“گومان نیەکەم فڵانی” *

هەژێن

٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦

سەرنجێكی کورت لەسەر بابەتی “چارەسەری ڕاستەقینەی هەموو کێشەو قەیرانەکانی هەرێم” نووسینی ئەحمەد ڕەزا.

بەرایی: ئەگەر نووسەر پاگەندەی ئەنارکیستبوونی نەکردایە و ناکۆکبوونی ئەو بۆچوونە لەتەك بنەماکانی ئەنارکیزم نەبووایە، کە بە زیانی بزووتنەوەی (گاگۆڵێکەری) ئەنارکیستی لە هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، منیش ئەو بۆچوونەی نووسەرم وەك بۆچوونی هەر وردە-بۆرجوازییەکی ناڕازی دیکە وەردەگرت، کە چاوەڕێی “حکومەتی باش و سەرۆکی باش و پارلەمانتاری باش” دەکات.

هەر ئاوا لەبەرئەوەی نووسەر لێرە و لەوێ لەبارەی هزری ئەنارکیستی خەریکی کۆڕگێڕانە و خۆی بە ئەنارکیست دەناسێنێت، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن لەم بابەتەی بە ئەرکی ئەنارکیستانەی خۆم دەزانم و بە بۆچوونی من ئەو هەمووە پاگەندە بۆ “ڕوناکبیربوون” و تێرکردنەی نارسیزم سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەنارکیستبوون و ڕەفتار و ئەتوار و گوفتاری ئەنارکیستەکانە و بێجگە لەوەی کە بۆچوون و نێوەڕۆکی کۆڕەکانی سەرنج و ڕەخنەیەکی زۆر هەڵدەگرن، کە سەرنجدان لەبارەی ئەو کۆڕانە بۆ بوارێکی دیکە هەڵدەگرم.

نووسەر هەر لە تایتڵی بابەتەکەیەوە، گومان لەوەدا ناهێڵێت، کە ئەوە بڕوای تەواوی خۆیەتی و ئاوا بیردەکاتەوە و ئەوە ئەڵتەرناتیڤی ئەوی ئەنارکیستە :”چارەسەری ڕاستەقینەی هەموو کێشەو قەیرانەکانی هەرێم”

پێش هەموو شت، بە پێویستی دەزانم، کە لە نووسەر و زۆربەی ئەوانەی کە واژەی “ڕاستەقینە” بەکاردەبەن، بپرسم مەبەست لە ڕاستەقینە چییە؛ بنەڕەتی، تەواو، دوا هیوا و ..تد؟ ئێمەی خوێنەر چۆن بتوانین لەنێو دەریای پاگەندەی “ڕاستەقینەکان” بزانین کامە دانە ڕاستەقینە و کامانە ناڕاستەقینەن؟ پاڵنەر و هێز و وروژێنەری ئەو هەمووە “یەقینە” چییە و کامەیە؟

ئایا دەکرێت بزانین ئەم بابەتە بێجگە لە “دەوڵەتی باش و فەرمانداریی باش و پارتیی باش و دەسەڵاتی باش و سەرۆکی باش” ھەر بەو جۆرەی کە سەران و لایەنگرانی گشت پارتیییەکان بەتایبەت پارتییەکەی (نەوشیروان موستەفا) پاگەندەی دەکەن، چی دیکە دەکاتە ھەتوانی بیرینەکان؟

پاشان، ئەگەر خاڵی یەکەم و دوو خاڵی کۆتایی، کە بە زۆردارەکی و بۆ جوانکردنی خۆشباوەڕیی خاڵەکانی دیکە بەو بابەتەوە لێندراون، لابدەین، بێجگە لە ڕیفۆرمکردنی سەروەریی چینایەتی چی لێ دەمێنێتەوە؟

بێجگە لەوە “دەستبەردار بوون لە سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ.” واتای چییە؛ خاڵی یەکەم بە ھەندوەربگرین یان خاڵی دووەم ؟ من کوردی نازانم یان نووسەر خەریکە سەر لە ئێمەی خوێنەر دەشێوێنێت؛ دەستبەرداربوون واتە وازهێنان لە شتێك، ئایا داخوازییەکەی نووسەر، داخوازیکردنی وابەستەبوون و پابەندیی “ڕامیاریی ئابووریی سەربەخۆ” ؟ ئەی ئابووریی سەربەخۆ چییە، ئایا مەبەست لە سەربەخۆیی ئابووریی کۆمەڵە ئازادەکانە یان شێوازێکی ئابووریی نوێیە و بە گوێی ئێمە نەکەوتووە؟

ئایا ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو خاڵانەی کە نووسەر دیاریکردوون،

…. ” * دوورکەوتنەوە لە گزی و فرت و فێڵی هەڵبژاردن.

 * دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستی زەعامەت.

* دوورکەوتنەوە لە ڕۆشنبیریی بازاڕیی، کە دەسەڵاتی هەرێم پشتیوانیی زۆری لێ ئەکا.

* دەستبەردار بوون لە مەحسوبییەت.

*  پیادەکردنی سیاسەتێکی ڕۆشن. * موحاسەبەکردنی دزو مافیاکان بە ئاشکرا ..”

جێبەجێبکەن، ئیدی تاکی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان ھیچ گرفتێکی نامێنێت و ” وڵات خۆی ئەبێ بە شامی شەریف.” و نووسەریش لەتەك سەروەریی چینایەتی گرفتی نامێنێت؟ ئەی پاگەندەی ئەنارکیستبوونی نووسەر لەپێناو چییە و ئەنارکیزم لای ئەو چی دەگەیێنێت؟ ئایا ئەنارکیزمێك کە نووسەرلەنێو ئەو نووسینەی پێشنیاریدەکات و پاگەندەی دەکات، بێجگە لە هەمان “بۆچوونی وردەبۆرجوازییانە” کە مارکسیستەکان تۆمەت دەیدەنە پاڵ هزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی، چی دیکە دەتوانێت ببێت؟

ئەی لە کام سەردەم و کام گۆشەی جیھان لە سایەی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتایەتی ڕویداوە ” زامنکردنی ئازادیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. ” مسۆگەربکرێت، تاکو لە سایەی سەروەریی بۆرجوازی کورد پەرجووی ئاوا ڕوبدات ؟

دوا جار دەکرێت “ڕوناکبیری ئەنارکیست” بە ئێمەی خوێنەر بڵێت، کە ئەو بێجگە لە پێکھاتەیەکی قووچکەیی و نێوەندگەرای دەوڵەتیی و فەرمانداریی لە ” بەکانتۆن کردنی ناوچەکانی هەرێم لە ناوخۆداو گرێدانەوەی بە مەرکەزی هەرێم.” چ تێگەییشتنێکی دیکەی ھەیە؟

بە گوێرەی بۆچوونەکانی پڕۆدۆن تاکو بۆکچین، کە وەك ئەنارکیستێك لەبارەی خۆبەڕێوەبەریی و فێدراڵیزم زۆرترین قسەیان کردووە، کاتێك کە ناوچەکان بکرێنە کانتۆن، واتە بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکان بەسەر کانتۆنەکان و لەنێو کانتۆنەکان بەسەر ڕێکخراوە و هەروەزییە کۆمەڵایەتیەکان دابەشدەکرێت و پێکهاتەی نێوەندییانە و قووچکەییانەی بەڕێوەبردن ڕەتدەکرێتەوە و بەڕێوەبردن ئۆتۆنۆمیانە دەبێت و لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ ڕێکدەخرێت.

ئیدی “گرێدانەوەی بە مەرکەزی هەرێم” چ داھێنانێکە و دەکرێت بزانین لە کوێی ھزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئاوا بۆچوونێك بۆ فێدرالیزم و پێکھاتە و ڕێکخستنی فێدرالیستی ھەبووە و ھەیە و کامە بنەمای ئازادیخوازیی ئەنارکیزم پشتیوانی لە ئاوا بۆچوونێکی وردەبۆرجوازییانە ** دەکات؟

—————

 *  “گومان نیەکەم فڵانی” : پەند و دەستەواژەیەکی کەلهوریی ناوچەی کرماشانە.

**  وردەبۆرجوازی : مەبەست ڕێفۆرمکردنی بەڕێوەبردنی نێوەندگەرا و قووچکەیی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتایەتییە، هەر بۆچوونێك کە لەتەك هەبوونی سەروەریی چینایەتی، ڕێکخستن و پێکهاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا و بەرتەریی دەستەبژێر و هەبوونی پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەت و بازاری کڕین و فرۆشتن گرفتی نەبێت.

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە لەسەر فەیسبووك : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554854234708924

*** خوێنەری هێژا بۆ خوێندنەوە و بەراوردکردن دەتوانێت لەم لینکەی خوارەوە بابەتەکەی نووسەر بخوێنێتەوە:

 

چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ” پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “

چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ” پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “

هەژێن

٠٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦

خوێنەری هێژا، ئەوەی لە خوارەوە وەك چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ئەو ڕاگەیێندراوە دەیخوێننەوە، بریتییە لە خوێندنەوەی من بۆ  “پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “، هەڵبەتە لەبەر ڕۆشانیی زانیاریی و دەرك و ئەزموونە کەسییەکانی خۆم وەك کەسێکی ئازادیخواز [ئەنارکیست] و پەیڕەوکەری دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خوازیاریی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و چالاکێکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی.

پێش هەموو شت بە باشتر دەزانم، کە ئاماژە بە ئەوە بدەم، کە ٢٣ی فێبریوه‌ری ٢٠٠٩ لەبارەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەیەك لە ڕێکەوتی ١٩ی فێبریوەریی ٢٠٠٩ لە هەرێمی کوردستان بەناوی (بزووتنەوەی هاریکاری) کۆمەڵێك سەرنجی خۆم بە سەردێڕی (بزووتنه‌وه‌‌ی هاریکاری: ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ئاسۆ و ئامانجه‌کانی) لەبارەی ئەو ڕاگەیاندنە نووسین و بڵاوکردنەوە و پێش بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم، من نێرەری ڕاگەیاندنەکەم لە نووسین و بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم ئاگادارکردەوە، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستگیریی پاش بڵاوبوونەوەی سەرنجەکانی من، زۆر لە گوتن و دۆستایەتی پێش ئەوە جیاواز بوو و تەنانەت ئەو هەڵوێستگیرییە بۆ ناکۆکی و دژایەتییەکی بەردەوام و تەنانەت تۆمەتبارکردن و دژایەتیی کەسیی بە کۆمەڵێك ناوی جیاواز درێژبووەوە و تاکو ئێستاش وەك دوژمنێك لەنێو هۆش و کۆڕی ئەو کەسانە هەژماردەکرێم و وەك ئەهریمەنێك بەردباراندەکرێم. هەرچەندە ئەو کەسە ئەو کات نووسیبووی “بەم زووانە وەڵامی خۆمان بۆ بۆچوونە نادروستەکانی هەژێن دەبێت”، بەڵام نە بزووتنەوەیەکی ئاوا لە کەتواری کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و عیراق سەریهەڵدا و نە بوونی هەبوو و نە وەڵام و ڕەخنەگرتن لە سەرنجەکانی من بڵاونەکرانەوە.

لەبەرئەوە، هیوادارم چالاکانی ئەم هەوڵە تازەیە و نووسەران و داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندەش تووشی هەمان هەڵەی دەستەی ڕاگەیاندنی (بزووتنەوەی هاریکاری) نەبن و پێش ئەوەی ئاوا هەڵوێستێك وەربگرن، تەماشای ڕەهەندی ناڕۆشنییەکان بکەن و زیانە ئەگەرییەکان و قۆستنەوەی هەڵە و لاوازییەکان لەلایەن دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان لەبەرچاوبگرن. هەڵبەت دەکرێت ئەم سەرنجانەی من لەنێو دونیای کەتواریی و هەر ئاوا لە کەتواری هەوڵی ڕاگەیێنەران هەڵە بێت، بەڵام هەموو شتێك وێرای هەڵەبوونی هێشتا شیاو و شایستەی شرۆڤەکردن و هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی ئەو و دەتوانێت ئێمە بۆ بیرکردنەوە هانبدات. هیوادارم بەلایەنی کەم ئەم سەرنجانەی منیش وەك هەڵەیەکی هاندەر و وروژێنەر لەبەرچاوبگیردرێن.

دیسانەوە پێش هەموو شت، من لە هەر هەوڵێکی کۆمەڵایەتیی هەر تاکەکەس و دەستەیەك دەستخۆشیدەکەم، کە بۆ زیندووکردنەوەی بنەما کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی کۆمەڵی ئێمە و گێرانەوەی متمانەی تاکەکان بە هێز و توانا و بیرکردنەوە و دیتنی خۆیان هەوڵدەدەن. بە بۆچوونی من خراپ نەدەبوو، ئەگەر هەوڵیانبدرایە لەتەك ئەو دەستەیە کە ١٩ی فیبریوەری ٢٠٠٩ بۆ بەڕێخستنی (بزووتنەوەی هاریکاری) هەوڵیاندا،  پەیوەندیبگرن و لە ئەزموون و توانایی یەکدی کەڵکوەربگرن و هێز و وزە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکبخەن، چونکە (بزووتنەوە و تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) هیچ بەربەستێکی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی نییە، تاوەکو ئێمە خوازیارانی ئەو ئامانجە نەتوانین پێکەوە تێبکۆشین.

بێجگە لەوەش کاتێك کە سەرنجی ئەو پەیج و گروپانەی کە بەناوی ( toribnarati1 تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دەرکەوتوون و ئێستا ئەم ڕاگەیاندنەیان بڵاوکردووەتەوە، یەکەم گروپێکی فەیسبووکییە، کە ڕۆژی ٢ی مارچی ٢٠١٥ دەرکەوتووە و تاکو ١٠ی جونی ئەم ساڵ بێجگە لە بابەتێکی هاوڕێ (سەلام نەجیبە) لەبارەی مانگرتن و خۆنیشاندانەکانی فەرەنسە، هیچ بابەتێکی پەیوەست بە )هاریکاری کۆمەڵایەتیی و بوونی تۆڕێك( بڵاونەکردووەتەوە و لە ماوەی نێوان ١٠ی جونی و ١٣ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەتێکی نەبووە و دەستپێکردنەوەی ڕاگەیاندنی هەواڵی (هەروەزییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی) دەبێت و دوا بابەتیشی ئەم ڕاگەێێندراوەیە، کە من خوازیارم لەبارەیەوە سەرنجەکانی خۆم بنووسم. دووەم، پەیجێکی فەسیبووکییە، کە ڕۆژی ١٠ی مارچی ٢٠١٥ بەناوی (toribnarati تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دروستکراوە و تاکو ١٥ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەت و بڵاوکراوەیەکی نەبووە و هیچ چالاکییەکی بە ئاراستەی هاریکاری کۆمەڵایەتیی نەبووە. خوێنەری هێژا، مەبەست لەم پێشەکییە ئەوەیە کە تۆی خوێنەری هێژا بزانیت لەبارەی کێ و چی دەنووسم و لە چی ڕەخنەدەگرم.

