوەی بۆ کراوە )

* ئەم وەرگێڕانە پێشتر لەنێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە : http://bit.ly/2kZN3Kj

وێڕای جیاوازی من لەتەک بۆچوونی نووسەر لەبارەی پێداویستی و زەمینەی گۆڕان و شۆڕشی ناچینایەتی (شۆڕشی سۆشیالیستی|ئەنارکیستی)، وەرگێڕانی ئەم نووسینە ھەوڵدان بوو بۆ نیشاندانی کەتواری فاشیستی فەرمانداریی بۆلشەڤیکی لە زمانی کەسانێکی مارکسیست بەڵام ڕەخنەگر لە بۆلشەڤێزم، بە خوێنەری دابڕاو و نائاگادری کوردیی-زمان.