سەرەتا هەرچەندە لە نووسینی ئەم سەرنجانە لە سەرنجدانی لایەنی زمانەوانیی داڕشتنەکە خۆم لادەدەم، بەڵام ناکرێت لە هەڵەبوونی واژەکان بەتایبەت ناوی تۆڕەکە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ”  خۆم لابدەم؛ (تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی) یان (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) ؟

بەدڵنیاییەوە مەبەستی ئەو بەڕێزانە (هاریکاری کۆمەڵایەتیی)ـە و منیش هەر بەو جۆرە  سەرنجی خۆمی ئاراستەدەکەم.  مەبەست لە (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) چییە؛ (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی ئیتەرنێتی) یان (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی شوێنی کار و ژیان) ؟ ئەگەر مەبەست باری یەکەمە، ئەوا پێویستە وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەك فەیسبووك و تویتەر و …تد دەربکەوێت نەك ئەکاونت، گروپ، پەیجی نێو تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی وەك فەیسبووك. دەکرێت تۆڕی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بێت، بەڵام دیسان لەو بارەدا  پێش ئەوە ئینتەرنێتی بێت، پێویستە هەبووی شوێنی ژیان و کاری کۆمەڵایەتیی بێت.

” بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە سەپێنراوەی سیستمی سەرمایەداریی نوێ  “

“سیستەمی سەرمایەداری نوێ” چییە و کەی سەریهەڵداوە؟ ئایا لەتەك سیستەمی “سەرمایەداریی کۆن” جیاوازییەکانی چین و کامانەن؟

” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی لە هەناوی کۆمەڵگەوە خۆی ڕادەگەیەنێت “

ئەم دەستەواکەیە ئەوە دەگەیێنێت، کە ئاوا تۆڕێك پێش ئەوەی پاگەندەیەکی ئینتەرنێتیی ڕۆشنگەر بێت، بوونێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و ئەوە بۆ من لەم دوورەوە دڵخۆشکەرە و ئومێدەکان زیندوودەکاتەوە و بۆ چالاکیکردنی پشتیوانیکەرانە من هاندەدات.

” بەهۆی شۆڕشی وشیارکردنەوەوە، کە لە ئێستاوە دەستی دەدەینێ” ئەم دەستەواژەیە لەلایەن من نەخراوەتە نێو جووت کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوە، بەڵکو هەر بەخۆی ئاوا نووسراوە و من وەك خوێنەرێك لە هۆکاری ئاوا نووسینی تێناگەم، ئایا  دەستەواژەیەکی وەرگیراوە، هی کێیە؟ هەرچەندە من دەستەواژەی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” و (شۆرشی ڕۆشنگەریی) ڕەتدەکەمەوە، بەڵام بۆچی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” بۆ ئایەندە و پاش  ” لە ئێستادا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دەکرێت ڕزگار بکرێت ” هەڵدەگیردرێت ؟

” پرەنسیپەکان:  ١- بڕیارو ڕاسپاردەو گشتێنراوەکان، بە کۆمەڵ بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەدمینەکانی تۆڕەکە، ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت.”

کاتێك بە وردی دەستەواژەی ” ئەدمینەکانی تۆڕەکە ” سەرنجبدەین، ئیدی ئەوە ڕۆشندەبێتەوە، کە مەبەست لە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ” گروپێك یان پەیجێکی فەیسبووکییە، چونکە  ئەدمین یان ئەدمنیستراتۆر فرەتر بواری سەرپەرشتی کۆمپیوتەر و گروپ و پەیج و ئیمەیل ئینتەنێتی دەگرێتەوە و گروپە خۆجێی و هەروەزییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان لەجیاتی  ئەدمین و سەرۆك و بەرپرس و ڕابەر و تاک-سەرپەرشتیکار، دەستەی هەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکانیان هەن.  هۆکارەکەش ڕۆشنە بەکاربردنی کۆ-سەرپەرشتییکردن و کۆ-بەڕێوەبەریی بۆ بەرگرتن بە دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و پاوانگەریی و هەلپەرستیی تاکەکان. لەبەرئەوە ئەگەر مەبەست لە تۆڕی گروپ و هەروەزییە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا ئەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەندامانی گروپ و ڕێکخراو و هەرەوەزییەکان.

بێجگە لەوەش سپاردنی  ” ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت “بە ئەدمینەکانی  گروپ و پەیجەکانی ئینتەرنێتییەکان، لاوەکیکردن و وابەستەکردنی گروپ و هەروەزییە کەتوارییەکانی نێو ژیانی ڕۆژانەیە.  وەك گوتم ئەو ناڕۆشنییە لەلای منی خوێنەر دروستبووە، مەبەست لە “تۆڕی … کۆمەڵایەتی” چییە؛ تۆڕی ئینتەرنێتی یان تۆڕی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان؟

“٢- بەشداریکردنی خانمان و پیاوان بە هاوبەشیی “

ناچارم بڵێم، من لەو جیاکارییە لە شوناسی کەسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کەسەکان تێناگەم؛ ئەگەر بۆ ژنان “خانمان” بەجێیە،  ئەی بۆ پیاوان چی؛ بۆچی (ژنان و پیاوان) نەبێت ؟

“٣- باوەڕ نەبوون بە توندو تیژیی و بەرامبەر بەوەش وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سیستم، نەک دەزگاو فەرمانگەکان.”

باوەڕنەبوون بە توندوتیژی یەکێکە لە  بنەما هەرە پەسندەکان، بەڵام مەگەر ” دەزگاو فەرمانگەکان ” بەشێك لە سیستەمەکە نین؟  ئەگەر وەڵام [نە]یە، ئەدی سیستەم چییە؟ ئەگەر چارەسەر پێشنیارکردن و جیگیرکردنی ئەڵتەرناتیڤی “دەزگاو فەرمانگەکان” وەك یەکەی بنکەیی و پایەی سیستەمەکە نییە، ئەدی چۆن ئەڵتەرناتیڤی سیستەمەکە پێشنیار و جێگیردەکرێت و چۆن لە بنکەوە لە سیستەمەکە دەدرێت؟ ئایا ئەوە دیسانەوە گەڕانەوە نییە بۆ سەر بنەمای (لە سەرەوە بۆ خوارە) یان ڕوخاندنی دەسەڵات و جێگیرکردنەوەی بە دەستەیەك بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی؟

“٥- پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا.”

مەبەست لەو بنەمایەی سەرەوە چییە؟ بۆچی و لەپێناو چی پێکەوە کاردەکەن؟ بەداخەوە من لە دەستەواژەی  “پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” دەتوانم تەنیا ئەوە تێبگەم، کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ چینی سەرمایەدار و توێژە سەروەرەکەی/ دەسەڵاتدارەکەی ئەو چینەش دەگرێتەوە. ئەگەر وەڵام [ئەرێ]یە، چۆن چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوە دەتوانن پێکەوە کاربکەن، چۆن چینی بۆرجوازی وەك یەکێك لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ  دژی سیستەم و یاساکانی خۆی (بۆرجوازی کورد)، کە سەروەر و پارێزەری سیستەمە نائازاد و نایەکسان و ناداپەروەرەکەیە، کاردەکات؟ ئەی مەبەست لە” پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگە” چییە؟ ئایا هەژاری زۆرینە هاوسەنگی دەوڵەتمەندیی کەمینە نییە؟ ئایا سەروەریی کەمینە هاوسەنگی ژێردەستیی زۆرینە نییە؟

“٧- بوارنەدان بە دەرکەوتنی هیچ تاکێک وەک پێشەنگ و سەرۆک و دەمڕاستی تۆڕەکە، هەموو بڕیارە چارەنوسسازەکان بە کۆمەڵ دەدرێت. هەرەوەزییەکان سەربەستن لە هەر جۆرە بڕیاردانێکدا لە سنوری چالاکیی خۆیان، بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەس و دەستەیەکی تر.”

هەرچەندە لێرەدا دیارە مەبەست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی نائینتەرنێتیی و هەروەزییەکانە. بەڵام هێشتا منی خوێنەر ناتوانم لەسەر ئەوە ساخببمەوە، کە مەبەست گروپی ئێنتەرنێتی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتییە یان تۆڕی کۆمەڵایەتیی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتیی شوێنی ژیان و کار؟

چونکە ئەگەر مەبەست یەکەم بێت، ئەوا ئەو بنەمایانە /پرنسیپڵانە پێویست نین و کاراییان نابێت و ڕۆڵی ئاوا تۆڕێت لە پاگەندە و ئاڵوێریی زایارییەکان واوەتر ناڕوات، ئەگەر مەبەست دووەم بێت، ئەوا ئەدمین بە واتای (دەرکەوتنی هەندێك تاك وەك پیشەنگ و سەرۆك و دەمراست تۆڕەکە و تەنانەت هەموو خەڵکی) دێت .

“٩- باوەڕ بوون بە دیموکراتیکی راستەوخۆو سیستمی خۆبەڕێوەەریی.”

ئەم بنەمایەش تەواو پێچەوانەی سیستەمی بوونی ئەدمینەکانە و بە کۆڕ و کۆمەڵی خۆجێی پەیوەستە،  چونکە لەنێو جیهانی ناکەتواریی گروپ و پەیجی تۆڕە ئینتەرنێتییەکان هەم دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ واتانابەخشێت و هەم نا-خۆبەڕێوەبەریی بوونی نییە و دروستکەرانی هەموو گروپ و پەیجێك بەخۆیان بەڕێوەبەر و سەرپەڕشتیکاری گروپ و پەیجەکانیانن. بەڵام بۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی گروپ و هەروەزییە کەتوارییە کۆمەڵایەتییەکان جوانترین و هەرە پێویستترین بنەمایە.

“١٠- باوەڕ نەبوون بە ئایدیۆلۆژیاو هەموو ئەو بیرو فیکرانەی دەبنە مایەی کۆتکردنی مرۆڤ.”

بە بۆچوونی من، هەرچەندە من بە سەراپای بوونمەوە دژ و ڕەتکەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و زۆبەری بابەتەکانم لەو بارەوەن، بەڵام لەنێو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و گروپ و ڕێکخراو و هەروەزییەکان ناکرێت و ناتوانرێت و دروستیش نییە، کە بڕوانەبوون بە ئایدیلۆجیا بکرێتە بنەما، چونکە پێویستە و دەبێت بەشداران ئازاد بن و بەو جۆرەی خۆیان دەخوازن، تەنیا مەرجێك یان بنمەمایەك ئەوەیە، کە بوارنادرێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بە  دەستەگەریی ئایدیۆلۆجیی پارچە پارچە و دابەشبکرێت. بە واتایەکی دیکە مەرجی باوەڕنەبوون بە ئایدیۆلۆجیا بەسەر بەشداران ناسەپێندرێت، بەڵام مەرجی بەرگرتن بە ئایدیۆلۆجییکردنی بزووتنەوەکە دەبێت هەبێت و پێویستە.

” میکانیزمی خۆبەڕێوەبەرێتیی:  ١- دامەزراندنی هەرەوەزییەکان و کارکردن لە سنوری چالاکیی خۆیاندا، بە مەرجێک لە 2 کەس کەمتر نەبێت و بە ناوی هەرەوەزییەکەوە دەناسرێن. سنوری چالاکییەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، هەموو گوندو شاروچکەو شارەدێ و گەڕەک و شارێک دەگرێتەوە.  ٢- بە هەر ١٠ هەرەوەزیی، لە سنورێکی جوگرافیی، یان لە جۆرێکی پیشەیی هاوبەشدا سەندیکا پێک دەهێنن.
٣- بە هەر ١٠ سەندیکا فیدراسیۆنێک پێک دەهێنن.. هەماهەنگیی فیدراسیۆنەکان ئازادانە دەبێت. “

بە تێگەییشتنی من و بۆچوونی من، ئەم سێ خاڵەش هەر بنەمان و میکانیزم نین، میکانیزمی کارکردن و خۆبەڕێوەبەریی دەکرێت شتی دیکە بێت. لەوانە کۆبوونەوەی گشتی، هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ** و لەکارخستنی نوێنەرایەتی کەسێكی هەڵبژێردراو، ماوەی نێوان کۆبوونەوە گشتییەکان و پێداویستیی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەگەر دانیشتووانی کۆڵان و گەڕەك، گوند یان کرێکارانی کارگەیەك، لکی کارخانەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك، مامۆستایان یان خوێندکارانی فێرگەیەك ئەوە بخوازن.

ئەگەر  لەو سەرنجەش بگوزەرێم هێشتا نادروستییەك لە خاڵی دووەم و سێیەم دەبینم، کە دیاریکردنی هەژماری خوازراوی هەرەوەزییەکانە، چونکە ئەگەر لە ناوچەیەك یان هەرێمێك ئەو ژمارە نەبێت، کەواتە مافی پێکهێنانی سەندیکایەك بۆ ئەوان نییە. ئەی ئەگەر لە هەرێمێك هەژماری سەندیکاکان کەمتر لەو هەژمارە خوازراوە بێت، کەوایە دیسانەوە ئەوانیش مافی پێکهێنانی فێدراسیۆنێکیان نابێت .

لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ سەرهەڵدەدات، ئەوانە کێن کە ئەو بنەمایانە بۆ هەرەوەزییەکان و سەندیکاکان و فێدراسیۆنەکان دیاریدەکەن، لە کاتێکدا کە نە هەرەوەزییەکی بەرهەمهێن و نە هەرەوەزییەکی خۆکۆمەکیی و نە سەندیکا و نە فێدراسیۆنێك لە ئارادا نییە و ئەوی هەیە، تەنیا پاگەندەکردنە بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێکخستنانە. ئایا ئەوە بڕیاردان نییە لە سەرووی ویستی کەسەکان و بەناوی ئەوانەوە؟ ئایا ئەوە چوارچێوەسازیی ئایدیۆلۆجیی نییە بۆ بزووتنەوەکان؟ ئایا ئەوە دروستکردنی و داڕشتنی کڵێشەی پارتییەکی تازە نییە؟

بە دیتنی من و زانیاریی من لە ئەزموونەکانی ڕابوردوو، پێداویستیی هەروەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆن هەبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە؛ کاتێك کە سەندیکایەك یا چەند سەندیکایەك هەبن، خۆبەخۆ پێداویستی یەکگرتنی ئەوان بنەمای یەکگرتنەوەیان لەنێو ڕێخکراوێکی ناوچەیی، هەرێمیی و سەرتاسەری دەسەپێنێت. نەك پێچەوانەکەی گروپ و هەروەزیی و بوونیان نەبێت و چوارچێوەیان بۆ دابڕێژرێت. ئەمە ئەو شتەمان بیردەخاتەوە، کە جارێکیان کابرایەك لە مامۆستا گۆرانی هۆنەر دەپرسێت “مامۆستا ئەگەر کوڕێکم هەبێت، بیهێنم تۆ لە فێرگە وەریدەگریت؟ ” مامۆستا گۆران بەو جۆرە وەڵامدەداتەوە “جارێ تۆ بڕۆ کوڕەکە دروستبکە، ئینجا وەرە لای من ناوی تۆماربکە”..

” بەرنامەی کاری هاوبەش:    ١- هەنگاونانی خێرا بۆ فراوانکردنەوەی هەرەوەزییەکان، بە کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا.”

مەبەست لە کارکردن لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ چییە؟ بڕیارە کێ ئەو کارەبکات، ئایا منی بێکار دەتوانم لەنێو خوێندکاران چالاکیبکەم و ئەوان ڕێکبخەم و بە ئەوان هوشیاری ببەخشم، ئایا منی خوێنکار دەتوانم لەنێو کرێکاران چالاکیبکەم و ئەوان رێکبخەم و بە ئەوان هوشیاریی ببەخشم و بەو جۆرە تا دەگاتە نێو چینی بۆرجوازی  و توێژی دەسەڵاتداران، کە ” هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” ئەوانیش دەگرێتەوە.  جارێکی دیکە، کێن ئەوانەی کە بە ” بە هەنگاونانی خێرا و کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەرەوەزییەکان فراواندەکەنەوە ” ؟ ئایا ئەو دەستە نادیارە جۆرێك لە دەستەبژێری ئاراستەکەر و پارتییەکی ڕانەگەیێندراو نییە؟

“٣- کارکردن و پێکهێنانی هەرەوەزیی لەناو فەرمانگەو خوێندنگەکان، بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ.”

بە دیتنی من چالاکیکردن و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییەکان لە هەر شوێنێك کارێکی زۆر گرنگ و باشە، بەڵام بەبێ ” بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ “. چونکە سەپاندن واتە دیکتاتۆریی، سەپاندن واتە سەندنەوەی هەموو مافێك لە کەسەکانی ئەو شوێنە، سەپاندن واتە ناچارکردن، سەپاندن واتە چەپاندن، سەپاندن واتە پێشێلکردنی هەموو ماف و ئازادییەك و سەپاندن ڕەتکەرەوەی یەکجارەکی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆیە و دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆش واتە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو سیستەمانەی [ڕەگەزسالاریی، نەژادسالاریی، نەتەوەسالاریی، ئێتن-سالاریی، ئایینسالاریی، دەستەبژێرسالاریی، پارتییسالاریی، جەنەڕالسالایی،  پاشاسالاریی  و پارلەمانسلارایی و فەرماندارسالاریی و دەوڵەتسالاریی] کە سەپێندراون و لە دەرەوەی خواست و ویستی کەسانی ژێردەستەوەن. لەبەرئەوە من ناتوانم و نازانم چۆن لە بەکاربردنی واژەی سەپاندن بۆ جێگیرکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ تێبگەم.

“٥- دەستخستنی داراییەک لە ناوخۆی تۆڕەکەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی داهاتوو، بە وەگەڕخستنی پرۆژەی بچوک لە شوێنە جیاوازەکاندا.”

بێجگە لە ئەوە کە هێشتا سنووری نێوان گروپ و پەیجی ئینتەرنێتیی و گروپ و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی ناڕۆشنە و

لێرەدا بێجگە لە ئابوونەی ئەندامەتیی کەسەکان لەنێو هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆنەکان و ئینجا تۆڕەکەش وەك پارتییەك لە سەرووی گشت ئەوانەوە، ناتوانم هیچی دیکە وێنابکەم. بەبۆچوونی من، لە سەردەمێکدا کە خەڵك نانی نییە بخوات، مەرجکردنی ئابوونە و هەر ئاوا لەنێو کۆمەڵێك، کە پارتییایەتی و فەرمانداریی و دەوڵەت و نەزمی نوێی بازار بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی گومان و نەهێشتنی متمانە، توانیوویانە گەندەڵیی کۆمەڵایەتیی بکەنەوە، دەستبردن و ناوهێنانی پیتاك و ئابوونە و سندوقی مالی دەتوانێت هەڵەیەکی گەورە و زەمینەسازییەك بێت بۆ تۆمەت و پیلانی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت و دەست و پەیوەندەکانیان دژی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکاندنەوە و نائومێدکردنی کەسەکان. لەو بارەوە پێویستە بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و گرتنی هۆڵ و قاوەخانە و …تد هەموو جارێك پێش گەشتکردنی چالاکەکە بۆ کۆڕێك یان کۆبوونەوەیەك، ئەوانی دیکە بۆ خۆبەخشانە کۆمەککردن بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و پێداویستییەکانی دیکە بانگەوازبکرێن و بڕێك کە کۆدەبێتەوە لە کۆتایی کۆڕ یان کۆبوونەوەکە ڕابگەیێنرێت، ئەوەی لێرەدا من وەك نموونە و پێشنیارێك دەیهێنمەوە، ئەزموونێکە کە من لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی چالاکە ئەوروپییەکان فێریبووم.

بە کورتی سەراپای ئەو ڕاگەیاندنە تێکەڵوپێکەڵییەکی زۆری هەیە و بنەما کراوە بە میکانیزم و دواتر بەرنامە کە دیسانەوە هەر کۆمەڵێك بنەمان و تەنیا خاڵی سێیەم و و پێنجەم  دەچنە خانەی بەرنامەکار و ئەوانی دیکە بنەمای کارن، تێکەڵوپێکەڵ کراون.

بێجگە لەوەش، ئەو خاڵانەی کە لەنێو ئەم ڕاگەیێندراوە ڕیزکراون، پەیوەندییان بە کاری پاگەندەی ئینتەنێتی و تەنانەت گروپی پاگەندەی خۆجێیشەوە نییە. هەر ئاوا لیستی ئەو ناوانەی کە ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ سات ٨:٢٩ خولەك بڵاوکراونەتەوە، زیاتر کۆمەڵەی دەستەبژێری توێژەکانن و هەندێکیان هیچ واتایەکیان نییە و تەنانەت لەنێو ژیانی کەتواریی خەڵك واتانابەخشن لەوانە ” هەرەوەزی ئەندازیارانی شارستانی ” ئەی (هەرەوەزیی ئەندازیارانی ناشارستانی) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتی نییە؟  ” هەرەوەزی کچانی رۆشنبیر/ کەرکوک ” ئەی (هەرەوەزیی کچانی ناڕۆشبیر) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتیکردن نییە؟  ئایا ئەوانە هەرەوەزین یان کۆمەڵە و ڕێکخراو و دەستە؟ ئایا ئەو هەرەوەزییانە چ وەك بەرهەمهێنان و چ وەك خۆکۆمەکیی بوونیان هەیە، ئەگەر وەڵام ئەرێییە، بەرهەمەکانیان چین، کۆمەکەکان چین و چۆن و لە چی ئاستێك ئاڵووێردەکرێن و تاکو چ ڕادەیەك توانیوویانە هاریکاریی کۆمەڵایەتیی بکەنە ئەڵتەرناتیڤی کەتواریی نێو  ژیانی ڕۆژانەی بەشدارانی ئەو هەرەوەزییانە؟

خاڵێك یان سەرنجێك کە ناتوانم بەسەری بگوزەرێم و خۆم لابدەم ئەوەیە، ئایا لەنێو کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ ئەو خاڵانە شرۆڤەکراون و دەنگدان / ڕێکەوتن و ئەنجامگیریی کراون؟ ئایا نوێنەرانی بەشداربوونی هەرەوەزییەکان لەنێو ئەو کۆبوونەوە کورتەیەك لەبارەی پرۆژەی هەرەوەزیی و ئامانج و ئاستی گەشەکردن و پێشوازیی خەڵك لە هەرەوەزییەکە و ئەزموونەکانی چالاکی و کارە نێوخۆییەکانی هەرەوەزییەکان پێشکەشکراوە و لەتەك گروپ و هەرەوەزییەکانی دیکە زانیاریی و ئەزموونەکانیان ئاڵووێرکراون؟ ئایا تۆڕی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوانیان ڕێکخراوە؟ ئایا پەیرەوی نێوخۆی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا ژمارەی ئەندامانی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا بە شێوازی کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرپەرشتی یان نوێنەرایەتی خۆیان ئاماژەیانداوە؟

بەداخەوە لەنێو خاڵی بنەماکان و میکانیزم و بەرنامەی کار بە هەموو شێوەیەك تارمایی سەرپەرشتیاکارنی تۆڕەکە وەك پێکهایەتیەکی قووچکەیی و نێوەندیی سەرەتاتکێدەکات؛ ئایا گروپ و هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسێۆنەکان بێجگە لە ئەرك لە بەرانبەر سەرەوەی تۆڕەکە، هیچ مافێکیان هەیە؛ ئەگەر هەیانە کامانەن و بۆچی بەو مافانە ئاماژەنەدراوە؛ بۆ نموونە ئەگەر نوێنەرانی گروپ و هەرەوەزییەکان لەنێو سەندیکاکان و نوێنەری سەندیکاکان لەنێو فێدراسیۆنەکان پێچەوانەی هەڵبژێرەران و نێرەران جوڵانەوە یان سەرپەرشتیکارانی سەرەوەی تۆڕەکە پێچەوانەی خوارەوە جوڵانەوە چی؟ هەرەوەزییەکان، سەندیکاکان، فێدراسیۆنەکان، چی مافێکیان هەیە و دەتوانن چی بکەن و بە چی میکانیزمێك لەو شتانە ڕێگرییدەکەن؟

وێڕای ئەم سەرنجانە و ناڕۆشنییەك کە هێشتا لەلای من نەڕەویوەتەوە، دەستی یەك بە یەکی چالاکانی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان دەگوشم و هیوادارم هەنگاو بە هەنگاو لە نێوەندییبوونەوە و سەرهەڵدانی ڕێکخستنی قووچکەیی و بەرتەرییخوازیی و ناوبانگخوازیی و ئۆتۆریتەگەریی کەسەکان ڕێگرییبکەن و هاوکات ئەڵتەرناتیڤ و بنەما و میکانیزم و شێوازە گونجاوەکانی تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە و لە ئەزموونی دەوروبەر کەڵکوەربگرن و هەرەوەزییەکان و گروپە خۆجێی و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان ببنە فێرگەی هوشیاربوونەوەی چەوساوان [نەداران و بێدەسەڵاتان]، ببنە ئامراز و مەیدانی تێکۆشانی ڕۆژانەی جەماوەریی و ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.

* https://www.facebook.com/toribnaratyi1

 https://www.facebook.com/toribnaratyi

** بەداخەوە لە زمانی کوردیی دوو شت (نوێنەر/نوێنەرایەتی) کە هەڵبژێردراوی کاتیی نێو کۆبوونەوەی گشتی کۆڕ و کۆمەڵەیەکە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو لەتەك (جێگر/جێگرایەتی) کە هەڵبژێردراوی هەمیشەیی/چوار ساڵ جارێکی دەنگدانی پارلەمانییە و هەڵبژێرەران مافی دیاریکردنی ئەرکەکانی ئەویان نییە و ئەوە پارتیی و لیستەکەی ئەوە کە ماف و ئەرك و ئامانجەکانی ئەو دیاریدەکات و زۆربەی کات ڕۆڵی هەڵبژێردراوی پارلەمانی لۆبیکردنە بۆ کۆمپانییەکان و پێش هەڵبژاردنیش هەر کۆمپانییەکان بە ئامانجی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی خۆیان خەرك و ئەرکی بانگەوازی هەڵبژاردن و  بە دەسەلاتگەییشتنی ئەوان لە ئەستۆدەگرن، لەو بارەوە باشترین نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئەمەریکا و پارلەمانەکانی ئەوروپایە تا دەگاتە هەرێمی کوردستان.

له‌ بنچینه‌دا شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌ناركیزم شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دۆگماتیزم

حه‌سه‌ن جودی

٢٣/ ٦ / ٢٠١٦

چەند سەرنجێك لەسەر وتاری ” ئایا بزوتنه‌وه‌ی ئه‌نارکیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟ زاهیر باهیر ٩/٦/٢٠١٦ ” *

پاش خوێندنەوەی وتارەکە، کە به‌ پرسیاری ئایا (بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی له‌ باشووردا بوونی هه‌یه‌؟) دەستپێدەکات، لە ھۆشی مندا چەند سەرنجێک سەریانھەڵدا. بە دیتنی من سه‌ره‌تایه‌كی باشه، به‌ڵام كه‌مه‌،‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسێكی گرنگ و له ‌هه‌مانكاتدا په‌راوێزخراو. ئه‌م بابه‌ته‌ هێژای قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌. چونكه‌ ئه‌و  پرسیاره‌ هاوپێچیشه‌ له‌گه‌ڵ پرسیارگه‌لی وه‌ك : له‌ كۆی خۆرهه‌ڵاتی ناویندا چشتێك هه‌بووه‌ یان هه‌یه‌ ناوی ئه‌ناركیستی بێت.؟ مه‌گه‌ر له‌به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌؛ پێویستبوو پرسێكی دیكه‌ش به‌دوای ئه‌و پرسه‌دا هاتبایه‌: داخوا توانستیده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ یان ره‌وتێكی ئه‌ناركیستی هه‌یه‌؟

پێم وایه‌؛ مرۆڤ به‌ كرده‌ی ئه‌ناركیستیانه‌یه‌وه‌ له‌ مێگه‌لایه‌تیه‌وه‌ به‌ره‌و  مرۆڤبوون و كۆمه‌ڵگابوون هه‌نگاوی هه‌ڵهێناوه‌، ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگابوون له‌ مێگه‌لبوونیش جیا ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر ته‌نیا رێكخسته‌بوونی كۆمه‌ڵگا له‌ چوارچێوه‌ی فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو كرده‌ ئه‌ناركیستییه‌كانی تاكه‌كانیشی كۆمه‌ڵگابوونی ئافراندووه‌ و پێشیخستووه‌. دواتر كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌ك چڕبوونه‌وه‌ی هێزی پیاو و به‌دواشیدا هێزی چینێك فۆرمی وه‌رگرت، ئیدی ئه‌ناركیستی له‌ناواخنی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كان وه‌ك ره‌وتێك، به‌ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و كرده‌وه‌وه‌ زیندووێتی به‌ خۆی و به‌ ره‌وتی كۆمه‌ڵگابوون داوه‌.  بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی چه‌نده‌ شه‌ڕ بووه‌ له‌گه‌ڵ فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ سروشتییه‌كان له‌هه‌مانكاتدا شه‌ڕیش بووه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كاندا. ئه‌ناركیستی ئه‌وه‌نده‌ ئاوێته‌ی كۆمه‌ڵگا بووه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ی وه‌ك به‌شێك له‌ وزه‌ی دینامیكی كۆمه‌ڵگا یان زیندووێتی كۆمه‌ڵگا خۆی و كۆمه‌ڵگای به‌ زیندووێتی هێشتۆته‌وه‌ و له‌به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وت و هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان سه‌نگه‌ربه‌ند بووه‌. ته‌نانه‌ت سیسته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌كان تێكۆشانی كۆمه‌ڵگا ئازاد و ئازادیخوازه‌كانی به‌ ره‌وتی ئه‌ناركیستی (ئاژاوه‌گێڕی، ئیبلیسی، دژه‌ خودا، دژه‌ یاسا، دژه‌ سیسته‌م…هتد ) ناساندووه‌ و به‌ر نه‌فره‌تی خۆی داون‌ و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگاشی هانداوه‌ كه‌ دژی ئه‌و وزه‌یه‌ی دینامیكی زیندووی خۆی بوه‌ستێته‌وه‌.

ئیدی مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ رووێكیه‌وه؛‌ مێژووی ململانێی نێوان ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان و ره‌وته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان بووه‌.‌ مسۆگه‌ر له‌ ململانێی نێوان فۆرمی قوچكه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان له‌به‌ره‌ی دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیدا سه‌نگه‌ربه‌ند بوونه‌. ئه‌گه‌ر مرۆڤ زێده‌ڕۆیی نه‌كات ئه‌وا ده‌كرێ بگووترێ؛ سه‌ره‌تای هه‌موو بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كان به‌ رۆحی ئه‌ناركیستی و له‌میانه‌ی چه‌مك و كرده‌ ئه‌ناركیستییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و پاشان فۆرمی رێكخسته‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رگرتووه‌. دواتر له‌گه‌ڵ تۆكمه‌بوونی رێكخسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌ره‌تا هه‌وڵی په‌راوێزخستن و پاشان ناشیرینكردن و به‌دواشیدا وه‌ده‌رنانی كاره‌كته‌ره‌ ئه‌ناركیستییه‌كان خۆی قاڵبگیر كردووه‌ و ئیدی خۆی خزاندۆته‌ ناو فۆرمه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌ قوچكه‌ییه‌كانه‌وه‌. وه‌ده‌رنانی ره‌وتی ئه‌ناركیستی له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا واتا وه‌ده‌رنانی زیندووێتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئیفلیچكردنی به‌شێكی دینامیكی كۆمه‌ڵگایه‌. به‌بێ رۆحی ئه‌ناركیستی هه‌رجۆره‌ رێكخسته‌بوونێكی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و قوچكه‌ییبوون و قاڵبگه‌ری ده‌ڕوات. ئیدی وه‌ده‌رنانی رۆحی ئه‌ناركیستی و نیشاندانی به‌ حه‌رامزاده‌یی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ واتا ئاراسته‌گرتنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و باوه‌شی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتگه‌ری.

لێره‌وه‌؛ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی ئه‌ناركیستی ئه‌مجاره‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ فۆرمه‌ قاڵبگرتووه‌ داخراوه‌كانی خودی كۆمه‌ڵگایه‌‌، له‌به‌رامبه‌ر به‌ قاڵبه‌ هزرییه‌ دۆگماكانی كۆمه‌ڵگایه‌. له‌ بنچینه‌دا شه‌ڕی یه‌كه‌می ئه‌ناركیزم شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ دۆگماتیزم. چ له‌نێو كۆمه‌ڵگا و چ له‌به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتدا. ده‌سه‌ڵات بۆخۆیشی وشكترین فۆرمی دۆگمایه‌ و به‌رهه‌می دۆگماتیزمه‌. هه‌موو ئایدیۆلۆژییه‌ دۆگماتیكه‌كان مه‌حكومن به‌وه‌ی ببنه‌ ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتدارێتی.   ‌

كه‌واته‌ ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا ره‌وتێكی دژه‌ ده‌سه‌ڵات نییه‌، به‌ڵكو له‌ بنچینه‌دا ره‌وتێكی دژه‌ دۆگماتیزمه‌. ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا ره‌وتێكی دژه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی نییه‌، به‌ڵكو پارادیمێكی بیركردنه‌وه‌ و ژیان و چالاكییه‌. پێكهاته‌یه‌كی گرنگی هووشتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سروشتییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگابوون نه‌بێته‌ پرۆسه‌ی له‌قاڵبدانی كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌وه‌ی رێكخسته‌بوون نه‌بێته هۆی تێكدانی سروشتی گه‌شه‌سه‌ندوویی و گۆڕانكاری به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگا و به‌دوایدا ‌هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ست نه‌دات، ره‌وته‌ ئه‌ناركیستییه‌كان (به‌ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌وه‌) ره‌وتی ژیانیین و پارسه‌نگی هاوسه‌نگڕاگرتنی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵگابوونن.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ پێم وایه‌؛ كۆمه‌ڵگا نییه‌ بێ ره‌وتی ئه‌ناركیستی بێت. واتا له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌دا و له‌هه‌ر قۆناخ و دۆخێكی خۆیدا كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكی ئه‌ناركیستیانه خۆی نمایش ده‌كات‌. چه‌نده‌ ئه‌و ره‌وته‌ هاوكاتی پرۆسه‌ی رێكخسته‌بوون خۆی به‌ زیندوویی هێشتبێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كۆمه‌ڵگا زیندوو بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ش توانیویه‌تی له‌به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌نگه‌ربه‌ند بێت. له‌مه‌دا ده‌خوازم ئه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو كه‌ ئه‌ناركیستی و رێكخسته‌بوونی پێكهاته‌‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ناو یه‌ك و ئاوێته‌ی یه‌كن و له‌هه‌مانكاتیشدا هاودژی یه‌كتریشن و به‌بێ یه‌كتر واتایان كه‌مده‌بێته‌وه‌ و بوونێتیان لاواز و بێ به‌رگه‌ ده‌بن. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گووترێت “دینامیكی زیندووی كۆمه‌ڵگا” له‌ دوو دۆخدا دێته‌دی: یه‌كه‌میان؛ چه‌نده‌ ئه‌ناركیستبوون و رێكخسته‌بوون له‌نێو ئاوێته‌یی و دژبووندا له‌نێو پێكداخشان (احتكاك)ی پۆزه‌تیڤ دان. دووه‌میشیان چه‌نده‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی له‌نێو پێكداخشانی نێگه‌تیڤ دان.

بۆیه‌ كۆمه‌ڵگای باشووریش بێ ئه‌و ره‌وته‌ نه‌بووه‌ و ئێستاش بێ ئه‌و ره‌وته‌ نییه‌. به‌ڵام چۆن؟ كێشه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ به‌ گشتی هێشتا تاوتوێی ره‌وتی خۆرهه‌ڵاتیانه‌ی ره‌وتی ئه‌ناركیستی نه‌كراوه‌ كه‌ چ كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌ك بووه‌ و هه‌یه‌؟! ئه‌مه‌ بۆ كوردستان و به‌تایبه‌تتر بۆ باشووری كوردستانیش هه‌ر وه‌هایه‌. راسته‌ بیرمه‌ندان له‌ خۆرئاوا ره‌وتی ئه‌ناركیستیان خزانده‌ نێو لێتۆژینه‌وه‌ هزری و فه‌لسه‌فییه‌كان و ره‌هه‌نده‌كانیانی لێكدایه‌وه‌ و ئیدی به‌دوایدا ئه‌ناركیستی خۆی گه‌یانده‌ چه‌مك و كاره‌كته‌ر و جوڵه‌ی دیاریكراو و چوارچێوه‌یه‌كی هزری به‌نێوی (ئه‌ناركیزم)ه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ دۆخێكه‌ زیاتر مۆركی جڤاكی خۆرئاوایی وه‌رگرتووه‌ و به‌رهه‌می جڤاكی نێو مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌ له‌ خۆرئاوا. واتا ڤێرژنێكی خۆرئاوایی ئه‌ناركیزمه‌. ئه‌ی ڤێرژنه‌ خۆرهه‌ڵاتییه‌كه‌ی كوا؟ وێڕای گووتنی ئه‌و راستییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ و ڤێرژنه‌ خۆرئاواییه‌كه‌ی ره‌وتی ئه‌ناركیستی، به‌ڵام خۆ ئه‌ناركیزم هه‌ر ته‌نیا به‌رهه‌می جڤاكی خۆرئاوایی نییه. ئه‌گه‌ر وا بیربكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا پێم وایه‌ ده‌كه‌وینه‌ ژێر كاریگه‌ری ناوه‌ندگه‌ریی (سه‌نترالیزم)ی خۆرئاواییه‌وه‌، كه‌ خۆی له‌خۆیدا ئه‌و ناوه‌ندگه‌راییه‌ به‌رهه‌می ئه‌و مۆدێرنیته‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌ناركیزمی خۆرئاوایی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ركه‌وتووه‌.

به‌ كورتی؛ ئه‌ناركیستی وه‌ك ره‌وتێكی جوڵه‌داری نێو جڤاكه‌ زیندووه‌كان، له‌ جڤاكه‌كانی خۆرهه‌ڵات و له‌ جڤاكی باشووریشدا ده‌كرێ سیما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێ و هه‌وڵی دیتنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و چه‌مك و چالاكییه‌كانی بدرێت. چونكه‌ ئه‌م جوگرافیایه‌ و كۆمه‌ڵگاكانی ناوه‌ند و بێشكه‌ی دۆگماتیزمه‌. خۆ ناكرێ دۆگماتیزم هه‌بێ و دژه‌كه‌ی نه‌بێ؟!! ره‌نگبێ له‌ داهاتوودا ده‌رفه‌تی قسه‌ و باسی زیاتر بره‌خسێ و زیاتر مانیفێست بكرێ.

له‌ كۆتاییدا؛ ئه‌مه‌ هه‌ندێك سه‌رنج بوون، كه‌ ده‌كرێ بۆ من سه‌ره‌تایه‌كی بچووك بێت بۆ ئه‌گه‌ری قسه‌كردنی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ناركیزم و ئه‌ناركیستی و رۆحه‌ زیندووه‌كه‌ی نێو كۆمه‌ڵگای مرۆیی.

——————————————

*                    http://zaherbaher.com

 

ڕەخنە تەواوکەری هزرە نەك ڕەتکەرەوەی

هەژێن
٢٧ی ئایاری ٢٠١٥

بەشی یەکەم

ڕەخنە چییە و من چۆن ڕەخنە دەبینم، لەو بارەوە پێشتر چەند جار تێڕوانینی خۆمم خستووەتەڕوو، لەبەرئەوە لێرەدا فرەتر لەسەر تێڕوانینی بەرانبەر هەڵوێستەدەکەم، کە ڕۆژانە لە زۆربەی سایتە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەك شمشێرێك دەچەقێتە چاوی خوێنەر. لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا مەگەر چەمك و واژەی ” ئازادی ” هێندەی چەمكی ” ڕەخنە ” ئەتککرابێت. هەرچەندە (ڕەخنە) پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی بۆچوون و تێڕامانێك بێت، پێویستە خوێندنەوەی بۆچوون و تێڕامانی بەرانبەر و شڕۆڤەکردنی ناڕۆشنیی و نیشاندەری گۆشە تاریکەکانی بیرکردنەوەی بەرانبەر بێت، بەڵام مەخابن لە کۆی زۆربەی بیرکردنەوە و ڕۆشنبیریی کورییدا بەهەمان چاویلکەی ئایدیۆلۆجی و پارتایەتی، ڕەخنە دەخوێندرێتەوە وەك سووکایەتی و دژایەتی لێکدەدرێتەوە، دەکرێت هۆکاری وەها دیتن و لەبەرچاوگرتنێك بۆ ئالوودەبوونی بیر و هەستی تاکی کورد بگەڕێتەوە، کە بەگشتی بە وەرەمی ڕامیاریی و پارتایەتی و پاشڕەویی ئایدیۆلۆجیی ئالوودە کراوە؛ لەبەرئەوە هەم ڕەخنەگر دەبێتە جەلادی نووسەری دەق و هەم نووسەری دەق لەجیاتی دیتنی ناڕۆشنیی بیرۆکە پێشنیارکراوەکانی نێو دەقەکەی، دەکەوێتە کێشە و بەرەنگاریی کینەدۆزانە بەرانبەر ڕەخنەگر و هەم خوێنەری نادەربەستیش وەك بینەری دوو تیمی فوتباڵ و ڕکەبەر لە کێشمەکێشەکەی نێوان ئەو دووانە دەڕوانێت و وەك کایەیەکی سەرگەرمی تێیدەڕوانێت.

وەك پێشتر گوتم، ڕەخنە واتە خوێندنەوەی ورد و شیکاریکردنی دەق. کاتێك کە ڕەخنەگر بتوانێت لە دەقی بەرانبەردا ئەو کارانە ئەنجامبدات، ئەوا ئەو کات دەتوانێت دروستییەك یا ئەڵتەرناتیڤێك بخاتەڕوو. لەبەرئەوە بۆ گەییشتن بەو ئاستە چاوەڕوانکراوە لە ڕەخنە، کۆمەڵێك میکانیزم و مەرج خۆیان دەسەپێنن، لەوانە:

– خوێندنەوەی دەق نەك بڕیاردان لەسەر بنەمای پێشداوەریی و خوێندنەوەی پێشینانی ئیدئۆلۆگی خود بۆ دەقەکە. لەو بارەوە خوێندنەوەی کەسانی دیکە یا پێشینانی خود نابێتە بەڵگەی نادروستی یا ناڕۆشنی دەقی بەرانبەر و دروستی ڕەخنەی خود و لەو بارەدا ڕەخنەگر پێشداوەریی لەسەر دەق و نووسەری دەق ناکات.

– بۆ ئەوەی سەرنجدانی دەق یا ڕەتکردنەوەی بیرۆکەیەکی نێو دەق بچێتە خانەی ڕەخنە، پێویستی بە پشتبەستن بە دراوەکانی نێو دەق و بە نموونەوەرگرتن لە دەقی بەرانبەر هەیە، تاوەکو بۆ خوێنەر شرۆڤەبکرێت و لەبارەیەوە قسەبکرێت و ناڕۆشنییەکان دەستنیشانبکرێن و ڕەخنە وەك بەشێك لە پرۆسێسی تەسەلبوونی بابەتەکە یا تیئۆرییەکە ڕۆڵی خۆی بگێرێت. بەواتایەکی دیکە ڕەخنە تەواوکەر و تەسەلکردنی دەقی ڕەخنەکراوە نەك چەپ و ڕاست هێڵ بەسەرداهێنانی دەقێك. بۆ نموونە کەسانێك کە ڕەخنە لە هزرێك یا بیرۆکەیەك دەگرن، پێویستە بەخۆیان خوێندنەوەیان بۆ ئەو هزر و بیرۆکەیە هەبێت، نەك بەبێ خۆماندووکردن و زیادکردنی ئەلفێك، پێشداوەریی پێشینانی خۆیان بکەن بە بەڵگەی نادرستی هزر و بیرۆکە سەرنجدراوەکە.

– بۆ ئەوەی ڕەخنە بتوانێت تەسەلکەری دەق و تێروانین بێت، پێویستە وێرانگەری لایەنە لاواز و ناڕۆشنەکانی دەق و تێروانینەکە بێت لەو کەتوار و کات و کۆنتێکستەدا کە تێدا لەدایکبووە، واتە خوێندنەوەی دەق لە کەتوارێکدا کە تێدا لەدایکبووە، نەك ڕەخنە بۆ هێڵی چەپ و ڕاست پێداهێنان یا پێداهەڵدانی حەزۆکییانەی ئایدیۆلۆجیی لە دەرەوەی کەتواری سەردەمی خودی دەق.

– ئەگەر ڕەخنە لەسەر دەقی سەرنجدراو پرسیار بەجێنەهێڵێت و خوێنەر بۆ بیرکردنەوە و گەڕان لە دوای وەڵام خەریکنەکات، ئەوا ناتوانێت تەواوکەر و تەسەلکەری دەق و هاندەری خوێنەر بێت بۆ وردبینی و سەرنجدانە سەر گۆشە ناڕۆشنەکانی نێو دەق. بە واتایەکی دیکە ئەگەر ڕەخنە وروژێنەری پرسیار نەبێت، ئەوا ڕەخنەگر ناتوانێت خوێنەر بۆ گەڕان و پشکنینی گۆشە ناڕۆشنەکانی دەق ئارەزوومەندبکات. لەبەرئەوە لە بارێکی ئاوادا سەرنجەکان بێجگە لە جوینەوەی بنێشتی هەڵبزرکاوی دەمی پێشینان، شتێکی دیکە نابن و ناچنە خانەی ڕەخنە بەواتای وروژێنەری پرسیار بۆ تەسەلکردنی دەق و هاندان بۆ بیرکردنەوە.

– سەرەنجام، ئەگەر ڕەخنە نەبێتە پردێك بۆ پەرێنەوەی خوێنەر بۆ نێو دوورگە شاردراو و نەزانراوەکانی دەق، ئەوا لە دەمەقاڵێی نێوان ڕەخنەگر و نووسەر کورتدەبێتەوە، بە واتایەکی دیکە ڕەخنەکە ناتوانێت لەنێوان ڕەخنەگر و نووسەردا پردی دیالۆگ و مشتومڕی هزریی دروستبکات؛ شتێك کە بەر لە هەموو شت دەبێت ئامانجی سەرەکی ڕەخنە بێت.

[لە بەشی دووەمدا خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بۆ هزر بە نموونە دەهێنمەوە، کە بە بۆچوونی من هەرگیز ناتوانرێت بخرێتە خانەی ڕەخنە …. ]

بەڵێ من کەری بەڕەڵام، ئەی مرۆڤی لوتبەرز

هەژێن
٢ی جونی ٢٠١٥

پاش ئەوەی وێژەری (کورد کاناڵ)ی (حدکا) ساتیرە هۆنراوەیەك لەسەر هەڵوێستی ژنانی فێمینیست دژی جەنگی پارتییەکان دەنووسێت، کۆمەڵێك لە ژنانی فێمینیستی کورد واژۆنامەیەکی ناڕەزایەتی دژی ناوبراو ئاراستەی (حدکا) و کاناڵەکەی و خەڵکی کوردستان دەکەن و تێیدا دژی ئەو خاڵە دەوەستننەوە، کە نووسەری ساتیرەکە ژنانی فیمینیست و دژی جەنگی بە “کەری بەڕەڵڵا” ناوبردووە.

بەداخەوە پاش خوێندنەوەی واژۆنامەکە، یەکسەر ئەم پرسیارە دەچەقێتە چاوی خوێنەر: ئەی ئەگەر ئەو دەستەواژەیەی بەکارنەبردبا، ئایا ئێوە دژی جەنگخوازییەکەی ئەو وێژەرە نەدەبوون، کە دژەجەنگبوونی ئێوە هەراسانیکردووە؟

بەرێزانم، پێش هەموو شتێك ئەوەی ئەندامانی پارتییەك سووکایەتی بە ژنان بکەن، شتێکی تازە نییە، چونکە کۆی بیرکردنەوەی پارتایەتی لەسەر بنەمای هەڵاواردن و سووکایەتی بە مرۆڤ ڕۆنراوە و کەسانی دەرەوەی پارتیی خود بە “دوژمن” و “گەمژە” و “پەست” وێنادەکرێن و مێژووی پارتایەتی بێجگە لەوە هیچی دیکە ناسەلمێنێت. ئەگەر سەرنجی ئەدەبیاتی (حدکا) بدەین، بەتایبەت ئەدەبیاتی سەردەمی جەنگی (کۆمەڵە)، ئەوا سووکایەتی بە ژن و ژنکوژیی وەك ژن بەشێکی بنەڕەتی مێژووی ئەو پارتییەیە، لەبەرئەوە زۆر ئاساییە کە ئەندام و هۆنەر و وێژەری کاناڵەکەشی ئاوا بدوێت و بنووسێت.
بەڵام ئەوەش بڵێم، کە من گرفتەکەی ئێوە لە دوو واژەدا [کەر + بەڕەڵڵا] دەبینم، کە لە ڕوانگەی ئازادیخوازیی و ئاژەڵدۆستی و ڕۆشنبیرییەوە هیچیان سووکایەتی نین؛ ” کەر/ گوێدرێژ ” ئاژەڵێکی بێوەی و گیاخۆر و ئاشتیخواز و دۆستی دێرینەی مرۆڤایەتی، ” بەڕەڵڵا ” واتە دەستەمۆنەکراو، ئازاد، سەربەخۆ و تەواو پێچەوانەی ئەندامبوون لە پارتییەکدا، کە بریتییە لە کۆیلەبوون، دەستەمۆبوون، ژێردەستبوون، و زۆر شتی نەشیاوی دیکەش… .

پاش خوێندنەوەی واژۆنامەکەی ئێوە، ئەوە لەلای من دروسبوو، ئەی ئەگەر وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) لەجیاتی واژەی “کەری بەڕەڵڵا “، “شێرە ژن “ی بنووسیایە، کە ڕۆژانە دەیان جار پیاوانی سێکسیست و هەوەسباز و زمانلووس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەژێر وێنە و بابەتەکانی ئێوەدا بەکاریدەبەن و هیچ گرفتێکتان لەتەکیدا نییە و بەڵکو شانازیتان پێدەبەخشێت و ختووکەی دیوە دەسەڵاتخواز و پیاوانییە کولتوورییەکەتان دەدات، ئایا هەر وەك ئێستا بەم جۆرە هەڵوێستتان وەردەگرت و تووڕەدەبوون و واژۆنامەیەکتان دەنووسی ؟

ئەگەر لە ڕوانگەی وێژەرەکەی (حدکا) و ئێوەوە بە هەمان تێڕوانینی کۆنەپەرستانەی ئایینەکان مرۆڤ مافی دەستەمۆکردن و بەهرەکێشیی ئاژەڵی هەیە و ئاژەڵ بوونەوەرێکی پەستە، ئەدی جیاوازی نێوان ئاژەڵبوونی (کەر) و (شێر) چییە، بێجگە لە دڕندەیی (شێر) و بێوەیی (کەر)، ئیدی بۆچی دژی “شیرەژن” نین و تووشی هەڵچوون نابن؟

بەداخەوە ئێوە کە لە بەرانبەر (شێربوون / دڕندەییبوون) بێدەنگن و لە بەرانبەر وێناندنتان بە “کەری بەڕەڵڵا “، کە دەکاتە کەر (بێوەی) + بەڕەڵڵا (ئازاد) تووڕەدەبن، ئیدی چۆن دەتانەوێت دژی جەنگ بن، ئایا (شێر)ی گۆشتۆخۆر و دڕندە دەتوانێت دژی جەنگ و کوشتن بێت؟ ئەگەر ئاوا نییە و دژی بەکاربردنی دەستەواژەی “شێرەژن”ن و بە سووکایەتی دەزانن، ئەدی بۆچی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا، کە بە ملیۆنان جار ژنانی ئازادیخوازی “ڕۆژاوا” بە “شێرەژن” ناوبراون و دەبرێن، کەچی ئێوە دەنگتان لێوە نەهاتووە و نایێت ؟

ئازیزانم، گرفتەکە لە دەستەواژەیەکی وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) زۆر گەورەترە و سەراپای بیرکردنەوە و کولتوور و ڕۆشنبیری و جیهانبینی و هەوڵ و چالاکییەکانمان پێداوچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان پێویستە. لەبەرئەوە بە بۆچوونی من، پێویستە ئێمە هەموومان پێش هەموو شت خۆمان لە زنجیری پۆلیسە کولتوورییەکانی ناخمان ڕزگاربکەین و ئاخاوتنمان لە واژەی سووکایەتیبەخش بە مرۆڤ و ئاژەڵ پاکبکەینەوە و خۆمان لە کایەی ڕامیاریی دووربخەینەوە و خۆمان لە کۆیلەتی پارتایەتی ڕزگاربکەین، ئەوسا لە فێمینیزم و دێمۆکراسی و سۆشیالیزم و کۆمونیزمەکەمان وردببینەوە و بزانین لە کوێی ئاوەز و دەرکی ئازادیخوازانەدا وەستاوە و تا چەندە ئێمە توانیومانە بەرانبەر بیرکردنەوە و گوفتار و ڕەفتاری خۆمان هەستەوەربین و بە چاوی ڕەخنەوە خۆمان بخوێنینەوە؟
ئەگەر نا، جیاوازی تێڕوانینی وێژەرەکەی کاناڵی (حدکا) و تێڕوانینی فێمینیستییانەی ئێوە چییە، کە هەردووکتان سووکایەتی بە ئاژەڵ دەکەن و بیرکردنەوەتان لە لووتبەرزیی مرۆڤی دەسەڵاتخوازدا چەکەرەیکردووە؟

وەڵامی پرسیارەکانی خاتوو ھەڵاڵە ڕافیع

هەژێن
٢٨ی ئایاری ٢٠١٥

ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع) وەك زۆربەی کادیرەکانی هێڵی ڕامیاریی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە هێرشێکی گەلەکۆمەکێکدا بۆ سەر باڵەکانی (پەکەکە)، بابەتێکی بە تایتڵی ” بێ شیکردنەوە، چونکە زۆر شت ڕوون و ئاشکرایە، تەنها چەند پرسیارێک ” نووسیوە و لە سایتی (هاوپشتی)دا بڵاویکردووەتەوە. منیش ئەم پیشنیوەرۆیە، بێجگە لە ڕاکێشکرانم بۆ وەڵامدانەوە، کۆمەڵێك پرسیار و سەرنجی دیکەی لەلای من دروستکردن و منیش لێرەدا هەوڵدەدەم هەم وەڵام بە پرسیارەکانی ئەو بدەمەوە و هەم سەرنج و پرسیارەکانی خۆم ئاراستەی ئەو خاتوونە بەڕێزە بکەم.

پێشەکی من ئەندامی ھیچ پارتییەك نیم و لە ھیچ سەردەمێکیشدا لایەنگری (پەکەکە) نەبووم و بڕواشناکەم ئەو ڕۆژە بێت، کە من ببمە ئەندامی (پەکەکە)، نەك لەبەرئەوەی کە (پەکەکە) لە پارتییەکانی دیکە خراپتر بێت، بەڵکو لەبەرئەوەی کە هیچ پارتییەك نە (چەپڕەو) و نە (ڕاستڕەو) و نە (میانەڕەو)، نە (پارلەمانچی) و نە (کودەتاچی) و نە (“پێشرەو”چی) و نە (مژدەبەخش) پەسەندناکەم و پارتایەتی بە ئامرازی فریودانی خەڵکی خۆشباوەڕ بۆ ڕامیاران دەزانم. ھەر لەبەرەوە وەك هەر کەسێكی دیكە وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە گرنگدەبینم و هاودەم ھەست بە ناڕۆشنییەك یان ھەست بە بوونی ھاندەری ئایدیۆلۆجی لە چۆنییەتی ئاراستەكردنی پرسیارەكاندا دەكەم.
پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خاتوو (هەڵاڵە)، پێویستە ڕۆشنایی بخەمە سەر پێشەکییەك، کە ئەو بۆ ئاراستەکردنی پرسیارەکانی دایڕشتووە. بەبۆچوونی من پێشەکییەکەی ناڕۆشنییەکی زۆری دروستکردووە و دەشتوانم بڵێم هوشیارانە ئەو کارەی کردووە، تاوەکو لەوێوە سەرنجی خوێنەر بە پرسیارەکانی بەرەو شوێنێك کە خۆی ئامانجییەتی ڕاکێشبکات.

ئەو دەنووسێت
” سەرەتا خەڵکی کوردستانی سوریاو کۆبانی پێشڕەوی مێژوویان کرد، ژنان پێناسەی تازەیان بۆ ڕۆڵ و جێگاو ڕێگای ژن کردەوە.
یاساکانی جەزیرە شایستەی پشتیوانە و لایەنگریە.
لەوانەشە هەندێک لە بڕگەکانی بەرنامەی هەدەپە شایەنی پشتگیری بێت! “

خوێنەری هێژا، لێرەدا بۆ کەمکردنەوەی درێژدادڕیی، خۆم لە ڕاستکردنەوەی هەڵەی ڕێزمانی و داڕشتنی بابەتەکەی ئەو بەڕێزە لادەدەم، بۆ نموونە ڕستەی سێیەم، کە تێدا (هەندێك لە بڕگەکانی) و کۆن و (شایەنی پشتگیری بێت) تاکە. ئەگەر لەوە بگوزەرێم، ئەوا وێڕای هەموو ناکۆکییەکم لەتەك پارتایەتی، بەبۆچوونی من پێشڕەوییەکانی “ڕۆژاوا” لە ئاڵوگۆڕە هزرییەکانی ئۆجالان و (پەکەکە) و پێشنیارکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەك ئەڵتەرناتیڤ لەلایەن ئۆجالان و (پەکەکە) دابڕاونین و ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانانەن، کە لەواندا ڕوویانداوە، چونکە ئەگەر خۆمان لەو کەتوارە گێلنەکەین، ئەوا هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین، کە زۆرینەی خەڵکی ڕزگاریخواز و بەرهەڵستکار لە “باکوور” و “ڕۆژاوا” لەژێر کارایی تێڕوانینەکانی (پەکەکە)ن. هوشیاریی جێندەریی ژنان و ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتیی و مافیی و ئابووریی و سەربازییان لەو کاراییەوە سروشیوەرگرتووە و یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە جەزیرە شتێکی تازە نییە و دوو ساڵە لە کانتۆنکانی ڕۆژاوا کارییان پێدەکرێت، تەنیا جیاوازییەك کە ڕوویداوە، ڕاگەیاندنییەتی لە ئاستی جیهان و هەرێمییدا. دیسانەوە ئەوە نیشانەی نانێونەتەوەییبوونی چەپەکانی عیراق و ئێرانە، کە ئاگایان لە ڕووداو و گۆڕانەکانی کۆمەڵەکانی دراوسێ نییە، کە ئەو ئاگادارنەبووەش سەرەنجامی دۆگمای ڕامیاریی و گۆشەگیریی ئایدیۆلۆجییە، ئەگینا هیچ پاساوێکی دیکەی نییە.

بێجگە لەوە لە باکوور بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هێندە بەهێزن، کە بەراورد بە ئامانج و داخوازیی ئەوان، بڕگەکانی بەرنامەی (هەدەپە) بەشێکن لەوان. بەواتایەکی دیکە گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە باکوور و ڕۆژاوا زۆر لەوە زیاترە، کە لە میدیای سانسسوورکراوی پارتییەکان و دەوڵەکانی ناوچەکەوە بە گوێی کوردانی باشوور دەگات. بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین دەستەی لێکۆڵەر لە کەس و گروپە سۆشیالیستەکان سەردانی باکوور و ڕۆژاوا و چەندین کۆڕ و مشتومڕی بەردەوامیان بەڕێخستووە و وەك ئەزمونێکی شۆڕشگێرانەی پاش ئەزموونی زاپاتیستەکان دەیبینن و ئومێدی داهاتوویەکی گەش و بەردەوامیان پێوە گرێداوە. ئەوە چەپی کوردە، کە بێجگە لە پەرتووکە پیرۆزەکانی خۆی، بێجگە لە وتارە سواوە ڕامیارییەکانی خۆی، بێجگە لە بیرۆکە نەزۆکەکانی خۆی، بێجگە لە دروشم و تاکتیکە نادروستەکانی خۆی، لە دونیای دەرەوەی خۆی هیچ نابینێت. بەڕاستی بەدبەختییە کە دروشمی هاوپشتی جیهانی بەرزبکەیتەوە و لە ئەوە ئاگادارنەبیت کە لە چەند سەد کیلۆمەترێك ئەولای گوند و شارەکەی خۆت چی ڕوودەدات و چی هەیە!

” گەر بارودۆخ ئاسایی بێتەوە و پەكەكە دەسەڵات بگرێتە دەست لە كوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی كە وەك قارەمان دەناسران لە سەنگەرەكاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەكسانەیان دەبێت لە مەیدانە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەكاندا؟ “

بەڕاستی پرسیارێکی سەیرە، ئەگەر کەسێکی ئەمەریکای لاتین یا ئەفەریکا نیوەی یەکەمی ئەم پرسیارەی بکردایە، کەمێك ئاسایی بەرچاودەکەوت. بەڵام بۆ کەسێك کە لە هەرێمێکدا لەدایکبووبێت و بژی، کە خەڵکەکەی هاوزمانی یا هاودەردی خەڵکی “ڕۆژاوا”ن، ئیدی پرسیارەکە لە شۆخیکردن یا خۆگێلکردن واوەتر دەچێت. ئاخر مەگەر لە ڕۆژاوا بێجگە لە باڵی ڕۆژاوای (پەکەکە / پەیەدە) کێ هەژموون و دەسەڵات و دەستپێشکەری هەیە، تاوەکو گومان و ئەگەری ئەوە بەگریمانە بگرین، کە پاش ئاساییبوونەوەی بار و دۆزخەکە بۆی هەیە (پەکەکە) دەسەڵاتی هەبێت و ژنانی جەنگاوەر بنێرێتەوە ماڵ؟

ھەرچەندە ئەم پرسیارە تازە نییە و لە داگیركردنی (شەنگال) و ھاتنی ھێزەكانی (یەپەژە) و دواتر لە بەرەنگاریكردنی ژنانی (كۆبانێ)دا چەندبارە بووەوە، بەڵام ئەگەر ئایدیۆلۆجیا بواری دیتنی كەتوارمان لێ نەگرێت، ئەوا ئەو پرسیارە زۆر نابەجێ و زیادەیە. چونكە ئەو گۆڕانە لەنێو خودی (پەكەكە)وە سەریھەڵداوە و پەیوەندی بە گۆڕانی بنەڕەتی بیركردنەوە و تێڕوانینی ئۆجەلان و (پەكەكە) ھەیە و لە (قەندیل) دەستیپێكردووە و چەند ساڵێك پێش ڕاپەڕینەكانی سوریە و ڕزگاربوونی “ڕۆژاوا” دەستپێكردووە. لەو بارەوە دەتوانین ھەم لە گۆڕانە ھزرییەكانی (ئۆجالان)دا كە خێراكەری ئەو گۆڕانانەن و ھەم لە پێكھاتنی لەشکری سەربەخۆی ژنان لە (قەندیل) بە تێڕوانینێكی فێمینیستی ئازادخوازانەوە و ھەم كۆڕی فێمینیستانی ئازادیخواز لە قەندیل، كە بە ھەزاران مایڵ و چەندین دەھە لە پێش فێمینیستانی ھەرێمی كوردستان بە ژنە كۆمونیستەكانیشەوەن، پێشینەی ئەو وەرچەرخانە پۆزەتیڤەی “ڕۆژاوا” ببینین، ئەگەر چاویلکەی یەكڕەنگبینی ئایدیۆلۆجی فرێبدەین .

سەرنجڕاكێشترین شت لەو پرسیارەدا ئەوەیە، كە ھەموو دەوڵەتان و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و ھەموو میدیای جیھانی لەسەر ئەوە پێداگریی دەکەن، کە (پەیەدە) یەکێکە لە باڵەکانی (پەکەکە) و ئەوەی لە “ڕۆژاوا” ڕوویداوە و ڕوودەدات، ئەزموونکردنی بیرۆکەکانی (ئۆجالان)ە و بەکردەوە جەنگاوەرانی (یەپەژە) سوێندی پابەندمانەوە بە بیرۆکەکانی “سەرۆك ئاپۆ” دووپاتدەکەنەوە، کەچی نووسەری ئەم پرسیارانە وەك لە ئەستێرەیەکی دیکەوە ھاتبێت، دەپرسێت ” ئەگەر پەکەکە دەسەڵات بگرێتە دەست لە کوردستانی سوریا، ئایا هەمان ئەو ژنانەی کە وەک قارەمان دەناسران لە سەنگەرەکاندا، هەمان ئەو جێگاو ڕێگا یەکسانەیان دەبێت لە مەیدانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەکاندا؟”
هەرچەندە پرسیارەکە لە ڕووی داڕشتن و ڕێزمانەوە هەڵەیە، من بەپێچەوانەی نووسەری ئەو پرسیارانە، بە جۆرێكی دیكە بە دروست دەزانم و دادڕێژمەوە؛ ئەگەر ئۆجالان بیركردنەوەی وەرگۆڕێ و لەو تێڕوانینە ئازادیخوازانە پاشگەزبێتەوە، ئایا زۆرینەی ئەو ژنانە هەر وەك ئێستا پابەندی ھەمان تێڕوانینی ئازادیخوازانە دەمێننەوە؟ ئەمە شتێکە کە من زۆر ترسم لێی هەیە، چونکە ئۆتوریتە و پارتایەتی هەردەم مەترسی گەورەن بۆ سەر بزووتنەوەکان و لە ڕێگەی هەژموونیانەوە توانای بەلاڕێدابردنیان هەیە، بۆ نموونە هەم تاڵەبانی – (ینک) و هەم ئۆجەلان – (پەکەکە) کاراییان لەسەر ڕاگرتن و پاشەکشێی خۆنیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٤ی کوردستانی بەشی عیراق و خۆنیشاندانەکانی ساڵی پاری کوردستانی بەشی تورکیە هەبوو، ئا لێرەوەیە من دژایەتی هەموو کارێزمابوون و هەموو پارتایەتییەك دەکەم. لەو بارەوە هەمووان دەزانن کە ڕامیاریی لەپێناو بەرژەوەندیدایە و بەرژەوەندیی کەسی و گروپی کەسەکانیش لە سەرووی هەمووانەوەیە.

ھەڵبەتە نامەوێت بڵێم ژنان بەخۆیان خۆھوشیار نین و ژنان لە “ڕۆژاوا” بەرکارن، نەخێر. بەپێچەوانەوە سەرەتاکانی گۆڕانی تێڕوانینی (ئۆجەلان) لەبارەی پرسی ستەمی ڕەگەزیی و ستەمی کولتووریی و ئێتنیی و دەوڵەتەوە زۆر ڕادیکاڵن و لە دۆگمای (لێنینیزم)ەوە بەرەو (ئازادیخوازیی) ڕۆییشتوون و هەر ئەوەشە بووەتە مەشخەڵی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، کە کوژاندنەوەی تەنانەت بۆ (پەکەکە)ش ئەستەمە. لەو بارەوە تەنیا گرفتێك کە بووەتە دڵەخورپەی من، كێشی كەسایەتی (ئۆجالان) و كارایی نیگەتڤیەتی لە باری وەرگۆڕان (وەرگەڕانەوە)دا، هەڵبەتە ئەمەش هەر ئاوا بەئاسانی نییە، چونکە پرسەکە بە چەند پاگەندە و خاڵێکی پەیڕەوی ناوخۆی پارتییەکەوە بەرتەسکنابێتەوە، بەڵکو بە کۆی گۆڕانی جیهانبینی (ئۆجەلان) و یارانییەوە پەیوەستە.

” ئایا گەر هەدەپە سەركەوتن بەست بێنی، لەبەرژەوەندی كۆمەڵگای كوردی دەێت بۆ دەستەبەركردنی ئازادی و یەكسانی و تا پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەوڵەتێكی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟ “

ڕاستییەكەی من نووسەری ئەو پرسیارانەم ئاوا نەناسیوە و لە كردنی ئەم پرسیارە سەرمسووردەمێنێت. دەكرا تەنیا نیوەی یەكەمی پرسیارەكی بكات، كە بە تێڕوانینی من وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە فرە لایەنەیە و ناتوانرێت بە [ئا] و [نا] وەڵامبدرێتەوە. چونكە بەگوێرەی یاسای خۆھەڵبژاردنی پارتییەكان و كەسەكان خودی بەشداریكردنی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن (هەدەپە)وە قومارێكی زۆر گەورە و مەترسیدارە، لەبەرئەوەی كە لە دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوودا، پاش كودەتا سەربازییەكە بۆ بەربەستكردنی هەژموونی بەرەی چەپ لە توركیە، یاسای ڕێژەی پێویستی دەنگ بۆ چوونە پارلەمان و ھەروەھا گۆڕینی سەرۆك و سەرۆك شالیاران، (١٠%) دەنگ كرایە پێشمەرج، كە بەوەش نەبردنەوەی (ھەدەپە) دەبێتە گەورەترین دەستكەوت و پاڵپشت بۆ (ئاكەپە) و (ئەردۆگان) و بەوە دەنگەكانی (ھەدەپە)ش دەچنە سەر كۆی دەنگەكانی (ئاكەپە و ئەردۆگان) و ئەو كات ئیدی ئیمپراتۆر و پارتییەکەی بەئاسانی دەتوانن یاسای بنەڕەتی ئیسلامیزە بكەن و ڕووی كەمالیستەكان و كودەتاچییەكانی دەھەی ھەشتای سەدەی ڕابوردوو سپیبكەنەوە. هەرچەندە ئێستا دەربڕینی ئەم بۆچوونە ھەم سوودی نییە و ھەم درەنگە و دەشتوانێت لە خزمەتی كەمپانییەكەی (ئاكەپە) و (پدک) بێت، ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە پرسیارەكەی خاتوو (ھەڵاڵە)ش دەكەوێتە خزمەت ڕامیاریی و پاگەندەی (پدک) لە ھەرێمی كوردستاندا.

بە بۆچوونی من، جێكەوتەبوونی ئازادی و یەكسانی پەیوەندی بە بەدەسەڵاتگەییشتنی ڕامیاران و پارتییەكان و بردنەوەی دەنگدانەكان و كودەتای سەربازییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە خۆھوشیاری تاكی نەدار و بێدەسەڵاتەوە ھەیە، كە بە بایكۆتکردنی دەنگدانەكان و چۆڵكردنی ڕیزی پارتییەكان و خۆڕێكخستنی ھەرەوەزییانە و خۆبەڕێوەبەریی گەلیانە دێنەدی، واتە بە بەجێخستنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ دینەدی. بەڵام لە بارەی بەشی دووەمی پرسیارەكەیەوە، منی تووشی سەرسوڕمانكردووە.

“تا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی؟ “

بەداخەوە کە خاتوو (ھەڵاڵە) لە ئامانجی ھێزە (پەکەکە)ییەکان چ لە شاخ و چ لە پارلەمان ئاگادار نییە، کە دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە و جیابوونەوەی کوردستانش بە تێگەییشتنی کلاسیکیانەی (پدک) و (ینک) و (حککک) ڕەتدەکەنەوە و ئەوان باوەڕیان بە پێکەوەژیانی گەلان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنی خۆبەرێوەبەرایەتییە سەربەخۆکان (ئوۆتۆنۆمییەکان)دا ھەیە، کە ڕەتکردنەوەی دەوڵەتە چ ئایینی و چ سێکیولار، چونکە دەوڵەت تەنیا ئامرازی سەرکوتکردنە، نەك ڕزگارکردن بەو جۆرەی کە نووسەر لێی تێگەییشتووە.

لێرەدا نامەوێت بچمە سەر پرسیارکردن و قسەکردن لە ” دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی ” و بێبنەمایی و پووچگەرایی وەها پاگەندەیەك و کۆڵەکەبوونی ئایین بۆ هەموو دەوڵەتەکان تەنانەت لەو دەوڵەتانەشدا کە نووسەر جیا لە ئایین دەیانبینێت. بەڵام ئایا دەوڵەتە کرێکارییەکەی ئەوان لەوەدا کورتدەبێتەوە، کە ” دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی ” بێت؟ ئەی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و دەسەڵاتیی کرێکاران لەو “دەوڵەتەی پارتی پێشڕەو”دا چییە و چۆن دەبێت؟ ئەی ئەگەر لە عیراق و سوریە و ئێراندا دەوڵەتێکی وەك دەوڵەتی سوید و بریاتانیا و ئاڵمانیا یا کوبا دامەزرا، ئایا پرسی چینایەتیی کۆمەڵ چارەسەردەبێت و ئیدی لە سایەی دەوڵەتە خوازراوەکەی نووسەردا گوڕگ و مەڕ دەبنە “برا”ی نەتەوەیی؟

ئەگەر لەو سەرنجانەی سەرەوەش بگوزەرێم، ئایا دەکرێت ئێمەش بزانین سیستەمی ئابووریی دەوڵەتەکەی نووسەر ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی “، چۆنە و بە کامە مۆدیل و شێواز لە ڕێکخستنی ئابووریی / ژێرخانی کۆمەڵ پشتدەبەستێت؟

ئایا دەکرێت بزانین دابەشکردنی دەسەڵات لەو دەوڵەتەدا چۆنە، ڕۆڵی تاك چییە، ئازادی و یەکسانی تاکەکان و ئێتنییەکان و هەرێمەکان چی واتایەکیان دەبێت، میکانیزمەکانی ڕێکخستینی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ چین و چۆن دەبن، پارلەمانیی، سەربازیی، تاکپارتیی یا شتێکی دیکە دەبێت؟ جیاوازی ئەو دەوڵەتەی نووسەر لەتەك دەوڵەتی سێکیولاریستی تورکیە و دەوڵەتانی سێکیولاریستی ئەوروپا چییە؟

ھەڵبەتە بۆ خوێنەری ئازیزی ڕۆشنبکەمەوە، ئەم پرسیارانەی من لەبارەی دەوڵەتەکەی نووسەرەوە، کە وەك دروشمێکی ناوەڕۆك پووچی تاکتیکیی پارتییەکانی (ک.ک) تازە نین و ساڵی ١٩٩٦ لە کۆڕێکی تایبەت بە پێشنیارکردنی ئەو دەوڵەتە، ئەم پرسیارانەم ئاراستەی (خەسرەو سایە) کردن و لە وەڵامدا بێجگە لەوەی کە منی بە “چەپڕەوی منداڵانە” تۆمەتبارکرد، ھیچی نەگوت و تا ئێستاش ھەر بێوەڵام ماونەتەوە؟

” بۆچی یەکیەتی نیشتیمانی لایەنگری لە هەدەپە دەکەن؟ “

ئەوە زۆر ڕۆشن و ئاشکرایە، لەوەتەی ڕامیاری و پارتایەتی ھەن ھەر ئاوا بووە، بۆ نموونە پێش ئەوەی (ینک) ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە بنکەی چەکداریی (حککع) بدات، زوومی گلەیی (حککع) لەسەر (پدک) و ناوچەی بادینان بوو، بەڵام پاش ئەو لێدانە و ڕەوکردنی ناچاریانەی (حککع) پاش جەنگێکی چەکداریی خۆتڕێن و چوونیان بۆ ھەولێر، ئیدی زوومی گلەیی (حککع) خرایە سەر (ینک) و (پدک) لە سایەیدا پاڵدایەوە و پرخەی بێخەمی دەستپێکرد.
بەڵێ ھەر لەسەر ھەمان بنەما و پێوەر (ینک)یش وەك ھەڵپەرستێك دەیەوێت (ڕۆژاوا و پەیەدە و ھەدەپە) بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت. بە بۆچوونی من ئەوە کڕۆکی ڕاستینەی پارتایەتییە لە ڕاسرتەوە بۆ چەپ، ئیدی ئەگەر هەلپەرستییە دروست و ڕەوا بێت، ئەوا دەبێت بۆ هەمووان دروست و ڕەوا بێت، ئەگەر نا، دەبێت بۆ هەمووان ناڕەوا بێت، نەك بانێك و دوو هەوا!

لەوە دەچێت، کە نووسەر ئاگاداری کۆبوونەوەی شەش لایەنە دەرکراوەکەی نێو (ئەنەکەسە) نەبێت، کە سەرانی (ینک) وەك هەنگوینیان لە کونەداردا دۆزیبێتەوە، کەوتنە هەوڵی بانهێشتکردنیان بۆ سلێمانی، تاوەکو بە ڕەزامەندی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرەی سێیەمیان لێ دروستبکات و لە بەرانبەر (تەڤدەم)ی پەکەکە و (ئەنەکەسە)ی پارتیی، (یەنەکەسە)ی یەکێتی دروستبکرێت. دیسانەوە دەڵێی نووسەر هیچ کات و سەردەمێك لە هەرێمی کوردستاندا نەژیاوە و ئاگاداری ڕامیاریی زیاتر لە نیوسەدەی پارتییە ناسیونالیستەکان نییە، کە هەمیشە پشتیان بەو گوتە هەلپەرستانە و کۆنەپەرستانەیەی سەردەمی دەرەبەگایەتی بەستووە “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە”!

” ڕۆڵی ئێران لێرەدا چیە؟ “

ڕۆڵی ئێران ئاشکرایە و پاراستنی هاوسەنگی هێزە لە بەرژەوەندی خۆی، لەلایەك لەتەك هەژموونی (ئاکەپە)ی سوننی کێشەی هەیە و لەلایەکی دیکەوە گرفتی لەتەك (پدک) بەرانبەر فەرمانداریی (شیعە) لە عیراق هەیە و بێجگە لەوەش پاراستنی ڕژێمی بەعسی سوری لە سوریە، یەکێکە لە پایەکانی ڕامیاریی ڕژێمی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوین.

ئەی ئێوە [پارتە پیشڕەوەکان] بۆ بەرگرتن بە هەژموون و پیلانگیڕیی و دەستتێوەردان و فشار و تەڕاتێنی دەزگە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا چیتانکردووە و چ هێزێکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵخڕاندووە؟ ئەی ئێوە لە کوێی پرسەکانی ئەو هەرێمەدا وەستاون؟ ئێوە کە لە شوێنی ژیان و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتاندا بوون و هەژموونتان نییە، ئیدی کو دەتانەوێت “پڕۆلیتاریای جیهان ڕگاربکەن” ؟
ئەی بۆچی پارتی دژایەتی هەدەپە دەکات؟

دیسانەوە ناچارم بڵێم پرسیارێکی نابەجێییە، چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت (پدک) وەك پارتییەکی ڕامیار لە هەژموون و هێزگرتن و کۆمەڵایەتییبونەوەی (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستاندا بەتایبەت پاش هاتنی (هەپەگە) و (یەپەگە) و (یەپەژە) بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ و کاراییان لە پاراستنی خەڵکی ئاوارەبووی (شەنگال) و وەدەرنانی هێزەکانی داعش و بەرپەرجدانەوەی پیلانەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە هەرێمدا و سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕاگەیاندنی یاسای یەکسانی ژن و پیا و یەکسانی هەموو کولتوور و ئێتنییەکان و ڕێکخستنی کۆمەڵ لەسەر بنەمای دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ، (پدک) هەست بە مەترسییەکی کوشندە دەکات، هەروەها وەك دەسەڵات هاوپەیمانی و هاوبەرژەوەندیی لەتەك دەوڵەتی تورکیە و (ئاکەپە)ی فەرماندار هەیە و لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە بەشێکن لە سیستەمە جیهانییەیە، بەشێکن لە بازارئازادی نیئۆلیبراڵ، بەشێکن لە هاوکیشە ناوچەییەکان و حەسحەسی کۆمپانییەکانن. بێجگە لەوەش پێکهاتەی خێڵەکی سەرکردایەتی ئەو پارتییە، هەموو دەربازبوونێکی تاکەکان لە خێڵایەتی بە مەرگی خۆی دەبینێت.

پارتی دژایەتی (هەدەپە) دەکات، لەبەرئەوەی کە بردنەوەی (هەدەپە) بە واتای شکانی پایەیەکی ئیمپراتۆری نئیۆ-ئوسمانییەکان دێت و (پدک)یش وەك بەگلەرەکانی سەدەیەك لەمەوبەر، مانەوەیان بە مانەوەی ئیمپراتۆرییەکەوە بەستراوە. لەو بڕوایەشدام هەموو تاکێکی خۆهوشیار و وریای ئەو هەرێمە ئەو ڕاستییە دەزانێت و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە زۆرینەی نەیارانی (پدک) سیمبولی (هەدەپە) هەڵدەگرن.

” ئەوە بۆ لە پڕێکا پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە دەرگیربوون، وە ئایا ئەمە لەپڕێکایە یان پێشینەی هەیە؟ ئەم شەڕە بۆ ئەبێ ناوی براکوژی بێت؟ کەی برا بوون تا ئێستا براکوژی بکەن؟ “

بە بۆچوونی من شەڕەکە کتوپڕ نییە و ئەگەر سەرنجی ڕووداوەکانی ساڵی پار بدەین و ڕووداوەکانی دەهەی ڕابوردوو و هەڵوێستەکان و بەرەکان و ئەمبەر و ئەوبەرکردنی لایەنەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاوپەیمانییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەتەك دەوڵەتی ئێران و تورکیە و ڕژێمی بەعسی سوریە و هەڵوێستی (حدکا) و ڕۆڵی لە بەرانبەر ئەوەدا و بڕی چەند ملیۆنێك لەلایەن سەرۆكی هەرێم و پارتییەکەوە بۆ کەمپاینەکەی (ئاکەپە) و ڕۆڵی کاناڵەکانی (پدک) لەبارەی هەڵبژاردنەکان و کێشەکانی نێوان (تەڤدەم) و (ئەنەکەسە) و نێوان پارتییەکانی (ئەنەکەسە) و چوونی چەکدارانی (حدکا) بۆ سنووری هێزەکانی (پەکەکە)، بۆ تێگەییشتن لە پرسەکان و کێشە و گرفتەکان و پیلانەکان و دۆزینەوەی هۆکارەکان و هاندەرەکان و ڕێکەوتنەکانی پشتپەردە و ئامانجەکانی ئەو لەشکرکیشییەی (حدکا) لەم ساتەدا، زۆر سەرەداومان دەخەنە بەردەست.

بە بۆچوونی منیش ئەو جەنگە جەنگی “براکوژی” نییە، بەڵام بەو لێکدانەوەی خاتوو (هەڵاڵە) نا، نەخێر بە لێکدانەوەیەکی دیکە؛ یەکەم جەنگی خۆکوژیی ئەندامانی پارتییەکانە لەپێناو سەروەریی و بەرژەوەندیی چەند کەسێك لە سەرکردایەتی پارتییەکاندا، واتە جەنگی خۆکوژیی چەوساوانی ناهوشیارە. دووەم، لەو جەنگەدا تەنیا پیاوان قوربانی نین، بەڵکو ژنانیش قوربانین، هەرچەندە دەکرێت چەکدارانی (حدکا) تەنیا سمێڵبافڕان بن، بەڵام چەکدارانی (پەکەکە) ژنانیشن و بێجگە لەوەش لە هەموو جەنگێکدا قوربانی یەکەم ژنانن، کە دەبوو خاتوو (هەڵاڵە) زۆرترین ڕۆشنایی بخستایەتە سەر پیاوسالاریی ئەو ناونانەی جەنگەکان، نەك خۆماندووکردن بەوەی کە ئایا بەڕاستی ئەوانە “بران” یان “نابران”؟
بەڵێ ئەگەر مەبەست لە سەرانی پارتییەکان و ئەگەر مەبەست لە ئەندامانی ناهوشیاریی خوارەوەی پارتییەکانیش بن، ئەوا بە هەمان ڕادەی براکوژیی، خوشککوژیشە؛ خوشك-براکوژیی سەرانی پارتییەکانە وەك چین وتوێژی وردەبۆرجوازی، خوشک-برکوژیی ئەندامانی ناهوشیاریی پارتییەکانیشە وەك تاکی چینێکی چەوساوەی لەخشتەبراو. بەداخەوە کە بەڕێزی وەك فێمینیستێك نەیتوانیوە ڕەخنە لە کۆنەپەرستیی جیهانبینی پشت لێکدانەوەی ئەو جەنگانە بگرێت و دژە-ژنیی ناسیونالیزم بخاتەڕوو، کەچی ئەو هەوڵی سەلماندن و گلەییکردنە لە “نابرایەتی” ناسیونالیستی “برا” بەشەرهاتووەکان و خوشکە قوربانییەکانی لەبیردەکات.

” ئەی ڕۆڵی تورکیا لێرەدا چیە؟ “

وابزانم پێویست ناکات، نە من و نە هیچ خوێنەرێکی بەڕێز خۆی بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەوە خەریکبکات، چونکە ڕۆڵی تورکیا لە هەموو هاوکیشە نێوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمییەکاندا دیارە و بردنەوە و دۆڕانی (هەدەپە) بە هەموو بارێکدا پەیوەندی بە تورکیە و ئەوانەشەوە هەیە، کە بەرژەوەندیی خۆیان بە ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانییەکانەوە گرێداوە؛ لەوانە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی (پدک).

” ئەک پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و گۆڕان چ بەرژەوەندیەکیان لەم هەموو سات و سەودایەدا هەیە؟”

ئەم پرسیارەش هەر دووبارەی پرسیارەکەی پێشووە و تەنیا ناوی (لیستی بەناوی گۆرانی) بۆ زیادکراوە، کە بە بۆچوونی من، ئەوانیش کەمتر لە ئیسلامییەکان و (پدک) وابەستەی دەسەڵات و بەرژەوەندی نیئۆ-ئوسمانییەکان لە تورکیە نین و ناشتوانن هەڵوێستێکی دیکەی جیاواز لەوەی (پدک)یان هەبێت، چونکە ئەوان هاوپەیمانی تازەی ستراتیجیی (پدک) و هاوپەیمانی بەرەیی ئیسلامییەکانیشن.

بەداخەوە، پەرەگرافی دواتر بازدانێکی ناپەیوستە لە پرسیارەوە بۆ لیكدانەوەی ئایدیۆلۆجیی و خۆپێشنیارکردن و نەیتوانیوە وەك درێژەی پێشنیارکردنی پرسیارەکان، بچێتە سەر وەڵامدانەوە یا ڕۆشناییخستنە سەر پرسیارەکان و گۆشە تاریکەکانی ئەو پرسانە. هەروەها ئەو دەربڕینانە تازەنین و لە پاگەندەی هەموو پارتییەکی ڕامیارییدا هەبوون و هەن و دەشبن. بەڵام ئەوەی کە دەکرێت جارێکی دیکە بگەرێمەوە سەری، ئەوەیە کە بەڕێزی وەك دڵسۆزییەك بۆ ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکان گلەیی ئەوەیان ئاراستە دەکات، کە ” هیچ کات هێزە کوردیەکان برا نەبوون تا شەڕەکانیان ناو بنێین شەڕی براکوژی “.

من بەلامەوە سەیرە، کەسێك پاگەندەی کۆمونیستبوون بکات و لە “برایەتی” چینایەتی پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان تێنەگات و گومانی لەو “برایەتییە” سروشتییەی چینی بۆرجوا هەبێت. نووسەر ئەوە لەبیردەکات، کە کوژراوانی نێوان پارتییەکان و دەسەڵاتخوازان، سەرانی پارتییەکان و سەرمایەداران و وردەبۆرجوازی نین، بەڵکو ڕۆڵەی کرێکاران و جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و بێکاران و زەحمەتکێشانن و ئەو قوربانییانە ئەگەر لە ڕووی چینایەتییەوە هوشیاربن، ئەوا خوشك و برای یەکدین و ئەو جەنگانەش جەنگی خۆکوژیی [خوشککوژیی و براکوژیی] ئەوانە و لە هەموو سەردەمەکانیشدا هەر ئەوان قوربانی بوون و بەبێ ناهوشیاریی و بەشداریی تاکە پڕۆلیتێرەکان، هیچ جەنگێك ڕووینەداوە و ڕوونادات و هیچ سەروەرییەك پێکنەهاتووە و بۆ ساتێكیش توانای خۆڕاگرتنی نابێت.

بەداخەوە، لەبەرئەوەی نووسەر خۆی گیرۆدەی لێکدانەوەی کەسانی دیکە یا دەستەواژەی ئامادە و سواو و ناوبژیوانی و سەرکۆنەی “نابرایەتی” سەرانی بۆرجوازیی کورد کردووە، لەتەك خۆیدا کەوتووەتە ناکۆکی ” … کەی و چۆن بەرژەوەندی دەسەڵات و ئابووریان خواستویەتی لە دۆخو کاتی جیاوازدا دوان دووان و سیان سیان پێکەوە بوون لە دژی ئەوانی تر، دوبارە لە کاتی تردا دەورەکانیان گۆڕاوەتەوە.” و هەر لەبەرئەوەشە بۆ ئەوەی خۆی لەو ناکۆکییە لە لێکدانەوە و دیتندا ڕزگاربکات، ناچار دەستەواژەیەکی زۆر ناتەبای لەتەك سەرەتا و پرسیارەکان و کۆتایی بابەتەکەی هێناوەتەوە، کە بە بۆچوونی من، تەنیا دەستەواژەیەکی دروستە [بەڵام لە ڕووی ڕێزمانییەوە نادروستە] لە بابەتەکەیدا ” باشترە لەدەرەوەی ئەو تەونی جاكجاڵۆکەیەدا بیربکەینەوەو کار بکەین”، هەر ئەمەیە، هەرچەندە ڕەتکردنەوەی سەرەتا و پرسیارەکان و سەرەنجامگیرییە ناکۆكەیەتی.

بە کورتی و بە کوردی، بۆ منی ئاگادار و چاودێری وەرگۆڕانەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە “حکومەتی کرێکاری”ییەوە بۆ “کۆماری سۆشیالیستی” و لەوێوە بۆ “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دەوڵەتێکی غەیرەدینی و غەیرە قەومی “، تەنیا دەتوانم ئاوا لە ئامانجی نووسەر و کادێرانی دیکەی ئەو هێڵە ڕامیارییە [ک.ک] کە وەك گەلەکۆمەکێیەکی بەرنامەڕێژیکراو بەرانبەر (پەکەکە) هاتوونەتە دەنگ، سەرەنجامگیری لێ بکەم؛ هەژموونی (پەکەکە) و (خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”) لەسەر تاك و کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئەو چەند دە ئەندامەی، کە دەرزەنە پارتییەکەی (کۆمونیزمی کرێکاری) لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەیانن، تەنگەتاوی کردوون و بەداخەوە دژایەتی (پەکەکە) و (ئەزموونی “ڕۆژاوا”) بۆ بەرگرتن بە لەدەستدانی ئەندامانیان، خستوونییەتە سەنگەری پاگەندە و ڕاگەیاندنی (پدک) و (حدکا).

لێرەدا بۆ من وەك خوێنەرێك ئەوە پرسیارە؛ ئەرێ ئەی پارتییەکانی هێڵی (کۆمونیزمی کرێکاری)، مەیدانی چالاکی ئێوە وەك عیراقچی و کوردستانچی، عیراق و هەرێمی کوردستانە یا تورکیە و سوریە، چی کارتان بەسەر “ڕۆژاوا” و تورکیەوە هەیە، ئەنگۆ کە نە دژە-نەتەوە و نە نێو-نەتەوەیین، بۆ گێچەڵتان پێچاوەتە تورکیە و (هەدەپە)؟ ئایا بیرتان لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەری ئەوە هەیە، بەهۆی ئەو هەڵوێستیگیرییە ناڕۆشن و نابەجێییەتانەوە، خوێنەری سەرنجدار لێکدانەوەی جەنگی نوێنەرایەتیتان بۆ بکات؟

هیوادارم بەر لەوەی ڕکوکینەی هەر ئەندام-پارتییەك هەڵبچێت و تۆمەتی دوژمنایەتی بخاتە دوای من، کەمێك لە ئەدەبیاتی پارتییەکەی و قسە و بیرکردنەوەی کەسییەکانی خۆی لەنێوان ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ بچێتەوە و بەراوردی هەڵوێستەکان و تاکتیکەکان و ستراتیج و سەرەنجامەکان بکات، ئەوسا هەم گلەیی نا”برایەتی” لە (پەکەکە) بکا و هەم وەڵامی “دەمشکێنانە” بە کەسانی وەك من بداتەوە.

***************************************************
خوێنەری هێژا، بۆ خویندنەوەی بابەتەکەی خاتوو (هەڵاڵە ڕافیع)، سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن
http://www.hawpshti.com/ku/?p=5725

ئەگەر چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی “شەهید” نەبن، ئەدی کێ “شەهیدە”؟

هەژێن

٢٣ی ئازاری ٢٠١٥

سەرنجێك لەسەر ڕاگەێندراوی “بۆردی راوێژکاری میدیایی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان 19/3/2015”

سڵاو بەڕێزان، هەوڵەکەتان بۆ بەرەنگارییکردنی جەنگێکی دەروونی کە میدیای دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) دژی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” و عیراق و کوردستان و ئەوروپا..تد بەرپایکردووە و هەروەها بۆ هوشیارکردنەوەی تاکی کورد لە تٶرە کۆمەڵایەتییەکاندا تا نەبنە بەشێك لە میدیای دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) و “في سبیل‌اللە” پاگەندە بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) نەکەن، کارێکی فرە پێویست و گرنگە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم.

بەڵام پێویستە، ئەوەش بۆ خوێنەران و خۆتان ڕۆشنبێت، ئێوە دوا کەسن، کە لەم بارەوە بانگەوازدەکەن و کەوتوونەتە هەوڵدان و پێش ئێوە زۆر کەس لەم بارەوە قسەیانکردووە، بەرێز (عومەر موحەمەد) یەکێکە لەو کەسە دیارانە و چەندین کەسی وەك منیش بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین. بەڵام ئەوە میدیای دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد خۆیەتی کە تاکی کوردی بەو نەزانییە گۆشکردووە و کاناڵە کوردییەکان بەخۆیان لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنە و تۆمارە ڤیدیۆییە پاگەندەییەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)، نۆرەبرێدەکەن و هەروەها زۆرینەی ئەوانەی کە بوونەتە بەشێك لە میدیای دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ئەندام و لایەنگری (پدک) و (ینک) و (لیستەکەی نەوشیروان)ن بە هەمانکاریی گروپە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان!

دووەم، پێداگریی ئێوە لەسەر واژەی “شەهید” بۆ جیاکردنەوەی قوربانیانی دەستی چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەتەك چەکدارانی ئەو هێزە فاشیستە زۆر نادروستە. چونکە بەپێچەوانەی تێروانین و پێداگریی ئێوەوە، ئەو واژەیە هی ئیسلام و بزووتنەوە و خەلافەت و دەسەڵاتە ئیسلامییەکانە و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەم ڕۆژگارەدا خاوەنی ڕەوا و ڕاستەقینەی ئەو واژەیەیە، کە وەك واژە کوردیی نییە و وەك واتا و پشتەوانەی زمانەوانیی و پێشینەی کولتووریی واژەکە، کوردیی نییە!

بەداخەوە ئێوە لەبەر دوو هۆ نەتانوێراوە ئەم پرسە یەکلابکەنەوە، کە بە بۆچوونی من، لەو بارەوە تەنانەت گروپە ئیسلامییەکانی کوردستان و (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی)یش دژتان نەدەبوون و ترسی نەگەرەکە، ئەویش جیاکردنەوەی (گیانبەختکردوو/ گیانبەخش/ گیانفیدا)ی پاراستنی گەل و کۆمەڵی هەرێمی کوردستانە لە (شەهید) کوژراوانێك کە لەپێناو چوونەبەهەشت و حەفتا پەری و تەوەزەلیی بەهەشت، کیژۆڵانی مەسیحی و شەبەك و ئێزیدی و کاکەیی و شیعە دەکەنە کەنیزەك و لە بازارەکانی ڕەقە و موسڵ دەیانفرۆشن و پیاوان و منداڵان و ژنانی بەتەمەن کۆمەڵکوژدەکەن!

ئێوە ناتانوێت و ناتوانن ئەو پرسە یەکلاییبکەنەوە، چونکە وابەستەی دەسەڵاتن و دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد وەك هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە پێویستی بە ڕۆڵی چەواشەکارانەی ئایین و فریودانی خەڵك بە بەهەشتی ئاسمانەکان هەیە، تاوەکو خەڵك بەرانبەر سەرکوت و نایەکسانی و نادادوەریی و گەندەڵی و چەپاوڵ و پاوانگەریی و بەفیڕۆدانی سامان و داهاتی کۆمەڵ و بەخشینی بە داگیرکەران، ناڕەزایەتی دەرنەبڕێت و ئەوان لەسەر تەختی فیرعەونییان بمێننەوە!

ئەگەر ئەوە هۆکار نییە، ئەدی چی دەتوانێت بکوژ و کوژراو، داگیرکەر و داگیرکراو، ستەمکار و ستەمدیدە، داعش و “پێشمەرگە” لەیەك واژە “شەهید”دا کۆبکاتەوە، چی ئێوە ناچار بە هەوڵدان بۆ قەرزکردن و دزین و زەوتکردنی واژەی (شەهید) لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) دەکات، لە کاتێکدا کە هەزار و چوارسەد و چواردە ساڵە ئەو واژەیە هی ئاڵاهەڵگرانی ئیسلامە و ئیسلامیش ئایدیۆلۆجیای داگیرکردنی وڵاتان و کوردستانەکەی ئێوەشە؟

*****************************************************************************************

خوێنەری هێژا، بۆ خوێندنەوەی بۆردی راوێژکاری میدیایی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەسەر ئەم لینکە کرتەبکە:

https://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika

*********www.hejeen.wordpress.com ***********hejen@journalist.com *********